ته‌رمیناڵ
به ئه‌حمه‌د موختار جاف پێشکه‌شه
نه‌ورۆزی 2007
هیوا قادر
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک
به‌کاتی وشکبوونه‌وه‌ی جلی ته‌ڕ له‌سه‌ر ته‌ناف
ڕێده‌که‌وێت بۆ شارێک له که‌شکه‌لانی فه‌له‌ک.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک
به‌کاتی زه‌نگی به‌ریه‌ککه‌وتنی دووپیاڵه مه‌ی
به‌ڕێ ده‌که‌وێت بۆ شاری دڵشکان.
به‌کاتی شکانی کوپه‌ی شه‌رابیش
به موسافیری سه‌رخۆشه‌وه
دێته‌وه ته‌رمیناڵ.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک
پڕه له موسافیری دڵ ناسک و قه‌ڵه‌و
بۆ به‌ڕێکه‌وتن به‌ره‌و شاری ختووکه.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک
پڕه له‌و موسافیرانه‌ی که سه‌ریان وه‌ک پووره‌ی هه‌نگ گیزه‌ی دێت،
له‌په‌نجه‌ره‌ی واگۆنه‌کانه‌وه
سه‌یری ئه‌و موسافیره شل و ملانه‌ده‌که‌ن
که ده‌چن بۆ دوورگه‌ی واقواق.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک
له مێژه له چاوه‌ڕوانی سواربوونی موسافیردا دڵی که‌وتووه‌و
له سوچێکی ته‌رمیناڵدا شکاوه،
خه‌و به‌وه‌وه ده‌بینی ڕۆژێک بێت به په‌ڕی گوڵ کاربکات،
تا بتوانێ له دووره‌وه بۆنی بارێک گوڵ بکات
که باخه‌وانیکی شه‌ل ناویه‌تی له کۆڵی و
کۆڵانه‌و کۆڵان له‌ناو قه‌ره‌باڵغی شاردا ڕێگای ته‌رمیناڵ نادۆزێته‌وه.
شه‌مه‌نده‌فه‌ریکی ئێکسپرێس
به‌چوارده‌وری گۆی زه‌ویدا ده‌ڕوات و
له هه‌موو ئه‌و شارانه‌دا لاده‌دات
که له‌ناو کتێبه‌کاندان.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک
به‌کاتی زه‌نگی کڵێسا
له هه‌موو شارێک موسافیری خاچ له مل هه‌ڵده‌گرێت،
به‌کاتی بانگی هه‌ینیش
له هه‌موو شارێک موسافیری ڕیشن هه‌ڵده‌گرێت،
بۆ مه‌مله‌که‌تێک له ئاخیره‌ت که بووه به ژێر دووکه‌ڵی بوغورده‌وه.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک
پڕه له کچ و کوڕی گه‌نج
ده‌چن بۆ خلیسکێنه له سه‌ر شاخی له‌زه‌ت،
بۆ تواندنه‌وه‌ی به‌فر له‌سه‌ر به‌ری دڵ
بۆ وێنه‌کردنی دڵ و تیرێک له‌سه‌ر مانگ.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک
به‌کاتی ته‌نهایی له ته‌رمیناڵ وه‌ستاوه‌و ناجوڵێت
پڕه له موسافیری ته‌نها،
بێ ئه‌وه‌ی که‌س خه‌می دره‌نگ گه‌یشتنی هه‌بێت.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک
ته‌نها خانمان و پیاوانی خانه‌نه‌شین له‌گه‌ڵ خۆیده‌بات
بۆ دوورگه‌کانی قوڵپه‌قوڵپی کانزا
بۆ مه‌له‌کردن وه‌ک منداڵ له حه‌وزێکدا
که پڕه له شینایی ئاسمان،
بۆ له‌زه‌تبردن له ڕووناکی خۆری حیکمه‌تی گه‌وره‌یی
بۆ کاتکوشتن له قاوه‌خانه‌ی چه‌نه‌بازی.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک
پڕه له موسافیری خه‌یاڵیی و جانتای به‌تاڵ
بێ ئه‌وه‌ی که‌س سه‌یری سه‌عات بکات
ده‌چن بۆ هه‌موو شارێک
له‌په‌نجه‌ره‌ی واگۆنه‌کانیشه‌وه
هه‌موو ئه‌و شوێنانه ده‌بینن که‌خۆیان نه‌بێت که‌سی تر نایبینێت.
واگۆنی شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی پیر
له مۆزه‌خانه‌ی ته‌رمیناڵه‌وه
به‌فیزی باپیره‌یه‌که‌وه له‌ودیوو جامخانه‌یه‌کی گه‌وره‌وه
سه‌یری شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کانی تر ده‌کات و
ده‌ڵێ، ژیان جگه له‌سه‌فه‌رێکی به‌رده‌وام شتێکی تر نییه.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک به‌کاتی خه‌نده‌ی لێو
خۆی پڕ ئه‌کات له موسافیری چاوبگێر
وه‌ک به‌سه‌ر په‌یژه‌دا سه‌رکه‌وێت
خۆی ده‌گه‌یه‌نێته سه‌ربانی زه‌وی،
ده‌ڵێت موسافیرانی خۆشه‌ویست
پله‌ی سه‌رما، خێرایی با، کاتژمێر به‌کاتی ئێره
جێگیرنییه،
وه‌ک ناجێگیری سه‌رسامی
وه‌ک جێژی جوانی لای ئێوه.
عاشقێکی دڵشکاو
له سوچێکی ته‌رمیناڵدا مۆسیقا لێده‌دا
بۆ ئه‌وه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری پۆست
له‌ره‌ی هه‌ناسه‌ی به‌رێت
بۆ ناشوێن.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک به‌کاتی ووتنی گۆرانی
ده‌چێت بۆ کۆڵانی لێو
بۆ گوزه‌ری قوڕگ
بۆ سه‌ر چۆمی چاو
به‌لای شاری پر له بوومه‌له‌رزه‌ی دڵدا تێده‌په‌ڕێت،
دوودڵ له‌لادان ناوه‌ستێ
تا مه‌مله‌که‌تی شیعر.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی تازه گه‌یشتوو
پڕییه‌تی له ڕۆژ
پڕییه‌تی له شه‌و
له‌به‌یانی و نیوه‌رۆو ئێواره.
موسافیری سپی، ڕه‌ش، سوور داده‌به‌زن و
جانتاکانیان پڕه له دیاری شوێن،
له خه‌یاڵی ژیان.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک به‌کاتی کۆن ده‌فیشکێنێت
به‌سه‌رده‌می کۆن دووکه‌ڵ ده‌کات
به که‌یفی خێرایی یه‌که‌مجار ڕۆیشتن ده‌ڕوات،
له هه‌موو شوێنێک پێشوازیکه‌ران ڕایده‌گرن
که‌چی فریاش ده‌که‌وێت بگاته هه‌موو جێێیه‌ک،
بێ ئه‌وه‌ی ساده‌یی ژیان بشێوێت.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک ده‌گاته شاخی هه‌ورامان
پڕه له شاعیری فه‌قیانه سپی
که له واگۆنه‌کانه‌وه ده‌ستیان ده‌رهێناوه
بۆ گرتنه‌وه‌ی گوێز
بۆ سڵاوکردن له سیا چه‌مانه.
به‌ر شۆسته‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان پڕن له ده‌غده‌غه‌ی سه‌فه‌ر،
شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان
له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌مبه‌ن بێ ئه‌وه‌ی سواربم
پڕم ده‌که‌ن له خه‌یاڵی سه‌فه‌ر بێ ئه‌وه‌ی بچم.
من گولێکی سوورم به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و چاوه‌ڕێم،
شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان
پێمده‌ڵێن ئینسان جانتایه‌که پڕ له کرم
ژیان له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبات بۆ سه‌فه‌ر
بێ ئه‌وه‌ی بیکاته‌وه تا نه‌مرێ.
شه‌مه‌نده‌فه‌رێک
وه‌ک مارێکی ترسا‌و خێرا ده‌کشێ
به‌ڵام به لووشه لووش ده‌شتێک خه‌به‌رده‌کاته‌وه،
به‌ژێر تاوه بارانه‌کاندا ده‌ڕوات.
خه‌یاڵی موسافیرێکی وه‌ک من ته‌ڕده‌کاته‌وه
که له دووری دووری دووره‌وه،
منداڵێک ده‌بینم گوێ به دڵی زه‌وییه‌وه ده‌نێت
دڵخۆشده‌بێت به‌وه‌ی ئه‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ره ده‌چێت بۆ دێکه‌یان
بێ ئه‌وه‌ی ڕێگای ئاسنی هه‌بێت.
شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان
دێن و ده‌ڕۆن
من هه‌ر وه‌ستاوم و چاوه‌رێم
کات شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان دێنی و ده‌با
منیش پیرده‌بم، به‌ڵام خه‌یاڵم منداڵ.
من هه‌ر چاوه‌رێم
تا ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی دێت و بۆ دواجار
له‌گه‌ڵ خۆی ده‌مبات،
دواتر له نیوه‌ی ڕێگا بیرم ده‌که‌وێته‌وه،
جانتایه‌که‌م له ته‌رمیناڵ به جێهێشتووه
پڕه له شیعر.