خوا چه‌ن ته‌ڕه دوولبه‌ری من
ئیسماعیل خورماڵی
xurmaly@yahoo.de
زه‌مانێکه ئه‌ی گوڵه ژن
هه‌واڵێکت ناگا به من
نه وه‌ک کۆتر په‌ڕێ ، فڕینێکت ، ناگا به من !
زه‌مانێکه ئه‌ی گوڵه‌ژن ،
نه وه‌ک ماسی به له‌نجه‌ی ئاوێکه‌وه دێی
نه‌وه‌ک تاوس له ئۆغرتا ، نازێ ، ڕه‌نگێ ، ماچێ ، به جێ دێڵی !
زه‌مانێکه ، منیش پێچه‌وانه‌ی باس و خه‌به‌ری تۆ
گوڵ له‌سه‌ر گوڵ ، به‌یت له‌سه‌ر به‌یت ، هه‌ڵده‌ڕژێمه سۆراخی تۆ ، خه‌به‌ری تۆ
له سینه‌مدا ، زایه‌ڵه‌ی عه‌شق ده‌نگی دێ و
وه‌ک تنۆی باران له‌سه‌ر به‌ردان ده‌نگم دێ و
وه‌ک با سه‌دا ، له هه‌یوانا ، من گڤه‌م دێ و
من گڤه‌م دێ و خورته‌م دێ و له‌به‌ر خۆمه‌وه ئێژم خودا
ئاخۆ ئێستا وه‌کوو جاران ، چاوبه‌ڵه‌کی ماڵ له دڵی یاران
سه‌ما و سیحری ، گه‌مه و مه‌کری ، ده‌داته ڕاو ؟
ئاخۆ ئێستا ، له‌سه‌ر سنووری غه‌مزه‌یه‌ک ، له شکری گوڵ ده‌خاته چاو ؟
پرسیارێک و پۆلێ پرسیار
وه‌ک شێت له‌به‌ر خۆمه‌وه بۆڵه‌م دێ و هه‌ر ده‌خه‌نم
ده‌خه‌نم و شینی فیرقت ، له چاومه‌وه گۆل داده‌خا
گۆل ده‌خا و ده‌قه‌ی سه‌د جار ئێژم هۆ خودا ، خۆزگه‌م وه‌پار
وه‌وشه‌وانه‌ی جێ ژووان بۆ ماچ ده‌هاته بار
ئاخه‌ر کچێ ، هه‌ی شه‌کر زاده‌ی جننه‌تی شیعر ، چۆن وانه‌ڵێم ؟
چۆن وا نه‌ڵێم ، هه‌ی بووکی ئارام به‌خش به‌یه‌ک شه‌وی من
هه‌ی دۆلفینی خاوبوونه‌وه‌ی نێو که‌ناری مه‌ستایه‌تی نیوه شه‌وی من
هه‌ی په‌یکی شاره‌زا به ڕاژه‌نینی من
چۆن وا نه‌ڵێم ، ئاخه‌ر کێ شه‌وی هه‌نگوین به شه‌وی ژه‌هر گرێ ده‌دا و
سه‌مای ماسی و سه‌مای قوڵایی ئاو ، به ڕه‌نگی بێ ڕه‌نگ ناو ده‌با !
چۆن وانه‌ڵێم ، چۆن بیر ده‌چن ؟ ئاخه‌ر هه‌ی شه‌می خوا
ئه‌و شه‌وانه‌ی به چاو و له‌شی ته‌ڕه‌وه
به یه‌ک حه‌وشه گوڵه شه‌ستپه‌ڕه‌وه
تا تلووعی به‌ره به‌یان ، به‌سه‌د مه‌زه و به‌سه‌د خه‌مزان
کۆڵه‌ووژت ده‌سووتانم و وه‌نه‌وزت له چاوم ده‌فڕان !
له‌بیرت دێ ..
له بیرم دێ هۆ ماسییه مێ ،
له‌و گوڵ شه‌وه‌ی ، نه‌ک ئاو تیایا ، گوڵ و ڕێواس به ڕۆح ده‌هات !
له‌بیرت دێ ؟ له‌بیرم دێ ، له‌و ڕژان وخاوبوونه‌وه‌ی نیوه شه‌وی زمسانه‌دا
ئاگر سه‌ری به ئاگردا ده‌کوتا و قه‌یاغی دڵ
قه‌یاغی دڵ ، له‌و گوێ ئاو و که‌ناری خاوبوونه‌وه‌دا
سه‌ری به قوڵایی چه‌ن شه‌پۆلا ده‌کوتا !
له‌بیرم دێ هۆ ماسییه مێ ، له‌و تاقانه گوڵ شه‌وه‌دا
من به دیار نووری مه‌مه‌وه ، سه‌د باری مه‌م ، بۆ مه‌م
ده‌بووم به سه‌کۆی پڕ له سووتان و ده‌بووم به فواره و ڕژان
له‌بیرت دێ ، هه‌تا خوا لێی ده‌چنیم ئۆقره و وچان ، شه‌رم و دووان
نه‌ک هه‌ر زووان ، من باخه په‌نجه و به‌ڕووی له‌شم هه‌ڵده‌برژان !
له بیرت دێ ؟ له بیرم دێ هۆ ماسییه مێ ،
تۆش ئازات وه‌ک جاڕه گوڵی به‌ر دێ ، له‌به‌رده‌م په‌روانه‌ی ئاوا کپ که‌وتبوو
تاڵه قژ وه‌ک ته‌رز و گه‌ڵا ، له نێو ئاره‌قه‌ی به‌رچاوا کپ که‌وتبوو !
له‌بیرم دێ ، هه‌ی بووکی ئارام به‌خش به‌یه‌ک شه‌وی من
ته‌یره چکۆڵانه‌ی په‌نجۆڵانم ،
وه‌ک عه‌زره‌تی ، ده‌تووت چه‌ن ساڵه له نێو قه‌فه‌زی هه‌ور دان و
تازه خوا باڵی نه‌جاتی پێ به‌خشیوون
له‌و چڵه مه‌م بۆ ئه‌و چڵه مه‌م هه‌ڵدفڕین ، له‌و ئاو بۆ ئه‌و ئاو هه‌ڵده‌فڕین !
ئه‌مێستاکه‌ش هه‌ی کافره ژن ،
ڕه‌هێڵه و خوڕه‌م شه‌وێکه له یه‌ک دوورین
نه زه‌نگێکت هه‌یه و
نه دێڕێکت هه‌یه و
نه‌وه‌ک جاران
شێتانه‌ش به‌ردێ له په‌نجه‌ره‌که‌م ده‌ده‌ی !
کچێ بێژی ، بێژی خوا هه‌ر خواکه‌ی تۆ بێ و بۆ منیش هیچ
بێژی ، خوا ده‌ورێتر نه‌سوڕێنێ و من به فه‌سڵێ تر نه‌وه‌خشێ ؟
لێ گوڵه‌که‌م هه‌رچی بێژم ، دۆعای مردن ناکه‌م
ته‌نها دۆعای ده‌ورێتر و دۆعای زه‌مانێ تر نه‌بێ
بشێ گوڵم خوا کارێکا و بای زه‌مانێ له گوڵ هه‌ڵکاته‌وه و
هه‌تاوێ به‌سه‌ر زووقمی ئه‌م فیرقه‌ته‌دا بێنێته‌وه و
ئێمه‌ش ، بڕژێنه‌وه گه‌مه‌یه‌تر ،
ئێمه‌ش بڕژێنه‌وه دوورگه‌ی له‌زه‌تێ تر
لێ ئه‌مجاره ، هه‌ی مه‌لاکی شیعری ڕووتم
ئه‌مجاره ، ته‌کبیری عه‌شق به تاڵ نه‌بێ و
مه‌له‌ی ئاگر ، له‌یله چامه‌ی خامه‌ی خه‌یاڵ نه‌بێ
ده‌بێ گوڵم ، به‌شی عومرێ له‌یه‌ک بخۆین
ببین له‌سه‌ر بین ، له ئاوی یه‌ک ، له عه‌تری یه‌ک
له‌گۆشتی یه‌ک ، له یه‌ک بخۆین
کچێ به‌خوا ، گه‌ر وا نه‌که‌ین ،
هه‌تا ماوین ، نه له ده‌رسی کفر ده‌گه‌ین
نه به ده‌رسی عه‌شق ده‌گه‌ین
ده‌ی دوولبه‌ری هه‌میشه ته‌ڕ
وه‌ی ئاسکی مێگوزاری ده‌شتی خێر و شه‌ڕ
هه‌ر جارێ‌تر وه‌ک بایه‌ک له گوڵ هه‌ڵکه‌وه و بێره‌وه تۆ
بێره‌وه و پێده‌شت و ماڵم ، به هه‌وای خۆتا به‌ره‌وه
بێره‌وه تۆ و له‌سه‌ر باڵی بازه مه‌می یه‌خه‌ی شل و به‌رۆکه‌وه
به قوڵایی ئاسمانێکم دا به‌ره‌وه و به قوڵایی ڕۆژانێکمدا به‌ره‌وه
ڕۆژانێ وه‌ک ئه‌وڕۆژانه‌ی ، که له ژووانێ ، له خوێندنه‌وه‌ی شیعرێ ده‌بوومه‌وه
(با)ت له پشکۆی مه‌کر به‌رده‌دا و به‌چه‌شنێ لێوی ناز و مه‌کرت لێ ده‌کرۆشت
کچێ له عه‌زره‌ت و له ئاگردا ، من ، شه‌ڕم به حه‌وت دۆزه‌خ ده‌فرۆشت !
له‌بیرم دێ زۆر به‌یانی ، له‌ته‌ک یه‌که‌م سوبحی نازی گوڵدا
که‌تۆ لێوی ناز و بزه‌یه‌کت لێ ده‌جوڵان
به‌هار تێی ده‌تاقانه پایز و گوڵێ پێڵووی نه‌ده‌ترووکان
له غیره‌ی تۆدا ، دواین چڵ‌یان سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرت و
گوڵم به‌هاره و به‌هاریش نه‌ده‌هاتنه‌وه
له‌بیرم دێ زۆر ئێواره ، که کۆتری سه‌ر سنگی تۆ
بۆ بای باڵێ ، ده‌که‌وتنه قوڵایی فڕینی عه‌سرێک و
که‌مێ ژێر گه‌ڵای ستیانێکی بۆنخۆشیان به جێده‌هێشت
ئیتر فڕین ، هه‌ر فڕینی تۆ بوو
له تۆ زیاتر مه‌عازه‌ڵڵا ، فڕکه‌ی ته‌یرێ نه‌بوو !
ئیتر هاژه ، هه‌ر هاژه‌ی خۆت بوو ، له تۆ زیاتر مه‌عازه‌ڵڵا ، هاژه نه‌بوو !
خۆ که لێوی گفت و گۆیه‌کت ده‌جوڵان ، ووشه‌ت قه‌ن بوو
ووشه‌ت وه‌کوو تافی شه‌ربه‌ت ، ئاشی حه‌وت شیعری ده‌گه‌ڕان !
خۆ که جار جاره‌ش میهره‌بانی ده‌یگرتی و
کچێ ، لیمۆی شیعرێ ، ده‌می ده‌دای به ده‌ممه‌وه
من به‌و ماچه ، ده‌تووت شه‌رابی کۆنه گۆزه‌م وا به‌سه‌ره‌وه
مه‌ست ده‌بووم و هه‌ڵدپڕووزام ، ده‌سووتام و لێ سووتانێ
مه‌رهه‌ر خۆم وخوا بزانین ، من به‌و ماچه ، تا کوێم ده‌سووتا و تاکوێم هه‌ڵدپڕووزا
!
ده‌ی گوڵه ژن ، هه‌نووکه‌ش بای سۆزێ هه‌ڵکه و بێره‌وه تۆ
با سه‌ر له‌نوێ ، خۆمان له ئاوی گوناهێک نێن و
وه‌کوو جاران بین له‌سه‌ر بین ،
له‌ئاوی یه‌ک ، له عه‌تری یه‌ک ، له گۆشتی یه‌ک ، له یه‌ک بخۆین
کچێ به‌خوا گه‌ر وانه‌که‌ین ، هه‌تاماوین نه به‌ده‌رسی کفر ده‌گه‌ین ،
نه له ده‌رسی عه‌شق ده‌گه‌ین !
ده‌ی گوڵه گیان بێره‌وه تۆ ،
تێکه‌ڵبوونمان بردننه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌کانمانه ، نه‌ک دۆڕاندن
تێکه‌ڵبوونمان بردننه‌وه‌ی دابڕاندنمانه نه‌ک دۆڕاندن
تێکه‌ڵبوونمان ئاشتبوونه‌وه‌ی ژیانه به گۆرانییه سه‌وزه‌کانی عه‌شق ، نه‌ک
دۆڕاندن !
پایزی 2007
ئه‌ڵمانیا