ڕوئیا


هەردی شەفیق


گوڵێكی هەمیشە سورە لەسەر گۆڕی عیشقێكی بەجێماو

بەخوێنی ئەو كۆترانەی تا قەیامەت لە جلەكانمان نابنەوە
ئەو كوچانەی خۆڵی خانووەكان و
خوێنی فریشتەكانیان بەسەردا ئەبارێت
سوێند ئەخۆم
هەموو شیعرەكان پڕن لە ستایشی بێمانا
پڕن لە شەوی ئەو سەرخۆشانەی دەڕشێنەوە
هەموو مانیفێستەكان پڕِن لە درۆی ڕوت
مردن لە هەموو قانونەكان یەكسانیخوازترە
سوێند ئەخۆم لەم ڕۆژە سیاپۆشەدا
كە منارەكان خەو بە كوشتنی عیشقێكەوە ئەبینن
بە پارچەی شكاوی ئەم شوشە عەترە دڵی خۆم هەلاهەلاكەم
شەوێك ئێسقانەكانی خۆم بسوتێنم و تۆی لەبەرا گەرمكەمەوە
دڵی خۆم پڕكەم لەمرەكەب و شیعرێكی تەڕو بڕت بۆ بنوسم
ڕۆژێك بچمە ناو ئەو خێڵە ڕوتوقوتانەی لەبەر بارانا خۆیان ئەشۆن
ئەو خێڵانەی لێویان بەپەنجەرەكانەوە جێدەمێنێ ‌‌و
كەسیش تەماشای ناكات
گۆرانی بۆ ئەو باڵدارانە بڵێم حەسرەت بۆ دورگەیەكی سەوز هەڵئەكێشن و
گوللەی ڕاوچیە ناشیەكان بوار بە فڕینیان نادەن
بچمە دارستانەكانی ئەفەریقا و سەما فێری مەیمون بكەم
ئێ‌ ئاخر مەیمونیش دڵی هەیە عاشق ئەبێت
بچمە بتخانەكان و بە بوتسازەكان بڵێم
ئەم خودا مردووانە لە ئێوە كۆڵەوارترن

من سوێند ئەخۆم
لە شەوێكا دڵی مانگ وەكو ئەو چرا شكاوە ورد بووە گوللەیەك خامۆشی كردووە
دڵی ئەو سوارانە ئەدەمەوە ئەسپەكانیان ئەكوژن و بە پێ ئەڕۆن
دڵی خۆیان ئەخەنە گیرفانیان و موعتاد ئەبن
ئاخر لەئاسمانی شەوێكە تەنیا گوێم لە دەنگی دڵی خۆم بوو
سواڵكەرێكی پیری ئەلاواندەوە
گۆرانی بۆ مەیزەدەیەكی سەرخۆش ئەچڕی
من دەموت مەیگێڕ بە شیوەنگێڕەكە بڵێ‌ ئاوازەكەی حەزینە
لێم مەپرسە چاوەڕوانی مردن چەند لەمردن بێتامترە !
ترسی خەیانەت چەند لە شەوی خەیانەت تاڵترە!
سەختە نەتوانیت قەدەرێك بگۆڕیت كە مردن ئەیگۆڕێت
من چاوەڕوانم لەكەناری دەریایەكدا
كچێك كە نیوەی لە ماسیە و نیوەی لە بەنی ئادەمە
لە ناو تابلۆكانەوە بێ‌ و بمبات بۆ دوررگەیەكی دوور
من دەمزانی لە ناو دڵی منا عیشقێك هەیە سەرەڕۆ
لە خوێنی منا عیشقێكی خودایی ئەگەڕێت
كەچی ڕۆژگارەكان دامیانە بەر قامچی غەدر
بەڵێوی شمشێرێك كەژەهرو خوێن تێكەڵدەبن
كچەكان زمانیان وەكو چەقۆ لێدەر ئەهێنام
بەو هەموو خوێنەی دڵمەوە چەمۆڵەیان لێنام
دۆلفینەكان
بەنانی ئەو ساڵانەوە بۆم هەڵگرتبوون بەرتفیان دام

ئەی دۆست
ئەو نورەی لەسیمام ئەتكا خوێنی ساڵ و سەدەكان بوو
ئەو شكۆیەش خودا بەمنی بەخشیبوو
هەر ئەو پیرۆزی دان بە(خوێن)ە بوو تۆ دروستت كردبوو
من لەوانە كوژراو تر بووم بەبرینی هەزار شمشێرەوە ئەمردن
بەهەزاران تیری ژەهراوی ئەوین پێكرابوون
بەشوێنی هەزاران چەقۆی دووری یارەوە لەپێشوازیی مەرگدا بوون
من كوژراوترین جەنگاوەر و دۆڕاوترین قارەمان بووم
منی سوارچاكی یاخی و سەركەووتووی جەنگەكان
منی بكوژو تاڵانی و نەعرەتەكان
هەزاران جار لە دڵەوە پێكراو بووم

من دەزانم شەپۆلەكانی ئەم دەریا سەرابیە كەشتیەكان غەرق ئەكات
من دەریاوانێكی سەر خۆشبووم لە زەمانی خوێن بارینەكەدا
من دەزانم ئەم بەلەمە كون تێبووانە بەرەو قوڵایی دەریا ئەچن
ئاخر حەبیبم ئەوەی جەنگ نەیبرد مناڵەكان بردیان
ئەوەی مناڵەكان نەیان برد جەنگ بردی
نا... حەبیبم جەنگ مناڵەكانیشی برد

ئێستا كە تەڵە بۆ پڵنگەكان ئەنێنەوە دڵی ئێمەی پێوە ئەكەن
كەقولاپ بۆ ماسیەكان هەڵئەدەن دڵی ئێمەی پێوە هەڵئەواسن
كەدەیانەوێت چاو بەست لە دوژمنەكانیان بكەن
دڵی ئێمە لەسەر ڕێگەكاندا دائەنێن و
لەسەری ئەنووسن ئەم شەقامە بۆ بەختەوەری ئەچێت
ئەم ڕێگایانە ئەتان باتەوە دەریا
ئەم كۆڵانە لەبیابان هەڵاتووە
كەدۆستەكانیشیان ئەڕەنجێ
بەچەقۆ شتێكی لەسەر ئەنووسن و دڵی ئێمە ئەنێرن
كە بە گوللە كوێرەكانیشیان نیشانە ئەشكێنن دڵی ئێمە دائەنێن

ڕوئیا دەبیت سەما كەین
وەكو دڵی ئەو كۆترە سەربڕاوانەی لەناو لەپمانا لێئەدا
ماسیەكان چۆن بەدەم قولاپەكانەوە سەما ئەكەن
وەكو ئەو كچەی لەشكڕەكان لەبەردەم زۆردارانا سەمای پێئەكەن
وەكو ئەو سوپا خۆڵەمێشیانەی بەدەم گۆرانی (با)كانەوە سەما ئەكەن
دەبێت سەماكەین
هەركەس جگەرەیەكی لەمشارەدا كێشابێت كوشتویەتی
لەمەیخانەیەكیەوە هاتبێتەوە تێك چووە
لەباوەشی سۆزانیەكیدا خەوتبێت دڵی لەدەستداوە
ئەو باڵە سپی وخەیاڵیانەی دەركردبێت نەگەڕاوەتەوە بۆ زەوی
چەقۆی برینەكانی بەدڵدا چووبن هاواری تائاسمانە دوورەكان ڕۆیشتووە
دەبێت لەناو ئەم خوێن ودوكەڵەدا سەماكەین
بەخوێن خۆمان لەم تاعونی گوناهە پاك كەینەوە
وەكو شارێك شۆصتەكانی بەتفی خەیانەت پاك بكرێنەوە
قەصابەكانی دۆلفینەكان سەر ببڕن
مردوو شۆرەكانی بەخوێن مردوو بشۆن
گۆڕ هەڵكەنەكانی بەچەقۆ گۆڕ هەڵكەنن
هەنجیرەكانی مەمكیان خستبێتە دەمی شەمشەمە كوێرەكان
دەبێت خۆمان پاك كەینەوە

تكا ئەكەم ڕوئیا دەستم بگرە
باوەكو ئەو نێچیرانەی ساڵەهای ساڵ بەسەر پشكۆكانا ڕائەكەن و
سەرنجامیش دڵیانی لەسەر ئەدەن لەشیش،لەسەر پشكۆكان ڕاكشێین
با لەناو لیتاوی ئەم عیشقەوە كەبۆنی یەك سەدە مەینەتی لێدێ‌
بگەڕێینەوە بەردەم ئەو ئاوێنانەی گەنجێتیمان تیادا لەبیركرد
بۆ ئەو ساڵانەی فریانەكەوتین زەردەخەنەیەك پاشكەوتبكەین
بۆ ناو ئەو ڕۆژانەی فریانەكەوتین بەدەم نازنازێكەوە پێبكەنین
بگەڕێنیەوە ناو ئەو برینانەی چەقۆیان تێ ڕائەدەن
باوەكو سەبەتەیك سێو بۆنی بۆ گەنبوونی لێدێ‌
لەزبڵخانەیەكی دورە دەستا خۆمان بدەین بەخۆر
بەم چاوە تاریكانەی خامۆشی و فەرامۆشیەوە
عیشقەكانمان بدەین لەخاچ
لەسەر ئەم شەقامەكۆنكرێت و
لەبەر ئەم دڵە ئاسنینانەدا خۆمان بكوژین
لەجەنگە كانا تەنیا شمشێرەكان گۆرانی ئەڵێن
تەنیا ئەسپەكان ئەتوانن بیابان بەخوێن تێراو بكەن
تەنیا شاعیرەكان ئەتوانن بەسەر زەمینی جەنگا بفڕن
تەنیا شاعیرەكانیش ئەكوژرێن
باسەماكەین لەناو خەیاڵی ئەم دێوانە بوونەدا
لەناو تاعوونی ئەم فەنابوونەدا
باسەماكەین لەناو ئەو سەربازانەی سێبەرەكانی خۆیان ئەیان كوژن
لەسەر ئەو بەرماڵەی هاواری ناگاتە گوێ‌ ی خودا
باسەماكەین ڕوئیا

وەكو جەنازەیەكی ڕاكێشراو ڕابكێشی ڕامبكێشە
وەكو بەشوێن قەترەی خوێنی كوژراوێكدا بمبەی بمبە
لەم مەوسیمی سەرابەدا ڕێبوارێكی هەراسان بووین
وەكو تۆزی ئەو تاڤگانەی با ئەیبردن بۆ بیابان و ئەیان وت :
ئاوێنەیەك سواغ دراوە بەتفی پیری ئەوە حەقیقەتە
ئەو دوودەستە میهرەبانەی جوانی باخچەكان ئەنێژێ‌ ئەوە مەرگە
گۆڕێك وێنەی گوڵێكی سوری لەسەرە ئەوە عیشقە
كەسێك ڕۆژە خۆڵە مێشیەكانی داوە بەدەم باوە دێوانەیە
ئەو ڕۆحە چڵكنەی مۆتەكەی خوێنەكان ناهێڵن بخەوێ‌ جەلادە
باخچەیەك پڕە لەگوڵی نایلۆن ئەوەش ناوی ژیانە
نابینایەك چاوەڕوانی ئاوی چاوەكانی بردوو
ئەو باخچانەی بۆنی عەتریان ڕۆژە ڕێیەك ئەڕۆیی
كەڵكێكیان لێنەگرت
ئیتر ئەوەش حیكایەتێكە لەنێوان زەوی وئاسمانا

بمبەرەوە ماڵی پەڕەسێلكەیەك بەخوێنی دڵی خۆی قوڕی هێلانەكەی ئەشێڵێ‌
ماڵی داركونكەرەیەك دەنوك لەدڵی كڵۆڵی خۆی ئەدا

ئەوە من نیم ڕوئیا ئەوە من نیم
ڕۆژی ئەم نەخۆشیە لەسەر قەرەوێڵەی عیشق درێژ ئەكەمەوە
ئەوە عیشقە تاعون شاراو شار ئەگێڕێت
ئەم وەرزە بەمردوویی ئەداتە دەست وەرزێكی تر

شەوێك كەمانگ بەدڵشكاوی سەیری عاشقێكی كوژراوی خۆی ئەكرد
گوڵ لاسكی خۆی بەچەقۆ خوێناویەكان ئەقرتان
زەمەنێك بەئازاری دڵشكانی تۆوە دەمردم
تۆ هەمیشە بەبەر پەنجەرەیەكی خۆڵەمێشیا ئەهاتی
ئێستا دووكەڵی جگەرە ناهێڵێت كەسی لێوە ببینم
تۆ هەمیشە بەسەر وێران بوونی منا ئەهاتی
ئێستا كەڵكی بنیاد نانەوەم پێوەنەماوە
ئیستا ئیتر عاشقە تەنیاكەی تۆ
تەڕەتەڕ وەك ئەوەی بەژێر خوێن بارانا هاتبێ‌
ئیتر سەرناخاتە سەرسەرینی خۆشبەختی
دڵی بۆمەرگ ئەكات بەبەردەباز
كەسەیری ئایندەی ئەكات تەنیا ناكامی لێوە دیارە
كەدەڕوانێتە ڕابردوو تەنیا خۆڵەمێش ئەچنێتەوە
ئێستا تەنیایی و غوربەت ئێسقانەكانی ئەشكێنن
پیری و نائومێدی بەبێكەسی ئەیكوژن
خەونەكانی وەكو پەڕەی هەڵوەریوی گوڵ ئەژمێرێت

ڕوئیا دەخیلتبم
بەكۆكەی ئەو هەورانەی سێبەر بۆشوانكارەكان ئەكەن هەڵم مەسێنە
گەر ئەو سوارانە هاتن دڵیان لەبیابانا لەبیركردبوو من لەوێ‌ نیم
گەر هاتن ووتیان خوێنمان بۆ جەنگاوەرێكی كوژراو ئەوێ‌ من لەوێ‌ نیم
گەر هاتن ووتیان ناوی هاوڕێ‌ كوژراوەكان و
یادگاریەكانی دوری یار لەسەر لاشەمان بسڕینەوە
ئەو خاڵانە بكوژێنینەوە بەخۆڵەمێشی عیشقەكانمان كوتیومانن
ئەو ساڵانە بكوژێنینەوە دوای تارماییەكانی یار ئەكەوتین و
لەتینوانا بەدوای سەرابا ڕامان ئەكرد
ئەگەر ئەوان هاتن وبەسێبەری ئەو گوللانەدا ئەڕۆشتم
بەردڵی دڵشكاوەكان ئەكەوتن
لەسێبەری ئەو خوایانە دەپاڕامەوە
بۆتاقەجارێكیش لەدڵی شكاوی ئێمەیان نەڕوانی
بەخوێنی تۆ تابلۆی غەدرم ئەكێشاو نیشانی خوام ئەدا
لەسەر گۆڕە حازركراوەكەی خۆمم ئەنوسی لەڕۆژگارێكی ترا مردم
ئەو شەوانەی چەقۆ لەدڵی مانگ ئەسوون و
ئەو ڕۆژانەی دڵی خۆر توێ‌ توێ‌ ئەكەن
بەناو مەلەكوتا هاوار مەكە من لەوێ‌ نیم
لەناو دڵی خۆما بۆ مەگەڕێ‌ من لەوێ‌ نیم
من دەزانم ئەم ڕۆژگاری خوێنە ئێمەی ناوێ‌
جەنگ ئەو كاتژمێرانە قوڕمیش ئەكات بەخوێن ئیش ئەكەن
لەوشەوانەدا كەعیشق تەنیا ئەشك وبێداری شك ئەبا بۆ كوشتنت دێن
خەو بەخەوتنەوە ئەبینن لەگەڵ فریشتە برین پێچەكان
پێیان بڵی ڕۆحی خۆی لەوشەقامانە هەڵدەگرێتەوە
ڕێبوارەكان پێی پیا ئەنێن
دڵی ئەو جەنگاوەرانە دێنێتەوە وەكو كڵاو ئەیكەنە سەریان
بۆئەوەی بیان ناسی دەبێت بزانیت هەمیشە بۆكوشتنت دێن
فریوی ئەو جانەوەرانە ئەخۆن هەرگیز نایان بینن
بەدەستی ئەو تارماییانە ئەكوژرێن
هەرگیز پێیەكیان ناخەنە ناو دنیای حەقیقەت !

پێیان بڵی
نائومێد بووم وسەرم بەبەرماڵە بێ ڕیاكانی سوجدەوە جێدەمێنن و
لەقەیامەتیشا خودا تۆ نابەخشێت بەمن
پیریم وەك مەیزەدەیەك لەگۆشەی مەیخانەكانا بەڕێ ئەكەم و
خەیاڵێك نیە قەترەیەك تامی تۆ بدات
من پیربووم ودەزانم پیربوون عەیبەیەكە لەو دیو مەراقی گەنجیەوە
من مردووم و تەریق ئەبمەوە
یەك سەدەی تر بەم پیربوونەوە ئەژیم

پێیان بڵی ئالەو ساتەدا كەبەردیش دڵی نەرم ئەبوو
زەرنەقوتەیكی كوژراو بووم لەدەستەكانی تۆدا
ئاسنیش بەو سەختیەوە هەستی دەجوڵا
دڵی پاساریەك بووم لەژێر كەڵبەكانی تۆدا
ڕوئیا دەخیلت بم پێیان بڵێ‌ من لەوێ‌ نیم
من دەزانم دواجار كەسێك دێت بەهەمان دەردی من گرفتارە
بۆ ئەوەی بزانێت مردن چەندە دورە سەیری ناو چاوی تۆ ئەكا
دەستی لەسەر مەمكی تۆ دائەنێ‌ بۆ ئەوەی بزانێت دڵی من چۆن لێئەدا
من دەزانم كەسێك دێت چنگ ئەخاتە خوێنی من
شەرەفی تۆ بەتاڵان ئەبا
كەسێك كەڕەنگی شەو و ڕەشەبای گرتووە
وەك هەمیشە دڵی من ئەبات بۆ قەصابخانەكان
بەسەر گۆڕەكەی تۆدا ئەچێت بۆ جەهەننەم
لەسەر ڕێگایەك من ئەكوژێ‌ بەناو دڵی تۆدا بۆ ماڵی خوا ئەچێت
ئاخر ئەو پێ ی وایە عیشق شیعر نوسینە لەسەر كفنێكی سپی
گۆرانی وتنێكی گەمژانەیە لەسەر گۆڕی یار
موحیبەت تەنیا باوەشكردنە بەكێلی گۆڕێكا!

ئەمشەو خەوم بەزیندوو بوونەوەی خۆمەوە بینی
زانیم كەئیتر تۆدێیت
نا .........ڕوئیا
ئەمڕۆ گوڵێك لەحەوشەكەمانا ژاكابوو زانیم كەئیتر تۆ نەخۆشیت
ڕۆحی ڕەیحانەیەك لەحەوشەكەدا سیس هەڵگەڕابوو زانیم كەئیتر تۆ دڵت شكاوە
دەموو چاوی باخچەكە زەرد هەڵگەڕابوو زانیم كەئیتر تۆ سەفەرت كردووە
بیرم لەقەیامەت كردەوە زانیم كەئیتر تاهەتایە تۆ لێرەنیت
خەوم بینی پەتۆكە لەسەر لاشەم نەمابوو زانیم كەتۆ شەو سەرمات بووە
ئێوارەش بیرم لەمەحشەر كردەوە زانیم كەتا هەتایە تۆ ناگەڕێیتەوە بۆ ئێرە
ئاخر من بەجوتێك نەعلی تاكەوتاكەوە
كەیەكێكیان لەدڵشكانی باپیرەم بەجێماوەو
تاكێكیان لەوەرزی كۆچكردنی تۆ
ئەو شەقامانە ئەژمێرم ئەیانگەیاندمە ناو دڵی تۆ
من بەدوو چاوی ژاكاوی پشت ئەو پەنجەرانەوە
بەهاڵاوی هەناسەكان خنكاون
گوڵی ئەو شەقامانە ئاو ئەدەم بەدوكەڵی ماشێنەكان ئەمرن
خۆڵەمێشی حەوشەكان ئەدەم بەدەم باوە
بەدوو دەستی زەلیلتر لەدڵی ئەو مشایەخانەی بەدەردی دڵئێشان مردوون
چەشنی دێوانەیەكی دڵشكاو
سواڵی ڕابردوویەكت لێئەكەم
گەڕانەوەی بووەتە مەحاڵ
چەشنی پێغەمبەرێكی نائومێد
ئەو كۆڵانانە بەخاك ئەسپێرم بزەیەكیان پێنەبەخشیت
ئەو شەقامانە كۆ ئەكەمەوە ئاوڕ لەخوا حافیزی تۆ نادەنەوە

ئاااای ڕوئیا.... زەمانێكیش
غەریبیت چۆن چاوەڕوانیەكی بێهودە ئەیكوشتم
وەكو تێزاب چۆن تاسەر ئێسقان ئەڕوات تاسەر دڵم ئەڕۆشت
دوای تارمایی گەڵێك ئەكەوتم بەشەقامی خەونەكانما تێئەپەڕین
وەفایان لەسەر دیواری زیندانەكان بۆ یادگاری ئەنوسی
وەكو پەپولە لەئاویلكە دانی شیعرەكانەوە دەهاتن و
وەكو جەنازە لەناو تابووتەكانا ڕائەكشان
وەكو مەینۆشەكان پێكەكانیان پڕبوو لەعەتری تاڵ
وەكو ئەو خوێنەی لەدەمارەكانمابوو بوو بەشەختە لەگیانما بوون
وەكو ئەو خڕۆكانەی موعتاد بووبوون بە پوچی هاتوو چۆیان ئەكرد
چاوەڕوانیەك لەخوێنما بوو وەكو گرێكوێرەیەكی هەزار ساڵەنەكرایەوە
وەكو كڵافەیەكی كۆنی ئەفسانەیی كەس دەستی لێنەدا
وەكو زەغرەفەی ناو گۆڕی مۆمیاییەكی تەلیسم بەند كەس تخوبی نەكەوت
وەكو كەسێك بەدوای مەحشەرا گەڕاو تەنیا تابووتەكەی خۆیی بینی
وەكو موسافیرێك بۆجەهەننەم چو هەواڵێكی نەهێنا
وەكو ڕێبوارێك بۆ بەهەشت چوو هەرگیز نەگەڕایەوە

دوای تۆ .......
مناڵیم لەو ڕۆژگار خوێناویانەدا بەجێهێشت پڕبوو لەجەنازەی دۆستەكانم
گەنجیم دا بەو قەرجانەی ماچێكیان بەنوقڵێك ئەگۆڕیەوە
لەناوەڕاستی لەشكرەكاندا وەستابووم
وەكو ئەو كوژراوانەی لەبەر پێیاندا وەستابوون
لەناوەڕاستی تەرمەكاندا مردبووم
وەكو ئەو عاشقەی لەسەر گۆڕی یارەكەی مردبوو
سۆزانی بووم و بەباڵی فریشتەكانەوە دەفڕیم
فریشتە بووم و بەڵێوی سۆزانیەكان گۆرانیم دەگوت
خوێنی هەموو گیانم لەزمانمەوە دەپرژا
وەكو ئەو جەنگاوەرانەی بەئێسقانی كوژراوەكان ئەكێشن بەدەهۆڵی جەنگا
كەللە سەری براكانیان ئەكرد بەدەغیلە
برینی دڵی دۆستەكانیان پڕ ئەكرد لەلیمۆدۆزی
خێراو سەرخۆش ئەڕۆیشتم
لەخەیاڵی ئەوەدابووم تەنیا جارێك دەستم بگری و ماچم بكەیت
بەڵام نەتكرد ڕوئیا
تەنیا جارێك دەستت بگرتمایە پەنجەكانم بەدەستەكانتەوە جێ ئەما
تەنیاجارێك ماچت بكردمایە
وێنەی ئەو لێوە خوێناویانەت تاهەتایە لەسەر سیمام ئەما

من نازانم بۆ وای لێهات..؟
من پاساریە ڕوتەڵەكانی بەر باران بخەمە خوارەوەو
تۆش داو بۆ زەڕنەقوتەكانی خەیاڵ بنێیتەوە
من لێوی ئەو قەرەجانە ببڕم گۆرانی بۆنیشتیمانێك ئەڵێن كەنیانەو
تۆش جگەرە بدەیت بەدەم ئەو بوكە شوشە سەر بڕاوانەوە
بەباوەشی مناڵەكانەوەی سەیری ئاسمان ئەكەن
من بەچەقۆ یادگاریەكانم لەسەر دڵم بنوسم و
تۆش بەخوێنی مانگ لاپەڕەی كتێبەكانی بێوەفایی بنوسی
من شەوی ناو حیكایەتەكانی تۆم لەبیرە
من خودەی ئەو سەربازە شارەو شار ئەگێڕم گوللەیەك كونی كردوە
دڵی ئەو سەربازە مۆمیا ئەكەم بەنابەدڵی ژیانی جێهێشت
من پاڵەوانی حیكایەتە كوژراوەكانی تۆم لەبیرە
لەبیرمە كچەپاشا چەند بەمەكرو ناز دڵی كوڕانی ئاوایی ئەبرد!
پاشا چۆن لەكەللەسەری عاشقەكان دیواری هەڵ ئەچنی
كوڕە كەچەڵەش چەند بەكەساسی دڵی خۆیی ئەكوشت!
تۆ بڵێ‌ ی ڕۆژێك بێتەوە پێت بڵێم
پاڵەوانی حیكایەتەكانت هەموو دۆڕاون
ئێستا گرەو لەسەر مەرگی تۆ ئەكەن و
شەرەفی من وتۆ لەسەر مێزی قومار خانەكان دائەنێن
وای ڕوئیا ئێمە مناڵانی گەڕەكە دڵشكاوەكانی شار
كەسێك نەبوو نامەیەكامان بۆ پۆستكات و بگاتە گۆڕی یار

ڕوئیا....
ئەشێت مردن سەمای نابەدڵی سۆزانیەك ببێت
چاوی لەدڵی خاڵی لەعیشق و گیرفانی پڕی جەلادێكە
ئەشێت مردن لەوسەری پوچیەوە لەگۆرانی كەناریەك ساناتربێت
بەڵام كەی ئافات هەڵی كرد تەنیا مردن شكۆی هەیە
بەئەندازەی ڕۆژێك لەسەر دڵم قورسە دڵت شكاوەو پێت نەوتووم
بەئەندازەی ساڵێك غەریبی وپەیمان وخوێنم بۆ پۆستكردووی
بە ئەندازەی شەوێك سەیری مانگم كردووەو پێم وتووە
چاوێكت لەحەوشەكەی ماڵی یاربێت
بەئەندازەی مناڵی ناوی تۆم لەسەر كۆلارەیەك نوسیوە وناردوومە بۆ ئاسمان
بەئەندازەی ئێوارەیەك
عیشق نەیهێشتووە لەگەڵ خۆ كوشتن لەسەر سفرەیەك دانیشین
بەئەندازەی شەوێك عیشق ناو دڵی منی كردبە تابووت
ئەشێت هەر دڵشكانێكی ساكار سەفەرێكی تر بێت بەرەو مردن
وای ڕوئیا چ مەرگەساتێكە دڵئێشانی ئەم جارەم
چەند حەزینە مەرگی ئەم جارەت..!

تۆ غەریبی كەسێك ئەكەیت
ئێستاكە ئەو ژیانی بەفلسە سورەیەك ناوێت
مردن بە ڕابردووی عیشقێكی سەرخۆش ئەكڕێ
ئێستاكە ئەو بوغورد لە ژوری نوستەكەیدا ئەسوتێنێ‌
من دەزانم ئێستاكە ئەو چاوی لەتابووتێكە بیابتە مەغریبسان
ئەو حەزدەكات وەك غەریبی ئەو نامانەی
بەئاشنایی ستیانەكەتەوە دەتبردنەوە ماڵ
لەژێر بۆنی سینەی تۆدا بمرێ
ئەو حەزدەكات مەغریبانێ‌ چاوەكانی تۆ ببینێ‌ و
جگەرەكانی لەسەر دڵی خامۆش بكات
ئەو حەزدەكات دڵی لەبەردەمی تۆدا توێ‌ توێ‌ بكات
تا تۆش بزانیت چ مەرهەمێكی
ئەو ئەوەندە ناسك بووەتەوە بەكزە بایەك هەڵئەوەرێت
ئەوەنە بەعیشق گرفتارە
ئەتوانیت بە جێ پێ جێماوەكانیدا حەفتا مەملەكەتان بڕۆیت

ئێستا كە ئەو مناڵی خۆی داوەتە دەست دڵئێشانێكی كوشندە
وەكو بكوژێك چنگ ئەخاتە خوێنی خۆی
ئێستا بێتاقەتی ومەراقی ئەڕێژێتە پێكێك شەراب
ئێستاكە ئەو ئاگرو هاڵاوی هەناسەكانی تۆ لەگیانی هەڵئەسێ‌
ئێستا كە ئەو وەكو مۆمی بەر ڕەشەبا كزكز ئەسوتێ‌

بەد بەختیە ڕوئیا لەگۆڕستانەكەوە بڕوانیتە سەوزاییەكانی بەهار
تا ئەتوانیت ئەم شەقامە پڕ لەزبڵانە بەدوای گوڵە خوێنێكدا تەیكە
بەدوای ئەو گۆزەكەرە پیرانەی
لەخاكی سوتاو گۆزە دروست ئەكەن و لەگوڵی پەژموردە شەراب
چی ئەدۆزیتەوە جگە لەكەسانێك
لەپەیكەرێك لەتەم ئەچن لەناو دنیایەكی خەیاڵیا
پرسیاری منیان لێئەكەی پێكەكانیان دێنە قسە
دەڵێن دەورو زەمانێك ئەویش لەگۆشەی مەیخانەكە ژیاوە
عەیامێك برین پێچی دڵی خۆی كردووە
تۆ بەدوو چاوی فیتنە بازو پڕ لەگومان و ڕازەوە
سەیریان دەكەی
ئەوان دەتبەنە سەر گۆڕی غەریبەیەك و پێت دەڵێن
بەهارێك بەرلەوەی وەرزی گوڵ بەسەر چێت ئەویش بەپێكێ‌ بادەوە لێرە بوو
بەدڵێكی هەزار جار شكاوەوە گۆزەو باخچەی دروست ئەكرد
لەسێبەری خودایەك ئەپاڕیەوە ڕۆحی باخچەكە سیس نەبێت
بەدەستە سڕێك ئارەقی ناوچاوی ئەسڕی
سەدەیەك خوێنی دڵیشی پێ سڕی بوو
چاوەكانی پڕ بوون لەخوێنی بەجێماوی شەوەكانی بێداری
ئومێدەكانی پڕبوون لەخۆڵەمێشی ئەوساتانەی دەیویست
قوڕی گۆڕی خۆی بشێڵێ‌ و ماڵێ‌ بۆ پەڕەسێلكەكان دروستبكات
لێرەبوو مەینەتی وباران لەجلەكانی هەڵئەساو لەسەرو قژیشی پیرێتی
چیرۆكی ئەو شەوانەی ئەگێڕایەوە تەنیایی میوانی دڵێكی شكاوە
ئەو خوێنەی لەسینەی ئەڕژا شاری لەبۆنی تەنیایی هەڵئەكێشا !

تۆدەڵێت بۆچی هێشتان بڕوات بۆچی ؟؟
ئەوان دەڵێن تكای زۆرمان تیاكرد نەڕوات
بەڵام هەر سوربوو لەسەر ڕۆیشتن
بەفرو خوێن بەچ زمانێك ئەدوا ئاوا ئەدوا
گوڵی بریندار بەچ زمانێك ئەدوێ‌ ئاوا ئەدوا
:دەبێت بڕۆم
وەك ئەو فیشەكانەی لولەی تفەنگە ژەنگ گرتووەكان جێدێڵن
نیشتیمانێكی ژەنگ گرتوو جێدێڵم
نیشتیمانێك لەبۆنی باروت و
هەناسەكانی خوێن و
كوشتنی كۆترە سەپیەكان

جگەرە لەسەر جگەرەی دائەگیرساند و دڵی داخ ئەكرد
پێك لەدوای پێك نائومێدی ئەنۆشی
سەرخۆشی ئەبردە سەر بەرماڵەكان و وەكو خەیام ئەیوت
ئەم عومرە هیچترە لە هەڵكێشانی نوشتەیەك لەئاو
پێكەنینێك لەخورافە
لەپەلك و داری مێو تابووتم بۆ دروست كەن

ئاوێنەكانم دیقیان كردوو ڕوخسارێكی حەقیقیان نیشان نەدا
سیمای هەموو كەسیان تیابوو جگە لەخۆم
ئێستاش لەسەر دیوارەكانی دڵ ئەنوسێت
حەیفففف عیشق چ درۆیەكی پوچ بوو!

گۆرانی بۆ ئەو شەمشەمە كوێرانە ئەوت
بەناو دڵی تاریكیا ئەچن و لەماڵی حەقیقەتا سەرەو خوار ئەخەون
لێرەبوو بەسەر بیرەوەریەكانی خۆیا ئەڕشایەوەو
خوێن و دوكەڵی ئەهێنایەوە
بەو پەنجە ئیمزای ئەكرد
شەوەهای شەو لەسەر ئەو كونەی سینگی دایناوە
خوێن وەكو حەوزێك مانگی تیادا دیارە
فوارەی ئەكرد

ئەو چاوانەی عەیامێك مانگی تیادا هەڵئەهات
ئەو چاوانەی زەمانێك سەیری تۆی پێكردبوو ڕەنگی خوێنی گرتبوو
ئەو دڵەی بۆ عیشقی تۆ لێی ئەدا
لەناو لەپیا سەیری ئەكردو ئەنجن ئەنجنی ئەكرد
مۆسیقای بۆ ئەو گوڵانەی خەیاڵ لێئەدا لەبێئاویدا ئەژاكێن
هەموو لاشەی هەر برین بوو كەچی تەنیا لەدڵیەوە خوێن ئەهات

بەسێبەری ئەو هەورانەدا ئەڕۆیشت هەرگیز نەدەبارین
خۆی دەیوت بەدوكەڵی جگەرە سەرەتانی گرتووە
بەڵام ڕوئیا دەمانزانی درۆئەكات
چونكە وەك بەدوایی تارماییەكا ڕابكات وابوو
ڕەنگی مردوویەكی هەزار ساڵەی لێنیشتبوو
وەكو سەر خۆشێكی بریندار گۆرانی ئەوت
وەكو گوڵ ئەستێرەیەكی كوژاوە ئەیناڵاند

بێمرەوە تی دڵی شكاندبوو
جلەكانی خوێن وخۆڵی پێوەبوو
تەنیایی وەكو تابووتی دۆستەكەی لەكۆڵا بوو
وەكو تیرێك بەسەر هەزار زەمینا بڕواو دڵێك بكات بەئامانج
ئەیوت تۆلێرەیت ئەوەتای لەناو دڵی منا
وەكو مارێكی توڕەو بریندار بەلاشەی خۆیەوە ئەدا
لەچاوەكانیا سەرەمەرگ ولەدەستەكانیا گوڵمان دەبینی
دەنگی لەئاسمانە دورەكان دەنگی ئەدایەوە
ناڵەی هەتا سەرزەمینە دورەكان ئەڕۆیشت
ئەو سەرزەمینانەی قاچی هەژارەكان نایگەنێ‌
تۆدەڵێ‌ ی كێ‌ ئەم شیعرەی لەسەر گۆڕەكەی نوسیوە
((تۆ كە عومرێكت لەكوشتارگا كانا بەڕێكردوو نەتبینی
هیچ یەكێك لەبازگە توڕەكانی شار
داوای ناسنامەی سوپاسالارێكی جەنگ بكات
تەمەنێكت لەكوشتارگاكاندا بەڕێكردوو نەتدی
كۆترێك لەگۆشتی مردوویەك بخوات
بۆچی خواردت؟؟))

ئەوان دەڵێن :
هێشتا ئەو كراسە مەغریبیەی لەبەردا بوو
كەتۆ بەرەو شەقامی غوربەت ڕۆشتی لەبەری كرد
كۆڵانە داخراوەكانی ئەكردەوە
ناودەستی زەڕنەقوتە هەتیوەكانی ئەخوێندەوە
دڵی هەموو یانی خۆش ئەكرد
سەرما دەستەكانی تەزاندبوو
دەستی بەدووكەڵی جگەرە كەی گەرم ئەكردەوە
ئەو دەستماڵەی بەدەستەوەبوو
وەكو لۆكە لەسەر برینەكانیت دائەنا
وەكو موعتادێك بەڕێگادا ئەڕۆیی وئەگریا
مەگەر دەكرا نەگری ..ڕوئیا؟
مەگەر دەكرا؟

تۆ لێرە نەبووی ئەو لێرەبوو
ئاسمانی دڵشكاوەكان بۆ فریشتەكانی خوا ئەگەڕا
وەكو پێغەمبەرێكی دڵشكاو گۆرانی بۆ عیشقێكی ناكام ئەوت
گیرفانەكانی پڕبوو لەئافاتی ساڵ و سەدەكان
وردە شوشەی لەناو دڵیا دەرئەهێناو
قوڕقوشمی لەناو دڵیا ئەتاواندەوە
تێزابی ئەكرد بەبرینەكانی خۆیەوە
ئەو بەخەیاڵ بەسەر حەسارەكان و ئاسمانەكانا ئەفڕێ‌
ئێستاش شەقەی باڵەكانی دێتە گوێ‌
گۆڕێكی خەیاڵی بۆ تۆ دروست ئەكردو بەسەریا ئەگریا
ئێستاش خوێنی ئەو بەسەر ئەو قەبرەوە بەجێماوە
مەگەر دەكرا نەگری... ڕوئیا
مەگەر دەكرا؟

ساڵانێكی زۆر میوانێكی ئێسك سوكی ئێمەبوو
نا ...ڕوئیا زیندانیەكی خۆ شەویستی ئێمەبوو
ئەو زەمانە گرانی وەكو ڕەشەبا بەكۆڵانەكانا ئەگەڕا
مەرگ وەكو عاشقە هەرزەكارەكان لەسەر كۆڵانەكان دەوەستا
خۆڵبارینەكە وەكو سەر پۆش خۆی ئەدا بەسەر شارا
بەفر وەكو زینا كەرێك لەسەر سینەی زەوی ئەنیشت
هەزار كەڕەتان مەسیحی دیبوو بەخاچەوە
صەبوری ئەیوبی لەگەڵ ڕۆحی خۆی كێشابوو
ڕوئیا زۆر ڕۆحی خۆی كرد بەمەرهەموو فایدەی نەبوو
جەفای زۆری بەدەست دڵیەوە كێشا!

نەئەبوو لێی گەڕێین ڕوئیا
ئاخر توڕەبوو لێت
بەدەنگكێكی خنكاوەوە
كەهەر لەدەنگی لێدانی گوللە ئەچوو لەدڵدا ئەیوت :
ئەو ڕەشەبایەكە بەسەر چراكانی شاردا هەڵ ئەكات
ژەهرێكە ئەڕژێتە كانیەكانەوە
پێغەمبەرێكە كەس لەسەر دەستی ئیمان ناهێنێ‌
ئەو تاعونێكە هیچ تەبیبێ‌ قەرەی ناكەوێ‌
عیشقێكە خوداش چارەی ناكا
كیشوەرێكە بومەلەرزەش پێی ناوێرێ‌

تۆ كەمەسیمی گوڵان بوو هاتی بۆچی وەرزی گوڵان ڕۆشتی
تۆ تاریكخانەكانت ڕۆشن ئەكردەوە
لەساردخانەكانا ئەبوویت بەچرای دەیجور
تاریكخانەكانت ئەكوژاندەوە
بۆ چی لەمانگەشەوا كوژایتەوە ؟
تۆ كەمەیخانەكانت پڕ ئەكرد لەعیشق
دڵی مردووەكانت قورمیش ئەكرد
بۆچ خۆ كوژیتكرد
تۆكەمەینەتیەكانت ئەدا بەكۆڵی پێكەنینا
بۆچی پێكەنینت دابە كۆڵی مەینەتیا؟؟
كەخوێن بەسەر شارا فوارەی ئەكرد
تۆ شەرابت ئەدا بەدەم غەمزەدەكانەوە
بۆچی بەسەر شارا فوارەتكرد؟
نەئەبوو لێی گەڕێین ڕوئیا
بەدڵ ڕەقی ئەوخێڵانەوە مەیمون لەژنی دوژمنەكانیان جوت ئەكەن
چاوی ئاسكێك پڕكەین لەئەشك و بەفەرامۆشی بسپێرین
دەمانزانی ئەو بگاتە ئەو شاری میحنەتە جیهان هەرس دێنێ‌
چاوەكانی دونیا پڕ ئەكات لەبۆنی مەینەتی
خوێنی ئەو لەدەماری گوڵە ئەستێرەكانا ئەگڕێت
وەكو باڵندەیەكی شێت بەسەر مەلەكوتا ئەفڕێت
شەرابی ئەو تاكو قەیامەت ئەسوتێت
دنیا لەتۆزی ئەسپەكەیدا ئەكات بەغوبار
جیهان لەدوكەڵی جگەرەكەیدا ئەخنكێنێت!
 

1/4/2004