
مه‌له‌ی ته‌وره‌كان
ده‌نگێ له‌تاراوگه‌وه بۆ نیشتیمان
شیعری : ئیسماعیل خورماڵی
دره‌نگ شه‌وێ ، ئۆقیانووسێ به‌گشت مه‌خلوقی ئاوه‌وه
هانای ژیان بۆ هه‌ساره ده‌با و
نیشتمانێ به‌سروشت و هه‌ساره‌وه
هاوارێ بۆ قه‌ڵه‌م ده‌با و
ووڵاته‌كه‌ی منیش ئه‌وڕۆ
له‌سپی ترین كوشتاری چاره‌نووس و
له‌نێوسپی ترین جه‌نگدا ،
وه دوی ده‌نگدا
یه‌خه‌ی داد و یه‌خه‌ی ژه‌هر و
یه‌خه‌ی به‌خت و یه‌خه‌ی عیرفان ده‌گرێ !
یه‌خه‌ی به‌ورو یه‌خه‌ی ئاگر
یه‌خه‌ی هه‌ور و یه‌خه‌ی هه‌تاو
یه‌خه‌ی فڕین و
په‌روانه و شۆڕش ده‌گرێ !!
كه‌رنه‌ڤاڵه و جه‌نگه و گره‌و
ووڵات ده‌نگی له‌گیا ده‌وێ
ده‌نگی له‌ئاو
ده‌نگی له‌تۆ ،
ده‌نگی له‌من ده‌وێ !!
كه‌رنه‌ڤاڵه و جه‌نگه و گره‌و
ووڵات گێژه‌ڵوكه‌ی ده‌نگی ده‌وێ !
له‌گوێ بانی ماڵه گوندان
ئه‌و ڕیحانه و
ئه‌و نازنازی ده‌نگی ده‌وێ !
له‌سێبه‌ری پیره به‌ردی ته‌قالادا
ئه‌و سێبه‌ری خه‌باتێكی نوێ ی ده‌وێ !
له‌بێستانه تاره‌كانی ژیان
شه‌مامه‌ی ڕۆشنایی ده‌وێ !
له‌سه‌نگه‌ری برسیه‌تیدا
نانی ده‌نگ و گولله‌ی ده‌نگی ده‌وێ !
به‌یادی شاخ
كوڕی به‌ور و كوڕی ناو هه‌لاجی ده‌وێ !
كه‌رنه‌ڤاڵه و جه‌نگه و گره‌و
بازی ووڵات ، وه بنمیچی ئاسمانه‌وه
باڵی ده‌نگ و
باڵی هه‌ڵفڕینی ده‌وێ !!
سه‌ده‌ی جه‌نگه و
سه‌ده‌ی گره‌و
ده‌ی هانایه‌ك
له‌م جه‌نگی چاره‌نووسه‌دا نه‌جاتم به‌ن
تلم ده‌ن به‌ودیو گومان و
دڵه‌ڕاوكێ و هه‌ڵله‌رزیندا
به‌چاوان ئه‌ی ووڵاتی زامار به‌چاوان
من وه‌كو خۆم ، هه‌ر ئه‌مێستا
به‌ده‌می قه‌ڵه‌مێكه‌وه دێمه هانات
بێ جیاوازی شاخ و شاخت
بێ جیاوازی شار و شارت
چه‌م و چه‌مت ، نان و نانت
بێ جیاوازی له‌ڕه‌نگه‌كان
هه‌موو شتێ بۆ تۆ
هه‌ر ئه‌مێستا
ده‌نگ و فڕینم ده‌نێرم
باز و ماسی ،
نان و قه‌سیده‌م ده‌نێرم !
به‌چاوان ئه‌ی ووڵاتی زامار به‌چاوان
ئه‌ی دایكی من له‌سه‌وزه‌ڵه و له‌تاوێر و له‌باراناو
ئه‌ی دایكی من له‌زریكه و له‌گوناه و له‌په‌ڕۆی ڕه‌ش
دۆش نه‌تگرێ من ئه‌مێستا ، هه‌ر ئه‌مێستا
له‌م به‌حره غه‌ریبانه‌وه
له‌م سنووری كفر و گوڵ و باخچانه‌وه
وه‌كو ئاوی گۆلاو ،
ئه‌ڕژێمه‌وه له‌شی جۆگه‌كانت
به‌سات و به‌زكر و به‌حاڵی ده‌روێشه‌وه
ده‌نگێ به‌سێبه‌رت و ده‌نگێ به‌هه‌تاوت ده‌ده‌م
گه‌رچی ئه‌ی خاك
ده‌نگم ده‌نگی بڕوایه‌كه
له‌ودیو ڕه‌نگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و
له‌ودیو ماڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات و
له‌ودیو هه‌یبه‌تی ڕه‌نگه‌وه
له‌و دیو گه‌نده‌ڵی ڕه‌نگه‌وه
به‌ڵام ، به‌ڵام دڵنیابه
شه‌نگه‌ڕۆژی هه‌موو ڕه‌نگه‌كان له‌قه‌ڵه‌م دایه
بۆ تۆ
ژماره‌ی هه‌موو كۆسته‌كان
له‌گلێنه‌ی قه‌ڵه‌م دایه
بۆ تۆ !
ده‌نگم
ده‌نگی مێژوو
ده‌نگم
ته‌په‌ی پێ ی ئاڵایه‌تره
به‌سه‌ربانی كۆمارێ تره‌وه
ده‌نگم وژه‌ی ناو قامیشه‌ڵانه و
له‌شكری شمشاڵی كه‌سكه !
ده‌نگم جۆشی
كوره‌ی ئاسن گه‌رێكی خۆتانه
ئه‌ی كوردستان
كوره‌یه‌ك مه‌حشه‌ری پاچ ته‌ورو ته‌وراس !
ده‌نگم ده‌نگی شه‌وه‌كانی به‌ور و
قاقای شاخ و
هاژه‌ی خوێنی ڕه‌قیبانه !
كه‌رنه‌ڤاڵه و جه‌نگه و گره‌و
ئاده‌ی یاران
هه‌لهه‌له‌یه‌ك بۆ گه‌ڕاننه‌وه‌ی كه‌ركوك و
هه‌موو چاڵه نه‌وته‌كانی ووڵات لێ ده‌ن
شاییه و چۆپی له‌قه‌ڵه‌م جوانه !
شاییه و ئاگر له‌به‌فر جوانه !
شاییه و سه‌ما له دار و
ناز له‌جۆگه‌ی عه‌یار جوانه !
دڵ له‌دڵ نه‌ده‌ی ئه‌ی خاكی په‌روانه و گوڵ
من وه‌كو خۆم
هه‌ر ئه‌مشه‌و له‌توێشه‌به‌ره‌ی شاخه شوانی دابانێكدا
به‌بزنه ڕێ ی هه‌ڵه‌دن و یاخ سه‌مه‌ردا
نان و قه‌ن و
نان و ده‌نگ و
نان و به‌ڕه‌زای قه‌سیده‌ت بۆ ده‌نێرم !!
هه‌ر ئه‌مشه‌و به‌ناو خوڕه‌می هه‌ساره‌دا
له‌سه‌ر پشتی خێرا ترین
ئاسكه ڕووبار
نان و ده‌نگ و
نان و بروسكه‌ت بۆ ده‌نێرم !!
بروسكه‌یه‌ك له‌كۆڵنه‌دانی ( بێ كه‌س ) و
بروسكه‌یه‌ك له‌خه‌نجه‌ری به‌ر پشتوێنه‌ی ( تاهیر به‌گ ) و
بروسكه‌یه‌ك گوڵ ته‌قه‌ڵی بروسكه‌یه‌ك
له‌كڵاوی سه‌ر ( قانع ) و
بروسكه‌یه‌ك خه‌ڵتان به‌عه‌شقی ( نالی ) و
بروسكه‌یه‌ك ته‌ڕ به مه‌له‌ی ( مه‌حوی )
لێ بروسكه‌یه‌ك ئه‌ی خاك
له‌هه‌یوانی ( خانی ) و ( بۆتان ) وه
عیشق هه‌ناری مه‌م و زین بێنێ !
بروسكه‌یه‌ك له ( هێمن ) ی ( مهاباد ) و سابڵاخه‌وه
عه‌شق ( قازی ) و ( كۆمار ) بێنێ !
بروسكه‌یه‌ك له‌ئاگری ( دیار به‌كر ) و ( ماردین ) ه‌وه
عیشق ده‌نگی به‌ورو ده‌نگی ( یه‌ڵماز ) بێنێ
بروسكه‌یه‌ك له ( قامیشلی) و ( حه‌سه‌ك ) ه‌وه
هه‌م عیشق وهه‌م ڕاپه‌رین و هزر بێنێ !!
له‌ده‌روونی خۆشت ئه‌ی خاك
دیسانه‌وه
له‌ڕه‌شه‌بای سلێمانی و
له‌قه‌ڵاتی پیره شار و
له‌هه‌ڵه‌بجه و له‌قه‌ڵای گوڵ عومه‌ره‌وه
خوێن و گۆران ، خوێن و شه‌هید بێنێ !
كه‌رنه‌ڤاڵه و جه‌نگه وگره‌و
ده‌نگم ده‌نگی ڕۆژنامه‌یه‌كه له ( بڕه‌ش )
له‌خانه‌ی ئه‌شكه‌وته‌كانه‌وه ده‌رده‌چێ !
ده‌نگم ده‌نگی
دورگه‌یه‌كه به‌سه‌ر شانی تۆفانه‌وه
مینا ماڵه‌كانی ناو كۆڵۆمبیا
سڵاوێ له‌عیشقی نیشتمان ده‌كا !
سڵاو ئه‌ی به‌وره‌كه‌ی شه‌ڵاڵ به‌خوێن
ئه‌ی به‌وره‌كه‌ی په‌لامار و سوێن
ده‌نگم
بۆ تۆ
ئاسكی باسك و دارستانی سه‌وزه‌ڵه‌یه !
ده‌نگم
بۆ تۆ
په‌ڵه ده‌غڵی به‌كه‌روێشكه‌ی شاره‌زوور و
كوچه‌ی به‌سێبه‌ری
هه‌ورامانی چه‌رمه‌ڵه‌یه !
كه‌رنه‌ڤاڵه و جه‌نگه و گره‌و
من ئه‌مێستا بازێكی دوو سه‌رم و
ڕێ یه‌كی دوو سه‌رم
سه‌رێكم پڕه له متبوون و
سه‌رێكم پڕه له‌ماڵی كڵاو كوڕه نه‌گبه‌ته‌كان
سه‌رێكم پڕه له‌گۆمی قه‌ڵه‌م
گۆمی مێژوو
گۆمی كۆست و
گۆمی پایز !
به‌ڵام ئه‌ی خاك دڵنیابه
پڕیش بین له‌گۆمی مردن
وه‌ك دارستان ته‌ور مه‌له‌مان تیا بكا
جارێكی تر
ئاسمان به‌هه‌ساره‌وه گڕ بگرێ
بستێ له‌تۆ ئاگر ناگرێ !
ئاو به‌مه‌وج و ماسی یه‌وه
به‌هه‌شت
به‌هاری بسووتێ تۆ ناسووتێ ی !
جارێكی تر
گه‌ر دره‌ختی هه‌موو جه‌نگه‌ڵه تاره‌كان
به‌وری هه‌موو كیشوه‌ره‌كان ، وه‌پێوه‌ن چن
جارێكی تر تۆ پێوه‌ن نابینیته‌وه !
كه‌رنه‌ڤاڵه و ئه‌مێستا من
به‌هارم و سه‌نگه‌ر له‌پایز ده‌گرم
گوڵم و سه‌نگه‌ر له‌خوێن و خار ومار ده‌گرم
ئه‌مێستا من ئه‌ی نیشتمان
( كێلستانم ) و به‌ڵام نازی ( گوڵستانم ) هه‌یه
( چۆڵستانم ) و به‌ڵام نازی ( گوڵستانم ) هه‌یه
هه‌ر بۆیه ئه‌وێستاكه‌ش من
شورایه‌كم له‌نێو ئه‌ماره‌تی ژان و
فڕینێكم له‌نێو خێلی ،
ته‌یره كوژراوه‌كانی ئێواره و
خوناوێكم له‌شۆڕشی
خونچه‌كانی ناو سپیده و
ده‌مه شێری سه‌كۆیه‌كم
گڵم ئاگر
ئاوم ئاگر !
سرودێكم ، نركه و ناڵه‌ی قه‌ڵه‌مێكم
له‌ودیو قه‌ڵای مێردانه‌وه
تۆ ته‌واشا
چزه‌ی چ ئاسنێكی تاو سه‌ندووم له‌نێو ئاوا
له‌ڕێ ی خاك و كه‌رنه‌ڤاڵی تۆدا
چۆن وه‌ستاوم
له‌پشت شاخی پیره شاخ و
له‌پشت ئاوی پیره زێ وه
له‌پشت دارستانی سه‌ربژه‌وه
چۆن وه‌ستاوم
له‌پشت كێلستان و
له‌پشت پایزی بادینانه‌وه
چۆن وه‌ستاوم !
له‌دووی ئه‌وان
له‌پشت ئه‌وان ده‌نگم دووه‌م
دووه‌م ده‌نگم
به‌خۆم و شاخی قه‌ڵه‌م و
به‌خۆم و به‌یتی ئاگر و
به‌خۆم و خه‌می غوربه‌ت و تاراوگه‌وه
ده‌نگم ده‌نگێكه ته‌نێ بۆ خاك
ده‌نگێ چی تر ، گلك و قارچكی ڕووناكی
ژێر دره‌خته‌كانی تاریكی ووڵات نه‌دزن !
ده‌نگێ چی تر ، ده‌می شكۆفه‌مان
به‌گڕ و ژه‌هر نه‌ئاخنن !
ده‌نگێ چی تر له‌مه‌حشه‌ری
گومان و ڕامان لامان دا
گومان له‌دره‌ختی هه‌ڵله‌رزیوی جاران
گومان له‌هه‌ساره‌ی حه‌په‌ساوی جاران
گومان له‌ڕه‌وه‌زی واق وڕماوی جاران
ده‌نگێ چی تر له‌مه‌حشه‌ری
گومان و ڕامان لامان دا
گوومان له ئه‌نفال و
گوومان له هه‌ڵه‌بجه و
گوومان له‌حه‌شرو نه‌شری كۆڕه‌ومان
به‌فرانباری / 2005/ئه‌ڵمانیا