هۆ نه‌نه گیان ئه‌و ده‌رگایه‌م
لێکه‌ره‌وه
ئیسماعیل خورماڵی
xurmaly@yahoo.de
ئه‌م دێڕانه
دیاریین به‌و چاوانه‌ی
له‌ڕۆژی چه‌مه گریانی
(ئه‌نفال) دا
ئهشکییان ده‌بێ به هه‌ناراوی ئاڵ و
چاویشیان به هه‌ناری پایزه هه‌ناران
هۆ نه‌نه گیان ، کێ له ماڵه
کێ دڵه‌که‌ی بۆ خه‌می من ، باخه نه‌یجه‌ی به شمشاڵه ؟
کێ له به‌رده‌م پرسی مندا ، وه‌ڵامی ئه‌و ، فڕینی ئه‌و پڕ وه باڵه ؟
هۆ نه‌نه گیان ، ئه‌و ده‌رگایه‌م لێکه‌ره‌وه ، خوا ماڵی نان و به‌هه‌شتت لێ
کاته‌وه
خوا سه‌ر شان و نانه شانت ، به قه‌ڵادا به‌رێته‌وه
هۆ نه‌نه گیان ، نه‌نه‌ی هه‌مووان ، نه‌نه‌ی ساڵه ژه‌هراوییه‌کان
من نه نانم ده‌وێ و نه ئاو ،
نه گجییم ده‌وێ و نه پێڵاو
سه‌ردارم نه‌نه گیان سه‌ردار ،
کوڕه بچکۆله‌که‌ی (حه‌مه‌تاڵ)
ئه‌و پیاوه‌ی خۆت له ناو دێ به دار هه‌نار بانگت ده‌کرد و
زۆر جار به شۆخییوه ، به دایکم و ژنانی لا کۆڵانت ده‌ووت
ئه‌و هه‌تیوه‌ی (ئایشێ) کراسی وا له‌به‌ر ده‌کا و
پشتوێنی وا ئهجهڕێنێ و
نیوه‌ڕۆیان
زمسان بێ یان تاوسانی سوور
باریکه شۆخ ،
که به‌و کوچه تۆزاوییانهی ئاوایی‌دا ، دێت و ده‌چێ
ئێژی دار هه‌ناری قیته و
ڕێ له کچی سێبه‌ری دار بهییان ده‌گرێ و
ئه‌میش
وه‌ک لاله حه‌مه‌که‌ی باوکی
وه‌ک ئه‌وه‌ی به گوڵه وهردێکی کێڵراودا ، تۆ‌و بڕژێنێ
تۆوی ته‌زوو ، به هه‌ناوی ژنگه‌لی دێ‌دا ده‌ڕژێنێ و
وه بێ ده‌ف پیر ده‌نێته زکری ده‌روێشان
پیر ده‌باته‌وه سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه و سه‌ر چه‌می ، زه‌مانی گوڵ
هۆ نه‌نه گیان (سه‌ردار)م سه‌ردار ،
کوڕه‌که‌ی ئاسکه و کوڕه‌که‌ی ئه‌و دار هه‌ناره باریکه‌له و باشقڵهم
ئه‌و ده‌رگایه‌م لێکه‌ره‌وه ،
له‌و ڕۆژه‌وه ،
خێڵه سه‌گ و خێڵه گورگ
ئێواره‌یان له دێیا ههڵپڕوزان و
گڕیان وه قورئان و وه حوجره و ماڵی خواوه نا و
گڕیان وه کانی و بۆیسان و تاقه داری سه‌ر حه‌وزی ژنانه‌وه نا و
که‌روێشکیان به لاوکی قوونه‌وه سوتان و
مناڵیان له چه‌می لایلایه دا خنکان
له‌و ڕۆژه‌وه هۆ نه‌نه گیان
پیاوانی بیابان و دۆزه‌خی سوور
مقه‌ستیان له که‌تانی جریوه‌ی باخ نا و
وه‌ک له‌گه‌ن سرووشتیان ده‌مه و نخوون کرد و
له‌م گه‌رمیان و له‌م شووانهدا
تا بۆقیله سه‌وزه‌کانی بان بهردانیشیان فه‌رهوود کرد
له‌و ڕۆژه‌وه ،
هۆ نه‌نه گیان ، ئافاته خێڵ ، هاتن و هاتن و
سه‌وزاییان له ئاوایی بڕی و
ده‌می ئاویان له ئاوایی بڕی و
نه‌سیمی نالییان له ئاوایی بڕی و
له‌و ڕۆژه‌وه ،
ئه‌و جنۆکه ئافات نشینانانه هاتن و
له‌سه‌ر حه‌وزی مزگه‌وتی دێ
ڕۆژوویان به خوێنی ماسی و مه‌خلووق ده‌شکان
له‌وڕۆژه‌وه ، نه‌نه گیان من
هه‌ناره باشقهڵهکهی باوکم بزره و
وه‌ک چڵێ ، (با) چه‌ته بیبا ،
بردییان و ئه‌و نه‌هاته‌وه
وه‌کوو سێوی ڕۆشناییه‌ک ،
له به‌رچنه‌ی مانگه شه‌وا
زۆڵی ته‌م و هه‌ور بیبه‌ن ،
بردییان و ئه‌و نه‌هاته‌وه
وه‌کوو قوونه‌ی بۆره که‌روێشک ،
له که‌روێشکه‌ی سه‌وزه ده‌غڵا
تاژی و سه‌گ و گوورگ بیبه‌ن
بردییان و ئه‌و نه‌هاته‌وه
هۆ نه‌نه گیان ئه‌و ده‌رگایه‌م لێکه‌ره‌وه ،
خوا ماڵی نان و به‌هه‌شتت لێکاته‌وه
خوا سه‌ر شان و نانه شانت ، به قه‌ڵادا به‌رێته‌وه
خوا ماڵ و به‌رماڵت به گوڵی ئیماندا به‌رێته‌وه
ده‌ی نه‌نه گیان ، له خه‌یاڵان ڕاچه‌نێ تۆ
عه‌ساکه‌ت بگره و ئه‌و قاپییهم لێکه‌وه تۆ
هۆ نه‌نه گیان
چیت له‌ده‌سته وه‌لای نێ تۆ
له بێژنگ و هێڵه‌ک گه‌ڕێ
لهسهردۆڵه و هه‌ویری کولێره گه‌ڕێ تۆ
سه‌ردارم سه‌ردار نه‌نه‌گیان
ئێژی ده‌نگم نا ناسییه‌وه ،
(گوڵه به‌ڕۆژه‌که‌ی ئاسکه و حه‌مه تاڵم)
سه‌ر پرژی لای دار هه‌ناره باشقاڵهکهم
کوڕه بزێوه‌که‌ی حه‌مه تاڵم ، نه‌نه گیان
له‌و ڕۆژه‌وه خێڵه سه‌گ و خێڵه گورگ
جنۆکه ئافات نشینه‌کانی عه‌ره‌و
ئێواره‌یان له‌به‌ر دێیا تاسان
هۆ نه‌نه گیان ، که‌مێ پێش وان ، پێش مل ووردکردنیان بۆ ئه‌مێ
دار هه‌ناره باشقاڵهکهی باوکم
چوو (مهمه) بۆ (شیلان)ی خوشکم بسێنێ و
(تۆپ) و(پسکیت) بۆ من بێنێ و نه‌هاته‌وه
چوو (چکلێت)ی کاغه‌ز سوور بۆ (شلێر) بێنێ و
له دووکانه‌که‌ی مام عه‌وڵا
که‌مێ خه‌نه و
شانه‌یه‌ک بۆ ئاسکه‌ی دایکم بێنێ و نه‌هاته‌وه
نه‌نه هانا
له‌و ڕۆژی فه‌رهوود و ئافاته‌وه باوکم ڕۆیی
ڕۆشت و نه‌هاته‌وه
نه هاته‌وه و
نه مهمه وپسکیتی هاورد
نه شانه و خه‌نه و چکلێتی هاورد
ده‌ی نه‌نه گیان
عه‌ساکه‌ت هه‌ڵگره و ئه‌و قاپییهم لێکه‌وه
به‌م قوڵپی وڕک و ههنسکهم تێمه‌که‌وه
(زوڵفه قاری) لای (هه‌یاس) نیم ، سوڵتانی ووڕک و گڕۆس نیم نه‌نه گیان
سه‌ردارم نه‌نه گیان سه‌ردار ،
گوڵه به‌ڕۆژه‌که‌ی ئاسکه و حه‌مه تاڵم
بمگه‌رێ تۆ ، چیت له‌ده‌سته فڕێی ده تۆ
وه پشتوێنه گوڵگوڵه‌که‌ی باوکم سوێنبێ
وه مزرۆکه و چیرۆکی تۆ سوێن بێ
هۆ نه‌نه گیان
نه (بنێشت)ی ناو فه‌قیانه و
نه (هه‌ڵووژه)ی ناو کۆڵوانهم ده‌وێ !
نه (ڕیشۆڵه)ی ژێر سه‌وه‌ته و
نه (چۆله‌که)ی پا ته‌زیوی بهورم ده‌وێ و
نه (گلۆره)ی ته‌شی به‌ن و
نه (گه‌مه)ی ده‌وری خه‌رمانم ده‌وێ !
وه ده‌سڕه سووره‌که‌ی به‌ر پشتوێنی باوکم سوێن بێ
وه بێڵ وپامهڕه و ڕادیۆ ژه‌نگاوییه‌که‌ی باوکم سوێن بێ
هۆ نه‌نه گیان هیچم ناوێ ، ته‌نیا و ته‌نیا ، سۆراخێکی
دار هه‌ناره باشقهڵهکهی باوکم نه‌وێ ، هیچم ناوێ
به ڕووته‌نی و که‌وشی شڕی خۆم قایلم
وه بێ مه‌یلی شۆڕش و خوای خۆم قایلم
ئه‌وه‌ی له خوا و ئێوه‌م ئه‌وێ ،
ئه‌وه‌ی له خوا و
شۆڕش و دابان نشینهکانم ده‌وێ
ته‌نیا و ته‌نیا
گۆرانییه‌کی گوێباخی حه‌مه‌تاڵ و
بۆنی لاملێکی تووتناوی و
قریوه‌ی ئێواره‌یه‌کی ئه‌و نه‌وێ ، من ، هیچم ناوێ
هیچم ناوێ
ته‌نێ نه‌نه جارێکی تر ،
له‌و نێو چه‌قی حه‌وش و په‌رژینه‌دا
له‌ودیو گوڵه شه‌ست په‌ڕه‌کانی سه‌ر سه‌کۆوه ،
وه‌پاڵ کۆڵه‌که‌ی سه‌وزه‌که‌ی هه‌یوانه‌وه ،
حه‌مه تاڵ ، وه زووانێکی نوقڵ و مهسکهتتیانه بێژێ
بێژێ سه‌ردار ، گزگله سه‌ر ، بێڵه تاوێ ، گوێم له‌و ئیسگهیه بێ
منی نه‌حس ، هه‌ر قڕهم بێ ، ئه‌وێش بێژێ
ئا ئاسکه ، له‌وێوه جورمێکی به و بڵێ
باووچانێ ، به‌و گاڵه و قاڵهیهی به‌خشێ
کچێ ئاسکه ، با بزانین دنیا مل به کوێوه ده‌نێ و
ئێمه له کوێی ده‌نگ و باس داین ؟
با بزانین
(ده‌نگی شۆڕش) سه‌ر به کوێوه ده‌نێ و
(به‌ڕوو ) پشتی چ ئاگرێ تێک ده‌شکێنێ و
زووقمسانی ئه‌م کێوسانه ،
ئاسکی ووره به دابانی کوێدا ده‌با ؟
هۆ نه‌نه گیان
شۆڕش هات و .. من .. دار هه‌ناره‌که‌ی باوکم نه‌هاته‌وه
شۆڕش هات و ئاوه‌دانی من و ئاسکه نه‌هاته‌وه
هه‌رێم هات و سه‌رۆک هات و نه‌سیمی من و (شله)ی خوشکم نه‌هاته‌وه
باران هات و بارووت هات و چه‌تره‌که‌ی سه‌ر ماڵی ئێمه نه‌هاته‌وه
ده‌ی نه‌نه گیان ، عه‌ساکه‌ت هه‌ڵگره و ئه‌و قاپییهم لێکه‌وه
به وه‌ڵامێ ، وه چۆڕێ ناز ، وه چیرۆک و سه‌ر بوردهیهک
تووتڕکی ئه‌م هه‌موو ئاگره‌م لێ دوور خه‌وه و
نه‌نه‌گیان تۆ ، تۆ پێم بێژه
که‌ی قه‌یاغی ئه‌م هه‌موو پرسه خۆیان له مه‌وجی وه‌ڵام ئه‌ده‌ن ؟
که‌ی ، که‌ی ، ئه‌و هه‌موو جریوه غه‌ریبانه ،
به‌م سه‌رچڵه پهژموردانه ئاشت ده‌بنه‌وه ؟
ئه‌و ماسییه تۆراوانه که‌ی ، به‌م چه‌مانه ده‌گه‌نه‌وه ؟
هۆ نه‌نه گیان تۆ ، تۆ ، بێژه
که‌ی حه‌مه گیان له بیابان ، ئۆغر دێنێته‌وه و
له ته‌ک خۆ‌یا ئاوه‌دانی دێنێته‌وه و
نیوه‌ڕۆیه‌ک
پشوویه‌ک و لهههیوانا
له ههیوانا ، پشتوێنه‌که‌ی (ئه‌نفال) ی لێ شل کاته‌وه
نه‌نه گیان تۆ بێژه که‌ی ، که‌ی ، باوکم له عه‌رعه‌ر دێته‌وه و
لهوحهجه که‌ی (کامێره‌ی لم) مان بۆ دێنێ !
هۆ نه‌نه گیان ئه‌و ده‌رگایه‌م لێکه‌ره‌وه ،
خوا قاپی نان و به‌هه‌شتت لێکاته‌وه !
دوا جار له نێو خه‌رمه‌نی ئه‌و هه‌موو پرس و ڕووانینهدا
له نێو خوڕه‌ی ئه‌و هه‌موو کوڕووزاننهوه و هاواره‌دا
نه‌نه‌ی عاسی ، نه‌نه‌ی عاسی له به‌رسڤان
له ژێر لێوه له‌رزه‌ی سه‌رێکی کزۆڵ و له‌رزۆکه‌وه
وه‌ک بێژی له‌وسه‌ر بیابانی خه‌یاڵان بێته‌وه وا
وه‌ک بێژی نووزه‌ی چڵه گیای بن به‌ردان بێ و
له با زه‌رده‌ی زه‌رده‌په‌ڕان بێته‌وه وا
وه‌ک بێژی ده‌نگ ئاو بێ و وه بێژنگی هه‌نسک له گۆزه‌ی که‌ی
نه‌نه له وورتهیهکدا ، سهورتان وێ وا هاتم ،
ده‌نگێکی تر و ئۆۆیی ، ئێژم وا هاتم
ئه‌وه کێیه وه‌چنگی قیژه و هقاپێ دڵما ده‌کوتێ و
ووشکه هه‌رێزی برینم وه‌شین دێنێته‌وه و
له‌م که‌لاوه واقوڕماوهی خۆمدا و
له‌م حه‌وشه ته‌نگه‌به‌ر و بێ باوانهمدا
جامه ڕزقی بانگ و سه‌ڵام وه بین ئه‌نێته‌وه ؟
نه‌نه گیان منم سه‌ردارم سه‌ردار ، کوڕه بچکۆله‌که‌ی ئاسکه و حه‌مه‌تاڵ
ئه‌وه تۆی باوانی باوان ، ئه‌و کۆته‌ره لاده و بێ ژوور
ماڵی بێ باوان و کهلهوهری بێ باوان خۆم
حه‌وشه‌ی بێ برازا و بێ کوڕ و که‌یوانووی بێ کوڕ خۆم
حه‌وشه‌ی بێ دووکه‌ڵ و دارجگه‌ره‌که‌ی ده‌روێش خۆم
ئه‌وه تۆی باوانی باوان ، وه‌ی چۆله‌که‌ی له باخ لانه هه‌ر تۆ تۆ ما‌و
بێ ڕۆڵه گیان ئه‌و دۆشکڵه له ژێرت نێ و
با که‌مێ له‌وبه‌ر هه‌تاوه تاو سهندوووهدا
له داماوی ئه‌م نیشتیمانه‌ت بۆ باسکه‌م ،
ئه‌وه‌نده‌ی بتوانم ڕۆڵه ، له‌ئاوی پرسه‌کانت به‌م ،
هه‌رچه‌ن ڕۆڵه ئه‌وپرسانه ، نه‌ڕه‌نگی تۆن ، نه عوومری تۆن
ئه‌وه پرسی ڕهزن یان تۆ ؟
ئه‌وه پرسی شاخن یان تۆ ؟
ئه‌وه پرسی سه‌رانی خاک و شۆڕشن یان تۆ ؟
ئه‌وه پرسی غه‌وز و شێخ و نوورانییانن یان تۆ ؟
ئه‌وه پرسی پێغه‌مبه‌ر و خودان یان تۆ ؟
وه‌ی وی وه‌ی له پرسی خه‌ڵفی (حه‌مه‌تاڵ) وه‌ی
وه‌ی له گڕی خوا سووتی ئه‌ولادی (ئاسکه) وه‌ی
وه‌ی له ده‌شتی به زوخاڵی (جافه‌تی) وه‌ی ، وه‌ی له قه‌تار و کۆتهرمی (بادینان)
وه‌ی
وه‌ی وه‌ی له هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه مه‌که و به‌ردی ڕه‌ش وه‌ی وه‌ی
وه‌ی وه‌ی وه‌ی له فیشکه‌ی مار و وه‌ی له سه‌گی ناو بیابان و
وه‌ی وه‌ی له‌زه‌مانی زوڵم و خوا هه‌وری خوێن
وه‌ی وه‌ی له‌زه‌مانی شه‌رم و ده‌سته پاچهیی خۆشمان وه‌ی
وه‌ی وه‌ی وه‌ی له کاسه لێسی گورگ و وه‌ی له جارێ تر متمانه و خڵه‌تاندن وه‌ی !
ڕۆڵه نان و دۆکهت خۆ چێتره له شه‌کوا ، چێتره له‌و هه‌موو خوڕه‌می پرسیاره
شه‌کوا له کێ و بۆ کێ ؟ پرسیار له کێ و بۆ کێ ؟
که ئێمه خۆمان بازۆڵه‌ی ئه‌نفالچیان قه‌وی که‌ین و
ڕێنه‌ده‌ین وه‌ک سه‌گ په‌ت کرێن ،
په‌ت کرێن و له چاویانا ، گۆڕی هه‌زار یه‌ک حه‌مه‌تاڵ وه‌بینین !
په‌ت کرێن و له‌ده‌شتی ژاره خوێنیانا ،
ئاسکی هه‌زار و یه‌ک مناڵ ، کهخواردهی سه‌گ بوون وه‌بینین !
په‌ت کرێن وپلاوپلیان وه سه‌گ بدرێ ، نه‌ک وه قه‌ور
ڕۆڵه شه‌کوا له کێ و بۆ کێ
که ئێمه خۆمان ده‌می ئه‌و ڕۆژنامانه‌ش ههڵدهدوورین
باس له قه‌ندیلی خوا که‌ژ و باس نه‌ک له ته‌وار باس له بازه ژن ده‌که‌ن
باس له دێی خاپوور خاپوور و باس له گوورگی هاوسێ ده‌که‌ن !
ڕۆڵه نان و دۆکهت خۆ چێتره ، نه‌نه‌ت مرێ
شه‌کوا له کێ و بۆ کێ ،پرسیا ر له کێ و بۆ کێ !