ئه‌رێ بێژن ..
ماری باڵدار بۆکوێ فڕی
ئیسماعیل خورماڵی
خودایه چلۆن شار نابێ به ژێر دۆوکه‌ی حووزنه‌وه
که باڵ به ماری چاڵه ڕه‌ش به‌ن ، که فڕین به جرجی ناجنس به‌ن
ئه‌رێ بێژن
ئاخه‌ر ئه‌و بکووژی هه‌زاران بکووژه ، وه‌ک پارووی تێگووشه‌ی مامراو
قاپی سیحریی چ شایه‌ک خوساندی و دۆڵه گه‌ده‌ی چ پادشایه‌ک قووتی دا
ئه‌رێ بێژن
ئه‌و دوپشکی ده‌وڵه‌ت ژاری بیابانه ، وه‌ک که‌ستانه‌ی هه‌ڵبرژاوی سه‌ر ساج
موغاری ده‌می چ ئاسمانێ لووشی دا و له مردن ژیانی پێ دا
ئه‌رێ بێژن ، ئێوه وخودا و مه‌لوتکه‌که‌ی باوه‌شی عوومه‌ری خاوه‌ر
ئێوه وخودا و پایز و هه‌ڵه‌بجه بێژن
ئاخه‌ر ئاخه‌ر ، ئه‌و بکووژی هه‌زاران بکووژه ، له‌و شاره‌دا
له‌و قووله‌ی قافی شۆڕش و گییانبازییه‌دا
ئه‌و به‌رماڵی چ سندیبادێ فڕاندی و
ئه‌و له‌و ویسگه‌ی چاڵه ڕه‌شه‌دا
چ میترۆیه‌کی باڵدار هات و فڕاندی
ئاخه‌ر ، ئه‌و له و ئاوه چکۆڵه‌ی سه‌رچناره‌دا
له‌و قه‌یاغی ته‌باره‌کی بابانه‌دا
کام قه‌رسه‌نه‌ی ئاو فڕاندی
ئاخه‌ر ئه‌و چه‌قه‌ڵ ئۆمه‌ته
له ته‌ڵه‌ی ڕه‌هۆڵی ئه‌و پیره به‌روووه‌دا
کێ بوو به خدری زینده و
کێ ، له سه‌ر پشتی ئه‌سپی با و بۆران فڕاندی و
بۆ ڕای خوا ، بۆ ڕای ئاشتبوونه‌وه‌ی گوورگ و قه‌ومی ته‌یران
خۆش نییه‌تی نوان
ئه‌رێ بێژن ، ئاخه‌ر ئه‌و خرسی ناجنسه
نووته‌کی بووخورداوی ژێرچارۆگه‌ی کام جادوو باز
وه‌ک شه‌وه له فه‌قیانه‌ی ڕۆژدا وونی کرد
ئێوه بن و خودا بێژن ، کوێوه ڕۆی
نه قووبه‌ی گومه‌زی مزگه‌وت بوو خودا خۆی ، له نوور و له هه‌ڵمی فه‌جرێکدا
له‌سه‌یری پڕته‌ماعی کوفار وه‌یشارێ
نه ڕیشۆڵه‌ی ئێواره به‌ورێکی شار بوو
به‌ڵه‌د و به‌ڵه‌د و به‌ڵه‌د بفڕێ و بڕوا
نه‌ڕه‌نگی کاڵه ڕه‌نگی په‌نجه‌ره‌یه‌کی شاره‌زوور بوو
له‌باران و له هه‌تاویکی سووردا کاڵ هه‌ڵێ و بڕوا
نه تفه‌نگی شانی شێخی شه‌هیدان بوو
شه‌وێ له ماڵی سپڵه پییاوان باو بڕوا
قه‌زا و به‌ڵا
نه ئه‌ستێره‌ی داخزاوی ناو ستیانی چه‌م و ئاو بوو
له ده‌س په‌نجه‌ی به‌رد هه‌ڵبێ و بکشێته‌وه ژوور
ئه‌ر بێژن
ئه‌و ماری هه‌زار ماری قه‌ومی حه‌جاجه ، بۆ کوێ ڕۆیی
ئه‌و تیمساحی زۆنگاوی خه‌رده‌لستانه ، بۆکوێ ڕۆیی
ئه‌رێ بێژن
له ژێر لێفه‌ی کامه باخدا ،
په‌پکه ماریان به گوڵ کرد و بردییان
ئه‌رێ بێژن
له‌سه‌ر سووچی کامه په‌ڵه په‌مووی پاساوه‌وه
جرجی دۆوکه‌ستانیان به عه‌ینه مه‌ل کرد و بردییان
ئه‌رێ بێژن
به‌ناوی کام مه‌حسوومترین مه‌خلووقه‌وه
حه‌ربایه‌ی سه‌ر قێزه‌ونترین داریان ، به زێباترین په‌روانه کرد و بردیان
بێ ئه‌وه‌ی شیعرێ له جاڕی شاره حووزن بخوێننه‌وه
بێ ئه‌وه‌ی چاوێ به چاوی هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌ڵبێننه‌وه
جه‌خار و جه‌خار و جه‌خار ، هه‌ڵه‌بجه‌که‌م
بێ پایان به پا برد و بێ باڵیان به باڵ فڕان
جه‌خار و جه‌خار و جه‌خار ، هه‌ڵه‌بجه‌که‌م
له‌شه‌نس و تالیعی تۆدا ماریش ده‌فڕێ
2009 / ئه‌ڵمانیا