مانشێتی ڕۆژنامه‌ئاوییه‌كان

 

    ئیسماعیل خورماڵی   

 

عه‌یامێك به‌ر له‌ داڕمانی پێكه‌نین ..

به‌ر له‌ چۆڵی شورا به‌ردینه‌كان ..

به‌ر له‌ دفنی نیشتمان و .. به‌ر له‌ خاڵی بوونی وولات ..

عه‌یامێك به‌ر له‌و سه‌حه‌ره‌ پایزییانه‌ی .. شار تاریك و

خانه‌ تاریك ..

له‌م تارمه‌وه‌ .. گوناهبارێكی بێ گوناه .. ئاوای فه‌رموو ..

هۆ كه‌ژۆلاَن .. له‌م ڕۆخه‌ دوورمه‌كه‌ونه‌وه‌ .. نه‌با ..

نه‌با ئه‌و په‌رییانه‌ی ده‌بنه‌ ماسی و

ئه‌و ماسیانه‌ی ده‌بنه‌ په‌ری .. فریوتان به‌ن ..

فریوتان به‌ن .. به‌ نیشتمانی كه‌ندڕێ ..

به‌ناو ڕه‌نگ و .. به‌ناو جه‌ننه‌ت

به‌ناو عیشق و .. به‌ناو كانی خۆشه‌ویستی ..

وه‌لێ دوواتر .. نیشتمانی سه‌گ و په‌ت و خوێن و كوشتن ..

هۆ كه‌ژۆڵان .. فریو مه‌بن ..

نه‌با .. بكه‌ونه‌ گه‌مه‌ی ئه‌و سه‌گه‌ ڕمۆزننانه‌ی

لیك به‌ر ده‌ده‌نه‌ گه‌ڕه‌ك و .. به‌وانیش بێ ..

ده‌ممان قه‌برسانی ماچ و چاومان خاڵی له‌ ته‌ماشا ..

بیرمه‌ ئه‌وسا .. حیكایه‌ت خووانه‌ پیره‌كه‌ی .. هاوڕێ ی دایكم ..

له‌گوێ چیغ و سه‌كۆی زێوان

به‌ڕیحانه‌ی ماڵه‌ گڵینه‌كه‌ماندا

شه‌یتانانه‌ .. نازی پیری هه‌ڕاج ده‌كرد ..

له‌ته‌ك تراژیدیای دێڕێ .. به‌یته‌ خه‌مێ ..

یا كه‌ لاولاوی فرمێسكێك

ده‌ئاڵایه‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌ی چاویلكه‌كه‌ی

ئیدی په‌له‌ .. وه‌كو ئاوی ڕژاوی بن ئینجانه‌یه‌ك

ده‌چووه‌وه‌ ناو باڵه‌كۆنه‌كانی غوربه‌ت ..

كۆڵانه‌ به‌دبه‌خته‌كانی مناڵی خۆی ..

ئاگردان و .. دامركان و كوڵی گه‌نجی ..

تازه‌ شكا .. گۆزه‌ی عومرم ..

گه‌نمی ئه‌و ڕۆژانه‌م بوون به‌ خه‌ڵوز ..

نیوه‌ڕۆیان .. له‌بن باڵی كه‌ڵه‌كێكدا .. كانیه‌كدا ..

گوڵ گوڵ له‌شم ئه‌دایه‌ ئاو ..

نه‌ك حه‌وت ته‌به‌قه‌ی دڵی پیاو

ئه‌و زه‌مانه‌ ئاسمانیشم ئاگر ئه‌دا ..

ئێسته‌ش پیری شه‌و جه‌هه‌نه‌م .. چاو تارومار ..

یاده‌وه‌ری قه‌وزه‌ به‌سه‌ر ڕووانینمه‌وه‌

عه‌سایه‌ك بۆ ڕێ و .. كۆنه‌ ده‌سماڵێ بۆ باران ..

ئێسته‌ش هه‌مان حیكایه‌ت خوان

به‌ڵام له‌سه‌ر سه‌كۆی ته‌مه‌نێكی ترا .. ده‌ڵێ سیا ..

ئه‌و فاڵچیانه‌ی .. به‌خوماری ئاینده‌دا گوزه‌ریان كرد ..

درۆیان له‌ده‌ستمانا چاند ..

ئه‌و هه‌ورانه‌ی به‌ڵێنی په‌ڵه‌یان دابوو .. درۆیان فه‌رموو ..

واز له‌ هێڵی ده‌ستت بێنه‌ وه‌ره‌ بنوا ..

ئه‌سپه‌كانی خێرو شه‌ڕ چه‌ن له‌یه‌ك توڕه‌ن ..

وه‌ره‌ بنوا ماڵه‌كانی قریوه‌ی شین ..

چه‌ن له‌ داڕمان نزیكن ..

واز له‌هێڵی ده‌ستت بێنه‌ ..

چ زوو .. چ زوو له‌ بیرت چوو سیا .<

تۆ پیاوه‌تیت .. له‌ كه‌نیشكێكی شڕشێتا دوڕان

بێ عاتیفه‌ ..

په‌نات په‌نای شیعر نه‌با .. زوو ده‌مردی ..

په‌نات په‌نای شیعر نه‌با .. په‌موو چنی

دووایه‌كی ئه‌و گوناهانه‌ت پێ نه‌ده‌كرا و زوو ده‌مردی ..

نه‌ك هه‌ر مردن .. ڕۆله‌ سیا .. فریای ئه‌وه‌ش نه‌ده‌كه‌وتی ..

ئێواره‌یه‌ك له‌ میحوه‌ری شیعر و عیشقا ..

ورده‌ نانی قه‌سیده‌یه‌ك .. بده‌یته‌ ده‌م ئه‌و ماسیانه‌ی

ئاوه‌دانی چه‌م چۆڵ ناكه‌ن ..

ئه‌و گه‌ڵایانه‌ی مه‌ته‌رێز له‌ با ده‌گرن ..

ئه‌و چاوانه‌ی ..

شوێن پێ ی كچه‌ عازه‌به‌كانی ئاوایی هه‌ڵده‌گرن و

خۆشیان له‌قاقا پڕده‌كه‌ن ..

به‌رزی نی یه‌ .. به‌ڵام عه‌شره‌ت ڕقم دادێ ..

به‌دیداری ئه‌و هه‌ورانه‌ی غه‌یبه‌تی خۆره‌تاو ده‌كه‌ن ..

ئه‌و دارانه‌ی ده‌بنه‌ پایپ و چرووتی ژه‌نه‌ڕاله‌كان ..

ڕقم دادێ .. به‌ئاشنایی ئه‌و پیاوه‌ ڕمۆزنانه‌ی

دڵیان وه‌ك پێڵاوه‌كانم  بزمار ڕێژه‌ و

پێچه‌وانه‌ش .. پۆپنه‌ی ئه‌و كه‌ڵه‌شێرانه‌م له‌به‌ر دڵه‌ ..

پێش بانگی به‌یانی ده‌كه‌ون ..

گۆشتی مزری ئه‌و كچانه‌م به‌ده‌م خۆشه‌ ..

وه‌ك ئاو ڕووت و وه‌ك خوا ڕووت و

ڕووتیش به‌ بڤه‌ نازانن ..

له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ڕزگارم كه‌ن ..

تازه‌ شوێنێ بۆ عاتیفه‌ شك نابه‌م ..

ده‌خیلتان بم ..

له‌ پاكیزه‌یی مریم و مه‌سیحی خوا داممه‌ماڵن ..

مه‌مده‌نه‌ ده‌س خوێنستانێ ..

خاڵی له‌ خوا .. له‌ ڕۆمانسیه‌ت .. له‌ سۆڵۆی ڕووت

له‌ ئاسه‌واری مۆسیقا بیانیه‌كان ..

ده‌خیلتان بم ..قه‌وزه‌ له‌ قاچتان كه‌نه‌وه‌

مانگ له‌ بێ ده‌نگیتان یاسه‌ ..

چاو بده‌نه‌ سیله‌ی خه‌تاو ..

ئاوڕێ له‌ مه‌مله‌كه‌تی بێ ده‌ست و قاچ بده‌نه‌وه‌ ..

پێ بنێنه‌وه‌ ده‌ربه‌نی خۆشه‌ویستی ..

له‌وه‌ زیاتر پێ ڕاناگه‌ین .. خه‌رمانی ئه‌م هه‌موو ڕۆحه‌ كه‌ڵه‌كه‌ كه‌ین ..

كه‌ قولاپی ئه‌م ڕه‌نگانه‌ی ئێوه‌ ..

ماسی ڕۆحیان ده‌داته‌ وشكایی مه‌رگ و

ئاوس كردنی ئه‌م خاكه‌ش ..

به‌ شه‌هوه‌تی باوه‌كوشته‌ با بووه‌ستێ ..

ئێ ی ژه‌نه‌راڵه‌كانی خوێن .. ماندووین ماندوو ..

له‌مه‌ زیاتر چیتر ڕۆحمان وه‌ك جل ..

به‌ ته‌نافی نێوانتانه‌وه‌ هه‌ڵمه‌واسن ..

خێرتان ناگا .. به‌خوێنه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ و

به‌خوێنه‌وه‌ عیشق كردن ..

خێرتان ناگا .. ئنووسه‌تی ئه‌و كچانه‌ وا هه‌ڵوه‌رین ..

ئه‌و شه‌قامه‌ نارنجیانه‌ .. وا ده‌میان له‌ چۆڵی پڕبوو

وا ڕه‌وه‌زمان بوو به‌ مه‌یته‌م ..

خوێن خوێن ..

ئێ ی گه‌وجه‌كانی نیشتمان ..

ئێ ی قه‌زمه‌كانی ڤێلای ڕه‌ش ..

ئێ ی پیاوانی مودمین به‌ شه‌ڕ ..

له‌چی ئه‌چن ..

له‌چی ئه‌چن ..

ئێ ی گه‌وره‌ مراوییه‌كان ..

له‌چی ئه‌چن ..

له‌چی ناچن ..

 

 

سلێمانی /1997