کێ سه‌دام حسێن ده‌کوژێت
هیوا قادر
2006.03.07
ئازایه‌تی کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌وه‌دا نییه که چۆن دیکتاتۆرێک دادگایی ده‌کات، به‌ڵکه
ئازایه‌تی کۆمه‌ڵگا له‌وه‌دایه که نه‌هێڵێت جارێکی تر دیکتاتۆرێکی تر
دروستبێته‌وه.
ئه‌وه‌ی پێیوایه به مه‌رگی "سه‌دام حسێن" هه‌موو شته لێزه‌وتکراوو دۆڕاوه‌کانی
خۆی ده‌ستده‌که‌وێته‌وه، له دیکتاتۆر زۆر به‌دبه‌خت تر و ته‌نهاتره.
ئه‌ی دیکتاتۆر، ته‌نها به مه‌رگی جه‌سته‌ی تۆ، من ئه‌و ئێواره خه‌مبارانه‌م بۆ
پڕناکرێته‌وه له تریقه‌و پێکه‌نین که له‌ساته کورت و که‌مخایانه‌کانی
هه‌رزه‌کاریمدا داگیرتکردن، تۆ ئه‌و ساته دووباره‌نه‌بۆوانه‌ی عومری منت پڕکرد له
ترس و خه‌مۆکی، ئه‌و ده‌مه‌ی که ده‌بوو من وه‌ک عاشقێکی ساده‌دڵ له سیله‌ی
کۆڵاندا چاوڕێبکه‌م تا یار دێت، که‌چی تۆ سیله‌ی کۆڵانت لێگرتم و گه‌ڕه‌کاو گه‌ڕه‌ک
له ترسی مه‌رگ ڕاوتنام. ئه‌وساتانه‌ی که ده‌بوو ڕه‌نگه‌کانم تێداخۆشبویستایه‌و
جه‌سته‌ی خۆمم تیابناسیایه، تۆ جلێکی ڕه‌شت پێ له‌به‌رکردم و ڕیشێکی خه‌مبارانه‌ت
پێهێشتمه‌وه.
ئه‌ی دیکتاتۆر به مه‌رگی جه‌سته‌ی تۆ، به پارچه‌پارچه‌کردنی تۆ، به هه‌نجن
هه‌نجنکردنی تۆ، من تازه ساته کاڵ و که‌مخایانه‌کانی منداڵیم، ساته ئاڵه‌کانی
هه‌رزه‌کاری و به‌گوڵبوونی گه‌وره‌یم بۆ ناگه‌ڕێته‌وه، تۆ نه‌ک دڵی برینداری من،
نه‌ک ته‌نها خه‌ونه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی من، به‌ڵکه تۆ به‌یه‌کجاری هه‌موو
جه‌سته‌مت داگیرکرد، به له‌شکرێک له تارمایاییه‌کانی ترس و شه‌رم، پشتمت کۆم کرد،
له به‌رده‌رکی ماڵی خۆمان منداڵیت له‌ده‌ستفڕاندم، گه‌نجێتیمت له ده‌ست خستمه
خواره‌وه‌و شکاندت، بێ پرسی من به‌شێکی گه‌وره‌ی دڵمت له‌سه‌ر ترس تاپۆکرد،
پاڵتپێوه‌نامه ناو حه‌وزێک له خوێن تا گه‌وره‌بم، واتلێکردم ڕه‌نگی ڕه‌شم
له‌هه‌موو ڕه‌نگه‌کانی تر خۆشتربوێت، گه‌نجیمت دزی، ته‌نها یه‌ک جار توانیم گه‌نجبم
و تۆ نه‌تهێشت، بۆ یه‌که‌مجار ویستم عاشقبم و تۆ نه‌تهێشت. به‌یانیان پێش له
خه‌وهه‌ستانی "با" ترست دامێ، نیوه‌ڕوان ترس و مه‌رگت دامێ، ئێواران ترس و خه‌مت
دامێ، شه‌وانیش له خه‌ونه‌کانمدا ڕاوتده‌نام و ده‌تکوشتم.
تۆ هه‌زاران جار منت کوشت، که‌چی من ته‌نها یه‌ک جار ده‌توانم تۆ بکوژم، تۆ له‌و
ڕۆژه پڕ له خۆره‌تاوه‌ی منداڵیمه‌وه‌و به‌رائه‌تی منت وه‌ک شوشه شکاند، که بۆ
یه‌که‌مجار لاشه‌یه‌کی تازه ساردبۆوه‌ی لادێنشینێکی بێگوناهم له‌به‌رده‌می
چایخانه‌یه‌کدا بینی خوێنی له‌به‌رده‌ڕۆیشت، به‌ده‌ستی تۆ و سیبه‌ری درێژبۆوه‌ی
وێنه‌کانی تۆ، به‌ده‌ستی تۆ و پیاوه دڵڕه‌قه‌کانی تۆ، به‌ده‌ستی تۆ و جه‌لاده‌کانی
تۆ، من هه‌زاران هه‌زارجار کوژرام و له‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامه‌کان به‌ته‌نها
به‌جێمام. خوێنم چووه ناو ئه‌و جۆگه‌لانه‌وه‌ی که له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا ڕۆیشتن و
هه‌رگیز نه‌گه‌ڕانه‌وه. به‌ده‌م هاواره‌وه له‌ناو زیندانه‌کاندا خوێنی گه‌ش و
گه‌رمی خۆمم ده‌بینی چۆن ساردده‌بۆوه‌و زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕا، به‌هه‌ڵواسراوی خه‌ونم
به خوداوه ده‌بینی و به‌ته‌نهایی به‌جێیده‌هێشتم.
ده‌بێ چه‌ند جار من تۆ بکوژم تا تۆڵه‌ی ئه‌و هه‌موو مه‌رگانه‌ت لێبکه‌مه‌وه، ئاخر
من به کوشتنی تۆ شاعیربوونی خۆشم ده‌کوژم. نا، من تۆ ناکوژم، چونکه به کوشتنی تۆ
من ته‌نها هه‌قی یه‌ک مه‌رگ ده‌که‌مه‌وه، به‌ڵام به نه‌هێشتنی دروستبوونه‌وه‌ی تۆ
هه‌قی هه‌موو مه‌رگه‌کانی تریش ده‌که‌مه‌وه.
کوشتنی ڕاسته‌قینه‌ی دیکتاتۆر له‌وکاته‌وه ده‌ستپێده‌کات که جارێکی تر نه‌هێڵرێت
دیکتاتۆرێکی تر جێگا‌ی بگرێته‌وه. مه‌رگی تۆ هیچ به‌هایه‌کی نابێت گه‌ربێت و
هه‌زاران سێبه‌ری تری وه‌ک تۆ، له ناو دڵی ئینسانه‌کان و له‌ناو ئاره‌زووی ڕه‌شی
حیزبه‌کان و له‌ناو تاریکییه‌کاندا چاوه‌ڕوان بکه‌ن بێنه‌وه هه‌مان جێگا‌ی تۆ،
مه‌رگی تۆ هیچ به‌هایه‌کی نییه گه‌ر ته‌نها سیبه‌رێکی له تۆ چوو، له سه‌ری
ئینسانه‌کانی ئه‌م وڵاته‌دا بمێنێت و جارێکی تر له جه‌هه‌نمه‌وه ده‌ستی تۆ
بگرێته‌وه بۆ ناو ژیانی من.
تۆ چۆن توانیت ئه‌م هه‌موو خه‌مه له‌گه‌ڵ خۆت بێنیت، چۆن توانیت دڵی ئه‌م هه‌موو
ساده‌یی و خۆشییه پچووکانه بشکێنیت، ئه‌م هه‌موو خه‌م و ڕقه‌ت له کوێ بوو هه‌ی
دیکتاتۆر؟ تۆ چ دیکتاتۆرێکی کیمیاگه‌ربوویت توانیت ئه‌و هه‌موو ئاسوده‌ییه سادانه
بگۆڕیت به‌م هه‌موو خه‌مه ڕه‌ش و قورسانه. چۆن توانیت له‌پشتی ساده‌یی دڵی
ئینسانه‌کانه‌وه ده‌ستی جه‌لاده‌کان بگریت و پێیان بڵێیت ئه‌مه ئێوه‌ی
ڕاسته‌قینه‌ن نه‌ک ئه‌م که‌سه ساده‌و ساویلکانه‌ی که ته‌نها بۆ مردن باشن.
خه‌م، خه‌م، خه‌م ده‌باری، هه‌ڵده‌قوڵا له دڵه‌کانه‌وه خه‌م، له
ده‌موچاوه‌کانه‌وه خه‌م ده‌باری، له‌بیرمه هه‌میشه من و بێزاری به‌هه‌ردووکمان
یه‌ک کراسمان هه‌بوو، ئه‌ویش وه‌ک خه‌م ڕه‌ش بوو. من و خه‌م یه‌ک چایخانه‌مان
شکده‌برد جگه‌ره‌ی تیابکێشین، من و ترس یه‌ک ده‌ستگیرانمان هه‌بوو که بمانبینیایه
ده‌مردین.
ئه‌ی دیکتاتۆر، چه‌ند درۆزنه ئه‌و دادگایه‌ی که تۆ دادگایی ده‌کات و که‌چی دوای
تۆ ده‌هێڵێت له‌ژێر سیبه‌ری یاساکانیدا سه‌رله‌نوێ له چوارچێوه‌ی وێنه‌یه‌کی
تره‌وه بێیته‌وه ناو ژیانی من.
چه‌ند درۆزنه ئه‌و دادگاییه‌ی تۆ که ناتوانێت ئه‌م عه‌زابانه‌ی من بکات به
شکاتێک به‌سه‌ر دڕنده‌یی تۆوه.
ئه‌ی دیکتاتۆر، تۆ ئه‌و کاته نه‌مرده‌بیت که کۆمه‌ڵگا ڕازیبێت جارێکی تر تۆ
به‌رێگا نهێنییه‌کاندا بێیته‌وه ناو ورده‌کارییه‌کانی ژیانی هه‌موومانه‌وه،
ئه‌وکاته‌ش تۆ به‌یه‌کجاری ده‌دۆڕێیت که جارێکی تر کۆمه‌ڵگا ئه‌وه‌نده هوشیاربێت
ئه‌و ڕێگایانه‌ت لێبگرێت که ده‌تگه‌یه‌نێته‌وه ناویان، ده‌تگه‌یه‌نێته‌وه ناو
گیرفان و ژووری نووستن و خه‌ونه‌کانیان، ناو ماناکانی ئازایه‌تی و ده‌سته‌ڵات و
پیاوبوونیان.
ئه‌ی دیکتاتۆر، تۆ ئه‌و کاتانه براوه‌یت که جارێکی تر خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته بهێڵن
وێنه‌یه‌ک له‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه هه‌ڵواسرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وان پیرۆزترو
گه‌وره‌تره. تۆ ئه‌و کاته دێیته‌وه، که خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته بهێڵن که‌سێکی تر
له‌بری هه‌مووان بیربکاته‌وه و بڕیار له‌سه‌ر شێوه‌ی ژیان و داهاتوویان بدات.
مه‌رگی تۆ ناتوانێت زه‌مه‌ن بگێڕێته‌وه، تۆ تازه کاری خۆت کرد، تازه من ناتوانم
فرمێسکی ڕژاوی ئه‌و هه‌موو چاوه خه‌مبارو ترسا‌و توڕانه هه‌ڵبگرمه‌وه که ڕژان،
ئه‌و هه‌موو هه‌ناسه ساردانه‌ی که له دوا ئاهه‌کانی گیانکێشاندا هه‌ڵکێشران تازه
من بۆم ناکرێنه‌وه به هه‌ناسه‌ی گه‌رمی ژیان، تازه من ناتوانم گریانی ده‌م ئه‌و
هه‌موو ده‌ستلێکبه‌ردان و ماڵئاواییانه بگه‌ڕێنمه‌وه که ڕۆیشتن و نه‌گه‌ڕانه‌وه،
من ناتوانم مردووه‌کان زیندوو بکه‌مه‌وه، ناتوانم جله ڕزیوه‌کانیان بۆ
ئوتووبکه‌مه‌وه و جاریکی تر بیانێرمه‌وه بۆ ناو ژیان. جاریکی تر قۆپچه‌ی که‌وتووی
منداڵه‌کانم له‌ناو گۆڕه‌کانیاندا بۆ نادۆزرێته‌وه تا یه‌خه‌ی کراسه‌کانیان داخه‌م
و بیان نێرمه‌وه بۆ کۆڵان، له‌ناو زووخاوی ڕه‌شی ئه‌م گۆڕانه‌دا مه‌مکه مژه‌ی
ئه‌و منداڵانه‌م چۆن بۆ ده‌دۆزرێته‌وه که به‌که‌س ژیرنابنه‌وه، هه‌رگیز تازه
ناتوانم ماچه‌کانی ماڵئاوایی و دیاره‌وئاخریی بگۆڕمه‌وه به‌ماچی گه‌رمی دیده‌نی.
تۆ واتلێکردم له هه‌موو ماڵئاوایکردنێک بترسم، بتۆقم له بینینی شاری نوێ، له‌گه‌ڵ
هه‌موو سه‌فه‌رێکمدا بۆ شوێنێکی تر جانتاکه‌م پڕبێت له خۆف. ئاخر تۆ ڕاتهێنام
به‌وه‌ی که هه‌رکاتێک ماڵم به‌جێهێشت ئیتر من جارێکی تر ماڵ نابینمه‌وه، نیشتمان
نایبینمه‌وه‌و له مه‌نفاکاندا پیربم تا مردن.
ئه‌و هه‌موو سیمایه‌ی که وه‌ک ئه‌ستێره کشان و سارد سارد که‌وتن تازه بۆم
نایه‌نه‌وه ناو ژیان. ئه‌و هه‌موو یادوه‌ریه سه‌وزانه جارێکی تر گه‌رموگوڕ
به‌هه‌مان کۆڵان و ژێر هه‌مان گوێسوانه‌و پاڵ هه‌مان پیره‌دارو ژێر سێبه‌ری هه‌مان
وشکه‌که‌ڵه‌کدا، به‌یادی جاران له‌ناو ئه‌و لادێیانه‌دا پیاسه‌ناکه‌نه‌وه که
سووتان، هیچ هێزێک ناتوانێت وێنه‌یه‌کی شکاوی ئه‌و ساتانه بنێته‌وه به‌یه‌که‌وه‌و
وه‌ک خۆیان لێبکاته‌وه. ناتوانێت گڵی که‌وتووی ده‌م ئه‌و په‌ڕه‌سێلکانه
هه‌ڵگرێته‌وه که ئاسمانی گونده‌کان و کۆڵانی شاره‌کانیان پڕده‌کرد له پیرۆزی
ژیان، تازه ئه‌ستێره‌ی ناو چاوی ئه‌و منداڵه لادێیانه کشان و جارێکی تر
نه‌ئاسمان و نه هیچ چاوێکی تر نایانبینێته‌وه. ئه‌و کورده سه‌مانه‌زانه قاچ و
ده‌ست په‌ڕیوانه ته‌نها به‌مه‌رگی جه‌سته‌ی تۆ جارێکی تر نابنه‌وه به خاوه‌نی
ده‌ست و قاچیان، جارێکی تر هه‌مان نمره‌ی پێڵاوی قاچه‌که‌ی تریان و هه‌مان
ده‌ستکێشی ده‌سته‌که‌ی تریان ناکه‌نه‌وه قاچ و ده‌ستیان. بۆ جارێکی تر تا ئه‌به‌د
ناتوانن هه‌ردوو ده‌ستیان له‌پشتیانه‌وه دانێن و له‌زه‌ت له پیاسه‌کردن وه‌رگرن.
دیکتاتۆره‌کان گه‌وره‌ترین دوژمنی ئه‌و ساتانه‌ن که یه‌کجار زه‌مه‌ن له‌ناو
خۆیاندا هه‌ڵیانده‌گرێت و ناگه‌رێنه‌وه. تۆ له‌گه‌ڵ خۆتدا هه‌موو ئه‌و ساتانه‌ت له
گه‌نجینه‌کانی ژیانی هه‌موومان دزی و بردتن بۆ جه‌هه‌نم.
تازه تۆ کاری خۆتکرد، هه‌موو جوانییه‌کانت ته‌فروتوناکرد، هه‌موو ئاوێنه‌کانت
شکاند، بێشکه‌کانت سوتاند، شنه‌ی فێنکی ناو سنگی چناره‌کانت فڕاند، ئه‌و
گوێسوانانه‌ت له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌ختکرد که پڕبوون له جیکه‌ی ئه‌و باڵدارانه‌ی که
نیشانه‌ی ئازادی خه‌ونه‌کانی خودابوون، تازه مه‌رگی جه‌سته‌ی تۆ به‌چی ده‌چێت،
ئه‌م هه‌موو خوێنه ڕژان، ئه‌م هه‌موو سوورییه، ئه‌م هه‌موو ڕه‌شی و زووخاوه،
ئه‌م هه‌موو مه‌رگه، ئه‌م هه‌موو گۆڕه زارداچه‌قیوانه‌ی سه‌حراکان که پڕن له
دواهه‌ناسه‌ی مه‌رگ، ئه‌م هه‌موو لێک‌دابڕان و په‌رته‌وازه‌ییه، ئه‌م هه‌موو
مه‌نفایه، ئه‌و هه‌موو ته‌نهاییه‌ی که له ڕه‌شایدا غه‌رقبوون، کێ چاکیان
ده‌کاته‌وه، کێ؟!
ئه‌و شته‌ی دیکتاتۆر ده‌یشکێنێ به هیچ هێزێک چاک ناکرێته‌وه، ته‌نها ئه‌و هێزه‌ی
ئه‌و شتانه چاکده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌یه که پێش دروستبوونی دیکتاتۆر هێنده هوشیاره
ناهێڵێت دیکتاتۆر دروستبێت و شته‌کان بشکێنێت. ده‌نا هه‌موو لاواندنه‌وه‌و
په‌خشانه‌کانی دوای شکاندنی ئه‌و شتانه‌و هوتاف بۆ مه‌رگی دیکتاتۆر درۆیه‌کی هێنده
زه‌رد و ناشیرینه که ئینسان دواتر ده‌یه‌وێت به‌دبه‌ختی و ته‌نهایی خۆی
پێبشارێته‌وه. چه‌ند ووشه‌یه‌کی درۆزنه (تۆڵه‌کردنه‌وه)، ئه‌م ووشه‌یه چه‌ند
ووشه‌یه‌کی پڕ له‌وه‌هم و ساده و بچکۆله‌یه له‌به‌رده‌م مه‌رگی دیکتاتۆره‌کاندا.
ئه‌و که‌سه‌شی پێیوایه ته‌نها به مه‌رگی جه‌سته‌ی دیکتاتۆر، دیکتاتۆر وونده‌بێت،
زۆر ساویلکه‌یه. ئه‌و که‌سه وه‌ک ئه‌و قومارچییه وایه به‌دواهه‌مین دیناری
گرفانی بیه‌وێت هه‌موو سه‌روه‌تی دۆڕاوی خۆی و دنیا به‌جارێک به‌رێته‌وه بۆخۆی.
مه‌رگی تۆ ئه‌ی دیکتاتۆر بردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و دۆڕاندنانه نییه که دۆڕاندمان.
ئه‌و هه‌موو جوانیانه، ئه‌و هه‌موو ته‌مه‌نه، ئه‌و هه‌موو به‌رائه‌ته، ئه‌و
هه‌موو منداڵییه، هیچ هێزێک ناتوانێت ئه‌و شته له‌ده‌ستچوانه وه‌ک خۆیان
لێبکاته‌وه، درۆده‌که‌ن ئه‌و شاعیرانه‌ی جگه له هوتافکێشان چاوێکی تریان نییه
بۆ بینینی ژیانی ئینسان، ئه‌وه‌ی پێیوایه به مه‌رگی تۆ هه‌موو ئه‌و شتانه‌مان
ده‌ستده‌که‌وێته‌وه، له تۆ درۆزنترو دڵره‌قتر و به‌دبه‌ختره ئه‌ی دیکتاتۆر،
هاتنی تۆ بۆ ناو ژیانی من، ته‌نها له‌یه‌ک ڕێگاوه نه‌بوو، بۆیه نابێت مه‌رگیشت
ته‌نها له‌یه‌ک ڕێگاوه بێت، که ئه‌ویش کوشتنی تۆیه. تۆ ته‌نها به مه‌رگی
جه‌سته‌ت له ماڵی من ناچیته ده‌ره‌وه، چونکه تۆ ته‌نها وێنه‌یه‌ک نه‌بوویت
به‌سه‌ر دیواره‌کانه‌وه. کاره‌کته‌رێکی هه‌میشه‌یی ته‌له‌فزیۆنه‌کان نه‌بوویت، تۆ
ته‌نها له‌ناو سروده‌کاندا به ئه‌سپێکی سپی و شمشێرێکه‌وه به‌سه‌ر جه‌سته‌ی
برینداری مندا غارتنه‌ده‌کرد. تۆ هه‌میشه پێش ته‌ڕکردنی نانه تیرییه‌کان له‌سه‌ر
سفره‌ی هه‌موو ماڵێک ئاماده‌بوویت، له کۆڵانه‌کاندا له مناڵی دراوسێت ئه‌دا،
موختاره‌کانت ئه‌نارده سه‌ر یه‌ک به‌یه‌کی ماڵه‌کانی گه‌ڕه‌ک، براکانت ئه‌دا
به‌شه‌ڕ، دڵی خوشکه‌کانت له‌یه‌کتری ئه‌تۆراند، له‌گه‌ڵ مامۆستاکاندا به‌دار له
قوتابیه‌کانت ئه‌دا، له‌به‌رده‌می خه‌سته‌خانه‌کاندا له‌گه‌ڵ پۆلیسه‌کاندا
ده‌وه‌ستایت و جنێوت به نه‌خۆشه‌کان و میوانه‌کانیان ئه‌دا، له‌گه‌ڵ باخه‌وانی
باخچه‌کاندا به‌دوای ئه‌و کچ و کوڕانه‌دا ده‌گه‌ڕایت که‌ماچی یه‌کتریان ده‌کرد، تۆ
له گوزه‌ره‌کاندا به‌ئاره‌زووی خۆت دوکانداره‌کانت ده‌دایه به‌ر‌شه‌ق،
عه‌ره‌بانه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌کانت ده‌شکاند، داوای هه‌ویه‌ت له گه‌نجان ده‌کردو
ئه‌تووت بۆ زوو گه‌وره‌نابن بچن بۆ به‌ره‌کانی جه‌نگ، شێته‌کانی شارت کۆ
ده‌کرده‌وه‌و له‌به‌ره‌کانی جه‌نگدا له‌ناو کێڵگه‌ی مینه‌کاندا ڕاوتده‌نان،
مه‌خزه‌نی ئه‌و کڵاشینکۆفانه‌ت پڕده‌کرده‌وه که پێشمه‌رگه کورده‌کان ده‌یان نا
به‌سنگی یه‌کترییه‌وه، تۆ سه‌رتاپای وڵاتێکت کرد به‌سه‌رباز، ته‌مه‌نی چوارده‌ساڵت
ده‌کرد به هه‌ژده‌و ده‌تخسته به‌رده‌م په‌تی قه‌ناره، خوێنی دڵی ئه‌و منداڵانه‌ت
ده‌گرت که به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان گولله‌باران ده‌کران و
ده‌تکرده جه‌سته‌ی برینداری ئه‌و سه‌ربازه به‌زۆر نێردراوانه‌ی ناو جه‌نگه‌کانی
خۆت، تۆ ماڵه‌و ماڵ ده‌گه‌ڕایت پاره‌ی ئه‌و فیشه‌کانه‌ت له دایک و باوکی ئه‌و
کوژراوانه ده‌سه‌نده‌وه که ڕۆژانی عارفه لاشه‌کانیانت وه‌ک جه‌ژنانه بۆ
ده‌ناردنه‌وه، تۆ له‌گه‌ڵ جه‌لاده‌کاندا قورئانت ده‌خوێند، وڵاتت پڕده‌کرد له
وێنه‌ی خۆت، وڵاتت پڕده‌کرد له ترس، له درۆ، له ده‌جه‌ل، له نیفاق. به‌ته‌ورێک
هه‌موومانت ده‌کرد به دوان، به دوو که‌س که‌تامردن ئاشتنابنه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ک.
تا ئه‌به‌د ئاشتنابنه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ک.
به‌مه‌رگی تۆ هیچ کام له‌م شتانه‌ی که من دۆڕاندمن ناگه‌ڕێنه‌وه، درۆزنن ئه‌و
شیعارانه‌ی که منی شه‌هید به نه‌مر ده‌زانن و که‌چی هێشتا تۆ له‌ناویاندا
زیندوویت، درۆزنن ئه‌و حیزبه کوردیانه‌ی که وێنه‌کانی منی شه‌هید هه‌ڵده‌واسن و
که‌چی تۆ له‌ناو سه‌ری سه‌رکرده‌کانیاندا قاقا پێده‌که‌نیت.
چه‌ند ساویلکه‌ن ئه‌و سه‌رکرده کوردانه‌ی له خۆشی گه‌یشتن به‌ده‌سته‌ڵات له‌ناو
کێڵگه‌یه‌کی میندا که ناوی "عێراق"ه باسی گه‌شبینی ده‌که‌ن. چه‌ند ته‌نهاو نا
ئومێد‌و بێده‌سه‌ڵاتن ئه‌و سه‌رکرده کوردانه‌ی که له‌ناو ئه‌و "درۆ سیاسییه
گه‌وره‌ی که ناوی عێراقه" درێژه به نائومێدییه‌کانی خۆیان ده‌ده‌ن.
کێ تۆ ده‌کوژێت ئه‌ی دیکتاتۆر، ئه‌وه کێیه جارێکی تر ناهێڵێت تۆ سه‌رکه‌یته‌وه
به ماڵماندا؟
بۆ ئه‌وه‌ی تۆ بمریت ده‌بێت هه‌موومان بێینه ناو دادگاکه‌ته‌وه، هه‌موومان له
به‌رچاوی خۆتدا تۆ بکوژین بی ئه‌وه‌ی تۆ وه‌ک جه‌سته بمریت، له‌ناو سه‌رماندا تۆ
ده‌رکه‌ین، هه‌موومان تۆ ده‌رکه‌ین له ژیان، تا ئه‌به‌د تۆ ده‌رکه‌ین.
ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی دوای لابردنی دیکتاتۆرێک ناهێڵێت دیکتاتۆرێکی تر دروستبێته‌وه،
ده‌شێ فێربێته‌وه تامی ژیان بکات، به‌ڵام ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌ی دوای دیکتاتۆرێک
دیکتاتۆرێکی تر دێنێته‌وه جێگا‌ی هه‌رگیز فێری ئه‌وه نابێت چۆن بژی، ته‌نهاو بێ
شوناس ده‌مێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت خواش تا ئه‌به‌د له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه
به‌جێیدێڵێت.
هیوا قادر
Hiwa_kader_m@hotmail.com