وه‌کو به‌رسیله عاشقم
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
چه‌ند عاشقم...
هه‌ر ئه‌ڵێى پرچى کچێکم
که ته‌ڕوبڕ، هه‌میشه ئاوى لێ بتکێ و
هه‌رگیز وشک نه‌بێته‌وه.
یان وه‌کو لێوى ئه‌ستوورى ئه‌فریقییه‌ک
ئه‌و کاته‌ى ماچێ به‌هه‌وا ئه‌به‌خشێت.
چه‌ند عاشقم...
عه‌یامێکه شه‌وان له‌رزوتا ئه‌مگرێ و
رۆژانیش وڕێنه ئه‌که‌م
به‌خوا کۆنه ته‌مه‌نى ئه‌وینم و
تازه‌یه دڵداریم
هه‌میشه تازه‌یه
ئه‌وه‌تا من، به‌هه‌زاران هه‌زار جار له‌ناو بینینتا
مردووم و
که‌چى هه‌رده‌م وائه‌زانم یه‌که‌مجاره ئه‌تبینم!
چه‌نده شه‌یدام...
هه‌ر خۆم بووم ، به‌ته‌نیا
که‌سه‌رم کرد به‌نێو ماڵى بێسه‌مه‌رى
ئه‌م دنیا حول حولییه‌دا
به‌ڵام ده‌سته‌کانم پڕبوون له‌قیژه و شیوه‌نێ
بۆ خۆمم ئه‌کردن.
هه‌ر خۆشم به‌ته‌نیام که ئه‌ڕۆم بۆ مردن
ده‌ستم به‌تاڵ
دڵم چۆڵ و
سه‌رم خاڵیى
له‌هه‌موو شت عه‌شق نه‌بێت.
چه‌نده گومڕام ...
وائه‌زانم، ژیانم له‌نێوان لێوى عه‌شقدا پیتێکه
مه‌حاڵه ناوترێت
ئه‌م دڵه‌م پڕیه‌تى له‌ته‌رمى که‌سانێ
به‌هه‌ڵه وامزانى مه‌عشوقن
که‌چى ئێستاش پێم وانییه ده‌روونم تابووته.
چه‌ند عاشقم ...
به‌وێنه‌ى ده‌نووکى سوورى باڵنده‌یه‌ک
له‌ناو ده‌مى بێچووه‌که‌یدا
به‌چه‌شنى ئه‌و په‌ڕى تووڕه‌بوون
له‌ناو چاوى ڕه‌شى مندا
که‌شێتانه غیره ئه‌که‌م
وه‌کو به‌رسیله عاشقم
کاتێ ده‌مت پڕئه‌کات له‌ئاو و
ئه‌شک به‌برژانگه‌کانتا هه‌ڵئه‌خات.
عاشقم وه‌کو عه‌شق خۆى
که‌ئاگرێ له‌ناو رۆحدا ئه‌کاته‌وه و
به‌پوش و په‌ڵاشى ئازار
به‌رده‌وامیى پێئه‌دات.
عاشقم وه‌کو عاشق خۆى
شێت و وێت و سه‌رگه‌ردان
چى له‌وه جوانتره؟!
چى بێ له‌تۆ شیرین‌تر و
نازدارتر و سه‌ختتربێ
ئه‌ى عه‌شق خۆشترین به‌ڵا
چه‌ند عاشقم
چه‌نده گومڕام.