ڕه‌هۆڵ

 

ئیسماعیل خورماڵی   

 

 

سه‌د و پێنج ڕۆژی ته‌واوه‌ ..

ئه‌م گۆزه‌ شكاوه‌ی سه‌رم .. بوووه‌ته‌ ڕه‌هۆڵی سووژن ..

ئێواره‌یه‌ك سوژن ده‌ڕژێ و .. به‌یانیه‌ك شیعر ده‌ڕژێ ..

ئێواره‌یه‌ك قه‌برسانێ قووت ده‌ڕوانێ و

به‌یانیه‌ك ووڵاتێ خۆی ده‌ته‌كێنێ ..

ئای هاوڕێ گیان .. كاشكا كاشكا من ده‌مزانی ..

له‌م زه‌مه‌نی خۆ ته‌كان و ڕووانینه‌دا ..

له‌م زه‌مه‌نی شیعر و سوژن ڕژانه‌دا ..

تۆ وه‌ك كامیان .. خۆت له‌ بانووی ڕۆحم ده‌سووی ..

سه‌د و پێنج ڕۆژی ته‌واوه‌ ..

وه‌ك چۆن حه‌رفێ .. به‌سه‌ر پشتی كاغه‌زێكدا دێت و ده‌ڕژێ ..

وه‌ك چۆن به‌ردێ .. به‌سه‌ر پشتی ڕه‌وه‌زێكدا ده‌ڕوا و ده‌خزێ ..

ئاواش هه‌ورێ .. به‌سه‌ر پشتی هه‌ڵه‌دنا .. دێت و ده‌كشێ ..

ده‌كشێ و ده‌مرێ .. كه‌ ده‌شمرێ ..

دارستانێ پێ ده‌كه‌نێ و .. ڕووبارێ گۆرانی ده‌ڵێ ..

شاخێ قۆپچه‌ی سه‌رو سنگی ده‌كاته‌وه‌ و

دیوانێ مووسی لاملی فڕێ ئه‌داو

ئه‌م هاوڕێ ڕه‌شتاڵه‌یه‌شت .. له‌و زه‌مه‌نی دارستان و

سه‌مای چه‌م و

كاژبه‌ڵه‌ك و دیوانه‌دا

وه‌كو لاسكی مێوێكی ته‌ڕ .. نا ..وه‌ك ماڵێكی جافه‌تی ..

دره‌ختێ بوو نیوه‌ی سوتاو .. نیوه‌ی تری ووڵاتێك ته‌واو سه‌وز

ڕوبارێك بوو .. نیوه‌ی ووشك .. نیوه‌ی تری ..

ئه‌ڵوه‌نێكی پرچ درێژی لای گه‌رمیان بوو ..

كاشكا ده‌مزانی ئه‌وساكه‌ ..

تۆ ئه‌ستێره‌ی داڕژاوی كام لایان بووی ..

تۆ بێ ده‌نگی و كه‌نه‌ڵانی كام لایان بووی ..

هه‌ر كامیان بووی .. گه‌ر ئه‌مجاره‌ ..

هاتمه‌وه‌ شار چیم خه‌ڵات بێ ..

بواری زه‌مه‌نێ ده‌س گێڕان به‌سه‌رتا ..

یان ده‌مده‌یته‌ به‌ر ڕه‌هێڵه‌ی نیگایه‌ك خه‌ست ..

خه‌ست وه‌ك ته‌نیایی ئه‌مشه‌و ..

خه‌ست وه‌ك ته‌وێڵی سه‌راب ..

خه‌ست وه‌ك كامیان .. خه‌ست وه‌ك كامیان ..

سه‌د و پێنج ڕۆژی ته‌واوه‌ ..

به‌سه‌ر له‌رزه‌ی ئێوارنما حه‌رف ده‌ڕژێ ..

ڕژان وه‌كو به‌ردی ته‌بار .. ڕژان وه‌كو ..

په‌ڕه‌سێلكه‌ی ئێوارانی خورماڵی سه‌وز..

ڕژان وه‌كو تاڵه‌ قژی به‌یه‌كا چووی كاتی ڕۆشتن ..

ڕژان وه‌كو ته‌رمی به‌كۆمه‌ڵ ناشتن ..

نه‌ك هه‌ر ڕژان .. هه‌نێ جاریش ئاگام لێ یه‌ ..

هێنده‌ی زه‌مه‌نی نێوانمان .. ئه‌م دره‌خته‌ هه‌زارلقه‌ی كاسه‌ی سه‌رم

لووت ده‌ژه‌نێته‌ پرچه‌ ڕێ و .. تاو تاو پێستی خۆی هه‌ڵده‌خا ..

كێ دیویه‌تی .. دره‌خت پێستی خۆی دادورێ و

لووت بژه‌نێته‌ پرچه‌ ڕێ ..

ئه‌م دره‌خته‌ شێتۆكه‌ی سه‌ری من نه‌بێ ..

خوا بتگرێ .. به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئێوارانی سلێمانیت ..

له‌جانتا پچكۆله‌كه‌ی شانتا گرێ داو .. هه‌ر لێره‌وه‌ ..

به‌ ده‌م ڕۆحی شه‌قامێكی هه‌زار ڕه‌نگه‌ی ڕۆژئاواوه‌

نه‌ك كه‌ڕه‌تێ .. سه‌د كه‌ڕه‌ت ده‌تریقایته‌وه‌ ..

نا ببوره‌ هه‌ڵه‌ی خۆم بوو .. خوا خۆم بگرێ ..

كه‌ هه‌ناری دیده‌نیتم نه‌ته‌كاندو

گۆیژه‌ پایزه‌ی قسه‌كانتم جوان نه‌وه‌ران ..

بیرته‌ خانم .. كه‌ جێت هێشتم ..

چه‌پكێ قسه‌ی مزر و مێخۆش

چه‌پكێ قژت خسته‌ ژێر سه‌رینه‌كه‌م و ووتت سمكۆ ..

وه‌ك ئه‌فسانه‌ی دێوی گه‌وره‌ .. به‌ڵام ئێمه‌ عیشقی گه‌وره‌

هه‌ر زه‌مه‌نێ بیرت كردم .. تاڵێكی لێ بسووتێنه‌ ..

له‌ هه‌ر كوێ بم .. وه‌ك به‌رماڵه‌كه‌ی  - سندیباد – ده‌گه‌مه‌ لات

وه‌لێ .. مخابن .. ئه‌ی كچۆڵه‌ی سوور پۆش نه‌گه‌شتی

هه‌تا – با – كچێنی خۆی به‌ دارستان دۆڕان و

به‌فریش به‌ ده‌ریا شێتۆكه‌ و

زۆر شیعریش به‌ماڵی پاشا و .. تۆش به‌ كوڕی ..

نیشتمانی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ت ..

گه‌وره‌بوون .. وا .. هێشتاكه‌ له‌كانیاسكانی ئه‌م دڵه‌مدا ..

ئاسكه‌ دلچتم تێك نه‌دابوو .. دیده‌ی وردی كچه‌كه‌شم ..

وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شی له‌ خه‌و ڕابوو .. وه‌كو شیله‌ ..

ده‌چۆڕایه‌ ده‌می ده‌رگای هه‌موو ماڵێ ..

وه‌كو بڵێ ی .. ئه‌و كچه‌ی باوكمی خۆش ده‌ویست ..

ئه‌و كچه‌ی باسی سیسه‌مه‌ بچكۆله‌كه‌ی بۆ ده‌كردم ..

ئه‌و كچه‌ی وه‌ك مناڵی خۆی .. به‌سنگیه‌وه‌ ده‌نووساندم

ئێسته‌ كوانێ .. ئێسته‌ كوانێ ..

ڕوووه‌ و هه‌ر كوێ قاچه‌كانم ڕاده‌كێشم .. ئه‌م پرسیاره‌

جیهانێكه‌و له‌سه‌ر شانم داچه‌قیوه‌ ..

خانم هانا .. ئه‌و ته‌رمه‌ به‌ من نانێژرێ ..

لمی لا گوێ ی چه‌مێكیشم پێ شك نایه‌ ..

ئه‌ستێره‌ی چاومان داپۆشێ ..

ده‌ده‌ی خانم .. ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ی من بوو .. یان هه‌ڵه‌ی تۆ ..

بیرته‌ گه‌لێ جار ده‌تووت ڕه‌شه‌ ..

گه‌ر وه‌ك ڕه‌نگیش نه‌ڕژێنه‌یه‌ك ..

با ژماره‌ی ئه‌م هێڵه‌ ژووانگه‌ی ده‌نگمان بێ ..

بیرته‌ هاوارم كرد .. ئاخر خانم ..

ماڵه‌كه‌ی من ساكاره‌ .. وه‌ك شه‌وی چوخماخ ..

ماڵه‌كه‌ی من ساكاره‌ .. وه‌ك جلی دایكم ..

تۆش خراپتر هاوارت كرد .. نا ڕه‌شه‌ گیان ..

ماڵه‌كه‌ی تۆ .. له‌ماڵه‌كه‌ی من گه‌شتره‌ ..

ماڵه‌كه‌ی تۆ .. لانه‌ی سه‌دان پۆله‌ شیعره‌ ..

فریوت دام به‌و ڕسته‌یه‌ .. هه‌تا تووانیت ..

مره‌كه‌بی به‌زه‌یمت هه‌ڵمژی ..

ئێسته‌ش خانم .. شووشه‌یه‌كی خاڵی و په‌تیم ..

برینێكی ئه‌به‌دیم .. به‌م سه‌گوه‌ڕی گرانیه‌ش

كێ قاپی خۆی له‌ برینێك ده‌كاته‌وه‌ ..

یان .. یان كام مه‌ی زه‌ده‌ .. به‌م قێزه‌نی ڕۆژگاره‌وه‌

تاوێ شووشه‌ی خاڵی ده‌نێ به‌سه‌ریه‌وه‌ و ..

مۆله‌ق ماوم .. سه‌رم چه‌پكێ ڕێ ی له‌ سه‌ره‌ ..

له‌كام ڕێوه‌ .. كاروانێ حه‌رف به‌ ڕێ خه‌م ..

تۆفانیشه‌ .. ده‌ترسم ڕێگه‌ ده‌رنه‌كه‌ن ..

له‌و سه‌ره‌وه‌ .. ته‌رمی سه‌وزی حه‌رفێكم بۆ بهێنه‌وه‌ ..

چما دووربا .. هۆ خاڵۆی كۆست ..

تۆ هه‌ر هه‌واری كۆست نه‌بوویت ..

تۆ هه‌ر كێڵگه‌ی دابڕان و مه‌رگ نه‌بوویت ..

تۆ هه‌ر ته‌خته‌ی تاته‌ شۆری مزگه‌وت نه‌بوویت ..

ئیدی چما .. گومانی وا .. وڕت ده‌كا ..

لۆمه‌م مه‌كه‌ .. ئه‌مشه‌و كاسم ..

وه‌ك كاسی ئه‌و برینداره‌ی .. له‌ شه‌ڕێكدا ..

گوڵه‌ خوێنی خۆی ده‌بینێ ..

بۆ كاسم ..

بۆ كاس نه‌بم .. هه‌ر ڕۆژه‌ی ڕوبارێك ده‌مباو

هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌ردێك ده‌مشێلێ و

هه‌ر ڕۆژه‌ی یاسایه‌ك ده‌مگرێ ..

یه‌كێ سه‌وز و یه‌كێ سوور و یه‌كێ زه‌رد و یه‌كێ شین ..

هه‌ر هه‌مووشیان .. وه‌ك چۆره‌كی تازه‌ برژاو ده‌مكرۆژن

من نازانم .. كرۆشتنیان په‌روه‌رده‌یه‌ ..

یان .. یان كۆتایی زامی كۆڕه‌و ..

من نازانم .. كرۆشتنیان .. بایه‌كه‌و ئه‌نفال ڕاو ده‌نێ ..

یان موكێشێكه‌و ته‌ڵه‌زمه‌ شووشه‌ی ناو له‌شی

منالانی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌رده‌هێنێ ..

من نازانم .. من نازانم ..

به‌ڵام لێ دان .. جاران چه‌رپاو سه‌رینی ژوور سه‌رتان

شاخی پیر و پشتی چه‌م و شه‌وه‌ با بوو ..

جاران ماڵ و جێ ی حه‌وانه‌وه‌تان چه‌م و بن توركان بوو ..

گیرفانی ڕه‌شی كۆڵان

جاران هه‌تا پرته‌قاڵی ڕه‌بییه‌كتان نه‌گوشییایه‌

دار گێلاسی ئۆقره‌تان پێ نه‌ده‌كه‌نی

ئه‌فسووس ئێسته‌ش ئه‌گه‌ر چه‌رپائاڵتوون نه‌بێ

له‌سه‌ردۆشه‌كی مناڵی خۆشتان نانوون

ئێستاش ئه‌گه‌ر ماڵه‌كه‌تان پر سوره‌یاو بالاَ  نه‌بێ

ئه‌وه‌ هه‌ر به‌ ماڵی خۆتانی نازانن

ئێستاش هه‌تا ڕه‌بییه‌ی دینار قووت بڕووانێ

كووا دیده‌تان ڕه‌بییه‌ ی به‌عس به‌دی ده‌كا

له‌ توڕه‌بوونم یاس مه‌بن ..قه‌پی گه‌وره‌مه‌كه‌نه‌وه‌ ..

خاكی وه‌سێت وێران مه‌كه‌ن ..

به‌درۆی زل ماڵی شه‌هید ڕووناك مه‌كه‌ن

گه‌ل چی ووت ده‌بێ بیڵێن ..

گه‌ل چی وویست ده‌بێ وابن

خۆگه‌لیشتان سوواری كۆڵی لێتان ناوێ

ئه‌وی وویستی گه‌له‌ ..ئه‌وی حه‌زی گه‌له‌ ..

مانگه‌شه‌وی ته‌بایی یه‌ ..

مه‌رگی به‌غا و حه‌قیقه‌ته‌

 

به‌هاری/1991هه‌ڵه‌دن

 

تێبینی /ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ ژماره‌3.2 ی كوردوستانی نوێ دا بڵاوبوووه‌.. ساڵی 1991