"هیچ که‌سێک هێنده‌ی خودا‌و شاعیر له‌یه‌کتری نزیک
نین، چونکه ماڵی هه‌ردووکیان له‌ناو زماندایه"
گفتۆگۆ له‌گه‌ڵ هیوا قادر
ئاماده‌کردنی: هه‌ردی مه‌هدی/ گۆڤاری "لڤین" 070120
هه‌ردی: ئێستا پاش بڕینی ئه‌و قۆناغه شیعرییانه‌ی که به‌ڕێزت پێیدا تێپه‌ڕیوی،
چۆن ئه‌ڕوانیته یه‌که‌مین هه‌نگاوه‌کانی سه‌ره‌تای شیعرنووسین و یه‌که‌مین
به‌رهه‌می شیعریت له ساڵی 1991که ناوی "چاوه‌زه‌رده‌کان" بوو؟
هیوا قادر: له دوای ڕۆژه سه‌ره‌تاییه‌کانی ڕاپه‌ڕینی 1991 ـه‌وه من به چه‌ند
هه‌فته‌یه‌ک ده‌ستمکرد به نووسینه‌وه‌ی ئه‌و دیوانه، به‌هۆی هاوڕێیه‌کمه‌وه
تابیعه‌یه‌کی فارسیم ده‌ستکه‌وتبوو خۆم له ماڵه‌وه ئه‌و دیوانه‌م نووسیه‌وه،
دواتر دووسه‌د نووسخه‌م لێ کۆپی کرد و هه‌ندێک هاورێی هونه‌رمه‌ندیشم له‌هه‌ریه‌ک
له‌و دووسه‌د نووسخه‌یه وێنه‌ی به‌رگی جیاوازیان تێدا کێشاو بڵاومکرده‌وه. ئه‌و
سه‌روه‌خته سه‌ره‌تای به حیزبیکردنی هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بوو، هه‌موو
جوانییه‌کان ده‌بوو به‌ناو هوتافات و شیعاره نیشتمانییه‌کاندا تێبپه‌ڕن، ده‌نا به
ئه‌ده‌ب حساب نه‌ده‌کرا. به‌ڵام ئه‌و شیعرانه‌ی من جیاواز له‌و هه‌راو زه‌نایه
کۆمه‌ڵێک شیعری غه‌رقبووبوون له‌ناو ڕۆمانسییه‌تدا، ئه‌و دیوانه شیعرییه‌ی من
هه‌ڵبژارده‌ی به‌رهه‌می شیعری زیاد له پێنچ شه‌ش ساڵی پێشووم بوو.
من ئه‌و کاته کوڕێکی ناو کتێبه‌کان بووم و هێنده هاوسه‌نگی نێوان ژیان و کتێبم
نه‌ده‌زانی و هێنده شاعیرانه ده‌مڕوانی ده‌مویست هه‌موو شته‌کان پێرفێکت و جوان
بن. شیعر جوانترین بوو له‌ناو هونه‌ره‌کاندا لای من و هه‌مووشته‌کانی تر لاوه‌کی،
تا ئه‌و کاته من ڕێگایه‌کم نه‌دۆزیبۆوه که له کتێبه‌کانه‌وه بمگه‌ڕێنێته‌وه
بۆ ناو ژیان. دیاره هۆکاره‌کانیش زۆربوون، یه‌کێک له‌و هۆکاره ئاشکرایانه ئه‌و
هه‌موو ترس و مه‌رگ و تۆقینه‌ی ئه‌و ڕۆژگاری جه‌نگانه‌بوون که هه‌موو شتێکی
ده‌سووتاند، ئه‌و شێوازی بیرکردنه‌وه‌و نووسینانه‌ی منیش جۆرێک بوو له
به‌رگریکردنێکی ڕۆشنبیری تاکخوازیانه له‌و ئاسته شیعرییه‌ی که من له‌وکاته‌دا
تێیدا بیرم ده‌کرده‌وه. له‌و قۆناغه شیعرییه‌ی مندا منداڵی هه‌میشه
به‌به‌رائه‌تی خۆیی و به فه‌نتازیاکانییه‌وه ئاماده‌گییه‌کی وای هه‌بوو که هه‌م
له که‌سایه‌تی خۆم و هه‌م له‌و شیعره سه‌ره‌تاییانه‌مدا وایکردبوو که له
هه‌موو هاوڕێکانم جیام بکاته‌وه. بۆیه زۆرجار هه‌م ده‌که‌وتمه به‌ر پلاری ئه‌و
شاعیره ده‌مهه‌راشانه‌ی که ژیانیان کورتکردبۆوه بۆ چه‌ند شیعار‌و هوتافاتێک، هه‌م
ده‌که‌وتمه به‌ر پلاری ئه‌و مه‌رجه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که ناسکبوونی شیعریی منیان
پێ له‌نگ بوو.
هه‌ردی: "ته‌نها منداڵییه له رۆخ جه‌هه‌نه‌مه به‌دیهێنراوه‌کانی ئینساندا توانای
خه‌وبینینی هه‌یه" له دیوانی "کیشوه‌رێک له خه‌وندا" تۆ وا ده‌ڵێیت، به جۆرێک
له جۆره‌کان بێزاریت له "ده‌سته‌ڵاتی ئایدۆلۆژی" و "جه‌هه‌نمه‌کانی ئینسان" و
هه‌مووشیان ده‌خه‌یته ئه‌ستۆی "ئاوه‌زی گه‌وره‌بوون" یان "گه‌وره‌کان". له
شیعره‌کانی هیوا قادردا ره‌خنه‌گرتن له ئایدۆلۆژیا و ڕاستییه‌کانی گه‌وره‌بوون تا
چه‌ند ره‌نگیداوه‌ته‌وه؟ شیعری تۆ ده‌ربڕی ئه‌و واقیعه بووه یان هه‌ڵهاتن و
خۆلادان بووه له ڕێگه‌ی هه‌ناسه شیعرییه‌کانته‌وه بۆ دابران له دنیای
گه‌وره‌بوون و گه‌ڕانه‌وه بۆ پاکبوونه‌وه له ڕێگای شیعره‌وه؟
هیوا قادر: ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی که تۆ هێناوته‌ته‌وه چه‌ند دێڕێکی زۆر شیعرین، واتا
گوزارشتکردنێکی زۆر شیعرییانه‌ن له دنیا، هیوادارم هه‌م تۆ و هه‌م زۆر هاورێی تر
که به‌هه‌ڵه پێشتر ئه‌م چه‌ند دێڕه‌یان لێکداوه‌ته‌وه به‌و شێوه‌یه
لێکینه‌ده‌نه‌وه که گوایه من داوای ئه‌وه ده‌که‌م که که‌س گه‌وره‌نه‌بێت و
هه‌موان با به منداڵی بمێنینه‌وه، من ئه‌مه ناڵێم. به‌ڵکه ده‌ڵێم منداڵی
به‌شێکی هه‌ره ئه‌کتیڤی به‌فه‌نتازیاکردنی دنیایه له‌لای ئینسان، هاویاری نێوان
شاعیر‌و منداڵیش هاویاری نێوان بوونه‌وه‌رێک و سه‌ره‌تای یاده‌وه‌رییه که هه‌مووی
به سه‌رسووڕمان و پرسیارکردن ده‌ستپێده‌کات. واتا منداڵ کاتێک له دا‌یک ده‌بێت
خاوه‌نی هیچ یادوه‌رییه‌کی پێشینه نییه، ئه‌و یه‌که‌م به‌ریه‌که‌وتنه‌ی خه‌یاڵی
منداڵی له‌گه‌ڵ ژیاندا به‌ریه‌که‌وتنێکه که دواتر هه‌موو فه‌نتازیاکان و
یادوه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنرێت. ئه‌م سه‌ره‌تای سه‌رسامییه‌ی منداڵ به دنیا
و نه‌خشبوونی یادوه‌رییه‌کانی ده‌بێته هۆی سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بۆ
تێڕوانینی شاعیرانه. هه‌روه‌ها ئه‌و زمانه‌ی که منداڵ قسه‌ی پێده‌کات زمانیکه
که ده‌یه‌وێت به‌و که‌مه زمانه دنیا داگیر بکات، شاعیریش به‌و هه‌موو توانای
زمانه‌وانییه‌وه‌ی که هه‌یه‌تی ده‌یه‌وێت دنیا داگیربکات. وه‌ستانی منداڵێک و
شاعیرێک له‌به‌رامبه‌ر دنیادا وه‌ستانێکی دۆنکیشۆتیانه‌یه له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو
ئه‌و شتانه‌دا که ده‌کرێت خه‌ته‌رێک بن بۆ سه‌ر جوانی. ڕزگارکردنی ئه‌و
جوانییانه‌ی که هه‌موو دیین و ئایدلۆژیا و فیکره‌کانی مرۆڤ ده‌یانه‌وێت بیکه‌نه
مژده‌یه‌ک بۆ گه‌یاندنی ئینسان به خۆشبه‌ختی.
ڕقی منیش له ئایدۆلۆژیا له دنیای کوردی‌دا، ده‌هری بوونی منه له مێژووی
گه‌وره‌بوونێک که پێیوایه به‌ئایدۆلۆژیایه‌ک ده‌توانێت دنیایه‌ک داگیربکات و
سه‌رله‌به‌ری کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌هه‌موو جیاوازییه‌کانییه‌وه ئاسووده بکات. سه‌یری
ده‌ره‌نجامی ئه‌و شێوه کارکردنه ناسیاسییه‌ی ئایدۆلۆژیا بکه له کوردستاندا که
چ موسیبه‌تیکی گه‌وره‌ی خولقاندووه. دیاره هه‌موو مرۆڤێک هه‌قی خۆیه‌تی له ڕێگای
بیروڕاکانی خۆیه‌وه به‌دوای خۆشبه‌ختیدا بگه‌ڕێت، دیاره هه‌مووشمان هه‌ر
واده‌که‌ین به‌ڵام جیاوازییه‌که له‌وه‌دایه ئایا چ خۆشبه‌ختییه‌ک تاسه‌ر
ده‌توانێت ئینسان ئاسووده بکات، به‌داخه‌وه هیچ خۆشبه‌ختییه‌کی وا له ئارادا
نییه، ته‌نها مه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته لای که‌سانی فه‌نده‌مه‌نتالستی ئایدۆلۆژی و
دینی ببینیته‌وه که خۆیان ده‌که‌ن به چه‌قی دنیا‌و چه‌قی خۆشبه‌ختی. من به
شبه‌حاڵی خۆم هه‌میشه گومانم هه‌یه له هه‌موو ئه‌و جۆره خۆشبه‌ختیانه‌ی که
پێیانوایه ته‌واوی ژیان و دنیای ئینسان له‌ناو ئه‌واندا چڕده‌کاته‌وه‌و ته‌نها
مژده‌به‌خشی خۆشبه‌ختی هه‌ر ئه‌وانن.
شتێک نییه ناوی خۆشبه‌ختی هه‌تاهه‌تای بێت، ئایدۆلۆژیایه‌ک و بیرێک نییه هێنده
جورئه‌تی زانینی هه‌بێت و بڵێت من وه‌ڵامی هه‌موو پرسیارێکی مرۆڤ ده‌ده‌مه‌وه،
ئه‌و که‌سه‌و ئه‌و ئایدۆلۆژیایه‌و ئه‌و دیینه‌ی که ئیدعای ئه‌مه‌ی کرد گومانی لێ
بکه.
من وه‌ک شاعیرێک وایده‌بینم که هه‌موو شتێک جێی گومانه، هیچ بیر‌و ئایدۆلۆژیا و
دیینێک هێنده گه‌وره‌و پیرۆز نییه که جێی پرسیار‌و گومانلێکردن نه‌بێت. هیچ
شتێکیش هێنده ئه‌به‌دی نییه که مرۆڤ تاسه‌ر پشتی پێببه‌ستێت. چونکه هه‌موو
ئه‌مانه به‌رهه‌می ترسی ئینسان خۆیه‌تی له‌به‌رامبه‌ر گه‌ڕان به‌دوای خۆشبه‌ختیدا،
وه‌ک "زیگمۆن باومان" ده‌ڵێت چه‌نده ئینسان گۆڕانی به‌سه‌ردابێت و زیاتر بزانێت
هێنده چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیشی قورسترده‌بن.
ببینه‌و سه‌یری دنیا بکه، پێشوه‌خت سه‌یری کوردستانه‌که‌ی خۆمان، هه‌م سه‌یری
مێژووی هێزی داگیرکه‌رو مێژووی هێزی ڕزگارکه‌رو حوکمڕانبکه له کوردستاندا، سه‌یری
دراوسێ "گورگ" و نابراکان بکه که له چوارده‌ورمانن. ببینه ئه‌م هه‌موو شه‌ڕو
پێکدادان و قاتوقڕیانه که له دنیادا ڕووده‌ده‌ن، ئایا ئه‌مانه به‌رهه‌می
گه‌وره‌یه‌ک نییه که توانای به فه‌نتازیکردن و جوانکردنی دنیای نه‌ماوه له
ڕێگه‌ی شه‌ڕه‌وه نه‌بێت. ئه‌وه‌ی ئه‌م دنیایه ڕزگارده‌کات ته‌نها "جوانییه"،
واتا هه‌م به‌رهه‌مهێنانی جوانی و هه‌م لێتێگه‌یشتنی و هه‌م حورمه‌تگرتنی. پێموایه
شیعریش یه‌کێکه له‌و جوانیانه که ده‌کرێت به‌قه‌ده‌ر خۆی توانای ڕزگارکردنی
دنیای هه‌بێت له‌ناو بیرکردنه‌وه‌ی ئینساندا. مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه جاریکی تر
وه‌ک ئایدۆلۆژیا جۆراوجۆره‌کان کردیان په‌یام ببه‌خشمه‌وه به شیعر، نا به‌ڵکه
نووسین ده‌توانێت ڕووناکییه‌ک بێت له‌ناو ئه‌و تاریکییه قوڵ و مێژووییه‌ی رۆحی
ئینساندا بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆی و حورمه‌تگرتنی خۆی وه‌ک ئینسان. پێموایه یه‌که‌م
کاری ئه‌ده‌بیش هه‌ر ئه‌وه‌یه که حورمه‌تبه‌خشینه‌وه‌ی ئینسانه به ئینسان خۆی.
هه‌ردی: "یادوه‌ری" تاچه‌ند له‌ناو شیعره‌کانتا ئاماده‌یی هه‌یه، ئه‌وسا ده‌شپرسین
"یادوه‌ری" لای تۆ چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
هیوا قادر: ئه‌وه‌ی خاوه‌نی یادوه‌ری نه‌بێت واتا خاوه‌نی دوێنێ نییه، ئه‌وه‌ی
دوێنێشی نه‌بێت ئه‌مڕۆی نابێت، ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆشی بینی ڕه‌نگه بتوانێت سبه‌ینێ
هی ئه‌وبێت.
مرۆڤ بێ یادوه‌ری ئه‌سته‌مه بژی، یادوه‌ری بریتییه له کۆی ئه‌زموونی تۆ له
ژیاندا، له ڕووی ئاستی ڕۆشنبیریشه‌وه ئێستای من بریتییه له درێژبوونه‌وه‌ی
یادوه‌رییه‌کی ڕۆشنبیری دوێنێ. به‌ڵام یادوه‌ری و ژیان دوو حاڵه‌تی ترن، ژیان واتا
ئێستا واتا ته‌سلیمنه‌بوون و خۆمۆڵه‌قنه‌کردن له به‌رده‌م ماناکان و شانازییه‌کانی
دوێنێدا، یادوه‌ریش واتا پیش نووسینی ئه‌م دێڕه‌و هه‌موو ڕابردوو.
یادوه‌ری شاعیرێک و یادوه‌ری پاشایه‌ک یه‌ک یادوه‌ری نین، یادوه‌ری شاعیرێک
یادوه‌رییه‌کی ڕۆشنبیرییه که هه‌میشه ڕوو له‌گۆڕان و گه‌وره‌بوونه، به‌ڵام
یادوه‌ری پاشایه‌ک یادوه‌رییه‌که که خاوه‌نی شکۆی هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی
خۆیه‌تی، هیچ ڕۆشنبیرییه‌کی ڕاسته‌قینه ناتوانێت هێنده سه‌رمه‌ستبێت به‌خۆی که
خاوه‌نی هه‌موو جوانییه‌کان بێت و جوانییه‌کانی دوای خۆی نه‌بینێت و پێشبێنی ئه‌و
جوانیانه‌ی داهاتووشی نه‌بێت که به‌ڕیوه‌ن، به‌ڵام یادوه‌ری ده‌سته‌ڵات بۆ
مانه‌وه‌ی خۆی پیویستی به‌خه‌وتنه له‌ناو شکۆکانی دوێنێیدا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت
ئه‌مڕۆش هی ئه‌وبێت.
دیاره گه‌ر یادوه‌ری وه‌ک رابردوویه‌ک سه‌یریبکه‌ین، هیچ شاعیرێک ناتوانێت خۆیی لێ
قوتاربکات، هه‌موومان ڕابردوویه‌کمان هه‌یه که وه‌ک یادوه‌ری له‌ناوماندا ده‌ژی.
هه‌روه‌ها له ڕووی زمانیشه‌وه تۆ نا‌توانیت یادوه‌ری فه‌رامۆشبکه‌یت، چونکه زمان
خۆی هه‌ڵگری جۆرێک له یادوه‌ری و بیرکردنه‌وه‌یه. تۆ چۆن ده‌توانی جوانی
فه‌رامۆشبکه‌یت که له بوونه‌وه هه‌یه، که ڕه‌گی جوانی ئه‌م ڕه‌گه درێژه‌ی
هه‌بێت چۆن ده‌توانیت ڕابردوو فه‌رامۆش بکه‌یت، به‌ڵام ده‌بێت تۆ باوه‌ڕت به
گۆڕانی ماناکانی جوانی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی سێبه‌ری خه‌ستی ڕابردوو هه‌موو به‌رچاوت
نه‌گرێت.
بۆ نموونه ئه‌وه‌ی وای له من کرد که کتێبی "سه‌فه‌رنامه" بنووسم، ویستی من بوو
بۆ کارکردن له‌ناو یادوه‌رییه‌کانی خۆمدا، هه‌م به‌یارکردنه‌وه‌ی ئه‌و
یادوه‌ریانه‌ی ڕۆژانی پێشووبوون و هه‌م ڕه‌خنه‌گرتنبوو له‌و یادوه‌ریانه‌ی که
تائێستاش له‌مندا ده‌ژین. ئه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌شی خۆشه‌ویستکرد لای خوێنه‌ری کورد
هۆی ئه‌وه‌بوو که ئه‌و یادوه‌ریانه ته‌نها یادوه‌ری من نه‌بوو، به‌ڵکه یادوه‌ری
چه‌ند وه‌چه‌یه‌ک بوو به‌یه‌که‌وه. که‌واته ده‌کرێت یادوه‌ری هێنده‌ی
یارمه‌تیده‌ربێت بۆ ڕه‌خنه‌گرتن و خوێندنه‌وه ڕابردوو هێنده جێی شکۆو
ته‌سلیمبوونی نه‌بێت.
هه‌ردی: "خودایه خودای من
ڕێمبده بتبینم ڕوتوقووت
ڕێمبده هێنده عه‌شقی گه‌وره‌یت نه‌بم و پچوکیتم خۆش‌بووێت
دوور له ترس گه‌وره‌یی تۆ بپه‌رستم..."
گه‌ر له‌م شیعره‌ته‌وه وابتخوێنمه‌وه که "عیرفان" ژانرێکی سه‌ره‌کییه له
شیعره‌کانتدا، تاچه‌ند هاوڕای ئێمه‌یت له‌م بۆچوونه‌دا، عیرفان چ کاریگه‌رییه‌کی
له‌سه‌ر شیعرت هه‌یه و چۆن عیرفان له دیدی خۆته‌وه پێ ئه‌ناسێنی؟
هیوا قادر: عیرفان بۆ من سه‌رسامبوونه به‌و پرسیارکردن و سه‌رچڵییه‌ی که له‌ناو
مه‌رج و مانا باوه‌کانی دییندا هه‌یه‌تی، نه‌ک شه‌یدابوونێکی هه‌تا هه‌تای به
دیین.
سه‌ره‌تا عه‌شقی سۆفییه‌کان و عارفه‌کان منیان زۆر سه‌رسامکرد، ئه‌و دڵکوڵانه‌ی
ئه‌وان به‌رامبه‌ر عه‌شقی خودا و پرسیاره‌کانیان له بوون تا ئاستی موچڕکه
پێداهێنان موچڕکه‌یان پێدا ده‌هێنام.
تۆ ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی دروستبوونی ته‌سه‌وفیش بکه‌یت ده‌بینیت که ته‌سه‌وف
یاخیبوونێک بووه له‌به‌رده‌م گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی‌دا، هه‌ر ئه‌م زه‌بری
یاخیبوونه‌شه وا له ده‌سته‌ڵاتی ئیسلامی ده‌کات که زۆر توندووتیژانه به‌رپه‌رچی
ته‌سه‌وف بداته‌وه‌و هه‌ندێک له مته‌سه‌وفه‌کانی وه‌ک حه‌لاج به شێوه‌یه‌کی زۆر
دڕندانه بکوژێت.
له‌به‌ر ئه‌وه عیرفان و ته‌سه‌وف چه‌نده له ناو یه‌قینی دینیدا کار ده‌کات
هێنده‌ش له‌ناو گومان و پرسیارکردندا کارده‌کات که قسه‌ی دڵی سۆفییه‌ک ده‌کاته
قسه و چاوی خودا.
به‌دیوێکی تریشدا خوێندنه‌وه‌ی من بۆ عیرفان و هاویاریم له‌گه‌ڵیدا، هه‌وڵدانه بۆ
قسه‌کردن و بینینی شته پچووکه‌کان، که پێموایه له ڕێی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شته
پچووکا‌ناوه ده‌توانین نزیکتربین له ژیان خۆیه‌وه، نزیکبین له ئینسانه‌وه.
له‌ڕێی دۆزینه‌وه‌ی جوانییه‌وه له‌ناو ئه‌و شته پچووکانه‌دا ده‌توانین چیتر
ڕازینه‌بین به‌ناشیرینبوونه‌کانی ئینسان و ئه‌و شتانه‌ی که حورمه‌تی ئینسان بوون
له ئینسان ده‌سێننه‌وه. دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شته پچووکانه واتا باوه‌شکردن به
ژیاندا‌و له‌زه‌تبردن له ئێستایه‌ک که توانای بیرکردنه‌وه‌مان هه‌یه تێیدا.
من پێموایه هیچ که‌س هێنده‌ی خودا‌و شاعیر له‌یه‌کتری نزیک نین، چونکه ماڵی
هه‌ردووکیان له‌ناو زماندایه، زمان واتا بیرکردنه‌وه‌و خه‌یاڵ. نزیکبوونه‌وه‌ی
سۆفییه‌ک و خودا نزیکبوونه‌وه‌ی هه‌ردووکیانه له‌و جه‌وهه‌ری خه‌یاڵه‌ی که له‌ناو
زماندایه. له هه‌رشوێنێک زمان و خه‌یاڵ هه‌بێت خودا‌و شیعر‌و جوانی هه‌یه.
هه‌ردی: هه‌ندێک شاعیر باس له‌وه ده‌که‌ن زمان له‌ئاست هه‌ستی شیعریاندا نییه، بۆ
تۆ "زمان" تاچه‌ند توانیوویه‌تی ته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته شیعرییه‌دا که
له‌ناختدا هه‌یه؟ به واتایه‌کی تر ئه‌وه‌ی له‌ناوه‌وه‌تدا هه‌یه توانیوته به‌و
زمانه پێی ده‌نووسیت ده‌ریببڕیت؟ لای تۆ ووشه و زمان بۆ شیعر چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
هیوا قادر: من یه‌کێکم له‌و شاعیرانه‌ی که هه‌میشه هه‌ستده‌که‌م ئه‌و گه‌نجینه
زمانه‌وانییه‌ی که هه‌مه زۆر که‌متره له‌و بینینه شیعریی و هه‌یه‌جانی
خه‌یاڵاتانه‌ی که له‌لام دروستده‌بێت. پێشموایه هیچ شاعیرێکی ڕاسته‌قینه نییه
ڕازیبێت له‌ئاست زمانی شیعری خۆیداو هه‌وڵی گه‌وره‌کردنی سنووره‌کانی زمان نه‌دات.
هه‌ر ئه‌مه‌شه ئه‌و شه‌ڕه به‌رده‌وامه‌ی که شاعیران ده‌یکه‌ن له‌ئاست نووسین و
ئه‌زموونی یه‌ک له‌دوای یه‌کی خۆیاندا. تۆ که باس له شیعر ده‌که‌یت واتا باس له
جه‌وهه‌ری خه‌یاڵی زمان ده‌که‌یت، ئه‌م چڕبوونه‌وه‌یه ته‌نها له شیعردا هه‌یه،
بۆ ئه‌وه‌ی تا تواناهه‌یه مه‌ودای زیاتر‌و زیاتر ببه‌خشیت به هه‌مه‌ره‌نگی
خوێندنه‌وه‌ی شیعرێک.
چۆن ڕه‌هابوون بۆ سۆفییه‌ک ته‌نها گه‌یشتنه به خودا، ئاواش نووسینی شیعرێک بۆ
شاعیرێک ته‌نها گه‌یشتنه به ڕه‌هابوونی له ناو زماندا. ئه‌م پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌ش
بۆ گه‌یشتن به جه‌وهه‌ر پێویستی به‌به‌رده‌وامی و گه‌ڕانه، چۆن حه‌لاج خودا به
چاوی دڵ ده‌بینێ، ئاواش شاعیر شیعر به چاوی زمان ده‌بینێت. به‌ڵام هه‌میشه‌ش
خه‌یاڵی زمان ناتوانێت له زماندا وه‌ک خۆی چۆنه جێگیربێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و خاڵه‌یه
که هه‌میشه شاعیران هه‌ست به یه‌ئس و بێده‌سه‌ڵاتی ده‌که‌ن له‌به‌رامبه‌ریدا.
خه‌یاڵی شیعری هه‌میشه وه‌ک گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونێک وایه به زمان که هه‌رگیز
نا‌توانیت وه‌ک خۆی چۆنه ئاوا باسیبکه‌یت و بیگێڕیته‌وه. بۆیه من دوای هه‌موو
شیعرێک تووشی یه‌ئس ده‌بم و هه‌ستده‌که‌م ئه‌مه ئه‌وه نییه که من خوازیاریبووم
بیڵێم.
شتێک نییه ناوی شیعربێت له‌ده‌ره‌وه‌ی زمان، بۆیه ئه‌م گه‌ڕانه به‌ناو زماندا
گه‌ڕانه به‌دوای شیعردا، ئه‌مه‌ش وای له نزیکی کاری شیعر‌و دین کردووه که
هه‌ردووکیان به‌دوای جه‌وهه‌ردا بگه‌ڕێن، به‌ڵام دوو جه‌وهه‌ری جیاواز یه‌کیکیان
که شیعره جه‌وهه‌رێکی ڕاڕاو فره مانایه ئه‌ویتریشیان که دینه جه‌وهه‌ری خۆی
له‌ناو یه‌قیندا ده‌دۆزێته‌وه. خۆ ڕه‌نگه سه‌ره‌تای دوژمنایه‌تی پێغه‌مبه‌ری
ئیسلام له‌به‌رامبه‌ر شاعیران‌دا له‌م ڕووه‌وه‌بێت.
تکایه وا تێمه‌گه من شیعر هێنده پیرۆزڕاگرم که هیچ شتێکی تر له‌و
پیرۆزترنه‌بێت، نا، ته‌نها مه‌به‌ستم گه‌یاندنی وه‌ڵامه‌که‌ی خۆمه بۆ پرسیاره‌که‌ی
تۆ. هیوادارم توانیبێتم بۆت ڕوونبکه‌مه‌وه.
هه‌ردی: مه‌نفا بۆ تۆ چ مانایه‌ک و پێناسه‌یه‌کی هه‌ڵگرتووه؟
هیوا قادر:
مه‌نفا ڕاکردنه به‌پێی خۆت بۆسه‌ر خاچ
بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هیچ زه‌وییه‌ک نه‌مریت
که تازه نیشتمان جارێکی تر هی تۆ نییه.
من له نێوان نیشتمان و مه‌نفادا
ماڵی ووشه هه‌ڵئه‌بژێرم بۆ مردن،
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه قه‌برێکم هه‌بێت له کتێبێک‌دا لێینووسرابێت:
ئه‌ی مانگ
من کوڕی تۆم
من کوڕی به‌ته‌نها جێماوی تۆم
له‌سه‌ر زه‌وی.
هه‌ردی: ئه‌توانین بڵێین باڵێکی سه‌ره‌کی شیعره‌کانت شیعری خۆشه‌ویستین و ته‌ڕی و
ناسکی و نیانیان ڕه‌نگه پێناسه‌نه‌کرێ، به زمانی خۆت نه‌بێ. چی له پشتی ئه‌م
ئیحساسه گه‌ورانه‌وه هه‌یه که له شیعره‌کانتدا ئه‌یبینین، که له دنیایه‌کدا
ململانێ و ئاژاوه‌و جه‌نگ و ڕق ته‌نیوویه‌تی، چیت داوه له‌م نه‌رمی و ناسکییه‌ی
خۆشه‌ویستی؟ یان چۆن ئه‌تپه‌رژێته سه‌ر ئه‌م کایه ناسکه؟ بۆ ئێستا مرۆڤی کورد
خۆشه‌ویستی و نیانی تاچه‌ندێک ده‌بێته پێویستی؟
هیوا قادر: له پشتی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که تۆ باسیانده‌که‌یت من هه‌م، من و
خه‌ونه‌کانم و ته‌مه‌ناکانم. ده‌زانم من هه‌میشه دۆڕاوم، به‌ڵام من له ڕێگای
دۆڕاندنی خۆمه‌وه وه‌ک عاشقێک و شاعیرێک زیاتر هه‌ست به به‌هاو ئینسان بوونی خۆم
ده‌که‌م.
ڕاسته ژیان ناشیرینه، جه‌نگ و ماڵویرانی زۆرن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا من
جگه له عه‌شق شتی تر شک نابه‌م، من هه‌میشه هه‌ستده‌که‌م عاشقم، که
جامۆڵکه‌یه‌ک ئاو ده‌نێم به‌سه‌رمه‌وه هه‌ستده‌که‌م هه‌موو شینای ئاسمانیشی
له‌گه‌ڵدا ده‌خۆمه‌وه، من له راستیدا تینووی ژیانم، ته‌نها به‌رگری منیش
له‌به‌رده‌می ئه‌م هه‌موو هێرشه ناشیرینانه‌دا ته‌نها عه‌شقه. ده‌زانم عه‌شقی من
بۆ چڵی گیا دنیا ڕزگار ناکات، به‌ڵام خۆ وێرانیشی ناکات. من سۆپرمان نیم، من
شاعیرێکی عاشقم.
ده‌ستۆیفسکی ده‌ڵێت: ئه‌م جیهانه ته‌نها به جوانی ڕزگارده‌کرێت. پێموانییه
عاشقبوون به‌شێکی گه‌وره‌نه‌بێت له جوانی. بۆیه به‌قه‌ده‌ر قه‌باره‌ی خۆم ده‌ستم
له جوانکردن و ڕزگارکردنی دنیادا هه‌یه.
هاورێم من بۆیه هاوارناکه‌م، چونکه عاشقم، له‌به‌رئه‌وه‌ی عه‌شق پێویستی به
هاوار کردن نییه. ناشیرین‌ترین و دڕنده‌ترین بوونه‌وه‌ری سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه
ئینسانه گه‌ر عاشقنه‌بێت.
هه‌ش به‌سه‌ر ئه‌و ئینسانه‌ی که خۆشه‌ویستی به پێداویستییه‌کی ئینسان بوونی خۆی
نازانێ. من و تۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کمان هه‌یه هه‌میشه دژی ناسکی و جوانییه، چونکه
عه‌شق دژی ماناکانی ئازایه‌تی و پیاوه‌تی ده‌وه‌ستێته‌وه. کارکردن به‌و
مانایانه‌ی پیاوه‌تی و ئازایه‌تی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا ڕۆژانه ده‌ستیان هه‌یه
له هه‌لاهه‌لاکردن و کوشتنی جوانیدا، هه‌میشه پیاوکوژێک و پیاوێکی زه‌بروه‌شێنی
بیرنه‌که‌ره‌وه له کۆمه‌ڵگه‌که‌ی من و تۆدا قه‌دری له ڕۆشنبیرێک و شاعیرێک
زیاتره. ئه‌م هه‌موو گوێنه‌دان و لاموبالاتی و هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتی نه‌کردنه
که ڕۆژانه ده‌یبینین هۆکاری چییه؟! جگه له نه‌بوونی عه‌شق و لێبووردن و
خۆشه‌ویستی. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک نه‌توانیت حورمه‌تی عاشقێک زیاتر بگرێت له جه‌لادێک،
کۆمه‌ڵگه‌یه‌که جگه له‌یه‌کترازاندن و فه‌وتاندن شتێکی تر چاوه‌ڕوانی ناکات.
هاوڕێم ده‌زانم، موسیبه‌تی عاشق له‌وه‌دایه که بێ ده‌سه‌ڵاترین که‌س ده‌توانێت
بیشکێنێت. بۆیه هه‌میشه که‌سی عاشق که‌سێکی دۆڕاوه. به‌ڵام که‌سێکه هه‌میشه
زیاد له هه‌موو که‌سێکی تر موماره‌سه‌ی ئینسان بوونی خۆی ده‌کات.
موسیبه‌تی گه‌وره‌ش له‌وه‌دایه که تۆ عه‌شق ته‌نها پچووکبکه‌یته‌وه بۆ که‌سێک،
ده‌کرێت ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ فێربوونی عه‌شق، به‌ڵام عاشقبوون دنیایه‌کی زۆر
فراوانتره، کارکردنه له‌ناو ڕۆحی خۆتدا، خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن به ڕۆشنبیرییه‌کی
هه‌مه‌لایه‌نه که به‌ره‌و شه‌فافییه‌تت به‌رێت عه‌شقه، ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی
هه‌ستی خۆت بۆ تێگه‌یشتن و ناسینه‌وه‌ی جوانی و لێبووردن، ئه‌مانه هه‌موویان
عه‌شقن، گوێگرتن له مۆسیقا عه‌شقه، پیاسه‌کردن عه‌شقه، نزیکبوونت له سروشت
عه‌شقه، به‌گشتی حورمه‌تگرتنی ژیان بۆ خۆی عه‌شقه.
هه‌ردی: سه‌حه‌ری ڕه‌سایی بۆ تۆ چ مانایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت؟ "ئه‌و که‌سه‌ی له
مه‌ریوان خۆشتده‌وێت ڕه‌ساییه"؟ ئه‌توانی له‌سه‌ر دوابه‌رهه‌متان له‌گه‌ڵ سه‌حه‌ری
ڕه‌سایدا "بۆنی شه‌راب له هه‌ناسه‌م دێت" که‌مێک بدوێیت؟
هیوا قادر: به‌ڵێ، ئه‌و که‌سه‌ی له مه‌ریوان خۆشمده‌وێت، سه‌حه‌ری ره‌ساییه.
"رۆژێک دێت کچێکم له‌م شاره خۆشده‌وێت" ئه‌م شیعره‌م بۆ سه‌حه‌ری ره‌سایی
نووسیوه. سه‌حه‌ر هه‌م هاوسه‌رمه‌وه‌و هه‌م هاورێ، هه‌م ڕه‌خنه‌گرێکی بێ
چه‌ندووجوونی نووسینه‌کانم.
"بۆنی شه‌راب له هه‌ناسه‌م دێت"، ناوی ئه‌و کتێبه هاوبه‌شه‌ی من و سه‌حه‌ره،
ئه‌م کتێبه وه‌ک کایه‌ی ئه‌ده‌بی به ئه‌ده‌بی نامه ناوزه‌دده‌کرێت. دیاره ئه‌م
کایه‌یه له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا هه‌ر زۆر هه‌ژاره تا ئاستی نه‌بوون، هۆکاره‌که‌شی
زۆر به ساده‌یی په‌یوه‌ندی به داخراوی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و هه‌ڵنه‌که‌وتووی
ئیندڤیده‌وه هه‌یه، واتا تاکێک که بتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی کۆ ژیان باس
له عه‌شقی خۆی و بیرکردنه‌وه‌کانی خۆی بکات له‌به‌رامبه‌ر دنیادا، به‌بێ گرنگیدان
به مه‌رجه قورسه‌کانی کۆمه‌ڵگه. له هه‌موو کۆمه‌ڵگه کراوه‌کانی دنیادا
ئه‌ده‌بی نامه کایه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندو به‌هه‌یبه‌تی وایه که خوێنه‌رانێکی
بێشووماری له‌خۆی کۆکردۆته‌وه.
ئه‌وه‌ی وای له من و سه‌حه‌ر کرد وه‌ک دوو نووسه‌ر ئه‌م نامانه‌ی خۆمان له
کتیبێکدا چاپبکه‌ین، هه‌م شه‌وقی ئێمه‌بوو بۆ ئه‌م کایه ئه‌ده‌بییه و هه‌میش وه‌ک
چیرۆکنووسێک و شاعیرێک له‌و ڕێگایه‌وه باسمان له ئه‌زموونی ژیان و تێڕوانینی
خۆمان کردووه له‌به‌رامبه‌ر عه‌شق و چاوه‌ڕوانی و ئه‌ده‌ب و فیکر‌و شته وورده‌کانی
تری ناو ژیان. له‌م سه‌ردانه‌شمدا بۆ کوردستان، زیاتر له نزیکه‌وه هه‌ستمکرد که
ئه‌م کتێبه خوێنه‌رێکی زۆری هه‌یه، دیاره ئه‌وه‌ش بۆ من و سه‌حه‌ر جێی
خۆشحاڵییه. وه‌پێشموایه گرنگیدان به‌م کایه ئه‌ده‌بییه گرنگیدانه به بۆچوونه
جیاوازه‌کانی ئینسان خۆی.
- ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه له گۆڤاری لڤین ژماره 52
بڵاوبۆته‌وه.