گریانی كوكوختی


هەردی شەفیق
 

دەستەسڕێك لەخوا قەرزكە
خوێنی ئەم مەلەكوتیە لە ماڵ و شەقامەكان نابێتەوە
چەشنی ئەسپێك بەسەر زەمینی حەقیقەتا ئەڕوا و ئاسمان ئەكات بە غوبار
وەك فریشتەیەك لای خواوە دێ‌ و لێرە ئەبێت بە حەشیشكێش
دەریاوانێك سواری بەلەمێكی كاغەزی ئەبێ‌ و كەس نازانێت بۆ كوێ‌ ئەڕوا
وەك پەڕەسێلكەیەك كەس نازانێت قوڕ بۆ هێلانەكەی ئەبات یا ئەیگرێتە سەر
من دەمزانی ئەو ماسیە حەوزەكەی بشكێنێت دنیا ئاو ئەیبات
كەلەبچەی دەمی ئەو بولبولە بكرێتەوە قسە كردن ئەبێت بە چریكە
من دەزانم كوكوختیەكان بە گوێسەبانەی كڵۆڵەكانەوە ئەكوژرێن
من دەزانم دڵی كۆتریك لێرە بەجێماوە
گوڵە ئەستێرەیەك هاتووە بۆ میوانی مانگ و لەماڵ نەبووە
پەپولەیەك سەری ئەم بوتڵە شەرابەی لابردووەو مەرگ نەیهێلاوە
بەڵام ئەو دەڵێ‌ ئەم شەوە لە خوێنی ڕژاوی سەرخۆشێك ئەچێت
مانگ وەكو هێلكە ئەخاتەوە ژێر باڵی كۆترێك

ئێوارەیەك كە عیشق لاشە خوێناویەكەی لە قومارخانەوە دەباتە ماڵ
من لەسەر زەمینێك گۆرانی ئەلێم پاساریەكانی سرود بۆ مردنی یەكتری ئەلێن
منارەكانی گوللە بەدڵی یەكتریەوە ئەنێن
داهۆڵەكانی سەری پاساریەكان ئەخۆن
سەرزەمینێ‌، وەك جێ ماچی فریشتەكان لەسەر سینەی عشقێكی مەلەكوتی ئەمسڕێت
خوێنی ئاسكە سەربڕاوەكان لەسەر بەفر بەجێدێڵێ‌
وەكو پەپوو لەدوای وێرانەكانەوە ئەخوێنێ‌
لەوسەر زەمینی ئافاتەدا كە ماسیەك لە دەریادا ژانی ئەگرت
بەو دۆلفینە فەریادڕەسانەم ئەوت دۆستایەتی مرۆڤ پڕە لە خەیاڵی خەیانەت
هەناسەیان بۆنی ئەفیون و دوكەڵی باروتی لێ ئەهات

من بەسەر ئەو بەردە بازانەدا پەڕیمەوە
وەك تەزبیحێك كەللەسەری بەیەكەوە بەستراو سەر ئاو كەوتبوون
گەڵای خەزان و فرمێسكی وەرزەكانم ژمارد و وتم
ئیتر پەروانەیەك بەباخچەدا ناگەڕێ‌
ئێستاش بەدوای ئەو گوللانەدا بەرەو چارەنووس دەڕۆم
لە لوولەی تفەنگە نەبینراوەكانەوە دەرئەچن
بۆ ئەو كچانە دەگریم سەبەتەی خەیاڵیان پڕە لەهەنار
چەشنی بوغورد سیگار لەبەینی پەنجەكانیانا ئەسوتێ‌
دەڕۆم و صەگی هیچ مەملەكەتێك پێم ناوەڕێت
من تەنیا لاشە كوژراوەكەی خۆمم هەڵگرتووە
لەكڵاوڕۆژنەی گۆڕێكەوە سەیری مانگ ئەكەم
لە مەیتخانەیەكا جەنازەی مەعشوقەكەم ئەگرمە باوەش
فریشتەكان لەگەڵ خۆما ئەبەم و ئاوی گوڵیان پێئەدەم
شەوان دەچمە گۆڕستانەكە و گوێ‌ بۆ ناڵەی دڵیان هەڵئەخەم
من ئەزانم ئەم ڕۆژگاری خوێنە منی ناوێ‌
وەك صەگ بەنینۆك گۆڕیك بۆخۆم هەڵئەكەنم
چەشنی هەڵۆیەك دەنووكی لە دڵی خۆیدا بێت، دەستم لە خوێنی خۆمدایە
دەڕۆم وەك فریشتەیەك ئێسكەكانی لەژێر پێی وەرزەكانا ئەشكێ‌
من دەزانم یادی ساڵەكانی سوتان بكەینەوە قیامەتیش ئەبێت بە خۆڵەمێش!
ناشێت پاكیزەیی ببەینەوە سەر گۆرانیەكی سوری ئاوابوون و
كچێنی بەكێلی گۆڕەكانا هەڵواسین
دەڕۆم و لەززەت لەو برینانە ئەكەم تا قیامەت لەئازار ناچنەوە
بەسواری ئەو كەشتیانەی دۆلفینی مردوو بار ئەكەن
دەڕۆم وەك مەملەكەتێك فەنابوون ئاڵای تیا هەڵكردووە

دەڕۆم تابەر دەرگای ماڵی كچێك نیوەی لەماسیەو نیوەی لەبەنی ئادەم
كچێك وەك هەمیشە لەسەر دەرگای وێرانەیەكی چۆڵ ئەنوسێت
گریانی من نەبووایە، باران بەسەر حەوشەكەی ئێوەدا نەدەباری
خوێن لەڕۆحی من نەتكابا، ئاسمانی شەوەكانی تۆ سور نەدەبوو
گەر دڵی من نەسووتابا، مانگ بەئاسمانی شەوەكانی تۆوە هەڵنەدەهات
كچێك لەئاستانەی وەرزێكی دڵتەنگدا ئەلێت:
تاریكخانەكە بەجێبێڵە گوڵی من،
بەم هەموو نامۆییەوە چەند ئاشنای پێم !
بەم هەموو نزیكیەوە چەند لێم دوری !
ئەم شەقامە پایزیانە پڕیانكردووم لەگەڵای مردوو
ئەم ئاوازە خەمینە لێو ڕیژی كردووم لە مردن
هەوا بۆنی خوێنی گرتووە
ئاسمان بەڕەنگی مردن مودمینە
وەرەوە بۆ ماڵی سپێدەم
بەم ئاوابوونەوە، باران دەبارێ‌ لەحەوشەكەی مالێ‌ ئێمە

تۆ هەمیشە لەسەر باڵی پەروانەیەك یادگاری بۆ عیشق ئەنووسیت
من لەوەرزێكا مردن تاقەتی لەوەچووە بمكوژێت، دەمرم
وەك تەریق بوونەوەی شاعیرێك لەبەر خوێنی درەختێكی سەوزا
چەقۆیەك بۆیادگاری لەسەری نووسیوە (بوون و نەبوون دوو ڕوی دراوێكن )
وەك هاواری ئەو كەنارەی ئەڵێ‌: لەم دەریا لیخن بوو بەخوێنەدا مانگ شەڵەقاوە
بەگەروی كوكوختیەك ئەیەوێت گۆرانیەك بڵێ‌ و كەڕو گەروی داپۆشیوە
بەكینەی كەلاكێك لەژێر كەڵبەی مردوو خۆرەكانیا
پێت دەڵیم ئەوەتانێ‌ گوڵێك لێرە دەمرێت،
دڵی ئەكەن بەلانەی پەپوویەك و كچێنی ئەخەنە مشتی شەمشەمە كوێرەیەك
بەخەمی ئەو پەپولانەی دیوار كردونی بە موعجیزە و عیشق مۆمیای كردوون
دوكەڵی جگەرەیەك ونم ئەكاو هەموو دنیام بۆ بگەڕێ‌ ی نامدۆزیتەوە
بەبرینی ئەو ساڵانەی هەرگیز نەمتوانی لەبیریان كەم
لەكۆڵانیكی داخراویشدا ون ئەبم
وەك سوپایەكی خەیاڵی لەتەمی رۆژگارێكی لەدەستچوودا تێك شكاوە ،
وەك پاشماوەی لەشكرێكی دۆڕاو مردووەكانی ناو خۆم ئەژمێرم
گریانی پەروانەیەك لەوەرزی بەهارا ئەمكوژێ‌
بەبینینی پێكەنینی سوپایەك تێك ئەشكێم
تۆ پێم ئەلێیت لەبیریكە لەشەقامێكی خەیاڵیا پیاسەمانكردبێ‌ و بیرمان چووبێ‌
لەسەر مێزێك مەیمان نۆشیبێ‌ و مەیخانەكەش خاپوور بووبی َ
من پێت ئەلێم تائەو ساتەی كەلێرە بوویت هەوا بۆنی عەتری لێئەهات
كەتۆش ڕۆشتی دڵی پێكەكان خوێنیان لێئەهات!

ئەو لەیەكەمین نامەیدا ئەنووسێت
لەسەر سەری پۆساڵێك بۆنی خوێن و ماچ لەیەكتری ناكاتەوە
دەماری دڵی گوڵێك ئەبڕێت بۆ كونەپەپوویەكی تینو
نووسیم بێحورمەتیكردن بەعیشق شەڕ فرۆشتنە بەمردن
لەسەر بەرماڵی نوورانیەك خەیاڵ و ویژدان
وەك شەراب و ئەفیون تیكەڵ ئەكات
وتم مانگ لە خۆڵەمێشی شەوێكا سەرخۆشە، كچێكی نابێت ناوی بنێت سپێدە
وتم ئەشێت خودا لەڕۆحی تۆدا نیشتەجێبێت،
كە عیشق ئەفسانەیەكە دەست ئەخاتە خوێنی حەقیقەت و
پەناهەندەیەكە لەناو تابووتەكەی دڵی خۆیدا؟
وەرەو دەرگای كچێك بكەرەوە چەقۆی ناوێ‌ بۆ ئەوەی لیمۆكانی ڕووت كاتەوە
كچێك لە كتێبخانەی داڵغەیا پرتەقاڵەكانی ئەكات بەشەراب
كچێك كوشتەی خەونێكە بەناو چاوی سەدەیەكی تاریكترەوە دێت و دەڕوات
وەك ڕوبارێك خوێن لەدەرگای مالێكی جەهەنەمەوە ئەڕژێتە ناو دەریای خەیاڵ

من لە دوانامەدا بۆی ئەنووسم
مامۆستاكان لەبیریانكرد لەسەر تەختەڕەشەكەی مناڵی پەپوولەیەك بكێشن
بەڵام ئێمە بیرمان نەچوو بەبێ‌ دارو لاستیكەكان سەفەر بكەین
تۆ كە ڕیگای ئەم مەینەتییە هەڵەبكەیت و نەیكەیت ئەچێتە گۆڕستان
لە واهیمەی باخچەیەكدا پڕە لە گوڵی خاشخاش و ڕووەكە خۆهەڵواسەكان
تارماییەك قۆڵ ئەكات بەقۆڵی سێبەرەكەتاو لە ئامێزی كەسێ ترایت
مردن چەند لەتۆ ئەچێت كچەكە!
تۆ چەند لە ژیان ئەچیت كچەكە !
كاتێك بەسەر ئەم بیابانە سەرابیەدا گۆرانی ئەلێیت و
بەهەشت ئەوەتا لەژێر پێتا و لە جەهەنەمیت
نیوەت شوانی خۆت و نیوەت دیلی چارەنووسیت
گورگ لەسەر لاشەیەكی مردو ڕاو ئەنێیت ئەویش خۆتیت

ژیان دڵشكانێكی بەردەوامە حەبیبم
پیریم ئەخەمە بوتڵێ‌ شەراب و لە گۆڕی كتێبێكا ئەینێژم
تۆش هەڵئەگرم بۆ ئەو وەرزەی گوڵ قەڵاچۆی تێ ئەكەوێ‌
لەناو تەمی ئەوساڵانەی خواحافیزی وەكو گوللەیەكی وێڵ ئەتپێكی
وەكو ئەو مەلەی بەناو تەمدا ئەڕواو و دڵی ئەشكێ‌
وەك تارماییەك بەتاریكیا ئەڕواو ئەستێرەی لێ ئەكەوێ‌
وەكو كەڵەبابێك لەناوەختا جاڕی كوشتنی خۆی ئەدات
وەك بەهارێك پیر بوونی گوڵ ئەیكوژێ‌
بەهەناسەی كوكوختیەك لەسەر حەساری ماڵێكی چۆڵ ئەخوێنێ‌ وتم:
مەرگ ئاواتی مامزێك بوو دەرفەتی وەرزێكیان پێنەدا
گۆرانی پەروانەیەك بوو بەداوی جاڵجالۆكەیەكەوە كەڕو خواردی
كفنەكانی خۆمان بدەنەوە ئێمە لەم ئاهەنگە ئەچینە دەر
ئەم تابووت پەرستیە دورمان ئەخاتەوە لە خودا
تۆش بەم خاچەوە جێم مەهیلە
من گوێ‌ لەو عیشقە جاویدانیە ئەگرم كەسكێجێك بۆ مردن ئەكات ،فڵچەكەی ئەخاتە خوێنی من
كەپەیكەری سوتاوێك دروست ئەكات ،خۆڵەمێشەكەی من ئەشێلێت
كەكراسێك بۆ موحیبەت ئەدورێ‌ ،تەقەڵیك لەكفنەكەی من ئەدات
ئاخرتۆ بۆنی ساقی مەیخانەیەكی كۆنەساڵت لێدێ‌ لە دوكەڵی خەیاڵا
ساقیەك ،سەدەیەك ترس و تەنیایی بەدوای خۆیدا ڕائەكێشێت
خوێنی ئاسكەكان ئەكاتە پێكەكانەوە بۆ پێغەمبەرێكی تر
بۆنی ئەو زاهیدەت لێدی لەخوێنی كوكوختیەكا بۆ خوا ئەگەڕێ‌!

دەبوو ئەو نائومێدانە شاد بكەین لەبری سیگارەكانیان ڕۆحیان ئەكێشن
ئەو شەقامانە بەخاك بسپێرین خۆشت نەچیتە گۆڕستان تابووتەكان ئەتبەن
دەبوو ئەم وەرزە ناكامانە بەجێبێڵین و
سەوز بوونەوە بدەین بەو خونچانەی دەمیان لەسەر لێوی ڕەشەبا كردەوە
عیشق بدەینەوە بەو چڵە گیایەی لەدڵی كلۆری دەرەختێكی كەنەفتا سەوز ئەبوو
دەنگی باران لەزاكیرەی ئەو باخچانەدا هەڵگرین ئێوارەیەك پەپولەكانی خۆیان بەخاك سپارد
ئەو خاكە سیاپۆشانە ئاو بدەین خوێن و سەرابیان تیادا باری
ئەو گۆڕانە بەخەڵوەت بسپێرێن سێبەرێك شەوانە گوڵەكانی ئاو ئەدان
قەسیدەیەك بۆ ئەو ڕۆژانە بنوسین ئەڵقەی تفەنگەكانمان كردە پەنجەمان
ڕۆحی ئەو گوڵەئەستێرە كوژراوە بدەینەوە لەئەستێرەیەك ڕائەمێنێ‌
دەبوو قژی قەوزەی ڕوبارەكان دابهێنین هەتا مانگ لەئاوێنەكانا خۆی ببینێ‌
دەبوو تاریكخانەكانی حەقیقەت چۆڵكەین و
ژیان بدەینەوە بەو دێوانەی ڕۆحی بۆ ئێوارەیەك بەجێهێشت
سەرخۆشەكان لەمەیخانەكانەوە دەچوونە قومارخانەكان
دڵ بدەینەوە بەو كچانەی كچێنیان بەمانگ بەخشی!

من دەزانم كەتۆ
ئێوارەیەك لەو سەری ئاوابوونەوە دێیتە سەر نەخشەی خۆكوشتن و ئەڵی ی :
(پرسەخانەكە ئاوەدان كەنەوە ،بەخودا لەمێژە من مردووم)
من بەبۆن عەتری ئەو وەرزانەدا لەسینەی دێوانەكانی شار هەڵئەسێ‌
بەكۆڵانە تاریكو دڵتەنگەكانا ئەچمەوە ناو خەزانی وەرزێ‌
تەمەن خۆزگەیەكی بێفایدەیە بۆ ئاواتێكی ساكار
بەحەقیقەتكردنی لەزیندوو كردنەوەی مردوویەك ئەچێت
دەچمەوە خەڵوەتی سۆفیەك بەعیشق ئالودەیەو لێ‌ ی ئەپرسم
ئەرێ‌ خودا لەم وێرانەوە چەند دورە؟
لەئاسمانێكا باڵەكان ئەسوتێن فڕین چەند بێمانایە ؟!
بەڵام ئەستەمە وەڵامێكت دەست بكەوێت لەمردن بچێت
بەزمانی ئەو لەكۆتایی تەمەنا پێت بڵێ‌: منیش لەژیانی تۆدا بێ حیكمەت نیم
ئەم شەوە بەخوێنی تۆ موعتادە
بەڵام تۆ وەك گوللەیەك نابینایەك ئەینێت بەدڵی مانگەوە
بەخێرایی ئەڕۆیت و ئاوڕ لەكەس نادەیتەوە
گوێت لەقریشكەی ئەو فریشتانە نیە دەستەكانت ئەگرن
وەك ئەوەی كەسێك لەئەزەلەوە گوێ‌ ی نەبێ‌ و
چەقۆ بەدڵی بێزمانێكا داكوتێ‌،گوێت لەهاواری دڵی كەس نیە

من دەزانم تۆ زەمانێك سەودای ژیان ئەكەیت مردن لەكڕین نایەت
پەنجەرەی نهێنیەك ئەكەیتەوە لەودیویەوە تێزاب ئەبارێت
تۆ شەوێك ئاوی گوڵەكانی خەیاڵ ئەدەیت
هەربۆ عیبرەت دەتبەنە سەر هەناوی سوتاوی ژنێك
بەیەك پشت ئەچێتەوە سەر ڕەچەڵەكی مردن
دەتبەنە ناو داڵغەی لەخوێنا شەڵاڵ بووی دێوانەیەك ئەڵێ‌:
(بەختەوەری درۆیەك بوو لەیادەوەری ئێمەدا جێیەك نەبوو بۆ نوسینی )
دەتبەنە كۆڵانی ئەو پەپولانەی لەسۆراخی گوڵیكا بوو بوون بەئاو
من دەزانم لەسینەی كەسێكدا سۆراخی عیشق بێفایدەیە، كە ئەو دڵی نیە
كەچی دەتبەنە ناو جەرگەی ماڵیك
هێشتا گوڵی باخچەیەك لەخەو هەڵنەساوە تۆ سەراپات شەڵاڵە لەشەونم
هێشتا پێكی مەیزەدەیەك نەشكاوە تۆ پڕی لە نائومێدی
پەنجەرەیەك بەڕوی پایزدا واڵا نەبووە ڕۆحی تۆ سیس هەڵگەڕاوە
تۆ لەو سەری شەقامێكەوە دێ‌ ی وەك عادەتی هەمیشەیی
جگە لەسێبەر هیچی تری پیادا گوزەر ناكات
من بە كۆڵانێكا ئەڕۆم بۆنی تلیاك و تەنیایی ئەیكوژێ‌
لەناو دڵی ماڵێكا گیرۆدەیە بەجەنگی دەورانێكەوە
عەیامێكە عاتیفەی تیا نەماوە ،دڵم كۆكەرەوە
گەر دەتوانیت بەسەر ئەم شەقامە كەساسەدا تێپەڕیت
بەڵام ئەو كاتەی لەحەوشەی ماڵیكی چۆڵا ئەگریت
پیاوێك بە پۆساڵەكانی شەرەفیەوە
بەسەر فەرشی سوری كچێنیتدا دێتەوە سەر باخچەیەكی ژاكاو و
وێرانەیەك لەتەنیایی و خەڵوەتیك خاڵی لە خودا
بەڵام تۆ وەك هەمیشە عاشقی بەدێوانە ترین پیاوی شار و
دێوانە ترین دۆستی مردنیت
تۆ بەزمانی كاتژمێرێك ئەدوێیت
وەك ئەوەی میلەكانی لەسەر هاوارەكانی سكوت
بەئومێدی هاتنی مەحشەر بسوڕێن
كەچی لەدەرگای چاوەڕوانیتەوە پیاوێك مەست دێتە ژورێ‌ و
وەك ئەوەی بەگوێزانێك لەسەر دڵت بنوسێت
مەرگ بەدۆڕاندنی عیشقێك دەست پێ ئەكاو دونیا ئاخریش بەقوماری عیشقێك
بەگۆرانی وتنی پیاوێك دڵ خۆش مەبە كەئەو لای لایە بۆ مردن ئەكاو
عاقیبەت مناڵەكانی هەڵماتێن بەچاوی تۆ ئەكەن
بەسەمای ژنێك دڵشاد مەبە كەبەشەقامەكاندا تێئەپەڕێت
هەنگاوەكانی لەترپەی ترساوی دڵێك ئەچێت
(ئاخر ئەو هەمیشە عیشق بەسەر خۆشی ئەشوبهێنێت
تۆش وەكو تابلۆ كێشیكی عەبەسی ژیان ئەكێشیت )

لەسەر سەكۆی زەمەنێك بەناو خودا ڕوخان بووە بە عادەتی وەرزەكان و
سەفەر بەناو سەرابی ساڵ و سەدەكانا بووە بەئولفەت
خەریك بووم بۆم دەنوسیت خۆشم دەوێیت
لەناكاو بیرم كەوتەوە
لەبەردمی ئەو گوڵانەی ئیرەیی بەو هاوڕێیانەیان ئەبەن زوتر مردوون
بۆچی كەنەفتەكان سڵاوی سەربازی ئەكەن بۆ مەرگ
لەناو چاوی ئەو ژنانەی تەنیا مردن ترسی مردنیان لێدور ئەخاتەوەو دڵیان ئەدەن بەمردن
پێم بڵێ‌
بۆچی دڵشكاوەكان مەیخانەكان ئەكەن بەتەكیەگا
بۆچی باخەوانەكان سەتڵەكانیان پڕە لە سەراب و
سەبەتی قەیرەكان لێوان لێوە لەسێوی مردوو
پێش ئەوەی ئەم دڵتەنگیە دەست بخاتە بینا قاقام
گۆرانیەكی تر بۆ خۆكوشتنم بڵێم
ئەم تاریكیە وەكو مردوو خۆرێك سوار سەرم بێت
كەرەمكەو پێم بڵێ‌
من دەزانم لەوێدا پیاوێك لەبری گوڵ مارێكی سڕبووی هەڵگرتووە
ژنێك بۆمبێك لەهەناویدا تەوقیت ئەكات
تۆ لەو دیوی پەنجەرە خنكاوەكانەوە بەسەر باخچەیەكی خۆڵە مێشیدا ئەڕوانیت
باخچەیەك،پرچی ئەكات بەپەلكەی پێكەنین و هەڵئەكڕوزێ‌
لەوەتەی هەیت چەشنی مۆمێك بەدیار پێكێ‌ بادەوە ئەسوتێیت
ناولەپت پڕە لەخەوی ئەو شەوانەی گۆرانی بۆ هاوئامێزی ئەڵێ‌ ی و
مندەزانم تۆ بەسەر بیرەوەریە كوژراوەكانی عیشقێكدا ئەڕوانیت
بەسەر گۆڕستانیكدا ئەگریت
نەخۆری بەیانی ڕوی تێ ئەكاو نەمانگ سڵاو
لەوەتەی تۆ هەیت چەشنی سەرخۆشێك ئەڕۆی بەڕێگادا
وەك ئەوەی بە پێكانت لەسەر شەقامەكە بنوسیت خۆشم ئەوێ‌ ی
وەك ئەوەی لەچاوەكانتا مردن بۆ شەوێك ڕوت كەیتەوە
لەوەتەی تۆ هەیت لەو دیو شەهیدبوونتەوە خەونەكانت بەخاكی فیراق ئەسپێریت
لەوەتەی تۆ هەیت دڵداری لەگەل مردن ئەكەیت و
پیاوێك قۆڵ ئەكات بەقۆڵی سێبەرەكەتاو
قوڵ ئەكەیت بەقوڵی سێبەرەكەیاو
ئێوارەی وەرزەكان بۆ بەهار ئەنوسیتەوە
سەربوردەی ناكامیەك ئەگێڕیتەوە بۆ دەریا
دەستی نادیاری (با)ش لەگەڵ دڵتەنگی ئێوارەیەكا دەتبا
لەوەتەی تۆ هەیت ئەلێیت با ژیان لە لەدڵتەنگی باخچەدا بنێژین
بابچینەوە كوخە ساردەكانی خەیاڵ
لەوانەیە هەزار سەدەی تر باران نەبارێت
لەوانەیە تۆزێكی تر داكاتە خوێن
((باپارچەیەك لەدەر بەدەری یەكتری بۆ یادگار هەڵگرین
با لەتەنیایی دڵمان بەشی یەكتری بدەین
بالەسەر دیوە نادیارەكەی ڕۆحمان شەراب بنۆشین ))
لەوەتەی تۆ هەیت گوڵی خەیاڵ ئاو ئەدەیت و
ئومێدی سەراب و گوڵی نایلۆن ئەبینی
ژیان بەچرای شەوێك ئەگڕێت پڕكراوە لەخوێنی تۆ
ئەو گوڵانەی بەدەم بەرە بەیانەوە پێئەكەنن بەئەشكی تۆ ئاو ئەدرێن
لەوەتەی تۆ هەیت پیاوێك بەلێوی خەنجەرەكەی ماچت ئەكاو هاوارئەكەیت:
باخودا دڵی لێمان نەیەشێت ،كەچی دڵی یەشا
باحەزرەتی مەریەم نەگری ،كەچی گریا
بامانگ بەئاسمانەوە تاقەتی نەچێت ،تاقەتی چوو
باپەیكەرەكەی عیسا نەروخێت ،كەچی ڕوخا!