ئاوڕێ له نێشتیمانی
په‌رییان
ئیسماعیل خورماڵی
سه‌برتان بێ ، که‌متر له ماچی شه‌و وڕۆژ
ده‌گه‌مه‌وه هه‌ڵکوڕمانی به‌ر په‌نجه‌ره‌تان
ده‌گه‌مه‌وه شه‌ڕی بێ ئامانی شه‌مامانتان
ده‌گه‌مه‌وه ناو کۆڵانه سه‌وزه‌کانی عه‌یاریتان
سه‌رسوچه زه‌رده‌کانی به‌دبه‌ختیتان
سه‌برتان بێ ناسکه مێیان سه‌برتان بێ
ڕۆژێک دادێ بگه‌مه‌وه سێبه‌رتان و
له‌ته‌ک گورزی ڕۆشناییدا
ته‌نافی دواین تاڵیتان
له‌به‌فری ئه‌و هه‌موو حوزنه بته‌کێنم
ڕۆژێک دادێ
به‌به‌هارێ له خوێندننه‌وه‌ی ،
ئه‌م ساڵه چامانه‌ی ئێره‌م
ئه‌وێتان له زه‌ردبوون و پایز لاده‌ده‌م
به‌سه‌مایه‌ک ، شیرین‌تر له سه‌مای مردن
چاوتان خه‌ڵتانی ڕه‌نگ که‌م و
وه‌ک وه‌رینی نمه‌ی پایز یش به ئارنگ
وه‌ک جریوه‌ی پیره باخێ به‌لاسه‌ری ئێواره‌وه
دڵتان له جووکه‌ی ته‌یران ته‌ژی که‌م
تا نوێژێ له ڕووت بوونه‌وه داده‌به‌ستێن
تا که‌ڵه‌کێ له بۆڵ و مه‌م قه‌ڵا ده‌که‌ین
تا سێبه‌رێ له چه‌ماننه‌وه‌م ده‌گاته ئاڵه سێبه‌ری ڕووتبوونه‌وه‌تان
تا پێکه‌وه چایه‌ک له ئاگر و له‌ززه‌ت هه‌ڵده‌ده‌ین
سه‌برتان بێ ڕۆژێک دادێ
ده‌گه‌مه‌وه ناو فڕین و ناو ماڵه‌کانی ئاگر تان
ناو سێبه‌ری باخه ستیانی نوور و ڕه‌حمه‌تتان
سه‌برتان بێ
تا ده‌بمه‌وه به په‌روانه‌ی ده‌شتی گیانتان
تاده‌بمه‌وه به ئاوێنه‌ی پڕ له‌مه‌کری هه‌ڵواسراوتان
تا ده‌بمه‌وه به نێرگزی ووشک هه‌ڵاتووی ناو کتێب و
به بارانی نمه مردووی سه‌ر چه‌ترتان !
سه‌برتان بێ تاده‌بمه‌وه
تا ده‌بمه‌وه به سێبه‌ری
سه‌رو پرژی دزه‌ماچی ژووانێکتان
به‌تاوه هه‌ڵمی زستانی کۆلێژێکتان
له‌ده‌می قاوه خوردننه‌وه‌ی پشوویه‌کدا
له‌ده‌می خوێندنه‌وه‌ی شیعرێکی ته‌ڕو عاشقانه‌ی ،
ڕۆژنامه‌یه‌کی عاشق‌دا
سه‌برتان بێ
تاده‌بمه‌وه
به سوبحی ئاو ڕشێنێکتان
به پرژی سه‌رووشک کردنه‌وه‌ی عه‌سرێکتان
به ئه‌نگووستی له شیله چووی ، تاقه لوقمی شرووبیتان
سه‌برتان بی تا فڕینی پیره هه‌ورێ پێم ڕاده‌گاو
تا به سێوی مه‌ستایه‌تیتان ڕاده‌گه‌م
تا به بێستانی دوا خه‌ون و
به شه‌مامه‌ی ووشک هه‌لاتووی ئاره‌زووتان
به خه‌رمه‌نی خونچه هیوای هه‌ڵوه‌ریوتان شاد ده‌بمه‌وه
سه‌برتان بێ ناسکه مێیان سه‌برتان بێ
سانا نییه له‌م دووره‌وه
باران نه‌بی و
ڕۆژاوا به ڕۆژهه‌ڵاته‌وه بلکێنی !
قرچه نه‌بی و
ڕۆژ له ڕۆژ و
تریفه له شه‌و بفڕێنی !
مه‌کری
تاقانه مه‌کری مێ نه‌بی و
قه‌ڵه‌م به شارای ڕه‌نگه‌وه له خشته به‌ی !
سانا نییه خودا نه‌بی و
عه‌تری هه‌موو په‌رییه‌کانی خوا بناسی
خودا نه‌بی و
تامی هه‌موو کچه‌کانی خوا بزانی !
خودا نه‌بی و به‌بێ باکی
له‌به‌رنیڵه‌ی ، هه‌موو ژنه به‌جۆشه‌کاندا هه‌ڵاژێ ی !
سانا نییه ناسکه مێیان
ماسی نه‌بی و
هاوسێ ی قه‌وزه به‌یتانت وه‌چنگ که‌وێ
جه‌لاد نه‌بی و
له‌خوێنی میهره‌بانێکت وه چاو بکه‌وێ !
سانا نییه ئاخه‌ر سانا نییه
ناسکه مێیان
خودا نه‌بی و
بخوازی به فیزه‌ی باران
به‌م هاوینه
بگه‌یته‌وه به‌رقاپییه‌کانی نیشتیمان !
سانا نییه به‌ڵام خێڵه په‌روانه‌ی من
دڵنیابن ڕۆژێک دادێ
له برووسکه تیژتر ده‌گه‌مه‌وه
به زبرایی ئه‌و پیاوانه‌ی
له مه‌ستیتان حاڵی نابن !
به جاڕی ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی
گوڵیان به‌شی نازتان ناکا !
ئه‌ێڕۆ ئه‌یڕۆ
گوڵی که‌ستان بێ نازنه‌بێ و
کۆستی قه‌ڵه‌م خوڕه‌م نه‌بێ
ئاخه‌ر که‌نگێ
ده‌می ماچ و ده‌می تفه‌نگ وه‌ک یه‌ک ده‌بن
جاڕ و نزار ، ماچ و ژه‌هر وه‌ک یه‌ک ده‌بن
ئاخه‌ر که‌نگێ بۆره پییاوان
له‌خوێندنه‌وه‌ی ئێوه حاڵی ده‌بن
سه‌ریان ، له نازتان ده‌رده‌چێ
ئه‌وان که‌نگێ
له‌زکری عیشق نامه‌یه‌کدا ده‌ف ده‌کوتن
له‌حه‌ژمه‌تی عه‌سرێکتاندا ، گوڵێ
لاسکێ ده‌خه‌نه گوڵدانی مێیینه‌تان
ته‌نها جارێ
ده‌می تینووبوونتان ،
به‌هه‌ناراوێ ته‌ڕده‌که‌ن !
ئاخه‌ر که‌نگێ وه‌کوو ئێمه
له‌دره‌نگ شه‌وی شیعرێکدا
باڵاتان به‌په‌روانه و گوڵ په‌رژین ده‌که‌ن !
به‌دوکه‌ڵی تریفه‌ی سوور ده‌تان‌پۆشن !
سه‌برتان بێ
ناسکه مێیان سه‌برتان بێ
چه‌ند رۆژێکه و
به شڵپ و هوڕی ئه‌و شینه چه‌مانه‌دا ده‌گه‌مه‌وه
چه‌ند رۆژێکه و
به نێو که‌لاوه‌ی ئه‌و ڕه‌نگانه‌دا ده‌گه‌مه‌وه
چیدی
چیدی له دۆڕانتان خۆش نابم
چیدی
چیدی له‌په‌ڕ وه‌رینی چۆله‌که‌ی کچێنیتان
له‌نزاری بێ مه‌یلیتان بێده‌گ نابم
وه‌لێ ، به‌گه‌وره‌ییتان بمبه‌خشن
که پایزم به سه‌وزایتان که‌ره‌م کرد
که به شینیی
ئاگرم به لاولاوی په‌نجه‌ره‌تان ناساند
که په‌روانه‌م له‌ته‌واشاتان هه‌ڵفڕاند
وه‌بێ خه‌تا
هه‌وام دانه ناو ته‌نووری فیرقه‌ته‌وه
وه بێ خه‌تا هه‌وام دانه ، ناو ئه‌و سه‌ده چۆڵانه‌وه
ده‌بوو له خوێنتانا خه‌ڵتان بم
وه‌لێ
چرای چاوم له کوچه‌تان دانه‌بڕایه
ده‌بوو په‌لپه‌لم که‌ن
قه‌ت قه‌ت پشتم له‌به‌هارتان نه‌کردایه
ئای من چه‌ن بێ وه‌فام
له ئاستانه‌ی ڕه‌نگتان
له‌ئاستانه‌ی قریوه‌تان
له ئاستانه‌ی گوڵه نازی سوبح و
پیاسه‌ی زه‌رده‌په‌ڕو ئێواره‌تان
له ئاستانه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی
به‌لێزمه‌وه ده‌هاتنه ناو هۆڵه‌کانی شیعر
به گڕه‌وه گوێتان له دواهه‌مسه ئاگرینه‌کان ده‌گرت
دڵتان دڵتان له‌بای شیعر ده‌کرده‌وه و
به غیلیتان
به پاڵه‌وانی چه‌قی حیکایه‌ته‌کان ده‌برد
به‌غیلیتان به ناو بردنی گوڵه‌کان ده‌برد
ئای من چه‌ن بێوه‌فام
له ئاستانه‌ی مسکی ڕژاوی شه‌قامتان
له‌ئاستانه‌ی تاقانه‌یی یه‌ک نیگاتان
له‌ئاستانه‌ی
سێوی دڵتان به سێبه‌ری سه‌وزایی شه‌و
لیمۆی ئیمانێکتان ، به‌سه‌ر چڵی ئه‌وینه‌وه
به‌گه‌وره‌یتان بمبه‌خشن
تا شاد ده‌بمه‌وه
به‌مه‌حشه‌ری سێوه‌کانتان
به مه‌حشه‌ری حووزن و
به مه‌حشه‌ری ڕه‌نگتان
تا شاد ده‌بمه‌وه
به‌په‌نجه‌ره و به قاپیتان
تادێمه‌وه
سنگتان له با داخه‌ن
با به‌په‌نجه‌م به حه‌ژمه‌ت نه‌مرێ !
ده‌س له نازی په‌رچه‌م لاده‌ن
با چاوی دڵ به کوێر نه‌یه !
ده‌خیلتانم په‌ریانی سێوه نیشتیمان
ماچ به‌لێوێ مه‌ده‌ن ، بۆنی خوێنی لێبێ
ڕوو به ڕوو ی جه‌لادێ مه‌ده‌ن
چه‌قۆی له کێلان و له‌کێلانی گۆشتاندابێ !!!
به به‌یتی بۆره عاشقێ
ته‌ریقه‌تتان لێ نه‌گۆڕێ
به ده‌سگرتنه‌وه‌ی جامبازێ
قه‌یاغتان نغرۆی ئاو نه‌بێ !
سه‌برتان بێ
تا به‌قه‌ڵه‌مێ له په‌روانه شاد ده‌بنه‌وه
قه‌ڵه‌مێ له‌ڕیشاڵی سورمه‌ی ستیانه سپیه‌کانتان
قه‌ڵه‌مێ له‌نزای ته‌یر و له مووی گیانتان
له‌تووڵی باڵ اچنار و له‌که‌وسه‌ری کانی له‌شتان
سه‌برتان بێ
له‌ڕه‌شبوونه‌وه‌ی زه‌مه‌نی ڕیحانێکدا
به‌پاڵ هه‌ڵاژانی وه‌نه‌وشه‌وه
له‌ناو په‌ڕی بێچووه بازێکدا دێمه‌وه و
به‌چنگی سه‌وزی شیعره‌وه ، له‌ده‌رگاتان ده‌کوتم
به‌کلک وباڵی شیعره‌وه
خۆم له په‌نجه‌ره‌تان ده‌سووم
سه‌کۆی دڵنییای ئاوپرژێن که‌ن
ئاوێنه‌ی گوومان به‌ر هه‌تاوی دوودڵی مه‌ده‌ن
له‌یه‌که‌م ڕۆژی هاتنه‌وه‌م ، هه‌تا مردن
خۆم هه‌ر خۆم له شمشاڵی خه‌متان ده‌ژه‌نم
خۆم هه‌ر خۆم له‌ڕوباری ئنووسه‌تاندا
جه‌نگی مه‌له‌ی په‌له‌وه‌ره په‌مه‌ییه‌کان ڕاده‌گه‌یه‌نم
له کازیوه‌ی ڕۆژێکی تازه مه‌خمه‌ڵدا
به‌به‌رچنه‌ی قۆخ وهه‌نار وترێ وه
دێمه‌وه به‌ر شوورای گیانتان
له‌تای ترازووی خه‌مێکی که‌ڵه‌گه‌تدا
هه‌زار ڕه‌زی ئاسووده‌یتان ده‌ده‌مێ
له‌سه‌ر باڵی ماچێکی سه‌وز
له گۆیژه‌وه تا جه‌ننه‌ت ده‌تانفڕێنم
ڕه‌قیبتان وه‌ک مار ، له‌ناو که‌ڵه‌کی به‌ردا ده‌سوتێنم
سه‌کۆی دڵنیایی ئاوڕشێن که‌ن
دیسانه‌وه ده‌ڵێم
ئاوێنه‌ی گوومان به‌رهه‌تاوی دوودڵی مه‌ده‌ن
دێڕم له‌باڵنده‌ی باخه‌کانی مۆ‌نامۆیه و
له‌ئه‌فیوونی نیشتیمانێکی تایبه‌ته
که‌هاتمه‌وه
کچ گه‌ل
خوا بناسن ،
گه‌ردی دۆزه‌خم لێکه‌نه‌وه و
بایی شیعرێ
ناز و نیگا و مێوژی ماچێکم به‌نێ
خودا‌ش له خێر ده‌ری نه‌کا
ته‌ڕم که‌ن به گوڵه‌نمه‌ی باراناوتان
سه‌فه‌رێ له‌سه‌ر کۆتری گۆشتم پێ که‌ن
خودا له خێر ده‌ری نه‌کا
بزرم که‌ن
له کۆڵانه په‌مه‌ییه‌کانی خۆتانا
ده‌مم بخنن له‌پایز و
له‌نێگزی گیانتان
ئامان یاران
ده‌خیلتان بم ئێوه وه‌ک من مه‌بن
من من
سه‌ده‌یه‌که مێرووله‌ی ژه‌هر تێی داوم
له ئه‌وڵین ڕۆژی تاراوگه‌وه هه‌تا ئێسته
شه‌خته ڕۆژم به زووقم و به‌رد ده‌با و
به‌فر ئاگری سره‌وتم ده‌سووتێنێ
متمانه‌که‌ن
بێ ده‌نگی ئێره موچوڕکی پیاو کوژانم وه‌بیر دێنێ
حه‌شاردانی نامه‌کانی هه‌ور له‌وه‌نه‌وشه‌م به‌بیر دێنێ
هانای نالی و مه‌رگی وه‌فاییم به‌بیر دێنێ
ده‌خلتان بم ئێوه وه‌ک من مه‌بن
ئێوه
ئێوه
وه‌ک من مه‌بن
ناسکه مێیان
ئێوه
وه‌ک من مه‌بن !!!
2005/ئه‌ڵمانیا