چوارشیلك

   ئیسماعیل خورماڵی   

 

 

 

(1 ) خاوبوونه‌وه‌..

ئه‌و ده‌مانه‌ی ماچ ده‌مگرێ و

ئیتر به‌كوڵ وه‌كو مناڵ

به‌رده‌بمه ‌هه‌ڵاڵه‌ی دار چوواله‌ی گیانت و

ڕن ڕن ..ڕن ڕن ..گوڵی گیانت ده‌ڕنم..

توره‌ مه‌به‌..باوانه‌كه‌م ..خۆت ده‌زانی ..

چه‌ن حه‌زم له‌خاوبوونه‌وه‌ی باوه‌شێكه‌

له‌ خێرایی زه‌مه‌نێكدا

بۆنی قژ و

بۆنی مل و

بۆنی گشت به‌رزاییه‌كانی

له‌شی كچێ دامبپۆشێ ..

دامبپۆشێ ..

 

(2) ڕژان...

پێت سه‌یر نه‌بێ..سه‌ره‌تای گشت دانیشتنێ

ئه‌م كوڕه‌ بزێوه‌ی هاوڕێت..

به‌چاو گاز له‌گییانت ده‌گرێ و

بێ ده‌نگانه‌ش به‌خۆی ده‌ڵێ ..

خووایه‌ ماڵت پڕ له‌ نوور بێ ..چیت كردوووه‌ ..

ئاوێنه‌ش نیه‌ كه‌چی ئه‌و

چ شه‌وقێ له‌ گۆشتی ده‌ڕژێ

 

(3) تێكه‌ڵ بوون...

من ده‌زانم ..هه‌ر كه‌ سۆنه‌ی ئه‌م ئه‌نگوسته‌ شێتۆكانه‌م ..

ده‌گه‌نه‌ ناو چیمه‌ن و گوێ ئاوی گیانت ..

ئیتر گوڵم ..چۆن یه‌ك پارچه‌ ده‌بن به‌ گڕ

له‌به‌د به‌ختیش ..ئه‌ی سێوه‌ كچ ..

وه‌ها خۆتان نیشان ده‌ده‌ن

ڕقتان ..ڕقتان له‌ ڕووتبوونه‌وه‌ و

له‌ جۆلانه‌ و ..ڕقتان له‌ بارانی ماچه‌

به‌ڵام ..بوڵام ..ئه‌ی سێوه‌ كچ ..

كه‌س وه‌كو من ..له‌ ڕۆمانی ئاگره‌كانت حاڵی نابێ

كه‌سیش وه‌ك من ..له‌باخه‌كانی له‌زه‌تدا بزر نابێ

 

(4) جاران...

كچێ به‌ خووا..

ماوه‌یه‌كه‌ په‌رێشانی زه‌مه‌نێكم..

ئه‌ها جاران ..ئه‌ها جاران ..

له‌ودیو هه‌وری كراسه‌ ڕه‌شه‌كه‌ته‌وه‌ ..

ده‌مڕووانیه‌ ڕۆژی له‌شت

ئه‌ها جاران ..به‌غیلیم به‌ وقردێله‌یه‌ ده‌برد..

له‌من زییاتر له‌گه‌ڵتا بوو

ئه‌ها جاران ..ده‌مم ده‌نا به‌ گیانته‌وه‌ و

ده‌مم پر ده‌بوو له‌ نوقل..

ئه‌ها جاران ..ئه‌ها جاران

 

جۆزه‌ردانی1994/سلێمانی