ئێ ی .. ئۆلیسیا
شیعری:ئیسماعیل خورماڵی
xurmaly@yahoo.de
به‌شمشاڵی دارستانه سه‌وزه‌كانی پیری هه‌ڵده‌په‌ڕم
هه‌ڵده‌په‌ڕم و
له‌ویقاری ئۆردوی شه‌ونم و
له‌گۆڕستانی بێشكه‌كان هه‌ڵده‌ڕوانم ..!!
زه‌مانێكه له‌ودیو ئاوی ئاشگێڕی یاخیبوونه‌وه ..
له‌به‌ر كلوی , حیكایه‌ته سپیه‌كانی قه‌ڵه‌مدا چنگ ده‌گرمه‌وه و
له‌هه‌یوان و له ئه‌شكه‌وتی مێژوو ,
له‌ئاوێنه‌ی دووا نهۆمی خه‌نجه‌ره‌كه‌م ورد ده‌بمه‌وه
له‌دار سێوی , تازه سێوی دنیایه‌ك ورد ده‌بمه‌وه ..
لێ دنیایه‌ك .. پیری ..
بۆنی وه‌نه‌وشه‌كانی مناڵی لێ بێ و
گویشمان پڕكا , له‌قیژه‌ی جه‌نگ به‌ده‌ستی گوڵ ..!!
لێ زه‌مانێ .. مینا زه‌مانی مناڵی ..
كه‌له به‌فرا ڕیشۆڵه‌مان ڕاو ده‌كرد و
په‌روانه‌مان به‌تریقه‌ی به‌یبوونه‌كاندا هه‌ڵده‌فڕان
له‌مله‌وه , هه‌تا ده‌گه‌یشتینه چه‌م و ئاوی تاف گێڕ ..
شه‌ونممان به لالێوی گه‌ڵاكانه‌وه ده‌خوارده‌وه و
له‌ستیانی خونچه تاریكه‌كان
له له‌شی با ..
له مه‌مكی چڵه گیاكانمان هه‌ڵده‌ڕوانی !!!
زه‌مانێكه به شمشاڵی دارستانه سه‌وزه‌كانی پیری
هه‌ڵده‌په‌ڕم و .. دڵم ده‌ڵێ پیری زه‌ریف ..
هه‌سته
هه‌سته سواری ئه‌سپی بروسكه به‌و
پێچه‌وانه‌ی هه‌موو كه‌وشه‌نه‌كانی خوا كه‌مه‌ن بگره
كه‌مه‌ن بگره و
پیری زه‌ریف
له‌گوێ ئاوێ ..
پۆرترێتی برینه ڕووته‌ڵه‌كانت ,
نازه‌ریفی ساڵه وشكه‌ڵه‌كانت ,
بێوه‌فایت له‌به‌رده‌م میحرابه‌كانی باوكایه‌تی و ,
بێوه‌فایت له‌به‌رده‌م ڕه‌وه‌زه‌كانی نیشتیمان و ,
بێوه‌فایت له‌به‌رده‌م نارنجه‌كانی شیعرا ..
به‌لاسه‌ری گۆڕه ماسی ناو قه‌وزه‌وه
به‌لاسه‌ری گرده شینه‌كانی نێو ئاوه‌وه
بشاره‌وه !!
له‌سه‌ر كێلی ئاویش بنووسه ..
ئێره خه‌زنه‌ی پادشایه‌كی دۆڕاوه ..
زه‌نگن له‌ئاو به‌ن و هه‌ڵیكۆڵن !
گۆزه‌شینه‌كانی ده‌ریا شه‌ق و په‌قكه‌ن !
وه‌ك په‌روانه به شه‌ماڵدا , به‌ده‌شتی ئاوا هه‌ڵفڕن !
تا ده‌گه‌نه ئه‌و ماسییانه‌ی , زاریان پڕه له ئاقیق و
ئێوه‌ش له‌ڕه‌نگی یاقووتێ , ئاو ده‌كێڵن !
بفڕن .. تۆزقاڵێ ئه‌ولاتر بفڕن ..
دارستانێ دێت و .. گوێتان ..
گوێتان پڕ ده‌بێ له‌جه‌نگی ,
ته‌ورزین و بناوچه سه‌ر قژنه‌كان !
لوتتان پڕ ده‌بێ له بۆسۆی , په‌له‌وه‌ره نابینا‌كان
بفڕن .. تۆزقاڵێ ئه‌ولاتر بفڕن .. تا .. تا
دووایه‌كتان به‌سه‌ر ئاگری ماچ و ختوكه‌یا ده‌كه‌ون !
ئاسمان شه‌كره‌ژنێكی هه‌ڵاژاو ,
له‌ماچی با ,
له‌ستیانه هه‌ورینه‌كان ,
له‌ڕێواسی ڕه‌شكه‌ڵانه‌ی زه‌وی هه‌ڵده‌ڕوانێ !!
زه‌مانێكه له‌ودیو ئاوی ئاشگێڕی یاخیبوونه‌وه ..
به‌شمشاڵی دارستانه سه‌وزه‌كانی پیری هه‌ڵده‌په‌ڕم
هه‌ڵده‌په‌ڕم و , دڵم ده‌ڵێ .. هۆ پیره گیان
لالێوی ئه‌م بێشه‌ڵانه
به‌گێلاس و , چه‌هچه‌هه‌ی شیعر په‌رژین كه !!
وه‌سێتی نالی و مه‌حوی یه .. پیره گیان !!
شۆخایه‌تی ئه‌م قه‌ده‌ره , مینا په‌موو ..
بنێره‌وه ناو قۆزاخه‌ی چراكانت !!
په‌نجۆڵانت به دوكه‌ڵ و
قوڵاییت به‌ئاگر سوواغ به پیره گیان !
مینا جاران , وه‌ك به‌هاری هه‌رزه‌كاریت ..
به‌نازی پیاوێكی ئه‌سمه‌ر پیره گیان ..
عه‌تری هه‌زار و یه‌ك مردن له‌خۆت به‌و
هه‌زار و یه‌ك شۆخی جه‌هه‌نه‌مم بۆ فریو به
پیره گیان ..
گه‌هێ به‌قه‌یاغی گوڵ و
گه‌هێ مه‌له ..
له‌ئه‌وینی ئه‌وانیش ده پیره گیان ..!
لێ مه‌له‌یه‌ك ..
له‌قه‌ده‌ری تێك گرژانی ئه‌م هه‌ساره به‌جێت بێڵێ !
ئاودیوی ئه‌م وه‌رزانه‌ت نێ پیره گیان ..!
زه‌مانێكه .. ده‌ڵێم :
هه‌نووكه نا تاوێكی تر ..
له‌ودیو هاوسێ یه‌تی كه‌نه‌سمه‌كانی بوێریوه
له‌ودیو فڕینی بازه‌وه .. باز
بۆ یه‌كه‌م جار , له‌زۆرانی مردنا په‌نجه هه‌ڵده‌بڕم
زۆران , كێوی پڕ ئاهوی بوێری ..
زۆران , پۆلی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ناو مناڵی ..
لێ ئه‌ی دۆست حه‌یف و خوڕه‌مێ حه‌یف ..
هه‌ر زه‌مانێ واده‌ی زۆران و مردن دێ ..
له‌بروسكه و گڕ ئازاتر ..
ماسیه ژنه‌كانی وڵات , به‌گوڵدانی ختوكه‌وه و
سێوه كچه‌كانی گه‌ڕه‌ك , به‌ستیانی ئاگره‌وه و
گونده ڕه‌شپۆشه‌كانی خاك .. به‌سرودی دوا سوتان و
بۆیاخچیه‌كانی شاریش .. هه‌رهه‌موویان
قه‌تار قه‌تار , به‌قه‌تاری شیعره‌وه دێن ..
شێته مردن له‌شارا تاڤگه‌یه تره ..
زۆرانی چی و مردنی چی بگه‌ڕێوه ..!
هه‌ڵاڵان له‌هه‌نگه‌زه‌رده چاو ده‌گێڕن
ئاو له‌ڕۆخ و ئاشق له‌تۆ ..
شێته زۆرانی چی و مردنی چی بگه‌ڕێوه !!
هه‌ساران به‌هێله‌كی سوور و
كه‌نیشكان به‌ده‌سنوێژه‌وه
ئاشقۆڵان به‌ڕووڵه‌ی ڕۆحیان
له‌سه‌ر ده‌سته و
چاوه‌ڕێ ی سماقی شیعرن .!
ده‌ی شێته گیان ..زۆرانی چی و مردنی چی ؟ بگه‌ڕێوه ..!
- به‌ده‌م خواستی تازه زه‌مانی دڵمه‌وه ..
گه‌ڕامه‌وه و ڕژامه‌وه ..
ناو خه‌رمه‌نی ئێواره مزره‌كانی شار .!
بووم به – با – ی تازه – با – ی خه‌یاڵ
به‌لاپاڵی مه‌ست بوونه‌وه ,
به‌ته‌وێڵی به‌رزییه‌وه
له‌ڕووباره شینه‌كانی ,
( ئۆلیسیا ) ورد ده‌بومه‌وه .!
ئێ ی ئۆلیسیا .. به‌د مه‌ستی هاوڕێم پێ كه‌نه ..
هه‌تا گۆزه‌ی ئه‌م شه‌رابه قه‌یمانه ده‌ڕژن ..
تۆ پێ كه‌نه ..!!
هه‌تا شووشه‌ی ئه‌م مه‌یخانه به‌چۆڵ ده‌چن
تۆ پێ كه‌نه ..!!
كاسكێته‌كه‌ت , به‌سه‌ری شووشه‌یه‌كه‌وه كه‌و
پشوویه‌ك به‌ده‌شتی گیانت به‌خشه ..
ئه‌ی شیرین ترین – مێ گوڵ – ی
ئه‌م سه‌رده‌مه ناشیرینه ..!
وه‌كو من چۆن هه‌موو ڕۆژێ ..
دوا ئێواره‌م , به‌چڵی ئه‌م باڕه تاره‌ی تۆوه ده‌كه‌م
هه‌ر ئێواره‌ی ملپێچێ له‌خه‌مه‌كانم هه‌ڵده‌واسم ..!
ده‌پێكه‌نه , به‌د مه‌ستی هاوڕێم پێ كه‌نه ..
با منیش به‌پای قه‌رسیل و سه‌ری سپیمه‌وه
بێمه دامه‌نی جووانیتان ..
بێمه چۆمی عه‌تر و ختووكه‌تان ..
به‌ڕه‌وه‌زی شووشه‌ی گیانتانا بڕوانم ..
ئێ ی .. ئۆلیسیا ..
كاسكێته‌كه‌ت به‌سه‌ری شووشه‌یه‌كه‌وه كه‌و
بێ دانیشه ..
با له‌ته‌ك ئه‌و شیعرانه‌دا ئاشت ببمه‌وه
له‌ژووانی باران و ژووان به‌جه‌نگ هاتن
بهێڵه ئه‌ی دۆست قه‌ده‌رێ .. هه‌ر قه‌ده‌رێ
وه‌پای سه‌وز و , سه‌ری سپیمه‌وه ..
چاوم پڕكه‌م .. له‌به‌فری ڕووت ..
له‌ڕۆشنایی ئه‌و هه‌موو هه‌تاوه‌ی گیانت
هه‌ر قه‌ده‌رێ .. به‌سه‌ر شورای
هه‌ره حه‌رام ترین حه‌ڵاڵدا هه‌ڵزنێم ..!!
وه‌ره ئه‌ی دۆست ..
تۆ له‌ده‌شتی پڕ شیلكی گیانت ..
كوچه‌یه‌كم به‌رێ ..!
له‌تاقانه سێوی گیانت سێوێ ..
سێوێكم به‌رێ ..
وه‌ره ئه‌ی دۆست .. كوچه‌یه‌كم به‌رێ ..
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی جێ كێلانێ ..
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی
جێ خه‌وی ئه‌م خه‌نجه‌ره ڕه‌شكه‌ڵانه‌ی من
ماڵێ له‌به‌رزاییه‌كانی له‌شت
چه‌مێ له‌گوێ ئاوی چاوه‌كانت ..
ئێ ی ئۆلیسیا پێت سه‌یر نه‌بێ ..
به‌م زستانه مه‌یلی مه‌له‌ی ڕووبارێكم له‌تۆ ..!
دڵم مه‌یلی به‌رزییه‌ك ده‌با بۆ ڕووانین .!
وه‌ره ئه‌ی دۆست ..
به‌م دره‌نگی مه‌ست بوونه‌وه
بمده به‌ئاوی عاتیفه‌یه‌كدا
با شڵپه‌م بێت له‌سووتانا ..!!
لێ سووتانێ , پیریم به‌سه‌رده‌می عیشق و
پیریم به‌مناڵی به‌خشێته‌وه ..!
چون خودایه دووره عیشق من هه‌میشه ..
بۆنی ئه‌و ته‌یره خوساوانه‌م لێ دێ
كه ئێواران , له‌جه‌نگه‌كانی با و باران ..
به‌خه‌رمه‌نی شكسته‌وه ,
دێنه‌وه لانه ڕووته‌كان ..!
تازه ئه‌ی دۆست , له‌م بێشه به‌ڕووتی ده‌ڕوێن ..
ده‌س به‌تاڵ ئێره چۆڵ ده‌كه‌ین ..
نه‌من ..
نه‌من .. به‌و ڕۆژانه شاد ده‌بمه‌وه ..
كه دایكم به‌دیار گریانی رووباره پیره‌كانه‌وه
پێده‌كه‌نی و
نه تۆش ..
نه‌تۆش .. به‌و ڕۆژانه ده‌گه‌یته‌وه ..
كه باوكت به‌دیار قریوه‌ی به‌فر و جۆگه‌وه ده‌گریا ..!
ئێ ی ئۆلیسیا ..
كاسكێته‌كه‌ت به‌سه‌ری شووشه‌یه‌كه‌وه كه‌و
بێ دانیشه ..
ئه‌م پیاوه خۆرهه‌ڵاتیه‌ی كه ده‌یبینی ..
ئه‌م قه‌ڵه‌مه پڕ زه‌رده‌خه‌نه‌ی به‌رده‌مت ..
په‌روانه‌ی ده‌شتێكه له خوێن ..
ده‌شتێ غه‌ریب به‌تۆ ..!!
ئێ ی ئۆلیسیا ..به‌لێوی بزه و ڕۆشنم فریو مه‌چۆ
بۆڵه ترێ ی وڵاتێكم ..
له‌ڕه‌زێكدا به‌هێشوو دێم هه‌ر ئاگره ..
بۆنی سینه‌ی زارۆكێكم ..
عه‌یامێكه .. دایكم به‌كانی خه‌ڵوز و ڕه‌ژوو بووه ..!
خوڕه و تاوی گریانێكم ..
له‌ودیو گرده شینه‌كانی خۆش نودیوه ..
ده‌ی ئۆلیسیا ..
ئه‌ی شیرین ترین فریشته‌ی ئه‌م عه‌یامه ڕمۆزنه ..
كاسكێته‌كه‌ت به‌سه‌ری شووشه‌یه‌كه‌وه كه ..
مۆمێ تر و بزه‌یه‌تر ..
پێكێ تر و چامه‌یه‌تر ..
با وه‌ك ئاوی حه‌رف و چامه ..
بڕژێمه ناو جۆگه‌له‌ی ئاگری سینه ..
بزه‌یه‌ك و
به‌كۆتری هێلانه سووره‌كانتم بناسێنه ..!
بزه‌یه‌ك و
به‌كه‌روێشكه‌ی زه‌رده مووی له‌شتم ئاشناكه .!
بزه‌یه‌ك و
به‌سیحری شه‌پۆلانێكم بناسێنه ..
هه‌تا ئێستا
به‌كه‌مه‌ری – ڤلۆرا – شدا نه‌هاتبێ ..
ئێ ی ئۆلیسیا .. دره‌نگانه و مه‌یخۆر كه‌مه ..
دره‌نگانه و ئاگری له‌ش جه‌مه ..
پێت له‌و پاپووجه سورانه ده‌ركه
با په‌روانه‌ی په‌نجۆڵانت ..
به‌دێراوی پڕ ڕیحانه‌ی پشوویه‌كدا بفڕن ..!
خۆ گلێنه‌م به‌ئێواره‌یه‌ك له‌پایز ..
به‌هار له‌ساڵ شه‌هید نابێ ..!
ده‌سا ئه‌ی دۆست وه‌ره ئه‌مشه‌و ..
به مه‌ره‌كه‌بێ له‌ژیان
هه‌موو گه‌ڵا وه‌ریوه‌كان
شین كه‌ینه‌وه ..!
وه‌ره ئه‌مشه‌و ئا به‌م شه‌وی مه‌ست بوونه‌وه
گوێ له‌شكیلایه‌ك بگرین .. خۆمان به گه‌مه‌یه‌ك ته‌ڕكه‌ین
دۆزه‌خمان به‌جه‌ننه‌ت به‌خشێ ..
تۆ ..
به‌و شه‌مامه میهره‌بان و كاڵانه‌وه ..
كه له‌ودیو په‌نجه‌ره‌ی سووری ستیانه‌وه ..
مینا ته‌یران جوكه‌یان دێ ..!
منیش به‌م باڵه شكاوانه‌ی حوزنه‌وه ..
كه‌له سڕی فڕینێكدا له‌ده‌ستم دان ..!
له‌سۆراخی به‌هارێكدا له‌ده‌ستم چوون .!
- با – ده‌زانێ ..
كه‌له‌جه‌نگی هه‌ڵوه‌رینی گوڵه‌كاندا
دۆڕاندمن ..!!
ئێ ی ئۆلیسیا .. تاس نه‌تگرێ ..
ئه‌و گوڵانه‌ی ..
له‌یه‌كه‌مین ئێواره زه‌رده‌كانی پایز و
له‌یه‌كه‌مین ئێواره سه‌وزه‌كانی به‌هار و
له‌یه‌كه‌مین سپیده سپیه‌كانی
زستانه‌وه ونن ..!
ئێ ی ئۆلیسیا .. پێكێ تر و چامه‌یه‌تر ..
شه‌رابه‌كه‌ت نۆش كه ..
با چیرۆكی ئه‌و مێخه‌كه دزراوانه‌ت ..
بیربێنمه‌وه ..
له‌هه‌رێمه چكۆڵه‌كه‌ی مندا ..
ئاله‌وپه‌ڕی گه‌رمیانه‌وه فڕاندنیان ..
دوواین چڵ‌یان به‌عه‌رعه‌را په‌ل كێش كردن
ئه‌وان كه چوون ..
وه‌دووی حیكایه‌تێ كه‌وتن ..
ده‌بوو سبه‌ی , له‌وسه‌ری موحیبه‌ته‌وه ..
به‌نێو باخی مه‌مۆڵاندا
به‌نێو دوعای سێوه‌كاندا بێنه‌وه دووا
لێ مه‌خابن ..
كه‌نیشكی به‌فر و خۆره‌تاو ..
به‌هار بوو به كتێبی په‌روانه و
ئه‌وان نه‌گه‌یشتنه‌وه وڵات .!
وڵات بوو به‌ژێر ئازادی و
باڕێژه‌ی شه‌نس و به‌خته‌وه ..
ئه‌وان
ئه‌وان هه‌ر نه‌گه‌شتنه‌وه به خاك ..!!
ئێ ی ئۆلیسیا .. تازه ..
كێ به‌ژێر پردی ئیماندا ده‌ڕوا خۆیان نه‌بن .!
كێ بۆ چاڵی ئه‌م سێبه‌ره تاریكانه‌ی ئێمه ..
سه‌ره‌گورزێ له گزنگ و
سه‌ره‌گورزێ له‌هزری خۆیان دێننه‌وه
خۆیان نه‌بێ ..
ئێ ی ئۆلیسیا تاهه‌نوكه‌ش
بۆن به‌گه‌ڕاننه‌وه و
بۆن به‌ئازادی و
بۆن به‌ڕیحانه‌ی خاكه‌وه ده‌كه‌ن ..
لێ مه‌خابن .. تازه ..
كێ به‌ردێ ده‌هاوێته ناو
كانی خه‌مه‌كه‌ی ( خۆراسان ) .!
تازه .. كێ ئاوی دار هه‌ڵوژه‌كه‌ی سۆزه ئه‌دا .!
ئێ ی ئۆلیسیا .. ئێمه نه‌بین ..
تازه .. تازه .. كێ له‌گه‌مه‌ی
شیلك و چه‌قۆی كول ده‌ڕوانێ .!
كێ به‌دیار بارانی ونه‌وه ده‌گری ..
ئێمه نه‌بین ..
كێ به‌دیار بارانی ونه‌وه ده‌گری ..؟
تازه .. تازه .. كێ .. كێ ..
وه‌كو خه‌یام چنگاوشی لادیواری كوفر ده‌بێ و
هه‌ر جارێ هه‌ر جارێ .. جارێ ..
به‌خوا بڵێ ::
هۆ پایزه خوا ..
توتن و كیسه‌كه‌ت پێچه‌وه ..
مردوین به‌دوكه‌ڵی مردن , قانگمان مه‌ده ..
هۆ پایزه خوا ..
ده‌خیلت بین .. ئێواره‌ی مه‌یته‌ره‌وانیش
له‌ئه‌سپه‌كان توڕه مه‌كه ..
خۆ ئێمه خوا ..
به‌دیدی تۆ هه‌ر گوناهبارین ..
گوناهبارین , تا ئاو سه‌ر له وشكی ئه‌دا .!
گوناهبارین , تا شینایی سه‌ر له‌پایز ئه‌دا .!
گوناهبارین ..
هه‌رچی بڵێین ..
گوناهبارین
ئێ ی ئۆلیسیا ..
كاسكێته‌كه‌ت به‌سه‌ری ئه‌و شووشه‌وه نێ و
بێ دانیشه ..
هه‌ر زه‌مه‌نێ ..
به‌قه‌د عومری دوو پێك و دوو ماچ و هیچی كه نا .!
هه‌ر زه‌مه‌نێ ..
به‌قه‌د عومری دوو پێك و دوو مردن , هیچی كه نا .!
تۆ له ختوكه و پێكه‌نینا ..
من له عه‌یشی خه‌مه‌كانی نیشتمان و
شیرین خه‌زاڵێكی خاكا ..
ئێ ی ئۆلیسیا ..
ئه‌ی فریاد ڕه‌س
دواین پێكم وه فریاد خه ..
من له‌چاوی ماچه‌كانی دوا باران و
تۆ له‌چاوی دواین گه‌ڵای
ئه‌و دره‌خته ئێشك گره‌ی ..
به‌ر شانی په‌نجه‌ره‌كه‌مان .!!
ئێ ی ئۆلیسیا .. تۆ ته‌ماشا
باران چه‌ن به‌مه‌ستی ..
له‌مه‌مانی په‌نجه‌ره‌كان هه‌ڵده‌ڕوانێ و
چه‌ن به‌مه‌ستی .. چه‌ن به‌تاسه ..
له‌كه‌مه‌ری ئه‌م كۆڵانه تاریكه ورد ده‌بێته‌وه .!
له‌كوێت بێنم .. ئه‌ی دۆست ..
له‌سێبه‌رتا ..
من ئه‌م جه‌نگی ماچه له‌باران به‌رمه‌وه .!
له‌كوێت بێنم
وه‌ك ئه‌و دره‌خته سه‌وزانه‌ی له‌به‌رزیوه ..
چاویان پڕه له‌سوتانی سێبه‌ر ..
تۆش ئه‌ی دۆست پڕ پڕم كه‌ی ..
له‌ئێواره ڕوو خۆشه‌كانی نیشتمان
له‌كوێت بێنم ئه‌ی دۆست ..
به‌قه‌د ئه‌مشه‌و ..
كه مه‌ستانه ترین شه‌وی .. ئۆلیسیایه ..
كه مه‌ستانه ترین شه‌وی ..
من و باران و چامه‌یه ..!
له‌كوێت بێنم ئه‌ی دۆست ..
بمده‌یته‌وه بن پاسارێ له‌جه‌هه‌نه‌م ..
من به‌م جه‌نه‌ته هێڵنجم دێ ..
منێك , كه سه‌ر كه‌پری دڵم پڕه
له‌بۆڵی تازه‌ی چاو كاڵان ..!
منێك , كه‌چاوم پڕه له خوڕه‌ی عیشوه‌ی ئه‌وان ..!
منێك ئه‌ی دۆست ..
كه‌هه‌ناسه‌م نه‌عنای سه‌وزه و
سه‌رم كوانووی نیشتیمانێكه له جووانی .!
وه‌ره ئه‌ی دۆست ..
نازی جه‌فاكانت به چاو
په‌روانه‌م و به‌دوو باڵی په‌روانه‌وه ..
بمبه‌ره‌وه ..
بمبه‌ره‌وه و , به‌و تۆزه باڵه‌وه مه‌یلم
له فڕینی ناو ڕه‌شه‌باكانی شاره ..
ماسیم و
به‌و تۆزقاڵه هه‌ناسه‌وه ..
مه‌یلم , مه‌یلم له‌گوێ چه‌مێكی خۆمانه .!!
وه‌ره ئه‌ی دۆست ..
نازی جه‌فاكانت به چاو ..
داغانم كه‌و به‌ش به‌شم كه ..
وه‌نه‌وشه‌م و چه‌م بۆ تۆ ..
من ئاره‌زووی نێوان , كتێبه‌كانی ئه‌وان ده‌كه‌م .!
هه‌ساره‌م و ئاسمان بۆ تۆ ..
من ته‌وێڵی قه‌یمه شارێكم به‌سه .!!
ده‌ستم دامه‌نی تۆ ئه‌ی دۆست ..
ئا له‌م مله‌ی هه‌زاره‌وه ..
گلۆرم كه‌وه ناو ده‌شتی دڵنیایی
پاكی ئه‌م به‌حرانه بۆ تۆ ..
هاژه‌یه‌ك له‌سازان بۆ من
ئه‌م هه‌موو موڵكی قه‌یسه‌ر و جه‌به‌ڕووته بۆ تۆ و
سایه‌ی به‌ردێكی پیر بۆ من .!
جار ناجاره چرای شیعرێكی تیا هه‌ڵكه‌م ..
لێ چرایه‌ك , تاقی ..
تاقی , دوا سه‌فه‌ره‌كانی نالی ڕۆشن بێنێ و
میهرێ , به‌گوفته ڕووته‌ڵه‌كانی شێخ ببه‌خشێ .!
وه‌ره ئه‌ی دۆست .. هه‌ر به‌سێوێ ..
من كلیلی هه‌زار خه‌زنه‌ی شیعرت به‌مێ ..
ئه‌و شیعرانه‌ی له‌دیوانی به‌حره توڕه‌كاندا ..
دوا سه‌ده‌فیان
له‌نێو هه‌ره توحفه‌ترین موحیبه‌ت و
له‌نێو هه‌ره گران ترین خۆشه‌ویستیدا ده‌بینرێن ..
وه‌ره ئه‌ی دۆست ,
به‌هه‌ده‌ر ناچێ ئه‌م گه‌مه‌ی دابه‌ش بوونه
وه به‌فری پرسه‌دا ناچێ ,
سه‌ری سنه‌وبه‌ری ئه‌م عیشقه‌تان ..
خانه خه‌راب .. تازه .. كێ .. كێ وه‌كو من ..
له‌سه‌ر ته‌خته‌ی پیره پۆلی خۆشه‌ویستی ..
ده‌رسێ ,
له‌موعجیزه‌كانی نالی و
ده‌رسێ ,
له‌عیرفانی مه‌حویمان ده‌نوسێته‌وه ..
وه‌ره ئه‌ی دۆست ..
من پیاوێكم له‌فه‌رزه‌نی ڕه‌شه‌باكان
تۆ ته‌واشا .. جگه‌ره‌كه‌م ..
له‌تووتنی به‌سته‌ڵه‌ك و
له‌سیغاری كڕێوه‌یه .!!
پاڵتۆكه‌م له‌كلوی به‌ور و
له‌ئه‌ستێره‌ی چلوره‌یه ..!!
تۆ ته‌واشا ..
ئه‌ی دۆستی ڕه‌قیب به‌گیانم ئێسته ..
هه‌نووكه چۆن .. به‌سه‌ری وه‌ك بێژنگه‌وه
له‌وبه‌ر ئۆقیانووسه دووره‌كانی ئافاته‌وه
من دێمه‌وه ..
باڵم باڵی په‌روانه‌یه و
پڕم له‌ڕه‌نگاڵه‌ی فڕین .!!
سه‌رم سه‌ری په‌روانه‌یه و
پڕم له‌زه‌مانی به‌هار ..!!
وه‌ره ئه‌ی دۆست .. به‌ر له‌مردن ..
به‌خۆتم ئاشنا كه‌ره‌وه ..
نه‌ده‌بوو نا .. ئه‌ی دۆست
كه‌من فه‌رزه‌ندی عیشقت بووم ..
دڵم به‌ماڵی ئه‌و هه‌موو چه‌قۆیه كه‌ی .!
سپیدانێ , به‌و چه‌مه وشكانه‌م به‌خشی
هێن له‌مێژه وشكن .. ئه‌ی دۆست ..
هه‌تا نیگای ئاویشیان له‌بیر نه‌ماوه .!
ئێوارانێ .. به‌و باڵنده خوساوانه‌م بناسێنی ..
زه‌مانێكه ڕێ نابه‌نه‌وه سه‌ر عیشوه‌ی فڕین ..
نه‌ده‌بوو نا .. ئه‌ی دۆست
وه‌به‌ر ماڵی هه‌ساره توڕه‌كانمدا گوزه‌ر كه‌یت و
هه‌ر خه‌رمه‌نێ ..
به‌م جاڕه سوتاوانه‌ی من نه‌ده‌ی ..
جریوه‌یه‌ك ..
به‌م باخه به‌دبه‌ختانه‌ی من نه‌ده‌ی ..!
گه‌رچی ئه‌ی دۆست سه‌رده‌مانێ ..
وه دووی كه‌روێشكی به‌یتێكما ..
سه‌وزه‌ڵه‌ی هه‌زار ڕۆژنامه و گۆڤار ده‌چووی !
وه دووی ڕه‌نگێكمدا
ده‌بووی , ده‌بووی به‌دۆستی تاوس و
هه‌زاران هه‌زار كه‌ناری و نه‌تده‌گرتم ..!
وه‌ره ئه‌ی دۆست ..
ئه‌ی دۆستی ڕه‌قیب به‌گیانم ئێستا ..
ئه‌گه‌ر هاتی .. شه‌موان ..
له‌خه‌رمه‌نی ته‌رخوونه شه‌رمنه‌كاندا خوله‌م دێت و
یه‌ك شه‌موانیش ئه‌ی دۆست وه‌كو جاران ..
له‌وبه‌ر گرده‌كانی جریوه وه ..
هه‌رده‌بێ له‌به‌رده‌كانی ته‌نیایی خۆم بگوێزمه‌وه
دووشه‌مانیش ..
له‌مبه‌ر چه‌مه ڕه‌شه‌كانی ژیانه‌وه
له‌زیخه‌ڵانی غوربه‌تا .. غوربه‌ت
له كیسه‌ڵه باڵداره‌كانی ده‌له‌سه و
درۆ و گوفتی سه‌ركرده‌كان ورد ده‌بمه‌وه .!
سێ شه‌مانیش ..
سێ شه‌مانی مزر ئه‌ی دۆست
وه‌كو .. ئێواره لیمۆییه‌كانی ناو سه‌رچنار
خۆم و كورسیه پیره‌كه‌ی حه‌وشه‌ی مه‌یخانه ..
غه‌رقین له مزرایی و غه‌رقین له ئه‌ندێشه ..!!
چوارشه‌مانیش ..
به‌لاسه‌ری پێنج شه‌ممه‌وه .. ئه‌ی دۆست
له‌هه‌ساره و مانگی چوارده‌ی ..
شه‌كره ژنێ ورد ده‌بمه‌وه ..
له‌ئانێكدا ..
ژه‌هراوی گشت چاخه ژه‌هراویه‌كان به هه‌نگوین و
عه‌ده‌م به وجود و
تاریكیش به نوور ده‌هێنێ .. ئه‌ی دۆست .!!
هه‌ینیش ئازیز ..
ئه‌وپه‌ڕ ڕۆژه‌كانی حه‌وته ..
كاتم ته‌نها ..بۆ چۆله‌كه‌ی ڕۆژه ته‌زیوه‌كانی ژووان و
عه‌ینه مه‌لی گۆرانیه دووره‌كانی ئه‌وه ..!!
ئه‌گه‌ر هاتی ..
له‌ونبوونم سه‌رت نه‌ماسێ ئه‌ی دۆست
ئه‌ی سه‌رابی ترین دڵدار ..
وه‌ره تاوێ ..
مه‌له‌ی عه‌تره‌كانی ئیسماعیل كه‌و
داغانم كه ..
دارستانێ به‌چڵ و گه‌ڵا و پرژه وه بۆ تۆ ..
به‌هه‌شت بۆ تۆ و
هه‌ر سه‌ر پرژێ .. له‌ئاگری له‌شت بۆ من ..!!
وه‌ره ئه‌ی دۆست ..
ئه‌ی سه‌رابی ترین دڵدار ..
ئه‌ی ( با ) ی له ( با ) نا دیار تر ..!!
به‌سه‌ری ئاگر و دڵی ئاگره‌وه بێ ..
زه‌مه‌ن لای من ئه‌ی بێ مروه‌ت ..
به‌كات ژمێری وه‌رزه‌كان ئه‌ڕوا و
به‌میلی كات ژمێره‌كه‌ی دۆزه‌خ ته‌واو ئه‌بێ .!
من نه‌بم ئه‌ی دۆست هه‌میشه
دووریت به‌گوڵ ده‌نووسمه‌وه
ده‌نا ئازیز كێ خۆی به‌ژێر
خه‌رمه‌نی ئه‌و هه‌موو لاپه‌ڕه‌وه ده‌كا ..
من نه‌بم ئه‌ی دۆست هه‌میشه
به‌سه‌ری خه‌ڵتانه‌وه ...
له‌خاتیره سه‌وزه‌كانی ئێوارانت ده‌خوێنمه‌وه و..
له بوغردی ڕۆژه‌كانی عیشقت
هه‌ناسه‌م له‌تۆ پڕ ئه‌كه‌م ئه‌ی دۆست
وه‌ره ئه‌ی دۆست مینا جاران ..
با .. زه‌رده‌خه‌نه به‌ده‌م ئه‌و ساڵه كوژراوانه‌وه بكه‌ین
كه ڕۆژگارێ , له‌ته‌ك ته‌یره مه‌ئیوسه‌كانی وڵات‌دا
سه‌ریان , له‌دیوار و په‌نجه‌ره‌كانی خۆكوشتن ده‌دا
ده‌ده‌ركه‌وه ئه‌ی گوڵه مێ , ئه‌ی سه‌رابی ترین دڵدار
وه‌ره با ته‌ڤرا له‌حوزنی ئه‌و نامانه ورد بینه‌وه
پایزیان به‌كۆڵی گوڵ و
به‌هاریان به‌كۆڵی گه‌ڵا و خه‌زانه‌وه هێنا
ئه‌و نامانه‌ی پڕ بوون , له‌هه‌ناری داوه‌ریوی
شه‌وه شیعری شاعیره قه‌یره‌كانی شار
ئه‌و شیعرانه‌ی پڕ بوون له‌په‌یامی عاشقانه‌ی شار
ئاگر بوون و بۆنیان به‌له‌شی باخه‌وه ده‌كرد
ئاو بوون و بۆنیان به‌گوڵی ڕۆخانه‌وه ده‌كرد
گیا بوون و كتێبی ناڵه‌ی , شه‌ونم و ئاونگیان پێ بوو !
شه‌ونم بوون و كتێبی نهێنی خۆریان پێ بوو !
جۆگه بوون و ترشۆكه‌ی ناته‌باییان پێ بوو !
وای خودایه , چ ناته‌بایه ئێواره‌ی خۆشه‌ویستی
به خۆدانه پشت خه‌رمه‌نی سوێنه درۆینه‌كان
وای خودایه چ ناته‌بایه به‌جوانی
نوێژی ئه‌و پیاوانه‌ی , له‌ودیو زستانی ویژدان و
له‌ودیو خه‌یبه‌ری هزره‌وه
ته‌یره چكۆڵه‌كانمان ده‌كوژن
هه‌ر به‌قه‌ستیش له‌غه‌زه‌لی مه‌رگمان ئه‌نوسنه‌وه !
وای خودایه چ ناته‌بایه , ڕوانینی ئه‌و پیاوانه‌ی
له‌زستانی بێ باران و , له هاوینی ته‌ڕ و تووشمان ئه‌ڵێن !
ئه‌و پیاوانه‌ی هه‌میشه له‌ناو فیرده‌وسی ئێمه‌دان و
كه‌چی ئێمه‌ش له‌ناو ئه‌تڵه‌سی ئه‌وان دا ,
هه‌میشه هه‌ر , هه‌ر دۆزه‌خین .!
لاڕێ یه‌كین , وه‌نه‌وشه‌مان به توتڕكی گومان ئه‌ز به‌ر ئه‌كه‌ن !
به‌ناوی گوێ گرتنه‌وه ,
له‌میلۆدی ترپه‌كانی دڵمانه‌وه دێن
كه‌چی هه‌زار , هه‌زار زه‌نگن له گلێنه‌ی دڵمان ئه‌چه‌قێنن !
به‌هارین و ماسی ..
ده‌می له‌زه‌ت هه‌زار و یه‌ك سوره‌تمان بۆ ئه‌خوێننه‌وه
ده‌می ڕژان و ڕژانیش و حوجره‌كانمان ئه‌ڕوخێنن
پایزین و ته‌یری كوژراو
باڕه‌ش په‌ڕمان هه‌ڵده‌فڕێنێ !
وای خودایه , چ ناته‌بایه نێوان ئێمه و ئه‌وان
ئێمه ئه‌وان به‌حه‌فیدی جه‌لاده‌كان ئه‌بینین و
ئه‌وانیش .. ئه‌وانیش پاكمان
به‌عه‌یار ترین كه‌نیشكی ئه‌هریمه‌ن و
به‌سێبه‌ری جادوو ترین جادوو پاكمان ئه‌خوێننه‌وه .!
وای خودایه ئێمه هه‌نجیری هه‌وه‌ڵین ده‌م و
هه‌نگوینی هه‌وه‌ڵین كۆشیان پێ ده‌به‌خشین
ئه‌وانیش چه‌ن , چه‌ن بێ نمه‌ك
كازیوه‌مان به‌ئێواره و ئێواره‌مان به كازیوه هه‌ڵئه‌واسن !
خودایه تۆ , هه‌ر تۆ بڵێ .. شه‌وی ئه‌م جه‌نگه كه‌ی ده‌بێ
كه‌ی ده‌بێ به‌ڕۆژی ئاشتی و ده‌ست له‌ملان !
ئێواره‌ی ئه‌م به‌كوشت چوونه ,
كه‌ی ئه‌بێته‌وه به‌سوبحی ئاسووده‌یی !
خۆ خودایه ئه‌گه‌ر ئه‌وان , هه‌ر جارێ به‌ڕووی خۆشه‌وه
قاپی به‌هاری سینه‌یان ,
له‌ته‌یره هه‌تیوه‌كانی ئێمه وه‌كردایه و
تانه و توانجیان له‌پایزانمان نه‌دایه ..
ئێمه چیمان له‌هه‌ڵدانی ,
پیره شه‌رابی ئه‌م هه‌موو ئه‌شكه دابوو
ئێمه چیمان ..
له‌عه‌یشی ئه‌م شه‌مشه‌مه‌كوێرانه دابوو
وای خودایه
ژاڵه و ژه‌نگی چ تووتنێكه ئه‌م عیشقه ؟!
بۆن كڕوزی چ مردنێكه ئه‌م عیشقه ؟!
ئێمه خه‌ون به‌ئازادی عیشق و ,
ئه‌وان خه‌ون به‌ئاینێكی حه‌رام و
خه‌ون .. خه‌ون به‌چاخێكی كه‌ڕوو داره‌وه ئه‌بینن !
پایزی /2004
ئه‌لمَانیا / دوسلدۆرف