رۆمانی " مامزێر "
گەڕانێکی فرەڕەهەند ، بە مێژوو ، فەلسەفە و
میتۆلۆژیادا ..!!
دانا عەسکەر
لەساتەوەختی خوێندنەوەی هەر دەقێکدا ، سەرەتا
هەوڵدەدەی بەوردی بەدوای بابەتی سەرەکی دەقدا بگەڕێیت تا کۆد و شیفرە پەنهانەکانی
ئاشکرابکەیت و دواتر هەوڵدەدەی لەڕێی زمانەوە ئاستی هوشیاریی فیکریی و مەعریفی و
بونیادی زمانەوانی و گاریگەرە مێژوویی وئیستاتیکیەکان بخەیتەڕوو ، لە لایەکی ترەوە
گرفتی دەستنیشانکردنی شوێن و کات لە رۆماندا دەرکەوتێکە بەپێی واقیع و فەنتازی
رۆمان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ ، واتە نووسەر هەیە دەیەوێ لەرێی کارکردن لەسەر چەمکی
جوگرافیا بابەتەکەی بخاتەبەردەستی خویًنەر ، یاخود کاریگەریی مێژوو دەکاتە
رووداوەگرنگەکان و هوڵدەدات مێژوو وەک خۆی بگێڕێتەوە ، زۆرجار ئەم جۆرە گێڕانەوەیە
لەسنووری دیدی بەلزاکیش دەردەچێت و لە گێرانەوەیەکی ئاسایدا خۆی تەسلیمی سادەترین
خوێنەر دەکات ،ئەم حاڵەتانە لەساتەوەختی نووسینی رۆمانی کوردیدا ، وای لەخوێنەری
جیدی کردووە ، تووشی جۆرێک لەبێهیوایی بێ بەرانبەر سەرهەڵدانی دیدی فەلسەفی جیاواز
لە رۆمانی کوردیدا ، بۆیە لێرەدا کاتێ رۆمانێکی ناوازە دەکەوێتە بازاڕەوە ،ئەوەی
قسەی لەسەر نەکرێ ، ئەو رۆمانەیە ، ئەمەش ئەوەناگەیەنێ ئەو رۆمانانەی لەسەریان
نووسران ، شایەنی نووسین نەبن ، نەخێر ، ئێمە بەدەیان رۆمانی ناوازەمان هەیە ،
ناوەندی رەخنەی کوردی ئاوڕی لێداوەتەوە ، بەڵام رۆمانی واشمان هەیە ، بابەتی هەمان
نووسەرە ،کەچی ئاوڕی جیدی لێنەدراوەتەوە ، بۆ نموونە ، " غەزەلنووس و باغەکانی
خەیاڵ " ی " بەختیار عەلی " ئەوەندەی من بزانم یەک بابەتی لەسەر نووسرا ، لە
کاتێکدا بە بڕوای من هاوشان لە گەڵ " دواهەمین هەناری دونیا " ، " غەزەلنووس و
باغەکانی خەیاڵ " یەکێکە لە رۆمانە هەرە ناوازەکانی " بەختیار عەلی " ، لێرەدا ئێمە
پێویستمان بەو گۆڕانە نەوعییەیە ، کە دەکرێ لە ئاست گێرانەوە و تەکنیکی زمان و دیدە
فەلسەفییەکاندا ، دونیایەکی جیاواز بخەینە بەر دیدی خوێنەر ، ئەو دونیاجیاوازەی
گێڕانەوەش ، دونیایەکی تێکەڵەبێت لە واقیع و میتۆلۆژیا و خەیاڵ ، کە دواجار خوێنەر
بگەیەنێتە ئاستی سەرسامبوون و لە خوێندنەوەی رابووردوو + مێژووی گێڕانەوەی تەقلیدی
دوورکەوێتەوە ، نووسینی ئەو جۆرە رۆمانە رەنگە بۆ ئێمەی خوێنەری کورد کارێکی
تازەبێت ، ئەوەندەی لە رۆمانی ئێمەدا هەیە تا ئێستاش بە شێوەیەکی گشتی بەدیدی "
بەلزاگ + دیکنز + مۆباسان " دەنووسرێت ، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەم دیدانەشدا ، چەند
هەولێکی جیدی هەیە کە ئاستی رۆمانی کوردی بەرەوپێشەوە بردووە ، کە دەکرێ هیوایەک بۆ
سەرهەڵدنی زمان و روئیای جیاوازمان هەبێ ، بۆیە دەبینی لەبەشێکی زۆری ئەو رۆمانە
کوردیانەدا لە هەوڵی نووسینن بە روئیاو دیدی واقیعی سیحری و قوتابخانەی نوێی
فەرەنسی و ئەمریکای لاتین ، بێشک ئێمە ناکرێ هەموو خوێنەری کورد بەیەک چاو تەماشا
بکەین و ئەوەی رۆمانێکی خوێندەوە ئیتر دەبێ دیدو روئیایەکی قوڵی بۆ جیاوازی زمانی
گێڕانەوە هەبێ ، ئەم حاڵەتە جگە لە دیدی روکەشی هیچ ئیزافەیەک ناخاتە سەر ئاستی
رۆمان و رەخنەی کوردی ، بۆیە ئێمە دەبێ لەو دیدگا جیاوازانەوە قسە لەسەر رۆمان و
ئاستی رۆمانی کوردی بکەین ، کە دەکرێ خوێندنەوەیەکی ئیتیکیانەو ئەکادیمیانەمان بۆ
جیاوازیەکانی زمانی گێرَانەوە و دیدگا فەلسەفیەکانی رۆمانی کوردی هەبێت ،ئێمە
جارێکی تر رۆمانی " دایک " ی ماکسیم گۆرکی " و رۆمانی " حەمەدۆک " ی یەشار کەمال "
ناخوێنینەوە ، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ ئەو رۆمانانە ، " رۆمان " نەبن ، نەخێر گرفتەکە
لەوەدایە قۆناغی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆی فەرزدەکات کە جارێکی دی بۆ نووسینەوەی
بابەتێکی تر دیدەکانی رابوردوو نەخەینە خزمەتی هەنووکەوە ، هەموو دەزانین " دایک "
ی " گۆرکی " چ کاریگەرییەکی پۆزەتیڤی بۆسەر بەلشەویکەکان هەبوو ، دواجار
بەلشەویکەکان بوون بە رابووردوو ، بە ڵام " دایک "یش لەو هاوکێشەیەدا کە لە
قۆناغێکی جیاواز ، بە زمان و روئیایەکی جیاواز نووسرا .
ئەوەی گرنگە بگەڕێمەوە سەری ، ئەو ئاماژەیەیە ، کە سەبارەت بە رۆمانی " غەزەلنووس و
باغەکانی خەیاڵ " خستمەڕوو ، ئەویش هۆکارەکان لە نووسینەوەی فۆرمێکی تازەی رۆمانی
کوردی بوو ، بۆیە تائەم ساتەوەختە نەمانتوانیوە ئەو رۆمانە ئیستیعاب بکەین ، کێشەکە
لەوەدایە ، ناوەندی رۆشنبیریی کوردی تا ئەم ساتەوەختە جورئەتێکی ئینسانیانە و
راستگۆیانەی لەسەر تێپەڕاندنی قوتابخانی ریالیزم وسەرهەڵدان و کاریگەریی دیدگای نوێ
بەسەر رۆمانی کوردییەوە نیە ، کە بە شێوەیەکی گشتی لەدوای راپەڕینەوە بەشێک
لەنووسەرانی کورد کاریان لەسەر کردووە ، بە بڕوای من هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتە
نەبوونی جورئەتە لە ئاست جمودی عەقڵی ئێمە ، بۆ تێگەیشتن لە رۆمانی نوێ ، ئەگەرنا ،
بۆچی رۆمانەکانی تری بەختیار عەلی زۆریان لەسەر نووسرا ، کەچی لە ئاست " غەزەلنووس
" هەموو بێدەنگ بووین ، کەواتە دەبێ جیدی بین لە ئاست جیاوازی لە خوێندنەوەی رۆمان
بە تێگەیشتنە جیاوازەکانەوە ، یەکێک لەو رۆمانانەی کە ماوەیەکە لە ناوەندی
رۆشنبیریی کوردی بە یەکێک لە رۆمانە ناوازەکان دەناسرێ ، رۆمانی " مامزێر " ی
نووسەر " کاروان عومەرکاکەسوور " ە ، ئەوەی راستی بێت ماوەیەکی زۆرە لەو رۆمانە
دەگەڕێم ، خۆشبەختانە لەم دواییەدا ئەو رۆمانەم دەستکەوت ، بەڕاستی یەکێک لەو
کەسانەی کەتوانی لەم ساڵانەی دواییدا خوێنەری کوردی بە بابەتەکانی سەرسام بکات ، "
کاروان کاکەسوور" ە ،بەڕاستی مایەی خۆشحاڵییە بۆ ناوەندی ئەدەبی کوردی ، هیچ نەبێت
دوو ساڵ یا سێ ساڵ جارێک نووسەرێکی لێهاتوی تیا هەڵکەوێت ، ئەم خۆشبەختییەی من ،
نیشانەی ماندووبونی نووسەر خۆیەتی ، کە تائەم ساتە وەختە لە دوورو نزیکەوە
نەمبینیوە و نایناسم ، تەنها لەڕێ بابەتەکانیەوە نەبێ ،دوای ئەوەی سێ جار ئەم
رۆمانەم خوێندەوە ، ئەوجار هەرچۆنێک بێت توانیم رەهەندێکی فەلسەفی و سیاسی و
کۆمەڵایەتیەکەی ئەم رۆمانە بخەمەڕوو ، بۆیە زۆر بە جورئەتەوە دەڵێم ئەوەی ئەم
رۆمانە بخوێنێتەوە ، ئەگەر زیادلە جارێک نەیخوێنێتەوە بڕوا ناکەم لێیتێبگات ،
بەڕاستی ئەوەی نووسەر لەم رۆمانەدا کاری لەسەر کردووە ، زۆر بەکەمی رۆماننووسی کورد
کاری لەسەر کردووە ، ئەویش جیاوازی لە گێڕانەوەی حیکایەتی ناو رۆمان و شارەزایەکی
باش لە بواری سینەماو فەلسەفە + مێژوو + میتۆلۆژیا ، بە دیوێکی تر نووسەر بە
زمانێکی شیعریی و فۆرمێکی جیاواز لەگێڕانەوەی تەقلیدی کە پێشتر ئاماژەم پێدا
نووسیویەتی ، هەموو ئەم تایبەتمەندیە لە رۆمانی " مامزیر " نیشانەی جیاوازی و
لیهاتووی نووسەرە کە جیدیانە کاری لەسەر فۆرمێکی جیاوازی رۆمانی کوردی کردووە ، کە
خوێنەری تیا ماندوو دەکات و هەوڵیداوە مێژوو + فەلسەفە بکاتە دووبنەمای سەرەکی
رۆمانەکەی ، ئەوەی ئەم رۆمانە بەسەر بکاتەوە زۆر ماندوو دەبێت تاکوو کۆد و دەلالەتە
شاراوەکانی پشت ئەم تێکستە ئاشکرا دەکات ،بەبڕوای من سیحریی ئەم تارماییە غموزە
بەسەر ئەم رۆمانەوە ، دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆی سەرەکی ، یەکەم : گرفتی تێکشاندنی
پیرۆزی ئاین و داب و نەریت ، دووەم : کارکردن بە فۆرمێکی سینەمایی ، جیاواز لە
گێڕانەوەکانی پێش خۆی ، ئەم شێوە نووسینە لە رۆمانی کوردیدا رەنگە کارێکی تازەبێت ،
بۆیە دەبینی قسەکردن لەسەر ئەم جۆرە رۆمانانە لەبەر ئەوەی رۆمانێکی فرەڕەهەند و
دیدێکی ئەفسانیی و زمانێکی شیعریی و لە گەڵ ئەوەی رووداوەکان لەم رۆمانەدا یەک
نەمەتی زنجیرەییان نیە و بگرە لە فیلمێکی سینەما دەچێ کە لەپڕ لە گرتەیەکەوە بۆ
گرتەیەکی ترت دەبات ، بۆیە دەبینی قسەی کەمیان لەسەر دەکرێ ، واتە وەرگرتن و
تێگەیشتن لەم جۆرە گێڕانەوەیە کارێکی قورسە ، نووسەر هەوڵیداوە دیدێکی فرەڕەهەند و
دونیایەکی ئیستاتیکی و سیحریی ببەخشێتە خەیاڵ و روئیای ئێمە ، کێشەکە لەوەدایە ئێمە
چۆن بتوانین لەو فۆرمە جیاوازەی نووسەردا هەڵبکەین ، بۆ ئەم مەبەستە نووسەر بەجیدی
ئەمجارەیان هەوڵیداوە خوێنەری رۆمانەکەی خەڵکانی دیاربن و کەسنێکبن جگە لەوەی
شارەزاییەکی باشیان لە فەلسەفە و مێژوو و هونەری گێڕانەوەش هەبێ ، پێیوایە دەبێ
کەسانێکبن لە ئاستی رەخنەدا توانای خوێندنەوەیەکی وردیان بۆ ئەو فەزایە هەبێ کە
نووسەر لەم رۆمانەدا خوڵقاندویەتی ، واتە بەدیدێکی کراوە و کۆتاییەکی کراوە
نووسراوە ،بۆیە دەکرێ لەرێی ئەم فۆرمەوە ، دەیان خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێ .
نووسەر بەم سەرەتایە دەمانخاتە نا هاوکێشەکەوە
" لەرێگا کاتێ جەنگاوەرە ریشنەکان بەسەر لمە داخبووەکەدا دەیانهێناین ، لەناو
سەرجەمی دیلەکاندا تەنها چاوی منیان نەبەستبوو ... ئێستاش ، کە ئەوەتا شەکەت و
ماندوو خراوینەتە ناو ئەم قەفەزە گەورانەی بەر هەتاوی ئەم هاوینە پڕوکێنەرەوە ،
تەنها پرسیارلەمن ناکەن " .
بیرمان نەچێ لە پەراوێزی ناونیشانی ئەم رۆمانەدا ، نووسەر ئاماژە بە مانای " مامزێر
" دەدات و دەڵێ ئەم وشەیە بە " عیبری " بەواتای " زۆڵ " ، بێگوومان ئێشارەت دان بەم
ناوە کە بوونیای سەرەکی ئەم رۆمانەی لەسەر داڕێژراوە ، واتایەکی قووڵی ململانێەکی
مێژووی و کۆدی سەرکی ئەم رۆمانەیە ، واتە ململانێی نێوان " جوو + ئیسلام " ،
بەوپێیەی کارەکتەری سەرەکی بەدیلی کەوتووەتە دەستی چەند جەنگاوەرێکی ریشنەوە ،
چونکە دەبێ بیرمان نەچێ " ریشن " زارەوەیەکە بەسەر ئیسلامیە توندڕەوەکاندا
ساغکراوەتەوە ، بۆیە دەبینی نووسەر هەوڵیداوە شوێنەکانیش وەک شفرەیەک بخاتە بەردیدی
خوێنەر ، دۆخی ئەم رۆمانە جگە لەوەی ململانێکەی بە " رمز " کاری لەسەر کراوە ، کەچی
شوێنیش تێکەڵاوی ئەم ململانێ شاراوەیە بووە ، بۆ نموونە : کارەکتەری سەرەکی ئەم
رۆمانە ، لە سەرەتاوە بە راناوی " من " هاتووەتە ناو هاوکێشەکەوە ، تاکۆتیی رۆمان "
من " جگە لەوەی کەسایەتی سەرەکی ئەم رۆمانەیە ، بەڵام دواجار ، گووتاری سەریحی " من
" ی پاڵەوان = بە " مامزێر " ، واتە " مامزێر " لە پشت " من " ی پاڵەوانەوە خۆی
مەڵاس داوە ، بەهەمان شێوە " جەنگاوەرە ریشنەکان " بوونەتە بەشێک لەو گەمە
سمبولیستیەی کە نووسەر زیرەکانە دەمنباتەوە سەر دەیان دەرگای داخراوی بیرکردنەوە و
تێڕامان بۆ جیاوازی نێوان " من " ی دیل و " جەنگاوەرە ریشنەکان " ، ئەمە سیحری ئەو
سمبولەیە ، کە نووسەر بەهەمان شێوە لە شوێنیشدا کاری لەسەر کردووە ، وەک " بەسەر
لمە داخبووەکە " + " نێو قەفس " .
یەکێک لەو کۆدە ئاڵۆزانەی ئەم رۆمانە چەمکی " قەفەس " ە ، جگە لەوەی هەردەم دیل
دەخزێنرێتە قەفەزەوە ، دواجار بەو پێیەی ململانێکان کولتوورین ، لیرەدا قەفەس
بریتیەلە بەزۆر باوەڕهێنان بە ئاین ، یاخود داماڵینی لە ئاینی خۆی و توانەوە لە
ئاینێکی دی و کوشتنی رۆحی بیرکردنەوەیە لە دونیاو دیدی جیاواز ، ئەم باوەڕە لێرەوە
سەرچاوەی گرتووە ، کاتێ " من " ی دیل لە لاپەڕە " 20 " دەڵێ :
" ئێستاش ئەوەی لەناو قەفەزەکەدا ئازارم دەدات ، ئەوە نیە کە من دیلم و نازانم
چارەنووسم بەکوێ دەگات ، بەڵکو ئەو رووتییەیە ، بۆیە دەڵێم خۆزگە توند توند چاویان
دەبەستم " .
ئەوەی وامان لێدەکات لەدواییدا بتوانین هەندی قسەلەسەر رەهەندی تری رووتی لەم
رۆمانەدا بکەین ، ئەو گێڕانەوە ئەفسانەیی و مێژووی و فەلسەفەی و سمبولستەیە کە
لەسەرەتاوە باسمان لەجیدییەتی خوێندنەوەی رۆمانەکە کرد ، جیاواز لەزۆربەی
رۆمانەکانی تری ئەم چەند ساڵەی دوایی ، نووسەری ئەم رۆمانە جگە لەوەی روئیایەکی
قووڵی بۆ کێشە مێژوویەکان هەیە ، لەهەمان کاتدا زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ
فەلسەفە ، زمان ، فەنتازیا ، ئیستاتیکا و رەهەندێکی قووڵی سینەماشدا دەکات ،کە
زۆرجار لەیەک رستەدا خوێنەر بەو گێڕانەوە سیحرئامێزە سەرسام دەکات .
کەواتە دەتوانین لێرەدا لەناو قەفەس ، تەفسیرێکی جیاواز بۆ چەمکی رووتبوونەوە بکەین
، چِونکە کارەکتەرەکە دەڵێ " ئەوەی ئازارم دەدات ئەوە نیە کە من دیلم و نازانم
چارەنووسم بە کوێ دەگات ، بەڵکوو ئەو رووتییەیە " ، واتە رووتی لەناو قەفەس جگە
لەرووتبوونەوەی رۆحی ئاین لای ئەو کارەکتەرە کە جەنگاوەرە ریشنەکان لەپیرۆزی ئاین
رووتیان کردووەتەوە ، هیچی تر نیە ، سەرەتاش ئاماژەم پێدا ، یەکێک لەخەسڵەتەکانی
رۆمانى کراوە یا فرە رەهەند ، تەفسیری فرەرەهەندیش هەڵدەگرێ ، ئەمەش لە قووڵیی رۆحی
ئەم رۆمانەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە خوێندنەوەیدا خەیاڵمان بە هەزاران کووچەی نادیار
و پەنهاندا دەبات ولە دەیان گێڕانەوەی مێژوویی و فەلسەفی کە بەزمانێکی شیعریی و
خەیاڵیکی ئەفسانەیی نووسەراوە ، ناچارمان دەکات دەیان جار خەیاڵمان لەیەک بەیەکی
دەلالەتەکان کێوماڵ بکەین و لە تیزابی زێڕی ماناو دەلالەتەکانی کۆد و سمبولەکانی
وردتربینەوە ، لێرەدا دەبێ ئاماژە بە فەلسەفەی رووتبوونەوە و قبوڵنەکردنی
یەکتربدەین لای ئەم دوو کولتوورە جیاوازە ، بێشک لە پشت هەر رستەیەکی ئەم رۆمانەوە
زۆر کات جۆرێک لە فەلسەفە خۆی حەشار داوە ، بۆیە نووسەر زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ
تەواوی کێشەکاندا کردووە ، بەڵام لە ئاکامدا هەموو تێگەیشتن و تەفسیرە
جۆراوجۆرەکانی بۆ خوێنەر جێهێشتووە ، ئەوەی یاسا ی فەرەزکردنی یەکێک یاخود
کولتوورێک بەسەر ئەویدیدا داڕشت ، خودی ئاین نیە ، بەڵکوو ئەوانەن ئاین بۆ
بەرژەوەندی خۆیان و کوشتنی رۆحی ئاینەکانی دی بەکاردێنن ، بۆیە فەلسەفەی
رووتبوونەوە لەم چرکەساتەدا ، زۆر جیاوازترە لەوەی لە رووتبوونەوەی رۆح ، یا
رووتبوونەوە لە جلوبەرگ ، لێرەدا دەبێ ئاماژە بەو بێئرادەییەش بدەین کە نووسەر
لەپاڵ ناولێنانی بە " مامزێر " دەیان گرفتی بۆ دروستکردووە ، لەوانە بێ بەهایی "
مامزیًر " لای جەنگاوەرە ریشنەکان ، بەوەی نە چاویان بەستۆتەوە نە پرسیاریان
ئاراستە کردووە ، لێرەدا دەکرێ هەلوێستەیەک لەئاست ئەم حاڵەتەدا بکەین ، لەبنەڕەتدا
کارەکتەری سەرەکی کەسێکی " مامزێر " ە بە تێگەیشتنە جووەکەی ، واتە حاڵەتە
سایکۆلۆجییەکەی نووسەر ئەوەی بیرچووەتەوە کە ناکرێ جەنگاوەرە ریشنەکان بە مەنتیقی "
مامزێر " مامەلًەی لەگەڵدا بکەن ، لەبەر ئەوەی لە ئاکامدا پشتگوێ خستنی " مامزێر "
لەلایەن ریشنەکانەوە هیچ خزمەتێک بە مانای مامزێربوون بە کوولتوور و فیکری ئەوان
ناکات . زۆر جار نووسەران جەخت لە ناشوین دەکەن و نایانەوەێ شوێن بکەن بەبەشێک لە
بابەتێکی واقیعیانە ، ئەوەی لەم رۆمانەدا " کاروان کاکە سوور " کاری لەسەر کردووە ،
ئەو ناشوێنە شوێنەیە کە جیاوازی دەخاتە نێوان گێڕانەوەی واقیعی وگێڕانەوەی سیحریی
کە رۆمان بە ئاراست و دیدێکی جیاوازدا دەبات ، بەڵام کاتێ مێژوو + ئەفسانە هاتە ناو
هاوکێشەکەوە ، ئەوە رووداوەکانە ،ناشوێن دەکەنەوە بە شوێن و روئیایەکی جوان و
ئیستاتیکی هەم بە مێژوو هەم بەشوێن دەدەن ، وەک ئەوەی تا نووسەر جەخت لە رووخاندنی
" هەیکەل " نەکات ، رەنگە خوێنەر نە بیر لەمێژوو بکاتەوە نە لەشوێن و رووداوەکان ،
بۆیە ئەگەر بەوردی لەم رۆمانە فرەبەخشینە بکۆڵینەوە ، رەنگە دوای ماوەیەکی تری
دوورو درێژ دیدگای ترمان پێببەخشێ ، چونکە بەشێک لەنووسینی ئەم رۆمانە دەمانباتەوە
سەر کوشتنی رۆحی دوو نەتەوەی جیاواز، ئەوانیش ئێمە و جوولەکەکانین ، چونکە رۆخانی "
هەیکەل " لەلای جووەکان ، رووخانی هەیکەلبوونی مرۆڤایەتی ئەوانە ،روخانی بیرکدنەوەی
ئەوانە بە رووتبوونەوە .
سروشتێکی تری رووتبوونەوە لەم رۆمانەدا رووتبوونەوەی رۆحە بە تێگەیشتنە
مرۆڤایەتییەکەی ، واتە جگە لە رووتبوونەوە بە مەفهوومە ئاینییەکەی ، دواجار دیوە
مرۆڤایەتییەکەی کە ئینسان لەساتەوەختی هەستکردن بە شکستی ، رۆحی لەدەست دەدات و
جەستەش وەک بەشێک لە ئاڵووگۆڕە سروشتییەکان تووشی ئاڵووگۆڕە بابەتیەکان دەبێت و
هەندێک جار سروشتی نێربوون و مێبوونی لێ دەگۆڕت و تەنانەت لە ئینسانبوونیشی
دادەماڵن ،ئەم سروشتە لە فەزایەکی جیاوازی ژیانکردن رەنگدەداتەوە ، بەڵام حاڵەتی
دیش کە ئینسانەکان لەڕێی بیرکردنەوەی جیاوازەوە بەرۆح رووتدەبنەوە ، ئەم دیدە لەم
رۆمانەدا بەئاشکرا بوونی هەیە ، کاتێ کارەکتەرەکەی " کاروان کاکەسوور " هەوڵدەدات
رووتبوونەوە بەشێک بێت لە پەیوەندییە رۆحییەکان و لە دەرەوەی ئەم تێفکرینە بۆ ژیان
، هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ دەورووبەر دروست نەکات ، واتە بە رووتبوونەوە ،
پەیوەندییەکانی تەنها لە رۆحەوە بۆ رۆحی خۆی دەبێت ، بۆیە " ئەو " دەڵێ تەنها زمانە
بەو دونیایەم دەبەستێتەوە ، کەواتە دەبێ ئەوەش بزانین یەکێک لەو هاوکێشە ئاڵۆزانەی
کە ئێنسان بە رووتبوونەوەش جوودا ناکاتەوە ، بوونی زمانە ، ئەوەی زمانی لەم
رۆمانەشدا خستووەتە بەردەم ئەگەری لەناوچوون ، ئەو پەیوەندییە ئیفلیجەیە کە لەرێی
ئاین و کولتوورەوە چووەتە قووڵایی ئینسانەکانەوە ، دواجار دەبینی " کارەکتەری "
مامزێر " و تەنانەت " بیبی کەناری " ش لەترسی بەرپەرچدانەوەی توندوتیژی بەترسەوە بە
زمانەکەی خۆیان گفتوگۆدەکەن ، لەم حاڵەتەدا بەهەرشێوەیەک بێت ئێمە وەک نەتەوە و
خاوەن زمان ، ناتوانین لە دەرەوەی ئەم هاوکێشە ترسناکەدابین .
" دال " ێکی تری ئەم رۆمانە ، خاڵی بەستنەوەی رۆحی کوردیە بە شکستی جووەکانەوە ، کە
ئەمەش بۆخۆی لەو "دال " دا یەکدەگرێتەوە ، هەردوولا بوونەتە قوربانی خاڵی
وەرچەرخانی لایەنەکانی تری دونیا و سروشت و ئاڵووگۆڕە کۆمەڵەیەتیەکانیان خزاوەتە
ناو هاوکێشەیەکی قورسەوە ، بۆیە بە بڕوای من ئەوەی " کاروان کاکەسوور " کردوویەتی
خاڵێکی وەرچەرخانی نەوعییە لە سروشتی کۆمەڵایەتی ئێمە بۆ ئەوەی بەوردی بە دووی
شکستییە لەبیرکراوەکانی خۆماندا بگەڕێن کە لەساتەوەختی شکستی رۆحی و فیکریدا چوونە
خەزنەی بیرچوونەوەوە، کە ئەمە بۆخۆی پرسیارێکی گرنگە لەناو ئەم رۆمانەدا دەکرێ وەک
کردنەوەی کۆدێکی تری گرنگ پێی ئاشنابین ، ئەویش لەناو شکستییە رۆحیی هەنووکەییەکان
، شکستییەکانی ترمان لەبیرچووەتەوە ، ئەم دەرکەوتە ئیفلیجەی کە بەردەوام رۆحمانی
داگیرکردووە ، تەنها بەشێک نیە لەکوشتنی ئارامی ، بەڵکوو بەشێکی کاریگەرە لە کوشتنی
شکستییە مێژوویەکانی وەک ، هەلەبجە و ئەنفال لەساتەوەختی ئێستادا ، ئەم حاڵەتانە
بۆخۆیان دەرکەوتێکی سروشتیی و کاریگەرن کە نووسەر زۆر سەرکەوتووانە ، سروشتی ئەم
رۆمانەی بەدەیان ئاراستەدا پەلکێش کردووە ، بەدیوێکی تر ، بەوپێیەی شارەزاییەکی
باشی لە فەلسەفە و مێژوو دا هەیە ، نووسەر هەوڵێکی زۆری داوە ، مێژوو بەزمانێکی
ئەفسانە و رەهەندێکی فەلسەفی قووڵ بخاتەبەردیدی خوێنەری کورد ، شارەزابوون لە مێژوو
+ فەلسەفە ، جگە لەوەی خزینێکی رۆشنبیرییە ، مانایەکی زیندووتر دەدات بە رۆمانی
کوردی و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە پرسیارو روئیای تازەمان بیربخاتەوە و خوێنەری
خۆی جیابکاتەوە و بەردوام خوێنەر بخاتە دوای خۆی ، نەک بە پێچەوانەوە ، لەساتەوەختی
خوێندنەوەیدا خۆی تەسلیم بکات .
کۆدێکی تری سەرەکی ئەم رۆمانەی " کاروان کاکەسوور " گەڕانێکی مەجازییە بە شوێن
چەمکی باوک بە مانا " فرۆید " ییەکەی ، واتە کارەکتەری " مامزێر " هەمیشە لە هەوڵی
شکاندنی ئەو ئاوێنە تاپۆیەیە ، کە هەمیشە ئێمە و باوکمان لەناو یەک چوارچێوەدا
کۆدەکاتەوە ، ئەم حاڵەتە چەند گرفتی " مامزێر " ی ئاڵۆزکردوو ، دەیان جار دایکایەتی
بووەتە خاڵی وەرچەرخانێکی نێگەتیف بۆ پیاوەتی ئەو ، لەم حاڵەتەدا ئەوەمان
بیردەخاتەوە ، قەفەس جگە لەوەی زیندانی رۆحە لە ئێستادا ،هەوڵێکە بۆ کوشتنی
رابووردوو ، وەک ئەوەی نووسەر لە رێی فلاش باگەوە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی خۆی بە
دایکی و باوکییەوە ، بەتایبەتی پەیوەندی دایکی و ئەو کەساتیانەی مامەڵەیان لەگەڵدا
دەکات ، کاتێ باس لەجۆری جل و بەرگەکەیان دەکات و دواتر دەگەڕێتەوە سەر ئەو
ئاشنایەتییەی کە " سیڤەری ماژەن " سەبارەت بەپەیوەندی نێوان زمان و جل و بەرگ
دەیانخاتەڕوو ، خاڵێکی ترئەو سیحری کارکردنەیە لەناو فەنتازیای گێڕانەوە ، دەرخستنی
کارەکتەرێکی ئەفسانەیی وەک " سیڤەری مارژەن " ، کە لەناوەکەوە ئاشکرایە
کەسایەتییەکی کوردە و تا هەنووکە بەناو گەمەی کوشتنی" سیڤەر " دا دەگەڕێ و دەیەوێ
لەناو تایبەتمەندی ناوەکەی خۆیدا سیڤەریەکان رووزەرد بکات و بەشێک لەوبرینەی خۆی بە
دونیاو دەورووبەر بیربخاتەوە ، دواجار پەیوەندی " مامزێر و سیڤەری ماژەن " دەبێتە
پەیوەندێکی رۆحی و لەناونانیانەوە دەگەڕێنەوە سەر ئازارە هاوبەشەکانیان ، چونکە
هەریەک لای خۆیەوە ، چ ناوی " مامزێر " چ ناوی " سیڤەر " لەو خاڵەدا یەکدەگرنەوە کە
پەیوەندی لەگەڵ بووندا هەیە ، بۆیە دەبینی لە مامەڵەکردنی لەگەڵ دایکیدا " مامزێر "
ئەو پەیوەندیە گووماناویە بەردوام بە دوای تارمایی ئەودا یەو هەمیشە دایکی دەبێتە
بەشێک لە هاوکێشە قورسەکانی پەیوەندی نێوان ئەو +باوکی +دایکی ، ئەم گوومانە لەو
ساتەوەختەدا گەورەتر دەبێت ، دایکی بەرگدرووە ، بەڵام رووتی کە بووە بە بەشێک
لەئیرادەو ویستی زۆرینەی کارەکتەرەکانی ناو ئەم رۆمانە ،هەمیشە لەنێوان پاکبوونەوەی
رۆح و پۆشینی جەستەدا ، خەمێک نیە رووتی وەک عبوودیەت یا رووتی لە گووناه بخاتەڕوو
، ئەگەر لەسەرەتاوە ، رووتی فاکتەرێک بێت بۆ دەستنیشانکردنی گووناهی مامزێربوون ،
ئەوا ناکرا رووتی بووعدی تری فەلسەفی هەبوایە ، من لە رۆمانی " دەستنووسی فەقێکان "
ی نەجات نوری "یش کە ئەویش بەشێکی زۆری باس لە چەمکی رووتی دەکات ، باسم لە
دەلالەتەکانی پشت ئەو رووتکردنەوانەکردووە ، بەلای منەوە گرنگ نیە کامیان پێشتر
ئەوباسەیان تەرح کردووە ، گرنگ لەوەدایە هەریەک لای خۆیەوە چۆن لەناو چەمکی
رووتبوونەوە فەزایەک دروست دەکات ، کە خەیاڵ و روئیای ئێمە بەدوای خۆیدا ببات و
دەرئەنجام لە خاڵیکدا یەک بگرنەوە ، ئەویش جیاوازی بۆچوونەکان بێت .
لەدەرئەنجامی خوێندنەوەدا بۆت دەردەکەوێ ، کارەکتەری " مامزێر " دوو رووی جیاوازی
هەیە ، روویەکیان سایکۆلۆجییەتی " مامزێر " بە تێگەیشتنە عیبرییەکەی ، کە بەردەوام
لەنێوان گەڕان بە دووی باوک + دایکدا تووشی جۆرێک لە شکستی رۆحی بووە ، بەوەی چۆن
بتوانێت لەنێوان ئەم ئینسانانەدا مانایەک بە بوونی خۆی بدات یاخود لەو گەڕانەدا
جیاوازیەکان بخاتەڕوو کە لەنێوان براکانیدا دروستکراوە ، دواجار لەناو ئەم هاوکێشەی
گەڕانەدا ، دووجۆر لەگەڕانیش بەشوێن باوکدا هەیە گەڕانێک بۆ دۆزینەوەی باوک بە
تێگەیشتنە " فرۆید " یەکەی ،لەگەڵ گەڕان بەشوێن پیرۆزیەکانی باوکدا .
سەرنجی دووەم ، کەڕانێکی جیاوازترە ، بەوەی سایکۆلۆجییەتی کەسێتی نووسەر
زیادلەپێویست خۆی فەرزدەکات بەسەرپاڵەوان و هەوڵیداوە لەو گەڕانەدا فەزایەکی سحریی
و خەیاڵئامێز بەسەرنجەکانی سەبارەت بەدایکی بدات و لەو گەڕانەدا وەسفێکی فەنتازی
سەبارەت بە منداڵیی دایکی دەدات کە چۆن باڵندەیەک لەسەرپشتی دایکی رۆژانە هەرجارەی
پیتێکی لەسەرپشتی بە دەنووک هەڵدەکەنێت و ناوی " دیدلاز " تا کۆتایی رۆمانەکە
دەبێتە بەشێک لەو هاوکێشە گووماناوییەی " مامزێر "ی تیا سەرگەردانە، لەپاڵ ئەوەی
فەزایەکی نامەئلوفمان بۆ دەکات بە مەئلووف ،یا خەیاڵمان بۆ دەکات بە واقیع و
لەخۆیدا بەدونیایەکی سیحراویی و زمانێکی فەنتازیدا دەمانگێرَێت کە ئەمە بۆخۆی
دونیایەکی جیاوازترە لەوەی " مامزێر " لەناوگەڕانێکی دووجەمسەردا تووشی گوومان
دەکات ، لەوانە گرنگیدان بەگەڕان بەدوای نهێنیەکانی باوک وەک کەسایەتییەکی سەرکردە
و گووماناوی ،کە هەمیشە لەهەڵسوکەوتەکانیدا مامزێربوونی بە گوێدا دەدا ،بۆیە دڵێ "
هێشتا دڵت پێیت دەڵێ دایکیشت وەکو تۆ رووتوقووت خراوەتە ناو قەفەزێکەوە " هەر بۆیە
چەمکی دایکایەتی جگە لەوەی رووتبوونەوەی دێنێتەوە یاد کە لەبنەڕەتدا گەڕانەوەیەکی
مەجازییە بۆ ڕابووردوو وەک جیاوازی دەلالەتەکان و جیاوازیی کۆدەکان لە ناو ئەم
هاوکێشەیەدا ، بۆیە لەیەک کاتدا کە دەگەڕێتەوە لای یادەوەرییەکانی دایکی ، جگە
لەوەی دوو دیددی هەیە بۆ دایکایەتی " دیدلاز " دواجار ناتوانی دایکایەتی وەک
گەڕانەوە بۆ رۆح لەبیر بکات ، ئەم حاڵەتە کارەکتەری " مامزێر " بەدیوێکی تری
رۆمانسیدا دەبات و لەڕێی قسەیەکی " سیڤەری مارژەن " ەوە کە دەڵێ " زۆرجار خۆشەویستی
لە خوێنی کوێرێکی بریندار دەچێت ... ئەو نە گوللەکەی دیوە و نە دەزانێت لە چ
لایەکەوە تێیگیراوە ... تەنها دەزانێت گیانی شڵپەی دێت " ، خۆشەویستی " فریدا " ی
دێتەوەیاد کە دواجار خۆشەویستی " فریدا " فەزایەکی بەربڵاو بۆ خوێنەر دەکاتەوە کە
دەکرێ لە دەرەوەی ئەم دەقەدا دەیان تەفسیری جیاوازی بۆ بکرێت چونکە نووسەر کۆتایی
ئەو پەیوەندییەی بەکراوەیی بەجێهێشتووە .
رەهەندێکی تری ئەم رۆمانە ئەو زمانە شیعرییەیە کە زۆرجار لەناو گەمەی زمانەوانیدا
نووسەر ناچارت دەکات هێندە بەدووی شیعرییەتی زماندا عەوداڵ بیت ، هێندە نەپرژێیتە
سەر کردنەوەی کۆد و رەهەندە فەلسەفییەکان و ئەو دونیا سیحراوییەی کە لەرێی شارەزایی
مێژووییەوە ، وەک ئەفسانە خزاندویەتیە ناو ئەم رۆمانەوە ،ئەمەش بۆخۆی مانای ئەوە
نیە نووسەر نایەوێ کۆدەکانی ئەم رۆمانە بکرێتەوە ، بە پێچەوانەوە ، سەرەتا ئاماژەم
بەوەدا کە نووسەر زۆر زیرەکانە هەوڵیداوە کۆدەکان لە پشت شیعرییەتی زمان و بە
ئەفسانەکردنی واقیع و شارەزایی مێژووەوە حەشاربدات ، ئەوەش بەو مانایەی گێرَانەوەی
بابەت ، خۆی لە گێڕانەوەی ئاسایی خۆی بەدوور بگرێ ئەم هاوکێشەیە رەنگە تۆزێ قورس
بێت بابەتێک لەیەک کاتدا بەچەند دیدگایەکی فەلسەفی و مێژوویی و میتۆلۆژیدا تێپەڕێ ،
بەڵام لەهەمان کاتدا هۆکارێکی گرنگە بۆ هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی رۆمان و دەقی ئەدەبی
دی بە دیدێکی فیکریی و فەلسەفی .
ئەم رۆمانە هەرلەسەرەتاوە ، بەڕاناوی " من " دێتە ناو هاوکێشەکەوە ، کە بەدیلی
دەکەوێتە دەستی کۆمەڵێک جەنگاوەری ریشنەوە ، ئیدی لێرەوە پاڵەوان بەفلاشباگ
دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی ژیانی خۆی و خێزانەکەی .
من لەزۆر شوێندا جەختم لەسەر ئەو رۆمانانەکردووەتەوە کەکاریان بە راناوی "من "
کردووە ، بەتایبەتی ئەوانەی نەیانتوانیوە لەو فۆرمە تەقلیدی و زمانە سادە و بێفکرە
خۆیان دەرباز بکەن ، بۆیە ئەوەی " کاروان عومەرکاکە سوور " نووسیویەتی لە هەموو
روویەکەوە لەو جۆرەی لەسەرەوە باسم کرد جیاوازترە و بگرە ئەو هەوڵیداوە لە زۆر رووی
ترەوە لەو رۆمانانە جیاوازتربێت ، بۆیە نووسین لای ئەم نووسەرە لە ئاستی
تێگەیشتنێکی ورد دایە لە نێوان چی گوتن و چۆن گوتندا ، چونکە زمان و روئیای نووسەر
بە شێوەیەک مەدلوولەکان دەخاتە هاوکێشەکەوە بە زەحمەت بتوانرێ خاڵی دال دەستنیشان
بکرێ ، وەک پێشتر وتم ئەگەر وردبینانە تێیان نەڕوانی رەنگە زەحمەت بێت بەجارێک لێی
بگەییت ، دیارە ئەم شێوە نووسینە جگە لەوەی کە هونەریی نووسین تایبەتمەندیى
رۆشنیبریی خودی نووسەری بەسەرەوەیە ، لە هەمان کاتدا فەزایەکی هونەریی سینەمایی
بەربڵاو بەسەر ئەم رۆمانەدا زاڵە و نووسەر هەوڵێکی زۆری داوە ئاستی مامەڵەکردن لای
کارەکتەر و جولەی مێژوو لەم رۆمانەدا ، لەفەزایەکی میتۆلۆژیدا بخاتەڕوو ، بۆیە
زمانی شیعریی و گێڕانەوەی چیرۆکەکان بە ئاشکرا ئەو سیحرەیان پێوەدیارە کە ئەمەش
بۆخۆی جۆرێکە لەو فۆرمە ئیستاتیکییەی ناو هەناوی رووداوەکان ، بەتایبەتی ئەگەر
نووسەر بیری لە بەخەیاڵکردنی واقیع کردبێتەوە ، بەدڵنیاییەوە ئەم حاڵەتە زۆر روونە
لای " کاروان عومەرکاکەسوور " .
ئەگەر جارێکی دی وەک بابەت مامەڵە لەگەڵ ئەم دەقدا بکەین رەهەندێکی دیمان بۆ ئاشکرا
دەبێت ،ئەویش کارکردنە لەناو رۆژگارە سەختەکانی راپەڕێن و ئاشنایەتی خەڵکی گەڕەک و
بان بەتایبەتی ئەو گەڕەکانەی کە جووەکانیش بەشێک بوون لەو هاوکێشەیە ، گەڕانەوە بۆ
رۆژگاری راپەڕین ، گرێدانەوەی ئەو مەینەتییانەیە کە لەنێوان کورد جوودا هەیە ، بۆیە
نووسەر لەساتەوەختی نووسینی ئەم رۆمانەدا بیریی لەو پەیوەندییە کردووەتەوە کە پێشتر
لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا هەبووە ، رەنگە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەکاتی راپەڕیندا
جووەکان لەم وڵاتەدا نەمانبن ، بەڵام وەک " دیڤد کۆنزهوی " دەڵێ : " زمان
دیاردەیەکی تاقیگەیی نیە ، بەڵکوو ئەو گوزارشت لە شوێنگەی لۆژیکی خۆی دەکات ، کە
تێیدا جەخت لەهەندێ تێگەیشتنی دیاریکراو دەکات ، وەک هوشیاریی و ئەزموون بەتایبەتی
کاتێ ئاماژە بۆ تێگەیشتنێکی دیاریکراو دەکات " ، لێرەدا دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە
جگە لەوەی زمان لە رێی " دال " ی خۆیەوە بەمەدلوولەکانمان دەناسێنێ ، لە هەمان
کاتدا دەبێ ئاماژە بەوەش بدین کە لەناو ئەزموونی هۆشدا زمان بەرەو دونیاو
ئەزموونێکی ترمان دەبات ، بەتایبەتی کاتێ باس لە ئەزموونێکی مێژووی و میتۆلۆژی
دەکات ، ئەویش لەو کاتەدا ناتوانێ بە زمانی تاک مامەڵە لەگەڵ مێژوو + میتۆلۆژیادا
بکات ، لەم کاتەدا لە نێوان چی گوتن و چۆن گوتندا زمان لۆژیکی خۆی نادۆڕێنێ و
مەبەستەکان دەباتەوەخانەی هۆشداری ، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لەو ئیحایە لەحاڵەتی
نائاگاییەوە سەرهەڵدەدەن ، لەهەمان کاتدا روئیایەکی قووڵیی ئیستاتیکی هەیە ، لێرەدا
دەبێ ئاماژە بە حاڵەتێک بدەین کە لەنێوان ئەدەب و مێژوودا بوونی هەیە و هەمیشە ئەم
دەرکەوتە عەقڵییى و فیکرییە لیکجیادەکاتەوە ، ئەوەیش گرفتی کارکردنی ئەدەبە لەناو
مێژوو ، بەتایبەتی بتەوێ کارێکی ئەدەبی بنووسیتەوە و لەناو کارەکەتدا مێژوویەکی
تازە دروستبکەیت ، لەم کاتەدا نووسینەکەت دەچێتەخانەی خزمەتکردن بە بواری
سوسیومێژووییەوە ، لەم کاتەدا شوێنێکی دیاریکراو بۆ ئەدەب لەناو مێژوودا
نادۆزرَیتەوە ، بەپێچەوانەوە دەبێ ئەدەب مێژوو تووشی سەرسامیی بکات .
سەرچاوە
____________
1. الحلقە النقدیە، الادب والتاریخ والهرمنیوطیقیا الفلسفیە، دیفدکوزنزهوی ، ترجمە
_خالدەحامد ، منشورات الجمل
الفصل الثانی ، هرمنیوطیقا هانز _غیورغ غادامر الفلسفیە، ل/ 63+64
الفصل الخامس ، المقارنە الادبی : مفارقە او نموذج ، ل/ 189+ 190 .
2. تەوتەم و تابۆ، سیگمۆندفرۆید ، وەگێڕانی رەزامەنوچهری
ریشەکانی ژن ومێردایەتی لەگەڵ بێگانە و پەیوەندی بەتەوتەم پەرستییەوە، ل_
262+263+264+ 336+337
3. رۆمانی مامزێر ، کاروان عومەر کاکەسوور ، چاپی یەکەم " 2008 " سلێمانی ، یانەی
قەڵەم