هۆلۆكۆست*
(بۆ گوڵه‌كانی وه‌رزی ئه‌نفال
ئه‌و گوڵانه‌ی له‌به‌هاردا هه‌ڵوه‌رین)
كه بر‌دیانن، له‌دوا كه‌لی ئاوابوونا
ئه‌وكاته‌ی ده‌رفه‌تی ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كیش نه‌بوو، وتیان ماڵئاوا
ماڵئاوا ئه‌ی ماڵه وێران بووه‌كه، ئاوایی نائاوه‌دان
گونده بچكۆلانه‌كه‌مان، ماڵئاوا...
ئه‌نفال جوگرافیای شوێنه‌كانی هه‌ڵوه‌شاند
تابیابانمان پێ بناسێنێ‌و
تراژیدیایه‌كی هاوبه‌ش،
له‌ڕۆحه گوڵه كوژراوه‌كانی ئێمه‌و
جه‌سته‌ی خۆڵه گه‌رمه‌كه‌ی خۆی بخوڵقێنێ
ئه‌نفال ویستی،
بڵێ ئا ئه‌م گه‌رده‌لووله ئیماندارانه ده‌توانن
نه‌وه‌یه‌ك به‌ناخی زه‌میندا ببه‌ن‌و
بڵێن ماڵئاوا... میلله‌ته بێ ماڵه‌كان
بیابان تۆ ده‌لیلم به
ئه‌م شه‌و و رێگا‌و غوربه‌ته غه‌ریبن پێم‌و ده‌مێكه
چرای شیعرم كزكردووه، سه‌گه‌كانی نوگره‌سه‌لمان پێم ده‌وه‌ڕن
ده‌ترسێم‌و باش نابینم
پارچه‌كانی جگه‌رم له‌كونجوڕێكی ماڵه سووتاوه‌كه‌ی تۆدا
لێ شوێن بزرو گۆڕبزرو شاهیدبزر كراوه
بیابان گیان...
تۆ كه‌تاكه شاهیدی حیكایه‌ته‌كه‌م
وه‌ك حه‌یرانێكی پڕ سۆزی خه‌ڵكی باشوور بۆ بڵێ
ئاده‌ی بیڵێ... به‌رده‌وام به
یه‌كه‌م جاره هاواره ئاوییه‌كانی شاخ
له‌گه‌رووی وشكی بیابانه‌وه هه‌ڵقوڵێن
بۆیه واده‌نگت سازگارو غه‌مبارو خۆشه له‌به‌رگوێم.
كه‌بردیانن, نیشتمان وتی دیاربوونم
زاده‌ی ونبوونی ئێوه‌یه به‌قوربان
ئای هه‌موو ئاماده‌بوونێك خه‌راجی غائیب بوونێكه
ئای هه‌موو ئاماده‌بوون‌و غائیب بوونێك له‌ناو مندا مردنێكه.
ئالێره‌وه... ئیدی ژنه‌كان بێ پیاو مانه‌وه
شه‌ویان پۆشی‌و شوویان كرده‌ووه به‌چاوه‌ڕوانی!
پیره‌كان ته‌نیا خناوكه‌و كلكه‌وانه‌ی یاده‌وه‌ری
كیژو بووكه چاوڕه‌شه قسه خۆشه‌كانیان له‌دڵدا هه‌ڵگرت‌و
تووشی داوی زوڵفی لوولی گریانێكی به‌رده‌وام بوون
سه‌یربوو ئه‌و ره‌وتی مێژووه زۆر سه‌یر
گه‌نجه‌كان گه‌نجینه‌ی میراتیان به‌جێهێشت
گه‌نجه‌كان رۆشتن‌و پیره‌كان
له‌كاكێشانی دۆزه‌خه‌وه به‌پیاسه گه‌ڕانه‌وه.
پونگه‌كانی ره‌نی باكووری خۆرهه‌ڵات راگوێزران
رووه‌و بیابانه‌كانی باشووری خۆرئاوا
كه‌نیله گه‌رمیانییه‌كانی خوشكۆڵه‌ی كافرۆشی
وه‌ك كلی چاو فڕێنران
له‌چاوتروكاندنێكدا، ئه‌م هه‌واره
بێ غه‌زاڵ‌و شه‌نگه‌بێری مایه‌وه.
عه‌باكه‌ی گوڵبه‌هار
له‌چكه‌كه‌ی زوڵه‌یخا
كه‌زییه سووره‌كانی خاوه‌ر
تابیابان با هێنانی‌و بردنی
تا بیابان له‌رینه‌وه‌ی ژێی زامه‌كان كوشتنی
نه‌علی ئه‌و مناڵانه‌ش هه‌ر لێره به‌جێمان
كه‌هێشتا قۆخی نه‌گه‌یوو هه‌ڵووژه‌ی كاڵ بوون
ئه‌و كارمامزانه‌ی هه‌رگیز، هه‌رگیز نایانبینینه‌وه
ئه‌و ساڵه ساڵی ئه‌نفال بوو ساڵی ئه‌نفال
ساڵی حه‌ڵاڵ بوونی خوێن‌و
ساڵی به‌كۆمه‌ڵ كوشتنی نه‌سله‌كانی په‌پووله
وه‌زری قتكردنی ملی زراڤی شاخ
وه‌رزی دروێنه‌كردنی مه‌ڕو ماڵات
وه‌رزی دزین
وه‌رزی غه‌زا
هه‌فته‌ی وه‌رین
هه‌فته‌ی به‌یه‌كناساندنی (قه‌یس‌و له‌یلا)-(فه‌رهاد‌و شیرین)
رۆژی كوێربوونی چاوه‌زار
سه‌عاتی سه‌ره‌وژێربوونی پێكه‌نینی ته‌نووربان‌و
سوعبه‌ته‌كانی كولێره
ساڵی به‌ته‌نیا مانه‌وه‌ی پشیله‌كان
وه‌ك دووكه‌ڵی پاش هه‌ڵپروسكانی دێ
ساڵی ئه‌و موسته‌شارانه‌ی كه تائێستاش
له‌شه‌قامه به‌رین‌و ره‌نگینه‌كاندا
كه‌لووتیان بوو به‌لووتی سووتاومانه‌وه
پێمان ده‌ڵێن قوربان گیان به‌یانیتان باش!
ساڵی ئه‌نفال بوو ئه‌ی هاوار ساڵی ئه‌نفال
ئه‌و ساڵه‌ی كه‌ده‌موچاوی به‌رده‌كانیش زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕان
دارخورماكان وه‌ك نه‌عامه سه‌ریان ده‌خسته نێو لمی سارد‌و
له‌ڕه‌گه‌وه ده‌یانناڵاند
چه‌ڕه دووكه‌ڵ چاوه‌كانی سوبێری سه‌رابی ده‌چووزانده‌وه
گوڵه‌كێوییه‌كانی خه‌ونیشی ده‌كرد به‌نوێژی به‌تاڵ
كه‌بردیانن, هه‌مووشتێ به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ده‌چوو
شۆڕش، ره‌وشت، ژیان، جوانی
قه‌سیده وه‌ك ملی ئه‌وان به‌لادا كه‌وت
ئه‌و مێژووه... توانه‌وه‌ی شه‌كری رووناكی بوو
له‌ناو
ژه‌هراوی تاریكستاندا
ته‌سلیم بوونی گوڵه‌باخ بوو به‌دڕكه‌زێ
حیكایه‌تی سه‌ربڕاوی میلله‌تێكه زوو شتی له‌یاد ده‌چێ.
14/4/1996 هه‌ولێر
*له‌زۆر لایه‌نه‌وه له‌ئه‌نفاله‌كانی لای خۆمان ده‌چێت, هۆلۆكۆست ئه‌وه‌یه
كه له‌جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا نازییه‌كان له‌ئه‌ڵمانیا به‌رامبه‌ر
به‌جوله‌كه‌كان كردیان, جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌نفاله به‌دناوه‌كه‌ی كوردستان
ئه‌وه‌یه قوربانیانی هۆلۆكۆست شه‌ش ملیۆن كه‌س بوون.