به قوڵپه قوڵپی ئاوت ده‌سپێرم
هیوا قادر
21.05.2008
تۆ ده‌مبه‌خشیت،
به ڕۆژه شینه‌کانم ده‌سپێریت،
له‌گه‌ڵ ژماره‌ی لێدانه‌کانی دڵتا،
له‌هه‌ورازی عومرا،
له تونێتی ژیانا من له‌یاد ده‌که‌یت،
وه‌ک تێڕوانین له چوارچێوه‌یه‌کی به‌تاڵ سه‌یری وێنه‌که‌م ده‌که‌یت،
هیلاک ده‌بیت له نه‌بینینم،
ماندووده‌بیت له نائاماده‌یم،
به‌منداڵه‌کانت ده‌ڵێیت،
ئه‌و گێژه‌لولکه‌یه‌ک بوو به فرمێسکه‌کانم خه‌واندم،
ئه‌و پیاوێک بوو به عه‌یاری سه‌رده‌مێک خه‌ونی ده‌بینی که له قتوی هیچ
عه‌تارێکدا نه‌بوو،
ئه‌و چی بوو که‌نه‌یتوانی ببێت به چۆله‌که‌یه‌کی ته‌نها و
بفڕێت،
ئه‌و پیاوێك بوو ده‌بوو خه‌ون بخوازێت نه‌ک ژن.
خودا بمکوژێت، ئه‌و، ئه‌و بکوژێت.
خودا بیکوژێت، من، من بکوژێت.
خودا هه‌ردووکمان بکوژێت،
هه‌ردووکمان خودا بکوژین،
هه‌موومان هه‌موومان بکوژین،
ئه‌وه نییه هه‌موومان خودا‌و هه‌موومان هه‌موومان ده‌کوژین.
بمبه‌خشه، من گوناهبارنیم خۆم گوناهبارم،
تۆ گوناهبارنیت خۆت گوناهباریت.
ده‌مبه‌خشیت، بڵێ ده‌مبه‌خشیت، بۆ ئه‌وه‌ی له شه‌وێکی مانگه‌شه‌ودا خۆم نه‌کوژم.
بچۆره برینه‌که‌ی خۆته‌وه و هاوارکه ده‌تبه‌خشم، تێر تێر بگری.
منیش ده‌چمه حه‌وشه‌ی ته‌نهایی خۆمه‌وه و چۆله‌که له خۆم ده‌رده‌که‌م،
وه‌ک دارتوویه‌ک سنگی خۆم ده‌کوتم و زه‌ڕنه‌قووته له خۆم ده‌وه‌رێنم،
هێلانه له خۆم ده‌رده‌که‌م،
مار قه‌ف قه‌ف ده‌ئاڵێنم له خۆمه‌وه،
تاپڕێک به‌دڵمدا ده‌ته‌قێنم،
تا خودا سواڵ له من نه‌کات.
تا کرم له جه‌سته‌م به‌ربێته‌وه،
تا خۆڵم با بیبات.
وه‌ک چرایه‌ک له‌به‌رده‌م ئه‌شکه‌وتێکدا له‌ره‌له‌ر به‌کزی ده‌له‌رزم و ده‌گریم،
تۆ مه‌گری،
عه‌یارانه پێبکه‌نه،
له‌سه‌ر قوڵپه‌قوڵپی ئاو دڵت میقات که،
کۆشکه‌کان له پێکه‌نینتا دروستکه،
بۆ ئه‌وه‌ی خۆریش نه‌بێت به مانگ.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ستێره نه‌بارێت.
من ده‌تبه‌خشم، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز من و تۆ خودا نه‌به‌خشین.
که چه‌ند ته‌نهای کردین.
من زۆر ته‌نهام،
تۆز له ته‌نهایم هه‌ڵده‌ستێ،
غه‌ریبی له ڕوخسارم،
شڵه‌ژاوی له چاوم.
من هێنده شاعیرم،
تازه شیعر یارییه‌م نایا.
هێنده عاشقم خۆکوشتن فریام ناکه‌وێت.
هێنده دێوانه‌م که‌س ڕووی نایه‌ت وه‌ک شێت دوام که‌وێت،
هێنده شه‌یدام چه‌پکێک گوڵ چییه بۆ ئه‌م ده‌ریایه‌ی من تیدا غه‌رق بووم.
فریام مه‌که‌وه، با بۆنی برینه‌که‌ت عه‌ترفرۆشانی شار نه‌وروژێنێ،
فریام مه‌که‌وه با خودا فریات نه‌که‌وێت،
با شه‌یتان نه‌بێته‌وه به فریشته‌که‌ی جاران،
با ئاده‌م په‌شیمان نه‌بێته‌وه له وه‌رگرتنی سێوه‌که‌ی ده‌ستی حه‌وا،
با ژیان بریندارانه بڕوات،
با ڕۆحی ئینسان شه‌کاوه‌بێت له‌تاو گه‌ڕان به‌دوای خۆیدا،
فریام مه‌که‌وه، ده‌نا له داخی تۆ خۆم ده‌کوژم.
من بگریم یان نه‌گریم چی ئه‌م ڕۆحه نائارامه‌ی من له‌م سه‌فه‌ره په‌شیمان
ده‌کاته‌وه که سه‌فه‌ری ده‌هرێکه بێ گه‌ڕانه‌وه.
سه‌فه‌ری من و سه‌فه‌ری ترێ یه‌کێکن،
سه‌فه‌ری من و سه‌فه‌ری کرم یه‌کێکن،
ته‌ڕبوونی من و وشکبوونه‌وی گڵ یه‌کێکن.
خودا من بکوژێت، خۆم بکوژێت،
خودا تۆ بکوژێت، خۆت بکوژێت،
من و تۆ، خۆم و خۆت خودا ڕزگارکه‌ین له کوشتن،
شه‌یتان ڕزگارکه‌ین له‌م هه‌موو غه‌دره‌ی به‌ناوی ئه‌وه‌وه ده‌کرێت.
که هه‌ناسه‌کانت ده‌خه‌یته‌وه سنگی خۆت،
من له‌وێ نیم،
من تازه له‌وێیه‌ک نابم له‌نێوان دوو سنه‌وبه‌ردا ماچێکم به‌یتێ،
تازه من لای ته‌ڕی چیمه‌نێک نابم به‌پێی په‌تییی من و تۆ ختوکه‌ی بێت،
لای فواره‌یه‌ک ئاو نابم، به‌بینینی من و تۆ بگاته ئۆرگازم،
من زیخێک له پێم ده‌ردێنم که هه‌زاران هه‌زار ساڵ له‌وه‌وبه‌ر کچێکی پێ
خه‌به‌رکراوه‌ته‌وه بۆ واده‌ی ژووان،
یان سه‌ر ئه‌برۆی شکاوی ئێسکی ئینسانێکه له برۆی ئێستای تۆ ئه‌چێت،
ئه‌مبه‌خشیت، یان نا، ئه‌تبه‌خشم یان نا،
ئه‌مه ئه‌و پرسیاره نییه که ده‌بێت بیکه‌ین،
ئێمه هه‌ین
ئێمه هه‌ین و هه‌ین و هه‌ین.
ده‌هرێکی دوور و درێژه ئێمه هه‌ین.