


به غه‌وربوونی ئه‌م به‌یته قه‌رسیلانه‌ی باران
به هه‌ڵاژانی ناو سایه‌ی ئه‌م که‌پره زه‌ردانه‌ی پایز
به بۆن کردنی مێخه‌کی ئه‌م باخچانه‌ی
جریوه‌یان عه‌تر و
هه‌ڵفرینیان عه‌تر و
مه‌ستایه‌تیان هه‌ر عه‌تر !
ده‌ی خودایه ڕوانین و چاوی که‌ره‌مێ ،
غه‌رقم که تۆ
له نێو چه‌مه خونچه‌ی
ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی ، په‌روانه
به گه‌ریده‌ی مێرگ و
ته‌یران به گه‌ریده‌ی باخ و
ماسی به ئاو
منیش به جوگرافییای
هه‌موو حوزنه ڕووخۆشه‌کان ناوزه‌ن ده‌که‌ن
ده‌ی خودایه ڕاته‌کینێ ،
ده‌س له چڵی ئه‌وڕامانه ، ئاشوبانه به‌رده
خۆت به ئاوی هه‌ناری دوودڵیه‌کان
ڕه‌نگین مه‌که
پێت وابێ خودا ڕۆژێک دێ
به‌قه‌یاغی قه‌رسیل ترین ئومێده‌وه
ئه‌م هه‌موو نا ئومێدییانه ببڕی !
پێت وابێ خودا ڕۆژێک دێ
به ڕۆشنایی
سه‌ر سنگێ له مانگه شه‌وی کچه‌کانی خۆت
هه‌موو ستیانه تاریکه‌ڵه‌کانی شه‌و
ڕۆشن بکه‌یته‌وه !
پێت وابێ خودا ڕۆژێک دێ
منیش وه‌ک شاعیرێکی هاوسێتان
له په‌روانه په‌روانه تر
فڕین له باڵی گوڵه‌کان
ئاگر له که‌نیشکه نیرگزییه‌کان
حه‌رفی عه‌یار ،
له مه‌کری شیعرێکی عه‌یار هه‌ڵفڕێنم !
پێت وابێ خودا ڕۆژێک دێ
وه‌ک باخه‌وانێکی هاوسێ و
وه‌ک عاشقێکیی هاوسێتان
نه‌ک هه‌ر نان وعیشق وخۆشویستی
له هه‌ناری مه‌ستایه‌تی و
له مزرایی
جگه‌ره‌کێشانێکی ئێوارانیشمدا
به‌شتان هه‌بێ !
له ژووانی باران و ڕووت بوونه‌وه‌دا
له ژماردنی سێوه‌کانی په‌یام و
له ترازووی لاره سه‌نگی عیشقا
وه‌لای منا
وه‌کو ژووان
وه‌کو هه‌موو
مه‌عشووقه‌کانی ده‌ربه‌نی شیعر و جوانی
وه‌کو هه‌موو
مه‌حزوونییه‌کانی نیشتیمان
له به‌رچنه‌ی میوه‌کانی( مه‌له‌ک)یشدا
به‌شتان هه‌بێ !
ئێ ی مه‌له‌ک گیان
ئه‌ی خوڕه‌می ئاگره‌کانی عیشق
له‌ودیو قوتبه سارده‌کانی ژیانه‌وه
ئه‌ی ماڵی پڕ
له مرواری
وه‌ک ڕۆخانه
له‌ودیو که‌ڵه‌کی مه‌وجه‌کانی ناو ده‌ریاوه
پێت وابێ تۆش
له‌مسێک له په‌نجه‌ره‌کانی هه‌نار
قیامه‌تێ له ئاگر وخاو بوونه‌وه به ڕۆح بێنێ!
هه‌مسێک له جریوه‌ی ته‌یره‌کانی له‌زه‌ت
شه‌تڵ بوونی هه‌زار مه‌خلووقی عاشقی به دواوه بێ !
پێت وابێ تۆش ، مه‌له‌ک
ئه‌ی مه‌له‌که‌ی هه‌ڵبرژاوی خۆشه‌ویستی
ڕۆژێک دادێ
به‌ده‌ر له‌م ڕۆژه سڕانه‌ی
به‌سته‌ڵکی به ناو ژیان
سه‌رمان بێته‌وه به ماڵی بولبوله‌کانی به‌هار و
پایز له ماڵماندا
ببێته‌وه به بووکه دڵشکاوه‌که‌ی جاران
ڕه‌نگمان پڕ بێته‌وه له‌ڕه‌نگی گوڵه هه‌نار و
دڵمان له ته‌ک ماسییه‌کانی پێکه‌نیندا ئاشت ببنه‌وه
پێت وابێ مه‌له‌ک ڕۆژێک دێ
به پاڵ حه‌م کردنی هه‌نجیرێکی گه‌ییوه‌وه
به پاڵ قه‌پاڵگرتنی سێوێکی لاسووره‌وه
به پاڵ ڕووانین له ده‌نکه‌گێلاسێکی ڕووت
به‌پاڵ دڵدانه‌وه‌ی هه‌موو میوه کوژراوه‌کان
تۆ
پڕم که‌ی له عه‌تری ئه‌و شیعرانه‌ی
به‌سه‌رلێوی هیچ شاعیریک دا نه‌هاتوون !
پڕ پڕم که‌ی له‌و ئاگرانه‌ی
هه‌تا ئێستا
به سه‌فه‌ریش
به ناو کوانوی خاوبوونه‌وه‌ی
هیچ کچیکدا نه‌هاتوون !
وه‌ره مه‌له‌ک
ئه ی پاکیزه‌ترین لاله که‌نیشکی خوا
عێشقت هه‌بێ
مه‌ر نازانی
تا چکۆڵه‌ترین نووزه و
تا چکۆڵه‌ترین جووکه له عیشقدا بێ
باڵه‌کان چه‌پڵه‌یان گه‌رم و
مه‌وجه‌کان چه‌پڵه‌یان گه‌رم
ده‌ی مه‌له‌ک گیان شه‌قه‌ی باڵێ
بێ و بفڕه تۆ
سنوور
له فڕین‌دا
مه‌ودای به سوتوکردنی سیگارێکه و زێده‌تر نا
مه‌ودای توێکڵ گرتنه‌وه‌ی لیمۆیه‌که و زێده‌تر نا
شه‌قه‌ی باڵێ
بێ و
بمده به ته‌مووی ئاوێنه و
بمده به‌مێرگی ساتێکدا
ته‌ژی بێ له مۆردی دوکه‌ڵ
ته‌ژی بێ له مه‌ستایه‌تی و
له سێوی مێ
له سووره‌ته‌کانی هه‌وه‌س !
له کاڵ نه‌بوونه‌وه‌ی عیشق و
له داگیرسانی دره‌خته سێوه‌کانی مۆم
ئه‌و مۆمانه‌ی
ئاوه‌دانی به جه‌ژنی له دایک بونێک ده‌ده‌ن
به سوتانێ له عه‌تر و فرمێسک و مردن
بۆنێکی خۆش
وه‌ک هه‌وای ناو باڵکۆنه‌کان
به ژوور ده‌ده‌ن !
پێت وابێ مه‌له‌ک ڕۆژێک دێ
له گوێ ئاوی جه‌نجاڵترین ده‌ریا و
له ناو مه‌له کردنێکی به هه‌شتیا
له گوێچکه ماسییه‌کانی ئاو
له ڕووخۆشترین به‌رد و چه‌و
له‌و قه‌وزانه‌ی
به مۆدێلی
دوامۆدێلی
ملپێچی که‌نیشکه‌کانی
ڕۆما وپاریس ده‌ڕۆن
ما ڵۆچکه‌یه‌ک بۆ ته‌یره‌کانی ئه‌ندێشه به قه‌ڵاکه‌ین
له په‌ڕه‌مووچی ڕۆژنامه پیره‌کانی ئێره
کۆلاره‌یه‌ک بۆ ژووان و
کۆلاره‌یه‌کیش بۆ کاسیاهه‌ڵده‌ین !
پێت وابێ مه‌له‌ک پێت وابێ
چاخه‌کانی هه‌نار وعیشق به‌ڕێوه‌ن
وان به ڕێوه
ئاشت بوونه‌وه‌ی ئاو وئاگر وان به‌ڕێوه
وان به ڕێوه
دڵۆپه‌کانی موعجیزه و باران وان به ڕێوه
وان به‌ڕێوه
فه‌سڵه‌کانی په‌روانه وگوڵ
ماچ و ئاگر ، وان به ڕێوه !
پێت وابێ مه‌له‌ک پێت وابێ
سپیده‌یه‌ک دادێ
دۆنمه‌کانی ژه‌هر
پڕ بن له زه‌ڕاتی خۆشه‌ویستی !
به‌رایی ئه‌م هه‌موو شه‌وه
پڕبن له گوڵه به‌ڕۆژه‌ی ئاسووده‌یی !
پێت وابێ مه‌له‌ک پێت وابێ
زه‌مانێک دێ ، ئه‌و دیو سنووری تاقه‌کان
پڕ بن له له‌شکری کتێب
ئه‌م دیو حه‌وشه‌ی ، تفتایه‌تییه‌کانی ئینسان
پڕبن له باڵای ته‌رخوونه عه‌یاره‌کانی خۆش نودی و
پڕبن له چڵه‌نه‌عناکانی یه‌کسانی و
پڕبن له مه‌کری شیلانه شینه‌کانی خۆشه‌ویستی !
پێت وابێ مه‌له‌ک پێت وابێ
جارێکی تر وه به‌ر چاوتا
فڕکه‌ناکه‌ن
که‌روێشکه‌کانی تاریکی
بۆ ناو چیمه‌نه‌کانی نوور !
جارێکی تر وه به‌رچاوتا
گه‌مه ناکه‌ن
بۆقه‌کانی ژه‌هر وتاعوون
له‌سه‌ر ئاوێنه‌ی ئه‌م به‌رد و
له‌سه‌ر ئاوێنه‌ی ئه‌و هه‌رێز
پێت وابێ دییه پێت وابێ
وان به‌ڕێوه
چاخه‌کانی
هه‌نار وئاگر وجوانی
وان به ڕێوه
ڕۆژه‌کانی
ئاشت بوونه‌وه و
خاوبوونه‌وه و
مه‌حووی خه‌مان !!
ده‌ی خودایه (ک‌ش مه‌لیک)ێ
له ئافاتی ئه‌و هه‌موو سنوورانه‌که !
فوویه‌ک ، فوویه‌ک
وه باڵۆنی شادبوونه‌وه‌ی
ئه‌و هه‌مووعاشقانه‌دا که
حوزنی دوودڵ کیفایه‌تی دۆزه‌خه خوا
نزای دوو دڵ سه‌ره و بنی به هه‌شته خوا
ده‌ی خودایه
سه‌ما و دوکه‌ڵێکی له دوور
سه‌ما و
خوڕه‌می نوێژێکی له دوور
سه‌ما ومه‌له‌ی په‌روانه‌یه‌ک
سه‌ما وگه‌رمای نیوه‌رۆیه‌ک
له نیوه‌رۆی سێوه‌کانی مه‌له‌ک !
بۆن کردنی قۆخێکی لا سووری توکن
وه‌پاڵ باخه شینه‌کانی (مه‌له‌ک)وه !
ده‌ی خودایه
سه‌رزه‌مینی ئه‌م ژه‌هرانه مه‌حو که تۆ
ته‌لاری ئه‌م نا یه‌کسانییانه ، مه‌حوکه و بڕمینه تۆ !
خه‌ڵاتم که ،
خه‌ڵاتم که به ئه‌سپێکی باڵدار
وه پاڵ ده‌رچوونمه‌وه
له تاقیکردننه‌وه‌کانی به‌ر ته‌نیایی !
خه‌ڵاتم که به ئه‌سپێکی باڵدار
نه مووسام و نه موحه‌مه‌د
وه‌لێ شه‌ق کردنی ئه‌م به حرانه‌م ده‌وێ!
نه مووسام و نه موحه‌مه‌د
وه‌لێ هه‌ڵبرژانی ئه‌م که‌ژانه‌م ده‌وێ !
ده‌ی خودایه خه‌ڵاتم که
به ئه‌سپێکی باڵدار
له نیشتیمانی (مه‌له‌ک)ان جه‌ژنه
ده‌بێ سبه‌ی
به‌ر له سوتانی مۆمه‌کان له‌وێبم
به‌ر له په‌نجه‌ره‌کردنه‌وه‌ی یه‌که‌م باوێشک
من له‌وێبم !
خۆم به شڵپێ
له به‌یت و ئاوی کانییه‌که‌ی نالی
هه‌نێی ته‌ڕکه‌م
به خاولییه‌ک له فڕینی په‌روانه‌کان
قه‌تره ئاوه‌کانی بسڕم !
تۆ ته‌واشا
ئه‌ی مزرترین عاشقی ،ئه‌و دیو قوتبه‌کانی دنیا
ئه‌ی فڕینی په‌روانه‌ترین په‌رونه تۆ ته‌واشا
تۆ ته‌واشا
له‌سه‌ر بانی ئه‌م دۆزه‌خه‌وه چۆن به کۆش
مه‌کری گوڵه‌کان به‌سه‌ر عیشقدا هه‌وا ده‌ده‌ین !
تۆ ته‌واشا له‌م به‌رزایی و
شینه تاقی ساماڵه‌وه
چۆن به چاوی نمناک ترین گه‌واڵه‌وه
به‌سه‌ر شانی ئه‌و کێلگانه‌دا ده‌گرییه‌ین
پڕن له جنسی گوڵ وله جنسی گیا
تۆ ته‌واشا
ئه‌ی کافرترین دڵداری ئه‌م زه‌مانه
به‌سه‌ر لێوی هه‌ره که‌شتیه پیره‌کانی ڕامانه‌وه
چۆن ده‌خزێنه
ناو نهێنییه‌کانی ئاو
ناو حیکمه‌تی ماسیه وردیله‌کان
تۆ ته‌واشا
ئه‌ی قه‌رسیل ترین به‌رسیله‌ی
ڕه‌زه‌کانی مه‌کر و جوانی
له ژێر سه‌ری ئه‌م قه‌ڵه‌مه‌ی ئیسماعیلدا
خه‌وی مرواری چه‌ن خه‌یاڵ
فڕینی شه‌هێنی چه‌ن عیشق ده‌بینی !
وه‌ره مه‌له‌ک
به‌ر له‌سنگ کوتانی شه‌وێ
پیاسه‌ی ناو ئێواره‌یه‌کی ڕه‌نگاڵه که‌ین
بۆ به‌خشینی جریوه‌کان
خۆمان
له‌و ته‌یرانه‌دا وه بینین
له شه‌ڕی سوڵتانی سه‌وزایی ده‌گه‌ڕێن !
وه‌ره ئه‌ی یار
با سه‌مایه‌ک
وه به‌ر ئه‌و کلوه به‌ورانه‌دا که‌ین
که‌مێکی تر ده‌بن به دڵۆپه و
ده‌بن به په‌روانه
وه‌ره ئه‌ی یار
گۆرانییه‌ک بۆ شه‌که‌تی بچڕین
سروودێ بۆ حوزنه‌کانی نیشتیمان
چامه‌یه‌ک بۆ
بۆ برینه که‌ڵه‌گه‌ته‌کانی ووڵات
چامه‌یه‌ک بۆ مێرگه سه‌وزه‌کانی کۆست
وه‌ره ئه‌ی یار ته‌واشاکه
چه‌ن شه‌که‌تین به‌م گۆرانییه قه‌رسیلانه‌ی به‌هار
چه‌ن شه‌که‌تین به‌م گۆرانییه لیمۆییانه‌ی پایز
پایز هات و تۆ نه‌هاتی
به هار هات و من ناهاتم
پایز هات و
به‌هار هات و
من و تۆ به یه‌ک نه‌گه‌شتین !
تازه ئه‌ی یار به هه‌ڵاڵه‌ی ئه‌م زامه‌وه
به‌خوڕه‌می ئه‌م ژه‌هره‌وه
قه‌ده‌ر گه‌مه‌یه‌کی تاڵه و
چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌م مه‌که !
ژیان هه‌ر ئه‌وه‌نده
مه‌ودای هه‌ڵفڕینی باڵنده‌کانی پێبه‌خشیم
به‌هار هه‌ر ئه‌وه‌نده
مه‌ودای سه‌وزبوونی نێرگزه‌کانی پێ به‌خشیم
باران هه‌ر ئه‌وه‌نده
مه‌ودای سه‌ما و
هه‌ڵڕوانینی دڵۆپه‌کانی پێ به‌خشیم
به‌ڵام ئه‌ی یار به ڕیحانه‌ی ئه‌م به‌یتانه یه‌ئس نه‌تبا
به پایزی ئه‌م پیاوه له ڕیحانه‌یه غه‌زه‌ب نه‌تبا
بۆ تۆش نه‌بم
له دڵۆپه‌ی هیچ بارانێ هه‌ڵمه‌شاخێ
بۆتۆش نه‌بم
خۆت له سورایی ئێواره‌ی هیچ چامه‌یه‌ک هه‌ڵمه‌ژه‌نه !
قه‌ده‌رم بوو له کازیوه‌یه‌کدا بڕژێم
قه‌ده‌رم بوو له مه‌غریبێکدا بچمه‌وه ده‌ربه‌نی شه‌و
تازه ئه‌ی یاربه ئومێدی ئاگره‌کانی من ڕامه‌کشێ
به ئومێدی شه‌مامه‌کانی ئیسماعیل
به دۆستایه‌تی ئه‌و هه‌موو بێستانانه
دڵخۆش مه‌به
تازه ئه‌ی یار خۆت له‌مانگی من حه‌شارده
خۆت له‌م شیعره مه‌کراویانه‌ی من حه‌شارده
به‌و که‌مه دێڕه عاشقی ، وه‌رزێک مه‌به بۆ تۆ نه‌بێ !
به‌م که‌مه دێڕه هۆگری ، پیاوێک مه‌به بۆتۆ نه‌بێ !
زه‌نگ له ده‌رگای گه‌ڕاننه‌وه‌م مه‌ده
تازه من بووم به پیاوێکی مێخۆش
به پاڵ هه‌ناره‌کانی باران و
به پاڵ مزرایی عیشقێکه‌وه !
بمبینه تۆ
له چیمه‌نی ژه‌هر وشه‌هدا
گه‌مه‌ی چ که‌روێشکێکی ئاسووده‌م
تازه ئه‌ی یار منت خه‌سار
سنگ له ئێواره‌یه‌ک مه‌کوته منی فڕان
سنگ له ڕووباری ئه‌وینێ مه‌کوته منی خنکان
تازه ئه‌ی یار
مه‌ر هه‌ر له دووره‌وه
له باخه‌کانت بڕوانم
له وێنه‌کانم بڕوانی
مه‌ر هه‌ر
له دووره‌وه
سوبح باشی ڕۆژه‌کانت لێکه‌م
مه‌ر هه‌ر له دووره‌وه بێژم
له ناسینتا
هه‌موو بوبوله‌خۆش خوانه‌کانی جه‌نه‌ت هاتن
له ناسینتا
مێخه‌ک به‌نی هه‌مووکه‌نیشکه‌کانی ئاوایی هاتن
مه‌ر هه‌ر له دووره‌وه بێژم
عیشق چ مه‌ژغه‌ڵه‌تێکی جوانه خودا
عیشق چ سه‌ر نه‌پرژانێکی شیرینه خودا
مه‌ر هه‌ر له دووره‌وه بێژم
ئاسوده‌م پێت
له پۆلی سرووده‌کانی به‌هار مه‌یه‌ره‌ده‌ر
ئاسووده‌م پێت
به‌ته‌مه‌ڵی له‌ته‌ک گه‌مه‌کانی پایز مه‌چۆ !
مه‌ر هه‌ر له دووره‌وه
بێژم
ئاسووده‌م پێت
وای خودایه
عیشق شه‌هدی چ ژه‌هرێکه
وای خودایه
ع
ی
ش
ق
شه‌هدی چ ژه‌هرێکه !؟
خاکه لێوی /2005
ئه‌ڵمانیا/دووسلدۆرف