وه‌ک چۆن هیچ دینێک ناتوانێت بێ خودا بژی،
ئاواش هیچ ئه‌ده‌بێک ناتوانێت بێ ئینسان بژی.
گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ هیوا قادر
ئاماده‌کردنی: زمناکۆ بورهان قانع
زمناکۆ بورهان قانع: گه‌ر سه‌ره‌تای دیداره‌که‌مان به چوونه ناوه دنیای شیعری تۆ ده‌ستپیبکه‌ین، واهه‌ستده‌که‌م که خوێنه‌ری جدی کاتێک که قه‌سیده‌کانی تۆ ده‌خوێنێته‌وه ڕاسته‌وخۆ په‌لکێشده‌کرێته نێو جیهانێکی پڕ له ته‌سه‌وف و لێوان لێو له حاڵه‌تی عیرفانی، تۆ ئاشنای ده‌که‌یت به کۆمه‌ڵێک موفره‌ده‌ی سه‌رنج ڕاکێش که پێشتر شاعیرانی دی به‌کاریان نه‌هێناوه یاخود نه‌یانتوانیوه وه‌ک تۆ ئیش له‌سه‌ر ته‌سه‌وف و موناجات و عیرفان بکه‌ن).. ئه‌م هه‌موو گرنگیدانه‌ی تۆ بۆ ئه‌و جۆره قوڵبوونه‌وه‌یه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ده‌کرێت پێمانبڵێیت هیوا قادر به‌رده‌وام له‌نێو تێکسته‌کانیدا وجودی هه‌یه وه‌ک کاره‌کته‌ر؟ یان ته‌نها ڕۆڵی حیکایه‌تخوانێک ده‌بینێت؟
هیوا قادر: شیعری من، دنیای خۆم و خه‌ون و ته‌مه‌ناکانی خۆمه، بۆ من گرنگ نییه له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆم تۆ چۆن ته‌عریفی من ده‌که‌یت، چونکه من تۆی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌خه‌مه ناو به‌شیعریکردنی دنیاوه، تۆ یا قبوڵم ده‌که‌یت یان نا، ئیدی ئه‌وه تۆیت دواتر ته‌عریف بۆ من داده‌نێیت له‌ڕێی تێگه‌یشتنی خۆت و خوێندنه‌وه‌ی خۆته‌وه بۆ شیعره‌کانم، نه‌ک من، چونکه کاری من ڕاکردنه له هه‌موو چوارچێوه ڕامکراو و ته‌عریفکراوه‌کان، کاری من پێشاندانی جوانی و ناشیرینی نییه بۆ تۆی خوێنه‌ر، کاری من ڕاکردنه وه‌ک ئینسانێک له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که ده‌یانه‌وێت ئینسان بوونی من له کۆتایدا له چوارچیوه‌یه‌کدا به‌ندبکه‌ن و سنوور بۆ ئازادیی و تێڕوانینی من دابنێن، کاری من وه‌ک شاعیرێک هه‌میشه ڕه‌نجکێشانه له‌ناو هه‌مه‌دیووی زماندا، چونکه ئه‌و دیوه‌ی که من خۆمی تێداده‌بیم و له‌زه‌تی لێده‌بینم له شیعرێکدا، ڕه‌نگه هه‌مان ئه‌و دیوه نه‌بێت که تۆ وه‌ک خوێنه‌رێک خۆت و دنیای خۆتی تێدا ده‌بینیته‌وه، شیعر وه‌ک چوونه ناو ژوورێکی سیحریی وایه که پڕه له ئاوێنه، تۆ تاچه‌ند په‌ی به خه‌یاڵی زمان به‌ریت هێنده زیاتر ده‌توانیت بێ ژماره ڕووبه‌ری جیاوازی ئاوێنه‌کان ببینیت،
من پێموایه خه‌یاڵی ئینسان پڕه له ئاوێنه، شیعریش مه‌مله‌که‌تی ئاوێنه‌کانه، مه‌مله‌که‌تی ئه‌و خه‌یاڵ و ته‌مه‌نا و پرسیارانه‌یه که ئینسان له‌تاو ته‌نهایی و شه‌یدایی خۆی له‌ڕێی ئه‌و زمانه‌ی که قسه‌ی پێده‌کات و بیری پێده‌کاته‌وه به‌دوای ئه‌و نهێنیانه‌دا ده‌گه‌ڕێت که له‌پشتی ئینسان بوونی خۆیه‌وه‌یه‌تی.
ئاشنابوونی من به دنیای عیرفان و ته‌سه‌وف له باوه‌ڕبوونمه‌وه نییه به ته‌نها حه‌قیقه‌تێک، به‌ڵکه زیاتر له‌م قۆناغه شیعریه‌ی که ئێستا پێی ده‌نووسم و پێشده‌چێت ئیدی وه‌ک ئه‌زموونێک له دوای خۆمه‌وه وورده وورده به‌جێیبهێڵم و شێوازێکی نوێتر بدۆزمه‌وه بۆ نووسین، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌بووه له‌وێوه خۆم جارێکی تر به دنیا بناسێنمه‌وه و به‌دوای خۆمدا بگه‌ڕێم. من پێموانییه له توانای هیچ که‌سێکدا هه‌بێت خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه‌ی شاعیرێک پێناسه‌بکات، گه‌ربیشیکات ئه‌وا پێناسه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی و کامڵ نابێت. چونکه شیعر بۆخۆی کاری پێناسه‌کردنی دنیا و شته‌کان نییه، به‌ڵکه کاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و تیکشکانی پێناسه‌کانه، هه‌ر ئه‌مه‌شه که وا له شیعر ده‌کات وه‌ک جه‌وهه‌رێکی زمان هه‌میشه زیندووبێت. لای من پێناسه‌ی ژیان و بوون له قه‌سیده‌یه‌که‌وه بۆ قه‌سیده‌یه‌کی تر ده‌گۆڕێت، بۆیه ناشکرێت تۆ من له‌ناو ته‌نها بۆچونێکدا قه‌تیسبکه‌یت، چۆن ژیان پڕه له قۆناغی هه‌مه‌جۆر و له‌یه‌کنه‌چوو، هه‌ر ئاواش قۆناغی شیعری زۆرینه‌ی شاعیران پڕه له‌و هه‌مه‌ڕه‌نگییه، چونکه تۆ نا‌توانیت ته‌نها له دیوێکه‌وه ئینسان و ژیان بناسیت و ئه‌زموونی بکه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین دیوه نادیار و سه‌یره‌کانی ئینسان و ژیان بناسیت ده‌بێت بێ ژماره ئه‌زمونی جیاواز و بیرکردنه‌وه‌ی جیاواز و دیدگای جیاواز تاقیبکه‌یته‌وه، چونکه ژیان ڕۆیشتن نییه به‌ته‌نها ڕێگایه‌کدا، به‌ڵکه ڕۆیشتن و تاقیکردنه‌وه‌ی سه‌دان و هه‌زاران ڕێگای له‌یه‌کنه‌چووی تره، ئه‌وه‌ی به ته‌نها ڕێگایه‌کدا ده‌ڕوات و ڕازییه، که‌سێکه ده‌ستبه‌رداربووه له به‌شێکی زۆری ئازادی خۆی، چونکه ئه‌سته‌مه تۆ له دیوێکه‌وه هه‌موو دنیا و هه‌موو ژیان و ئینسانه‌کان بخوێنیته‌وه و که‌چی هه‌ست به ته‌واوی ئازادیش بکه‌یت. دۆزینه‌وه‌ی ئازادی شاعیر دۆزینه‌وه‌ی هه‌مه‌جۆری و له‌یه‌کنه‌چوویی ماناکان و تێڕوانینه‌کانه بۆ ژیان.
من پێموایه که شاعیران ده‌بێ سیفه‌تی ئاویان هه‌بێت، خۆیان بگۆڕنه سه‌ر بوونیک که بتوانن به‌شداری له هه‌موو بوونه‌کانی تردا بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی فریای ئه‌وه بکه‌ون له‌م سه‌فه‌ره کورته‌ی ژیاندا زۆرترین تێگه‌یشتن و زۆرترین سه‌رسوڕمان بژین، بۆ ئه‌وه‌ی له کۆتایدا هه‌ست بکه‌ن تا سنووری تواناکانی خۆیان توانیویانه له ڕێگه‌ی زمانه‌وه سه‌رله‌نوێ دنیایان به‌چه‌شنی جیاواز شیعراندۆته‌وه، که زه‌بره‌کانی ژیانی ئاسای نه‌یتوانیوه وردووهاژیان بکات و ئه‌وانیش ته‌سلیم بکات به‌و مه‌رجانه‌ی که ئازادییه‌کان له ئینسان زه‌وتده‌کات.
من پێموایه ئه‌و کاته‌ی که شاعیرێک ته‌سلیم به حه‌قیقه‌تێک ده‌بێت، له‌و کاته‌وه ئیتر پرۆسه‌ی به‌کۆیله‌کردنی خه‌یاڵی شیعریی خۆی داده‌ڕێژێت و حه‌قیقه‌ته‌کانی تری ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌خاته ناو خانه‌ی دژه‌وه. چونکه شاعیر ته‌نها کاتێک ده‌توانێت له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تێک ئیشبکات که هه‌میشه گومانی له‌و حه‌قیقه‌ته هه‌بێت و پرسیاری لیبکات، من پێموایه شاعیر بۆیه شیعر ده‌نووسێت بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت من ده‌توانم ئینسانێکی ئازادبم، هه‌ر ئه‌م بیرکردنه‌وه قوڵه‌یه له ئازادیی که شاعیر و شیعریش دروستده‌کات، ناکرێت منی شاعیر هه‌میشه به‌و پێناسه شیعرییه‌ی که تۆی خوێنه‌ر بۆ منی ده‌که‌یت ڕازیبم، که‌گوایه من شاعیرێکم ته‌نها سه‌ر به دنیای عیرفان و ته‌سه‌وفم. ڕاسته من قۆناغێکی شیعریم کارکردنه له‌و دنیایه‌دا، به‌ڵام به دیدی تایبه‌ت به خۆم و به‌خه‌یاڵی دنیای شیعریی خۆمه‌وه، به‌ده‌ر له یاسا‌و ڕێسا دینییه‌کانی ته‌سه‌وف خۆی.
من هه‌میشه شاعیری خۆمم، له‌شیعریشدا هه‌میشه باسی خۆم ده‌که‌م، باسی ئه‌و ئینسانه ده‌که‌م که خۆمم، هه‌رگیز من نه‌متوانیوه له شیعرێکدا له ده‌ره‌وه‌ی خۆم باسی شتی تر بکه‌م، چونکه هه‌ستده‌که‌م من تا ئه‌و کاته هه‌م که له ژیاندام و ده‌توانم بیربکه‌مه‌وه و خه‌یاڵم هه‌بێت، دوای خۆم وه‌ک جه‌سته ئیتر شیعره‌کانم هه‌ن، که ئه‌وانیش ئه‌و دیوانه‌ن که تۆ وه‌ک خوێنه‌رێک ده‌ته‌وێت سه‌یری منیان لێوه بکه‌یت، که ڕه‌نگیشه من خۆم زۆر له‌و دیوانه‌م نه‌بینیبێت یان درکم پێنه‌کردبن. دواتر ئیتر ئه‌وه خوێنه‌ره که شاعیر چه‌ندان جاری تر له ڕێی خوێندنه‌وه جیاوازه‌کانی خۆیه‌وه بۆ شیعره‌کانی وێناده‌کاته‌وه.
شیعر له‌ناو کایه جیاوازه‌کانی تری ئه‌ده‌بدا کایه‌یه‌که به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر زیاتر له‌وانی تر نزیکتره له شاعیر خۆیه‌وه. بۆیه گه‌ر "من" وه‌ک ڕاناو و وه‌ک مانا و بیرکردنه‌وه و جه‌وهه‌ر له‌شیعری مندا ده‌ربهێنیت هه‌موو پایه‌کانی به‌سه‌ریه‌کدا ده‌ڕوخێن.
ئه‌و ڕۆژه‌شی که بێزاربووم له‌باسکردنی خۆم، هه‌وڵده‌ده‌م له‌کایه‌یه‌کی تری ئه‌ده‌بیدا بنووسم تا بتوانم باسی تۆ بکه‌م و لێته‌وه نزیکبمه‌وه. دیاره من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌نییه که بڵێم منی شیعری نابێت به تۆی ڕاڤه‌که‌ر و خوێنه‌ر، نه‌خێر قسه‌ی من لێره‌دا ئاستی پیشاندانی دوور و نزیکی شاعیره له خۆیه‌وه که زیاتر له شیعردا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت به‌راورد به کایه‌کانی تری ئه‌ده‌بی.
هه‌میشه شیعر بۆ من ئه‌و ئاگره سیحرییه‌یه که له‌ژێر به‌خۆڵه‌مێشبوونی خۆمه‌وه نووستووه، هه‌رچ کاتێکیش ئاگرم تێبه‌ربۆوه ئیدی ده‌ستده‌که‌مه‌وه به باسکردنی خۆم و دنیا و شیعر ده‌نووسم. پێشموایه گه‌ر من ئه‌م نهێنیه‌م له ڕێگه‌ی شیعرنووسینه‌وه نه‌دۆزیایه‌ته‌وه ڕه‌نگبوو هه‌رگیز نه‌متوانیایه ببم به شاعیر و ڕه‌نگیش بوو نه‌متوانیایه دواتر له‌کایه جیاوازه‌کانی تری ئه‌ده‌بدا بنووسم.
زمناکۆ بورهان قانع: ئه‌مه ته‌نها قسه‌ی من نییه و نووسه‌ران و خوێنه‌ران کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که تۆ زیاتر وه‌ک شاعیرێک ناسراویت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم پێموایه له‌چه‌ند کایه‌یه‌کی تردا به‌هه‌مان ئه‌و عه‌شقه‌ی که بۆ شیعر هه‌تبووه له‌نێو ئه‌و کایه جیاوازانه‌شدا هه‌ر که‌سیکی ئه‌کتیڤ بوویت.. ئیتر له بواری ڕۆمانووسینه‌وه بیگره تاده‌گات به نووسینی سه‌فه‌رنامه و هونه‌ری فۆتۆگراف و ئه‌ده‌بی نامه (له‌گه‌ڵ سه‌حه‌ر ڕه‌سایی هاوڕێ و هاوسه‌رتا...). پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایه پێتوایه که هه‌موو نووسه‌رێک ده‌بێت له ده‌رگای چه‌ند کایه‌یه‌کی نووسین بدات و ئیش له کۆمه‌ڵێک کایه‌ی ئه‌ده‌بیدا بکات؟ یان ته‌نها ئه‌وه ئیشی نووسه‌ره جدییه‌کانه؟ بیرمان نه‌چێت به‌ختیار عه‌لی کۆدێتایه‌کی جوانی کردووه به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری کوردی‌دا.. لێره‌وه تۆش ده‌کرێت له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌که‌ی خۆت بدوێیت..
هیوا قادر: من ناتوانم نه‌خش بۆ هیچ شاعیر و نووسه‌رێکی تر دابنێم، ناشتوانم بڵێم ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند کایه‌یه‌کدا توانی کاربکات و بنووسێت، ئیدی نووسه‌رێکی جدییه، هه‌رگیز ئه‌وه قسه‌ی من نییه.
خۆت ده‌زانیت نووسین کارێکی زۆر خۆییه، من پێموایه هیچ کارێک به‌بێ خه‌ون و ته‌مه‌نا ناتوانێت به‌رده‌وام بێت، ئه‌م فره کارکردنه‌ش په‌یوه‌ندی به سنووره‌کانی خه‌ونی نووسه‌ره‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی به که‌نالیزه‌کردنی ئه‌و هه‌موو ئاڵۆزیانه‌ی ئینسانیشه‌وه هه‌یه که نووسه‌ر دواتر ده‌یانگوێزیته‌وه بۆ ناو پرۆسه‌ی نووسین، هه‌موو ئه‌م فره کارییه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه نووسه‌ر بتوانێت سه‌فه‌ری جۆراوجۆری خۆی له‌ناو ژیان و زماندا درێژه‌پیبدات.
ئه‌م هه‌مه‌کارییه په‌یوه‌ندی به ته‌ماح و هه‌وڵدان و داگیرکردنی نووسه‌ره‌وه هه‌یه بۆ دنیا، هه‌وره‌ها په‌یوه‌ندی به‌و کونبینی و گوزارشتکردنه جیاوازانه‌شه‌وه هه‌یه که نووسه‌ر له کایه له‌یه‌کنه‌چوو جیاوازه‌کانی ئه‌ده‌بدا ده‌یانکات، چونکه هه‌ر کایه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی بۆ من چێژێکی جیاواز و تایبه‌تی خۆی هه‌یه که هیچیان له‌وی تریان ناچن، کاره ئه‌ده‌بییه‌کانیش وه‌ک جیاوازی هاورێکان و دۆسته‌کان و خۆشه‌ویسته‌کان وان، به‌ڵام به کۆ ده‌بنه ئه‌زموونی نووسه‌ر له نووسین و ژیانیدا.
ڕاسته من به شیعر ده‌ستمپێکرد و ئێشتاش له‌پاڵ هه‌وڵدانم بۆ نووسین له کایه‌کانی تردا هه‌ر شیعر ده‌نووسم، من هه‌میشه پێش هه‌رشت شاعیرم، وه‌ک شاعیرێک ئه‌ده‌بی نامه و ڕۆمان و چیرۆکی منداڵان وتار ده‌نووسم، وه‌ک شاعیریکیش کاری فۆتۆگراف و وه‌رگێڕان ده‌که‌م. وه‌ک شاعیرێکی هه‌میشه شه‌یداش ڕۆژانه چه‌ند سه‌عاتیک گوێ له مۆسیقا ده‌گرم، پیاسه‌ده‌که‌م، سه‌ماده‌که‌م، ده‌گریم، سه‌یری فلم ده‌که‌م، توڕه‌ده‌بم و ده‌قیژێنم و تاریک ده‌بم و خه‌م داگیرمده‌کات. ئه‌مانه هه‌موویان منن. ئینسان که هه‌وڵیدا دیوه جیاوازه‌کانی خۆی بناسێت ئه‌وکاتیش هه‌وڵده‌دات له‌چه‌ند ڕوویه‌کی جیاوازه‌وه گوزارشت له خۆی بکات، ڕه‌نگه ئه‌مه هۆکارێکبێت بۆ ویستی من بۆئه‌وه‌ی له‌چه‌ند کایه‌یه‌کدا کاربکه‌م، هه‌موو ئه‌م شه‌ڕانه‌ی من و هه‌وڵدانه‌کانم ڕه‌نگه ترسێکی گه‌وره‌شبن له ونبوون و دیارنه‌مان، من زۆر له مردن ده‌ترسم، هه‌موو ساتیک بیری لێده‌که‌مه‌وه، بیرکردنه‌وه له مردن وه‌ڕسی کردووم، دیاره ده‌زانم ده‌بێت بمرم، به‌ڵام بۆ؟ من ناتوانم به هیچ لۆژیک و وه‌ڵامێک ڕازیبم له‌به‌رده‌م مردن‌دا، من هه‌رگیز مردن به‌هه‌ق نازانم، ڕه‌نگه هۆی ئه‌وه‌شبێت که ده‌مه‌وێت هه‌میشه عاشقبم، چونکه هه‌ستده‌که‌م ئینسان ته‌نها به عه‌شق ده‌توانێ له مردن بباته‌وه.
من شاعیرم، بۆیه ناتوانم هه‌میشه قایلبم به‌و لۆژیکه عه‌قڵی و دینی و زانستیانه‌ی که بۆ مه‌رگی ئینسان ده‌کرێت. هه‌روه‌ها ده‌زانم که هیچ شتێک ئه‌به‌دی نییه، شوێن هیچ کات وه‌ک خۆی نامینێته‌وه، ته‌نها یادوه‌رییه که بۆ ماوه‌یه‌کی زه‌مه‌نی شوێن و ئینسانه‌کان له‌ناو خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت و دواتر ئه‌ویش کۆتای پێدێت.
لێره‌وه ترسی من له مه‌رگ ترسی فه‌وتانی یادوه‌رییه، ئه‌و کاته‌ی یادوه‌ری نه‌ما ئه‌وکات مه‌رگ به ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر ئینساندا سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت، من له ڕێگه‌ی شیعره‌وه هه‌ستده‌که‌م به‌پێی قه‌باره‌ی خۆم ئه‌و یادوه‌رییه دژ به مه‌رگ دروستده‌که‌م که باس له ژیان و ئینسان ده‌کات، ده‌بینیت هه‌موو هونه‌ره‌کان و کایه‌کانی ئه‌ده‌ب له‌شه‌ڕێکدان دژ به مه‌رگ، شه‌ڕێک که تا ئینسان بمێنێت به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌ڵام له‌لایه‌کی تره‌وه ده‌بینیت دیین ئه‌م شه‌ڕه ناکات چونکه دیین مه‌رگی ئینسان به هه‌قێکی خودایی ده‌زانێت له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵگری مژده‌ی دوای مه‌رگیشه،
من پێموایه بوونی مه‌رگ له‌پشتی دروستبوونی هه‌موو دینه‌کانه‌وه‌یه، چونکه گه‌ر ترسی مه‌رگ نه‌بوایه ڕه‌نگه دینه‌کانیش نه‌بوونایه، لێره‌وه دین ده‌یه‌وێت وه‌ک یادوه‌رییه‌کی هه‌میشه‌یی و دیفاعکه‌رێکی گه‌وره له مه‌رگی ئینسان له نێوان خۆی و خودادا بمێنێته‌وه و هه‌ڵگری ئه‌و مژدانه‌بێت که ترسی مه‌رگ لای ئینسانه‌کان که‌م ده‌کاته‌وه یاخود هه‌ر نایهێڵێت.
به‌ڵام هونه‌ره‌کانی ئینسان خاوه‌نی ئه‌م مژدانه نین، به‌ڵکه خاوه‌نی له‌زه‌تی تێگه‌یشتن و گه‌یشتن به نهێنی جوانین، نه‌ک مژده‌یه‌کی هه‌تاهه‌تایی. خاوه‌نی ئه‌و پرسیاره ئه‌زه‌لیانه‌ن که هیزی ئینسان له‌ته‌یکردنی گه‌ڕان به‌دوای جوانی و خۆشبه‌ختیدا پیشان ده‌ده‌ن.
ڕه‌نگه هۆی ئه‌م هه‌موو په‌لکیشانی خه‌یاڵاتانه‌ی خۆم بێت له بوون و له ئینسان که وایان لێکردبم هه‌وڵبده‌م له زۆر کایه‌ی ئه‌ده‌بیدا بنووسم، هه‌وڵبده‌م زۆرترین یادوه‌ری له ڕێگه‌ی نووسینه‌کانمه‌وه دروستبکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم زیاتر ببینم و زیاتریش دژ به مه‌رگ بجه‌نگم، ڕه‌نگه واش نه‌بێت نازانم! زه‌حمه‌ته بۆ من په‌ی به‌م ئاڵۆزیانه به‌رم و وه‌ڵامێکی کۆنکرێتی تۆ بده‌مه‌وه. ئاخر خۆ هه‌ر ئه‌م پرسیار و سه‌رسوڕمانانه‌شه واملێده‌کات که به‌رده‌وام له فکری نووسینی جۆربه‌جۆردابم بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم په‌ی به‌زۆرترین ئه‌و نهێنیانه به‌رم و له‌ڕێی دروستکردنی ئه‌و یادوه‌رییانه‌وه له‌گه‌ڵ مه‌رگی خۆمدا بجه‌نگم.
زمناکۆ بورهان قانع: ئایا ئه‌و فاکته‌رانه چین که شاعیرێک یان ڕۆمانووسێک یاخود ڕۆشنبیرێکی کورد ئیفلیج ده‌کات له خه‌ونی بوون به نووسه‌رێکی جیهانی؟ پێده‌چێت هه‌ندێک له‌و فاکته‌رانه زمان و جوگرافیابن.. ئه‌گه‌رچی گومان له‌وه‌دانییه که نوسه‌رانی کورد بۆ خۆیان دیوارێکی کۆنکرێتی ئه‌ستوور له چوارچێوه‌ی خۆیان دروستده‌که‌ن و به‌شدارن له‌و دۆخه که‌مخوێنییه مه‌عریفییه‌دا که تێوه‌ی گلاون..
هیوا قادر: من پێموایه ڕێگر زۆرن له‌به‌رده‌م نه‌توانینی ئه‌ده‌بی کوردیی و نووسه‌ری کورد دا بۆ ناساندنی ئه‌ده‌بی کوردی وه‌ک ئه‌ده‌بێکی جیهانی.
با سه‌ره‌تا بێێنه سه‌ر فاکته‌ره ئاشکراو دیاره‌کان. پێش هه‌رشت زمانی کوردی له ڕووی سیاسی و جوگرافیاوه زمانێکی ئازاد نییه، واتا زمانێکی کراوه نییه له‌به‌رده‌م دنیادا، به‌ڵکه زمانێکه که تائێستاش ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی گه‌وره‌ی نه‌بووه که توانیبێتی له زۆر ڕووه‌وه ئه‌م زمانه به دنیا بناسێنێت، بۆ نموونه ئه‌م زمانه خاوه‌نی ده‌سته‌واژه‌ی بازاڕ و ته‌کنه‌لۆژیا و فکر نییه، هه‌روه‌ها زمانیک نییه هه‌ڵگری قورساییه‌کی کلتووریی و مه‌عریفی وابێت که وه‌ک مه‌رجه‌ع بۆی بگه‌ڕێیته‌وه. یاخود زمانێک بێت بێ گوناه و حه‌رامکردن له‌به‌رده‌م هه‌موو وتراوێکدا ئازا و جه‌سوربێت. هه‌ره‌وه‌ها تا ئێستاش ئه‌م زمانه خاوه‌نی زمانیکی ستانداردی یه‌کگرتوو نییه و به هه‌ردوو پیتی عه‌ره‌بی و لاتینی ده‌نووسرێت.
زمانێکه میلله‌تێکی ژێر ده‌سته قسه‌ی پێده‌کات و بیری پێده‌کاته‌وه که زۆرینه‌ی قسه‌کردنێکی زاره‌کییه نه‌ک قسه‌کردن و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی نووسراو واتا تێکست، زمانێک نییه خاوه‌نی دینێکی جیهانی بێت وه‌ک زمانی عه‌ره‌بی که دینی ئیسلامی پێ نووسراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها زمانێک نییه که خاوه‌نی ده‌یان و سه‌دان ناونیشانی نووسراوی کۆنبێت، ئه‌مانه و ده‌یان نموونه‌ی تر که من لێره‌دا فریای باسکردنیان ناکه‌وم.
ئه‌م زمانه‌ی که نووسه‌ری کورد پێێ ده‌نووسێت، شانسی گه‌یشتنی به دنیا له زمانی عه‌ره‌بی و تورکی و فارسی زۆر که‌متره، دیاره ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر ده‌یخاته پشتی ئه‌و ئه‌گه‌ری ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی که ڕه‌نگبێت بۆ ئه‌و سێ زمانه‌ی تر ئاسانتربێت که بتوانن له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و کلتورییانه‌وه خۆیان بخه‌نه ناو ئه‌و کێبه‌رکێ گه‌وره‌یه‌ی بازاڕی کتێبی جیهانییه‌وه.
دیاره ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ناو بازاڕی کتێبی جیهانی ئه‌و ڕه‌خنه‌گر و ده‌زگا کلتوری و چاپخانه و میدیایانه‌ن که له‌ڕێی ئه‌وانه‌وه به‌رهه‌مه‌کانی نووسه‌رانی دنیا ده‌ناسرێن و بڵاوده‌بنه‌وه. تۆ له دنیای کوردی‌دا نه خاوه‌نی ده‌زگای کلتوری وایت، نه خاوه‌نی میدیایه‌کی کلتورناس و عاقڵیت، نه‌خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیت که ئه‌ده‌بیات و کلتوور به هه‌ره گرنگترین پله‌ی شانازییه‌کانی شوناسی خۆی بزانێت، هه‌روه‌ها بوونی زمان وه‌ک بوونی نه‌ته‌وه دابنێت، ئه‌مانه و ده‌یان هۆکاری خه‌مهێنه‌ری تر.
ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌ش نییه گه‌ر هاتوو ئێمه ئه‌م هۆکارانه‌مان نه‌هێشت ئیتر خێرا ئه‌ده‌بیاتی کوردی بتوانێت بچێته ناو ئه‌و بازاڕه‌ی دنیاوه، نه‌خێر ئه‌مه ته‌نها به‌شێکی ڕوواڵه‌تیانه‌ی کیشه‌که‌یه و پێموایه پێویستی به پرۆسه‌یه‌کی دوورودرێژ و کارکردنێکی زۆر هه‌یه، دواتر تۆ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ترت هه‌یه ئه‌ویش که‌می و نه‌بوونی به‌رهه‌می داهێنه‌رانه‌یه له ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا. به‌رهه‌مێک که هه‌ڵگری قورساییه‌کی کلتوریی موتربه‌کراو به فکری دنیا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌رێک له‌ده‌ره‌وه‌ی دنیای کوردییه‌وه به ئاسانی بتوانێت تیبگات و چێژ له خوێندنه‌وه‌ی ببینێت. سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش تا ئێستا ئێمه هیچ پڕۆژه‌یه‌کی جدی و خۆڕاگرمان نییه بۆ وه‌رگیڕانی به‌شێک له‌و به‌رهه‌مانه، که ئه‌مانه هه‌مووی کێشه‌ی گه‌وره‌ن، گه‌ر ئه‌م کارانه کرا ئه‌و کات ئه‌و که‌سانه‌شی که ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی کوردی هیچی که‌م نییه له ئه‌ده‌بی دنیا وه‌ڵامی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان وه‌رده‌گرنه‌وه و له ڕاستی و دروستی ئه‌و بۆچوونانه‌یان ده‌گه‌ن. که تۆ ده‌ڵێ ئه‌ده‌بی کوردی هیچی که‌م نییه له ئه‌ده‌بی دنیا، مه‌به‌ستت له ئه‌ده‌بی چ میلله‌تێکه؟ گه‌ر مه‌به‌ستت ئه‌ده‌بی ئه‌وروپابێت، ئه‌وا ئه‌مه‌یان ڕاست نییه، گه‌ر مه‌به‌ستت له ئه‌ده‌بی میلله‌تانی وه‌ک تورک و فارس و عه‌ره‌ببێت ئه‌مه‌شیان تاڕاده‌یه‌ک هه‌ر ڕاست نییه، چونکه هه‌رکام له‌و سێ میلله‌ته له ئه‌وروپادا به ملیۆنان دۆلار ساڵانه له‌ڕێگای ده‌زگای بڵاوکردنه‌وه‌ی تایبه‌ته‌وه سه‌رفده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شانسی ئه‌وه‌یان هه‌بێت ئه‌ده‌بی خۆیان بخه‌نه ناو بازاڕی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌وروپاوه و ببنه لایه‌نێک له‌به‌رده‌م ئه‌و کێبه‌رکێ گه‌وره‌یه‌ی که له بازاڕی کتێب‌دا هه‌یه. وه نووسه‌رانی سه‌ر به‌و سێ زمانه ساڵانه ده‌یان ڕۆمان و نووسراوی داهێنه‌رانه‌یان وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر زمانه زیندووه‌کانی دنیا، که‌چی هێشتاش به‌ته‌واوه‌تی ناتوانن بچنه ناو ئه‌و کیبه‌ركێیه‌وه‌ی که ناوی بازاڕی کتێب و ئه‌ده‌بی جیهانییه، ئیتر تۆیه‌ک که هیچ کام له‌و هه‌وڵانه‌ت نییه چۆن وا ده‌ڵێیت.
هه‌نگاوی یه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی پێش هه‌رشت وێنه‌یه‌ک به‌رایی ئه‌ده‌بی دنیات له‌به‌رده‌مدا دروستبێت تۆ ده‌بێت له وڵات‌دا خاوه‌نی هه‌زاران ناونیشانی کتێبی وه‌رگێراوی باوه‌ڕپێکراوبیت له زمانی عه‌سڵی ئه‌و میلله‌تانه‌وه‌ی که به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانیان به به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و فکری مرۆڤایه‌تی داده‌نرێن. بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت له ده‌ره‌وه‌ی دنیای کوردییه‌وه چی هه‌یه، چونکه به‌ڕاستی وه‌رگیڕانی ئه‌ده‌بیاتی دنیا بۆ زمانی کوردی یه‌کێکه له‌هه‌ره هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌کان بۆ ناساندنی ئه‌ده‌بی دنیا و به‌راوردکردنی به ئه‌ده‌بی کوردیی.
یه‌کێک له هه‌ره فاکته‌ره جدی و گرنگه‌کانی تر که بۆته ڕێگر له‌به‌رده‌م ناساندنی ئه‌ده‌بی کوردی به دنیا ئه‌وه‌یه که ئه‌ده‌بی کوردی ئه‌ده‌بێکه ئینسانی تێدا نییه، له کاتێکدا ئه‌ده‌ب به‌رهه‌مێکی ئینسانییه و ته‌نهاش هه‌ر بۆ ئینسان ده‌نووسرێت.
زۆرینه‌ی قۆناغه‌کانی ئه‌ده‌بی کوردی پابه‌نده به مه‌رجی مێژووی و سیاسی تایبه‌ته‌وه و پڕه له پرسیاری هه‌نووکه‌یی ئه‌و سه‌روه‌ختانه، ئه‌و سه‌روه‌ختانه‌ی که ئه‌ده‌ب ئینسانی داتاشیوه بۆ ئینسانێکی خاوه‌ن په‌یامی شیعارپه‌روه‌ر و ئایدۆلۆژیست، ئه‌ده‌بێک که جگه له په‌خشانهۆنینه‌وه و هه‌ندێک په‌یامی سیاسی هه‌ژارانه شتێکی تری بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا به‌جێنه‌هێشتووه.
ئه‌وه‌ی شیعری نالی و مه‌حوی و هه‌ندێک له شاعیرانی کلاسیکی کوردی تا ئێستا هێشتۆته‌وه باسکردنی ئینسان و پرسیاره وجودییه‌کانه لای ئه‌و شاعیرانه، که خوێندنه‌وه‌یان له‌ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌نی به سیاسی کراوه‌وه‌یه، گه‌ر تۆ بته‌وێت خوێنه‌رێک له کیشوه‌ریکی تر و له‌ناو میلله‌تیکی دووره‌ده‌ستی تردا بتخوێنێته‌وه، ده‌بێت به‌چه‌شنێک باسی ئینسان بکه‌یت که ئه‌و خۆیی تێدا ببینێته‌وه، ده‌نا تۆ نا‌توانیت ئه‌و خوێنه‌ره ببه‌یته‌وه، به‌داخه‌وه هه‌ره به‌شی زۆری ئه‌ده‌بی کوردی له ئینسان به‌ده‌ره بۆیه نا‌توانیت به دنیای بناسێنیت، وه‌ک چۆن هیچ دینێک ناتوانێت بێ خودا بژی، ئاواش هیچ ئه‌ده‌بێک ناتوانێت بێ ئینسان بژی. ئه‌ده‌بی داهێنه‌رانه ئه‌و ئه‌ده‌به‌یه که ئینسان تێیدا له چه‌قدا وه‌ستاوه، پرسیاره وجودییه‌کانی هه‌مان پرسیاری ئینسانه‌کانی تره له هه‌رچ کوێیه‌کی دنیادا بژی. نه‌بوونی ئینسان له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا گه‌وره‌ترین کێشه‌یه که ناتوانێت له به‌رده‌م ئه‌ده‌بیاتی دنیادا خۆی بناسێنێت. بۆ ئه‌وه‌ی تۆ له ئه‌ده‌بدا باس له ئینسان بکه‌یت، ده‌بێت له‌هه‌وڵی ناسینی ئینساندا بیت، ئه‌مه‌ش به هۆشیارییه‌کی گه‌وره و ڕۆشنبیرییه‌کی فراوانه‌وه ده‌کرێت، تۆ تا چه‌نده ئاستی هۆشیاریت به‌رزتربێت هێنده زیاتر ده‌توانیت له ئینسان نزیکتربیته‌وه، وه پێچه‌وانه‌که‌شی دیاره که دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له ئینسان.
بۆ نموونه ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی شێرزاد حه‌سه‌نی له‌ناو ئه‌و قیژه قیژ و په‌یامانه‌ی ئه‌ده‌بیاتی هه‌فتاکان و هه‌شتاکاندا به‌زیندوێتی هێشته‌وه باسکردنی شێرزاد بوو له به‌های ئینسانی کورد وه‌ک ئینسان، دیاره له ئه‌ده‌بی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی تریشدا ئێمه هه‌بووین، به‌ڵام ئینسان نه‌بووین، به‌ڵکه وێنه‌ی که‌سێکی ئایدۆلۆژیست و گه‌شبین و پاڵه‌وان بووین، که له‌ڕاستیدا وانه‌بووین، چونکه ئێمه ئه‌و سه‌روه‌خته هه‌مووگیانمان شکست و نه‌هامه‌تی بوو.
من نمونه‌یه‌کی ترت بۆ دێنمه‌وه، بۆ نمونه له‌و نووسه‌ره کوردانه‌ی که زۆرینه‌ی به‌رهه‌می شیعریی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی ئه‌وروپی، ڕه‌نگه شێرکۆ بێکه‌س بێت، شێرکۆ بێکه‌س یه‌کێکه له شاعیره گه‌وره‌کانی ئێمه، کاتێک خوێنه‌رێکی ئه‌وروپی شێرکۆ بێکه‌س ده‌خوێنێته‌وه وه‌ک خوێنه‌رێکی کورد له‌زه‌تی لێنابینێت، ئه‌و خوێنه‌ره ته‌نها ئه‌و شیعرانه‌ی ده‌خوێنێته‌وه که پرسیاری ئینسانی تێدایه، واتا ئینسانی تێدایه، که ڕه‌نگه لای زۆرینه‌ی خوێنه‌ری کورد به پێجه‌وانه‌وه‌بێت، ئه‌مه‌ش جیاوازی هۆکاری تێڕوانینی نووسه‌ر و خوێنه‌ره بۆ ئه‌ده‌ب، دیاره هه‌ر ئه‌م تێڕوانینه جیاوازه‌ش ئاستی جیاوازی و دوور و نزیکی ئێمه ده‌ستنیشانده‌کات بۆ به‌های ئینسانبوون له ئه‌ده‌بدا.
پرسیار له‌وه‌دایه که تۆ چۆن باسی ئینسان ده‌که‌یت له ئه‌ده‌بدا؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره جه‌وهه‌ریه‌یه که ئه‌ده‌بی زیندوو له ئه‌ده‌بی بازاڕی و ڕۆژانه جیاده‌کاته‌وه.
هه‌روه‌ها کیشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی تر هه‌یه له‌لای ئێمه که پێویسته باسبکرێت ئه‌ویش به‌های پیرۆزیدانه به ده‌قی نووسراو، واتا ده‌بێت تێکستی نووسراو شیاوبێت و له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه تێکده‌رنه‌بێت ده‌نا نابێت بخوێنرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌به‌ر ترسی باسنه‌کردنی ئه‌و هه‌موو تابۆ و حه‌رامانه‌یه له ناو ئه‌ده‌بێکی به تێکستکرا و نووسراودا، ئه‌م زمانه که خاوه‌نی ئه‌م هه‌موو حه‌رامکردنه‌بێت چۆن ده‌توانێت ئه‌ده‌بێکی پیبنووسرێته‌وه که خوێنه‌رانی دنیا به‌بێ هه‌ستکردن به چه‌پاندن و پچوککردنه‌وه‌ی ئینسان بتوانن بیخوێننه‌وه، ئه‌م زمانه داخراوه که زمانی کوردییه، ده‌بێت وه‌ک ژیان کراوه‌بێت، ده‌نا ناتوانرێت وه‌ک ئینسانیکی کراوه بیری پیبکه‌یته‌وه و پێی بنووسیت. زمان وه‌ک ئینسان وایه پیویستی به هه‌مان ئازادیی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بژی و گوزارشتبکات له هه‌موو شتێکی نه‌وتراو پێش شته وتراوه‌کان. چونکه له‌به‌رده‌می ئه‌ده‌ب و پرسیاره وجودییه‌کانیدا هیچ شتێک هێنده پیرۆزنییه که شایسته‌ی ڕه‌خنه‌لێگرتن و قسه‌له‌سه‌رکردن نه‌بیت.
دیاره من لێره‌دا ناتوانم ده‌ستبخه‌مه سه‌ر هه‌موو ئه‌و شکست و هۆکارانه‌ی که واده‌که‌ن ئه‌ده‌بی کوردی نه‌توانێت وه‌ک ئه‌ده‌بێکی جیهانی خۆی به خوێنه‌رانی دنیا بناسێنێت، ئه‌م فاکته‌رانه‌ی که منیش لێره‌دا باسمکردن هه‌ندێک فاکته‌ری ئاشکراو دیارن، که له‌پشتی هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه ده‌یان خوێندنه‌وه و بیروڕای جیاوازی تر هه‌ن.
زمناکۆ بورهان قانع: ئاشکرایه که هه‌ر شاعیرێک له‌ژێر کاریگه‌ری کۆمه‌ڵێک کاره‌سات و ڕووداودا شیعر ده‌نووسێت و به‌رده‌وام خودی شیعریش به‌شداره له وه‌زیفه‌ی ئاره‌مبه‌خشین به هزری شاعیر، له‌پاڵ هه‌موو ئه‌مه‌نه‌دا شیعر تا ئێستا سه‌دان ته‌عریفی له خۆگرتووه و هه‌ر شاعیرێک به‌پێی ئه‌زموونی خۆی ئه‌و ڕووداوانه‌ی نێو ژیانی که ده‌بنه هۆی نووسینی شیعره‌که پێناسه‌ی شیعره‌که ده‌که‌ن، لێره‌دا ده‌مه‌وێت بزانم که له‌ژێر کاریگه‌ری چ شتێکدا بیرۆکه‌ی قه‌سیده‌یه‌ک لای تۆ له‌دایک ده‌بێت و پێناسه‌ی شیعر لای تۆ چییه؟ ئایا له ڕێی شیعره‌کانته‌وه به‌ده‌ر له‌و دونیا پڕ له‌ته‌سه‌وف و حاڵه‌ته عیرفانییه ده‌ته‌وێت چ خیتابێک بگه‌یه‌نیت به موته‌له‌قی؟
هیوا قادر: پرسیاره‌که‌ی تۆ وایلێکردم بیر له‌یه‌که‌م نووسینی شیعری خۆم بکه‌مه‌وه، من منداڵێکی تا بڵێی موته‌حه‌یربووم له‌به‌رده‌م هه‌موو شتێکدا، ئاسایی بوو من ڕۆژێکی دوور و درێژ دوای مێرووله‌یه‌ک بکه‌وم بۆ ئه‌وه‌ی تێیبگه‌م بزانم چیده‌کات، سه‌رسامبوونی به هه‌موو شتته‌کانی ده‌وروبه‌رم له قۆناغێکی منداڵیمدا تا ئه‌و ئاسته گه‌یشت که ده‌تووت به‌ده‌م خه‌وه‌وه ده‌ڕۆم کاتێک خۆم ده‌دایه ده‌ست خه‌یاڵاته‌کانی خۆم و بۆ دوورترین شوێن ده‌ڕۆیشتم، من زۆر له‌زه‌تم له‌خه‌یاڵکردن و به‌فه‌نتازیاکردنی دنیاوه ده‌بینی، دنیام سه‌رله‌نوێ له خه‌یاڵی بێگه‌رد و بێ گوناهی خۆمدا دروستده‌کرده‌وه، له‌دڵی خۆمدا بۆ ئه‌و گه‌ورانه ده‌گریام که توڕه‌ده‌بوون و له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا شه‌ڕیان ده‌کرد، وه‌ک پێغه‌مبه‌رێکی پچکۆله که ده‌سه‌ڵاتی هیچی نییه خه‌یاڵی خۆی نه‌بێت ده‌مویست هه‌موو دنیا جوان بکه‌م، ده‌مویست هه‌مووشتێک هێمن و ڕێک و ئارامبێت، له دڵی خۆمدا گه‌وره‌کانم له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا ئاشتده‌کرده‌وه، منداڵه وڕکگرتووه‌کانم ده‌خسته‌وه پیکه‌نین و یاریکردن. له‌پی ده‌ستی منداڵه ده‌م به‌هه‌نسک و گرینۆکه‌کانم پڕده‌کرد له پاره‌ی وورده، گوڵم ده‌دایه‌وه له یه‌خه‌ی ژیان، ده‌می مامۆستا جنێوفرۆشه‌کانم پڕده‌کرد له پێکه‌نین... به‌ڵام من له ڕاستیدا نه‌مده‌توانی ئه‌و کارانه‌بکه‌م به‌ڵکه هه‌موو ئه‌وانه خه‌یاڵی خۆم بوون، له‌وده‌مه‌وه ئیتر دڵ یه‌شانی من له ژیان ده‌ستی پێ‌کرد، خۆشم منداڵێک بووم بێ ئه‌ندازه دڵم ناسک بوو، بێ ئه‌ندازه هه‌ستمده‌کرد پێویستم به خۆشه‌ویستی هه‌مووانه.
له‌و سه‌روه‌خته‌دا زۆر حه‌زم له وێنه‌کێشان بوو، هه‌ستمده‌کرد ته‌نها وێنه‌کێشان له‌زه‌تێکم ده‌داتێ که له هه‌موو یارییه‌کانی تر خۆشتربێت، زۆر سه‌رسامبووم به ڕه‌نگه‌کان و تێکه‌ڵکردنیان به یه‌کتری، ئه‌م حه‌زکردنه‌م به ڕه‌نگ وایلێکردم حه‌ز له گۆڤاری منداڵان بکه‌م، رۆژانه‌که‌م پانزه فلس بوو ده‌مدا به گۆڤارێکی منداڵان که به زمانی عه‌ره‌بی بوو ناوی (المجلتی) بوو، من عه‌ره‌بیم نه‌ده‌زانی، به‌ڵام خه‌یاڵم هاوکاریده‌کردم تا له‌ڕێی وێنه‌کانه‌وه چیرۆکه‌کان سه‌رله‌نوێ دروستبکه‌مه‌وه و تێیانبگه‌م. یه‌که‌م نه‌خشی خۆشه‌ویستیم بۆ کتێب و خوێندنه‌وه لێره‌وه ده‌ستیپێکرد، دواتر ده‌ستمکرد به له‌به‌رکردنی شیعری زۆرینه‌ی شاعیره کلاسیکییه‌کان، ڕه‌نگه سه‌دان دێڕم له دڵی خۆمدا له‌به‌رکردبێت، ئه‌گه‌رچی له زۆرینه‌شیان نه‌ده‌گه‌یشتم، به‌ڵام هه‌ستمده‌کرد مۆسیقایه‌کی تێدایه که پڕه له ڕه‌زمێکی دڵخۆشکه‌ر. ئه‌م له‌به‌رکردنی شیعرانه وایانلێکردم منیش بیر له نووسینی شیعر بکه‌مه‌وه. به‌خۆم ده‌ووت منیش بۆ وه‌ک ئه‌وان شیعر نه‌نووسم ؟! ئه‌مه یه‌که‌م پرسیاری من بوو له‌ئاست موته‌حه‌یربوونمدا به‌رامبه‌ر به شاعیرانی کلاسیکی، دواتر به دزی و شه‌رمه‌وه چه‌ندان دێڕم نووسی به‌ڵام وه‌ک شیعره‌کانی ئه‌وان جوان نه‌بوون، بۆیه شاردمنه‌وه و هه‌رگیز نه‌مهێشت که‌س بیان بینێت. ناچار که‌وتمه خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی ڕوانگه، شیعره‌کانی شێرکۆ بێکه‌س و له‌ته‌یف هه‌ڵمه‌ت و عه‌بدوڵا په‌شێوم ده‌خوێنده‌وه، رۆژێکیان له‌گه‌ڵ هه‌ستکردن به گوناهێکی زۆر که‌وتمه هه‌ڵبژاردنی چه‌ندان دێڕ له شیعری جوانی ئه‌و شاعیرانه. دواتر نیودێڕی شیعره‌کانیانم به‌یه‌که‌وه نووساند و له هه‌موو ئه‌و دێڕه جیاوازانه شیعرێکم دروستکرد، زۆر دڵم پێێخۆش بوو، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتیش‌دا هه‌ستم به گوناهێكی گه‌وره ده‌کرد که ئه‌و شیعره‌ی من دروستمکردبوو هی ئه‌وان بوو نه‌ک هی من. خولیای حه‌زکردن به نووسینی شیعرێک و بوون به خاوه‌نی شیعرێک وازی لێ نه‌ده‌هێنام، چه‌ندان جار تێکه‌ڵکردنی ئه‌و دێڕ و وێنه‌ی شیعریانه‌م ده‌هێنا و شیعرێکی ترم لێ دروستده‌کردن، به‌ڵام هیچ کاتیک جورئه‌تی ئه‌وه‌م نه‌بوو پیشانی هیچ که‌سێکی بده‌م وپێی بڵێم که شیعرێکم نووسییوه. تا ڕۆژێکیان هه‌واڵێ شه‌هیدبوونی کوڕه مامێکم گه‌یشت و من بۆ یه‌که‌مجار شیعرێکم نووسی که هیچ دێڕێکی هی هیچ شاعیرێکی تر نه‌بوو، بۆ یه‌که‌مجار به کوڵ بۆ شیعرێکی خۆم گریام که نوسیبووم. له‌وێوه زیاد له ماوه‌ی سێ ساڵ من هه‌ر به دزییه‌وه ده‌منووسی و پیشانی که‌سم نه‌ده‌دا، تا ئه‌و رۆژه‌ی بۆ یه‌که‌مجار عاشقبووم و جورئه‌تی عه‌شق وای لێکردم شیعره‌کانم پیشانی هاورێکانم بده‌م. ئه‌مه سه‌ره‌تای نووسینی شیعری من بوو.
من ناتوانم هیچ ته‌عریفێک بۆ ئه‌م سه‌ره‌تایه دابنێم، بڵێم بۆچی شیعرم نووسی و ده‌ستم له وێنه‌کێشان و وه‌رزش و سیاسه‌ت هه‌ڵگرت و ئه‌ده‌ب بوو به جدیترین کاری من له ژیاندا، به‌داخه‌وه من وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م له‌لانییه. ئه‌م نهێنییه زۆر له‌و یادوه‌ریانه‌ش کۆنتر و پڕ ته‌لیسمتره که ئێستا من له‌بیرمن و بۆ تۆیان ده‌گێڕمه‌وه، ئه‌مانه هه‌مووی ئه‌و نهێنیانه‌ن که له پشتی نووسینه‌وه‌ن و ئینسان ناتوانێت ده‌ست بخاته سه‌ر هه‌ره هۆکاره راسته‌قینه‌کانیان. ڕه‌نگیشه بۆ ئه‌وه شیعرم نووسیبێت بۆ ئه‌وه‌ی دنیا به‌جوانی و بێگه‌ردی ڕابگرم، نازانم....
له‌ڕاستیشدا ناتوانم کۆنکرێت پێتبڵێم له‌ژێر کاریگه‌ری چ حاڵه‌تێکدا قه‌سیده‌یه‌ک له‌لای من دروستده‌بێت، جاری واهه‌یه شاعیر چه‌ندان قه‌سیده ده‌نووسێت بۆ ئه‌وه‌ی بگات به نووسینی قه‌سیده‌یه‌کی کامڵ و ته‌واو، من له‌م ڕۆژانه‌دا دوای چه‌ند جار گوێگرتن له قه‌سیده‌ی "ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌مرم باران له په‌نجه‌ره‌که‌م ده‌دات" بۆم ده‌رکه‌وت که یه‌که‌م هه‌وڵی من بۆ نووسینی ئه‌م قه‌سیده‌یه له ڕۆژه‌کانی ڕاپه‌ڕیندا بوو، به‌ڵام ئه‌و کاته نه‌متوانی ئاوا کامڵ بینووسم، به‌ڵکه ته‌نها شیعرێکم نووسی که باسی ئه‌وه‌م ده‌کرد "گه‌ر بکوژرامایه چی ڕوویده‌دا"، به‌ڵام دواتر دوای دوانزه ساڵ من ئه‌و شیعره‌م به‌کامڵی نووسییه‌وه، بۆیه هه‌ندێک جار بیرۆکه‌ی نووسینی شیعرێک له‌گه‌ڵ عومردا درێژده‌بێته‌وه تا کاتی نووسینی، هه‌روه‌ها هه‌ندێک جاریش بیرۆکه‌ی خێراڕه‌وت و تیژپه‌ڕدێت و ده‌بێته هۆی نووسینی قه‌سیده. هه‌ندێ جاریش شاعیر خۆی داده‌نیشێت و شیعرێک ده‌نووسێت که ده‌یه‌وێت، ئه‌مانه هه‌موویان په‌یوه‌ندیان به باری ڕۆشنبیری و ده‌روونی شاعیره‌که‌وه هه‌یه.
به‌ڵام من له ئه‌زموونی خۆمه‌وه فێری ئه‌وه‌بووم که تا ئه‌زموونی شاعیر ده‌وڵه‌مه‌ندتر و کامڵتربێت، زیاتر له‌و ساته خێراتێپه‌ڕ و کورتخایه‌نانه دورده‌که‌وێته‌وه و پڕۆسه‌ی نووسین ده‌گۆڕێته سه‌ر پڕۆسه‌یه‌کی مه‌عریفی، من هه‌رگیز له‌و جۆره شاعیرانه نیم که خێرا ڕووداوێک ده‌یان هه‌ژێنێت و ده‌نووسن، هه‌ر بۆیه‌شه به‌رهه‌می شیعری من له‌چاو ته‌مه‌نی نووسینمدا به‌ژماره که‌من. موسته‌حیله بهێڵم تۆ وه‌ک خوێنه‌ر شیعرێکی من ببینیت ئه‌گه‌ر خۆم سه‌د ده‌ر سه‌د لێێ ڕازینه‌بم.
من هه‌میشه ئه‌و کاتانه‌ی که ده‌نووسم دڵم زۆر ته‌نگه، وه‌ک ئه‌وه‌ی نهێنییه‌کانی هه‌موو دنیا تۆڕێکی ته‌نک دایپۆشیبێت و من بتوانم دیوی ئه‌و دیوی ئه‌و تۆڕه ته‌نکه ببینم، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که هه‌ستده‌که‌م توانای گرتن و بینینی نادیار و مه‌حاڵم هه‌یه، ئه‌وکاتانه کاتی نووسینی شیعری منن، ئه‌وکاتانه‌شی که ده‌نووسم هه‌ستده‌که‌م من له هه‌موو مرۆڤاکانی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وی جیاوازترم، بۆیه هه‌ست به‌ته‌نیاییه‌کی غه‌ریب و ترسناک ده‌که‌م، من پێشوه‌خت ده‌زانم که ده‌بێ بنووسم، بۆیه له‌م ساتانه‌دا پێویستم به ته‌نهایی و بێده‌نگی و مۆسیقا هه‌یه، هه‌رگیز نامه‌وێت له ساتی نووسیندا که‌س بمبینێت، وه‌ک "ئامۆس ئۆز" ده‌ڵێت: نووسین له‌لای من وه‌ک موماره‌سه‌کردنی سێکس وایه که پیویستی به فه‌نتازیایه‌ک هه‌یه که ته‌نها هی ئه‌و ساته‌یه. دیاره قۆناغه‌کانی نووسین لای هه‌ر نووسه‌رێک جیاوازی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، وه هه‌ر قۆناغێکیش هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک مانا و پێناسه‌ی جیایه بۆ ئه‌ده‌ب و دنیا و ئینسان.
خۆشه‌ویستی من بۆ ئینسان، وای له شیعری من کردووه که زیاتر له شیعری ته‌سه‌وفه‌وه نزیکبێت، من "مته‌سه‌وفیکی بێ خودام" گه‌ر بکرێت وابڵێم، چونکه خودای من ئینسانه. من زۆر گرنگییه‌کی تایبه‌ت به شته وورده‌کان ده‌ده‌م، چونکه هه‌ستده‌که‌م گرنگیدان به شته وورد و نادیاره‌کان له ئه‌ده‌بدا زیاتر ئه‌ده‌ب ده‌به‌نه‌وه باوه‌شی ژیان، بۆیه هه‌میشه من ده‌مه‌وێت باوه‌ش به ژیاندا بکه‌مه‌وه. ته‌سه‌وف لای من پردێک نییه بۆ گه‌یشتن به خودا، به‌ڵکه پردێکه بۆ گه‌یشتن به ئینسان، به‌و هه‌موو شته ووردانه‌ی که له‌ده‌وروبه‌ری ئینسانن و به‌های جوانی به ژیانی ئینسان ده‌ده‌ن.
من خاوه‌نی هیچ په‌یامێک نیم، نووسین لای من په‌یام نییه، چونکه کردنی نووسین به په‌یام واتا به‌پیرۆزکردنی نووسین، واتا ده‌ستنیشانکردنی جوانی و ناشیرینی، واتا به ئایدۆلۆژیکردنی ئه‌ده‌ب، که دواتر له‌ڕێگه‌ی ئه‌م به په‌یامکردنه‌وه ئه‌و ئینسانانه‌ی تری پێ زه‌لیلده‌کرێت که باوه‌ڕیان به‌و په‌یامه نییه.
ئه‌ده‌ب هه‌میشه سه‌رسوڕمانی ئینسانه له بوون، پرسیاری ته‌نهایی خۆیه‌تی له ژیاندا، گه‌ڕانه به‌دوای ئه‌و پرسیارانه‌دا که بوونی ئینسان له ژیاندا ده‌ستنیشانده‌که‌ن، سه‌رهه‌ڵبڕینی ئینسانه له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و نهێنیانه‌ی وجودا بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه ئینسان بچێته‌وه ناو چه‌قی ئه‌و پیرۆزیانه‌ی که ئینسانی تێدا ده‌رکراوه، چونکه هیچ شتێک له ئینسان پیرۆزترنییه له ژیاندا، پیرۆزی ئینسان له‌سه‌روو پیرۆزی هه‌موو پیرۆزییه‌کانی تره‌وه‌یه.