كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
به‌نده‌رى به‌رمۆدا
چاپى یه‌كه‌م و دووه‌م
1999
له‌مریه‌م به‌ڕه‌حم تر
(ئه‌ى مریه‌مه‌کانى وڵاته‌که‌م ئه‌و ساتانه‌ى
مه‌رگ ده‌بێته پێویستییه‌ک با یه‌که‌مجار
ئێمه‌ى دایک پێشوازیى
لێ بکه‌ین نه‌ک
رۆڵه‌کانمان)
گه‌ل ته‌نیایه!
وه‌ک ته‌نیایى بابه ئاده‌م
به‌رله‌هاتنى به‌فه‌ڕى دایه حه‌وا
گه‌ل ته‌نیایه و
منیش ... ته‌نیام
قارچکى بێزاریى له‌دڵم هه‌ڵتۆقى و
بێزار نه‌بووم
نانى پێکه‌نینى گه‌رمم که‌ڕوو لێیدا
وه‌ک دووگیانیش بووم ئه‌ى شاعیر
نه‌کۆرپه‌ى شیعرم له‌بارچوو
نه‌خۆم له‌بارى شیعرچووم.
مه‌سیح که‌ى دێ ؟!
وا له‌پردى سیراتى چاوه‌ڕوانییه‌وه
که‌وتمه خوارێ
له دیرى عه‌شق و شیعردا هێنده گریام
رۆخى جۆگه‌له‌ى فرمێسکم قه‌وزه گرتى
به‌بێ شیعریش هه‌ر چاوه‌ڕێم
چاوه‌ڕێى رێم
چاوه‌ڕێى تۆم
بێ په‌روا ئه‌دوێم و
هه‌رگیز لام روون نییه
باسى زه‌مینت بۆ ئه‌که‌م
یان باسى خۆم.
پاش هێڵنجێک
پارچه‌یه‌ک نور بووى له‌ده‌مى
زامه‌که‌ى ده‌ممه‌وه رژایت
نه‌زیفى وشه‌ى دواى بوونت به‌رینه‌دام
خوێن کردمى به‌شاعیرێک
یان مریه‌مه شاعیرى شێت.
هاتم پردى به‌خشینم به‌ست
بۆ نێوانى خاکى دڵم و
ئاسمانه‌که‌ى کاسه‌ى سه‌رت
لێ رۆشتنم به‌رده‌وامه
بڵێى بۆ ئه‌به‌د لێم بڕوات ؟!
تۆ نه‌بوو بوویت
خاچ کون به‌کون بۆتده‌گه‌ڕا
بمزانیایه ناتوانێ به‌ڕه‌حم
بێ بۆت
له‌گه‌ڵ له‌دایک بوونتدا ئه‌موت: وه‌ره
بگه‌ڕێره‌وه ناو جه‌سته‌ى پڕ له‌ئارامیى دایکى خۆت!
بمزانیایه ناوت
لێ ئه‌نێن (کوڕى خوا)
نه‌مده‌هێشت بێیت
که‌هیچ شه‌وێ من نه‌نووستبم له‌گه‌ڵ خوا
ئه‌و نابێته باوکى کوڕ و
که‌باخه‌ڵى ئه‌وم
دیبێ
بۆ ناوم لێ بنرێت ( عذراء)
*** *** ***
نورى دیده‌م
تۆ خۆت بڵێ
من بێگه‌ردترم یان مریه‌م؟!
من عاشقترم یان مریه‌م؟!
زامى دڵى من گه‌وره‌یه
یان خه‌مى ئه‌و؟!
من هیچ ناڵێم، تۆ خۆت
بڵێ
نورى دیده‌م.
خونیاگه‌ره عاشقه‌که...*
عیساکه‌ى خۆم
پێم مه‌ڵێ مریه‌مى شاعیر
ئه‌ڕوشێم، دڵگران ئه‌بم
من له‌دایکایه‌تیما زۆر
له‌مریه‌م به‌ڕه‌حمترم
من و مریه‌م ...
جیاوازیمان له‌وه‌دایه
کوێربم ناتوانم چاولێکنێم
تا به‌ژیانم ژیانت نه‌کڕمه‌وه
له‌کونجوڕى قه‌ناعه‌تدا هه‌ڵناکورمێم
تا له‌برى تۆ به‌سه‌ر خاچدا دانه‌کوترێم.
جیاوازیمان له‌وه‌دایه
من وه‌کو ئه‌و ناتوانم بتده‌مه ده‌ست خوایش
دڵم نایه‌ت
ئاخر خواوه‌ند دایکایه‌تى نه‌بینیووه و
بۆتناسوتێ و ده‌ربه‌ستى سک سوتان نایه‌ت.
دایکایه‌تى خه‌مێکى ئێجگار گه‌وره‌یه
من بووم به‌دایک
به‌رله‌ئه‌وه‌ى ببم به ژن!!
که مه‌سیحم خوڵقاندبێ ده‌ربه‌ستنایه‌م
ئه‌گه‌ر چه‌قۆم
لێ بکێشن و
گومان له کچێتیم بکه‌ن!!
مه‌سیحى خاک ...
مه‌سیحى باوک ...
من بۆیه هه‌م، دنیا به‌درۆ بخه‌مه‌وه
چاوه‌ڕێى مردنت ناکه‌م
هه‌ر ئه‌مجاره ... تاقانه‌که‌م
له‌برى گیتاره غه‌مباره پرچ سپییه‌که‌ت
ته‌رمى دایکت له‌باوه‌شنێ
باش دڵنییام پێش تۆ ئه‌مرم
ناگه‌مه ئه‌و کاته‌ى کۆشم
دووربا- مه‌رگى تۆ
ببینێ.
1990- که‌لار
*خونیاگه‌ر: گۆرانیبێژ
جیابوونه‌وه له زه‌وى
که‌ته‌قیمه‌وه
وه‌ک هێڵى ئیستیوا پرچم
بووبه پشتێنى که‌مه‌رى زه‌وى!
بۆ به‌سته‌ڵه‌کى خوارووش خۆم کرده
جووتێ گۆره‌وی
له‌داوى رۆحم بۆ به‌سته‌ڵه‌کى
ژوور و کڵاو و جامانه‌م چنى
خاک لێم بێزاربوو
ویستى دامماڵێ وه‌کو پاڵتۆى کۆن
خۆم به‌ڕحمه‌تى ریشتا هه‌ڵواسى
له‌تۆپى زه‌مین به‌رتدامه‌وه باوه‌شى گه‌ردوون
هه‌ر له‌ئاسمانا بووم به‌ئه‌ستێره
ئێستا مه‌دار و عه‌شقى خۆم هه‌یه و
له‌زه‌ویش زیاتر خه‌ڵکم تیا ئه‌ژى!
1990- که‌لار
خاڵى گومان
ئاواتى من گه‌رره‌تره
له‌وه‌ى به‌ته‌نیا ئافره‌تبم
یان شاعیربم یان شاى ژنان
ئه‌گه‌ر ناوبانگیشم بفڕێ له‌مپه‌ڕ تا ئه‌و په‌ڕى جیهان.
هه‌رچه‌نده بیر ئه‌که‌مه‌وه
خه‌ونه‌کانم باڵاترن له‌و سنوور و نه‌ریتانه‌ى
له‌م دنیا بۆم دانراون
له‌و نه‌خشانه‌ى له‌ئه‌و دنیا بۆم کێشراون
گه‌وره‌ترن له وشه‌ى ژه‌نگگرتووى ئه‌وان.
زۆر جار لێکى ئه‌ده‌مه‌وه
بڵێى ئاسایى بێکچان
ژیانیان هه‌ر شووکردن و مناڵبوونه
ده‌بنه خزمه‌تکارى رۆژ و چێژى شه‌وان؟!
ساڵى ته‌مه‌نم نزیکه له‌وه‌رزى شووکردنه‌وه
تۆبڵێى خۆمبگرم یه‌زدان
له‌به‌ر خه‌نجه‌رى سه‌رنجى خه‌ڵکى کۆمه‌ڵگاى بێ ویژدان
ئه‌و خه‌ڵکه‌ى که‌ڕسواتئه‌که‌ن
ئه‌گه‌ر نه‌بووى به‌بووکى شایى و لۆغانیان.
تۆ بڵێى شه‌ریعه‌ت به‌س بێ
ئه‌ى ده‌زگیران
بۆئه‌وه‌ى من له‌یه‌ک شه‌وا
کچێنى خۆم بدۆڕێنم
له‌ناو نوێنى ژوورى خه‌وا!
ئه‌ى ماره‌بڕ، ئه‌ى مامۆستاى سه‌رلێشێوان
ئه‌گه‌ر ئه‌تزانى کچێنى لاى ئافره‌تى ئێمه چییه و
چۆن پارێزگاریى لێ
ئه‌کرێ
ئه‌تزانى بۆ ئاسان نییه له‌ده‌ستبدرێ
گرانه و گه‌لێکیش گران ...
تۆبڵێى دڵم نه‌وه‌ستێ و
له‌شه‌رمانا نه‌بم به‌پاچه‌یه‌ک گریان
ئه‌وساتانه‌ى رووسورییه‌که‌م
به‌سه‌ر ده‌ستى مێرده‌که‌م و
ژماره‌یه‌ک پیرێژنه‌وه ئه‌بینم
ئه‌یگه‌ڕێنن کۆڵان کۆڵان.
هه‌موو کاتێ من له‌سه‌ر خاڵى گومانم
من شه‌ره‌فى پیاوه‌که‌مم به‌ڵام ئه‌و شه‌ره‌فم نییه
من له‌په‌راسووى چه‌پم و من شه‌یتانم
به‌ڕیشى کامتان ره‌وایه
شه‌پۆلبم و شه‌پۆل نه‌بم ئه‌ى ده‌ریاکان
مرۆڤبم و مرۆڤنه‌بم
گرانه و گه‌لێکیش گران.
که‌باڵنده‌ى هیواکانم باڵه‌کانیان ئه‌که‌نه‌وه
ئه‌م گه‌ردوونه ته‌سکه لایان
چۆن قایلبم به‌و یاسایه‌ى
له‌لاى تۆ ئه‌مکاته بتى رابوواردن و
پیاداهه‌ڵدان
ئه‌ى هاوڕێ گیان
چۆن بارانى خۆشه‌ویستیم لا مه‌زن بێ ؟!
ئه‌گه‌ر زه‌وى و ئاسمان و که‌ش
به‌دابارینى نه‌گۆڕان
چۆن گه‌شبین بم؟!
ئه‌گه‌ر جوانیى له‌سه‌وزایى چاوى دڵداره‌کان تۆران
چۆن نه‌ترسم له دامێنم، له سێبه‌رى
کورت و درێژى باڵامان
تا له‌گه‌رمه‌ى ده‌ستگوشینا
ئه‌م دیوارانه‌ى نێوانمان
نه‌یه‌ن به‌چۆکدا و نه‌که‌ون
ئه‌ى هاوڕێ گیان.
1990- کفرى
(که‌بستێ خاک نه‌مایه‌وه شه‌هیدى
تێدا بنێژرێت، ئه‌وسا ده‌بێ دایکان
ببن به‌گۆڕ، بۆ ته‌رمى رۆڵه‌کانیان )
له‌مردن مۆڕ ئه‌بمه‌وه
وه‌ک راپه‌ڕین
به‌سه‌رسامیى ئه‌ڕوانمه شه‌هیدستانى زێده‌که‌م
نه‌خه‌وه نه‌خه‌ون بینین!!
به‌به‌رچاوى رۆحمه‌وه
ته‌رمى کوڕه‌که‌م ئه‌خه‌نه بیرى که‌نعانى تابووت و
به‌شانه ڕه‌قه‌ڵه‌کانیانهه‌ڵیده‌گرن
ده‌که‌ونه‌ڕێ
به‌پێ خواسیى له‌دوویان دێم
له‌حه‌سره‌تا
وه‌ک سه‌رپۆشى دایکى شه‌هید
ره‌ش ره‌ش، ره‌ش ره‌ش داده‌گه‌ڕێم
هێشتا وه‌ک دایکانى دنیا
ده‌ستبه‌ردارى مافى خۆم نیم!
-ئاده‌مه‌کان کوڕتان نه‌مرێ
ئه‌و عه‌زیزه‌م وامه‌نێژن رێى تێناچێ
ئه‌مه جه‌وره
-حه‌وا سه‌ر شینه‌کانى کورد، ئاده‌مه‌کان
رێى تێناچێ ئه‌مه زۆره
ئه‌گه‌ر زه‌وى ئولکه‌ى *ره‌حمم
سه‌ره‌تاى ژیان و بوونى رۆڵه‌که‌م بێ
له‌پاى چى بیسپێرم به‌خاک؟!!!
ئه‌ى بۆ گۆڕ و گۆڕستانیشى له‌جه‌سته‌ى
خۆمدا نه‌بێت؟!
بۆچى نابێت؟؟؟
1991- سلێمانى
دوو کورسى
1- ............
هاوه‌ڵانى نه‌هامه‌تیم
نه به‌مه‌ستى، نه به‌ماتى
گوێناگرن له گۆرانییه‌ک
هه‌نیسکم مۆسیقایه‌تى
له‌گریاندا پێئه‌که‌نم
تا له‌قاقاما کارێزى فرمێسکى سوورم ئه‌ته‌قێ
له‌پێکه‌نیندا ئه‌گریم، تا شێت ئه‌بم
تا جیاوازیى نێوان به‌ختیارى و به‌دبه‌ختیم
لێتێک ئه‌چێ !!!
وه‌ک گه‌شبینیى،ئه‌گه‌ر هاتى
ده‌شێ بڵێم:چیت لێم ئه‌وێ ؟!
ئه‌وه‌تانێ کابرایه‌کى رۆژهه‌ڵاتى
له‌سه‌ر کورسیى حه‌یا و ئابڕوم دانیشتووه
قاچى خستۆته سه‌ر قاچى
له‌پێیه‌کدا سه‌دجار ئه‌ڵێ به‌شه‌ره‌فم!
ئاى له‌شه‌ره‌فى رزیوى کابرایه‌کى رۆژهه‌ڵاتى !!!
2- ...........
سه‌رم قورسه
به‌سه‌ر ئاسماندا ده‌ڕۆم و تۆپى زه‌ویم
به‌م سه‌ره بچکۆلانه‌یه‌م هه‌ڵگرتووه!
هه‌ستئه‌که‌م سه‌رم کورسییه
به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌ڕۆم و
(ئه‌و) له‌سه‌ر ته‌وقى سه‌رى من دانیشتووه!!
کورسى زێڕه؟!
یان یه‌ک پارچه تووکى قووه؟!
من نازانم هێنده نه‌بێ
قاچه‌کانى تاپه‌رده‌ى رۆحم رۆچووه
وه‌ک له‌سه‌رى دانه‌نیشتووم
وه‌ک بۆم ناشکێ
ئه‌و تێک و پێکى شکاندووم
ئه‌و له‌سه‌ر من
دانیشتووه !!!
15 /1 /1991- جه‌له‌ولا
* له رۆژنامه‌ى (کوردستانى نوێ) دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
خه‌مى قه‌ڵا
( رووبار گه‌نجێکى هه‌میشه شۆخى
کوردستانه، چونکه له‌نزماییه‌وه ئه‌ڕوانێته کاره‌ساته‌کان)
ده‌نگى پڕ حه‌سره‌تى ( سیروان )
له ( قه‌ڵاى شێروانه ) پرسى
رۆڵه گیان خۆ له‌چاومن دا
تۆ دوێنێکه له‌دایک بووی!
که‌چى سه‌رت کلوى به‌فره و
گۆچان به‌پێوه رایگرتووى!!
چ زوو پیر بووى ؟!
بۆچى پیر بووى
ئه‌ى هاوڕێکه‌م؟!
شێروانه دوو چاوى ته‌ڕى
بڕییه دێى سووتاوى ئه‌وبه‌ر
ئاوڕێکى بۆ سیروانى شۆخ دایه‌وه و
وتى: له‌عه‌زره‌ت گه‌له‌که‌م
چش له‌پیریش وا شێت ئه‌بم
ئه‌ى سیروانى وه‌ک کوردستان و
که‌لارى کوژراو بێده‌نگ
له‌گه‌ڵ ئاخم ئاخ هه‌ڵکێشه
ئاخ بۆ ساتێکى راپه‌ڕین
له‌سه‌ر گڵکۆى هه‌ر شه‌هیدێ
له ملکه‌چیى هه‌ر بێوه‌ژن،
هه‌ر هه‌تیوێکى شه‌وى جه‌نگ
له ته‌وێڵى مێژوو به‌قه‌ڵه‌مى ئێسک و
به‌مه‌ره‌که‌بى به‌حرى خوێن
له‌ڕووخسارى هه‌ر وێرانه‌یه‌ک بنووسن
ته‌به‌د یه‌دا ێدام حسێن.
1991- سلێمانى
دوا په‌رجووى رۆح
رۆحى عاشق
ئارمبوونى ده‌گمه‌نه وه‌ک
مه‌یینى جه‌سته‌ى بزێوى
ده‌ریایه‌کى ئێجگار به‌ستوو
قه‌ناعه‌تى سارد و سه‌یره
وه‌ک دۆڵێکى له‌ژێر لێفه‌ى
به‌فرى کیمیایدا نوستوو.
جه‌سته‌ى عاشق له‌رۆشتنا
هه‌رگیز ناونیشانى وه‌ستان پێنازانێ
له‌کپبوون و نه‌نووستنا
سه‌رما به‌گه‌رما ئه‌زانێ.
* * *
رۆحى من ئه‌سپێکى ره‌سه‌نه
مه‌گیره‌م، ئازیزان
بۆ هیچ حزبێک
بۆ هیچ پیاوێک
بۆ هیچ که‌سێک
دابین نه‌بووه و دابین نابێ
تا ئێستا سوارچاکێ نه‌بووه
بۆ ئه‌وى عاشقى باڵدار
ده‌شێ زۆربه‌یه‌ک شیابن
ببنه مه‌یته‌رى سێبه‌رى
به‌ڵام هێشتا که‌س بۆى نه‌بووه به شۆڕه‌سوار !
هه‌ر بۆیه منى بروسکه
تا ئه‌م عومره
ده‌ستێک به‌ر تاڵێ له‌یاڵى ئه‌فسانه‌یى
ئه‌سپى یاخیم نه‌که‌وتووه.
هه‌نووکه‌ش به‌ته‌نیا
مۆسیقاى حیله‌ى و پاکیزه غاردانى بۆ ئێوه‌ن
ده‌نا خۆى، ملى رێى
ئه‌و جاده پڕ نووره‌ى عه‌وێقى ئاسمانى گرتووه
ده‌نا خۆى بۆ که‌س نه‌بووه و بۆ که‌س نییه!!
ده‌شێ رۆحم به‌ر سوتماکى ئافره‌تانه و
چه‌خماخه‌ى چیا که‌وتبێ
ده‌شێ جه‌سته‌م له‌ساتۆکه‌ى به‌خشینیشدا
ونکردنى گه‌رمى غرور، جوانى جاویدانه‌ى غرورى لا
په‌سه‌ند نه‌بێ.
دواین جاریش
من ئه‌و هه‌موو هه‌ڵهاتن و
راکردن و غاردانه‌م له‌به‌رئه‌وه‌یه
گرتنم گران و
رامکردنم مه‌حاڵ و
شکانم گچکه بێ
ژیانم په‌رجوو بێ و
مردنم گه‌وره بێ.
1992- سلێمانى
* له‌گۆڤارى (کاروان) دا بڵاوکراوه‌ته‌وه
نه ء
له‌ناو مندا بحیلێنه
له‌گه‌ڵ شه‌ماڵى غرورى رۆحدا غارده ...
به‌چى ئه‌چێ
ئه‌مه چاخى مێژووى به‌ردینى ئافره‌ته
خۆزگه ئه‌متوانى به‌قاقاى گریان بدوێم
یان به‌پڕمه‌ى پێکه‌نین
خۆزگه ئه‌متوانى به‌ڕوانین
زریکه بته‌قێنمه‌وه
سانایه لام نه‌غمه‌یه‌ک له‌سه‌رنج دابنێم
سه‌مایه‌ک له‌وه‌ستان داڕێژم
به‌هێما گۆرانى بڵێم ...
وه‌لێ گرانه لام بدوێم !!
گرانه هێلانه‌ى زمان
بده‌مه وشه باڵنده‌ى دڕ و نامۆ
یان به‌مارێک له‌ئه‌وکمدا
تۆوى هێلکه و زه‌ڕنه‌قووته
بێ دایک و باوکه‌کانى ده‌نگم بخوا ...
ئاخ ..ته‌واو په‌ستم له‌دایکم
چه‌ند دڵنیام له‌مێیه‌تى ماکه‌وه‌کان
هێنده‌ش گومان ئه‌که‌م له‌وه‌ى
کچمان کچ بێ و
ژنمان ژن بێ
من ئه‌ڵێم پێ ئه‌چێ
دایکیشم باوکم بێ !!!
دایکه بابه، پێم بڵێ چى بڵێم؟!
نابینى له‌ناو وتندا
چۆن گۆشاو گۆش سه‌ربڕاوم
چۆن به‌رده‌وام سه‌رئه‌بڕرێم
باوکه بابه بێ خواستى خۆم
هاتوومه‌ته دنیاکه‌تان
دنیاى سمێڵ و نێرگه‌له
رێک وه‌ک نه‌بوو
یان وه‌ک که‌سێکى نه‌هاتوو
بێ خواستى خۆم .. باوکه بابه.
له‌ژوورى سکى خاکمه‌وه له‌بار
له‌ساتى سه‌ر جووقانمه‌وه
تۆ خه‌ریکى ته‌داره‌کى زینده به‌چاڵکردنمیت و
به‌رده‌وام ئه‌مسڕیته‌وه و
به‌رده‌وام ئه‌کوژرێم ...
که‌چى من هه‌ر له (نه
ء) ێکى جاویدانه‌دا روواوم
که‌چى له‌دواى ئه‌و هه‌موو جۆره مردنه
هێشتا ماوم، هێشتا به‌پێوه وه‌ستاوم !!
له‌ژوورى سکى دایکمه‌وه
په‌نگریان رژانده ناخم
بۆیه شیعرم ئاگرییه
ئاگریان له‌هه‌ناومدا
بۆیه سۆزم زه‌رده‌شتییه
به‌گه‌وره‌یش خاکیان رژانده سه‌ر زامم
بۆیه خوێنه‌که‌م خاکییه !!!
* * * * *
ئافره‌ت و کوردستان
ئه‌م جووته چه‌ند به‌یه‌ک ئه‌چن !
چه‌ند وه‌ک یه‌کن
سه‌یره .. سه‌یر
خۆ له‌کوردستان بۆ جودا ناکرێته‌وه
واى ئه‌بینم خۆڵ و خۆڵین
ژیله و ژیله‌ین، ئاو و ئاوین
چه‌ند گرانه
له‌پانتایى وێرانیدا له‌یه‌ک ئه‌چین
سووتان .. کۆمان ئه‌کاته‌وه
برین .. کۆمان ئه‌کاته‌وه
رابوون .. کۆمان ئه‌کاته‌وه
زه‌لیل بوون و چه‌وسانه‌وه و
شێت بوون کۆمان ئه‌کاته‌وه.
ئه‌ى هاواره
له‌داستانى کاره‌ساتدا
بۆ هێنده له‌یه‌کتر ئه‌چین ؟!
له‌خاڵى گوماندا
بۆ هێنده جیا ئه‌بینه‌وه ؟!
له (نه ء) دا، بۆ هێنده یه‌ک ئه‌گرینه‌وه
نازانم .. نا
چه‌ند گرانه !
خۆم و کوردستانم بۆ یه‌ک ناخرێته‌وه !!!
چه‌ند گرانه
خۆم له‌کوردستان بۆ جودا ناکرێته‌وه !!!
* * * * *
په‌نجه‌ره‌کانى نه‌وتن ..
په‌نجه‌ره‌کانى په‌نجه‌ره ...
ئێستا من پڕم له‌قسه
ئێستا من پڕم له‌شیعر و
له‌خه‌م و خه‌م
لێوان لێوم له‌ئه‌شکه‌نجه.
یه‌ک به‌یه‌ک ئه‌تانکه‌مه‌وه
په‌نجه‌ره‌کانى نه‌وتن
په‌نجه‌ره‌کانى په‌نجه‌ره.
1- دژێکى دژ
-گوڵه‌کان مه‌حکومن به‌وه‌ى
دڕکه‌کان دراوسێیانبن
چه‌ند دڵم بۆ گوڵ ئه‌سووتێ ...
-سێبه‌ر به‌بێ ئاره‌زووى خۆى
کراوه به‌ژنى هه‌تاو
دڵم بۆ سێبه‌ر ئه‌سووتێ ...
-سوارى ده‌م و لووت پێچراوى
قه‌ترانیى شه‌و
ناهێڵێ کچى رووناکى
له‌شوێنێکدا ئۆقره بگرێ
دڵم بۆ تیشک ئه‌سووتێ ..
گوڵ بوویتایه نه‌تئه‌هێڵا
دڕک دراوسێى عومرتبێ
سێبه‌ر بوویتایه ته‌ڵاقى
خۆت له‌هه‌تاو وه‌رئه‌گرت و
رووناکى بوویتایه هه‌رگیز
راتنه‌ئه‌کرد.
2- سیاسه‌تى که‌ڵه‌شێر
له‌ده‌ره‌وه‌ى مندا بۆخۆى ئه‌قووقێنێ
که‌ڵه‌شێره ...
حه‌قیقه‌ت گوێى به‌ته‌نافى
سپێده‌ى بانگیا هه‌ڵناخات
ده‌نگى نێره ...
ده‌ستڕێژێ جنێوى بۆ دێت
ئه‌قووقێنێ ..
ده‌ستڕێژێکى تر‌ى بۆ دێت
ئه‌قووقێنێ و ئه‌قووقێنێ
چه‌ند بێ ئه‌قڵه
بۆ ناچێ بۆخۆى بخه‌وێ؟!
منى مریشک
چه‌ند گاڵته‌م به‌که‌ڵه‌شێر دێ !!!
3- کاڵبوونه‌وه
شێت بوونم کوت و پڕنییه
ورده ورده‌یه شێت بوونم
سپێده‌یه‌ک حه‌مه‌دۆکم
وتى (تۆ جوانترین شێتى)
چه‌پڵه‌ى گه‌رمى پێکه‌نین و حوزنم لێدا
ئه‌و ساتۆکه نامێژوویى و زۆر که‌مانه
من برسێتى و
من تینوێتى و
من چه‌وسانه‌وه‌م لێ ده‌تکا.
خۆڵى بیابانى سارد و
خۆڵى بیابانى گه‌رم و
خۆڵى سیاسه‌ت و وڵات
نه‌ینووکى جه‌سته‌یان ته‌ڵخ کردبووم
دیار نه‌مابووم له‌ته‌متومانى شێتییا
نه‌متوانى بڵێم جوانى چیم حه‌مه‌دۆکم
کاڵبوونه‌وه که‌ى جوانییه ؟؟!
4-ده‌هرى بوون
ویستم بزانم چه‌ند قه‌ڕنه
له‌سه‌ر کورسیى کاسه‌ى سه‌رى
زه‌مین و مێ دانیشتووى
نه‌متوانى بزانم
قه‌باره‌ى کاره‌سات، ژماره‌ى قوربانیى
هه‌ڵوه‌رینى برژانگى دایکایه‌تیمان
ده‌ریاى خوێن
بڵێى ئه‌مانه به‌س نه‌بن بۆئه‌وه‌ى بزانى
تۆ به‌ته‌نیا هیچ ره‌وا نیت
تۆ به‌ته‌نیا هیچ نابه‌خشى بێجگه له‌وێرانى
بێجگه‌له مردنێکى نا ئینسانى
له‌و مه‌رگه‌وه تا ئه‌م مه‌رگه
کوانێ .. کوا ؟!
چنگى په‌ریت بۆ زێدى دووگیانم نه‌هانى
له‌و ساته‌وه تا ئه‌م ساته
چیت پێبووه ؟!
هه‌موو بوونت ئه‌تک کرد و
هه‌ر وازت نه‌هانى و
هه‌ر وازت نه‌هانى .
-یه‌ک به‌یه‌کى په‌نجه‌ره‌کان پێوه ئه‌ده‌ن
فێى سیاسه‌ت ده‌مگرێت و
به‌رده فڕکێى نێوان ئه‌و هه‌موو حزبانه
شوشه‌کانى ئافره‌تیم ورد و خاش ده‌که‌ن
دواین جاریش ..
ده‌زانم گیانه ده‌زانم
من دایکێکى منداڵکاره و
کۆرپه‌له‌یه‌کى دایکانه‌م
دواین جاریش ..
نازانم گیانه نازانم
من مه‌هزله‌م یان ئینسانم
ده‌زانم گیانه ده‌زانم
نازانم .. گیانه .. نازانم ..!
+ نیواره‌یه‌ک
ئه‌و هات بۆ دیدارى یه‌کێ
له‌م گۆڕستانه به‌رینه ئافره‌تییه
کۆترى چاوى ره‌ها کرد و پێى نه‌زانى
ئه‌مه دنیاى پاش رشتنى کیمیاییه
نه‌یزانیبوو له‌م کیشوه‌ره
له‌خاتوو فروغ به‌ولاوه ئافره‌ت نییه!!!
به‌رله‌وساته نه‌یزانیبوو
مێ کامه‌یه و نێر کامه‌یه !!!
* * *
په‌نجه‌ره‌کانى نه‌وتن ده‌که‌مه‌وه
په‌نجه‌ره‌کانى په‌نجه‌ره
ئێستا من پڕم له‌قسه
ئێستا من پڕم له‌شیعر و
له‌خه‌ون و خه‌م
لێوان لێوم له‌ئه‌شکه‌نجه
ده‌مه‌وێت نه‌گریم و ئاژاوه‌ى جیهان و
هێمنیى حه‌مه‌دۆک به‌ئه‌شکم ته‌ڕنه‌بن
وه‌لێ چیبکه‌م
خه‌رمانى رۆحمه قرچه قرچ ده‌سوتێ
فرمێسکه‌کانم له‌ماڵى چاوما ته‌نگه‌نه‌فه‌س ده‌بن
په‌نجه‌ره‌کان ده‌که‌نه‌وه و دێنه ده‌رێ
خۆزگه ده‌متوانى به‌قاقاى گریان بدوێم
یان به‌پڕمه‌ى پێکه‌نین
خۆزگه ده‌متوانى به‌ڕوانین زریکه بته‌قێنمه‌وه
سانایه لام نه‌غمه‌یه‌ک له‌سه‌رنج دابنێم
سه‌مایه‌ک له‌وه‌ستان داڕێژم
به‌هێما گۆرانى بڵێم ...
وه‌لێ گرانه لام بدوێم !!!
وشه‌م نییه سه‌ربه ره‌گى زمانم بێ
بوونم نییه سه‌ربه تفرى ژیانم بێ
سه‌یره .. سه‌یر
من بۆ کوردستانێ ده‌مرم
عاشقانى ناهێڵن کوردستانم بێ
من خۆشم نه‌مزانى له‌ژێر ئاسمانێکى پیاو و
له‌سه‌ر زه‌مینێکى پیاو و له‌سایه‌ى خوایه‌کى پیاودا
ئه‌م ( نه ء ) ى باڵایه‌م چۆن رووا
من ئێستاش نازانم باڵى لق و باڵى گه‌ل و
باڵى ره‌گى ئه‌م دره‌خته مزمه‌عیله بۆ کوێ ده‌ڕوا ؟!
سه‌یره .. سه‌یر
ئا له‌م سه‌ردابى عومره‌دا
ته‌نگه نه‌فه‌سم به‌بۆنى بارووتى ئه‌و هه‌موو پیاوه
که‌چى ئه‌و دره‌ختى ( نه
ء ) م له ( نه ء ) دا
بۆ ئاو ئه‌دات و پرچم ده‌کات به‌مه‌زارى
شیعر و سۆز و ته‌قینه‌وه
ئه‌مه بارانى رابوونه و وه‌رزى ساڵى ناته‌با بوون
وه‌رنه به‌رى و پێشوازیکه‌ن
به‌که‌رنه‌ڤاڵى هه‌لهه‌له ..
کچان و ژنانى ته‌رم وه‌رنه‌به‌رى ..
دوا هه‌ناسه‌کانى شه‌رم
به‌که‌رنه‌ڤاڵى هه‌لهه‌له پێشوازیکه‌ن
ئه‌مه تیشکه و ئه‌مه په‌رجوو
بۆ ئه‌م چاخى مێژووى به‌ردینى ئافره‌ته
ئالێره‌وه، ئۆقیانووسێک ده‌بم له‌ناقایل بوون و
زێدێک ده‌بم له‌گله‌یى و ره‌تکردنه‌وه
منم بارانى رابوون و وه‌رزى ساڵى ناته‌با بوون
وه‌رنه‌به‌ر ره‌حمه‌تى پرچ و سنگى به‌فه‌ڕى ئه‌م هه‌له
کۆببنه‌وه و پێشوازیمکه‌ن به‌که‌رنه‌ڤاڵى هه‌لهه‌له
ئالێره‌وه بچووکتانم، ئالێره‌وه پێغه‌مبه‌رم
به‌ڵام نه خواوه‌ند ناردوومى و
نه دایکم چاوه‌ڕێى کردووم، نه‌ساحیرێک
نه نیشتمان و نه خه‌ڵک !!!
تا زووه به‌رد بارانمکه‌ن
باگومان له‌پێغه‌مبه‌رایه‌تیم نه‌که‌ن
تا باوه‌ڕم پێبهێنن، به‌رده‌بازى هه‌زار پرسیار
له‌سه‌ر رێگامدا بڕوێنن
من خۆم چاوه‌ڕێى باوکم بووم دایکم بێنێت !
خۆم چاوه‌ڕێى خۆم کردووه له‌دایکبم !!
من خۆم مامانى خۆم بووم و
خۆم ناوکى خۆمم بڕیوه باوه‌ڕ بێنن ...
منم بارانى رابوون و وه‌رزى ساڵى ناته‌با بوون
وه‌رنه به‌ر ره‌حمه‌تى پرچ و سنگى به‌فه‌ڕى ئه‌م هه‌له
کۆببنه‌وه و پێشوازیمکه‌ن به که‌رنه‌ڤاڵى هه‌لهه‌له.
مایس و حوزه‌یرانى 1992 – سلێمانى
*له ژماره (2 ) ى نووسه‌رى کورد خولى راپه‌ڕیندا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
* دژێکى دژ و سیاسه‌تى که‌ڵه‌شێر له‌لایه‌ن ئازاد سوبحى-یه‌وه کراون به‌عه‌ره‌بى
وله گۆڤارى
( القافله)دا بڵاوکراونه‌ته‌وه.
* دژێکى دژ و سیاسه‌تى که‌ڵه‌شێر جارێک له‌لایه‌ن شاعیرى ناسر و فریاد شیر و جارێکى
تر له‌لایه‌ن کامبیزى که‌ریمى شاعیرى دیارى رۆژهه‌ڵاتى کوردستانه‌وه وه‌رگێڕدراونه‌ته
سه‌ر زمانى فارسى و هه‌ریه‌که‌یان له‌کتێبێکدا له تاران به‌چاپ گه‌یشتووه.
شاسوارى لوڕستان
* 1 *
چاوێکیانى پێشکوه‌یه و *
چاوێکیانى پشتکوه ..*
ئاته‌شگایه‌کى زه‌رده‌شتى
له‌شوێنێکى گیانى ئه‌ودا
له‌رزى ناو به‌فرم لێدێنێ و
ئه‌وى کاسى و*
منى میدى
له‌ساتێکى ئه‌به‌دیدا
به‌جووت ده‌بینه یه‌ک جه‌سته.
*پێشکوه و پشتکوه: دوو ناوچه‌ى لوڕنشینن ده‌که‌ونه رۆژئاواى ئێرانه‌وه،
سه‌ره‌تاى ده‌رکه‌وتن و نیشته‌جێ بوونى کورده فه‌یلییه‌کان له‌م دوو ناوچه‌یه‌دا
بووه.
* کاسییه‌کان: باپیره گه‌وره‌ى فه‌یلییه‌کانه واتا فه‌یلییه‌کان نه‌وه‌ى کاسییه‌کانن.
*2*
ئا ..لوڕستانى کوچکه*
نا ..لوڕستانى بوزورگه*
ده‌بێ بڵێم:
هه‌ر دووکیانه به‌یه‌که‌وه
ئه‌و شاسواره، بازره بووه
باڵابه‌رزه.
*لوڕکوچک و لوڕ بوزورگ:واتا لوڕى بچوک و گه‌وره، مه‌غۆلییه‌کان که‌لوڕستانیان
داگیرکرد دابه‌شیانکرد بۆ ئه‌و دوو به‌شه و وایانناونا.
*3*
بێ‌ئاگا بووم
له‌رۆژئاواى رۆژهه‌ڵاتى ماڵى ئێمه‌وه هه‌ڵیکرد
ئه‌و په‌یامه به‌ڕه‌نگ خۆڵ و
به‌ناوه‌ڕۆک ئاگرییه.
له‌رۆژ ئاواى رۆژهه‌ڵاتى رۆحى منه‌وه وه‌ک کانییه‌ک هه‌ڵقول و
به‌ئاگا بووم
چه‌ند جارێکیش
هه‌ر له‌ڕه‌گى، سه‌رچاوه‌که‌یه‌وه راونرا
وه‌ک باڵدارێکى سیاهى ئه‌و دیوو گه‌ردوون
ئه‌و دیووى بوون
هه‌رجاره‌ى توشماڵى*
ئاسمانێ ته‌نگى پێ هه‌ڵچنى و
هه‌ر جاره‌ى توشماڵى زه‌مینێ ده‌ریکرد.
* توشماڵ : عومده، ده‌ره‌به‌گ، ئاغا به‌زمانى فه‌یلییه‌کان.
*4*
منى بچووک،
به‌شیعر ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ى
بچکۆلانه‌ترین دنیام بۆ کرده‌وه و
له‌وێنده‌رێ،
ده‌ستیم دایه ده‌ستى گه‌وره‌ترین دیرۆک
گه‌وره‌ترین .. ئاسه‌وار و پله‌ى ئه‌ڤین
له‌ناو خۆشه‌ویستیى (ئه‌و) دا
مردم و زیندوو بوومه‌وه
به‌رباد بووم به‌عه‌شقێ
له‌شێته‌وه گۆڕیمى بۆ شێت بوون.
*5*
چاوێکیانى پێشکوه‌یه و ..
چاوێکیانى پشتکوه‌یه ..
قاچێکیانى حکومه‌تى ئاتابکانى لوڕستانه و*
ئه‌وى دیکه‌ى جووت ده‌وڵه‌تى
ئالخورشید و ئه‌تابک*
ده‌ستێکیانى شاره‌بانه و*
ده‌سته‌که‌ى دیکه‌یانى شۆش*
منى به‌دمه‌ست به‌شه‌رابى ونى ئه‌و جه‌سته ونبووه‌ى
له‌پێمه‌وه تا ته‌وقى سه‌ر
سه‌رخۆشم .. سه‌رخۆشم .. سه‌رخۆش.
*حکومه‌تى ئاتابکانى لوڕستان: ساڵى (5545) له لوڕستان دامه‌زراوه
سێ قه‌ڕنى
خایاندووه پاشان له‌لایه‌ن ته‌یمور له‌نگى مه‌غۆله‌وه تێکشکاوه.
*ده‌وڵه‌تى ئالخورشید: له لوڕى بچوک دامه‌زراوه له‌ساڵى (5580) تا ساڵى (5695) ى
خایاند.
*ده‌وڵه‌تى ئاتابک: له‌لوڕى بچووک دامه‌زراوه له‌ساڵى (5631) و تا ساڵى (5693) ى
خایاند.
*شاره‌بان و شۆش:دووشارى به‌ناوبانگى فه‌یلییه‌کانن، شۆش پایته‌ختى عیلامییه‌کان
بووه و یه‌کێ له‌شاره‌سه‌ره‌کییه‌کانى جیهانبووه.
*6*
ئه‌رێ شاسوارى باڵابه‌رز؟!
تۆ دڵنیاى له‌سه‌رده‌م و زه‌مانێکى تردا یه‌کترمان نه‌دیووه؟
باش سه‌یرى ئه‌دگارم بکه
هه‌ست ناکه‌ى له‌په‌رییه‌کى چاو پڕکلى
ئێڵى که‌لهوڕییان* ده‌چم؟!
تۆ دڵنیاى له‌وه‌ى له‌تینوێتییه‌کى سوتێنه‌ردا
کاسه دۆى که‌لله ته‌زێنم به‌کۆڵێ شه‌رمه‌وه،
نه‌داویته ده‌ست
تۆ دڵنیاى شه‌ڕه ئاومان نه‌کردووه و
شه‌ڕه شه‌قمان نه‌کردووه و
پێت نه‌وتووم:
رێگام ئه‌ده‌یت ماچتبکه‌م ؟!
بیرت نایه‌ت پێم وتى ( نه‌ء )
ئه‌و ( نه‌ء )ه‌م چه‌ند ئازاریدام ..
ئاه .. باڵا جوان
ئێمه کاممان خیانه‌تمان کرد به‌رامبه‌ر ئه‌وى ترمان ؟!
کاممان په‌له‌ى ژیانمان بوو، زوو هاتینه نێو دنیاوه و
ئه‌وى دیکه‌مان به‌جێ هێشت !
من ناتوانم گله‌یى هیچت لێبکه‌م
ئه‌گه‌ر چى کێوى ئه‌و هه‌موو ساڵ و
مانگ و رۆژ و ساتانه‌ت رژانده
نێو ده‌ریاى نێوان من و خۆت.
*ئێڵى که‌لهوڕ: عه‌شیره‌تێکى دێرینى فه‌یلین.
*7*
ئۆڤ .. غوڵام ره‌زاخان*
جه‌نگى من جیاوازه له‌جه‌نگى قه‌ده‌م خێر*
عه‌شقیشم له‌عه‌شقى جوودایه
من هاتووم
شه‌ڕ به‌دنیایه‌ک بفرۆشم
چونکه شه‌ڕى به‌زۆر هێناوه‌ته سه‌ر ڕێم!
من نه‌هاتووم
تا تۆڵه‌ى نێرێ بسێنم هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ى برامه!!
به‌ته‌نیاش بێ ده‌بێ هه‌ر جه‌نگى خۆم بکه‌م
ئه‌ى کوڕى خوداى من، نیشتمان خودامه !!!
14/7/1993 – سلێمانى
• غوڵام ره‌زاخان: دواین فه‌یلییه له‌ناوچه‌ى پشتکوه وه‌ختى خۆى سوپایه‌کى دروستکرد
له‌ژێر فه‌رمانده‌یى(سه‌ید جه‌واد فه‌یلى) و ناردى بۆ هێرشکردنه سه‌ر عوسمانییه‌کان
ئه‌نجامى شه‌ره‌که‌ش سه‌رکه‌وتنى سوپاى غوڵام و تێکشکانى سوپاى عوسمانییه‌کان بوو.
• قه‌ده‌م خێر:ژنێکى فه‌یلى بوو پاش کوژرانى براکه‌ى له‌لایه‌ن (ره‌زا شا)وه پێشه‌وایه‌تى
شۆڕشى لوڕییه‌کانى کرد له‌ناوچه‌ى کورده فه‌یلییه‌کاندا، شه‌ڕى قه‌ده‌م خێر سێ ساڵى
خایاند و دووجار به‌تێکشکان کۆتایى هات ئه‌م شه‌ڕه له‌مێژوودا به‌شه‌ڕى (خرماواد)
ناسراوه.
• ئه‌م شیعره له‌ژماره (473) ى کوردستانى نوێ دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
• وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى و له‌رۆژنامه‌ى الموتمرو گۆڤارى سه‌رهه‌ڵدان
دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
دووربینه‌کانى
ئافره‌تى
ئاسمانێکى ئه‌به‌نووسیى،
زه‌مینێکى ئه‌به‌نووس تر
له‌نێوه‌ندى هه‌ردووکیاندا گوزه‌رێکى سپى سپى
وه‌ک چوڕى شیر
که باڵنده به‌دبه‌خته‌کان
ئاهه‌نگى بووک بردنى پێداده‌به‌ن و
ئه‌شک چاوى ته‌ڕى تیا ژیرده‌کاته‌وه
له شوێنێکى تابلۆى بوغره‌نجى* گه‌ردووندا
کانییه‌کى پرته‌قاڵیى نادیار هه‌یه،
ئه‌کۆکێ
ئه‌مه پێشبینییه‌کى زۆر نه‌عله‌تى و پیرۆزه
له پشکنین و گه‌ڕاندا وا گیان له‌جه‌سته
ده‌ترازێ
نه‌بوونى بوون، بوونى نه‌بوون
پرسیار له‌رووى گوڵدا ده‌ته‌قێنێته‌وه و
مرۆڤ له‌عه‌رش
داده‌گرێ
تۆپى زه‌مین که به‌ڕه‌حمى گه‌ردوون
ده‌چێ
پڕه له‌بۆشایى و گوناهى شۆخ و شه‌نگ
تا بڵێى خاڵییه له‌ده‌سکى ده‌رگاى رزگاربوون
له‌ده‌سکى په‌نجه‌ره‌کانى (ئازادیى)
ئه‌م زه‌مینه که‌نه‌زۆکترین ئه‌ستێره و
به‌پیتترین ئه‌ستێره‌یه
داپۆشراوه به‌خۆڵى مه‌رگ
به ئه‌رخه‌وان و گوڵاڵه‌ى (به‌ره‌ڵڵایى)
سه‌ره‌تا ناته‌باییه ... ناوه‌ڕاست ناته‌باییه
وه‌لێ کۆتایى ته‌بایى و ته‌باییه.
1- دووربینه‌کانى دووربین
وا بارانى به‌رد
ده‌بارێ
چه‌ند دڵم لاى رووباره شوشه‌ییه‌کانه
زۆر دڵنیام که‌سه‌رجه‌م هاڕه‌ده‌که‌ن و
له‌ئاکامدا نه‌ینووکى حه‌قیقه‌ت
ده‌شکێ !
وا ره‌شه‌باى خوێن هه‌ڵده‌کات
چه‌ند دڵم لاى ئه‌و چیا لۆکه‌ییانه‌یه
ده‌زانم ئاواده‌بن و
له‌ئاکامدا سوور خیانه‌ت له‌ره‌نگه‌کانى تر ده‌کا و
دواین جاریش گه‌ل
ده‌یکوژێ !!
چه‌ند دڵم لاى ئه‌مێستایه
چه‌ند له‌سبه‌ینێ ده‌ترسم
چه‌ند به‌ده‌ست رابردووه‌وه ده‌ناڵێنم
ئه‌مێستا ژواره ..سبه‌ینێ ژواره .. رابردوو ژواره
من به‌ختیاریم به‌دزى ئه‌م
سێ ترسه‌وه پێده‌که‌م و
وه‌کو هه‌وره گرمه ده‌گریم ...
له‌ودیوو ئه‌م
سێ جیهانه‌وه تافى گه‌نجیم
پیرێژنانه ده‌نیشێ و ته‌شى کێشه‌کان ده‌ڕێسم
هه‌ندێ جاریش شیرین ئاسا، پل به ته‌شیى
عه‌شق و بیر و مێژووى خاڵییه‌وه ده‌ده‌م و
له‌به‌ر تاڤگه‌ى گۆرانیمدا وه‌ک ساحیره
هه‌زار وه‌فایى ده‌گۆڕم به ماسیى
هه‌زار شیعر وه‌ک قه‌وزه ده‌بن به‌به‌رگى به‌ردى دڵم و
شۆڕشى ئاو ده‌که‌م به‌هه‌نگامه‌ى شه‌ڕ و که‌رنه‌ڤاڵى ئاشتیخوازیى
ده‌زانم خه‌تام کردووه
بۆ خۆم خه‌تام، خه‌تاى گه‌وره
که‌ڤاڵى سروشتم شێواند به‌هاتنى ناوه‌ختم
دڵى ئاوم توانده‌وه به‌ئه‌فسانه و که‌یده گه‌وره‌کانى جوانیم
سه‌رى به‌رد و پیره خواکانم داگیرساند به‌ئاگرم
ئاگرم سووتاند به‌ئاوى گومانچێتى و
بێ باوه‌ڕیم !
جێگا نییه بۆ مانه‌وه‌م
له‌کاتێکدا هه‌موو جێگاکان له‌به‌رم هه‌ڵده‌ستن
هه‌موو جه‌سته‌کان به‌ر شه‌ڕى بوومه‌له‌رزه‌ى
ئازایه‌تى کون له‌جه‌رگانه‌بووم که‌وتوون
بوار نییه بۆ گه‌وره‌یم
له‌کاتێکدا له‌مسه‌رى دنیاوه تا ئه‌و سه‌رى
هه‌ر له‌شاسواره‌وه بیگرن تا ترسنۆک
له‌ونێوه‌نده‌یشدا چى هه‌یه
هانایان بۆ هێناوم و به‌دامێنم فرمێسکى رۆحیان سڕیوه و
داوایان لێکردووم، من له‌سه‌ر شه‌هید بوونى خۆم به‌رده‌وامبم
ئه‌وانیش له‌سه‌ر وه‌تیره‌ى درۆى خۆیان
ئه‌وانى ته‌ڕه‌زان ...
ده‌خوازن له‌ڕووى ژیاندا
من گوناهێکى ڕوو سوور و
گه‌وره‌یه‌کى زۆر بچووک و
هه‌بوویه‌کى نه‌بووى دنیا و
عه‌رشى شاهانه‌ى ده‌ر و ناوه‌وه‌ى خۆمبم
ده‌خوازن له‌ڕووى مه‌رگدا
ئه‌وان خۆیان و من خۆمبم.
ته‌نیایى مێینه ...
بۆ زمانى به‌سته‌زمانى کوردیى هه‌رگیز
ناگیرێ و باسناکرێ
ته‌نیاییه‌کى ئه‌رژه‌نگه، ته‌نیاییه‌کى بکوژه
له‌هیچ ته‌نیاییه‌ک
ناچێ
ئێمه کێشه‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ نووسین و
پیت و فاریزه و ئه‌فسوونى سه‌ردێڕ و کۆتایى دێڕ و
خاڵى سه‌رابیى کۆتایى کۆتایدا.
ئێمه نه‌ئه‌رزمان
ده‌زانێ بنووسێت و
نه‌ئاسمانمان
ده‌زانێ بخوێنێته‌وه،
ئاسمانى ئێمه نه‌زانانه
ده‌نووسێ و
ئه‌رزمان نه‌زانانه ده‌خوێنێته‌وه
رێکه‌وته نه‌وه‌ى نه‌زانیى نه‌زانان و
نه‌خوێنده‌وارى گشت نه‌خوێنده‌وارانین ؟!
نا مه‌رج نییه ڕێکه‌وت
بێ !
ئه‌ى ئه‌و نه‌بێ چى تره ؟
2- دووربینه‌کانى درۆ یان دووربینه‌کانى وڵات
له‌م به‌شه چه‌په‌ره‌ى جیهاندا
له‌م خاڵه خه‌ته‌ره‌ى ژیاندا
له شوێنێک که‌ناو
ده‌برێ به‌کوردستان
ده‌ریا نییه وه‌ک خۆپیشاندانى ئاو
ئۆقیانووسى خوێن و ئێسک و فرمێسک هه‌یه.
هزر نییه ..
ئه‌ندێشه نییه ..
کات نییه ..
خه‌ون هه‌یه و خواوه‌ند هه‌یه و ته‌مبه‌ڵیش
عه‌شق هه‌یه و
درۆ هه‌یه‌ۆ
نه‌گبه‌تییش ...
ئه‌م گوڵه میدییه، چقڵێکى میدییه
پێش ئه‌نفال و دواى ئه‌نفالیش
پێش ڕشتنى کیمیایى و دواى ڕشتنى
پێش و پاش داگیرکردنى
هه‌رخۆى بووه و هه‌ر خۆى
ده‌بێ له‌چاوماندا
موعجیزه ده‌بێت و بووه هه‌روه‌ک فه‌وتى فه‌وتاندنى
- ڕاستت ده‌وێ ئاوا بوو
چاره‌نووسێکى بێچاره، کردمى به‌نووکى خاچى
درۆیه‌کى گه‌وره‌ى وه‌کو خۆشه‌ویستیى وڵاته‌وه
چه‌کوشێکى غه‌یبیى فێڵباز دایکوتام
ده‌ستى سزاى که‌یبانوویه‌کى بلیمه‌ت
له‌گه‌ڵ خۆڵدا بێژامییه‌وه و
له‌گه‌ڵ قوڕدا شێلامى و
له‌سه‌ر به‌ردى ڕق کردمى و
له‌ته‌نووری ئاگرێکى خۆشدا داینام
ئابه‌مجۆره‌ش منى
بێ باوک
له‌تابووتى رۆژهه‌ڵاتدا
بێ باکانه ڕکشام و
له‌ناو بێشکه‌ى خه‌ونه‌کانى هوشیاریمدا
منى بێ دایک تێر پێکه‌نیم و تێر گریام
تێر تێریش گڕ و گاڵم کرد
بۆ دایه‌نه میهره‌بانه‌کانى دنیا.
مناڵیمه ..
مناڵیمه به‌ماڵه وێرانه‌کانى ئه‌مڕۆماندا چاو
ده‌گێڕێ
ئاخ مناڵى ..
له‌تاقێ ڕاده‌مێنى وه‌ستان له‌ڕووى دا
وات لێده‌کات ئه‌قڵت له لووتته‌وه
بڕژێ
له‌و تاقه‌دا (مامه ڕیشه) و (ته‌حسین شاوه‌یس)*
به‌یه‌که‌وه ده‌بینى
له‌و تاقه‌دا ته‌واو .. ته‌واو هیچى که‌نا
من دڵنیام له‌وه زیاتر ببینى کوێرایت دادێت،
شێت ده‌بیت ئه‌ى مناڵیم.
کوشتمى .. نیشتمان کوشتمى
راستگۆیى کوشتمى
ئاخ دووربینى درۆ
بڵێ چه‌ند قه‌رزى ڕاستیم له‌لاته
بێجگه له‌ته‌م و نه‌بینین چیت بینیووه
له‌دووربینه خوێناوییه‌کانى وڵات دا ؟؟
3- دووربینه‌کانى عه‌شق
له‌دوندى هوشیاریمه‌وه سه‌یربکه‌ن
تا دواخاڵى پێده‌شته‌کانى
بێ ئه‌قڵیم
ده‌بینن پڕم له‌تاوان وه‌ک مناڵ
پڕیشم له‌گوناه وه‌کو فریشته
من له‌یه‌ک کاتدا خاوه‌نى
سێ دڵدارم
یه‌ک نین، دوو نین،
سێ دانه‌ن سێ گرێکانم
نه‌رسیس* و
تاناتۆس* و
ئیرۆس*
ئه‌م راستییه‌م لاى شه‌ماڵ وت
لێم بوو به‌ڕه‌شه‌با
که‌لاى چیا دووباره‌م کرده‌وه
لێمگۆڕا به‌بووله‌ره
که‌لاى رووبار سێباره‌م کرده‌وه
لافاو هه‌ڵسا
که‌لاى مێژوو چوارباره‌م کرده‌وه
زلله‌ى لێدام
که‌لاى خه‌ڵک پێنج باره‌م کرده‌وه
خاچى ئاگریان بۆدانام
دواجار له‌لاى خۆم که‌شه‌ش باره‌م کرده‌وه
شه‌ماڵ و چیا و رووبار و مێژوو خه‌ڵک سه‌ریانبادا و
سڵاواتیاندا له‌دیارى فراوانیى دڵى من و
جه‌به‌رووتى پیاوه‌کانم
یه‌ک نین .. دوو نین ..
سێ دانه‌ن سێ کوڕه‌کانم
نه‌رسیس بۆ من خۆشه‌ویستێکه بۆ ئه‌به‌د
ناتوانم له‌یادى بکه‌م
تاناتۆس بۆ من مێردێکه بۆ ئه‌به‌د
ماڵێک کۆمان ده‌کاته‌وه
ئیرۆس بۆ من عه‌شقێکه بۆ ئه‌به‌د
مانا ده‌بێ بۆ ژیانم
ئاخ دووربینه‌کانى عه‌شق
چه‌ند نزیک دوور ده‌خه‌نه‌وه و
چه‌ند دوور نزیک ده‌خه‌نه‌وه.
دووربینه‌کانى ئافره‌تیم خه‌ریکه ورد و خاش ده‌بن
بیره‌وه‌ریم نزیکبینه‌کان
هه‌ڵده‌گرێ و
شیعرى خه‌ڵاڵم* له‌دارى شارستانییه‌ت ده‌کاته‌وه
ئابه‌مجۆره‌ش گڵکۆم ده‌ژى و مه‌رگم
ده‌مرێ.
* * * *
ئاسمانێکى پیرۆزه‌یى
.. ئه‌رێیه
زه‌مینێکى فستقیى
.. نه‌رێیه
له‌نێوه‌ندى هه‌ردووکیاندا هه‌وره تێکه‌ڵه‌کانى ڕه‌نگ
که‌به‌کارى هونه‌رمه‌ندێکى شێت ده‌چن
دڵۆپه بارانى خه‌ونى هه‌موو دنیا غائیبه و
شه‌سته بارانى خه‌ونى کورد له‌وێیه.
ئیدى من تازه نه‌له‌پاڵ
ئه‌رێ دام و
نه‌له‌ژێر نه‌رێ دام و
نه‌له‌بان کڵاوى قوتى ڕنگه‌کانیش دانیشتووم
من ئه‌وکاته له‌به‌دبه‌ختیم دڵنیا بووم
که‌بینیم ئه‌هریمه‌نه‌کانیش بۆمده‌گرین
دڕکه‌کانیش په‌ڕۆى سه‌مایان بۆ به‌ستووم
دوژمنه‌کان خۆشیانده‌وێم !
که‌شه‌و داهات
چیا دووربینى لووتبه‌رزیى هه‌ڵده‌گرێت و
رووبار دووربینى ته‌سلیم بوون
من جووته دووربینى عه‌شق و ئافره‌تى ده‌که‌مه ملم و
شیعریش دووربینى یاخى بوون
ئاسمان ده‌ڵێ:
مه‌رگى باڵنده مردنى فڕینه.
زه‌مین ده‌ڵێ:
مه‌رگى دووربین مردنى ڕوانینه.
منیش ده‌ڵێم:
ئه‌وه‌تا ئه‌نگاوته‌ى ده‌ستى
خۆشه‌ویستیین نه‌ک حیکمه‌ت
ئه‌فسانه زاخاومان ده‌دات نه‌ک حه‌قیقه‌ت
راستت ده‌وێ وا هه‌ستده‌که‌م
به‌رده‌وامیم ئالێره‌وه سه‌رهه‌ڵده‌د و
کۆتایشم ئالێره‌دا
فه‌وتده‌بێ
هه‌ر به‌مجۆره‌ش
گڵکۆم ده‌ژى و مه‌رگم
ده‌مرێ.
ته‌مموز و ئابى 1993 سلێمانى
*نه‌رسیس: له‌میسۆلۆژیاى یۆنانیدا خوداى خۆپه‌رستییه.
*تاناتۆس: غه‌ریزه‌ى مه‌رگ و بنه‌ماى واقیعه.
*ئیرۆس: غه‌ریزه‌ى ژیان و بنه‌ماى له‌ززه‌ته.
*خه‌ڵاڵ: خورماى پێنه‌گه‌یشتوو پێى ده‌وترێت خه‌ڵاڵ.
• ئه‌م قه‌سیده‌یه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانى عه‌ره‌بیى و له‌ژماره
(6) ى گۆڤارى
(المدى) له وڵاتى سوریا بڵاوبۆته‌وه.
ته‌واوى پێناسه ناته‌واوه‌کان
((1))
باران ...
پێکه‌رى چراى بروسکه و
رادیۆى گرمه و
کوژێنه‌ره‌وه‌ى ده‌فته‌رى وشکاییه
گریانه بۆ ئه‌و هه‌موو به‌پێوه راوه‌ستانه‌ى دار و
ئه‌و هه‌موو دانیشتنه‌ى به‌رد
بوژێنه‌ره‌وه‌ى دنیایه و بکوژى من
هه‌ر هه‌موو ئه‌فسانه‌کانم کرده‌به‌رم و
باران ئه‌و ئه‌فسانه‌یه بوو
که نه‌شیا بۆ له‌به‌رکردن.
((2))
ئاه ...
چاوه‌ڕوانانى سپاسکار*
دیرۆک هه‌رده‌م
به‌نێو ئۆقیانووسى خوێن و درۆدا سه‌فه‌ر ده‌کات
ده‌ربه‌ندى نوێ بدۆزنه‌وه بۆ ره‌تبوونى
شاپه‌ریکه‌کانى* مێژوو
شوێنێکى نوێ بخوڵقێنن
بۆ سیزواڵه* ته‌ڕبووه‌کانى راوه‌ستان
یان بجوڵێن.
*سپاسکار/ به‌ئه‌مه‌ک
*شاپه‌ریک/ په‌پووله.
*سیزواڵ/زه‌ڕنه‌قووته.
((3))
سه‌رنج ...
گیر بوون له‌چاوه‌کانى پیاوێکى وه‌کو (ئه‌و)
گرانتر بوو له‌سه‌رنجدانى ئێواره
له روانین بۆ ده‌سته‌کانى خیانه‌ت
له‌بینینى مه‌رگى مناڵ و باڵنده،
ون بوونى ناو بازاڕ
پچڕانى په‌تى کۆلاره.
((4))
نیتشه ...
وتى: مێینه‌کان پشیله‌ن
هه‌ر زۆر گه‌شه‌بکه‌ن ده‌بن به‌مانگا
ئه‌گه‌ر ڕێکه‌وت بیخستمایه
بێشه‌ڵانى ته‌نیایى ئه‌و شێته‌وه
پێم ده‌وت تۆیش، ته‌نانه‌ت تۆیش پێتنه‌کراوه
به‌رامبه‌ره‌که‌ت بناسى
شه‌وێکم له عومرت پێبده
بزانه چۆن له‌حه‌کیمه‌وه ده‌تگۆڕم به‌نه‌زان
سه‌رابه‌کانى گومانت ده‌که‌م به‌مێرگى باوه‌ڕ و
مێرگه‌کانى باوه‌ڕهێنانت ده‌گۆڕم
به‌سه‌رابى که‌سکى گومان.
شه‌وێکم پێبده
به‌ڵام با خۆرێکى به‌ئاگاى
تێدابێ
نه‌ک مانگێکى گێلى خه‌وتوو
تا حه‌قیقه‌تت وه‌کو
ماچێ بده‌مێ و
له فه‌یله‌سوفه‌وه بتکه‌م به فه‌لسه‌فه.
په‌راوێز/
نیتشه نه‌بوو ...
نه‌خێر خاوه‌نى ئه‌ڵقه‌که‌ى په‌نجه‌م بوو
سپێده‌یه‌ک وتى: ده‌زانى ئافره‌ت و پشیله زۆر
به‌یه‌کده‌چن؟!
مه‌به‌ستم له جوانییانه!
ئێواره‌یه‌ک وتى: ئه‌گه‌ر زۆر تووڕه بووى
په‌ڕۆیه‌کى سوور ده‌خه‌مه به‌ر هێرشى
توندى نیگ و قۆچه‌کانت
مه‌به‌ستم ته‌نیا ئه‌وه‌یه بتخه‌مه پێکه‌نین!
((5))
یش ...
له‌به‌رئه‌وه‌ى نه لێپرسراوه و نه ژنى لێپرسراویش
نه‌سیاسییه و نه ژنى سیاسیش
نه حیزبییه و نه ژنى حیزبیش
بێباکانه ده‌ڕوانێته ئه‌و هه‌وره پڕانه‌ى ئێستا
نا تاوێ تر
ته‌رزه‌ى راپه‌ڕینێکى
نوێ ده‌ڕێژن
هه‌ژار که‌ى به‌دبه‌خته بۆ خۆى به‌دبه‌ختییه
ده‌بێت بمرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى
نه سه‌رۆکه و نه کوڕ، نه کچ، نه ژنى سه‌رۆکیش.
((6))
قه‌یران ...
نووسینه‌کان چوونه سوڕى متبوونه‌وه
خامه‌کان خه‌وتن و گۆڤاره‌کان سیس بوون و
رۆژنامه‌کان هه‌ڵوه‌رین
ئه‌مه ده‌ردى کوشنده‌ى بێ ئومێدبوونه
ئه‌مه باوێشکدانێکى ته‌مبه‌ڵانه و
دوور و درێژى پاش جه‌نگه
پاڵکه‌وتنى بێباکانه‌ى وێران بوونه.
((7))
(* *)
به خالیده سه‌عید* بڵێن: یان به عه‌ره‌ب
ئه‌دۆنیس شیعره شیعر هه‌ر زۆرم
خۆشئه‌وێ
به مارسیدس* یان به‌هه‌موو ئه‌مریکاى لاتینى
بڵێن مارکیز، له‌پێناوى ئافره‌تیما خوڵقاوه و
به هه‌ناسه‌ى وشه و عه‌شقى ئه‌و ئه‌ژیم.
• خالیده سه‌عید/ هاوسه‌رى شاعیرى به‌ناوبانگى عه‌ره‌ب (ئه‌دۆنیس).
• مارسیدس/ هاوسه‌رى رۆماننوسى به‌ناوبانگى جیهانى (مارکیز).
په‌راوێز/
له‌هاوینى ساڵى 1980 دا (ئه‌م) پرسیبووى: گارسیا مارکیز مرۆڤێکى چۆنه؟ (ئه‌و) یش
له‌وه‌ڵامدا سه‌رى له‌قاندبوو: گارسیا؟ ته‌نیا لۆتییه‌کى به‌ره‌ڵڵایه و هیچى تر
نا!
ئه‌م ددانه‌کانى جووت کردبوو ئینجا وتبووى: به‌خته‌وه‌ره ئه‌و میلله‌ته‌ى لۆتى و
به‌ره‌ڵڵاکانى گارسیا ماکیزبن!
ئه‌م: عه‌لى ساڵحیى شاعیر و رۆماننوس و ره‌خنه‌گر و سیناریۆ نووسى ئێرانى بوو.
ئه‌ویش: سه‌فیرى باڵیۆزخانه‌ى (کۆڵۆمبیا) له‌تاران.
((8))
شین ...
ره‌نگ نییه !
پیتیش نییه!
ئه‌وه‌یش نییه که بۆ مردوو
سازده‌کرێ !
ئاخ له شین و داخ له شین
هه‌ر بۆ خۆم ئه‌زانم چییه !!!
((9))
به‌رد ...
له به‌رد هه‌ڵنووتى
بوو به‌خۆڵ
جه‌سته له جه‌سته هه‌ڵنووتى
دنیا پڕبوو له‌بارانى ئیرۆس و مناڵ و پێکه‌نین
شه‌ڕ له‌خێر هه‌ڵنووتى
جه‌نگێکى ئه‌به‌دى که‌وته‌وه
خیر له خێر هه‌ڵنووتى
بوومه‌له‌رزه‌یه‌ک جیهانى له‌بێژنگد و
پاشماوه‌کانى جه‌نگیشى خاپوورکرد .
((10))
فایه‌ق بێکه‌س...
ئیدى ئه‌و سروودانه‌یه که قوتابخانه‌کان هه‌رده‌م
به‌یانیان به‌رله وانه‌ى یه‌که‌م ده‌یڵێنه‌وه
خه‌مى ئه‌به‌دیى نه‌سرینه‌کانى کوردستانه و
نیشتمان و مه‌ى هه‌تیون له‌دواى ئه‌و .
((11))
له‌مافى مرۆڤه‌وه ...
چۆن رێز له چۆله‌که بگرم
که ئه‌و مافى خه‌وى خۆشى به‌یانیانى خه‌وتووان
ده‌خاته ژێر پێیه‌کانى و
له ده‌غڵى جووتیاره‌کانا خه‌ریکى دزییه !
((12))
له‌منه‌وه ...
رقم له توند‌و تیژییه ..
رقم له توند‌و تیژییه ..
رقم له توند‌و تیژییه ..
1/12/1993- سلێمانى
*کراوه به‌عه‌ره‌بى و له رۆژنامه‌ى (الاتحاد)دا بڵاوبۆته‌وه.
27ساڵ
له‌خۆکوشتن
له‌و کۆڵانه
عه‌ترى یاده‌وه‌ریى هه‌یه
به‌ڵام (بۆن) کۆناکرێته‌وه
ده‌نا شووشه به‌تاڵه‌کانى عاتیفه‌م لێوان ده‌کرد.
ماڵى هه‌موو براده‌ره کۆنه‌کانم له‌وێ بوون
ماڵى براده‌ره شه‌هید و براده‌ره خیانه‌تکاره‌کانم
ماڵى ئه‌وانه‌یش که‌ته‌نیا جارێ من و
سه‌د جار وڵاتیان جێ هێشت و
وه‌ک ناوى مردووان له‌یادیان کردین.
له‌و کۆڵانه
مناڵێتى هه‌رده‌م گه‌وره‌نه‌بووى ئێمه
بۆ ئه‌به‌د مناڵه
پاکیزه‌یى وه‌ک کۆلاره هه‌ڵئه‌دات و
به‌ختیارى وه‌ک بنێشت ده‌جووێت
خه‌ونى ئێمه له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌میشه ساکاره
ته‌کنه‌لۆژی و سایکۆلۆژی و سۆسۆلۆژی و
هیچ لۆژیایه‌کى پێناوێت.
جاران له‌وێ هاوڕێ کچه‌کانم ماچیان ده‌به‌شییه‌وه و
منیش ...هیچ
بۆیه ئه‌وان به‌تێکڕاى ده‌نگ
باوه‌ڕیان به‌شاعیرێتیم نه‌بوو
نا ... به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبوون ڕاستیان ئه‌کرد
ئه‌و ڕۆژانه له‌ژێره‌وه سنگم به‌په‌ڕۆ ده‌به‌ست و
قژم له‌ژێر کاسکێتێکى خاکیدا ده‌شارده‌وه
ئه‌و وه‌رزانه له‌ماڵى ئێمه ژنێتى عه‌یب بوو
ئه‌من شه‌ڕواڵ و مراخانیم ده‌پۆشى و
که له‌م دێ ده‌چووین بۆ ئه‌و دێ
سوار بوونى وڵاخم ره‌تئه‌کرده‌وه !
نیوه‌ى رۆژه‌کانى ئه‌وسام
له‌ودیوو ده‌رگاوه بردۆته سه‌ر و
هه‌رده‌م ته‌ریق بوومه‌ته‌وه
بۆ خۆشم نازانم له‌چى !
هه‌میشه شه‌رمم کردووه
تێناگه‌م، نازانم بۆچى !
له‌و کۆڵانه
ئاى .. ده‌روێشى (کۆمه‌ڵه) بووم
واى عاشقى کۆمه‌ڵه بووم
وه‌لێ ئه‌و خه‌ونه دڵڕه‌قه
بێئاگابوو له‌خه‌ونى تاک
ئێمه‌ش له‌کۆبوونه‌وه‌کاندا
باسى هه‌موو شتمان ئه‌کرد
به‌ربادبوونى خۆمان نه‌بێ !
چه‌ند سه‌یر بوو .. له‌وکۆڵانه
شێتانه یاریمان ئه‌کرد
که‌چى ئه‌وه‌ى یاریى نه‌ئه‌کرد کۆتایى ئه‌یبرده‌وه !
له‌وێنده‌رێ، مناڵیم یارێکى بچکۆلانه‌ى هه‌بوو
ناویان لێنابوو فریشته
که‌چى له‌سه‌ر پیاوکوژیى کوشتیانه‌وه !
تۆئه‌زانى له‌پێناسه‌که‌م نووسراوه
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د سه‌عید
30/7/67 ، شارى كه‌ركوك
ئه‌و ناوه، ئه‌و كاته، ئه‌و شوێنه
هیچیان ناو و كات و شوێنى ئێستام نین
ئه‌مه‌یان پێناسه‌كه‌مه:
كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د "له‌به‌ر شیعر"
14/7/67 "چونكه 30 هه‌ڵه‌ى باوكمه"
سلێمانى "نازانم بۆچى كه‌ركوك نا .."
تۆ ده‌زانى ئه‌من له‌دواى شیعره‌كانى
گه‌وره‌ترین، به‌ناوبانگترین شاعیرى كورد و
سه‌ركه‌وتنه سووره‌كانى
مه‌زنترین، ئازاترین جه‌نگاوه‌رى كورده‌وه‌بووم؟
هه‌ر منیش هۆى به‌دناوبوون و ئابڕوچوونى
سكرتێرى نوێترین حیزبۆكه بووم
به‌ڵام بێبه‌ریم له‌مه‌رگ و شێتبوونى
ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ئیره‌یم پێئه‌به‌ن،
ئه‌و پیاوانه‌ى به‌ناهه‌ق ده‌یانخه‌نه دووم
زۆر بێبه‌ریم له‌و ئاته‌شه بوزورگانه‌ى
به‌بێ مه‌به‌ست ئه‌ڕۆم و ئه‌یانكه‌مه‌وه
له‌ئه‌فسوونى ئه‌و جوانییه بكوژانه‌م كه‌دڵان حه‌یران ده‌كات و
ئه‌بێته فیتنه‌ى ده‌وڵه‌تان
گوناهى من نییه، چاوم ئه‌و كاره‌سات و شه‌ڕانه ئه‌نێته‌وه
تاوانى من نییه شیعر، خۆرى باڵم پێ ئه‌به‌خشێ و
ئیدى ئه‌فڕم
مانگى وشه‌م پێشكه‌ش ئه‌كا و
ئیدى نامرم
له‌وكۆڵانه عه‌ترى بیره‌وه‌ریى هه‌بوو
فه‌زا هه‌بوو بۆ تێپه‌ڕین
ناكۆتا هه‌بوو بۆ ڕوانین
به‌ڵام ئێستا
با هه‌میشه بێ په‌یمانه وه‌كو پیاوان
ئاو هه‌میشه حول حولییه وه‌كو ژنان
خۆڵ هه‌رده‌م خیانه‌تكاره وه‌كو پیاوان
ئاگر هه‌رده‌م درۆزنه وه‌كو ژنان
به‌یانیان هه‌وره‌بانه‌كه گسك ئه‌یه‌م
جلى كه‌وتووى ته‌نافه پچڕاوه‌كان كۆئه‌كه‌مه‌وه
قاپ ئه‌شۆم و ماڵ ئه‌شۆم و خۆم ئه‌شۆم
خه‌وى ماڵ له‌خش و هوڕى
كراسه په‌مبه ئاودامانییه‌كه‌م ڕائه‌بێ
نانى به‌یانى ئه‌خوات و دووباره ئه‌خه‌وێته‌وه
منیش له‌نێو جۆلانه‌دا ئه‌م قه‌سیده‌یه ئه‌نووسم:
بێده‌نگى وام بۆ دووباره نابێته‌وه
له‌وكۆڵانه شیعر هه‌بوو ..بۆى بژین
عه‌شق هه‌بوو .. بۆى بمرین
جۆگه‌له‌ى خوێن ته‌نكتربوو
له‌پاڵیدا براكان شه‌ڕیان ئه‌كرد .. ئاشتئه‌بوونه‌وه
كه‌چى خراپه هه‌رگیز وا به‌رین و ترسناك نه‌بوو
تۆ ئه‌ڵێى چه‌ند ساڵم ئه‌وێ
تا ئه‌وانه ئاشتكه‌مه‌وه كه دوێنێ زوویرمكردوون ؟
تا ئه‌و مله باریكانه له‌یادبكه‌م كه‌به‌ملى
خوشكه بچكۆله‌كه‌م ده‌چن؟
ئه‌م ناخودایه سه‌رخۆشه
بۆیه دنیا
ساتێ ئارامیى نابینێ
شه‌هره‌یارى خۆشه‌ویستى من عه‌ده‌مه
ئه‌زانێ سه‌راپاى عومرم خۆكوشتنه
كه‌چى به‌ر له‌گوێ ڕادێران
خۆم و حیكایه‌تم ئه‌كوژێ .
1994 - سلێمانى
مێردمه‌و مێردیشم نییه !
مێژوو .. ئه‌و یاره گه‌وجه‌ى من
حه‌تحه‌تۆکه‌ى دووباره له‌دایک بوون و
حاجیله‌ى نه‌مریى له‌ده‌ستدا و تێپه‌ڕى
ئه‌و کورسییانه‌ى له‌ته‌م بوون
ئه‌و تاجانه‌ى له‌دووکه‌ڵ بوون
ئه‌و زێدانه‌ى له‌سه‌راب
هێنده‌ى جه‌سته
جوانه، نوێیه، گه‌رمه‌که‌ى من ڕاستگۆ نه‌بوون
ڕاستگۆ نابن وه‌ک درۆى ئایه‌تى ئافات.
مێژوو .. ئه‌و مێرده پیره‌ى من
ئه‌وه‌ى نه‌شه‌رع، نه‌یاسا، نه‌خه‌ڵک
نه‌یانکرده مێردم
ئه‌و خۆیشى نه‌هاته داوام
ڕه‌دووى خستم، بۆئه‌وه‌ى به‌جێمبهێڵێت !!
تا له‌خوا ته‌نیاتربم و له‌ئافره‌تیش بێ په‌ناتر
دڵ باتمیشى
ئه‌وینى ئاویى پیاوێکى ئاگریى ئاگر په‌رست و
دوورگه‌یه‌کى تاسه‌ر ئێسک نێرینه‌ى مێ نه‌ویسته
ئه‌و مێژووه ...
بۆ خۆى چاکترین خراپى دونیاکه‌مه و
من نه‌بووم له‌دونیاکه‌یدا.
* * * *
خه‌یلێ دره‌نگ تێگه‌یشتم
ئه‌ى ئه‌و عه‌شقه‌م
که‌گۆشکراوى به‌ژه‌هر و ژه‌کى گوناه
بێ من نه‌ژیاویت و نه‌ژیابوویت و ناژیت
وه‌لێ به‌بێ من ڕۆشتبوویت و ڕۆشتیت و ئه‌ڕۆیت
خاکى نوێ و دایکى نوێ ئه‌دۆزیته‌وه
سروشت گه‌وره‌یت به‌شئه‌دات
ئه‌بیته عاشقى خۆت و به‌رد و شیعر
له‌ساده‌یى و چڕیم دوور ئه‌که‌ویته‌وه
شاسواره ترسنۆکه‌که ...
ئه‌ى ئاشتیخوازترین سوار و شه‌ڕه‌نگێزترینیان
تۆ ماڵێکى کۆنکرێتیى، په‌نجه‌ره شکاوى ده‌رگا
گوڵ لێتکا و شک ئه‌به‌یت و
به‌رده‌وام له‌سه‌ر به‌رماڵى ئه‌و ماڵه کاغه‌زینه‌ى خۆت
ئێواره ڕۆحم ئه‌کێشى و سپێده ڕۆح ئه‌که‌یته‌وه به‌به‌رمدا
ئۆف خوایه گیان ...
وا خه‌مى شتێ دایگرتووم
ناوێرم بزانم چییه
شتێ ڕۆحم ئه‌کات به‌په‌ڵه‌یه‌ک خوێن و
جه‌سته‌شم ئه‌کات به‌په‌ڕۆ.
مێردمیت و
به‌مانه‌وه‌م وه‌کو کچ گومانم خوڵقاندووه له‌پیاوه‌تیت
ئه‌مه‌یان به‌هێزیى منه و بێ هێزیى تۆ
مێردمنیت و که‌ژنى خودى تۆم
بووم به هێماى نه‌بوونى بوون !
ئه‌مه‌شیان تیژ بینى چاوى ئه‌قڵى منه و
کول بینى چاوى ئه‌قڵى تۆ
مێردمیت و مێردیشم نیت
که‌ئه‌ز به‌ختم له‌ڕه‌نگى چاو و که‌زیمه
(چه‌مۆڵه بۆ من، ئاوێنه بۆ تۆ)* !
*ئه‌مه پێچه‌وانه کردنه‌وه‌ى ئه‌و گۆرانییه‌ى منداڵییه که ئه‌ڵێت: چه‌مۆڵه بۆ
تۆ ئاوێنه بۆ من.
1994 – هه‌ولێر
ئه‌وێنده‌ر
له‌وێنده‌ر له‌دایک بووم و
له‌وێنده‌ر ده‌ژیم و
ئه‌وێنده‌رم نه‌بینیووه !
خۆم لێره‌م و
ڕه‌گێکى سه‌رکێشم له‌وێیه
بریتییه له‌ڕه‌گى خه‌ون، عه‌شق، شێتبوون
که‌ى ده‌مبه‌یت بۆ ئه‌وێنده‌ر ئه‌ى ڕه‌گى من ؟!
که‌ى ده‌مبه‌یته‌وه بۆ لاى خۆم،
بۆلاى چرکه‌ى یه‌که‌مى بوون ؟!
که‌ى ده‌مبه‌یت ، که‌ى ؟!
بۆ نزیکترین ماڵۆچکه
له‌سه‌رجه‌مى هه‌موو گوناهه‌کانته‌وه
بۆ دوورترین کۆڵان و ڕێگا و ده‌روازه
له‌سێبه‌رى ماڵى مناڵه‌کانته‌وه
ئه‌و مناڵانه‌ى هى تۆن و هى من نین !
تۆکه‌ى ده‌مبه‌یت بۆ ڕاکردن
بۆ ڕزگاربوون
به‌په‌لکه‌زێڕینه‌ى باڵت هه‌ڵمبگره
هه‌ڵۆى په‌رجوو
بێ په‌روا زامدار کراوم
بێ په‌روا ژوارم دیووه بووم به‌مردن
بمبه بۆ ماڵى ئاگر و ماڵى به‌فر
پاش هه‌ڵقرچان و هه‌ڵله‌رزین
یه‌ک به‌یه‌کى گومانه‌کانم ببه‌خشه
به‌تابووتى فه‌نا بوون .
من له‌تۆ زیاترم ناوێ
تۆ زۆرى زۆر
ئیدى گله‌یشم نه‌ما له‌ژیان و
ژه‌هرى مه‌ودا سیاهه‌کان .
ئه‌رێ باشه من چۆن توانیم
تا ئه‌م ڕاده‌یه شه‌یدابم ؟
تۆ له‌ناو جێگاى شه‌ومدا نه‌تگرتووم و
له‌ئێواره‌یه‌کى تابڵێى ناوه‌خت و
سپێده‌یه‌کى زۆر زوودا نه‌تبینیووم
ساته‌کانى توانه‌وه‌ى ته‌واوه‌تیم
ئه‌ى خۆر له تۆ خاڵى بوون
ئۆى چۆن توانیم سه‌راپاى ڕۆژ
ئابه‌وجۆره دڵ ئاسن و ناسکبم ؟!
ئاى بیرت لێ ئه‌که‌مه‌وه
له‌سنوورى کاته‌کان و
له‌ودیوو تخوبى کاته‌کانیشدا
من به‌ته‌نیا له‌شیعر هێنده ڕاماوم
خه‌م به‌و توندییه ڕایگرتووم
به‌بیرم بێ
که‌س وا داگیرى نه‌کردووم.
1994 – سلێمانى
* کراوه به عه‌ره‌بى و له رۆژنامه (الاتحاد) دا بڵاوکراوه‌ته‌وه
نوونه‌کانى نه‌رێ
یه‌که‌م/
نه‌بوون
ئاه ..خۆزگه بوون گوێزێ بووایه
توێکڵه‌که‌یم زۆر دڵڕه‌قانه ئه‌شکاند و
کاکڵه‌که‌یم زۆر به‌له‌ززه‌ته‌وه ئه‌خوارد.
باشه چى ئه‌که‌یت له‌بوونێ
شه‌نگترین گوڵى لێکراوه‌ى گه‌ردوونه ؟!
به‌دیارییه‌وه دائه‌نیشى ؟
تا گه‌شه بیر له‌سیس بوونى و
که‌سیس بوو بیر له‌مردنى و
که مردیش بیر له‌ته‌واو بوونى عومر و
ته‌واو بوونى بیرکردنه‌وه ئه‌که‌یته‌وه ؟!
ئاه .. خۆزگه بوون چرا بووایه
به‌فوویه‌ک ئه‌مکوژانده‌وه
خۆزگه نه‌بوون مردن بووایه
هه‌نووکه ئه‌مردم.
وا پێ ئه‌چێ هه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ مه‌رگدا
ساناتر بێ له‌هاوڕێیه‌تى کردنى ژین
که‌س مردن به‌جێ ناهێڵێ
به‌ڵام ژیان هه‌میشه به‌جێ هێڵڕاوه
ئاه .. خۆزگه بوون نه‌بوون بوایه
خۆزگه نه‌بوونیش بوون بووایه !
دووه‌م/
خۆشنه‌ویستن
هه‌ور ئاسمانى خۆشناوێ
چونکه ئه‌توانێ ببارێته سه‌ر زه‌مین
باران زه‌مینى خۆشناوێ
چونکه ئه‌توانێ ببێت به‌هه‌ڵم
بڕوات .. بفڕێ
خۆریش مرۆڤى خۆشناوێ
هه‌موو شه‌وێ دڵى دێ به‌جێى بهێڵێت
مانگ مرۆڤى خۆشناوێ
هه‌موو ڕۆژێ دڵى دێ غائیب بێ
خواش مرۆڤى خۆشناوێ
چونکه توانى له‌به‌هه‌شتى وه‌ده‌رنێ
تۆش منت خۆشناوێ
چونکه ئه‌توانى به‌بێ من بژیت
سه‌فه‌ر بکه‌یت، بیرت بچێ ...
کاره‌ساتیش له‌وه‌دایه مرۆڤ مرۆڤى خۆشناوێ !
ده‌نا چۆن چۆنى ئه‌یتوانى
بمرێ ..بکوژێ ، بخه‌وێت یان زوویر ببێ !
سێیه‌م/
نه‌شاز
ده‌نگى دیکتاتۆره‌کان و تیله‌ى چاوى دزه‌کان
جه‌نگى سیاسییه‌کان و سیماى خۆفرۆشان
نه‌شازى دنیاکه‌مانن ..
که‌ى ته‌واو بوون
ئه‌وکاته سیمفۆنیاى ژیان ده‌ست پێئه‌کات.
چواره‌م/
نه‌توانین
پێى وتم: شه‌هره‌زاد ...
گه‌مه‌ى حیکایه‌ت ڕاگره
ناتوانم نه‌تکوژم !
پێنجه‌م/
ناڕه‌سه‌ن
هه‌موویان ماڵیان به‌جێ هێشت
خه‌نى له‌خۆمان جار وبارێ دێنه‌وه
نیشتمانیان له‌پێ کرد و
له‌دوور ڕا ئه‌یلاوێننه‌وه
ئێستایش خۆیان به‌کوڕى ماڵێ ئه‌زانن
که‌پوو ئه‌که‌نه ئاسمان و ڕه‌خنه ئه‌گرن
نازانن خۆڵ له‌کتێبى مێژووى خۆیدا
بۆ ده‌ما و ده‌م نووسى ئه‌وان ناڕه‌سه‌ن بوون !
1994 – سلێمانى
* وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى و له( الاتحاد) دا بڵاوبۆته‌وه .
به‌نده‌رى به‌رمۆدا
دایکم له‌وێ دوعا ئه‌کات، بۆ ئه‌وانه‌ى به‌مردن ...
به‌سه‌فه‌ر ...
سه‌فه‌رى دوور یان نزیک رۆیشتوون
منیش لێره جل و یادى به‌جێماویان قه‌دئه‌که‌م
ئه‌م دایکه‌م
گه‌لێ جار زۆرم لێئه‌کات نامه‌ى عه‌تراوى بنووسم
بۆ دووره وڵاتان و زیندانییه‌کان و ته‌نانه‌ت شه‌هیده‌کانیش !
هه‌موو سپێده‌یه‌ک ئه‌ڵێ: هه‌ستئه‌که‌م ئه‌گه‌ڕێنه‌وه !
به‌ڵام هه‌رگیز من چاوه‌ڕوانى ڕوودانى باشه‌یه‌ک نیم
ئیدى ده‌ستیشم له‌دنیا شۆرد و چاوه‌ڕوانى هیچیش نابم
ئێ پاش ئه‌وه‌ى هه‌موویم ته‌ڵاق دا و
ئۆقیانووسه‌کانى ئه‌شکم بوون به‌قاقڕ
چى بڵێم پێکه‌نین نه‌بێ ؟
ئه‌دى تۆ ئه‌خوازى چۆنبم ؟
من گیرۆده‌ى جوانیى خۆمم
تۆ نازانى جوانیى چه‌نده به‌دبه‌ختییه،
زێدێکه خوڵقاوه بۆ داگیرکردن
به‌تاڵان بردن، خاپوور بوون
هه‌روه‌ها ...
کوژراوى ئه‌و خه‌ونه‌م که له‌وێنه‌ى نییه
کوژراوى تۆم، تۆ ... له‌گه‌ڵ تۆمه ئه‌ى شیعر
شۆخترین به‌رمۆدا.
• ماسى گه‌وره ماسى بچووک قووت ئه‌دات
ژنیش ده‌ریا، ژیانیش مرۆڤه‌کان
به‌رمۆدا ژیان قووت ئه‌دات
دڵیشم ماسى و مرۆڤ و به‌رمۆدا و تاوانه‌کان.
• گه‌ردنى که‌شتییه‌که‌ت ئازادکه ناخودا
تا ون نه‌بیت له‌سیحرى ون بوون تێناگه‌یت.
• ئه‌و ڕێکه‌وتانه‌ى له‌ناکاوێک دێنه ڕێت
جوانترن له‌وانه‌ى له‌ناکاو، ئه‌یانخه‌یته ڕێگاى یه‌کێ
ته‌نانه‌ت نه‌مرتریشن.
• چه‌ند خۆشه ته‌سلیم بوون .. پاش ته‌مه‌نێک له‌یاخى بوون
چه‌ند به‌تامه ئاشتبوونه‌وه .. پاش زه‌مانێک له‌شه‌ڕ و شۆڕ
دواى قه‌ڕنێک له‌جیابوونه‌وه.
چۆن خه‌ته‌رێکه نزیکى ... چ ئه‌فسوونێکه دواى دوورى
به‌و ڕاده‌یه، به‌و جۆره ئاوێزان.
• ئه‌رێ هه‌نگوین که‌ى ئه‌گاته ئه‌و قسانه‌ى
خۆت بۆ ئاماده‌نه‌کردوون و ئه‌یانڵێیت ؟!
چى به‌و هه‌واڵانه ئه‌گات
که ڕه‌گت دائه‌چڵه‌کێنن به‌ر له‌گه‌ڵات ؟!
• هیچ شتێ
نابێت به‌مانایه‌ک بۆ هه‌بوون
ئه‌وه نه‌بێ که له ناکاو به ڕووتدا ئه‌ته‌قێته‌وه و
پارچه‌کانى ڕه‌نگت به‌ئاسماندا ئه‌بات.
ئاخ ئه‌ى یار ...خۆشم ئه‌وێى
به‌خودا
به‌قورئان
به‌سه‌رى خۆت
نه‌خێر باوه‌ڕم پێمه‌که !
له‌به‌رئه‌وه‌ى دوا کچ و دوا وه‌چه و میراتگرى به‌رمۆدام
تاکه جودایى نێوانى من و باپیره‌شم هه‌ر ئه‌وه‌یه
ئه‌و پیاوێکى سێ گۆشه‌بوو
من کچێکى بێ گۆشه‌م !
گۆشه چییه ؟!
به‌یه‌کگه‌شتن، یه‌کتربڕینى
دوو هێڵى عاشق نه‌بێ له‌خاڵێکدا
ئه‌گه‌ر وابێ
چه‌ند بازنه‌یه‌کى داخراو و
چه‌ند هێڵێکى ناکۆتام
به‌گومانبه له وه‌جدى ڕاستگۆیم
ئه‌مه دنیاى خیانه‌ته
هه‌ر زۆرم خۆشئه‌وێى
هه‌رگیز باوه‌ڕم پێمه‌که
گوڵ له‌کوێیه که‌په‌پووله ئه‌چێته ژووانى چرا ؟!
ئه‌ى کوردایه‌تى له‌کوێیه که‌سیاسى
حزبه‌که‌ى خۆى ئه‌هێنێت و
میلله‌ته‌که‌ى ته‌ڵاق ئه‌دا ؟
تۆ ئه‌ى یار له‌کوێ بووى که‌شیعر ته‌فره‌یدام ؟!
که سه‌د خه‌نجه‌رم به‌رکه‌وت و
سه‌د تانه‌م گرته‌وه
که سه‌د ڕم و سه‌د تیر و دووسه‌د گولله‌یان پێوه‌نام ؟!
پێم وتیت:
هه‌موو بوون به‌رمۆدا بووه
به‌رمۆدا ئه‌بێت و به‌رمۆدایه .. به‌رمۆدا
پاش ئه‌مه‌ش ئه‌خوازى چى بڵێم
گریانى بێده‌نگیى نه‌بێت ؟!
دووره ده‌ست ترین ئاشن و
دوایه‌مین یار ...
مه‌ترسى، غه‌یب، نادیار حیکمه‌ته‌کانى ئه‌م مه‌مله‌که‌ته‌ن
نه‌زانین، ئه‌ندێشه، ئه‌فسوون فریاد ڕه‌سن، سه‌بوورین
(ئه‌و) حه‌قیقه‌تى پێوتین و ڕاستى کرد
چه‌ند نه‌وه‌یه‌کى به‌دبه‌خت و سه‌رسه‌خت بووین
نه‌وه‌ى ساڵه‌کانى شه‌ست و ناوه‌ڕاستى شه‌سته‌کان
هه‌موو جه‌نگه‌کان ڕژانه نێو جۆگه‌له، که‌م خوێنه‌کانى ته‌مه‌نى
زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوى ئێمه‌وه
هه‌موو مین و قینه‌کانى، خراپه‌کارى و غه‌مباریى
به ئێمه‌دا ته‌قینه‌وه !
خۆزگه‌مان به‌وانه‌ى ، که له‌ئێمه گه‌وره‌ترن
خۆزگه‌مان به‌وانه‌ى، که له‌ئێمه مناڵترن
سه‌د خۆزگه‌مان به‌وانه‌ى له‌دایک نه‌بوون
تۆ بڕوانه کاره‌ساتى ئه‌و هه‌موو سه‌رباز و
کوڕ کوژراو و بێوه‌ژنه
چاره‌نووسمان وه‌ک چاره‌نووسى کچێکى بێ بن بوو !
• کتێبه‌کان فتیلى فیتنه‌یان پێ‌کرد
باوه‌ڕه‌کان ئه‌و هه‌موو گوڵه گه‌نجه‌یان به‌کوشتدا
ئینجا کتێب و باوه‌ڕه حول حولییه‌کان چی‌یان نه‌کرد ؟!
( له‌رووناکبیرێ بپرسه ئه‌و وه‌ڵامت ئه‌داته‌وه )
• فێرم بکه، چۆن بتوانم
(که‌م بژیم و که‌ڵ بژیم)
ئه‌و منداڵه‌ى که‌هێشتا نه‌مبووه
ئه‌م پرسیاره‌ى له‌گڵکۆى سه‌رکرده‌یه‌ک کرد
ئه‌و منداڵه‌ى که هێشتا نه‌مبووه و
ناشمبێت !
• ئه‌م وڵاته وڵاتى هه‌موو که‌سێکه
خاوه‌نه راسته‌قینه‌کانى خۆى نه‌بن
باشه بۆچى ته‌مه‌نمان به‌سه‌راب به‌خشى ؟!
(تۆ بڵێى چ نائومێدێ خاوه‌نى ئه‌م وته‌یه بێت ؟)
پرسیار چییه؟؟
به‌یانکردنى نه‌زانینێکى بێ‌دار نه‌بێ به‌زانین
وه‌ڵام چییه؟؟؟
زانینێنه‌بێ که نه‌زانین ئه‌هێنێ و ئه‌یکاته‌وه به‌پرسیار
ئازیزترین و دووره ده‌ست ترین یار
ئه‌رێ نامه نه‌خشینه‌کانى په‌پووله‌ت له‌یاده ؟!
که په‌یڤه‌کانى به‌فڕین ئه‌چوون
بۆنخۆشى و گه‌رمیشیان به‌خۆت.
چاوه ئه‌به‌نووسییه‌کانم
له‌نێو یه‌کێ له‌و نامه دڵته‌نگانه‌دان
تکایه مه‌یاننێره‌وه
بهێڵه با به‌رمۆدابم
ڕێمپێبده ببم به‌کوێرێکى به‌ختیار.
سه‌ره‌تا و کۆتایى 1994 - هه‌ولێر
بازنه‌ى باران
بۆخاترى باران بوو
ئه‌و هه‌موو په‌یڤین و پێکه‌وه بوونه
له‌چاوى ئه‌وى ئه‌ناسم
پیاسه بێ ڕووگه‌کانى ئێواران و
ئه‌و ماچانه‌ى بۆ کاتێکى دیارى نه‌کرا و
دواخران.
بارانه‌که .. مۆڵه‌تى له‌که‌س وه‌رنه‌گرت
له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌تاقى ئاسمانه‌وه زۆر ته‌نیابوو
له‌پڕ هات، سه‌راپاى دنیاى مه‌ستکرد و
شه‌ڕى عه‌شقى به‌عه‌رد فرۆشت
عه‌ردیش ناچار لێى کڕیى .
بارانه‌که .. فره له‌ئێمه نیشتمان په‌روه‌ر تربوو
ئه‌و ئاقارى نادیارى شه‌نگترین ئه‌قڵى نیشانداین
ئه‌قڵێکى نا ئاقڵانه، ئه‌قڵێکى شێت
به‌ڵام ئێمه هه‌موو شت بووین، هیچیش نه‌بووین
بۆیه به‌قسه‌ى ئه‌ومان نه‌کرد.
(ئه‌و) دایکرد و هیچ وه‌ستانه‌وه‌ى بۆ نه‌بوو
وه‌ک نه‌زیفى ده‌ردى فیراق
به وێنه‌ى ئیشتییاق
خاکى وه‌ک نانێکى تیرى ته‌ڕکرد و
شه‌ڕگه‌گانیشى له‌گوناه پاککرده‌وه.
ئه‌بووایه بێى، ئه‌ى چۆن خۆى باران به‌ماناى نزیکى
ئه‌بووایه غائیب بى، بۆئه‌وه‌ى بمرم و تێبگه‌ى
تا چ پله‌یه‌کى بکوژ
تا چ ڕاده‌یه‌ک له‌وه‌جد خۆشمئه‌وێیت.
پیاوه‌که ...
وه‌رزى پاڵتۆ له‌به‌ر کردن
چه‌تر و جانتا هه‌ڵگرتن به‌سه‌ر چوو
چاو له‌م گه‌نجێتییه‌ى من و
ئه‌و ڕووتییه‌ى ڕووبار بکه.
ڕقم له‌و شته‌یه که‌داگیرت ئه‌کات
نه‌ک هه‌ر پاڵتۆ
هه‌ندێجار ڕقم له‌خۆشمه !
به‌داخه‌وه
بۆخاترى ته‌ڕنه‌بوون لاى مرۆڤ
دڵشکاندنى هه‌وره‌کان چه‌ند سانایه ؟
له‌پێناوى مانه‌وه‌یه‌کدا به‌پیسیى
هه‌ڵدانى چه‌ترى ڕه‌نگاڵه‌ى درۆ کردن ڕه‌وایه.
نه‌خێر، نه‌مویست و ناشمه‌وێ
سه‌ربه تفرى ڕه‌گه‌زێبم
که‌سه‌ربه‌رزانه له‌شه‌ڕانگێزیى ئه‌دوێ و
شه‌رمه‌زارانه له‌عه‌شق.
نه‌رسیسى خۆشه‌ویست
له‌پێناوى تۆدا بوو نه‌ک باران
ئه‌م وێرانه بوێرانه که‌وێرانى وێرانکاران وێرانیانکرد!
بۆخاترى باران بوو نه‌ک تۆ که‌پرسیم
چى ئه‌بوو ئه‌گه‌ر ڕه‌شه‌با
مه‌رحه‌باى له‌گه‌ڵ هێمنى هه‌بووایه ؟
ئه‌ى نه‌ئه‌کرا شه‌ماڵ تووڕه‌بوون بزانێ و
په‌پووله فێرببێ به‌رگریى له‌بوونى بکا و
منیش ئیدى ئاقڵببم.
بارانه‌که ...
تۆ ئه‌ڵێى کورد چییه ؟
عه‌به‌سه ؟
په‌رجووه ؟
یان هیچکامیان ؟
دڵنیام بێجگه له‌ئازا شتێکى تریشه به‌ڵام
بۆمنییه بیزانم !
ئایا ته‌نیا هه‌ر باران و براده‌رانم ئه‌زانن
ئه‌وێنده‌رى من کوێنده‌ره
وا تۆ ئه‌ڵێى زێدى شیعره و
گوڵ ئه‌ڵێ هه‌ر هه‌موو شوێن و ناشوێنه‌کانى دنیایه و
دڕک ئه‌ڵێ هه‌نده‌رانه ؟!
ئاه ... پیاوه‌که
ئێ خۆ شیعر مه‌ته‌ڵ نییه هه‌ڵى بێنى
ئه‌و ئه‌وێنده‌ره‌م که‌رکوکه.
شه‌وه‌هاى شه‌و
له‌به‌رگه‌وه بۆ به‌رگ مێژووم خوێنده‌وه
به‌ته‌نیا کوژراوى باڵاى شه‌ره‌فخان بووم
له‌نووکه‌وه بۆ نووک حیکایه‌ته‌کانى
شۆڕشم بیست و به‌رده‌وام سه‌رگه‌ردان بووم
تۆ له‌کوێوه هه‌ڵقوڵایت و
بوویت به‌سه‌ردارى ئه‌م که‌ونه
چۆن بووى به‌وه‌ى بۆتبگریم
پیاوه‌که ...
بۆخاترى باران بوو
ئه‌و هه‌موو په‌یڤین و پێکه‌وه بوونه
له‌چاوى ئه‌وى ئه‌ناسم
پیاسه بێ ڕووگه‌کانى ئێواران و
ئه‌و باسانه‌ى بۆ کاتێکى دیاریى نه‌کرا و
دواخران ...
1995 - هه‌ولێر
بازنه‌کانى گوڵ
من نه‌بووم نا ...
که‌سێک بوو، شتێک بوو له‌مندا ئه‌وه‌ى کرد
پۆزش بۆ خوا ئه‌هێنمه‌وه
بۆ فریشته و ئه‌هریمه‌نه جوانکیله‌کان.
پۆزش بۆ خۆر ئه‌هێنمه‌وه
بۆ مانگ و ئه‌ستێره دووره زۆر زۆر دووره‌کانى فه‌له‌ک
من بووم و منیش نه‌بووم که
ئه‌و شه‌ڕ و شۆڕ و شۆڕش و
شێتییه شه‌پڕێوانه‌م کرد
ئاخ ئه‌ى (من) ...
ئه‌ى منى خراپ
تۆ چیتداوه له‌تاوانه‌کانى وتن
له‌گوناهى ناگه‌هانى خۆشویستن
له هاوارى به‌رله هه‌ڵوه‌رینى گوڵێک
ئه‌و هه‌موو دوژمنه‌ت بۆ هه‌بن ؟!
ئاخ ئه‌ى (من) ...
ئه‌ى منى باش
تۆش ئه‌کرا له‌ژێر سێبه‌رى
دار گوێزه‌کانى درۆدا ڕاکشێیت و
گوێ له‌قاسپه‌ى که‌وه خۆ خۆره‌کان بگرى
که زه‌مه‌نیش وتى سڵاو
وه‌ڵامێکى سارد و سڕى بده‌یته‌وه
که زه‌مین وتى ماڵئاوا
به باوێشکێکى خه‌واڵوو به‌ڕێى بکه‌ى
ئه‌م به‌ئاگابوونه بۆچى ئه‌ى بێ ئاگا
ماڵى ئه‌قڵ پێویستى به‌نووستنه !
به‌ڕاست من گۆڕێکم هه‌یه له تاران
فروغى تێدا ده‌ژى !
ماڵێکم هه‌یه له‌ئێران
گوگوش گوڵى تیا ئه‌فرۆشێ
یارێکم هه‌یه له‌وێنده‌ر، ئه‌میرێکى ساسانییه
حافیز و شامیلۆ و نیما له‌ئه‌و بوون.
ئاه ... خۆزگه ئاو فرۆشه‌کان
گوڵ‌فرۆش بوونایه
بۆئه‌وه‌ى بتوانم بژیم.
ئاه ...خۆزگه دڵفرۆشه‌کان
شه‌ڕفرۆش بوونایه
بۆئه‌وه‌ى چى دى باوه‌ڕیان پێنه‌که‌م.
به‌ڕاست من ماڵێکم هه‌یه له‌نێو مانگ
گۆڕێکم هه‌یه له‌سه‌ر ڕێى کاکێشان
دارێکم هه‌یه له‌وێنده‌ر
هێند دووره دارا نایبینێ
ئازار له نینۆکى ده‌تکێت و ڕه‌گه‌کانى نه‌وتاوین
شێرێکم هه‌یه به‌سه‌ر پشتى خۆى ئه‌مبات
بۆ نێو کۆشکى میره‌کان و ئه‌فسانه‌کانى ئه‌وێنده‌ر
شێره‌که‌م ئاڵتوونه، ئاڵتوون.
له‌هه‌ر شوێنێ براده‌رێ،
مرۆڤێکى باش هه‌بێ
من ماڵێک و گۆڕێکیشم هه‌یه له‌وێ
به‌ڵام جوانترین ماڵى من و گۆڕى من
ته‌نیاییه‌کى ئه‌به‌دى و
چاڵى چه‌ناگه‌ى وه‌همێکه
به‌گوڵى حه‌قیقه‌ت ئه‌چێ
ئاخ ... ئه‌ى (من) ...
ئه‌ى منى نه‌رم
بۆ سه‌راپا بوویت به‌دواین ویردى مه‌سیح
ئاخر ئه‌و هه‌موو گوناهه‌ت بۆ هه‌بن ؟!
1995 – هه‌ولێر
ئه‌ڕا پیاوێکى سوریالى
((بۆ سلفادۆر دالى))
ئاوێزانى ده‌ستێکى بووم ، وامئه‌زانى
سه‌نته‌رى که‌ونم گرتووه
ئاوێزانى قاچێکى بووم
وه‌ک ئه‌و مناڵه‌ى که‌هێشتا نه‌مبووه
گوناهێکى گه‌وره‌م کرد و
به‌پشتا له‌سه‌ر ئه‌و شیعره پاڵکه‌وتم
گوناهێکى گه‌لێ گه‌وره‌ترم کرد و
پاشان له‌نێو حه‌وزێکى شین‌دا دانیشتم
قاچه‌کانى ئه‌و په‌رژین و ده‌سته‌کانى من
نیلۆڤه‌رى سه‌ر ئاوى ئاگر بوون
له‌گه‌ڵ ماسییه گه‌وره‌که
بکوژترین مه‌له‌مان کرد
له‌گه‌ڵ جووته هه‌ڵماته‌که
هاوار و ئاهه‌کانیشمان یاریى بوون
* تۆ چیت ئه‌ى ساحیرترین پیاو
که‌به‌رده‌کان ته‌حه‌مولى په‌نجه‌ت ناکه‌ن
که گه‌ڵاى ئینجانه‌کان و
کاغه‌زه‌کانى نووسین و
جلى به‌رم و رایه‌خى نێو ماڵه‌که‌شم
به‌وێنه‌ى قژى تۆ لوول بوون.
*که‌ده‌مت نزیک گوێچکه‌م بوو
ده‌توانى هه‌ناسه نه‌ده‌ى تانه‌مرم؟!
ده‌توانى هاوینان کراسى قۆڵ کورت و
زستان پاڵتۆ له‌به‌رنه‌که‌ى
بۆئه‌وه‌ى شێت نه‌بم؟!
ناکرێ جگه‌ره نه‌کێشى و
له‌به‌رچاوم هه‌رگیز چه‌رخه‌که‌ت پێ نه‌که‌ى؟!
ده‌توانى به‌وجۆره تۆنه با‌نگم نه‌که‌یت
که‌دڵى ئاو ده‌کا به ئاو
به‌وشێوازه سه‌یرم نه‌که‌یت
که‌گڕ له‌ئاگر به‌رده‌دات؟!
*بۆئه‌وه‌ى زۆر زۆر زۆر زۆرم خۆش نه‌وێى
پێم بڵێ به‌سه
بۆئه‌وه‌ى بڵێم به‌ڕاستى
به‌ختیاریى سه‌رابیى ترین ئه‌فسانه‌یه
لێم تووڕه‌به.
ئێوارانێ
پێت ده‌ڵێم تۆ حه‌زت له‌په‌ڕینه‌وه‌یه!
گه‌روانییه، له‌یه‌ک راسته شه‌قامدا بۆ
ئه‌و هه‌موو ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ره‌م پێ ده‌که‌یت؟!
*له‌سه‌وزایى به‌هه‌شتى دیمانه‌یه‌کدا
پێت وتم مه‌ڕێکى غه‌ریب زۆر غه‌ریب سه‌یرمان
ده‌کات و ده‌پرسێت:
چۆن گه‌ڕانه‌وه پاش ئه‌وه‌ى خوا فڕێیدانه سه‌ر زه‌وى؟!
ئاماده‌ش بووى حیکایه‌تى هاتنه‌وه‌مان
بۆ ئه‌و مه‌ڕه باس بکه‌یت!
چه‌نده گه‌ڕاین به‌یه‌که‌وه؟!
دیاره گه‌لێک
به‌ڵام خۆمان له‌سێ شوێندا به‌جێ هێشت
یه‌که‌میان: له‌سه‌ر ئه‌دگارى
کاتژمێره‌که‌ى چێشتخانه‌ى (داندۆک) و
دووه‌میان: له‌نه‌ینووکى نێو جانتاکه‌مدا و
سێیه‌میان: له‌رێگاى به‌هه‌شت.
ئێوارانێ
تۆ ته‌وقه‌که‌ى قژم ئه‌ده‌ى له‌سمێڵت و
ده‌مخه‌یته پێکه‌نین!
جاده هه‌یه که‌چى به‌ڕێى خۆڵدا ده‌مبه‌یت!
ده‌رگا هه‌یه که‌چى به‌سه‌ر دیواردا بازم پێ ده‌ده‌یت!
هه‌موو پیاوان گۆره‌وییان له‌پێدایه هه‌ر تۆ نه‌بێ
هه‌موویان شتێ خراپى، ناشیرینییان تێدایه
هه‌ر تۆ نه‌بێ
من به‌هه‌موویان ده‌وێرم به‌تۆ نه‌بێ.
*به‌شه‌وگار بۆت ده‌نووسم ماڵه‌که‌م
نهێنیى ترین ئه‌شکه‌وته
نه T.V یه‌کى تیایه سه‌یرى بکه‌م
نه‌رادیۆیه‌کى تیایه گوێى لێبگرم
نه‌منداڵێکى تیایه له‌گه‌ڵ خۆمدا
شیرینى بۆ بهێنمه‌وه
نه‌په‌نجه‌ره‌ى تێدایه لێوه‌ى بڕوانم
تا بزانم ئاخۆ رۆژه‌که‌ى هه‌تاوه یان هه‌وره
باخچه‌م نییه تا پیاسه‌ى تێدا بکه‌م
جل ده‌شۆم و ته‌نافم نییه تا هه‌ڵیانبخه‌م!
منێک که‌ناویان لێناوم خۆشه‌ویستیى
نوێنم نییه بۆ میوان
منێک که‌ناویان لێناوم ئازایه‌تى
هه‌ندێ جار به‌ده‌ست لێنانى چێشتێکه‌وه
ده‌ستده‌که‌م به‌گریان!
هه‌روه‌ها
ئه‌م ماڵه ئه‌شکه‌وته
سپێده‌ش رێگاى پێنه‌دام گسکى بده‌م
پێى وتم
ئاقڵ به....
له‌زه‌مان و دنیایه‌کى ناخاوێندا
ماڵى خاوێنت بۆ چییه؟!
به رۆژگار بۆم ده‌نووسیت له‌مێژه خۆشم ده‌وێیت!
*تۆ چیت ئه‌ى ئاقڵ ترین پیاو
که‌ده‌توانى ئاسک هه‌روا به‌ئاسانى
رامبکه‌یت
که‌قه‌ناعه‌ت به‌په‌پووله ده‌که‌یت
له‌سه‌ر شانه‌کانت هه‌ڵبنیشێ و
سوێند بخوات بڵێت تۆ گوڵیت.
1995 - هه‌ولێر
*ئه‌ڕا: وشه‌یه‌کى خانه‌قینییه واتا (بۆ)
*داندۆک:خواردنێکى میللیى هه‌ولێره و چێشتخانه‌یه‌کیش له نه‌وه‌ده‌کاندا ناوى
داندۆک بوو له‌هه‌ولێر.
به‌رد باشتره
شپرزه‌تر له‌گه‌ڵاى سه‌ر باڵى " با "
نائومێدتر له‌مه‌وداى نێوان گه‌ردیله‌کانى "خۆڵ "
شه‌هوه‌تبازتر له‌نیگاى "ئاگر " و
بێڕه‌نگتر له‌فوستانى "ئاو "
رۆژه‌کان ڕه‌تئه‌بن .
به‌رد باشتره ...
ژیانى مردووانه‌ى ئه‌و سه‌نگینتره
له‌قسه‌ى ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌ى قه‌ده‌رێ
فریویانداین و به‌ته‌نیا جێیانهێشتین !
حیکمه‌تیشى وه‌ک قردێله‌ى خوێندکارێکى سه‌ره‌تایى
دڵبه‌ر و ساده‌یه
ئه‌و که‌ویستى پیرۆز بێت وه‌چه‌ى وه‌کو
به‌رده قاره‌مانى شێخ و به‌رده مۆر و
به‌رده ڕه‌شه‌که‌ى پێغه‌مبه‌رى خسته‌وه...
که‌ویستى نه‌مر بێت
بووبه میعمار و په‌یکه‌رتاش
هه‌ر بۆئه‌وه‌ى به‌درێژایى ڕۆژه‌که له‌گه‌ڵ کچان بێ
خۆى کرد به به‌ردى هه‌ڵماقۆ و خه‌تخه‌تێن
توانى وا له ژنان بکا ڕ‌ازى دڵیانى پێ بڵێن
به‌رله‌وه‌ى بینێن به‌گڵکۆى ڕزیووى پیاوچاکانه‌وه.
بۆئه‌وه‌ى ده‌ستى بگاته مه‌زنیى پیاو
چووه سه‌ر شانى سیزیف و
کردى به‌هێما بۆ عه‌به‌س
له‌ڕاستیدا، به‌ردى سه‌بر و به‌ردى ڕجم و
به‌ردى ئه‌لحه‌د و به‌رده‌باز براده‌رن .
به‌ردى نیاز و ده‌ستاڕ و یاپراخ و حه‌مام
ده‌سته‌خوشکى یه‌کترن.
جوگرافیاى به‌ردینى ئێمه
حه‌قیقه‌تێکى سه‌رکێشى له‌شاخزاوه
من ده‌مخواست نه‌وه‌ى بوونێکى ئاویى بم
که ژیانى لێ بڕژێ .
هه‌روه‌ها کوژراوى بوونێکى هه‌وایم
که تابڵێى مه‌زاجیى بێ .
شێتى بوونێکى ئاگریم
وه‌ک هه‌موو ئه‌و په‌رستگایانه‌ى بۆ ئه‌به‌د زه‌رده‌شتین .
جوگرافیاى ئێمه به‌ردینه ..
بۆیه شیعره‌کانمان پڕن
له‌باس و خواسى ئه‌و ده‌ری و ناخود و که‌شتییانه‌ى که
نه‌مانبینین !
هه‌روه‌ها یاخیشه ..
بۆیه گیرفانى مێژوومان لێوان لێوه
له‌مێوژى شۆڕش و قووربانى
هه‌روه‌ها که‌لله ڕه‌قیشه ..
دیرۆکى ئێمه به‌ردینه
بۆیه خه‌ونه‌کانمان به‌کوشتار ئاوسن
من زه‌مان و خه‌ڵکێکى نوێم ئه‌وێ
زه‌مانێ که‌شاعیر بێت و
خه‌ڵکێکیش که‌شیعربن .
شه‌قامێکى دیکه‌م ئه‌وێ
که‌سپێده پێیدا رۆشتم
خه‌یاڵم لاى جریووه و گمه‌بێ نه‌ک له‌لاى تیرۆر کردنم .
له‌به‌رئه‌وه‌ى شتێکى جیاوازم ئه‌وێ
بووم به‌سێوێکى چاوه‌ڕوان
تاقه‌تم چوو ..
ئه‌مه‌وێ به‌عه‌شق بڵێم خودا حافیز
به‌رد باشترێکه له‌مرۆڤ
کردنى ئه‌و هه‌موو درۆ و شه‌ڕ و زوڵمه
وایلێکردم ئه‌وه بڵێم .
ئێمه ته‌نیا به‌ناوى عه‌شقه‌وه ئه‌کوژرێین
به‌ناوى خه‌باته‌وه هه‌ڵئه‌خه‌ڵه‌تێین !
جورئه‌تمان هێنده بچووکه
جار هه‌یه له‌نێو گیرفانى
به‌رینى ترسنۆکیدا ون ئه‌بێت و
ئه‌بین به ئۆف
تاقه‌تم چوو ..
حه‌زئه‌که‌م ئیدى به‌ژیان بڵێم شه‌و باش
من ئه‌مه‌وێ جیاببمه‌وه
مه‌رگ باشتره له‌مرۆڤ !!!
* * * *
چوار به‌ردى تایبه‌تیم هه‌یه
که بریتین له‌به‌ردى "با " و
به‌ردى "خۆڵ " و
به‌ردى "گڕ " و
به‌ردى "ئاو "
( ا )
نا .. به‌ردى "با "
له‌پاى چى تۆ ئه‌م شه‌ڕانه به‌عه‌ترى قژم ئه‌فرۆشى
قژێک که‌ماچى ده‌گمه‌نى ئازاترین شاسوارى کوردى پێوه‌یه؟!
غرورم ئه‌تکوژێ
مه‌حاڵه، ناتوانى بمناسیت
ئۆقیانووسى نهێنییه گوڵییه‌کانى من به‌رمۆداین
ئه‌ز جیاوازم
زۆر جیاواز له‌وانه‌ى که هه‌ن، یان ئه‌بن
شه‌قژنى غه‌مگینم
ته‌سلیمه به ته‌سلیم نه‌بوون .
(ب)
ئا .. به‌ردى "خۆڵ "
ماڵ و مه‌نجه‌ڵه‌کانمان خاڵین
ئه‌میان له سۆز ئه‌ویان له نان
ئه‌ز که ئه‌قڵم به‌مه‌شکا ئیدى کۆڵانم ته‌ڵاقدا و
بووم به ژن .
هه‌ى له‌وه .. !
له‌نێوانى په‌تپه‌تێن و
ئه‌و ژوڕناڵه‌دا که ئێستا سه‌ماى کارى تێدا ئه‌که‌م
به‌یه‌کچوون چه‌نده گه‌وره‌یه ؟!
ئه‌توانم له‌گه‌ڵ بادانى هه‌ر په‌تێکدا
بێمه‌وه بۆلاى مناڵیم
له‌م وڵاته نه‌بوون به چاوشارکێ ئه‌چێ و
هه‌بوون به ماڵه باجێنه
هه‌ر هه‌موو شته‌کان شینن
ته‌واو شینن
منداڵیشمان به‌سۆزترین سه‌رخۆشییه .
(ج)
"به‌ردى گڕ" سه‌رچاوه‌کانى
له‌نیشتمانى هه‌نگوین و عه‌شقه‌وه‌یه
که‌چى له‌نێو شه‌ڕگه‌کانا
گورزى ئه‌و بکوژترین و تاڵترین زه‌ڕبه‌یه
کتێبێک ده‌ستى شه‌قارى زه‌مینى خوێنده‌وه
پێى وت: به‌دبه‌خت
به‌ردى ئاگر مزمه‌عیلانه به‌تۆدا گوزه‌ر ئه‌کات و
سه‌رئه‌نجام له‌تئه‌بیت !!!
(د)
"به‌ردى ئاو" ئه‌ڤیندارێکى رۆمانسییه
جار هه‌یه جلێکى قه‌وزه‌یى ئه‌پۆشێ و
ئه‌بێته کڵاوى هێلکه‌ى ماسییه‌کان
قاچه‌کان له‌سه‌ر پشتى ئه‌خلیسکێن و
ده‌سته‌کان بۆیان ناگیرێ
ئه‌و به‌رده ساف و لووسانه
به ئاو ئه‌چن ...
به پیاو ئه‌چن ...
به ژن ئه‌چن ...
هه‌ندێ جار به ماسى ئه‌چن .
شپرزه‌تر له هه‌ناسه‌دانى باران
نائومێدتر له‌پێکه‌نینى پڕ گریان
شه‌هوه‌تبازتر له نووکى قه‌ڵه‌م و
بێ ڕه‌نگتر له کاغه‌ز
وه‌رز و ساڵ و مانگه‌کان ڕه‌تئه‌بن.
من هه‌ر تىنیام
له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌رد باشتره له شه‌هره‌یار
له شاسوارى لوڕستان و
تۆ و فه‌رهاد و ڕۆسته‌مى زاڵ .
1995 – هه‌ولێر
فتوحات
شمشێرى له(با) یه و
قه‌ڵغانى له(ئاگر)
قامه‌تى له(به‌رد) ه و
رۆحى له(ئاو)
زه‌مانى فتوحاتى ئه‌م، نیشتمان ئه‌بێت به ((ته‌ڵا) و
پیاوانیش ئه‌بنه‌وه به پیا و !
عه‌سرانێکى پرته‌قاڵیى
ئه‌سپه‌که‌ى به‌سه‌ر بچووکیى ماڵه چڵکنه‌کانماندا
غارئه‌دات و ئه‌ڵێ: هه‌للاو
به‌ختیاریتان به‌شئه‌ده‌م
ئه‌سپه‌که‌ى سپییه، که‌حێله، باڵداره
چاوه‌کانى به‌چاوى گا ئه‌چن
مه‌زاجیشى به گوڵساریى .*
ئه‌و شاسوارى خه‌ونى هه‌ر هه‌موو ژنانه و
هێڵه‌کانى له‌پى ده‌ستى به‌هێڵه زێڕینه‌کانى
دوا ژه‌نه‌ڕاڵى دونیا ئه‌که‌ن !
ئه‌گه‌ر بیبینم پێى ئه‌ڵێم: ئێواره‌یه‌ک
کچه شێته‌کانى هاوڕێم
به‌نزمترین تۆنى ده‌نگ باسیانکردى
هه‌موویان تۆیان به‌هى خۆیان ئه‌زانى و
ئه‌یانوت ئاخ بۆ ساتێک له‌گه‌ڵ (ئه‌و)
ئه‌یانوت زۆر، زۆر جوانه
به‌شاسوارێکى ده‌گمه‌نى ڕووسیى ئه‌چێ
منیش ده‌ستم کرد به‌گریان و دوعامکرد
که ئه‌م شه‌ڕه خه‌ته‌رناکه ببه‌یته‌وه
زیاتر گریام و هیوام خواست
سه‌لامه‌ت بیت و بێیته‌وه .
نیوه شه‌وێک
کچه‌کان وتیان خودایه
له‌و هه‌موو عاشق و عه‌شقه‌ى هاتنه ڕێمان
یه‌کێکمان لانه‌مایه‌وه خۆمان ڕه‌تیبکه‌ینه‌وه
ئه‌و نه‌ڕوا !
له‌وهه‌موو غه‌زه‌له، به‌یتێکمان بۆ نه‌مایه‌وه
جۆلانه‌ى تائى ته‌نیایمان ڕژه‌نێ و
به‌و هه‌موو جوانییه‌وه، تواناى به‌ستنه‌وه‌ى که‌رێکمان تێدا نه‌بوو
ماسییه‌کمان پێ نه‌گیرا !
منیش وتم:
شمشێره‌که‌ى له ئاگره
قه‌ڵغانه‌که‌ى ڕه‌شه‌بایه
ڕۆحى به‌رده و قامه‌تى ئاو
تووڕه بوونى ترسناکه، ترسناکه، ترسناک
که پێکه‌نى شامى شه‌ریفه دنیا !
دڵى نه‌رمه، به‌ئه‌ندازه‌ى نیوه‌ڕۆیه‌ک
که‌له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ دانیشت و
فوستانه ئاودامانییه ڕه‌شه‌که‌مى ئوتووکرد !
دڵى ڕقه ، به‌ئه‌ندازه‌ى سپێده‌یه‌ک
که‌چه‌ندان گوڵى به‌کوشت دا و
چه‌نده‌ها دڕک و داڵى کوشت.
به‌ته‌ک کانیله‌ى ژیان و
له‌پاڵ سه‌نگینترین زیخى چه‌مى نا‌ئومێد بوونه‌وه
وتم تازه، من تیاچووم (گۆزه‌که‌م شکا)
به‌سه‌ر پشتى سیمرخه‌وه
پێى وتم ئه‌م فه‌تحه‌یانم له‌چاوى تۆ
له‌م گه‌شته سه‌مه‌ره‌یه‌دا
ناخم پڕئه‌که‌م له‌مێژوو
جیمى جه‌سته‌م به‌ئاوى جوامێریى ئه‌شۆم
تۆ به‌خته‌وه‌ر ترین ژنى
له‌به‌رئه‌وه‌ى من گۆزه‌تم !
مه‌وداکانى سه‌ر سنگى نه‌خشه‌ى به‌رینى
رووناکبیریى ئێستامان شارى فه‌رهووده !
شاعیره دزه‌کان هاتن
پایزى (حه‌مه عومه‌ر) و*
په‌پووله‌کانى ده‌ربه‌ندى (شێرکۆ) یان برد*
باڵاى ده‌قه ژیره‌کانى (به‌ختیار عه‌لى) یان لرفدا و
(شین) و (با) و (ئاو) و (ئاگر) و
(به‌رده) جوانه‌کانى منیشیان زه‌وتکرد
گۆرانیبێژه ساخته‌کان
چریکه خۆشى (داریوش) و
ده‌روێشییان له (به‌هجه‌ت) سه‌ند*
ئه‌مه جیهانى دزان بوو ..عه‌زیزم
کۆجیتۆى درۆزنان بوو .. عه‌زیزم
به‌داخه‌وه،
هێلکه‌کانى ئێمه‌ش له‌پاڵ
هێلکه پیسه‌کانى ئه‌واندا دانران
له‌یه‌ک زه‌مبیله‌ى ڕوانیندا
بۆ سبه‌ینێ هه‌ڵگیران !
ئه‌وه‌ى که من به‌نیوه‌ى ته‌مه‌نم سه‌ندم
کچێکى تر، به‌ده‌رخستنى لاسکى ستیانه‌که‌ى وه‌ریگرت !
ئه‌مه تاڵترین نوکته‌یه بۆ پێناکه‌نى عه‌زیزم ؟!
ئاه ..............
شمشێره‌که‌ت له‌کوێیه ؟!
قه‌ڵغانه‌که‌ت و
قامه‌ت و ڕۆحت له‌کوێن ؟!
چه‌ند پێویستى ..
چه‌ند گرنگى ..
بۆ سه‌ره‌و ژێرکردنى ئه‌م وێرانه‌یه‌ى
که پێى ئه‌وترێ نیشتمان
تۆ چه‌ند شیاوى بۆئه‌وه‌ى
پاڵه‌وانێکى سوریالیى ئه‌م زه‌مه‌نه نغرۆیه بیت
ڕۆسته‌مى زاڵ .
له‌ته‌وقى سه‌رى بێ قژى زه‌مینه‌وه
پێیداوه‌ره
تا قاچه بێ گۆره‌وییه نه‌رمه‌کانى
هێڵى ئیستیوا وه‌کو ناوقه‌دم بگره و
بڵێ هه‌ر به‌قه‌د ڕانێکمه !
زۆر دره‌نگه
ئه‌سپه‌که‌ت حیلاندى و
سه‌رجه‌مى بوون داچڵه‌کى
هاوارت کرد:
فتوحاته، فتوحاته ... فتوحات
ویستم بڕۆم
که‌چى تۆ له‌سه‌ر ئاڵاکانت نووسى بوو
(من به‌خته‌وه‌رترین پیاوم له‌به‌رئه‌وه‌ى فاتحى تۆم)
له کوێوه جۆگه‌یه‌ک ڕاکێشین
ڕووه و پێده‌شتى نادیارى قه‌ناعه‌ت ؟
یان به‌کام دڵ
له غه‌درى یه‌هودا خۆشبین ؟!
ژیان کابوس و پرسیار بوو ...عه‌زیزم
به‌کام شه‌ڕ ئه‌توانین بیکه‌ین به‌شتێکى قه‌شه‌نگتر ؟!
زه‌مانێک و زه‌مه‌نێکى پێئه‌وێ ... عه‌زیزم
تا بوون له جه‌للادى بوون و
شاعیر له جه‌للادى شیعر
ته‌واو جودا بکرێنه‌وه .
پێى ئه‌وێت ... زۆرى پێئه‌وێ
ئاه ... شمشێره‌که‌ت له‌کوێیه ؟
قه‌ڵغانه‌که‌ت و قامه‌ت و ڕۆحت له‌کوێن ؟
له کوێوه سه‌بر بهێنم
به‌ردى سه‌برم
بوو به هه‌زار پارچه‌وه !
1995 – هه‌ولێر
*گولسارى:ناوى ئه‌سپه‌که‌ى پاڵه‌وانى رۆمانى (وداعا غولسارى) جه‌نگیز ئه‌تیماتۆفه
و به ماناى گوڵى زه‌رد دێت.
*حه‌مه عومه‌ر عوسمانى شاعیر خاوه‌نى شاکارى (له‌غوربه‌تا) .
*مامۆستا شێرکۆبێکه‌س خاوه‌نى شاکارى (ده‌ربه‌ندى په‌پووله))
*هونه‌رمه‌ندى ده‌نگخۆش (به‌هجه‌ت یه‌حیا).
هۆلۆکۆست*
(بۆ گوڵه‌کانى وه‌رزى ئه‌نفال
ئه‌و گوڵانه‌ى له‌به‌هاردا هه‌ڵوه‌رین)
كه بر‌دیانن، له‌دوا كه‌لی ئاوابوونا
ئه‌وكاته‌ی ده‌رفه‌تی ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كیش نه‌بوو، وتیان ماڵئاوا
ماڵئاوا ئه‌ی ماڵه وێران بووه‌كه، ئاوایی نائاوه‌دان
گونده بچكۆلانه‌كه‌مان، ماڵئاوا...
ئه‌نفال جوگرافیای شوێنه‌كانی هه‌ڵوه‌شاند
تابیابانمان پێ بناسێنێ‌و
تراژیدیایه‌كی هاوبه‌ش،
له‌ڕۆحه گوڵه كوژراوه‌كانی ئێمه‌و
جه‌سته‌ی خۆڵه گه‌رمه‌كه‌ی خۆی بخوڵقێنێ
ئه‌نفال ویستی،
بڵێ ئا ئه‌م گه‌رده‌لووله ئیماندارانه ده‌توانن
نه‌وه‌یه‌ك به‌ناخی زه‌میندا ببه‌ن‌و
بڵێن ماڵئاوا... میلله‌ته بێ ماڵه‌كان
بیابان تۆ ده‌لیلم به
ئه‌م شه‌و و رێگا‌و غوربه‌ته غه‌ریبن پێم‌و ده‌مێكه
چرای شیعرم كزكردووه، سه‌گه‌كانی نوگره‌سه‌لمان پێم ده‌وه‌ڕن
ده‌ترسێم‌و باش نابینم
پارچه‌كانی جگه‌رم له‌كونجوڕێكی ماڵه سووتاوه‌كه‌ی تۆدا
لێ شوێن بزرو گۆڕبزرو شاهیدبزر كراوه
بیابان گیان...
تۆ كه‌تاكه شاهیدی حیكایه‌ته‌كه‌م
وه‌ك حه‌یرانێكی پڕ سۆزی خه‌ڵكی باشوور بۆ بڵێ
ئاده‌ی بیڵێ... به‌رده‌وام به
یه‌كه‌م جاره هاواره ئاوییه‌كانی شاخ
له‌گه‌رووی وشكی بیابانه‌وه هه‌ڵقوڵێن
بۆیه واده‌نگت سازگارو غه‌مبارو خۆشه له‌به‌رگوێم.
كه‌بردیانن, نیشتمان وتی دیاربوونم
زاده‌ی ونبوونی ئێوه‌یه به‌قوربان
ئای هه‌موو ئاماده‌بوونێك خه‌راجی غائیب بوونێكه
ئای هه‌موو ئاماده‌بوون‌و غائیب بوونێك له‌ناو مندا مردنێكه.
ئالێره‌وه... ئیدی ژنه‌كان بێ پیاو مانه‌وه
شه‌ویان پۆشی‌و شوویان كرده‌ووه به‌چاوه‌ڕوانی!
پیره‌كان ته‌نیا خناوكه‌و كلكه‌وانه‌ی یاده‌وه‌ری
كیژو بووكه چاوڕه‌شه قسه خۆشه‌كانیان له‌دڵدا هه‌ڵگرت‌و
تووشی داوی زوڵفی لوولی گریانێكی به‌رده‌وام بوون
سه‌یربوو ئه‌و ره‌وتی مێژووه زۆر سه‌یر
گه‌نجه‌كان گه‌نجینه‌ی میراتیان به‌جێهێشت
گه‌نجه‌كان رۆشتن‌و پیره‌كان
له‌كاكێشانی دۆزه‌خه‌وه به‌پیاسه گه‌ڕانه‌وه.
پونگه‌كانی ره‌نی باكووری خۆرهه‌ڵات راگوێزران
رووه‌و بیابانه‌كانی باشووری خۆرئاوا
كه‌نیله گه‌رمیانییه‌كانی خوشكۆڵه‌ی كافرۆشی
وه‌ك كلی چاو فڕێنران
له‌چاوتروكاندنێكدا، ئه‌م هه‌واره
بێ غه‌زاڵ‌و شه‌نگه‌بێری مایه‌وه.
عه‌باكه‌ی گوڵبه‌هار
له‌چكه‌كه‌ی زوڵه‌یخا
كه‌زییه سووره‌كانی خاوه‌ر
تابیابان با هێنانی‌و بردنی
تا بیابان له‌رینه‌وه‌ی ژێی زامه‌كان كوشتنی
نه‌علی ئه‌و مناڵانه‌ش هه‌ر لێره به‌جێمان
كه‌هێشتا قۆخی نه‌گه‌یوو هه‌ڵووژه‌ی كاڵ بوون
ئه‌و كارمامزانه‌ی هه‌رگیز، هه‌رگیز نایانبینینه‌وه
ئه‌و ساڵه ساڵی ئه‌نفال بوو ساڵی ئه‌نفال
ساڵی حه‌ڵاڵ بوونی خوێن‌و
ساڵی به‌كۆمه‌ڵ كوشتنی نه‌سله‌كانی په‌پووله
وه‌زری قتكردنی ملی زراڤی شاخ
وه‌رزی دروێنه‌كردنی مه‌ڕو ماڵات
وه‌رزی دزین
وه‌رزی غه‌زا
هه‌فته‌ی وه‌رین
هه‌فته‌ی به‌یه‌كناساندنی (قه‌یس‌و له‌یلا)-(فه‌رهاد‌و شیرین)
رۆژی كوێربوونی چاوه‌زار
سه‌عاتی سه‌ره‌وژێربوونی پێكه‌نینی ته‌نووربان‌و
سوعبه‌ته‌كانی كولێره
ساڵی به‌ته‌نیا مانه‌وه‌ی پشیله‌كان
وه‌ك دووكه‌ڵی پاش هه‌ڵپروسكانی دێ
ساڵی ئه‌و موسته‌شارانه‌ی كه تائێستاش
له‌شه‌قامه به‌رین‌و ره‌نگینه‌كاندا
كه‌لووتیان بوو به‌لووتی سووتاومانه‌وه
پێمان ده‌ڵێن قوربان گیان به‌یانیتان باش!
ساڵی ئه‌نفال بوو ئه‌ی هاوار ساڵی ئه‌نفال
ئه‌و ساڵه‌ی كه‌ده‌موچاوی به‌رده‌كانیش زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕان
دارخورماكان وه‌ك نه‌عامه سه‌ریان ده‌خسته نێو لمی سارد‌و
له‌ڕه‌گه‌وه ده‌یانناڵاند
چه‌ڕه دووكه‌ڵ چاوه‌كانی سوبێری سه‌رابی ده‌چووزانده‌وه
گوڵه‌كێوییه‌كانی خه‌ونیشی ده‌كرد به‌نوێژی به‌تاڵ
كه‌بردیانن, هه‌مووشتێ به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ده‌چوو
شۆڕش، ره‌وشت، ژیان، جوانی
قه‌سیده وه‌ك ملی ئه‌وان به‌لادا كه‌وت
ئه‌و مێژووه... توانه‌وه‌ی شه‌كری رووناكی بوو
له‌ناو
ژه‌هراوی تاریكستاندا
ته‌سلیم بوونی گوڵه‌باخ بوو به‌دڕكه‌زێ
حیكایه‌تی سه‌ربڕاوی میلله‌تێكه زوو شتی له‌یاد ده‌چێ.
14/4/1996 هه‌ولێر
*له‌زۆر لایه‌نه‌وه له‌ئه‌نفاله‌کانى لاى خۆمان ده‌چێت، هۆلۆکۆست ئه‌وه‌یه که
له‌جه‌نگى جیهانى دووه‌مدا نازییه‌کان له‌ئه‌ڵمانیا به‌رامبه‌ر به‌جوله‌که‌کان
کردیان، جیاوازى له‌گه‌لڕ ئه‌نفاله به‌دناوه‌که‌ى کوردستان ئه‌وه‌یه قوربانیانى
هۆلۆکۆست شه‌ش ملیۆن که‌س بوون.
* گۆڕاوه بۆ سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى له‌لایه‌ن د.به‌هرۆز جاف-ه‌وه و له (الاتحاد)
دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
له‌بۆت ده‌مرم
هه‌ولێره ماست !
غه‌ریبیت ئه‌که‌م گوڵه‌باخ
ئه‌ڵێى سه‌رابى ده‌ست ڕائه‌کێشم و ناتگرم
هه‌نگاو ئه‌نێم و ناتگه‌مێ
غه‌ریبیت ئه‌که‌م، سه‌عات نۆ
بلیتێکى پاسى شه‌ستیم بۆ وه‌رگره
یادت به‌خێر پاسى شه‌ستى
چه‌ند به‌تام بوو خولانه‌وه‌ى درێژخایانى ڕێگا
که هه‌ر ئه‌توت سه‌فه‌ره به‌ره و هه‌ساره‌ى کاکێشان
چه‌ند خۆشبوون تامى نیسکافێ و
ته‌علیقى پیاوه که‌نه‌فت و خه‌ڵه‌فاوه‌کانى قه‌ڵا
یادت به‌خێر ...
سێبه‌رى پرچى دره‌خته عه‌یاره‌کانى گڵکه‌ند و
هه‌تاوى ویستگه پیسه‌که‌ى به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان
لۆت ده‌مرم گوڵه‌باخ
دڵم هه‌روه‌کو زه‌مبیله‌ى بن هه‌نگڵى
ژنه‌کانى شێخه‌ڵڵا کون کونه و
ئازارم وه‌ک عه‌ره‌بانه‌ى
که‌ره‌سته‌ى دۆڵمه ئه‌گه‌ڕێ
من له‌عه‌شقى ته‌نزه‌وه بوو پێم ئه‌وتى (هه‌ولێره ماست)
که‌چى تۆ وه‌ک بۆینباخه‌که‌ى هادى چاوشلى
به‌رده‌وام هه‌ر به ویقار بووى
بۆیه سه‌رى په‌شێمانیم وه‌خته دوو شاخى لێ
بڕوێ
تازه ئیدى
گوڵه‌کانى سلێمانى و تاران و ئه‌نقه‌ره به‌من چى
که‌هیچیان بۆنى په‌نا گوێى
گوڵه‌که‌ى خۆمیان لێ نایه
یار و دیارم چه‌ند دوورن
وه‌رزى دڵم چه‌ند ته‌نیایه .
( سێ‌و پێگه‌یى نه‌هاتم، که لیمۆ زه‌رد بوو هه‌رنایه‌م
نه‌خۆش که‌وتى نه‌هاتم واده‌ى ڕۆحکێشان قه‌ت نایه‌م )
غه‌ریبیت ئه‌که‌م ئێواره‌ى
ڕۆژێکى دیکه‌ش ئه‌چین بۆ عه‌نکاوه
غه‌ریبیت ئه‌که‌م تۆ بڵێى
مه‌غریبى ساتێکى دیکه‌یش
بۆ سه‌یرى به‌هه‌شته سه‌یره هه‌ڵواسراوه‌کانم به‌رى و
له‌لاى (هه‌دله) دوو قاوه بگرینه‌وه ؟!
قه‌له‌نده‌ر خۆمان گوڵه‌باخ
هێڵى سه‌عاته‌کان باڵن
بڕوانه زه‌مه‌ن چۆن چۆنى پێیان ئه‌فڕێ
ئاوڕێک ناداته‌وه،
نامه‌یه‌ک نانێرێ !
ژیانى ئێمه بێ باکه
وه‌ک بێ ئاویى گه‌ڕه‌کى عاره‌بان
ناموڕاده وه‌ک شه‌قامى کۆتر سه‌لام
ئاه ... خودایه
یار و دیارمان چه‌ند دوورن
وه‌رزى دڵمان چه‌ند ته‌نیایه .
1996 – کرماشان
به‌فرى کافر
ئه‌م نیشتمانه‌ى ئێمه هه‌ڤاڵى مه‌گه
بڕوانه چ ئاوه‌دانییه‌ک، که‌وتۆته گۆڕستانییه‌وه
مانگمان فریاى ناشتنى مانگمان ناکه‌وێ
گوڵمان به‌دیار ته‌رمى گوڵه‌کانمانه‌وه
هه‌نیسکى پێنه‌ما
ده‌ریاى فرمێسکى ژنانیش بوو به‌قاقڕ
که‌چى تازه ئه‌به‌نووس دێ و
به‌ڕه‌نگى به‌فرى شه‌هیدم ئه‌ڵێ کافر
تازه به‌تازه ده‌ستى شه‌ڕ یه‌خه‌ى لق و پۆپم ئه‌گرێ و
به‌نوورى هه‌تاوه‌کانى دڵیشم ئه‌ڵێ مونافیق
چ وێرانییه‌ک هاتۆته مه‌نزڵگا و دیارمانه‌وه
چ عه‌شق و ئازایه‌تییه‌ک پارێزگاریمان لێ ئه‌کات
بۆنى خاکى پاش باران بکه ئه‌زانى
بۆنى شه‌هید چه‌نده خۆشه .
گوێ له‌ناڵه‌ى ئاته‌ش بگره
ئه‌زانى له‌ناو هه‌ناوى دایکى شه‌هیده‌کانمانا
چ هه‌نگامه‌ى ئازارێک و چ که‌رنه‌ڤاڵى ژانێکه
کۆتایى بۆنییه جگه‌ر سووتانم ... کۆتایى بۆنییه ...
تراژیدیاى ته‌عزێکان و کۆمیدیاى ئاهه‌نگه‌کانم
کۆتایى بۆنییه، به‌رین بوونى داره‌مه‌یت و
ته‌سک بوونه‌وه‌ى په‌نجه‌ره و
ده‌روازه‌ى هه‌ناسه‌دانم
من چه‌ند گیرۆده‌ى ئازادیم
ژیان له‌مه‌رگ ئه‌خوڵقێنم
چرا له‌برینه‌کانم .
کۆتایى بۆنییه ... سه‌ره‌تاى بۆنییه
نێوه‌ندى نییه دیرۆکى ماڵى ئه‌نفال
ماڵى کیمیایباران و ماڵى هه‌ڵه‌بجه‌ى بریندار .
چ خۆڕاگرییه‌ک هاته،هۆده‌کانى گیانمانه‌وه و
چ تاریکى و ته‌سلیم بوونێک هاته ده‌رێ
له‌گوڵبێنه‌ى چاوه‌کان و ته‌نوورى که‌پوومانه‌وه
هه‌ر دڕکێک بکوژرێ، هه‌ر دره‌ختێ
شه‌هید بکرێ
پرسه پرسه‌ى نیشتمانه و
زێمار زێمارى خاکێکه به‌بێ مه‌به‌ست
دڕک و دره‌ختى لێ ئه‌ڕوێ .
چ شه‌ڕێک هاته نێو دێڕى شیعرمه‌وه و
چ ئاشتییه‌ک به‌ئاسمانه‌کانیا فڕى
که ده‌مه ده‌مى به‌یانێ با‌نگم هه‌ڵدا
من له‌گه‌ڵ به‌فرى کافرم
له‌گه‌ڵ هه‌تاوى کافر
له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌زانم به‌فر ئاشتییه و
کوفریش شه‌ڕێکى یه‌خه‌گر
کۆتایى بۆ نییه ... قه‌سیده‌ى شه‌هید
کۆتایى بۆنییه ... نه‌مریى ئاگر .
1994 – سلێمانى