ژیان له کۆڵانه‌که‌ی ئێمه‌یه
مه‌رگیش له‌چه‌ند کۆڵانێک له‌ولاتر

هیوا قادر
hiwa_kader_m@hotmail.com
ئه‌ی مانگ،
من کوڕی تۆم،
من کوڕی به‌ته‌نها جێماوی تۆم
له‌سه‌ر زه‌وی.
که بیر له تۆ ئه‌که‌مه‌وه
خاڵخاڵۆکه‌کان له برینه‌کانمه‌وه ئه‌فڕن،
له‌گه‌ڵ باڵکردنه‌وه‌ی په‌ڕه‌سێلکه‌کانی ژێر سنگمدا
پاڵتاوه ڕه‌شه‌که‌م و ملپێچه سووره‌که‌م با ئه‌یانبات،
ڕوتوقووت وه‌ک سه‌ر ڕووی په‌نجه‌ره‌یه‌ک
هه‌ڵم له‌جه‌سته‌م هه‌ڵئه‌ستێ و ئه‌ڵێم:
ئه‌ی مانگ،
من کوڕی تۆم،
من کوڕی به‌ته‌نها جێماوی تۆم
له‌سه‌ر زه‌وی.
بین به جامۆڵکه‌یه‌ک ئاوه‌وه ئه‌نێم و
سنگم پڕ ئه‌بێت له شینایی ئاسمان،
وه‌ک ئاوێنه‌یه‌کی له‌ده‌ستکه‌وتووی کچێکی عاشق
که‌خه‌یاڵی ماچێک له‌گه‌ڵ خۆی ئه‌یبات و نایهێنێته‌وه
من ئاوا شل شل ئه‌که‌ومه سه‌ر هه‌رێزێکی ته‌ڕ.
لێدانی به‌په‌له‌ی دڵی پۆلێک چۆله‌که دێته ناو سنگمه‌وه،
ده‌مم پڕئه‌بێت له جیکه جیک،
ئیدی تێده‌گه‌م ماڵی خودا له‌ناو ووشه‌دایه‌و
ماڵی ته‌نهایی من له‌سه‌ر زه‌وی.
تۆ له‌ناو خۆمدا دائه‌نیشێنم
بۆ ئه‌وه‌ی به‌لاتا تێپه‌ڕیم با‌نگم که‌یت،
نه‌بادا ته‌نهایی
بمکات به به‌چکه پشیله‌ی به‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌ک،
تا ئه‌به‌د به‌ڕووی وجودا بمیاوێنم و که‌س گوێی لێ نه‌بێت.
تۆ له‌ناو خۆمدا دائه‌نیشێنم
تا به‌تاریکی نه‌چمه سه‌ر گۆمێک
که‌مه‌رگ تیایدا نووستووه.
تا به‌ته‌نیا ئێواران له‌ده‌ریادا مه‌له‌نه‌که‌م
کاتێک که مانگ به‌ئاسمانه‌وه سه‌یری ته‌نهایی من ئه‌کات
و
من هه‌ر بانگی ئه‌که‌م و ئه‌و گوێی لێ
نییه.
ئه‌ی مانگ
مه‌نفا ڕاکردنه به‌پێی خۆت بۆسه‌ر خاچ
بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هیچ زه‌وییه‌ک نه‌مریت
که نیشتمان جارێکی تر هی تۆ نییه.
من له نێوان نیشتمان و مه‌نفادا
ماڵی ووشه هه‌ڵئه‌بژێرم بۆ مردن،
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه قه‌برێکم هه‌بێت له کتێبێک‌دا لێی نووسرابێت:
ئه‌ی مانگ
من کوڕی تۆم
من کوڕی به‌ته‌نها جێماوی تۆم
له‌سه‌ر زه‌وی.