سینه‌ما دڵشاد
هیوا قادر
گێڕانه‌وه‌ی چه‌ند یادوه‌رییه‌ک وه‌ک پروتێستێک دژ به ڕوخاندنی سینه‌ما دڵشاد

پیشاندانی فیلمی "سینه‌ما پارادیس" له‌ناو داروپه‌ردووی ڕوخاوی سینه‌ما دڵشاد دا، وه‌ک پرۆتێستێک دژ به ڕوخاندنی سینه‌ماکه. پرۆژه‌ی هونه‌ری گه‌له‌ری ئارام"/ فۆتۆ: ئارام عه‌لی.
که‌م له ئێواره‌کانی عومری خۆم، هێنده‌ی ئه‌و ئێوارانه ڵێڵ و خه‌مبارن، که له‌گه‌ڵ یه‌که‌م ته‌قه‌ی به‌ردانه‌وه‌ی کورسییه ره‌قه‌کانی سینه‌ما دڵشاد و هه‌ستانم له‌سه‌ریان، بیرمده‌که‌وته‌وه که من له کوێم. به‌شپرزه‌ییه‌وه له ده‌رگای هۆڵه‌که‌وه ده‌هاتمه ده‌رێ و له‌وسه‌ری ڕاڕه‌وه دریژه‌که‌وه له ده‌رگا گه‌وره‌که‌وه سه‌یری دیمه‌نی ده‌ره‌وه‌ی سینه‌ماکه‌م ده‌کرد، گه‌ر بمبینیایه دنیا تاریک بووه‌و گڵۆپه‌کانی سه‌ر شه‌قامه‌که داگیرساون، دڵه پچکۆله‌که‌م له‌ناو سنگما نوقمی ترس ده‌بوو، ترسی دره‌نگ گه‌یشتنه‌وه بۆ ماڵه‌وه و دۆشدامان له‌به‌رده‌م خه‌یاڵی درۆیه‌کدا که شه‌فاعه‌ت بۆ دواکه‌وتنه‌که‌م بکات، به‌ڵام گه‌ر ڕۆژێکی باراناوی خه‌مبار نه‌بوایه و هیشتا عه‌سرێکی ڕووناک بوایه کاوه‌خۆ له سینه‌ماکه ده‌هاتمه ده‌رێ و کتێبه‌کانی قوتابخانه‌م که به لاستیکێک به‌ستبوون به‌ده‌ستێک هه‌ڵمده‌گرت و ده‌سته‌که‌ی تریشم ده‌کرد به گرفانی شه‌رواڵه‌که‌مدا و به‌سه‌ری پرنجه‌کانم به‌دوای ئه‌و چه‌ند ده‌نکه قه‌زوانانه‌دا ده‌گه‌ڕام که که‌وتبوونه ناو لۆچی گرفانه‌کانمه‌وه، یه‌ک یه‌ک قه‌زوانه سوێره‌کانم ده‌خسته ژێر دانه‌کانم و به‌ده‌م ڕێوه دیمه‌نه جوانه‌کانی فیلمه‌که‌م ده‌هێنایه‌وه یادی خۆم.
ئه‌و ده‌مه‌شی که ده‌گه‌یشتمه‌وه سه‌ر سیله‌ی کۆڵان و باوکم له‌سه‌ر قادرمه‌ی به‌رده‌رگای ماڵه‌وه ده‌بینی که چاوه‌ڕوانمه، ترس دایده‌گرتم و هه‌ناسه‌م سوارده‌بوو، گه‌ر ئه‌ویش له‌وێ نه‌بوایه و تا ئه‌وکات هه‌ستی به دره‌نگ که‌وتن و دیارنه‌مانم نه‌کردایه له‌ناو دوانزه خوشک و براکه‌م له‌ناو حه‌وشه‌گه‌وره‌که‌ی ماڵه‌وه‌دا، ئه‌وا وه‌ک براوه‌ترین و دڵخۆشترین منداڵی ئه‌و شاره ده‌چوومه‌وه بۆ ماڵێ، هه‌ر که ده‌چوومه ئه‌ودیوی ده‌رگاکه‌وه بۆنی قاشه شوتی و کاڵه‌که بۆنداره‌کانی سه‌ر سینی ناو چیمه‌نه گه‌وره‌که ده‌میان پڕده‌کردم له ئاو، نانێکی په‌له‌م ده‌خوارد، به‌ده‌م خواردنی قاشێک شوتییه‌وه ده‌چوومه به‌رده‌رگا و باسی ئه‌و فیلمه‌م بۆ هاوڕێکانم ده‌گێڕایه‌وه که ئه‌وڕۆژه بینیبووم، من هه‌میشه حیکایه‌تخوانێکی خراپ بووم، به‌ڵام خه‌یاڵ په‌روه‌رێکی باشبووم، بۆیه له‌کاتی یاری ره‌سم ره‌سمێنیشدا که وێنه‌ی هه‌موو پاڵه‌وانه به‌ناوبانگه‌کانی هولیودی له‌سه‌ربوو، ته‌نها به‌سه‌یرکردنێکی وێنه‌ی پاڵه‌وانی فیلمه‌کان من سه‌رله‌به‌ری دیمه‌نی فیلمه‌کانم ده‌هاتنه‌وه یاد و خه‌یاڵم له‌گه‌ڵیاندا ده‌فڕی. شه‌وانیش کاتێک که له یاری فوتبۆڵینی ناو کۆڵان هیلاکده‌بووم و به‌قاچی تۆزاویی و ئه‌ژنۆی برینداره‌وه له‌سه‌ر جێگه‌که‌م ڕاده‌کشام، له‌گه‌ڵ ژماردنی ئه‌ستێره نزیکه‌کانی ئاسماندا، دیسانه‌وه فیلمه‌کان و دیمه‌نه‌کانیان داگیریان ده‌کردمه‌وه تا خه‌و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبردم بۆ بینینی ئه‌و فیلمانه‌ی که ئێستا هیچیانم له‌بیرنه‌ماون.
سینه‌ما بۆ من له دوای ته‌مه‌نی ده‌ساڵییه‌وه ئه‌و جێگا ئه‌فسوناوی و دابڕانه‌بوو له ناشیرینی دنیای ده‌ره‌وه که پڕبوو له خه‌یاڵ و ته‌مه‌نا و دڵشکان و خه‌وبینین. دیاره پیش ئه‌و ته‌مه‌نه‌ش وه‌ک زۆرینه‌ی منداڵه‌کانی هاوته‌مه‌نی خۆم چه‌ند جارێک به‌خێزانی ده‌چووینه سینه‌ما، دایک و باوک و خوشک و براو و نه‌نک و میوان و دراوسێی کۆڵان هه‌مووان به کۆمه‌ڵ ده‌چووین بۆ سینه‌ما دڵشاد، چه‌ند کیسه‌یه‌ک گوڵه‌به‌ڕۆژه و برێشکه و ناوکه‌شوتی و کاڵه‌ک، مێو و بنێشتی کوردی، هه‌ندێک جار له‌فه‌و کوبه و شفته‌ش له‌گه‌ڵ خۆ ده‌برا. منی منداڵ که له ناوه‌ڕاستی ئه‌و ڕیزه کورسییه‌دا له‌پاڵ خوشک و براکانمدا داده‌نیشتم، هه‌میشه هه‌وڵمده‌دا به چیچکانه‌وه له‌سه‌ر کورسییه‌که‌م دابنیشم تا سه‌ر و که‌لله‌ی ئه‌وه‌ی به‌رده‌مم به‌رچاوم نه‌گرێت له بینینی فیلمه‌که. ئه‌و کاتانه‌شی که میوانێکی ئازیزمان ده‌هات و داوه‌تی سینه‌مامان ده‌کرد لۆچێکی سه‌ره‌وه‌ی سینه‌ماکه ده‌گیراو هه‌مووان پێکه‌وه خۆییانه داده‌نیشتین و له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌کانی برایانی زی‌زی و ده‌هۆڵ و زوڕنادا ده‌ست ده‌کرا به چه‌ره‌س خواردن، من له‌ویادا رووناکییه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی سه‌ر خامه سپییه‌که‌ی سینه‌ماکه خه‌یاڵیان داگیرده‌کردم، بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه که ئاخۆ ده‌بێت ئه‌کته‌ره‌کانی ناو فیلمه‌که تا چه‌ندێک به‌خۆیان و ئه‌سپ و تفه‌نگ و شمشێری ده‌ستیانه‌وه له‌ودیوی په‌رده سپییه‌که‌وه چاوه‌ڕوانی گڵۆپکوژاندنه‌وه‌ی ناو هۆڵه‌که‌بن تا بتوانن بێنه سه‌ر شاشه‌ی سپی سینه‌ماکه، غه‌ڵبه‌غه‌ڵبی ناو سینه‌ماکه له هه‌مان غه‌ڵبه‌غه‌ڵبی ناو حه‌مامی ژنان ده‌چوو که تا ئه‌و کاته من له‌گه‌ڵ دایکم ڕۆژانی هه‌ینی ده‌چوومه حه‌مامی چوارباخ، جیاوازییه‌کان له‌نێوان ئه‌و دوو شوێنه‌دا ئه‌وه بوو له‌وێ ژنان جار جار به دزییه‌وه له سوچێکی حه‌مامه‌که‌دا گۆرانیان بۆ منداڵه‌کانیان ده‌وت، به‌ڵام لێره ده‌نگی برایانی زی‌زی و گۆرانبیژه‌کانی تر له موکه‌به‌ره‌کانی سینه‌ماکه‌وه به‌رزده‌بووه‌وه، له‌وێ هه‌مووان ڕووت و قووتبوون و لێره هه‌مووان جلیان پۆشیبوو، له‌وێ ته‌ڕه‌ساس و پسکیتی زه‌رد و شیلم به‌ترش هه‌بوو، لێره کۆکاکۆلا و گوڵه‌به‌ڕۆژه و چه‌قاله و ده‌نه‌کوله‌که و بنێشتی سه‌هم به‌تامی دارچینی هه‌یه، ئه‌م خه‌یاڵانه و ئه‌م به‌راوردکردنانه سه‌رقاڵیان ده‌کردم و ڕه‌نگی گڵۆپه سه‌وز و سوور و شینه‌کانی سه‌ر شاشه‌که دڵیان پڕده‌کردم له خۆشی، به‌تایبه‌تی ئه‌و کاته‌ی له به‌رییه‌ک که‌وتنی ڕه‌نگی گڵۆپه‌کاندا ڕه‌نگێکی جیاواز و غه‌ریبیان له‌سه‌ر خامه سپییه‌که دروستده‌کرد.
هه‌رچ کاتێکیش واده‌ی پیشاندانی فیلمه‌که له‌کاتی ده‌سنیشانکراوی خۆی دوابکه‌وتایه، هه‌مووان ده‌ستیان ده‌کرد به فیکه لێدان بۆ ئه‌وه‌ی گڵۆپه‌کان بکوژێنرێنه‌وه و فیلمه‌که ده‌ستپێبکات، کاتێک خه‌ڵکی له فیکه لێدان هیلاکده‌بوون و بێده‌نگییه‌ک له‌و نێوه‌نده‌دا دروست ده‌بوو، یه‌کێک له سوچێکی سینه‌ماکه‌وه چرتێکی درێژی لێده‌دا، هه‌مووان ده‌ستیان ده‌کرد به پێکه‌نین، چه‌ند که‌سێکی تر به دوای ئه‌ودا به جڕت بۆیان ده‌سه‌نده‌وه، ژنانی ناو لۆچه‌کان و ڕیزه‌کانی دواوه‌ی سینه‌ماکه ده‌ستیان ده‌گرت به ده‌میانه‌وه و خنه خن پیده‌که‌نین، "ئه‌یه‌ڕۆ ئه‌وه عه‌یبناکه‌ن"، هه‌ندێک له پیاوه‌کان و خاوه‌ن خێزانه‌کانیش له لۆچه‌کانه‌وه سه‌ریان ده‌رده‌هێنا و جنێوێکیان بۆ خواره‌وه ده‌نارد، "بێ حورمه‌تیینه به‌سه"، کاره‌که ناخۆش ده‌بوو، کارگیڕێکی سینه‌ماکه به خۆی و لایته‌که‌ی ده‌ستیییه‌وه ده‌هاته ناو هۆڵی سینه‌ماکه‌وه، منداڵه بیبسی و کۆلا فرۆشه‌که‌ی ناو سینه‌ماکه ده‌ستی بۆ ڕیزه‌کانی پێشه‌وه ڕاده‌کێشا، کارگیڕه‌که هه‌ندێک ده‌سوڕایه‌وه و خاوه‌ن جڕته‌که‌ی بۆ نه ده‌دۆزرایه‌وه، ده‌ست ده‌کرایه‌وه به فیکه لێدان، گڵۆپه‌کان ده‌کوژانه‌وه، په‌رده گه‌وره و جوانه‌که‌ی سه‌ر شاشه‌ی سینه‌ماکه لاده‌درا، چه‌ند پارچه‌یه‌کی هه‌ڵبژێراوی فیلمه‌کانی داهاتوو وه‌ک ڕیکلام پیشان ده‌درا، کارگێڕی سینه‌ماکه به خۆی و ڕووناکی لایته شه‌ش پیلییه‌که‌یه‌وه هێمای بۆ ئه‌و که‌سانه ده‌کرد که تازه ده‌هاتنه ژووره‌وه و به ڕووناکی لایته‌که‌ی جێگا چۆڵه‌کانی پیشان ده‌دان، تا ئه‌وکاته‌ش منداڵه بیبسی و کولا فرۆشه‌که تا ده‌ستپێکردنی فیلمه‌که له‌به‌رده‌می ڕیزی کورسیه‌کانه‌وه ده‌رۆیشت و کلیلی هه‌ڵپچڕینه‌که‌ی ده‌کێشا به شووشه‌کاندا. فیلم ده‌ستی پی ده‌کرد، بێده‌نگییه‌کی شیرین و پڕ له دیقه‌تدان هه‌موو بینه‌رانی هۆڵه‌که‌ی ده‌گرته‌وه، ده‌نگی ورته ورتی ئه‌و ژنه پیرانه ده‌هات که یه‌که‌م جاریان بوو له‌گه‌ڵ کچ و کوڕه‌کانیاندا هاتبوون بۆ سینه‌ما، له‌یه‌کێ له‌و جارانه‌دا که فیلمێکی فارسی به ناوی "حه‌سه‌ن کورد"ه‌وه پیشان ده‌درا، حه‌سه‌ن به خۆی و کوته‌که‌که‌ی ده‌ستییه‌وه یه‌ک له دوای یه‌ک ئه‌و سوارانه‌ی ده‌خست که به سواری ئه‌سپه‌کانیانه‌وه هێرشیان بۆ ده‌هێنا، به‌ڵام له یه‌کێک له دیمه‌نه‌کاندا حه‌سه‌ن شه‌ڕی له‌گه‌ڵ یه‌کێک له سواره‌کاندا ده‌کرد و ئاگای لێ نه‌بوو که که‌سێکی تر خه‌ریکه کوته‌کێکی له‌دواوه پیادا ده‌کێشێت، یه‌کێک له‌و ژنه پیرانه له لۆچه‌کانه‌وه به ده‌نگی به‌رز هاواری کرد، 'باوانت شێوێت ئاگات له خۆتبێت وا له دواته‌وه‌یه"، حه‌سه‌ن هه‌ر دوای هاواری ئه‌و پیرێژنه ئاوڕی دایه‌وه و به کوته‌کێک ئه‌و سواره‌شی خست که له دواوه خه‌ریک بوو تێیده‌سره‌واند، هه‌موو بینه‌رانی ناو سینه‌ماکه ده‌ستیان به فیکه و چه‌پڵه لێدان کرد بۆ وریایی پیرێژنه‌که و ئازایه‌تی حه‌سه‌ن.
ئه‌م که‌ش و هه‌وا کۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ شار تازه بوو بۆیه زۆرینه‌ی خێزانه‌کان ده‌یانویست گه‌ر بۆ جاریکیش بێت بچنه سینه‌ما دڵشاد. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای گۆڕانێکی ساده بوو بۆ پیشاندانی ئه‌و جیاوازیانه‌ی که هه‌موو شارێکی زیندوو بۆ په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی و کلتورییه‌کان پێویستی پێیه‌تی تێیدابژی.
پێموایه مێژووی یه‌که‌م ڕیکلامیش که تا ئێستا له‌یادوه‌ری مندا ده‌ژی، ڕیکلام کردن بوو بۆ ئه‌و فیلمانه‌ی که له هه‌ر سێ سینه‌ماکه‌ی شاردا "ڕه‌شید و سیروان و دڵشاد" پیشان ده‌درا. تایتڵی فیلمه‌کان له‌سه‌ر فایبه‌رێکی گه‌وره‌ی دوو دیوو ده‌خرایه سه‌ر ئۆتۆمبیلێک و به کۆڵان و شه‌قامه‌کاندا ده‌گه‌ڕا و به‌هۆی موکه‌به‌ره‌یه‌که‌وه هه‌واڵی فیلمه‌که و کات و ساتی پیشاندانی بڵاوده‌کرده‌وه. ئه‌و کاتانه‌ی ئه‌و ئۆتۆمبیله به کۆڵانی ئێمه‌دا تێده‌په‌ڕی، ده‌نگی به‌ریه‌ککه‌وتنی ده‌نکه ته‌زبیحه گه‌وره‌کانی ده‌ستی پیاوه‌کان بێده‌نگ ده‌بوو و هه‌مووان سه‌یری وێنه‌ی تایتڵی ئه‌و فیلمانه‌یان ده‌کرد و گوێیان له‌و که‌سه ده‌گرت که له پاڵ شوفێره‌که‌دا ڕیکلامی فیلمه‌کانی ده‌خوێنده‌وه، ئه‌و کاتانه‌ی وێنه‌ی تایتڵی فیلمه‌کان خانمی ڕوت بوونایه، پیاوه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی باشتر سه‌یری ئه‌و وێنانه بکه‌ن ژنه‌کانیان به بیانوی هێنانی جامۆڵکه‌یه‌ک ئاوه‌وه ده‌نارده‌وه ژوورێ، یان منداڵه‌کانیان ئاگادار ده‌کرده‌وه له هاتنی ئه‌و ئۆتۆمبیله تایبه‌ته‌ی تر که ئێمه‌ی منداڵ به "سه‌یاره‌ی دوکه‌ڵی مێشه‌که" ناومان ده‌برد، بۆ ئه‌وه‌ی پیاوه‌کان به دیقه‌تێکی وردتره‌وه سه‌یری وێنه‌ی فیلمه‌کان بکه‌ن، ئه‌و ئۆتۆمبیله تایبه‌ته‌ش که سه‌رنجی ئێمه‌ی منداڵانی بۆ لای خۆی ڕاده‌کێشا، دوکه‌ڵێکی سپی چڕی بڵاو ده‌کرده‌وه دژ به مێش و مه‌گه‌زی ناو کۆڵانه‌کان، به‌ڵام ئێمه له‌ناو خۆماندا ئه‌و منداڵه‌مان به ئازاترین ده‌زانی که بیتوانیایه بچێته به‌ر لووله‌ی دوکه‌ڵه‌که و سه‌ری خۆی بخاته به‌ری، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر پیشانی منداڵه‌کانی هاوڕێێ بدات که چۆن قژی یه‌ک پارچه بۆته ڕۆنی ئه‌و ده‌رمانه‌ی که دژ به مێش و مێشووله ده‌پژێنرا.
سینه‌ما له دوای پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تاییه‌وه بۆ من ئه‌و به‌هه‌شته‌بوو که دژ به جه‌هه‌نمی قوتابخانه‌بوو. ڕقی من له قوتابخانه ڕقی قوتابییه‌کی ته‌مبه‌ڵ نه‌بوو ئه‌وه‌نده‌ی ڕق بوو له دلڕه‌قی و زه‌بر و زه‌نگی ئه‌و مامۆستایانه‌ی که شیعریان به دار پێ له‌به‌رده‌کردین، دینیان به سوکایه‌تی پێکردن به که‌سایه‌تیمان فێرده‌کردین، ماتماتیکیان به زله‌و تف و جنێو تێده‌گه‌یاندین، قوتابخانه ئه‌و جه‌هه‌نمه ناشیرین و دیسیپلینکراوه بوو که هه‌موو ئه‌و هێزه ئه‌نارشییه‌ته‌ی منداڵی ده‌شێواند که یه‌که‌م به‌ریه‌ککه‌وتن بوو بۆ تێگه‌یشتنی له ژیان، ئه‌م هه‌موو هێزه دیسیپلینه‌ی قوتابخانه و ماڵه‌وه وای له منداڵان ده‌کرد له ده‌ره‌وه بێ ئه‌ندازه شه‌ڕانیبن و دژ به ئاژه‌ڵ و ڕووه‌ک و منداڵی گه‌ڕه‌که‌کانی تر تا ئه‌وپه‌ڕی زه‌بروزه‌نگ بنوێنن، من له نێوان ئه‌و زه‌بروزه‌نگانه‌دا به‌دزییه‌وه چوونه سینه‌مام هه‌ڵبژارد، ته‌نها له‌وێدا له دنیای ده‌ره‌وه داده‌بڕام و خه‌یاڵم لێوان لێو ده‌بوو له‌و شوێنانه‌ی که له دنیای قوتابخانه و ماڵ و کۆڵانه‌که‌مان نه‌ده‌چوو، ئه‌و کاتانه‌ی که منداڵ بووم هۆگریه‌کی سه‌یر له نێوان من و فیلمه هیندییه‌کاندا دروستبووبوو، ئه‌و فیلمانه‌ی که هه‌موویان ڕووداوه‌کان و دیمه‌نه‌کانیان له‌یه‌ک ده‌چوون، به‌ڵام مۆسیقا و ده‌نگ و ڕووداوه عاتفییه‌کانی ناو ئه‌و فیلمانه ته‌لی حوزنێکی ناو دڵی منیان ده‌له‌رانده‌وه که که‌سی تر له ده‌ره‌وه‌ی نه‌یده‌توانی ده‌ستبخاته سه‌ری و ده‌ستی خه‌یاڵاته‌کانم بگرێت، که خه‌یاڵی منداڵێکی ساده و بیرکه‌ره‌وه بوو. ئه‌و فیلمانه پڕبوون له گریان وحه‌سره‌ت و دڵخۆشییه ساده‌کان، بۆیه هه‌میشه که له‌و فیلمانه ده‌هاتمه ده‌رێ وه‌ک هه‌موو منداڵه‌کانی تر برژانگه‌کانم ته‌ڕبوون، من حه‌زم ده‌کرد له سینه‌ما دڵشاد به‌دیار ئه‌و فیلمانه‌وه بگریم وه‌ک له‌وه‌ی ئاماده‌بم له وانه‌یه‌کی ماتماتیکدا، له فیلمێکی کاوبۆدا منیش ببمه سوارچاکێک له‌بری ئه‌وه‌ی له وانه‌ی مامۆستایه‌کدا ئاماده‌بم که پێش هاتنه ژووره‌وه‌ی خۆی داره‌که‌ی ده‌ستی ده‌گه‌یشته پۆل. من پڕبووم له ئه‌نارشییه‌ت، به‌ڵام تاسه‌ر ئێسقانیش شه‌رمن بووم، پڕبووم له خه‌ونی ئازادی، به‌ڵام هه‌ستکردن به گوناه کوشتبوومی. سه‌رکێشبووم بۆ گه‌یشتن به هه‌موو شتێکی نوێ ته‌نها به مه‌رجێک له قوتابخانه نه‌چێت، خۆدزینه‌وه‌ی من له قوتابخانه خۆدزینه‌وه بوو له سیسته‌مێک که نه‌مده‌زانی بۆ وا له ئینسانه‌کانی ده‌کات، چونی من بۆ سینه‌ما به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌یه‌ک بوو به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و ناشیرینیانه، سه‌رباری ئه‌وه‌ش من هه‌میشه‌ش تا ده‌ستپێکردنی فیلمه‌کان له ناو هه‌ستکردن به گوناهباری له‌وه‌ی خۆم له قوتابخانه دزیوه‌ته‌وه و هاتووم بۆ سینه‌ما گینگڵم ده‌دا.
ڕۆژانی جه‌ژنیش سینه‌ما بۆ ئێمه‌ی منداڵ ته‌نها جێگه‌یه‌ک بوو که له هه‌موو جێگاکانی تر نزیکه‌دڵتربوو. به‌یانی یه‌که‌م ڕۆژی جه‌ژن تا نیوه‌ڕۆ ده‌بوو فریای چوون بۆ هه‌ر سێ سینه‌ماکه‌ی شار بکه‌وین، ئازاترین و چاپوکترینمان له‌ناو ئاپووره‌ی به‌یه‌کداچووی منداڵه‌کاندا خۆی ده‌خسته ناو ئه‌و گیژاوی پاڵه‌په‌ستۆ و خۆترنجاندنه‌ی سه‌رو گوێلاکی منداڵه‌کان بۆ زوو چوونه ژووره‌وه و فریا که‌وتن بۆ گرتنی جێگا له پیش ئه‌وانیتره‌وه، من که ده‌چووم گه‌ر پشتوێنی شه‌ڕواڵ و چۆغه‌که‌م له‌و قه‌ره‌باڵغییه‌دا نه‌کرایه‌ته‌وه و نه‌که‌وتایه‌ته ژێر پێی منداڵه‌کان ئه‌وا به پشتوێنه‌که‌م پێنج شه‌ش جێگام بۆ هاوڕێکانم ده‌گرت.
گۆرانییه به‌ناوبه‌نگه‌که‌ی برایانی زی‌زی "شه‌مامه و خاڵ خاڵ" دوای "مه‌ولانا سه‌لی" به‌ره‌به‌یانی جه‌ژن، ته‌نها گۆرانییه‌ک بوو که هاتنی جه‌ژنی به‌راستی به ئێمه‌ی منداڵان ده‌گه‌یاند، چونکه ئه‌و گۆرانییه زۆرینه‌ی کات ته‌نها ڕۆژانی جه‌ژن له سینه‌ماکاندا لێ ده‌درا. سینه‌ما پڕ بوو له منداڵی دڵخۆش به جلوبه‌رگی جه‌ژن و گرفانی پڕ له جه‌ژنانه‌وه.
له قه‌ره‌بالغی ناو سینه‌ماکاندا هه‌ندێک له منداڵه چه‌تونه‌کان که له ڕیزه‌کانی دواوه بوون ده‌مڕاستی خۆیان به قرتاندنی ده‌نکه قه‌زوان و چه‌قاله‌کان تاقیده‌کرده‌وه، به‌وه‌ی توێکڵی قه‌زوان و چه‌قاله‌کانی ژێر دانیان بکێشن به پشتمل و گوێچکه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی که له ڕیزه‌کانی پێشه‌وه‌بوون. کاتێک گڵۆپه‌کان ده‌کوژانه‌وه فیکه‌ی هه‌موو منداڵه‌کان پێکه‌وه به‌رزده‌بوونه‌وه، فیلمه‌که ده‌ستی پێده‌کرد و ته‌نها ده‌نگی ئه‌و منداڵانه ده‌هات که خۆیان بۆ نه‌ده‌گیرا و فیلمه‌کانیان بۆ هاوڕێکانیان ده‌گیڕایه‌وه، هه‌ندێکیشیان هاواریان بۆ هه‌موو منداڵانی ناو هۆڵه‌که ده‌کرد و ده‌یانووت، "فشه‌یه نامرێت".
هه‌میشه دوای چوونمان بۆ سینه‌ما ڕه‌شید و سیروان ئه‌وکات به جاده‌ی کاوه‌دا شۆڕده‌بووینه‌وه و ده‌چووینه سینه‌ما دڵشادیش، سینه‌ما دڵشاد له چاو ئه‌و دوو سینه‌مایه‌ی تردا هه‌میشه نوێتر و پاکوته‌میزتربوو، به‌ڵام له‌وێش وه‌ک دوو سینه‌ماکه‌ی تر له ڕۆژانی جه‌ژندا دیمه‌نی فیلمه‌کانیان ده‌پچڕاند، بۆ ئه‌وه‌ی به زوترین کات فیلمه‌کان ته‌واوبن و فریای کردنه ژووره‌وه‌ی شه‌پۆلی ئه‌و منداڵانه‌ی تر بکه‌ون که له ده‌ره‌وه بوون و په‌له‌ی هاتنه ژووره‌وه‌یان بوو، ئه‌و کاتانه‌شی که دیمه‌نی فیلمه‌کانیان ده‌پچڕاند و پیشانیان نه‌ده‌دا، منداڵان هه‌موو پێکه‌وه فیکه‌یان لێده‌دا و هاواریان ده‌کرد "په‌ڕانی". به‌ڵام هه‌میشه‌ش یه‌کێک له‌و جۆره منداڵانه له ڕیزێکدا هه‌بوون که پێشتر فیلمه‌که‌ی بینیبوو ده‌ستیان ده‌کرد به گیڕانه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه په‌ڕێنراوانه‌ی ناو فیلمه‌که بۆ منداڵه‌کانی ده‌وروبه‌ریان.
کاتیکیش که فیلمه‌که ته‌واوده‌بوو به‌ناو پاڵه‌په‌ستۆ و هروژمی منداڵانی تردا ده‌هاتینه ده‌رێ و سه‌یری وێنه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه‌مان له جامخانه‌ی به‌رده‌رگای سینه‌ماکه‌دا ده‌کرد که پیشان نه‌درابوون، له‌ویادا حه‌سره‌تمان هه‌ڵده‌کیشا و منداڵانی تر به شپرزه‌ییه‌وه لێمان کۆده‌بوونه‌وه و ده‌یانپرسی، "زۆری ئه‌په‌ڕێنێ؟".
وێنه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و نه‌خشکراوی تایتڵی سه‌ر ده‌رگای سینه‌ماکان هه‌میشه بۆ سه‌روه‌ختی منداڵی و ته‌نانه‌ت هه‌رزه‌کاریشم، جێێ سه‌رنج بوون، کاتێکیش که گه‌وره‌تربووم و حه‌زم به‌و فیلمانه ده‌کرد که کچانی ڕووت و دیمه‌نی سێکسی تیا‌بوو، هه‌مان فیڵ به‌پیشاندانی چه‌ندان وێنه‌ی جۆراو جۆر له جامخانه‌کاندا پیشان ده‌درا که هه‌موویان دیمه‌نی ڕووت و ئیرۆتیک بوون تا سه‌رنجی بینه‌ران ڕاکێشێت، به‌لام زۆرینه‌ی جار ئه‌و دیمه‌نانه له فیلمه‌کاندا پیشان نه‌ده‌دران و ده‌په‌ڕێنران.
له قۆناغێکی ته‌مه‌نمدا سینه‌ما ته‌نها جێگای خه‌یاڵ و بینینی چیرۆکی سه‌یر نه‌بوو، به‌ڵکه شوێنێکیش بوو بۆ تێربوون و گه‌وره‌بوون. سینه‌ما دڵشاد هه‌میشه به‌و فیلمانه ده‌ناسرایه‌وه که پڕ بوون له دیمه‌نی سێکسی و کۆمیدیای گه‌نجانه. کوڕانێکی زۆر له کاتی پیشاندانی ئه‌م فیلمانه‌دا ده‌چوونه ڕیزی پێشه‌وه که به به‌شی "چل"ی ناو ده‌برا، چونکه ئه‌و چه‌ند ڕیزه‌ی پێشه‌وه که به شیشبه‌ندێک له ڕیزی ناوه‌ڕاست که به‌شی "حه‌فتا"ییان پی ده‌ووت جیاکرابووه‌وه، ئه‌م ناونانه‌ش له به‌شه‌کانی دانیشتنی ناو هۆڵی سینه‌ماکه له نرخی بلیته‌که‌وه داکه‌وتبوو، که بلیتی ڕیزی خواره‌وه به چل فلس و ناوه‌ڕاست به حه‌فتا و لۆجه‌کانی سه‌ره‌وه‌ش به سه‌د و بیست فلس بوو، بینه‌رانی چلی زۆرینه‌ی کات ئه‌و کوڕانه بوون که له‌ناو خه‌ڵکیدا به قه‌ساب و شه‌ڕانی و فیعلباز ناسرابوون، بۆیه ئه‌و چه‌ند ڕیزه هه‌میشه ئازادییه‌کی ئه‌وتۆیان هه‌بوو که که‌مجار به‌شی ناوه‌ڕاستی سینه‌ماکه هه‌یبوو، به‌تایبه‌تی له کاتی پیشاندانی فیلمه ڕووت و سیكسییه‌کاندا، ئه‌و کاتانه‌ی که ئه‌و فیلمانه پیشان ده‌درا کارگێڕی ناو سینه‌ماکه له کاتی پیشاندانی ئه‌و دیمه‌نانه‌دا به خۆی و لایته شه‌ش پیلییه‌که‌یه‌وه له‌به‌رده‌م ڕیزه کورسییه‌کاندا ده‌ڕۆیشت و لایتی له سه‌ر کۆشی خه‌ڵکه‌که ده‌دا، ئه‌وکاته‌ی که ئه‌و ده‌هات هه‌موو ئه‌وانه‌ی که ده‌ستپه‌ڕیان ده‌کرد شه‌ڕواڵه‌کانیان کۆده‌کرده‌وه و چیتر ڕیزه کورسییه‌کان هه‌ر له خۆیانه‌وه نه‌ده‌له‌رینه‌وه، ئه‌وه‌شی وازینه‌هێنایه لایته‌که‌ی ده‌دا له چاویی و پێیده‌ووت "به‌نه‌خوێنه‌که‌ت ببه‌سته‌ره‌وه"، هه‌ردوای ئه‌م قسه‌یه ده‌نگی پیکه‌نین له هه‌موولایه‌که‌وه به‌رز ده‌بووه‌وه. یه‌کێک هاواری ده‌کرد "وازی لێبێنه با ڕه‌حه‌تبێت من فلیمه‌که‌م بینیوه تۆزێکی تر ده‌بێت به شاخ و داخ".
سینه‌ما دڵشاد، به‌هه‌شتی دۆزراوه‌ی گه‌نجانێک بوو که له‌ڕێێ بینینی ئه‌و جۆره فیلمانه‌وه به‌جه‌سته‌ی ئافره‌تان ئاشناده‌بوون، خۆ تێرکردن له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی داخراو و دیسیپلینکراوی وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا هیچ ڕێگه چاره‌یه‌کی تری نه‌بوو سینه‌ما نه‌بێت، که به‌و شێوازه شه‌رمنۆک و هه‌ستکردن به گوناهه تاقیبکرێته‌وه. له‌یه‌کێک له‌و جارانه‌دا هاوڕێیه‌کم ئه‌و که‌سه‌ی پاڵی خۆی بینیبوو که خه‌ریکی ده‌ستپه‌ڕکردن بوو، کاتێک که بینیبووی کێری هێنده گه‌وره‌یه، پێیوتبوو باشه که تۆ ده‌ست و په‌نجه‌یه‌کی ئاوات پێوه‌یه بۆ که‌بابخانه‌یه‌ک ناکه‌یته‌وه.
ئه‌و ده‌مه‌شی که هوشیاریم خه‌ریکبوو گوڵیده‌گرت، هه‌ندێک له‌و فیلمه جوانانه‌م له سینه‌ما دڵشادا بینی که‌دواتر بوونه سه‌ره‌تای هه‌ستکردنی من به جوانییه‌کانی هونه‌ری سینه‌ما، وه‌ک فیلمی "په‌پووله، شه‌ڕ و ئاشتی، خۆری هه‌ڵهاتوو، یولیوس قه‌یسه‌ر، روخانی ڕۆما، فیلمه‌کانی شارلی شاپلن و ئالان دیلۆن و سۆفیا لۆرین و چه‌ندانی تر که ئێستا بیرم نه‌ماوون.
بوونی ئه‌و سێ سینه‌مایه له چه‌ند قۆناغێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی شاری سلێمانیدا، گرنگییه‌کی زۆری هه‌بوو، سه‌رباری خراپی فیلمه‌کان و بوونی چاودێری سیاسی و ئه‌خلاقی به‌سه‌ر فیلمه‌کانه‌وه، به‌ڵام پیشاندانی ئه‌و فیلمانه بۆ ئێمه ئه‌و په‌نجه‌رانه بوون که ده‌یانڕوانی به‌سه‌ر ئه‌و دنیایانه‌ی تردا که له دنیای ئێمه نه‌ده‌چوو. ئێمه له زیندانێکی ترسناک و داخراو بێ ڕه‌حمدا گه‌وره‌بوین، بونی سینه‌مایه‌کی وه‌ک سینه‌ما دڵشاد به‌پیێ قه‌باره‌ی خۆی دروستکه‌ری ئه‌و یادوه‌رییه کۆییه بوو که هه‌میشه خه‌ڵکانی شاره‌کان هه‌ڵگرینی، ئه‌و یادوه‌رییه کۆیه‌ی که دواتر ده‌بێته هێزێک بۆ زیندووڕاگرتن و دروستکردنی ئه‌و ئینتیمایه‌ی که ئینسانه‌کان هه‌یانه له‌به‌رامبه‌ر شاره‌کانیاندا، چونکه هیچ شارێک به‌بێ ئینتیما جیاوازه‌کانی دانیشتوانه‌که‌ی ناتوانێت شارێک بێت پڕبێت له جیاوازییه‌کان و جوانییه‌کان و ژیانی پڕ له جموجۆڵ و به‌رده‌وامیی.

جه‌ژنی قوربانی ساڵی 1977، ستودیو ئازادی سابونکه‌ران
ڕیزی ناوه‌ڕاست، ده‌سته ڕاست: چیا عه‌زیز، ته‌ها عه‌بدولره‌حمان روسته‌م، هیوا قادر، ڕێبوار ڕه‌شید