شه‌ڕی
ده‌سته‌ڵات له نێوان
کاریکاتێره‌کانی (موحه‌مه‌د)دا
هیوا قادر
پێش چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ر کاریکاتێریستیکی دانمارکی کاریکاتێرێکی له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری ئیسلام دروستکرد، سه‌ره‌تا ئه‌م هه‌واڵه وه‌ک هه‌ر هه‌واڵێکی تر هێنده به‌دووداچوونی له‌دوانه‌هات جگه له‌هه‌ندێک ناڕه‌زایی که نه‌یتوانی سه‌رنجی میدیاکان به‌لای خۆیدا ڕابکیشێت. هه‌تا ئه‌وکاته‌ی (بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس) له هه‌ڵبژاردنه‌کانی فه‌له‌ستیندا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا و هه‌موو دنیا دژ به سه‌رکه‌وتنی حه‌ماس و ترسی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات که‌وتنه پیشاندانی ناڕه‌زایی.
ئه‌مجاره‌یان جیاواز له جارانی پێشوو ترس و ناڕه‌زایی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکا
قه‌باره‌یه‌کی جیاوازتری له جاران دا به ئیسلامی سیاسی، ئه‌مه‌ش بووه هۆی
ئه‌وه‌ی هه‌م ئه‌و حیزبانه‌و هه‌م ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی هه‌ڵگری ئیسلامی سیاسین له
هه‌ناوی خۆیاندا هه‌ست به قه‌باره‌ی خۆیان بکه‌ن که ده‌توانن ڕۆڵی قه‌باره‌یه‌کی
سیاسی و ترسناک و حساب بۆکراو ببینن له‌به‌رامبه‌ر ئیسرائیل و ئه‌وروپاو
ئه‌مه‌ریکادا. لێره‌دا وڵاتێکی وه‌کو سعودییه که خۆی به نوێنه‌ری ئیسلام و
پارێزگاریکه‌ری شوێنه پیرۆزه‌کانی ئیسلام ده‌زانێت، هه‌روه‌ها بێ باک
له‌دووچاربوونی قه‌یرانی ئابووری به‌هۆی سه‌رمایه نه‌وتییه‌که‌یه‌وه،
یارمه‌تییه‌کی زۆری بۆ بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس و فه‌له‌ستین نارد دژ به بایکۆتکردنی
ئه‌و یارمه‌تییه ئابورییه‌ی که ئه‌مه‌ریکا ساڵانه بۆ فه‌له‌ستینی ده‌نارد، چونکه
ئه‌مه‌ریکا ڕایگه‌یاند که ئه‌وان یارمه‌تی حیزب و ده‌سته‌ڵاتێک ناده‌ن که بیه‌وێت
ئیسرائیل له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان نه‌هێڵێت.
لێره‌وه ئیدی یه‌که‌مجار کاریکاتیره‌کانی موحه‌مه‌د خرانه ئه‌و یاری پیشاندانی
ده‌سته‌ڵاته‌وه له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی حه‌مه‌سه‌وه، ئه‌ویش به ڕێکخستنی
ناڕه‌زاییه‌کی زۆر و سوتاندنی ئاڵای دانیمارکی و پیشاندانی ده‌سته‌ڵات له‌لایه‌ن
حه‌مه‌سه‌وه له به‌رامبه‌ر دانیمارک و ڵاتانی ئه‌سکه‌نده‌نافی و ئه‌مه‌ریکادا.
سعودییه‌ش هه‌ردوا به‌دوای ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی حه‌ماس له فه‌له‌ستیندا، بڕیاری
بایکۆتکردنی هه‌موو به‌روبوومه شیره‌مه‌نییه‌کانی (کارگه‌ی ئارلای)دا له دانیمارک.
ئه‌م کارگه‌یه به‌شیکی له وڵاتی سویدیشه که ڕۆژانه ته‌نها ئه‌م به‌شه هه‌ژده
ملیۆن کڕۆن زه‌ره‌ر مه‌ند ده‌بێت.
به‌ڵام ئایا لێره‌دا هه‌ستکردن به بریندارکردنی ئیسلامێکی ساده‌دڵ له‌به‌رامبه‌ر
به‌کاریکاتێرکردنی موحه‌مه‌ددا چیلێدێت، ئه‌و بریندارکردنه چۆم که‌نالیزه‌ده‌کرێت
و به‌ره‌و کوێ ده‌برێت؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانین گوێمان له
وه‌ڵامی ئه‌و ئیسلامه ساده‌دڵه‌بێت له‌ناو به‌سیاسیکردن و به‌کارهێنانی
کاریکاتێره‌کانی موحه‌مه‌ددا وه‌ک وه‌ره‌قه‌یه‌کی سیاسی.
هه‌م حه‌ماس و هه‌م سعودییه لێره‌وه چوونه ناو بازنه‌یه‌کی گه‌وره‌ترو بینراوتر
له پیشاندانی ده‌سته‌ڵاتی خۆیان دژ به ده‌سته‌ڵاتی ئیسرائیل و ئه‌وروپاو
ئه‌مه‌ریکا. ئه‌م ڕووداوه هه‌مان ڕووداوی (سه‌لمان ڕوشدی) ڕۆمانووسمان
بیرده‌خاته‌وه که به ڕۆمانی (ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان) که‌وته به‌ر فه‌توای
کوشتن له‌لایه‌ن خومه‌ینییه‌وه، له‌وکاته‌دا ئێران به‌هۆی جه‌نگی له‌گه‌ڵ عێراقدا
پڕبووبوو له قه‌یرانی کوشنده، ئه‌و پیشاندانی ده‌سته‌ڵاته‌ش لای ئێرانه‌وه بووه
هۆی ده‌رخستنی هێزێکی شاردراوه‌ی تری خۆی که تا ئه‌وکاته دیوێکی ئاشکراو زۆر
بینراو نه‌بوو له دنیادا.
چوونه ناوه‌وه‌ی وڵاتێکی وه‌کو سوریاش بۆ یاریکردن له‌ناو ئه‌و بازنه‌ی پیشاندانی
ده‌سته‌ڵاته‌دا، به‌هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی کاریکاتێره‌کانه‌وه، قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و
هه‌له‌یه له‌لایه‌ن سوریاوه تا ئه‌ویش ده‌سته‌ڵاتی خۆی پیشانبدات که له
توانایدا هه‌یه ئیسلامی توندڕه‌و بکاته چه‌کی به‌رگری له خۆی. به‌تایبه‌تی دوای
ئیهانه‌کردنی سوریا‌و ده‌رکردنی له‌ناو لوبناندا و هه‌روه‌ها ئیسپاتبوونی
به‌شداربوونی سوریا‌و خودی (به‌شار ئه‌سه‌د) له کوشتنی (ڕه‌فیق حه‌ریریدا)،
به‌تایبه‌تیش دوای گفتوگۆ ته‌له‌فزیۆنه‌که‌ی (عه‌بدولحه‌لیم خه‌دام) له پاریسه‌وه
که ڕێگه‌ی ده‌ربازبوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی سوریا‌و خودی به‌شار ئه‌سه‌دی نه‌هێشته‌وه
بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر کوشتنی حه‌ریری.
وڵاتێکی وه‌کو سوریا که به ده‌وڵه‌تی پۆلیس ده‌ناسرێت، هه‌ستا به دنه‌دانی
حیزبه ئیسلامییه‌کان و لایه‌نگره‌کانی به سوتاندنی سه‌فه‌ره‌تی دانیمارک و
نه‌رویج و سوید، دیاره هه‌ر سێ سه‌فاره‌ته‌که له‌یه‌ک ئاپه‌رتماندان له
ناوچه‌یه‌کی هێمنی شاری دیمه‌شقدا که هه‌میشه هیزه نهێنییه‌کانی سوری پارێزگاری
ئه‌و ناوچه‌یه ده‌که‌ن. دیاره دوای ناڕه‌زایی توندوتیژی ئه‌و سێ وڵاته، سوریا
ڕایگه‌یاند که ده‌ستی ئه‌وانی تێدانییه‌و گروپیکی ئیسلامی توندڕه‌و به‌و کاره
هه‌ستاون و ئه‌وانیش چه‌ند که‌سێکیان له‌و گروپه گرتووه‌و ده‌یانده‌ن به دادگا.
به‌م کرده‌وه‌یه سوریا خۆی خسته ناو ئه‌و بازنه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌وه بۆ پیشاندانی
ئه‌وه‌ی که ده‌توانێت له‌کاتی مه‌ترسیدا حیزبه ئیسلامییه‌کان بکاته چه‌کێک دژ به
هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.
ئیدی لێره‌وه ئه‌و سه‌ره‌تای یارییه سیاسییه ده‌ستپێده‌کات که زۆرینه‌ی وڵاتانی
دیکتاتۆری عه‌ره‌بی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌چنه ناوی، دژ به‌و نه‌خشه‌ی
گۆڕانکاریانه‌ی که ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت له‌و ناوچه‌یه‌دا په‌یڕه‌ویبکات.
ئه‌و وڵاتانه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامادایی و توانای هیچ گؤڕانکارییه‌کیان نییه له
خۆیاندا و ئاماده‌شنین ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات بن، هه‌روه‌ها ده‌سته‌ڵاتیکیشن
غه‌رقن له‌ناو گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئابوری‌دا.
پێده‌چێت ئه‌م مۆدێلی شه‌ڕو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه نیوه‌ی ته‌مه‌نی شه‌ڕی سارد
بخایه‌نێت که له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا کۆتایپێهات. ئه‌وه‌ی وای له شه‌ڕی
سارد کرد له نێوان بلۆکی شیوعیه‌ت و وڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکادا نه‌بیته
شه‌ڕیکی گه‌رم، ڕاگرتنی ته‌وازنی هێزبوو له نێوان ئه‌و دوو بلۆکه‌دا. به‌ڵام ئه‌م
مۆدێلی شه‌ڕه‌ی تر هیچ ته‌وازنێکی هێزی تێدانییه، نه‌بوونی ئه‌م ته‌وازنه‌ش به
هۆکاری سه‌ره‌تایی دروستبوونی ئیسلامی سیاسی داده‌نرێت. لێره‌وه ئه‌م مۆدێلی شه‌ره
هه‌موو خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گرێته‌وه.
سوتاندنی سه‌فاره‌تی دانیمارکیش له لوبنان، هه‌مان ده‌ستی (حیزب لله)ی تێدایه
چونکه ئارامی سیاسی له لوبناندا له ساڵحی ئه‌وان نییه، نه‌ک سوتاندنی
سه‌فاره‌ته‌که به‌ڵکه ده‌یانه‌وێت شه‌ڕی نێوان موسڵمانان و مه‌سیحییه‌کان وه‌ک
سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ڵبگیرسێننه‌وه.
ئێرانیش دوای ڕه‌وانه‌کردنی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمییه‌که‌ی بۆ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایش،
وه بۆ پشتگیری‌کردن دژ به کاریکاتێره‌کانی موحه‌مه‌د بڕیارده‌دات که هه‌موو
هێنانێکی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا بوه‌ستێنێت که ئه‌و کاریکاتێرانه‌یان
له ڕۆژنامه‌کانیاندا بڵاوکردۆته‌وه.
به‌ڵام ئایا ئه‌م په‌رچه کرداره سیاسیانه له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ی که
خاوه‌نی دنیایه‌ک قه‌یرانی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تین، چه‌ند هه‌ڵگری
ناره‌زایی ئه‌و ئیسلامه ساده دڵه‌یه که هه‌ست به برینداربوون ده‌کات
له‌به‌رامبه‌ر به کاریکاتیرکردنی موحه‌مه‌ددا؟ ئایا جگه له شاردنه‌وه‌ی
قه‌یرانه‌کان له‌ناو ئه‌و وڵاتانه‌دا ئه‌م جۆره ناڕه‌زاییانه هێنده‌ی تر ئه‌و
جیاوازیانه قوڵناکه‌نه‌وه که له نێوان وڵاته ئیسلامییه‌کان و ئه‌وروپادا هه‌یه،
دیاره تا ئه‌م جیاوازیانه‌ش قوڵتربنه‌وه ته‌مه‌نی ئیسلامی سیاسی درێژترده‌بێته‌وه.
ئایا ئه‌م ناڕه‌زاییانه وا له ئه‌وروپا ده‌کات په‌شیمانبێته‌وه له بنه‌ماکانی
ئازادی ڕاده‌ربڕین که مێژووی زیاد له دووسه‌د ساڵی هه‌یه؟ یاخود ئه‌مه هێنده‌ی
تر شکست به هه‌موو هه‌وڵێکی دیالۆگ و له‌یه‌کتر نزیکبوونه‌وه ده‌هێنێت له نێوان
ئه‌م دوو دنیایه‌دا. ئه‌وروپا ئه‌و دنیایه‌یه که پرسیارکردن تێیدا له خودی
موقه‌ده‌س گه‌وره‌تره، شتێک نییه قابیلی قسه‌له‌سه‌رکردن و ره‌خنه‌لێگرتن نه‌بێت،
خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ئه‌و دنیایه‌یه که بێ پرسیار له‌ناو یادوه‌رییه‌کانی
خۆیدا ده‌ژی و هه‌موو تێفکرینی دابه‌شه به‌سه‌ر خێر‌و شه‌ڕدا.
لێره‌وه ئیسلامی سیاسی هه‌موو دنیای ئیسلامی ده‌خاته ناو جه‌نگێکی دوور‌و درێژه‌وه
که جگه له شکست هیچ شتێکی تر ناباته‌وه، ئه‌وه‌ی وا له ئیسلامی سیاسیش ده‌کات
درێژه به‌م شه‌ڕه بدات له‌باربوونی ئه‌و ئه‌رزییه‌ته سیاسیه‌ی ناو ئه‌و
وڵاتانه‌یه که تیایاندا ده‌ژی به هه‌موو قه‌یرانه قوڵه‌کانیانه‌وه، ئه‌وه‌ی
یارمه‌تی ئیسلامی سیاسی ده‌دات له‌و وڵاتانه‌دا وه‌ک قارچک هه‌ڵتۆقێت،
تۆتالیتارییه‌ت و یه‌ک ڕه‌نگی و گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئابووریی ئه‌و حیزبانه‌یه‌تی که
به‌بێ هیچ مژده‌و به‌رنامه‌یه‌ک وڵات ده‌به‌ن به ڕێوه. ئه‌م ژینگه‌یه‌ش هه‌ره
ژینگه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئیسلامی سیاسییه.
پێده‌چێت ئه‌م شه‌ڕانه دوای کۆمه‌ڵێک شکستی یه‌ک له‌دوای یه‌ک و ده‌هرێکی خوێناوی
و تاریک ئه‌وسا ئیسلامی سیاسی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ده‌سته‌ڵاته ببێت، وه‌ک دینی
مه‌سیحی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌وه موماره‌سه‌ی ئازادییه‌کانی خۆی بکات، ئه‌و
کاته‌ی که دین ده‌بێت به‌و پرده‌ی که ته‌نها له نێوان ئینسان و خودادا ده‌بێت.