بالیای ژه‌هر

ئیسماعیل خورماڵی

 

ده‌بوو ..ده‌بوو له‌به‌ر ده‌رگای نائومێدی به‌هارێكدا

چنگمان بۆ میوه‌ی پایزێ نه‌بردایه‌ و

له‌ قریوه‌ی تاقانه‌ ئافاته‌كاندا ..

له‌ بێ عاری ..چڵێكمان شه‌تڵ نه‌بایه‌ ..

ده‌بوو ده‌بوو ..بۆنیش به‌ دڵمانه‌وه‌ كه‌ن ..

نهێنی ناو ئه‌م نهۆمه‌ بڕۆنزیانه‌ی ڕۆحیان پێ نه‌به‌خشین ..

ده‌بوو ..حیكایه‌تی

هه‌زاره‌ ئاڵتونیه‌كانی مناڵی له‌ ده‌س نه‌ده‌ین ..

ده‌بوو زووتر ..زووتر سه‌فه‌رمان بۆ هۆش كردایه‌ و

زووتر ..ده‌ستمان له‌و باخچه‌ ووشكه‌ڵ و ..بێ نگینه‌ هه‌ڵگرتایه‌ ..

فڕینی خورافاتێكی لاشیرین بوو ..

نه‌ك گه‌یشتن به‌ ئیرسی عیشق و

مردن ..مردن له‌ته‌ك خۆشه‌ویستی ساڵه‌كانا ..

هه‌ڵه‌ بووین هه‌موومان هه‌ڵه‌ ..

ئێمه‌ خۆمان شه‌ڕمان برده‌ حوجره‌كان و

درۆشمان له‌به‌ر ده‌ربه‌نی ..ئایه‌ته‌كاندا به‌جێ هێشت ..

ئێمه‌ خۆمان ..دۆستایه‌تی ئه‌م قرشانه‌مان خواست و

به‌م باخچۆكه‌ی تاریكاییانه‌ش قایل بووین ..

قایل بووین ..قایل بووین .. قایل ..

وه‌ك ئاشه‌وانێكی قاروون به‌ ته‌نیایی

له‌دووره‌وه‌ ..له‌دووره‌وه‌

له‌مه‌حشه‌ری ئاواییه‌كان ورد بینه‌وه‌

وردبینه‌وه‌ و له‌به‌ردوكه‌ڵی ئه‌نفالا ..

كه‌پوومان ..كه‌پوومان بگرین ..

له‌به‌ر بالیاكانی ژه‌هرا ..

ڕۆح كه‌له‌َكه‌و .. چاوه‌كانمان هه‌ڵچنین ..

به‌سانایی ..به‌سانایی ..

چش له‌مه‌رگی كه‌نارییه‌كانی ڕووانین كه‌ین ..

ئێمه‌ خۆمان له‌ڕوباری ئه‌م چاخه‌دا

مه‌له‌ی مه‌له‌ی ڕازی بوونمان هه‌ڵبژارد و خڕ قایل بووین ..

به‌لای به‌هارا ڕۆین و

سێوێ ..سێوێ بۆ پیری لانه‌ده‌ین ..

وه‌لای مه‌حشه‌ردا بڕۆین و

له‌تارژه‌نێكی هه‌ڵه‌بجه‌ و

له‌و كێلستانه‌ نه‌ڕوانین ..

هه‌ڵه‌ بووین هه‌موومان هه‌ڵه‌ ..

ده‌مانوویست هه‌بین و به‌ڵام ..

له‌ دوعای سه‌لامه‌ت بوونی .. عه‌ینه‌ مه‌لێكدا هیچ نه‌ڵێن ..

ده‌مانوویست هه‌بین و به‌ڵام ..به‌دیار جریوه‌یه‌كه‌وه‌ ..

به‌فری پیری ..چڵمان نه‌خاته‌ سه‌ر زه‌وی ..

هه‌ڵه‌ بووین هه‌موومان هه‌ڵه‌ ..

هه‌ر قه‌ده‌رێ ..وه‌ك ڕاوچی یه‌ میرنشینه‌كانی به‌فر ..

ئێواره‌یه‌ك هه‌ر ئێواره‌یه‌ك نه‌چووینه‌ ..

نه‌چووینه‌ موعجیزه‌كانی ته‌متوومان و

گوڵێ له‌ خوێنی – نالی – مان نه‌برد ..

بۆ به‌رۆكی تاریكیه‌كان ..

هه‌موومان پێمان ئه‌غز بوو ..

سمۆره‌ی كه‌ستانه‌كانی خوێن نه‌دوێنین ..

ئه‌و گوڵانه‌ی له‌ئاینی بارانه‌وه‌ بۆمان جێمان ..

ئه‌و كۆرسانه‌ی له‌ سه‌قه‌ره‌وه‌ فێریان بووین ..

ده‌بوو ده‌بوو ..ڕۆشنایمان ..

له‌كوچه‌ ته‌ڵاییه‌كانی تریفه‌دا هه‌ڵرشتایه‌ و

سه‌بووریمان به‌ده‌می ئه‌م بازاڕانه‌وه‌ كردایه‌ ..

ده‌بوو ده‌بوو به‌ر له‌ مردنی ته‌یره‌كان ..ئێمه‌ هه‌موو ..

وه‌كو به‌یبوون به‌لاجانی ئه‌م ڕه‌وه‌زه‌ و ئه‌و كه‌ژه‌وه‌

ئاومان به‌ دوای دووا هیجره‌تی ..

گه‌واڵه‌ ته‌نكۆڵه‌كاندا بڕشتایه‌ ..

هه‌ڵه‌ بووین هه‌موومان هه‌ڵه‌ ..ئێمه‌ خۆمان ..

به‌كوچه‌كانی وجودا ..عه‌ده‌ممان هێنایه‌ فیكه‌و

له‌ته‌كیا چه‌پڵه‌مان كوتا ..

هه‌ڵه‌ بووین هه‌موومان هه‌ڵه‌ ..

له‌به‌رده‌م كوچه‌ چۆڵه‌كانی ڕووانیندا ..

بێ نوتق له‌به‌رده‌م دزی ..ووڵاتێكی سه‌ربڕاوا ..

له‌تاریفی ئه‌و گوڵانه‌ی نه‌ماندیبوون ..

له‌نۆكه‌ری و كاسه‌ لێسی ئه‌و قه‌یسه‌ره‌ی

خۆمان ..خۆمان سه‌ری زنه‌ و شاخمان بۆ ده‌بردو

ئاینده‌شمان ..ئاینده‌شمان به‌ ئه‌مانه‌ت ..

هه‌ر به‌ ئه‌مانه‌ت به‌و ده‌سپارد ..

هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌مان ڕۆشن تر بێ ..

هه‌ڵه‌ بووین هه‌موومان هه‌ڵه‌ ..

پێمان وابوو .. ئیدی تازه‌ گوڵه‌كانمان

فێره‌ بالیای ژه‌هر بوون و

جریوه‌شمان .. به‌رامه‌ی ئه‌و سێوانه‌ خۆش ..

عه‌سرانی سوور ..به‌رده‌بوونه‌وه‌ ئامێز و

به‌رچنه‌یه‌ك و دووان و ده‌ ...

نه‌یده‌گرتن ..

پێمان وابوو..

ئه‌مساڵ وه‌رزی

چنینه‌وه‌ی ڕۆح تێ په‌ڕی و

نه‌گه‌یشتینه‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی پێكه‌نین ..

له‌به‌ر دووكه‌ڵ ..خواحافیزی دره‌خته‌كانمان نه‌بینی ..

هه‌ڵه‌ بووین هه‌موومان هه‌ڵه‌ ..

ئێمه‌ خۆمان

شه‌ڕمان برده‌ حوجره‌كان و

درۆشمان له‌به‌ر ده‌ربه‌نی

ئایه‌ته‌كاندا به‌جێ هێشت ..

 

 

به‌هاری2000 / به‌رلین