هه‌موو ساڵێ
ده‌چینه‌وه ناو سێبه‌ری
یادکردنه‌وه‌ی
پیره‌داری کۆسته‌کان و
په‌ڕۆی شیعر
به‌سه‌رچڵی
داماویمانه‌وه ده‌که‌ین !
هه‌موو ساڵێ له‌م ڕۆژه‌دا
له‌م ده‌ربه‌نی که‌وه‌ڕۆژ و
خوێن و ڕه‌و و ئه‌نفاله‌دا
به‌رد خاش ده‌بێ و
گۆڕ ده‌گرییه و
شیعر ده‌بێ به چواله‌ی ته‌ڕو
هه‌ر به سه‌وزی هه‌ڵده‌وه‌رێ
کۆستیش تا بێ
تابێ
په‌زێره و په‌زێره ئه‌بێته‌وه و
نسرمی له‌ش
پڕده‌بێ له چڵی ژه هر و
هه‌تاوی له‌ش
پڕده‌بێ له نسرمی ژه‌هر !
له کن ئێمه
چاڵی ژه‌هر و چاڵی خه‌مان هێنده قوڵن
به گورزی کازیوه‌ی خودا‌ش پڕنابنه‌وه
له کن ئێمه
که‌وه‌ڕۆژی مێژووی ئێمه هێنده ڵێڵن
به گورزی نووری لای خودا‌ش ڕۆشن نابنه‌وه
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین
هێنده سه‌وزه داماویمان
گه‌ر دوا یه‌کیان ژماره‌ی که‌ین
ڕه‌نگه به ژماره‌ی هه‌موو گه‌ڵاکانی پایز
جێگه پێیان پڕ نه‌بنه‌وه !
گه‌ر دوا یه‌کیان ژماره‌ی که‌ین
ڕه‌نگه به‌ژماره‌ی
هه‌موو هه‌ساره ڕووخۆشه‌کانی شه‌ویش
چاڵێ له مه‌حزوونی و
چاڵێ له ڕامانمان پڕ نه‌بنه‌وه !
وای خودایه ئه‌و ساڵانه
چه‌ن کز ومه‌ینه‌ت بار بووین
چه‌ن غه‌ریب بووین
غه‌ریب به تۆ
غه‌ریب به خۆ
غه‌ریب به‌م ووڵاته هه‌ڵپاچراوه‌ی
به‌ر خوڕه‌می ته‌ور ته‌وراس !
هه‌مو ساڵێ له‌م ڕۆژه‌دا
(با)گۆرانییه‌کی نوێ ده‌چڕێ و
چاره‌نووس گوێی خۆی ده‌ئاخنێ و
شیعریش
شیعریش به تاقانه‌یی خۆی
به وخه‌زانی بێکه‌سییه
له‌قه‌وه‌ی کۆسته‌کان نایه و
بڕی مه‌ودای داپۆشینی
سه‌ر چاڵه ژه‌هره‌کان ناکا
له‌قه‌وه‌ی سارداوێ له‌خه‌م نایه !
هه‌موو جارێ ده‌ڵێم:
هه‌موو شیعرێ ده‌ڵێم
یارانی من
یارانی قه‌ڵه‌م و حوزن
ئه‌م شیعره‌یان
له که‌تانی ئاسمانی خوا به‌رین تره
بۆ داپۆشینی کۆسته‌کان !
له‌به‌هاری خوا سه‌وز تره
بۆ هاوسێیه‌تی پایز و
بۆ هاوسێیه‌تی خه‌می ئاڵ
هه‌موو ساڵێ
ده‌ڵێم
ئه‌م شیعره‌یان
ده‌بێ به شاڵاوی زه‌ریا و
دوورگه دوورگه تاڵییه‌کانم ده‌با !
ده‌بێ
به سپی ترین باران و هه‌ور
کێڵگه کێڵگه
خه‌ڵوزاوی ئه‌م گووندانه‌م ده‌با !
لێ جه‌خار و
هه‌زار جه‌خار
هه‌مووساڵێ له‌م ڕۆژه‌دا
شیعر ده‌بێ به بازێکی غه‌وار و
زمانی فڕینی ده‌شکێ و
ده‌بێ به که‌نیشکێکی گه‌رمیان و
هه‌مووساڵێ له حه‌ژمه‌تدا
له ده‌رماڵی
ئه‌م کۆسته قه‌رسیلانه‌دا
شیعر بۆ خۆی ئه‌نفال ده‌بێ و
شیعر بۆ خۆی شه‌هید ده‌بێ
وای خودایه
ده‌بێ پرسه‌ی شیعر
چه‌ن شیعری تر به ڕۆح بێنێ و
چه‌ن قه‌ڵه‌می تر بگریه‌نێ !
ئیتر خودا
خودای ئایه و خودای عیشق
ئیتر خودا
خودای نزا و خودای میحنه‌ت
من چی له خه‌زنه‌ی ئه‌و شیعرانه‌که‌م
له ڕۆژێکی ته‌ڕ وتووشا
له قوڕاوی زه‌مانێکدا
له برژانگی ووشه‌ی خۆیان
که‌وشێ
سۆلێ له گیا
من چی له خه‌زنه‌ی ئه‌و شیعرانه که‌م
به خوڕه‌می هه‌موو ڕه‌نگێکه‌وه
ڕه‌نگێ له مه‌حزوونی
جه‌سته‌که‌ی (عومه‌ری خاوه‌ر) دانه‌پۆشن
یاڕه‌ب تۆ بڵێ:
من چی له خه‌زنه‌ی ئه‌و شیعرانه که‌م
گه‌ر له ساڵ یادی ئه‌نفال و
له‌یه‌که‌م ڕۆژی کۆڕه‌و دا
مینا جاران
په‌نجه‌ره‌کانی ئاوایی به‌ڕه‌نگ نه‌که‌نه‌وه و
وه‌کو چاوی
بنچکێ کووزه‌ڵه له کانی
هه‌ناسه‌ی سه‌وزه‌ڵانییه‌ک
به ده‌شتی ئه‌و گووندانه م نه به‌خشنه‌وه !
وه‌کوجاران
جاڕی سه‌ر چڵ
پڕ نه‌که‌نه‌وه له‌تۆوی
جووکه و له تۆوی جریوه !
کانی ژنان
پڕنه‌که‌نه‌وه له نه‌سیم
له‌نه‌سیمی لاوک وهۆره
له باسی عیشق ودڵخوازی
له ژووانی په‌نا پاسار
له نیگای زه‌رده‌په‌ڕی سوور
له شه‌رم وئه‌یڕۆی که‌نیشکان
له ڕه‌سمی (خاڵ)ی ژێر چه‌نه !
نسرمی دێ
به ته‌نافی زه‌رده‌په‌ڕدا هه‌ڵنه‌واسن
چاوانی( مه‌له‌ک) و (شیرین)
به کل نه‌ڕێژنه‌وه و
شلکه سرکه‌یی نه‌پێچن
له ده‌وری کاکۆڵی (خه‌جێ) و
یه‌خه‌ی (خونچه) و
مانگه‌شه‌وی سنگی خونچه
له مسکی ئاهوی لای (جافه‌ران)
له نێرگز ی باڵ به‌ستی ناو
ماڵه‌کانی سه‌ما و
تاریکاییه‌کانی ئه‌هرام !
من چی له خه‌زنه‌ی ئه‌و شیعرانه که‌م
له سه‌ر پشتی بۆراقی خوا و
به‌به‌له‌می قه‌ڵا خه‌زنه‌ی
ئه‌م پیاوانه‌ی ده‌سه‌ڵات
به ناو نیلی جه‌رائه‌ت دا
نه‌گه‌نه ناو نیشتیمانی فیرعه‌ونیان و
به قه‌یاغێ له ئازادی و
له ڕیحانه
پاکیزه‌کانی گه‌رمیان و
قه‌ره‌داخم نه‌هێننه‌وه !
من چی له خه‌زنه‌ی ئه‌و شیعرانه که‌م
که بارانی کۆستمان هه‌ر خوڕه‌م بێ و
کوردستانیم
له کوردستان
هه‌ر بێ ماڵ و
بێ ده‌وار بن !
کێڵگه‌کانم هه‌ر پایز و
هه‌ر گریانی ناو مێژوو بن !
خه‌سار قه‌ومه
ده‌سه‌ڵاتمان
به ده‌سه‌ڵاتی خوا ده‌چێ و
لا دیوار و کۆڵه‌که‌ی به‌ر هه‌یوانی
ماڵه گوندێکی ووڵاتمان
بۆ ڕاست نابێته‌وه و
له مه‌رگی گوڵ دا
گریانی په‌روانه‌یه‌کمان
بۆ ژیر نابێته‌وه !
خه‌سار قه‌ومه ده‌سه‌ڵاتمان
به ده‌سه‌ڵاتی خوا ده‌چێ و
لێ مخابن
هه تا ئێستا
له‌به‌رده‌م هه‌واڵی (سۆزه وهاوڕێ )کانیا
هه‌ر کڵۆمن
قاپی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کانمان !
هه‌ر خاو وسستن فڕینی ناو سۆراخمان !
ئێی (سۆزه)گیان
گۆڵه‌که‌ی سه‌ما و غه‌ریبی
ده‌مبوری تۆ
شه‌قه‌ی باڵی بازی چامه م دره‌نگ گه‌شتێ
چاوی جۆگه‌ی دوا ڕوانینم دره‌نگ گه‌شتێ
گه‌رچی من خۆم
خوڕه‌مێکم له هاواری ئێوه و
خوڕه‌مێکم
له نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئه‌نفال
لێ به ته‌نێ
هۆ خانمه ڕه‌شپۆشه‌که‌ی من
جریوه باخێ ئاڵ ناکا و
چرایه‌ک ووڵاتێ ڕۆشن ناکا !
وه‌لێ چیبکه‌م تاقانه‌شبم
من جیره‌مه هه‌مووساڵێ
له خه‌متانا
له‌سه‌ربانی ماڵی خواوه
سڵاوێ له حوزنی ئێوه و
سڵاوێ له( سێ و سێنان )و
تفێ له (ده‌سه‌ڵات) بکه‌م !
سڵاوێ له حوزنی ئێوه و
سڵاوێ له( بالیسان) و
تفێ له (ده‌سه‌ڵات) بکه‌م!
ئێی( سۆزه)گیان ،
ئه‌مێستا من
سه‌وڵی به‌له‌می قه‌ڵه‌مم و
شه‌ڕ به‌و مه‌وجانه ده‌گێڕم
لێویان بۆ ڕه‌هێڵه‌ی ژه‌هر ده‌کرده‌وه و
ئێمه‌یان به سه‌وزی حه‌په لوش ده‌کرد
ئه‌نفال
یان خوڕه‌می گورگ وه‌سه‌ر ده‌شتا !
ئه‌نفال
یان جه‌نگه‌ڵێکی له بار بۆ ڕاوه ئینسان !
ئه‌نفال
یان به‌هاری ماڵ سووتان و
شه‌را به‌ربوون له سیما !
ئه‌نفال
یان لاستیکێ له‌ئایه‌ی خوا
بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌م قه‌ومه !
ئه‌نفال
یان ئاژه‌نی مه‌رگ وپایز
به‌سه‌ر ده‌شته‌کانی( داوێ و زه‌نگ ئاباد)دا !
وای خودایه ئه‌وڕۆژانه
چ جه‌نگێکی بێ ئامان و
چ به‌ورێکی بێ ووچان و
چ لێزمه‌یه‌ک بوو له جه‌لاد !
ئه‌و ڕۆژانه
که(گسکتان له‌ژیان) دا
ئێمه
چه‌ن ته‌ژی بووین
له( ئاڵ)یه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ڕۆشن و
له ئالووده‌یی هه‌ناری ناو ئازادی و
له جریوه‌ی هه‌ساره‌کانی ئومێد‌و
له په‌یامی دۆستایه‌تی نا دۆستانمان
له په‌یامی فه‌رامۆشی ڕه‌نگه‌کانمن
یاران هانا
ڕوحمێ وه بێ ڕه‌نگیم بکه‌ن
کێ له‌ڕه‌نگی
ناو مه‌حزوونی( میمکه ڕابه) به‌شم ده‌دا
له ڕه‌نگی پرچ وکاکۆڵی
له ڕه‌نگی سێوی بێ ئاوی
ناو به‌رۆکی داچه‌کیوی !
کێ له ڕه‌نگی
چنگه نانی
ده‌س مناڵێ به‌شم ده‌دا
له ره‌نگی ڕاوی سپیده‌و
له ڕه‌نگی شاڵاوه‌کانی دوای زه‌رده‌په‌ڕ !
خودایه ئه‌م هه‌موو دڵه ، به چی ڕۆشن ده‌بێته‌وه ؟
ئه‌و هه‌مووچرا کوژراوانه‌ی بیابان
ئه‌و هه‌موو ته‌یر و چۆله‌که
بێ جریوانه‌ی ناو عه‌ر عه‌ر
چۆن چۆن دێنیته‌وه ؟
ئاخه‌ر خودا
که‌سێک نیه و
دارمه‌یتێک نیه و هه‌زار
ئه‌و هه‌موو تابووته به‌چی دێنیته‌وه ؟
زویر مه‌به خودا
بێ ده‌نگی تۆش
خه‌تایه‌ک بوو له ڕه‌نگی وان !
بێ ده‌نگی تۆش
دزییه‌ک بوو له‌گه‌مه‌ی وان !
ئاخر خودا
بێ سه‌روشوێن کردنی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئاوا
هه‌ڵدانی شه‌وه‌یه‌ک نه‌بوو له شه‌ودا بۆ گۆم !
له (لم)نانی
ماسییه‌کی وردیلانه نه‌بوو له شه‌و ڕۆخدا!
هانا یاران
به چاوی حه‌ڤده ساڵ پێش ئێسته
ته‌واشاکه‌ن
له بیرتانه
زه‌نگه‌نه بوو به قه‌ڵای ڕووته‌ن و
جه‌باری بوو به خه‌نه‌کی وشکایی و
سرووشتی خوا
له ده‌شتی خوا
به تاڵان رۆیی !
له بیرتانه
گوڵ به خار و
مه‌خلووق به ژه‌هر و گورگ ڕۆی
له بیرتانه
له بیابان
ڕۆژی
(یوم القیامه) بوو
ئه‌وێ سه‌عات
عه‌رعه‌ر زاوای
هه‌موو بووکه‌کانی ئێمه و
عه‌ر عه‌ر ماڵی
هه‌موو زاواکانی ئێمه و
عه‌رعه‌ر
گۆڕستانی نیشتیمان و
گۆڕستانی هه‌ساره و مانگه شه‌ومان بوو !
له بیرتانه
ئه‌وێ سه‌عات
عه‌رعه‌ر
قیساره‌ی مردنی ده‌ژه‌نی و
دێڵه سه‌گ و پیره سه‌گیش
لووتیان له لاکی مناڵی ئێمه ده‌سوو !
ئه‌وێ سه‌عات
ئاوا
و
ئه‌مێستاش یارانی قه‌ڵه‌م
ته‌نیایمان ڕه‌ش وه‌ک سێوی جێماو
به‌سه‌رچڵی ، ووشکه چڵی نسرمه‌وه !
ئه‌وێ سه‌عات
ئاوا
و
ئه‌مێستاکه‌ش فه‌رامۆشن
چاڵی ژه‌هر و کزه‌ی ژه‌هر !
فه‌رامۆشن ده‌غڵه ڕۆحی
له هێڵه‌کی ئه‌نفال جێماو !
وای خودایه
ئه‌م نیشتیمانه شیرینه‌ت چۆن کرد
به مه‌نزڵی ژه‌هر و دووپشک
گوڵ و په‌روانه‌ت ئه‌ڕای کوێ هه‌ڵفڕاندن ؟
وای خودایه
ئه‌مڕۆ دوا سه‌عاتی کۆسته‌و
تۆش که‌ره‌م که
گوێیه‌ک بنێ به په‌نجه‌ره‌ی دڵمانه‌وه
گوێیه‌ک هه‌ڵخه
بۆ سروودی ئه‌نفال
بۆ سروودی مه‌رگ زاده‌ی
نیشتیمانی په‌روانه وگوڵ !
چاوێک بنێ به په‌نجه‌ره‌ی چاومانه‌وه
گرافیکی ئه‌و سێوه کوژراوانه ببینه تۆ
گرافیکی ئه‌و هه‌مووجه‌سته ووشکه‌ڵه ببینه تۆ
ئه‌و هه‌مووکانییه کوێرانه ببینه تۆ
بێره چاومان
له غووربه‌تی دڵمان گه‌ڕێ و
بێره دڵمان
له غووربه‌تی چاومان گه‌ڕێ
بێ ته‌واشا
ئه‌م نه‌ته‌وه ڕووخۆشه‌ی خوت
چۆن له کۆشی گۆرانییه ڕه‌شتاڵه‌کاندا هه‌ڵده‌په‌ڕن
چۆن له ناو قه‌فه‌زه‌کانی مه‌رگا
هێڵنجی جریوه‌یانه و ده‌ڕشێنه‌وه !
ئامان خودا
گه‌ر ئه‌مجاره
له دۆڵه‌کانی لای تۆشدا
جارێکی تر ، سه‌رمان هه‌ڵدایه‌وه
ئه‌م جاره ماڵێکمان پێ به
نزیک له جوگرافییای په‌روانه‌کان
نزیک له مه‌له‌ی ماسییه‌کان
نزیک له‌ئاواره‌کانی گه‌رمیان
تا ده‌شتوانی
دوور له پارت و
دوور دوور
دوور له‌ماڵی سه‌رکرده‌کان !
ده‌ی خودایه
به‌م خه‌رمه‌نی کۆستانه‌وه
ئه‌م دۆعایه‌مان قبووڵکه
خۆ خودایه
ئێمه‌ش هه‌ر له خۆتین
هه‌ر پرژێکین له‌و ئاگره
تۆ ته‌ماشا
ئێمه چه‌ن عاشقین به تۆ
ئێمه چه‌ن هۆگرین به تۆ
ئه‌ها قه‌رتاڵه‌که‌ی دڵمان
چه‌ن ته‌ژییه
له بۆڵی تۆ !
چه‌ن پڕه له
بۆڵی ئاگر !
تۆ ته‌ماشا
ئێمه چه‌ن عاشقین به تۆ و
تۆش چه‌نه دوژمنی ئێمه‌ی !
ئاخه‌ر خودا تۆش له مه‌رگی
هه‌موو ده‌ف ژه‌نه‌کانی ووڵات و
تۆش له مه‌رگی
هه‌موو نه‌ی ژه‌نه‌کانی ووڵاتدا
به‌شت هه‌بوو !
قامیشێکت نه‌هێشته‌وه بۆ شمشاڵ و
ئه‌سپ سوارێکت نه‌هێڵا بۆ تامی ڕاو !
ڕیشۆڵه‌یه‌کت نه‌هێڵا ، بۆ تامی به‌فر و ئێواره !
چاوڕه‌شێکت نه‌هێشته‌وه ، بۆ تامی سه‌وزایی و عیشق !
ئه‌وی له داوی ڕاوچیان نه‌جاتیان بوو
له داوی ئێوه و ئامانی زوڵم نه‌جاتیان بوو
ته‌نها سامی شاخه‌کانی خواکۆڕه‌ک و قه‌ره‌چوغ بوون
ته‌نها سامی بازه‌کانی سه‌ر ته‌وێڵی جافه‌تی بوون !
وای له سامی ئه‌و ڕۆژانه
مه‌حفبوونمان هێن به گڕبوو
مه‌حاڵ بوو خودایه مه‌حاڵ
به کڵۆ به‌وره‌کانی تۆش سارد ببنه‌وه !
داخۆ بیرته
دێته یادت زه‌مانی قیژه وزریکه ؟
زه‌مانی دووكه‌ڵ وزوڵم ؟
زه‌مانی خوێن ؟
زه‌مانێ شه‌ونم به خوڕه‌م ،
له چاوی گوڵی چاو ڕه‌شان داده‌باری و
هه‌موو خۆف و هه‌موو ئایه‌ی ئێوه‌ش
ئاونگێکی نه‌ده‌هێنا !
ئاخر خودا شه‌ونم به چی بزه بڕژێ له لێوانی ؟
که خێڵی ئاگر و(قه‌عقاع)
ئاگریان له بێشکه‌ی مناڵا ده‌نواند و
به باخ (شه‌م)یان
له ژووانی (وه‌لی)یه‌کاندا هه‌ڵده‌پڕوزان !
له‌چی بدوێم ؟
له‌کام حوزن ؟
که فڵچه به ڕه‌نگ ڕانا‌گاو
که قه‌ڵه‌م به شیعر ڕانا‌گاو
که گۆڕ به خه‌رمه‌نی ته‌رم و
که باخ به جریوه ڕاناگا
له‌چی بدوێم ؟
ئه‌ی ماڵه‌که‌ی فه‌یز وعه‌تا
ئه‌ی ماڵه‌که‌ی جه‌لادو خوێن
ئه‌ی ماڵه‌که‌ی میهر وزاهید
له چی بدوێم ؟
بێ نیگاکانت بچنه‌وه له هه‌رێمێ
به گه‌مه‌ی شمشێره‌کانت هێڵنجیان دێ!
به قه‌رتاڵه‌ی ئایه‌کانت
تایان لێدێ
مانه‌وه‌ت جنوونه له‌مێ ،
بفڕه له‌مێ
ژیان هێشتا سه‌وزه له مێ !
هێشتا سه‌وزن هۆره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی
به‌ده‌م گه‌ڵا لێ کردنه‌وه‌ی ڕه‌زانه‌وه ده‌یانچڕین !
هێشتا سه‌وزن چڵی چاوشارکێ ی مناڵی شه‌و
شه‌وانی قریوه وکۆڵان!
هێشتا سه‌وزن چڵی به‌فر و
خوڕه‌می باز و هه‌ڵۆکان !
بفڕه له‌مێ
ژیان ده‌فڕێ و مردن هێلانه ده‌به‌ستێ
مردن ده‌فڕێ و ژیان هێلانه ده‌به‌ستێ
ده‌سووتێن ولێ دڵنیایین
ژیان وسه‌وزایی وان له پشت سووتانه‌وه !
ده‌سوتێن و ده‌ڤه‌ر ده‌ڤه‌ر
به تاڵانی ده‌چین و وه‌لێ
هه‌ر دڵنیاین
سه‌وزایی و ژیان وان له پشت سووتانه‌وه
هه‌ر دڵنیایین
زه‌مانێک دی
مێژوو پڕ ده‌بێته‌وه له قوڵپی نوور و
گۆزه‌ڵه‌ی لای دارستانیش
به‌هاری2005/ئه‌ڵمانیا

شیعری :ئیسماعیل خورماڵی
بۆ مه‌رگی ناواده‌ی مامۆستا و هاوڕێی شاعیر عوسمان شه‌یدا
ماڵئاوا هاوڕێ ماڵئاوا
دار هه‌ناره شیرینه‌که‌ی ئێوارانی مه‌ستایه‌تی
ئه‌ی سپیده‌ترین هاوه‌ڵ
له‌هه‌رێمی نان وخوێن ومه‌ستایه‌تی
ئه‌ی سپی ترین ئه‌شکه‌وتی حوزن
وه‌ی شه‌رابی ترین ده‌م وساتی شیعر
ماڵئاواهاوڕێ ماڵئاوا
گه‌رچی هێشتا
زووبوو بۆ مه‌ڵۆی خۆزگه‌کان ببنه
خه‌رمانه‌ی زه‌رد
زووبوو جۆگه‌کانی فه‌یزو جوانی
ببنه وشکایی وده‌شتی به‌رد !
زوو بوو بۆ پێچاننه‌وه‌ی ڕێکان ،
ببنه‌گوڵی لبادی لوول !
زووبوو هاوڕێ زووبوو
بۆ دانیشتن له‌ته‌ک پایز
ئاشت بوونه‌وه له‌ته‌ک مه‌رگ و
بۆ نووسینی دوا چامه‌تان !
ئاخه‌ر هاوڕێ
که‌س وه‌ک تۆ له‌سیوه‌کانی عیشقی
نه‌ده‌ڕوانی
که‌سی وه‌کوتۆ
به‌دیار توێکڵی لیمۆیه‌که‌وه نه‌ده‌گریا و
که‌س وه‌کوتۆ
خه‌می له حوسنی ئه‌ووڵاته‌دا خه‌رج نه‌کرد
که‌س وه‌کو تۆ عه‌شق کڵۆی بۆ نه‌کوتابوو !
ماڵ ئاوا هاوڕێ ماڵئاوا
هه‌سته له گۆڕ
له مردن گه‌ڕێ هاوڕێ گیان
نزیکه ڕۆژی هاتنه‌وه‌م
با پێکه‌وه جارێکی تر
له عوشاق و
مه‌ڵۆ ڕه‌نگی ئێوارانی شار هه‌ڵڕوانین !
با جارێ تر
سڵاوێ له ئه‌رخه‌وان و
سسڵاوێ له ئازادی که‌ین !
بێ مه‌یل مه‌به هاوڕێ
من ده‌زانم
تۆ له خوا زێده‌تر ده‌زانی
من چه‌ن تینووی دانیشتنێکم له ته‌کتان !
من چه‌ن تینووی
گوێگرتنی شیعرێکی عاشقانه‌تانم !
من چه‌ن تینووی
بزه‌یه‌کتان
فرمێسکێکتان
چنگه‌گره‌ی به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ئاهێکتانم
من چه‌ن تینووی
ڕندایه‌تی جگه‌ره‌کێشانێکتانم !
ماڵ ئاوا شه‌يدا ماڵئاوا
به‌هاری2005/ئه‌ڵمانیا
ئیسماعیل خورماڵی
مێ هات وچۆی ، نووری خوا
مێ ئاسکی گۆرانییه‌کی ،ته‌ڕو زامار
له‌وبه‌ر باخه‌کانی (ڕاست و سه‌با) !
مێ بۆڵێکی
قه‌رسیل وشین
له نێو عونابی حیجاز و
له‌ناو ڕه‌زی به‌یاتی شین ،
له ناو مێژووی گڕی شیرین !
کێ وه‌کو من
خه‌ڵتانه به ته‌ڕایی مێ
بێ
له
په‌سێو
له‌پاساری
په‌نا پاساران هه‌ڵڕوانێ
چۆله‌که‌یه‌ک
ڕه‌نگی عیشقی تیابێ
هه‌تاوێ گه‌رمایی مابێ
زه‌رده‌په‌ڕێ
نازی هه‌بێ
له مێ دایه و
له مێ دایه !
کێ وه‌کو من
خه‌ڵتانه به ته‌ڕایی مێ
با بێ له دارتێلی کوچه
سه‌وزه‌کانی شار هه‌ڵڕوانێ
له نارنجی ڕۆشناییه‌کان
له مه‌ستایه‌تی ئێواره و
له شۆخایه‌تی سپیده
با هه‌ڵڕوانێ
من ده‌ڵێم یاران دۆستانی ، ئه‌وین ومێ
چاوێ ڕوانینی ئه‌وینی تیابێ
چاوێ خوڕه‌می ئاگر و ڕووتبوونه‌وه‌ی تیابێ
هه‌ر له مێ دایه و
هه‌ر له مێ !
هۆ ماسییه مێ له زۆنگاوێ
نه‌یارانت گوێ بۆ شڵپه‌ی
مه‌له‌کردنت هه‌ڵده‌خه‌ن
له ئاگرێ هۆ ماسییه مێ
نه‌یارانت چاو له بڵق و
مه‌وجی سوتانت پڕ ده‌که‌ن !
ڕه‌نگه چڵه‌گیایه‌ک له خوێن
حه‌وسه‌ڵه‌ی سووتانی نه‌بێ
به‌ده‌م ته‌ڵێ شقارته‌وه
به‌ڵام ئه‌ی یارجودایی تۆ
گره‌وێکی قه‌رسیله هه‌ر
به‌و تۆزقاڵه ئاگرانه‌ی خوا
تێمه‌که‌وه
مه‌ڵێ
وای خودایه
چ ده‌ستوورێکی
ناده‌ستووره ئه‌م فه‌سڵانه
نانا ئه‌ی یار
تاقانه ژن
ئه‌میره‌ترین ئه‌میره‌ی عه‌رشی شیعر
بیرت نه‌چێ
ده‌ستوور چۆن بێ
چڵ وئاگر چۆن بن
هه‌ر باخه بوزوورگه‌کانی خاکیشه
له‌ودیو پڕووکان و
سووتانه‌وه
له ئاگرا
شڵپه‌یان دێ !
تۆ ته‌واشا
ئه‌ی خانمی
که‌وه پۆشی زمان هه‌نار
چ ڕمۆزنه وتاغی بێ په‌نجه‌ره‌و
ده‌می بێ ماچ !
چ ڕمۆزنه ئێواره‌ی بێ قریوه و
ئاسمانێک خاڵی له نمه وله هه‌ساره
وای چ تاڵه تاقانه‌ژن
کوزه‌ساڵی کاڵه‌کی ژین
دوور له ته‌رزی
فێڵه سه‌وزه‌کانی عیشق
وای له عیشق
وای له عیشق !
ده‌بێ ئه‌وجاره خانم
له‌ته‌ک ماسی
چامه‌یه‌کدا بچمه‌مه‌له
بچمه‌مه‌له و
دێڕه‌کانی
یه‌ئس وفه‌نا ته‌ڕ که‌مه‌وه
قاپی موژده
له‌خه‌رمه‌نی
پایزێکی پیر که‌مه‌وه
وه‌ک سه‌رئێواره‌ی به‌راتی جاران
زه‌ینم پڕکه‌مه‌وه له موحیبه‌ت و
زه‌ینم پڕکه‌مه‌وه له ڕه‌نگ
وای له ڕه‌نگ و
وای له عشق
باخه‌ڵی ئه‌م ئێواره‌یه
سه‌کۆی ئه‌م سپیده وه‌نه‌وشینه
چه‌ن پڕه له نازنازی به‌رائه‌ت وجوانی
ئاگره و به‌ختی دارستان !
ڕه‌شه‌بایه و به‌ختی خونچه!
سه‌دای حوزنه‌و
به‌ختی شمشاڵه‌که‌ی خوا !
وای له حووزن
یه‌که‌م خاڵی
به‌دبه‌ختیمان له‌وه‌دابوو
فوومان له خاڵی خاڵخاڵۆکه‌کان ده‌کرد
یه‌که‌م مه‌له‌ی دابڕانمان له‌وه‌دابوو
بێ ڕه‌حمانه
ماسیمان به ئاوه‌وه ده‌برژان
هه‌نوکه‌ش تۆ
له‌شه‌مامه‌یه‌ک بڕاونه
ئاڵۆش و گڕی بێستانێ خڕده‌بینی !
تێکه‌ڵ به سپیده‌یه‌ک به
چۆله‌که به جووکه دره‌خت پڕکا له قریوه و
له قریوه !
به فڕینی
کۆترێ دامه‌چڵه‌كێ تۆ
به‌دووی باڵه‌کانیا
ئاسمان پڕکا
له‌گوڵه‌حاجیله‌ی فڕین !
به شیعرێکی مه‌حزوون
چاوانت نمناک مه‌که تۆ
که (ژاڵه)ی عه‌ده‌م له‌ده‌می
که‌ژۆڵه‌ی بوون وه‌لاده‌نێ !
زه‌مانێکه هه‌رکوێ ده‌ڕۆی تاقانه‌ژن
هه‌ر عه‌ده‌مه وهه‌ر عه‌ده‌مه و عه‌ده‌م
هه‌رکوێ ده‌ڕۆی تاقانه ژن
هه‌رخوێنه‌و هه‌ر خوێنه وهه‌ر خوێن !
وای خودایه‌ئه‌م ده‌ربه‌نی
ڕه‌شه‌دۆزه‌خه‌ی لای تۆ
که‌ی تێر ده‌بێ له سیخناخ و
له که‌روێشکه‌ی ئینسانه‌کان !
وه‌کو سینه‌م له دوکه‌ڵا
که‌ی پڕده‌بێ ئه‌م دۆزه‌خه‌ت !
ئاخه‌ر خودا
که نێرگزێ
ته‌مه‌نی عه‌تر به‌خشینی نه‌بێ
جوومله‌ی عاشق
چ گه‌مه‌یه‌ک به به‌هار و به‌سه‌وزایی ده‌که‌ن !
که ئاوێک مه‌ودای ته‌ڕایی لێ نه‌گۆزن
ده‌شتان
به چ ئاوێکی کۆپی وه دووی ده‌که‌ون !
که پایزان
باخ پاڵتۆیه‌کی خه‌نه‌یی نه‌دا
به‌سه‌ر شانیا و
ملپێچێ له ڕه‌نگی وه‌رین
له‌ملی گوڵه‌کان نه‌کا
هه‌یهات
به چ پایزێکی سه‌وز و
به چ وه‌رزێکی دۆڕاوی
ڕه‌نگ خه‌ساران ناوی ده‌به‌ن !
که ماسییه‌ک له ڕاپسکانی قولاپێ
ئاگر له عیشوه‌ی ئاو به‌ر نه‌دا ت و
قه‌رسیلایه‌تی ئاو نه‌سووتێنێ !
هه‌یهات
چ ماسییه‌کی دێمستانه !
که‌تۆش ئه‌ی یار
له‌ڕاپسکانی شیعرێ
هه‌موو عیشوه‌ی عیشق و
هه‌موو ڕۆژه‌کانی شاعیر نه‌سووتێنی
هه‌یهات چ مێیه‌کی وشکه‌ڵ و
چ میوه‌یه‌کی تاڵ و
چ چرایه‌کی به دووكه‌ڵ و
سه‌رابی ڕێی جه‌حیمی چ هیچێکی !
که تۆش ئه‌ی یار له پایزێ
ڕه‌نگی فڕینی گه‌ڵاکان نه‌گری له‌نێو بادا
نمێ
به دووچاوی
چڵه وشکه‌ڵه‌کان نه‌ده‌ی
هه‌یهات و
وه‌یل له‌وه‌ی
به که‌نیشیکی کۆڵانه پایزه‌یه‌ک
به کوڕانی لای به‌هارت ده‌ناسێنن !
که تۆش به‌سه‌ر
(سه‌ر دۆڵه)ی لا ته‌مه‌نێکدا
به پاڵ ساجی قریوه‌وه
ئاردی عیشق نه‌پژێنی
هه‌یهات
له سپیده‌ی
نان کردنی خۆشه‌ویستی و
هه‌یهات
له جه‌نگه‌کانی من و تۆ !
تۆ ده‌زانی چه‌ن سه‌هه‌نم
بۆ مانه‌وه‌ی عیشق
من هه‌میشه
له لاڕێی دۆڕانی عیشقا
بۆ مانه‌وه‌ی عیشق
چنگم پڕده‌که‌م له (چه‌وه)ئاوییه‌کانی ژیان
چاوم پڕده‌که‌م له ئاشکرا یی شینایی
قوڕگم پڕده‌که‌م له گمه‌ی
کوکوختی لای سه‌ربانه‌کان
ئه‌و بانانه‌ی
به‌سه‌ر جه‌نگی
دواپشیله برسییه‌کانی شارا هه‌ڵده‌ڕوانن
به‌سه‌ر یه‌که‌م ساتی
ئاوقابوونی
دووعاشقی
کۆڵانی سووردا ده‌ڕوانن !
ئه‌و بانانه‌ی پڕن
له حیکمه‌تی
پاراستنی زۆر نهێنی و
پڕن له پیاسه‌ی زه‌رده‌په‌ڕ !
ئه‌و بانانه‌ی
نیوه شه‌وان
له ناو عیشقی
مانگه‌شه‌ودا شڵپه‌یان دێ !
سپیدانیش له ناو گمه‌ی
کۆتره‌کاندا گمه‌یان دێ !
ڕووله من که
ئه‌ی خانمی پیرۆزه پۆش
فرسه‌تی ساڵی ئاگر مه‌دۆڕێنه
من پیاوێکم
له جنسی لاله‌نگییه‌کان
هه‌تا حه‌ز که‌ی
خۆش ڕووته‌نه جه‌سته‌م !
قه‌ڵه‌مێکم له ده‌فته‌ری
هه‌ناره قڵیشاوه‌کان
که عیشق هات
سه‌رایه‌ک ئاوم لێ ده‌ڕوا !
به چاوی سه‌فه‌رت بۆڵی قورس و گران
تاقانه‌ژن
ئه‌ی هاوسه‌ری خوڵقاو
له‌هه‌نارو له جریوه و
له شه‌ونمی عه‌ترێکی فێنک !
منیش وه‌ک تۆ
به پاڵ سێبه‌ری شیعره‌وه
مه‌خلوقێکی ناو جوگرافیای لیمۆکانم
به لیمۆی یاده‌وه‌رییه‌کانت قه‌سه‌م بێ
ماڵه‌که‌م وه‌ک باخ له‌جووکه و
له جریوه‌ت چاو ده‌گه‌ڕێ
ماڵه‌که‌م وه‌ک
وه‌ک قه‌یاغی قه‌وزه‌گرتووی لمستانێ
له مه‌وجاوی تێکه‌ڵ بوون و
له جه‌نگی عیشقت ده‌گه‌ڕێ !
ئامێزم وه‌ک
په‌تی پچڕاوی ملوانکه
له مرواری و
له یاقووتی گۆشته‌کانت دا ده‌گه‌ڕێ!
لێره‌نیت وله‌گه‌ڵم دای
تۆ ئه‌ی مزرترین ئینسان
هه‌ناره ژن
ئه‌ی شه‌به‌نگی هه‌موو ڕۆژه خۆشه‌کانم
مانگه‌شه‌وی
شه‌وی مزرایی جووت بوونم
لێره نیت و له گه‌ڵم دای هه‌ناره ژن
لێره نیت و له‌گه‌ڵم دای سه‌لاره ژن
وه‌ک چۆن شیرین ترین پێده‌شت
له ده‌شته‌کانی له‌شی مێ
هه‌ڵفڕینی مه‌م و
پانتایی چاڵێکی چکۆڵه‌ی
هێنده‌ی شه‌وه‌یه‌کی تاره و
به‌ڵام ده‌هێنده‌ی دۆنمه‌کانی خوا
پڕ له ئاگر و
پڕ له له‌زه‌ت !
له ڕامانت ڕاده‌مێنم
ده‌بم به نیشتیمانی کۆتر و
دره‌ختم پڕ ده‌بی له عیشوه‌ی فڕین و
ئاوم پڕ ده‌بی له‌شه‌پۆل
له ڕامانت ڕاده‌مێنم
ده‌بم به‌ته‌ڕایی هه‌ورامان و
پڕپڕ ده‌بم له به‌ڕه‌زای تاڵه‌کانت !
پڕده‌بم له ساماڵی ته‌نکه لێوێ
که پڕپڕه له هه‌ساره‌ی خاوبوونه‌وه و جوانی
له ڕامانت ڕاده‌مێنم
ده‌ستی ژێر چه‌نه‌ت شه‌کره ژن
پڕم ده‌کا
له ڕاوی ئه‌ندێشه و خه‌یاڵ
پڕم ده‌کا
له ئاژه‌نی
یاسه‌مینه‌کانی سبه‌ی
پڕم ده‌کا
له ڕه‌هه‌ندێکی شیرین
له ڕه‌هه‌ندێ
وه‌ک هه‌ڵله‌رزینی سه‌رێ
وه‌ک چۆله‌که‌یه‌کی ته‌ڕو غه‌مبار
به پاڵ سه‌ری قه‌بره‌وه !
ئۆی ئۆی
هه‌ناره ژن
هه‌نووکه چه‌ن
ته‌ڕم به ده‌س نه‌یاری بارانه‌وه
وه‌ک چڵێ له پشت پیربوونی
دارستانێکی کۆمه‌وه
گه‌ڵای ئه‌شک بداته با
چه‌نه قارسم
به وه‌رس بوونی ئێواره !
وای خودایه
هه‌نووکه من
وه‌ک ئه‌و عاشقه‌ی
بۆ عه‌شیقه‌یه‌کی بێ وه‌فا
مووسی به دڵیا ده‌هێنا
ئه‌مێستا من
مینا ڤانکوخ
گو‌ێم له چنگی که‌نیشکێک دایه و
به‌ڵام ڕه‌نگم له دڵی هه‌زار دایه !
دڵم له دڵی که‌نیشکێک دایه و
به‌ڵام عیشقم
کلووی خوایه و
هه‌ر ده‌بارێ و
هه‌ر ده‌بارێ !
له ڕۆژێک داین
ده‌شێ خودا
ژماره‌ی تاریکاییه‌کان فره تر بن
یان ژماره‌ی پێخاوس و قه‌ره‌ج وگۆڵ !
له ڕۆژێک داین
ده‌شێ خودا
ژماره‌ی چه‌مه‌کانی خوێن فره‌تربن
یان ژماره‌ی به‌ربوونه‌وه‌ی
سێوه‌کانی ئاسوده‌یی !
ده‌شێ خودا
چه‌شم ساغی
ته‌ریقه‌تی قه‌تڵ فه‌ره‌تر بن
یان ژماره‌ی
کوێره بێ مووسیبه‌ته‌کانی به‌ر مزگه‌وت !
له ڕۆژێک داین ده‌شێ خودا
حیکایه‌تی ماچ و عیشق به کوێ بگا ؟
چه‌مه‌گه‌ڵای پایزی خوێن به کوێ بگا ؟
ڕۆژی
ستار بوونی ئینسانه‌کان به کوێ بگا ؟
گه‌رچی خودا
من به خوێنی خوڕه‌مه‌وه و
به‌خوڕه‌می خوێنیشه‌وه
له جه‌نگه‌کانی پشت ئاگر وه‌رز نابم
له غه‌یبه‌تی پشت به‌هاری
په‌روانه‌کان وه‌ڕز نابم
له سه‌فه‌ری
ئێواره مه‌عشوقه‌کانی
شیعر وه‌رز نابم
له ته‌نووری ئه‌م ته‌نیاییه
وه‌ڕزنابم
که هه‌نووکه
قرچه‌م لێ دێ
بۆ فرسه‌خێ
له زه‌مه‌نی دایکی کاسیا
بۆماچێ له‌ودیو به‌هاری ئاگره‌وه !
لێره‌نیت و
به‌ڵام
هه‌ناره‌ژن
ئه‌میره‌ترین ئه‌میره‌ی عه‌رشی شیعر
هه‌ر له‌گه‌ڵمای
له‌هه‌رکوێ بی
ده‌سته‌کانم
پڕن له بۆنی شه‌مامه‌ت !
گه‌رووم پڕه ،
پڕه له عه‌تری هه‌ناسه‌ت !
له هه‌ر کوێ بم
چاوم پڕه له فڕینی
شه‌هێن و باڵنده‌کانی گیانت!
سه‌رینه‌که‌م پڕه
له نێرگز‌و له په‌روانه‌ی چپه‌کانت !
لێره‌نیت وبه‌ڵام
ئه‌میره ترین ئه‌میره‌ی شیعر
به خویندننه‌وه‌ی فنجانێ
ده‌گه‌مه تۆ
ته‌واشا من چه‌ن به وردی
جه‌نگه‌کانی مه‌م ده‌بینم
سوپای سه‌ته‌نی ئاگر ده‌بینم
به خوێندننه‌وه‌ی فنجانێ
ده‌ستم وه باریک ترین چڵه گیای یاده‌وه‌ریت ده‌گا
چاوم به دوورترین په‌روانه‌ی قریوه‌ت ده‌گا
ئه‌وه‌تانێ
مانگه‌شه‌وی سه‌رشانێ
له ناو هه‌ساره‌ی شه‌یاله‌ی
سه‌ر شانێکی
(ئاوی )دا وه‌ک ڕۆژ ده‌بینم !
ئه‌وه‌تانێ له کوێستانی
سه‌ته‌نێکی چیمه‌نیدا
( باز)ی که‌روێشکی په‌مه‌یی گیانت
خوڕه‌ی ئاگری گیانت ده‌بینم !
له هه‌ر کوێ بی
له هه‌ر کوێ بم
ئێمه جووتین !
له هه‌ر کوێ بم
له هه‌ر کوێ بی ،
ئێمه جووتین !
به‌ڵام ئه‌ی یار
له‌سه‌ر پشتی ئه‌سپێ عه‌یار
سپیده بفڕه و بیره‌وه
هه‌موو شتێ له‌م ماڵه دا تامه‌زرۆتن
گوڵ مانی له ئاو گرتوه و
گڵۆپ مانی له هه‌ڵکردن
په‌نجه‌ره له ڕۆژ وباران
په‌رده له په‌نجه‌کانی تۆ و
میوه له لێوی تۆ !
هه‌موو شتێ له‌م ماڵه‌دا چاوه‌ڕێتن
هه‌موو شتێ له‌م ماڵه‌دا تامه‌زرۆتن !
یه‌که‌م جاره
گو‌ێم له شیعری ئاو بێ بۆ تۆ !
یه‌که‌م جاره
سه‌وزایی ماڵ
به چیرۆکێ
له وه‌نبوونت هه‌ڵڕوانێ !
یه‌که‌م جاره
سه‌رینه‌که‌م له ژوور سه‌رم بفڕێ و
له وه‌نه‌وشه‌ی تاڵه‌کانت هه‌ڵڕوانێ !
یه‌که‌م جاره قه‌ڵه‌م بڵێ
له ڕۆژی زمان پژینی
نووسینمه‌وه
هه‌تا ئێستا
سه‌رێشه‌ی شیعرێکی وه‌هام نه‌گرتووه !
سپیده بفڕه و بێره‌وه
جامی ته‌نیایم بڕێژه ، تاقانه ژن
هێنده به‌سه
بووم به دانی ته‌ته‌ڵاوی
به‌ر کزه‌ی مه‌رگێکی ئارام !
هێنده به‌سه
بووم به سووتووی حیکایه‌ت و
بووم به سووتووی قه‌ڵه‌م
گه‌رچی ئه‌ی یار
هه‌مووان کڵۆی سووتوویه‌کین
بۆ ناو کۆکتێله‌کانی خوا
کۆکتێلێ له فڕینی باڵنده و مه‌له‌ی ماسی
هه‌ر کۆکتێلێ له ته‌راژیدیا و
له شینایی ئینسان
هه‌ڵمان ده و نۆشمان که خودا
وه‌ک ئه‌و کچه‌ی دیلی ناو ئاوێنه‌یه‌که
ڕه‌نگه‌کانمان هه‌ڵده خودا
وه‌ک ئه‌وعیشقه‌ی
له زه‌رده‌په‌ڕدا وون ده‌بێ
هه‌ڵمانده و وونمان که خودا !
وه‌ک پیاوانی ڕه‌نگ و ده‌سه‌ڵات هه‌ڵمانده
وه‌ک پیاوانی دزه ووڵات
دزه نانی مناڵانی
ساڵی شه‌هید
هه‌ڵمانده تۆش
ته‌واشاکه
له‌ته‌ک ئه‌رخه‌واندا
پێکێ به پاڵ
شه‌هید بوونمانه‌وه هه‌ڵ ده‌ده‌ن !
له ته‌ک خوێنا
پێکێ بۆ شه‌ره‌فی ڕووداوه‌کان نۆش ده‌که‌ن !
له‌ته‌ک جه‌لاد
پێکێ به‌پاڵ پێکه‌نینه‌وه نۆش ده‌که‌ن !
پێکێ به دیار
په‌روانه‌کانی زانکۆوه هه‌ڵده‌ده‌ن
پێکێ به دیار ژنی تازه و
نه‌رمۆڵه‌ترین که‌نیشکه‌وه هه‌ڵده‌ده‌ن !
وای خودایه به‌ختی چ شه‌رابێکه
ڕوانین له په‌نجه‌ره‌کانی سه‌فه‌ری یار ؟
به‌ختی چ شیعرێکی به تالیعه
خزانه‌ناو
ئێواره‌سه‌وزه‌کانی یار ؟
به‌ختی
سه‌وزایی چ(زاگرۆس)ێکه
فواره‌ی خوێن
له‌ناو توڵی ووشکا ؟
قاقای به‌هار له‌ده‌رماڵی پایزاندا ؟
لێره‌نیت وله‌گه‌ڵم دای
ئه‌ی خانمی پیرۆزه‌پۆش
به‌ڵام
له ڕامانتا ده‌تناسم و
له ڕامانتا ده‌تنووسم و
له ڕامانتا تۆ ببینه
دڵم ده‌بێته گڵۆپی
دارتێله‌که‌ی حه‌وشه و
ده‌بێته ده‌ستی لاولاوێ
لێو به لێوی په‌نجه‌ره‌وه ده‌نێ
له ڕامانتا
کچی ووڵاتی گۆمه‌شین
ده‌تناسم ونه‌مناسیوی
ده‌تناسم و
وه‌ک کازیوه‌ی داپه‌سیوی !
ته‌واشاکه له ڕامانتا
له ئاگری دوا سه‌فه‌رتا
چۆن ده‌سووتێم
ته‌واشاکه له ڕامانتا
له گوێ ئاوی یاده‌کانتا
چۆن ده‌خنکێم !
له‌گه‌ڵ بادا له بیرت بم
که‌من گه‌ڵایه‌کی قه‌رسیلی تۆم !
له‌ته‌ک فڕینی هه‌ورێکدا
له بیرت بم
که من
تنۆکێکم
له هه‌وره ڕووخۆشه‌کانت !
له‌ته‌ک گۆرانییه‌کی نوێ دا
له‌بیرت بم
که من
هاژه‌ی قه‌ڵه‌مێکم له گۆرانی !
له بیرت بم
دڵدارێکی ده‌سته‌پاچه‌ت لێ نه‌بینم
له عیتابی باڵنده‌کانی ئیسماعیل خۆت وه‌لانێ
له عیتابی هه‌ساره وماسی ئیسماعیل خۆت وه‌لانێ
عاشقم به
وه ک چۆن من عاشقتانم
وه‌ک چۆن من سێبه‌رتانم
هه‌تا ئاوی ئێوه‌م هه‌بێ
ماسی شیعرم هه‌ناره‌ژن
حه‌وت ده‌ریا ئه‌ولاتر ده‌چێ و
ڤنسی شیعرم هه‌ناره ژن
حه‌وت ئاسمان ئه‌ولاتر ده‌فڕێ !
به‌هاری 2005/ئه‌ڵمانیا
ئیسماعیل خورماڵی
به‌ر له سه‌فه‌ر
هه‌موو کاڵبوونه‌وه‌کانت به من به خشه
هه‌ناری هه‌موو برکێکت ،
به‌سه‌ر چڵی دڵمه‌وه که
تادێته‌وه
به چاوی تۆ
به ئاوی چاو ،
ئاوی گوڵه‌کانت ده‌ده‌م !
تادێیته‌وه به چاوی تۆ
به فڕینی کۆتری دڵ
نازی په‌روانه‌کانت هه‌ڵده‌گرم !
تادێیته‌وه تاقانه‌که‌م
له دووتوێی کتێبه‌کانتا داده‌نیشم
له شینایی به‌یت و شیعرا
من که‌روێشکی جوانییه‌کانت
خه‌پانه خه‌پانه ده‌که‌م
هه تا دێیته‌وه کچه‌که‌م
به چاوی تۆ
له‌سه‌ر شه‌خته‌ی بێ ئۆقره‌یی
چامه‌یه‌ک له‌ڕه‌نگی به‌فر هه‌ڵده‌شێلم
فرسه‌ت دێنم
یه‌که یه‌که
عه‌تره‌کانت خاڵی ده‌که‌م
فرسه‌ت دێنم
به قه‌ڵه‌مێ
له قه‌ڵه‌می ناو جه‌نتاکه‌ت
شووشه‌ی
په‌نجه‌ره‌که‌م
به ناوی خۆت خه‌ڵتان ده‌که‌م !
سه‌فه‌ر سه‌لامه‌ت کچه‌که‌م
به‌رله‌سه‌فه‌ر
پڕم که له ناساغی خۆت
به باخه‌وانی ئازار و ته‌نیایم که
هۆ تاقانه
کانی چاوم
قه‌زاوه‌گێڕی فرمێسک و
باخی ئاهم
قه‌زاوه‌گێڕی دڵت بێ !
هۆ تاقانه
قه‌زای ده‌شتی په‌ڕاوێکت
له‌وڵاتی سه‌ری سپیم که‌وێ
قه‌زای نمه‌ی
هه‌ناسه‌یه‌کی شیرینت
له خوڕه‌می
دوکه‌ڵاوی هه‌ناسه‌ی من که‌وێ
هۆ تاقانه
هه‌ناری دڵه مزره‌که‌ی باوکت
به میوانی هه‌رمێله‌که‌ی دڵی تۆ بێ !
هه‌موو ده‌شته
سه‌وزه‌کانی پێکه‌نینیم
به میوانی
چنگێ لۆکه‌ی
بزه‌ی تۆ بێ !
سه‌فه‌رسه‌لامه‌ت کچه‌که‌م
تادێیته‌وه
له دووتویی کتێبه‌کانتا داده‌نیشم
چامه‌یه‌ک له ڕه‌نگی به‌فر هه‌ڵده‌شێلم
به‌وه‌ی مه‌گره هۆ تاقانه
چۆله‌که باوکانه‌یه‌کی دوورم
من هه‌میشه‌پایزێکم
له ڕه‌نگی گه‌ڵاکانی تۆ
به‌هارێکم له جواناوی ته‌نیایی تۆ
به‌وه‌ی مه‌گره هۆ تاقانه
ئه‌مێستا من بازی دوورم
وه‌لێ ژووان
کازیوان له شانی گوڵه‌کانت
سه‌رنجێک به
عاشقترین په‌روانه‌ی ناو گوڵه‌کانت
مه‌حزوونترین په‌روانه‌ی ناو گوڵه‌کانت
په‌روانه‌ی دڵمه سه‌رنج به !
یان هه‌ینیان تاقانه‌که‌م
که ده‌چیته
سه‌ر مه‌زاری (نیگا)ی هاوڕێ و
بناوچه‌که‌ی کۆستی تازه
ته‌واشای ڕه‌شتاڵه‌ترین
چۆله‌که‌ی سه‌ر ئه‌رخه‌وان که
له مه‌حزوونترین چۆله‌که ووردبه‌ره‌وه
چۆله‌که‌کانی چاوانی باوکت
کچه‌که‌م زوو ئاشنا ده‌بن !
به‌وه‌ی مه‌گره ئه‌مێستا که
که من دوورم
ئه‌وه منم
له ڕاگووزه‌ری مه‌کته‌بتا
وه‌ک سێبه‌رێ ، لڤێکس و کتێبه‌کانت
بۆ هه‌ڵده‌گرم !
ئه‌وه منم
به پاڵ عه‌تری
نیرگزێکی عه‌یاره‌وه
به عه‌تری دڵ
ئاوڕشێنی باڵات ده‌که‌م !
ئه‌وه منم ، به‌پاڵ ئه‌وینی خاک و
سێبه‌ری گۆمه شینه‌وه
سرووده‌کانی ته‌مه‌نت له‌به‌ر ده‌که‌م
ئه‌وه منم ، ئه‌وه منم
تاقانه‌که‌م ئه‌وه منم !!
به‌هاری 2005/ئه‌ڵمانیا