وه‌رزی پێنجه‌م
دانا عه‌سكه‌ر
danaasker@yahoo.com
له‌ئیحساسی گێلاسێكه‌وه ، هه‌تا مستیله سه‌وزه‌كه‌ی په‌نجه‌ی وه‌رزێك
ده‌چمه سه‌ر شه‌رعی سووتان
له‌كانوونی سه‌رمایه‌كه‌وه ، هه‌تا كوشتنی مه‌سجێك به غه‌ریزه‌ی كاڵبوونه‌وه
ده‌چمه سه‌ر فه‌تحی ژه‌نینی گریان
له‌ریتمی ماچێكه‌وه ، هه‌تا خه‌یاڵاتی تێكه‌ڵبوون
له‌غه‌مگینی په‌پووله‌یه‌كه‌وه ، هه‌تا عه‌رشی مردن
ده‌چمه سه‌ر جۆگه‌له‌ی عاتیفه و ..
له‌گه‌ڵ رژانی یه‌كه‌مین نه‌غمه‌ی ئاو
پڕ به‌شه‌رحی باران
ده‌چمه ژێر چه‌تری باڵاته‌وه ئه‌ی وه‌رز .
له‌خه‌ونی چرایه‌كه‌وه ، هه‌تا نووسینی دێڕێك شه‌راب
له‌كه‌وتنی تارماییه‌كه‌وه ، هه‌تا شكانی بادی مه‌ستبوون و
چنینه‌وه‌ی قوڵپی شه‌ربه‌یه‌ك به‌یاقووتی روانین
ده‌چمه باخی سینه‌ته‌وه ئه‌ی وه‌رز .
له‌عارفی پرسیارێكه‌وه ، هه‌تا مه‌له‌كووتی سه‌رنج
له‌رشتنی شه‌رمێكه‌وه ، هه‌تا كراسه شه‌فافه‌كه‌ی حه‌نین
ده‌چمه خه‌راباتی زه‌مه‌ن ..
كه‌تۆی به‌چركه‌كانی دوودڵیی میقات كرد ئه‌ی حه‌سره‌ت
له‌ناقووسی تووڕه‌بوونێكه‌وه ، هه‌تا كه‌مانچه‌كه‌ی ئومێد
له‌غوربه‌تی ئاوڕێكه‌وه ، هه‌تا شینبوونی سه‌فه‌رێك
هه‌ر رێگا ده‌مباته‌وه سیراتی عیشق و ..
نه‌شئه‌ی خۆشه‌ویستی تۆ ئه‌ی وه‌رز
چ حیره‌تێكه رژاوه‌ته ره‌نگی تۆ ئه‌ی ئینسان
ئه‌ی تریفه‌ی سه‌ر چیمه‌نه كۆیله‌كانی وشكایی
ئه‌ی شمشاڵه‌خۆشخوانه‌كه‌ی لێوی " با "
ئه‌ی وه‌رز
له‌كه‌وتنی هه‌رمێیه‌كه‌وه ، هه‌تا عه‌زابی گه‌ڵا
له‌ژانی ئیمانێكه‌وه ، هه‌تا ئاسۆی فه‌رامۆشیی
له‌بێده‌نگی پێنووسێكه‌وه ، هه‌تا گه‌مژه‌یی نووسه‌ر
ده‌چمه روانینی سۆڵۆی چاوه‌ڕوانییه‌وه ..
ده‌چمه میزاجی په‌رداخێكی شكاو ..
نیشتمانێك ئاوس به‌عه‌زاب
ئاوس به‌زكری كه‌ناڵه‌كانی دواكه‌وتویی
له‌جه‌بری ماڵێكی تاریكه‌وه ، هه‌تا ئه‌ندێشه‌ی روانین
له‌ركوعی زانسته‌وه ،هه‌تا سه‌نگه‌رێكی خوێناوی
له‌خه‌یاڵی هه‌نگاوێكه‌وه ، هه‌تا گه‌یشتن به هیچ
ده‌چمه سه‌ر نیشتمانی شكستخواردووی نه‌وره‌سێك
ده‌چمه سه‌ر كێلگه‌ی سیس‌بوونی مه‌راقێك
ده‌چمه سه‌ر میراتی سه‌عاتێكی نووستوو ¡
هه‌تا ئێره بێده‌نگ
له‌حه‌ڵاڵكردنی تفه‌نگه‌وه
هه‌تا ئێره بێشوێن ، له‌ژوانی عاشقێكه‌وه
هه‌تا ئێره ترس له‌پیاسه‌یه‌كی رۆمانسییه‌وه
چ گووناهێكه ئه‌ی وه‌رز
كه‌من نه‌توانم له راسته‌رێیه‌كدا ده‌ستت بگرم
چ حیره‌تێكه
كه‌تۆ نه‌توانی له‌مێرگێكدا خۆت رووت و قووت بكه‌یته‌وه .
لێره ماڵیك نییه بۆ رامووسانی په‌نجه‌ره و " با "
لێره ژیان نییه وه‌رزێكی تر له‌سێبه‌ری خۆی رابخات
لێره پێنووسێك نییه له رۆحی تۆ بمنووسێته‌وه ئه‌ی وه‌رز ،
ئه‌ی شه‌فافتر له‌ئیحساسی "ئاو "
له‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی كتێبێكه‌وه ، هه‌تا داخستنی مه‌عریفه
له‌برینداركردنی چۆله‌كه‌یه‌كه‌وه هه‌تا راوكه‌رێكی دڵڕه‌ق
له‌گوڵێكی بێوه‌ژنه‌وه ، هه‌تا چه‌مێكی پیر
ده‌چمه سه‌ر عه‌ردێكی ئه‌تككراو
ده‌چمه ژانی نیشتمانێك به‌گوله‌ی غه‌در
ده‌چمه سه‌ر سووتانی باخچه‌یه‌كی به‌ویقارو ..
ستیانی پرتقاڵێك
چ موغامه‌ره‌یه‌كی سه‌خته عیشق لێره ئه‌ی وه‌رز
ئه‌ی نووستوی ژێر چیمه‌نی سپی شیعر ..
وه‌ره هه‌رمێیه‌كم پێببه‌خشه
من وه‌رزی غافڵبوونم له‌باخاتی میوه
وه‌ره هه‌ناسه‌یه‌كم پێببه‌خشه
من زڕه‌ی فینجانێكی شكاوم
ده‌وه‌ره ئه‌ی وه‌رز .
له‌ناقوسی نوێژێكه‌وه ،هه‌تا میحرابی شیعر
له " ته‌ڵ " ه چوكلێتیه‌كانی قژته‌وه ، هه‌تا ره‌نگی گوڵه گه‌نم
له سیحری چاوانته‌وه ، هه‌تا به‌خته‌وه‌ری من
له هه‌ڵمی چایه‌كه‌وه ، هه‌تا دوكه‌ڵی جگه‌ره‌یه‌كی وێڵ
ده‌چمه خه‌یاڵی نیوه‌ڕۆیه‌كی شه‌رمنه‌وه
ده‌چمه شینی قه‌ڵه‌مێكی هه‌ناسه‌سوار به ته‌عریفی تۆ
ئه‌ی وه‌رز
وه‌ره و هه‌نارێكم پێ ببه‌خشه
من هه‌وری خاڵیی له‌بۆنی بارانم
ده‌وه‌ره ئه‌ی وه‌رز .
له‌شكستی یاساوه ، هه‌تا تلوعی شه‌ڕ
عیشق دێت و غه‌ریب غه‌ریب خۆی ده‌كوژێت
له‌ره‌هێڵه‌ی ئازارێكه‌وه ، هه‌تا حیله‌ی ئه‌سپێك
له‌هێلانه‌ی شیعرێكه‌وه ، هه‌تا گمه‌گمی كۆتر
له‌په‌یژه‌ی مه‌راقێكه‌وه ، هه‌تا شۆڕبوونه‌وه بۆ لای تۆ
ده‌چمه بۆنی كراسه‌كه‌ته‌وه ئه‌ی وه‌رز
له‌ته‌فسیری نیگایه‌كه‌وه ، هه‌تا تێڕامان
دێم و ده‌س له‌قژت وه‌رده‌ده‌م
دێم و له‌مینای رۆحی تۆدا پشوویه‌ك ده‌ده‌م
ده‌وه‌ره ئه‌ی وه‌رز
وه‌ره و هه‌ڵووژه‌یه‌كم پێ ببه‌خشه
تۆ وه‌رزی پێنجه‌می ¡
ته‌ڕته‌ڕ له‌مینای دڵی مندا هه‌ڵده‌كه‌ی
ده‌وه‌ره ئه‌ی وه‌رز .
25\1\2007