خودا توڕەیە لێم


عومەر سەیدە
پایزى 2009 نەرویج
 


خودا توڕەیە لێم
 
چۆن توڕە نەبم کە ژیان توڕەیە لێم
 چۆن توڕە نەبم کە گوڵ توڕەیە لێم
 چۆن توڕە نەبم کە خودا توڕەیە لێم
چۆن توڕە نەبم تۆ پێم بڵێ
چۆن توڕە نەبم کە وشە لێم  توڕەیە
 چۆن توڕە نەبم کەپەڕەو پێنووس لێم توڕەن
 چۆن توڕە نەبم تۆ پێم بڵێ
پێم بڵێ ژیان لاى کەس باسى من دەکات؟
لاى هیچ گوڵێک بەیتى بەهارى بۆم جێهێشتووە؟
 لاى هیچ دارێک وێنەى پاییزى کێشاوە؟
 لاى هیچ کانییەک خوڕەى نوسیوەتەوە؟
 لاى هیچ پێدەشتیک شنەى ئێوارەیەکى هاوینى پەنهان کردوە؟
دە پێم بڵێ
پێم بڵێ ئەگەر ژیان توڕە نیە لێم
پێم بڵێ ئەگەر گوڵ توڕە نیە لێم
پێم بڵێ ئەگەر خودا توڕە نیە لێم
بۆ هیچ ناڵێى؟
گوڵێکت دى لە گوڵ بچێت و باسى منت بۆ بکا؟
ئایەتێکت بینى فەتواى مەرگ نەبێت و ناوى منى تیا بێت؟
کانییەکت بینى نەگرییەت و بە ئومێدى منەوە خەونى سادەگى ببینێت؟
بۆ هیچ ناڵێى؟!! بۆ؟
تۆش دەزانى ژیان لەو پەڕى کاڵییەوە
خەونى بە تابلۆبوونى خۆى دەبینێت
لەو پەڕى بێبوون بوونى خۆیەوە
 بە هیواى گوڵەباخێک مەست و حەیرانە
لەوپەڕى بێتامى خۆیەوە تامەزرۆى پێکێک شەرابى ئاڵە ..
دە پێم بڵێ ئەگەر هەڵەم
بۆ هیچ ناڵێى ئەگەر هەڵەم
ئەگەر گوڵم وەکو گوڵ نەبینیوە
ئەگەر ژیانم وەکو مردن نەبینیوە
ئەگەر خودام وەکو خۆى نەناسیوە
بۆ هیچ ناڵێى؟
من دەبێت لەگەڵ سەرسەریترین فاجیعەدا ببمە هاوڕێ
لەگەڵ بەرەڵاترین شەماڵدا پیاسە بکەم
لەگەڵ سۆزانییەکاندا سەماى بێ ئاگایى لە بوون بکەم
بۆ ئەوەى شێوەى ژیانم بیر بچێتەوە
بۆ ئەوەى گوڵ و گەڵا لێک جودا نەکەمەوە
بۆ ئەوەى خودام بیر بچێتەوە ..
من دەزانم تۆ هیچ ناڵێى
دێڕ بە دێڕو
وشە.. وشە
گوێ بۆ حەرفە هەڵوەریوەکانى من رادەدێریت ..
من هیچ نەبووم و هیچ نابم
لەوەى زیاتر خەونى شێتێکى نابەڵەد بە وجودم
هیواى پەپولەیەکى دەم رەشەبام
جێى پێ هەنگاوەکانم .. لەسەر یەکەمین تولەڕێى ژیان
هێندەى نەرمى بەربوونەوەى کلوە بەفرێک
بە نەرمى ئەم وشانەت پێ دەڵێم و
لە گوێى بکە ..
ژیان دوو قوم جگەرەیە ئێوارەیەک کە کەسێک نیە قسەى لەگەڵ بکەیت
ژیان پێکێک شەرابى کۆنەساڵە لە تەنیشت سەرمەستى چیاکانەوە
بە خۆشى چاوى قەرسیلە خەواڵووەکان بیخۆیتەوە ..
ژیان مردنێکى پەمەییە
وەکو خەونى ساواکانى هەڵەبجە لە حەژمەتى بۆنى سێو
وەکو قاژە قاژى زەڕنەقوتەیەکە
کە دایکى بە بەردە لاستیکى منداڵێکى چەتون دەمرێت
وەکو گمە گمى کۆترە شینەکەیە ئەو دەمەى من و تۆ
گۆرانیمان بۆ عیشق دەچڕى ..
ئەو دەمەى من و تۆ لەوێ
لە نزیک کانییەکانى خوێن
بە تەنیشت لافاوەکانى تەجەللا بە مەرگى هەموومان
ئایەتەکانى خۆشەویستیمان بە دارو بەردو
دیوارو گیاجاڕەکان دەوتەوە ..
تۆ ئەزیزم ئێستا چى وانەیەکت پێیە بۆ من؟
دە پێم بڵى ئەگەر هەڵەم؟
تۆ هیچ ناڵێیت ..
تۆ لە بێدەنگى بێدەنگترو
لە ئێوارەى بەردەم مەیخانەکان پڕ هەراترى
هەر بە نەفەسى پەپولەیەک دەتوانى هەنگاو بنێیت ..
هەر هێندەى بیرکردنەوەى پاسارییەک
لە هێلانەیەکى بەهارى ئەسپى خەیاڵت تاو دەدەى
هەر هێندەى گریانى گوڵێک بۆ مەرگى هەنگەکان
هێندەى فاسیڵەى نێوان من و تۆ
شکۆت هەنگاو دەنێ ..
ئیدى لە کوێ دەتوانى هیچ بڵێى ..
بۆ ناڵێى گەڵا کەى لە دار بێزار دەبێت
گوڵ کەى لە پەپولە دەتۆرێت
زەوى کەى لە خۆر وەڕس دەبێت
روبار کەى لە سەرچاوە دەتۆرێت؟
بۆ هیچ ناڵێى؟
تۆ بڕیار بوو تا دوا حەرفت بکەیتە تاجە گوڵینەیەک و
لەسەر مەرگى حەسرەتى عاشقانەى بنێى
بڕیار بوو وەک ئاهویەکى سرک
لە باخى خەونەکانى مندا ئۆقرە بگرى بۆ تا هەتایە
بڕیار بوو لە نێوان من و تۆدا
مینایەک بۆ جوانى بمێنێت
پردێک بۆ عیشق
دەریایەک بۆ بەرائەت
گوڵێک هەمیشە بۆ بەخشین
گوڵێکى سوور
وەکو یەکەمین گوڵى تۆ بۆ من ..
بڕیار وابو هەتا هەبین لە نەورس بچین
بە بێ عیشق و بە بێ ماچ هەڵنەکەین
بە عیشقیشەوە بتوێینەوە ..
وەک چیا بین هەمیشە سەرکەش
چاومان دورترین خۆر ئاواکان ببینێت
دڵمان گەورەترین نهێنى بپارێزێت
دەستمان بۆ هەموو حەسرەتزەدەیەک واڵا بیت
باوەشمان هەر بۆ عیشق ..
خودایشمان عاشقانە خۆش بووێت
خاکمان پڕ بکەین لە عیشق
ژیانمان پڕ بکەین لە گوڵى سور
وەکو خوێنى شەهید
وەکو دوا تیشکى خۆرێکى تۆراو ..
تۆ هیچ ناڵێى
من دەزانم دوا خەونت مەرگى من بووە
هەر وەکو چۆن یەکەمین خەونت عیشقى من بوو
دوا ویستت دیارییەکى من بووە
هەروەکو چۆن یەکەمین هەنگاوت مەرگى هێنا بۆم
دوا هەنگاویشت پڕ دەبێت لە ئومێد بە ژیان
بە وشە ئاڵەکان
بە گەڕان بۆ دوا ویساڵى پەڕەندە تەریوەکان ..