ته‌مه‌نێک له‌ئه‌ملا سنووری سه‌فه‌ره‌وه ،
له ناو مه‌نفادام !
ڕێباز مه‌حمود، هۆڵه‌ندا،
پایزی ٢٠٠٩
rebazmahmud@hotmail.com
بۆ بینینی دنیا ،سه‌فه‌ر ڕێگایه ،ڕێگایه‌ک وەک چۆن بوار ئەدات
پیایدا بڕۆی، وه‌هاش بوار ئه‌دات پیایدا بگه‌ڕێیته‌وه ... مه‌رجی موسافیر بوون
ئه‌وه‌یه که هه‌میشه که‌سی موسافیر، کاتێک ده‌رگای ماڵه‌که‌ی قفڵ ده‌دات
، ڕۆژێکی هه‌یه تیایدا به ده‌ستی خۆی هه‌مان قفڵ ده‌کاته‌وه ...
ئه‌گه‌ر که‌سێک ،له دورگه‌یه‌کی جوان یان بیابانێکی وشک گیری خوارد و نه‌یتوانی
شوێن پێکانی خۆی بدۆزێته‌وه و بگه‌ڕێته‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌رپێی یه‌که‌مین
هه‌نگاو، ئه‌وا ئه‌و که‌سه له جیاتی ئه‌وه‌ی موسافیر بێت ، مه‌نفیه ، مه‌نفی !
وه‌ک ده‌ستنووسی ڕۆژانێکی به‌جێماو
که پایزی فه‌رامۆشی به‌ناویدا هه‌ڵیکردبێ و
له‌دوا سنووری ده‌ڤه‌ری حیکایه‌تا ،
به لێواری مه‌رگه‌وه زه‌ردبچێته‌وه ...
ئێستا ده‌ستی هه‌رنه‌سیمێک
به‌ر کتێبی بێده‌نگیم که‌وێت،
ده‌پروێم !
ئاواره له هه‌تاوی میهره‌بانی ،
ڕۆحم له به‌سته‌ڵه‌کی دووره‌ده‌ستیدا ،
وا خه‌ریکه ده‌یبه‌ستێ !
ئاخر مه‌نفا له خۆیدا ،
سوچێکت ئه‌داتێ تەمەنێک دوور لە ئاشنایی و
ئەبەدیەتێک دراوسێی بیرچوونەوە ...
ژورێکت پێده‌به‌خشێ ،
مه‌ترێک نزمتر له باڵای ڕاکردن ...
نه‌ک هه‌ر کلیلی ماڵه‌وه‌م له ڕێگایه‌کدا ون کرد ،
که له چیرۆکی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمی وه‌ده‌رنام ...
به‌ڵکو ئه‌و ڕێگایه ،
منی گه‌یانده لوتکه‌ی شه‌خته‌به‌ندی دووری و
له‌وێوه فڕێی دامه ناشوێن و
خۆی لێ بزر کردم ..
تا دواجار،
کاتێکم زانی ،
مه‌نفا هه‌ڵی گرتوومه‌وه !
مه‌نفا ته‌مه‌ڵترینی ئه‌وانه‌یه له خه‌ونه‌کان ناگه‌ن و
پێچ به‌ده‌وری بریندا ده‌که‌نه‌وه ،
یان تێ ده‌گات و هه‌ر بۆ ڕابواردن
ده‌ڵێ :
ها.. ئه‌وه پێشه‌کی کۆرسێک بۆ فێربوونی زمان !
ها.. ئه‌وه بڕیاری مانه‌وه‌ی تا هه‌تایی !
ها.. ئه‌وه وێنه‌کانی زه‌لیلیت ،
له پانتایی هه‌وڵتدا و
بۆ جارێکی دی خۆ ڕواندنه‌وه‌ت ...
دوای ئه‌وه‌ی به ئێجگاری هه‌ڵکه‌ندرای !
به جوانترین ده‌ستوخه‌تی عه‌شقیش نوسرابیته‌وه
مه‌نفا به‌سه‌رتا ببارێت
جۆرێک کاڵت دەکاتەوە ،
به که‌ڵکی هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌ک نه‌یه‌ی !
هەور لە ئاسمانی غەریبیدا له جیاتی باران ،
به‌سه‌رمایه‌کی ته‌ڕ،
خه‌ونێک بۆردومان ده‌کات ، هه‌میشه خه‌رامان بوو ...
مه‌ره‌که‌بی هه‌موو ته‌زوه گه‌رمه‌کان ،
به‌سه‌ر دڵدا ڕاده‌ماڵێ ...
ڕۆح ده‌خزێنێته تاریکترین قوژبنی چۆڵه‌وانیه‌وه ...
ناچارت ده‌کات له به‌ر پلوسکی یاده‌وه‌ریدا
ئاو بخۆیته‌وه و
بۆت نه‌بێ هیچ به‌نداوێکی تازه ،
بۆ کۆکردنه‌وه‌ی یادگاری شیرین لێبده‌ی !
له غه‌ریبیدا ،
دنیا له جیاتی هه‌ر جلێکی ئاڵوواڵای وه‌رز
پۆشاکی ئاسن ده‌پۆشێت ...
به‌هار له‌وێوه هه‌میشه به دزیه‌وه ڕه‌ت ده‌بێ ...
خونچه به‌ربه‌یانی حیکمه‌تێک به‌دی ناکات بۆ شکۆفه ...
په‌نجه‌ره ڕێ به‌بینین نادا بڕوات به‌ره‌و ئاسمان ...
نیگا له‌چاوانی خوماری په‌رۆشیدا مۆنج ده‌داته‌وه
مۆنج ده‌داته‌وه و ... ده‌مه‌ێێ !
هه‌نگاوه‌کانی منیش هیچیان پێ نانوسرێته‌وه ،
چه‌ند هه‌وڵ ده‌ده‌م بۆ ڕواندنی باخێک سوره‌چناری ئینتیما
وه‌ک ئه‌وه‌ی بمه‌وێ بزمار داکوتم به ئاسندا ،
ناگه‌م به‌هیچ ،
جگه له خواروخێچکردنی ڕۆژه‌کان !
چه‌ند جوانه ویقاری موسافیرێک
که نیشتمان له دواله‌حزه‌دا پێی ده‌ڵێ :
ڕۆڵه‌م دوا نه‌که‌وی .. له واده‌ی خۆتدا بێیته‌وه !
چ ده‌یجوره ئیحساسی به‌دبه‌ختێک،
که مه‌مله‌که‌ت ؛
خه‌ونه‌کانی ده‌کێشێت به شۆسته ڕه‌قه‌کانی خۆیدا و
شاربه‌ده‌ری ده‌کات ...!
تاراوگه هه‌زار ڕه‌نگیش بنوێنێ ،
مه‌نفا پێش هه‌موو شتێک جانتا ده‌ڕزێنێ و
سه‌فه‌ر به بارمته‌ی ئه‌به‌دی لای خۆی گل ده‌داته‌وه !
سەفەر.. خوێنی ئیره‌یی به ده‌ماره‌کانیا ده‌گه‌ڕێ و
هه‌نگه بۆ به‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی هه‌موو خزمانی ئاوایی لاله‌زار ...
گه‌ڕانی پڕ تامه‌زرۆیی دۆستایه‌تیه ،
هه‌ر شه‌وه‌ی بۆ ماڵێک و
گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیحساسه به دڵێکی خۆشه‌وه بۆ ناو ته‌نهایی !
مه‌نفا شوێنی که‌وتنه خواره‌وه‌ی کتوپڕی سێوێکه به کاڵی ،
کاتێک ڕه‌شه‌بای ئافات ئێخه‌ی باخ ده‌گرێ ...
کاتێک گێژه‌ڵوکه داروپه‌ردووی وه‌رزه‌کان
به‌سه‌ریه‌کدا تێک ده‌ڕمێنێ و
ته‌پوتۆز ده‌کاته چاوانی چاوه‌ڕوانیه جوانه‌کان !
شوێنێک مناڵیمی له قه‌دی خۆیدا هه‌ڵکۆڵی و
کردمی به موڵکی نیشتمانێک ....بڵێم چی ؟!
گوناه ئه‌وه نیه ، که شه‌مه‌نده‌فه‌ری په‌راگه‌نده‌یی
له وێستگه‌ی نابه‌دڵیا بۆ ئه‌به‌د پیاده‌م ده‌کا‌و
هه‌رگیز ڕانایه‌م ...
ناهه‌قی ئه‌وه‌یه،
دره‌ختێک نا‌توانێت نازم بکێشێت ،
من گه‌ڵایه‌کی ئه‌وم !
لێره ڕۆژه‌کان خۆیان ده‌کێشن به زاکیره‌ی ماندووما ،
بۆ له‌ده‌ست به‌ربوونه‌ی نهێنی هاتنم و
زرنگانه‌وه‌ی به‌هام له‌سه‌رشه‌قامه سارده‌کان ...
تا غه‌ریبی ته‌ریقم بکاته‌وه
به‌وه‌ی خاوه‌ن ،
چ دراوی زه‌مانێکی به‌سه‌رچووم !
من بارێک وه‌هم له‌گه‌ڵ خۆیدا ،
سوار ئازاره‌کانی ئه‌وێی کردم و ... هێنامی !
به‌چ حه‌قێک به‌سه‌فه‌ر بڵێم جێیه‌کی به‌تاڵت لاماوه
بۆ گه‌ڕانه‌وه‌م ؟
من خه‌مه‌کانی ئه‌وێ فڕێیان دامه سه‌ر پشتی بڕیارێکی شه‌ل
بۆیه تا قامی قیامه‌ت ده‌بێ به‌ڕێی نه‌بڕاوه‌ی غوربه‌ته‌وه بم ...
زۆر به گومانم له‌وه‌ی به‌م هه‌موو هیلاکیه‌وه ،
تازه حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌م هه‌بێت
نیازه‌کانم بکه‌مه جانتای سه‌رمه‌وه و
سه‌فه‌رێک بکه‌م،
له ناو ئاپۆرای شاره گه‌وره‌کانی خه‌مۆکیه‌وه؛
بۆ ناو لادێیه‌کی هێمن به بناری ئارامیه‌وه !
سه‌فه‌ر هه‌میشه شه‌قامێکی دوو سایده
قه‌ت له خۆتت ون ناکات ...
وه‌لێ مه‌نفا ،
به ویستی خۆی سه‌رت پێده‌کات به هه‌موو حیکایه‌تێکاو
هه‌رگیز ناتداته‌وه به نیشتمان !