
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
وته‌کانى وتن
چاپى یه‌که‌م
1999
ناوى کتێب: وته‌کانى وتن
بابه‌ت: شیعر
نووسینى: که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
نه‌خشه‌سازیى:
به‌رگ و مۆتیڤ:
تایپ: که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
شاخ هێنده لووت به‌رزه
دڵى لاى که‌س ناکاته‌وه،
ئه‌ڵێ هه‌رگیز خۆشه‌ویستیم نه‌کردووه
فرمێسک ئه‌شارێته‌وه،
لۆچ ئه‌خاته نێوچه‌وانى و پێناکه‌نێ
بۆیه که‌ئه‌ته‌قێته‌وه
هه‌موو ناخى دێته ده‌رێ و
ئاوێکى ئاگرین به چوارده‌ورا ئه‌پرژێنێ
( بورکان واى وت )
شۆڕش و گه‌ل
له‌سه‌ره‌تادا وه‌ک کوڕ و کچێ وه‌هان
له‌سپێده‌ى ڕۆژانى ده‌زگیرانیدا
کوڕه درۆى گه‌وره گه‌وره ڕیزئه‌کات و
کچه‌ش خه‌ونى ڕه‌نگاڵه‌یى
به‌و قسانه‌وه ئه‌بینێ
له‌دوایدا،شۆڕش و گه‌ل
هه‌مان کوڕ و کچن به‌ڵام
ئه‌بن به ژن و مێردى یه‌ک
ئیدى لێره‌وه دیرۆکى
خیانه‌ت و هه‌را و ته‌ڵاق ده‌ست پێئه‌کات
( حزبێک واى وت )
ڕه‌شه‌با وتى کڵێشه‌ى
ئه‌م دنیایه‌م به‌دڵ نییه
هه‌وڵئه‌ده‌م به وێرانکردن بیگۆڕم
پێم وت منیش وه‌کو تۆ به دڵم نییه
به‌ڵام ئه‌مه‌وێ به ئه‌وین بیگونجێنم
( شه‌ماڵ واى وت )
دواى شه‌و شه‌و دێت
ڕۆژیش شه‌وه
به‌ڵام فانۆسى خۆرێکى جوانکیلانه‌ى
تیا ئه‌سوتێ
( ئه‌مه قسه‌ى شاعیره نه‌ک شیعرنووس
)
چیدى وێنه‌ى کافرۆشیم
پێوه مه‌که‌ن
ئیدى ته‌واو تێگه‌یشتم
شه‌ره‌فیشم که‌نیزه‌کى کۆلۆنیاله
( دیوارى ماڵێ ئه‌مه‌ى وت
دیوارێکى درز تێبووى سه‌ر
چه‌رمگى هه‌زار ساڵه )
ڕێگا نه‌بوو
وشه‌کانم به‌قاچاغه ڕێدا هانیى
ته‌قه‌یان لێکردم
ئه‌سپه‌که‌م به‌رکه‌وت و
سه‌به‌ته گوڵه‌که‌م ڕژا
هاواریان لێکردم : تۆ کێیت ؟.!
نا ... وه‌ڵامم نه‌دانه‌وه
چونکه ئه‌مزانى چه‌کبه‌ده‌ست
قه‌ت له قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست ناگات !
( ئه‌مه قسه‌ى شه‌هره‌زاده )
له‌نێوان ڕێگا نه‌بوون و
چاره نه‌بووندا پردێکى دێرین هه‌یه
که ئه‌م سه‌رى دنیاکه‌مان
به ئه‌و سه‌ریه‌وه ئه‌به‌ستێ
عه‌شقى ئازا هه‌میشه ئه‌په‌ڕێته‌وه
به‌ڵام عاشقى ترسنۆک
به‌رده‌وام به‌جێ ئه‌مێنێت
( وتن واى وت
)
1993 –سلێمانى
تاکى دژ
مه‌عز بۆ تاک ... !
چاوى تۆ ئه‌گه‌ر خۆر بووایه
ئه‌م دنیایه‌ت له‌سه‌رمان ڕه‌قئه‌کرده‌وه و
هه‌ر بۆ تاکه ئه‌ستێره‌که‌ت
ئه‌ستێره و مانگى گه‌ردوونت
ئه‌هێنایه شه‌راى مه‌رگ .
بۆ خاترى خاک ... !
ئه‌و هه‌ڵوژه ڕه‌شه ئه‌گه‌ر،
ژیانمانى به‌ده‌ستبووایه
له‌دژى خه‌ڵک
رۆژێ خۆى ئه‌کوژانده‌وه و
پڤى له‌ئاگرى چراى ڕۆحى ئه‌کرد
سوپاسى خه‌ڵک
بۆ ئه‌و سروشته‌ى که چاوتى کردووه به به‌رد
به‌ردێکى وا بێ به‌هره و ورد
به‌ردێکى به‌رد،
به‌ردێکى سارد.
30/11/1991
ماوه‌ت
له‌بیلبیله‌ى، چاوى برینێکى کۆنا
ئازارێ به‌چرپه وتى
من ئافره‌تم
ئه‌م شه‌و ژنێ ژان ئه‌یگرێ
بمرێ ئه‌مرم
له‌ئاوێنه‌ى نیگا شه‌که‌تبووه‌که‌یدا
وێنه‌ى ئه‌و پیاوه ئه‌بینم
که له‌باوه‌شى خه‌ودایه و
تا به‌یانى له‌جیاتى ئه‌و
ئێشک ئه‌گرم !
ئه‌م شه‌و شه‌وى دڵدارییه
من سه‌یرى پێوه‌نده‌کانى
ده‌ستى دڵداره‌که‌م ئه‌که‌م
ئه‌ویش سه‌یرى ئه‌و فرمێسکه وێڵه ئه‌کات
که‌به نه‌زمى زڕه‌ى زنجیره‌که‌ى قاچم دائه‌بارێ
ئه‌و ساتانه‌ى سه‌ما ئه‌کا و
سه‌ما ئه‌که‌م .
ئه‌م شه‌و شه‌وى بووکێنیمه و
جلى سپیم له‌به‌رئه‌کرێ
ئه‌م شه‌و کچه‌که‌م نه‌خۆشه
له‌ناو ده‌ستى بچکۆله‌یدا
به‌سۆزه‌وه دڵم ئه‌گوشێ.
من نیشتمانێکى سه‌وزم
چه‌ندان ساڵه به‌سه‌ر جوانیما هه‌ڵئه‌درێ
قه‌ڵه‌مه‌کانتان بشکێنن
که‌س وه‌کو خۆمد
مێژووى بوونم تۆمار ناکا و
ڕۆمانى خه‌مم نانووسێ !
ئه‌گه‌ر هاتى
له‌چوار چێوه‌ى ژووره ته‌سکه‌که‌ى جارانا
بۆم مه‌گه‌ڕێ
ئێستا هه‌ورى ئاسمانێکم
عه‌شق و شیعرم لێ ئه‌بارێ .
* * * *
به‌نیگایه لێم ئه‌پرسى
کوانێ پرچه ڕه‌نگ ڕه‌شه‌که‌ت
که‌ى هه‌ڵوه‌رى ؟!
منیش زمانى بێده‌نگیم زوو پێت ئه‌ڵێ
ئێواره‌یه‌ک فرۆشتم و
کتێبێکم بۆ تۆ کڕى !
ته‌مه‌ن ئه‌ڕوا و
من به‌بێ تۆ گورگ ئه‌مخوات
تۆش به‌بێ من
توانات نابێ خۆر دابگرى
گێژاوه‌کانى سه‌ر زه‌مین لوولمان ئه‌ده‌ن
با ون نه‌بم
با ون نه‌بیت
1986 – سلێمانى
*له ژماره(60 ) ى گۆڤارى کارواندا
بڵاوکراوه‌ته‌وه.
*مامۆستا رێبوار سیوه‌یلى کردوویه‌تى به فارسى و ساڵى 1997 له کتێبێک‌دا که
له‌ئێران چاپبووه بڵاویکردۆته‌وه.
*له لایه‌ن مامۆستا عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی یه‌وه کراوه به‌عه‌ره‌بى و هه‌ر له
ساڵه‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
ده‌ستت بێنه با بیگوشم
ئه‌مڕۆ پێت ئه‌ڵێم ماڵئاوا
به‌ڵام سبه‌ینێ پێتئه‌گه‌م
جا له‌رۆژى به‌فربارینا ئه‌مبینى
له‌شێره به‌فرینه ئه‌چم
له‌وانه‌شه، له‌ڕۆژانى ته‌م و مژا
ونمبکه‌یت، ونتبکه‌م
ئه‌گه‌ر هاتو وه‌کو مه‌سیح هه‌ڵیانواسیم
مه‌پرسه بۆ و فرمێسک له‌چاوتا نه‌بینم
ده‌به‌رله‌وه‌ى وه‌کو ژاندارک بمسوتێنن
ده‌ستت بێنه با بیگوشم
من ئه‌ڕۆم و له‌سه‌ر پشتى ئه‌سپێکى ڕه‌ش
ڕه‌ش وه‌کو قژى کچان و ڕیشى پیاوانى ڕۆژهه‌ڵات
ناوى شاره‌که‌م ئه‌نووسم
تۆ سه‌یرێکى ئاسمانى چاوانمبکه
بزانه له‌ناو تروسکه‌ى ئه‌ستێره بێگه‌رده‌کانیا
چۆن دایکم و خه‌ونه‌کانى ،
چۆن باوکم و عه‌ره‌بانه شڕۆڵه‌که‌ى باوه‌شئه‌که‌م
ده‌به‌رله‌وه‌ى خۆم بکوژم
ده‌ستت بێنه با بیگوشم
* * *
((ته‌نیا جووته پێڵاوه‌که‌م
به‌م زه‌مینه‌وه‌م ئه‌به‌ستێ ))
که‌چى خاکم گه‌لێ له خۆم خۆشترئه‌وێ
ئه‌ى باشه چۆن
به‌رگه‌ى ئه‌وینى تۆ بگرم
له‌کاتێکدا ئاره‌زوو بیر
ته‌نانه‌ت هیواکانیشمان به‌یه‌ک ئه‌چێ
ده‌به‌رله‌وه‌ى ئاژه‌ڵه‌کان
که‌ڵبه‌کانیانم لێ گیرکه‌ن
ده‌به‌ر له‌ساتى مردنم
ده‌بۆ دوا جار
ده‌ستت بێنه و
با بیگوشم .
1989 – سلێمانى
• دێڕه شیعرێکى (محه‌مه‌د ماغوت) ى شاعیره و له
قه‌سیده‌ى (مقهى فی بیروت) وه‌رمگرتووه.
وڵاتى خوڕافات و داڵ
گوێڕادێره، هاوار هه‌واڵ
دۆن‌کیشۆت زیندووبۆته‌وه
ئێستا کابراى ڕۆژ هه‌ڵاتى
به‌سه‌ر پشتى
که‌رێکى شه‌ل و سه‌قه‌تى
وه‌ک وڵاتى عیراقه‌وه
سنگى لێ ده‌رئه‌په‌ڕێنێ و
هه‌ڕه‌شه له جیهان ئه‌کات
وائه‌زانێ سوارى پشتى
ئه‌سپه‌شێى عه‌ره‌بى بووه
(ئه‌وان) یش من واى بۆئه‌چم،
سزاى شێتیان له‌لا نییه
گوێى پێناده‌ن، جا چى بووه؟
پشکۆى داخیان بۆ عاقڵ بوون
ئه‌نێن به جه‌سته‌ى وێرانى
ئه‌م که‌ره ترسنۆکه‌وه .
21/2/1991 – که‌لار
ئه‌ى یه‌که‌مین و
دوایه‌مین و
خۆشه‌ویستترین هاوڕێم
" ئه‌و ئاگره‌ى له‌دڵما نێڵه نێڵیه‌تى
رۆژ له‌دواى رۆژ گڕ ئه‌سێنێ
خۆ ئاسنى کوتراویش بێت ئه‌م دڵه‌ى من
به‌رگه ناگرێ، دڵم وه‌خته بتوێته‌وه "*
خۆت دوور بگره له‌و ئاگره
من ببم به خۆڵه‌مێشیش به‌خته‌وه‌رم
ئه‌گه‌ر تۆ بمێنیته‌وه.
ئه‌ى دوایه‌مین و
یه‌که‌مین و به‌وه‌فاترین هاوڕێم
وه‌ک ده‌ستت له‌ده‌ستم به‌ردا و
گێژاوه‌کانى سه‌رزه‌مین
لوولیاندایت و ونیانکردى
گه‌ر نه‌مردى، خواستم وایه وێنه‌یه‌کم
بڕێژیته ناو گیرفانێکى زۆر نزیک له‌دڵته‌وه
هاوڕێ من ئه‌مه‌وێت بژیت
دڵت بۆ ئه‌به‌د لێ بدات
با نزیکبم ... نزیکبم لێت
نه‌وه‌ک دڵت ئه‌م ویسته‌مى بیرچێته‌وه
له‌ئاوێنه‌ى وێنه‌که‌مدا
ئه‌شێ دیاربم یان دیارنه‌بم
به‌ڵام بۆ به‌ر
بارانى سه‌رنجى سه‌وزى دوور وڵاتێک
ناتوانم نیشتمان نه‌بم
له‌و وه‌رزه‌یدا که بۆ گیرفانى چه‌پت دێم
هه‌ست به‌گرانیى باره‌که‌ى
سه‌ر سنگى بێدارت ئه‌که‌م
تۆ له‌جێى خۆت ته‌واو ئه‌بى و
شه‌و ته‌واو بوونى بۆنییه
به‌ڵام که‌رۆژت بۆ هه‌ڵدێ
تۆ ئه‌که‌وى و خۆر ناکه‌وێ
ئه‌م گه‌ردوونه له‌گه‌ڵ مندا
دێته ژوورى گیرفانه سپیه‌که‌ته‌وه
چاوى من به‌ره‌و به‌رزه‌خى
گشت هه‌سته‌کان و شوێنه‌کان و ساته‌کان
راتئه‌کێشن.
منت بمرم ...!
له‌به‌ر وێنه‌ى خۆشه‌ویستێ
ئه‌م گه‌ردوونه له‌سه‌ر سنگى
تۆ پێڵوى ته‌ڕى لێک ئه‌نێ
شیعر کوێربێ ...!
هه‌موو دنیا له‌سه‌ر دیوانى دڵه‌که‌ى تۆ ئه‌خه‌وێ.
20/10/ به‌عقوبه
*کۆپله‌یه‌که له‌قه‌سیده‌ى ( داستانى شێخ به‌دره‌دین
) ى نازم حیکمه‌ت
هه‌واڵى کورت و درێژ و
ده‌نگ و باسى یه‌ک به‌یه‌کى ئیزگه‌کانم
وه‌کو جه‌سته‌ى ئیسفه‌نجیى خاک
خوێنى هه‌موو شه‌هیده‌کان
چۆته ناخى وشک هه‌ڵاتووى رۆحمه‌وه
بچووکترم
له‌قه‌باره‌ى غه‌م، ناتوانم
بگه‌م به‌هیچ
ده‌سته‌کانم به‌هیچ ناگه‌ن
کورتن ... کورت
رۆژ به رۆژ بچووک ئه‌بمه‌وه
گرژئه‌بم، ئه‌چمه‌وه‌یه‌ک
بچووک ... بچووک ... ئه‌بمه‌وه تا ...
تا نامێنم.
چونکه گیانم
خیانه‌ت ئه‌کات له‌مۆخى ئێسکه‌کانم !!
1/7/1990 - سلێمانى
یه‌ک به‌یه‌کى ئه‌م قووربانى و شه‌هیدانه
له‌خاکى فستقیى جه‌سته‌ما
ته‌نیا ناویان له‌یه‌کتر جودایه
ده‌نا شێوه و
ده‌نا سۆز و
ئه‌دگاریان به‌یه‌کدا چووه و
باڵایان هه‌ر یه‌ک باڵایه
من لێوان لێوم له‌شه‌هید
لێوان لێوم له‌ته‌رم، له‌یاد، له‌گڵکۆى ئازیزان
ئه‌ى هاواره ...
من قوورس بووم به‌فرمێسک و جگه‌ر سووتان
بووم به‌ماڵى شه‌هید و گوڵ
باشئه‌زانم بۆ له‌مه‌ودوا
ئه‌م جه‌سته بچکۆلانه‌یه‌ى خۆم ناتوانم
ئه‌زانم ... زۆر باشئه‌زانم
بۆ له‌مه‌ودوا
من مر‌ۆڤم
من دایکم
من گۆڕستانم !!
31/8/1992
تیشکى زیویى
جوانه‌مه‌رگبوونى عاشقێ
رۆحى به‌ردینى زمناکۆى
کوناوده‌رکرد و ئه‌فرینى
تونێلێکى مه‌ڕمه‌ڕیى
بۆ خه‌ونى دێرین و بێواده‌ى
سه‌فه‌ره سووره‌کان خوڵقاند
تونێلێکى دیوار گریاو
بۆ پونگه بۆنخۆشه‌کانى
هه‌ناسه‌ى دڵبه‌رى جوامێر
تونێلێکى ته‌واو بێده‌نگ
بۆ خه‌ڵوه‌تى شیعر و قانع
رووناک ... رووناک بۆ شه‌وه‌زه‌نگ
تاریک ... تاریک بۆ چراخان
تونێله‌که‌ى جوامێرى من *
دوور بینى ژێر سه‌رینى پڕ حیکایه‌تى ده‌ربه‌ندیخان
ئاه ... ده‌ربه‌ندى خانى خانان
شارى به‌فرینى ئاگرین
هێڵىگه‌رمیانیى کوێستانیى و
ماڵى تۆف و قرچه‌ى هه‌تاو
گه‌رم و ساردى به‌یه‌که‌وه بادراوى
ئاوێزان و لێک‌دابڕان
لێک‌دابڕان و ئاوێزان
له‌م دنیا زۆر گچکه‌یه‌دا
شیعرم چوار کۆڵانى دیووه
کۆڵانى شۆڕه‌بى
کۆڵانى سنه‌وبه‌ر
کۆڵانى داره‌به‌ن
کورد به‌دبه‌خته وه‌ک رێڕه‌وى
هه‌ر چواریان
له‌م دنیا زۆر گه‌وره‌یه‌دا
ته‌نیا چوار ده‌ربه‌ند ده‌ناسم
ده‌ربه‌ندى بازیان و
ده‌ربه‌ندى باسه‌ڕه و
ده‌ربه‌ندى په‌پووله و
ده‌ربه‌ندیخان
کورد نه‌مره
وه‌ک حیکایه‌تى هه‌ر چواریان
خولیاى دێرینى سه‌فه‌ره ئه‌مخاته ڕێ
ئاره‌زووى نه‌مریى و ئاره‌زووى فه‌نابوون
بانى دزیایى له‌مندا گڕئه‌خوات و *
منیش به‌نێو ده‌مارى خه‌مه‌کانى ئه‌ودا ئه‌گه‌ڕێم
یه‌که‌مجار له‌بازاڕ خوله شێت ئه‌بینم *
ئه‌زانى ته‌واوى ئه‌قڵى مامه خوله‌یش ئه‌نفاله،
ئه‌نفالى به‌عسه.
بۆیه پێى ئه‌ڵێم چۆنیت و
له‌ته‌کیدا وێنه‌یه‌کى ره‌ش وسپى
بۆ یادگاریى ئه‌گرم و به‌جێى دێڵم
بۆ شپرزه‌یى و وڕێنه
دێم له‌ده‌رگاى حه‌وشه‌ى ماڵى
پڕ له‌شه‌تڵه ڕێحانه ڕه‌شه‌ى زێمار و
کۆسته هه‌میشه‌ییه‌کانى
سه‌لامى کوێخا عه‌زیز ئه‌ده‌م و *
پڕ باوه‌شم خۆشه‌ویستى دائه‌نێم و
پڕ دنیایه‌ک خۆڕاگریى وه‌رئه‌گرم
وه‌ک سیروان تیژ تێئه‌په‌ڕم
ست نه‌سرین چاوه‌ڕێم ئه‌کات *
ئاخ ... زاجله‌کان پاش وه‌خت پێیان وتم
ئه‌ى نازانى ، سپێده‌یه‌ک
وه‌ک ماسى چه‌مى دێوانه ڕاویانکرد و
ئێواره‌یه‌ک، وه‌ک سێ و سێنان و قه‌ره‌داغ
شه‌هیدیانکرد.
نیوه‌ڕۆیه‌ک، وه‌ک مێژوو له‌خوێنیان وه‌ردا و
نیوه‌ى شه‌وێک به‌بووکیانبرد
له‌م گه‌شته به‌ژواره‌دا
له‌سه‌ر هه‌ورى به‌رگ خاکیى ته‌نیایى و ماندووبوون
دائه‌نیشم ...
به‌دمه‌ستانه پێکى هه‌وا هه‌ڵئه‌ده‌م
وه‌ک دره‌ختێکى هه‌ڵکشا و
جگه‌ره‌ى هه‌ڵم ئه‌کێشم
وه‌کو به‌فرى ژێر باڵه‌کانى خۆره‌تا و
من که‌ژن و بێوه‌ژن و قه‌سیده‌یه‌کى ئه‌به‌دى و جوامێرم
بوار هه‌بێ به‌نێو قامیشى دێیه‌کى سووتاوى
ده‌ربه‌ندیخاندا
هه‌موو دنیا ڕائه‌کێشم
به‌فووى ئه‌فسونى گۆرانیى، رۆح ئه‌که‌مه‌وه به‌به‌رى سه‌لیم پیرکا *
ئه‌ڵێم واباشه بیبه‌مه شاخى به‌مۆ
نا ئه‌یبه‌مه شاخى گوڵان
نا ... من له‌زه‌رده دایئه‌نێم *
دوا زه‌نگیانه‌ى سه‌رجه‌مى نهێنیه‌کانى
بۆ ئه‌ڕێژم
له‌کۆتایى گه‌شته‌که‌مدا
ئێوه ئه‌ڵێن سه‌لیم پیرک چى لێبکه‌م؟
بۆ کوێى به‌رم؟؟
وامنیازه
شانى زیاره‌تبکه‌م و
له‌نێو چاوى شیعره‌کانمدا بینێژم.
1993 – ده‌ربه‌ندیخان
*جوامێر: کوڕێکى به‌جه‌رگ و ئازابووه له‌کاتى دروستکردنى تونێله‌که‌ى ده‌ربه‌ندیخاندا
شه‌هیدبووه، خه‌ڵکى ناوچه‌که کاره‌ساتى مه‌رگى ئه‌م کوڕه‌یان کردووه به داستانێک
و ده‌یگێڕنه‌وه، قانعى شاعیریش له‌شیعرێکیدا باسیکردووه چونکه بۆ خۆى
له‌پڕۆژه‌که‌دا کارى کردووه و ئه‌و جوامێره‌ى به‌چاوى خۆى بینیووه.
*بانى دزیایى: ناوه کۆنه‌که‌ى ده‌ربه‌ندیخانه.
*خوله شێت: که‌سایه‌تییه‌کى ناسراوى ده‌ربه‌ندیخانه و له‌پاش ئه‌نفاله‌کان شێت
بووه.
*سه‌لامى کوێخا عه‌زیز: باوکى چه‌ند شه‌هیدێکى قاره‌مانه.
*ست نه‌سرین: به‌ده‌ستى به‌عسییه‌کان له‌زیندانه‌کاندا شه‌هیدکراوه.
هه‌رچى ئه‌ڵێم ئه‌ڵێیت سه‌یره
ئه‌ى سه‌رچاوه‌ى خه‌مى گه‌وره
من مرۆڤێکى ئاسایم
به‌ڵام ناخم شارى گرێ و ته‌م و هه‌وره
که‌پێت ئه‌ڵێم دره‌خت بۆ ڕقى له‌ته‌وره؟
کێڵگه بۆ پاچى خۆشئه‌وێ؟
تامه‌زرۆى باران و به‌فره
ئه‌ى سه‌رچاوه‌ى خه‌مى گه‌وره
ئه‌ڵێیت سه‌یره
ده په‌ڕه‌کانى ژیانم یه‌که یه‌که هه‌ڵده‌ره‌وه
گه‌ر تۆویى قینێکت بینى
بڵێ سه‌یره
ده کونجوڕه رووخاوه‌کانى ده‌روونم بپشکنه
بێ له‌گڕى خۆشه‌ویستى و خۆرى هیوا
گه‌ر سێبه‌رى دوو دڵیت دى
بڵێ سه‌یره
ده تۆ وه‌ره و به‌جیهانى شیعره‌کانما گه‌شتێبکه
ئه‌گه‌ر هاتوو له‌ئامێزى وشه‌کاندا
له‌قووڵایى باسه‌کاندا
له‌بڵێسه‌ى زامه‌کاندا منت نه‌دى
بڵێ سه‌یره
ئه‌ى سه‌رچاوه‌ى خه‌مى گه‌وره
ئه‌گه‌ر وتم
دره‌ختێکى باڵا کورتم
به‌ڵام دڵم عه‌شقى چیایه‌کى سه‌خته
ئه‌گه‌ر وتم
من له‌داخى ده‌ور و پشتم بووم به‌چه‌پکێ ده‌مارى ڕووت
جه‌سته‌شم بووه به‌ته‌خته
ئه‌ى سه‌رچاوه‌ى خه‌مى گه‌وره
دیسانه‌وه نه‌ڵێى سه‌یره!
1986
ئه‌ندرۆمیدا
ئێستا شیعر دێ
بۆ ژێر ئاسمانه بێ ئه‌ستێره‌که‌ى
وه‌جاخى کوێرم
وه‌کو ئازیزێ
له‌سه‌ر چرپاى یه‌ک نه‌فه‌ریى عومرم
له‌پاڵ ده‌رگاى کڵۆمدراوى جه‌سته‌ما
ڕائه‌کشێ ...
ئاگاداری /
1- شیعرى هاوڕێ
جه‌ربه‌زه‌یى ترس و شه‌رم سه‌رئه‌بڕێ
2-هاوڕێى شیعر
هه‌رچیت ئه‌وێ وه‌ره بیبه
هه‌رچیت ئه‌وێ
به‌ڵام گوێتم بۆ ڕادێره و
بیرمبه‌رێ
* * *
خۆشه‌ویستم ...
خۆشه‌ویستێکم پێى وتم:
من له‌تۆم دڵسۆزتر نییه
بمزانیایه
رۆژێ له‌رۆژان ئه‌تبینم
تۆم ئه‌کرد به‌دایک بۆخۆم
نه‌مده‌هێشت له‌دایکم ببم
له‌و رۆژه‌وه
فێربووم ئه‌وه‌ى خۆشمبوێ
ببمه دایکى، ڕێگابده‌م له‌من ببێ
* * *
- جارى دووه‌م
که له‌دایک ئه‌بمه‌وه
داستانى ژینى ڕابردوو
یاداشتى پڕ له‌ئه‌ندێشه‌ى
ته‌مه‌نى خۆڵه‌مێشیى خۆم ئه‌نووسمه‌وه
- ئه‌مجاره‌یان له‌من ئه‌بیت
وه‌ک نوتفه‌یه‌ک
وه‌ک تۆ وى گوڵێکى ده‌گمه‌ن
وه‌ک هه‌ر ئه‌ندامێکى جه‌سته‌م
ئه‌ى تیشکى خۆرى په‌رجوو
له‌ناو تاریکیى ڕه‌حممدا هه‌ڵتئه‌گرم
دوور له‌تاوان ... درۆ ... سته‌م
ئه‌پاڕێمه‌وه ئه‌مجاره
ئه‌م کۆرپه‌یه‌م له‌بارنه‌چێ
نه‌مرم تا یه‌که‌م لێدانى زه‌نگى تووڕه‌ى
له‌دایکبوونى دووه‌متم گوێ لێئه‌بێت
هه‌ر که‌هاتیته سکمه‌وه
به‌چاوى گه‌رمیان سوێند ئه‌خۆم
ڕێگاناده‌م پیرێژنه تۆقێنه‌ره مامانه‌کانى رۆژهه‌ڵات
گوێزانى ژه‌نگگرتووى پێودانگ
به‌نێوانمانا بهێنن
به‌نیازى ناوکبڕین
له‌یه‌کترمان جیاکه‌نه‌وه !
* * *
ناهێڵم به‌کل و کلتوورى نه‌زانیى
ئاسۆى گه‌شى چاوه‌کانت ڕه‌شکه‌نه‌وه
به‌سه‌رپۆشى ڕه‌ش ناوچه‌وانت ببه‌ستن
خه‌ونه‌کانت گه‌مارۆده‌ن،
باوه‌ڕه‌که‌ت بشکێننه‌وه.
* * *
خۆر پێى وتووم
ئه‌و ڕۆژه‌ى له‌دایکئه‌بى
هه‌ر ئافره‌ته و سه‌رپۆشه‌که‌ى دائه‌ماڵێ
ئه‌چێ زامى باڵى شکاوى ئینسانى پێئه‌به‌ستێ
هه‌ر مرۆڤه و تووشى په‌تاى
عه‌شق و خۆشه‌ویستى ئه‌بێ.
* * *
به‌سه‌ر ئه‌سپه شێى شیعره‌وه
ئه‌ى غه‌مبارترین جه‌سته
نوێژه شیعرێ دابه‌سته
ساڵ دێ و ئه‌ڕوا
له‌م زه‌مینه شه‌یتانییه، پیسبووه‌دا
ئه‌م ڕۆژووه‌ى مانگى غه‌مت ناشکێنى و
ئه‌و ده‌ستنوێژه‌ت نه‌شکاندووه
له‌ده‌لاقه‌ى چاوى ئه‌ستێره‌ناسێک و
دووربینه سووره‌که‌یه‌وه
ئه‌مشه‌و سه‌یرى ناخى ئاسمانم کردووه
ئه‌مشه‌و ته‌نانه‌ت له‌ناخى ئاسمانیشدا
ته‌نیا (ئه‌ندرۆمیدا) م دیووه
سه‌راپاى دنیاى ده‌ربڕین
وه‌کو لغاوى ئه‌سپه‌که‌ت جڵه‌وى له‌ده‌ستتدایه
ماندوونابى هه‌ناسه‌ت له‌سنگى ماندووبوون بڕیووه
کوا چاوى گه‌ل ؟!
کوا چاوى من ؟!
به‌درێژایى مێژووى بوونیان
شۆڕه‌سوارێکى ئافره‌تى ناو جیهانى
کردن و وتنیان دیووه ؟!
کام ئافره‌ته له‌تۆ ئه‌چێ ؟!
چ ئافره‌تێ له‌تۆ چووه ؟!
ئاگادارى /
1-گڕبه‌ربۆته خه‌رمانى جه‌سته‌ى مرۆڤى
به‌بۆنى وشه له‌هۆشچوو
ده‌ستت بێنه
بیکه به‌به‌ر پشتێنه‌که‌ى
هێڵى ئیستیواى شیعردا و ڕایته‌کێنه
تا جیهانى ده‌ربڕین نه‌بووه به‌ڕه‌ژوو
هه‌ڵیسێنه !
2-وه‌ره له‌چوارچێوه‌ى ته‌سکى
دووباره بوونه‌وه ده‌رچین
چاو هه‌ڵواسه، گوێ هه‌ڵواسه
به‌دیوارى حه‌قیقه‌تا
که‌ى بیستووته، که‌ى بینیووته
که‌س بتوانێ
دووجاران له‌هه‌مان ئاوا مه‌له بکا ؟!
1990
لاپه‌ڕه‌کانى ده‌فته‌رێکى نهێنى
یه‌که‌م: باخچه
عاشقى گوڵان ئه‌ناسم
سپێده‌یه‌ک چوومه ماڵى
شه‌ڵاڵى شه‌تڵ و خونچه‌بوو
له‌چیمه‌نى چاوه‌کانیدا پاڵکه‌وتم
له‌گه‌ڵ ده‌ستى وه‌هما فڕیم
که‌چاوم کرده‌وه
ئه‌و منیشى له‌باخچه‌که‌یدا چاندبوو !
له‌وکاته‌وه ...
به‌گه‌ڵا و ڕه‌گه‌وه له‌وێم !
دووه‌م: سه‌گه‌کان
ده‌ریاى شیعرم ڕێ ئه‌کات
و
دنیاى خیانه‌تیش له‌ژێر
شه‌وێکى قوڵدا نوستووه
سه‌گه‌کان به‌مانگ ده‌وه‌ڕن
به‌ڵام مانگ، وه‌کو من
به‌عه‌وێقى ئاسمانێکى دووره‌وه‌یه و
سه‌گه‌کانیش وه‌ک دوژمنه‌کانى به‌شه‌ر
له‌نزماییه‌وه ئه‌ڕوانن
ده‌ریاى عه‌شقم ڕێ ئه‌کات و
نازانم بۆچى به‌زه‌یم به‌سه‌گه‌کاندا دێته‌وه !
پارچه‌یه‌ک ڕۆحى سڵاویان بۆ هه‌ڵئه‌ده‌م
ده‌که‌ونه لستنه‌وه‌ى زه‌مین
ده‌ریاى دڵم مه‌وج ئه‌دات و
دێم له‌لۆجى دێڕێکمدا
بۆ ڕه‌فتار سه‌گه‌کان ئه‌گریم!
ده‌ریاى دڵم مه‌نگ ئه‌بێت و
ئه‌ڵێم خوایه
تۆیش لێیان مه‌گره، ئه‌وانه سه‌گن !
3- گۆره‌ویى
پۆلیسه‌کانى هاتووچۆ
ئه‌و ئۆتۆمبێله ڕائه‌گرن
که‌منى تیام و ئه‌پرسن:
ئێستا بۆ شیعر نانووسى؟
نامه‌ى بۆندارى پێشمه‌رگه‌کانى سه‌نگه‌ر و
ده‌ست و په‌نجه‌ى کرێکارى چاپخانه‌ى ژوڕناڵه‌که‌مان
ئه‌ڵێن بۆ شیعرت دیار نه‌بوو !
له‌چه‌قى کۆڵانه غه‌مباره‌که‌شمانا منداڵان
به‌ده‌م ماڵه باجێنه‌وه
ئه‌ڵێن تۆ به‌جاران ناچى !
من ویته ویتى نووسه‌ر و قاچاغچى،
شه‌هید و زیندانییه‌کانیش ئه‌بیستم به‌ڵام
ئه‌گه‌ر هێمنى به‌رینى دلاوه‌ر دڵى من بووایه و
ئه‌گه‌ر ڕۆحم وه‌کو دێڕه‌کانى جه‌مال
سه‌بریان لێ بچۆڕیایه
هه‌موو کوردم ده‌برده به‌رده‌مى ده‌رگاى
حوجره‌ى ئه‌شعارى ئه‌م عه‌سره و
پێم ئه‌وتن:
بۆنى گۆره‌ویى ناهێڵێ بنووسم !
4- ئێش
"بۆ دکتۆره ضحى"
دکتۆر گیان دانم نائێشێ
به‌ڵام سه‌رتاپاى ئه‌ندامى
خێڵه‌کانى جه‌سته‌م گیرۆده‌ى نه‌خۆشیى عه‌شقه ئێشه
وه‌ک ناتوانى چاره‌م بکه‌یت
به‌ڕه‌حمبه‌و ئه‌وه دانى سپى رۆحم هه‌ڵیکێشه
* دکتۆره ضحى ئه‌و کچه به‌غدادیه‌بوو که ساڵى 1991 له‌به‌رده‌م خه‌سته‌خانه‌ى
که‌لاردا به‌ده‌ستى موجاهیدینى خه‌ڵق که پێشى سوپاى به‌عس که‌وتبوون بۆ شکستپێهێنانى
راپه‌ڕینه مه‌زنه‌که‌ى خه‌ڵکى کوردستان شه‌هیدکرا.
5- یارى من
یارى من
بێستوونى بۆ کون نه‌کردووم
بیابانیشى نه‌داوه له‌پێوه
له‌ئه‌ستانبوڵه‌وه شیعرى
بۆ چاوى من نه‌نووسیووه به‌رله‌چاوى نیشتمان
له‌به‌رئه‌وه‌ى نه‌فه‌رهاده، نه‌نالىیه، نه‌مه‌جنون
به‌ڵام به‌پێوانه‌کانى ئه‌م سه‌رده‌مه
یارى من
خۆى شاسوارى له‌شکرى عه‌شقه و شاى ئه‌ڤین
له‌به‌رئه‌وه‌ى توانى دڵم کوناو ده‌رکا و
بیابانى ئازاره‌کانم بکێڵێ و
له‌زه‌مه‌نى مردن و به‌جێهێشتنا
نیشتمانم بۆ بکات به‌شیعر و پێکه‌نین !
6- کاروانێک
تۆ ڕێبوار نیت
تا له‌ڕێ لاده‌ى نه‌زانى
من خه‌فه‌ت بۆئه‌وه ئه‌خۆم
خۆت کاروانیت ............!
7- هه‌ینى
هه‌ینى ڕۆژێکى مردووه
له‌به‌رئه‌وه‌ى زیاد له‌پێویست
تێیدا ئه‌نووین، ئه‌خۆین و ئه‌حه‌وێینه‌وه
ڕۆژى هه‌ینى به‌ده‌ره له‌ته‌مه‌ن
چونکه تۆى تێدا نابینم !
هه‌ینى زۆر به‌پرسه ئه‌چێت
ئه‌وه‌تانێ مزگه‌وت پیاوان ڕائه‌کێشێ و
گۆڕستانه‌کان ژنان
ئه‌و رۆژه نه‌ئه‌بوو هه‌بێ !
تا به‌ساته دۆڕاوه‌کانى خۆماندا نه‌چینه‌وه،
ئه‌غیاره‌کان سه‌رى پیلان دانانیان نه‌په‌رژێ و
دۆسته‌کانیشمان به‌ته‌نیانه‌بن
8- دایک
بۆت نووسیبووم
( خوا قه‌زاى تۆ بخات له‌من) !
بۆ کوڕم، بۆ ؟!
وه‌ک به‌ڵاى تۆ نایه‌ت بۆ من
خوایه به‌ڵام نه‌یه‌ت بۆ تۆ.
9-پیاسه‌ى سه‌هۆڵه‌که
ه‌حه‌زمانکرد به‌یه‌که‌وه
به‌به‌ر بارانێکدا بڕۆین
به‌جله‌وه ئه‌چینه ژێر ئاوپرژێنى دوشه‌کان !
که‌ئاره‌زووشمان له‌وه‌بوو به‌یه‌که‌وه
له‌سه‌هۆڵه‌که پیاسه‌یه‌کى لێبکه‌ین
قۆڵ ئه‌که‌ین به‌قۆڵى یه‌کدا و
چاوه‌کانمان دائه‌خه‌ین !
به‌نه‌رمى ئه‌که‌وینه ڕێ
به‌چرپه پێت ئه‌ڵێم:
بۆچى سه‌یرى کچان ئه‌که‌ى؟
ئه‌ڵێى که‌واته باچاومان داخه‌ین !
ئه‌ڕۆین ... ئه‌ڕۆین
خۆمان ئه‌ده‌ین به‌جامخانه‌ى شیرینى فرۆشه‌که‌دا
به‌ئاگا دێینه‌وه
ئه‌بینین که‌پوومان
به‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌ى ئه‌ستوورى ژووره‌که‌وه
پانبۆته‌وه و !
له‌ته‌نیایى حه‌وشه قه‌ده‌غه‌کراوه‌که ئه‌ڕوانین !
به‌په‌له، په‌رده‌که دائه‌ده‌ینه‌وه و
له‌سه‌ر تاقه کورسییه‌ک دائه‌نیشین
ئیدى چیرۆکى ئه‌وینى ئه‌و کتێبه غه‌مباره‌ى بۆ ته‌واوئه‌که‌م
که تازه خوێندوومه‌ته‌وه !
10- ڤ
له‌دواى وه‌رینى گه‌ڵاکان
نازانم چى به‌دره‌ختى خه‌زان بڵێم
گریان نه‌بێ
له‌گریانیش تێپه‌ڕى بێده‌نگیم.
له‌پاش هه‌ر تووڕه‌بوونێکت
نازانم چى به‌خۆشه‌ویستیى بێوێنه‌ى
نێوان ده‌سته‌کانمان بڵێم ماتبوون نه‌بێ.
له‌گله‌یش تێپه‌ڕى بێڕه‌نگیم
ژنه شۆخه هونه‌رمه‌نده‌که‌ى هاوڕێشم
به‌رله‌ئه‌وه‌ى سه‌فه‌ر بکات
نه‌یزانى چیمپێبڵێ، نه‌یزانى
یاریى خۆحه‌شاردان نه‌بێ
له‌خۆشه‌ویستییش تێپه‌ڕى
خواحافیزى نه‌کردنه‌که‌ى !
11- باڵنده
به‌پێى تازه‌ترین پۆلێن،
کورده‌کان
سه‌ربه ڕه‌گه‌زى باڵنده‌ن !
ئه‌وه‌تانێ له‌سه‌ر په‌ڕه‌ى زه‌رد و دڕاوى مێژوو
کۆچه‌رین و به‌کاروانى سه‌فه‌ردا ئه‌ناسرێنه‌وه
به‌ڵێ کورده‌کان باڵنده‌ن !
شوێنیش نه‌مێنێ ئازاریان بگرێته‌خۆ
وه‌همى گه‌شتى
نێوانى گه‌رمیانه‌کان و
کوێستانه‌کانى نیشتمان ئه‌دۆزنه‌وه
بۆیه من لام سه‌یرنییه
کورده‌کان ئه‌فڕن و
وڵات به‌وڵات ئه‌گه‌ڕێن و هه‌رنابن
به‌خه‌ونێکى سه‌قامگیر و شارستانى !
نه‌هێلانه به‌خۆیانه‌وه ئه‌بینن
نه‌له‌دوا نیشتنه‌وه‌یه‌کیشدا
سه‌رێ له‌مه‌ولانا ئه‌ده‌ن و ئه‌پرسن له‌حاڵى
نه‌خۆشیان ئه‌که‌ن به‌قووربان
تۆزى ڕێگاى بادێکى خۆش مرور وه‌ک نالى
12- بۆ ته‌مه سپییه‌کانى ڕۆح
خۆشه‌ویستیى گوڵه‌باخێکى
با بردوو
فرمێسکه‌کانى من و تۆ
له‌ناو ده‌فرى فڕیوى دڵێکدا کۆئه‌کاته‌وه و
نایڕێژێته سه‌ر مێزه‌ى پیلان و
شیعرى فه‌ل و قسه‌ى فه‌ل و ئاره‌قى فه‌ل !
13- نامه
مانگ له‌پارچه کاغه‌زێکى
ساده‌دا
ئه‌م دێڕه ساده‌یه‌ى بۆ ماڵى رۆژ
ناردبوو
( من ئه‌و هه‌موو ساڵه چاوه‌ڕێى تۆم کرد و
ڕووم نه‌هات پێتبڵێم بۆچى نامهێنیت؟)
رۆژیش به‌یه‌کێ له‌ئه‌ستێره‌کانا
ئه‌م وه‌ڵامه‌ى بۆ نارده‌وه
( چه‌ندین ساڵه
من خۆمت لێ ئه‌شارمه‌وه و
نامه‌وێ پێت بڵێم ناوێرم !)
14- شیعرى من
شیعرى من هه‌ندێجار شمشێره
سه‌ره گه‌مژه‌کانى دنیا
دێن و خۆیانى لێ ئه‌سوون
سه‌ره مه‌زنه‌کانى دنیاش له‌پاڵیدا
وێنه‌یه‌کى ڕه‌ش و سپى
له‌پێناوى سه‌روه‌ریى و نه‌مریدا ئه‌گرن
شیعرى من هه‌ندێجار قه‌ڵغانه
که‌چى هه‌رگیز شه‌ڕخوازه دۆڕاوه‌کانى ئه‌م زه‌مانه
له‌پێشه‌وه و ڕووبه‌ڕوو ناجه‌نگن !
شیعرى من هه‌ندێجار بارانه
به‌ڵام دوژمنه‌کانى مرۆڤ ته‌ڕنابن !
شیعرى من زۆربه‌ى جار گوڵجاڕه
بۆیه ئه‌ڵێم:
خه‌نى له‌خۆم
خه‌نى له‌هه‌نگى قه‌ڵه‌م و
په‌پووله‌ى نه‌خشینى دڵم.
15- شه‌ریف پاشا
له‌گریان تێپه‌ڕى ڕوانینى
هێڵه ڕه‌شه‌کانى چاوى ئیستیوا
به‌سۆزى ئه‌و ده‌سته سپییه
ناوقه‌دم توند بگره
ئاه ... توندتر
من زه‌وى عه‌شقى تۆم
یارى من ...شه‌ریف پاشا
له‌پێکه‌نین تێئه‌په‌ڕێ
چاونوقانى سه‌رجه‌م ڕه‌نگه‌کانى جیهان
له‌ئاستى قه‌ده‌رى مندا
شه‌ڕه‌کانى ئه‌م هه‌رێمه‌م بیربه‌ره‌وه
خه‌ونه‌کانى شه‌ریف پاشا
بۆئه‌وه‌ى گریان و پێکه‌نین نه‌مکوژن
شه‌ریف پاشام بۆ بێنه‌وه
نیشتمانى شه‌ریف پاشا.
16- گه‌ڵا
گه‌ڵایه‌ک به‌سه به‌قوربان
بۆئه‌وه‌ى دێڕێ له‌نامه‌ى هاوڕێیه‌کمان
به‌بیربێنێ
که‌به‌رله‌وه‌ى سه‌فه‌ر بکات
بۆینوسیبووین:
(بچمه هه‌ر شوێنێکى دنیا
گه‌ڵا-تان بۆ ده‌نێرمه‌وه !)
من و ئه‌ویش
ئه‌وه‌نده ڕۆمانسییانه وشه‌که‌مان لێکدایه‌وه
وامانزانى دوو گه‌ڵاى پایزیى وڵاتێکمان بۆ ئه‌خاته زه‌رفێکه‌وه و به‌به‌ریدى غه‌ریبیدا
بۆمانى ئه‌نێرێته‌وه !
که‌چى (گه‌ڵا) له‌لاى ئه‌ویش
ته‌نانه‌ت له‌لاى ئه‌ویش هه‌ر
( دۆلار ) بوو !
بۆیه له‌گه‌رداوى سه‌ختى ئه‌و به‌دحاڵى بوونه‌ى نێوان هه‌ر سێکمانا
هه‌موو هاوڕیه‌تى و نامه و
ته‌نانه‌ت هه‌واڵ پرسینیش
سه‌رى تیاچوو .
17- چا
تۆ ده‌زانى
شیعرى ناخۆش
هه‌روه‌کو چاى ناخۆش وایه
قه‌ت ناتوانى ته‌واوى که‌یت !
18- قۆپچه
له‌ماچێکى بێ گوناهدا
یه‌که‌مین قۆپچه‌ى کراسه په‌مه‌ییه‌که‌م
لێبۆیه‌وه
له‌کاتى دوورینه‌وه‌یدا
عه‌ینه‌که زه‌ڕه‌بینه‌که‌ى کرده چاوى و
ده‌رزییه‌که‌ى نێو ده‌ستى هه‌ر وه‌کو په‌نجه‌ى
هه‌ڕه‌شه لێڕاوه‌شاندم
وتى ئه‌مه‌شیان نه‌خه‌یته شیعرێکه‌وه !
19- قه‌ند
تۆ ئه‌توانیت تاڵییه‌کانى
چاو قاوه و مه‌ى بخۆیته‌وه
ئه‌زانى بۆ ؟
له‌به‌رئه‌وه‌ى کچێکى وه‌کو من
قه‌ندى سه‌ر مێزى ژیانته !
20- مه‌یدانى فیرده‌وسیى*
هه‌فته‌یه‌که،
په‌نجه‌ره‌ى غه‌ریبیم
ڕێک به‌رامبه‌ر په‌یکه‌ره‌که‌ى فیرده‌وسییه
حه‌وت ڕۆژ و حه‌وت شه‌وه
کورسییه‌کى ده‌ورى باڵاى نێو باخچه‌که‌ى
ئه‌مگرێنێ و ئێواران
ئه‌چمه ژێر بارانى دڵى و
پێى ئه‌ڵێم:
به‌یانیت باش فیرده‌وسیى !
دیسانه‌وه ئه‌سپه شێکه‌مان گلاند و
به‌ته‌نیا جێمانهێشت
پاش ئه‌وه‌ى له‌به‌رده‌م
دوا شه‌و و دوا نانه‌واخانه‌ى کراوه‌ى نیشتماندا
ڕاوه‌ستاین و
وتمان یه‌کى ده‌سته‌واره‌یه‌ک وره‌مان بده‌رێ به‌قووربان
نه‌بادا ڕۆحمان له‌ڕێگا تێکبشکێت و
چۆکدابدات
که‌ڕۆژ له‌هه‌ڵهاتندایه
ئه‌چم بۆلاى و پێى ئه‌ڵێم:
ئێواره‌ت باش فیرده‌وسیى !
بمبه بۆ بازاڕ و بێستوون و تاقوه‌سان
ئه‌وکاتانه‌یش که‌نازانم شه‌وه یان ڕۆژ
ئه‌چرپێنم: شه‌وت باش فیرده‌وسیى !
چه‌ند ته‌نگه ئه‌م دڵه‌م، چه‌ند فراوانه کرماشان
ده‌رفه‌تێکم پێ ببه‌خشه
بۆ ڕۆشتنى باڵنده‌کانى خه‌یاڵ و
داکردنى شه‌سته گریان.
* مه‌یدانى فیرده‌وسیى له‌شارى کرماشانه
21- سه‌ربورده‌ى عاشقێ
چه‌ند ناخۆشه ده‌ست و
خه‌تى
سه‌ربورده‌ى عاشقێ که منم
له‌سه‌ر دیوارى ژیان
خوار و خێچه ڕووگه‌ى ئاخ و
پێچى ئۆف و
کاروانى بێ سه‌ر و به‌رى گریانم
شاشو واشه پیته‌کانى
حیکایه‌تى حه‌بیبه‌یه‌ک که من نیم
له‌قه‌سیده‌ى نالى یه‌کدا که‌تۆ نیت
خاڵبه‌ندى تیانییه ئه‌و عومره‌ى
له‌جه‌هلا بردمه‌سه‌ر
له‌خه‌ونا بردمه‌سه‌ر
له‌عه‌شقێکدا و له‌ڕێگایه‌کدا که هه‌ر وه‌کو
چرچولۆچى سیماى پیریى و
نوشته‌ى مه‌لا کوێره‌کانه !
22- گوڵه‌کانى قژم
ئاهه‌نگه‌که ده‌ستى
پێ‌کرد
من ئه‌و هه‌موو گوڵانه‌م دابوو له‌قژم و
هه‌ر وه‌ک چاوه‌ڕێى شتێبم
برژانگه په‌رۆشه‌کانم
له‌سه‌ریه‌ک دانابوو
که‌چاوم کرده‌وه
ئه‌و ده‌ستى کچێکى گرتبوو بۆ سه‌ما و
ده‌سته‌کانى پیاوێکى خوڕافى باڵا به‌رز
چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى ده‌سته شێته‌کانى من بوون !
23- فه‌لسه‌فه‌ى میوه فرۆشێک
هاوڕێم تۆ وه‌ک قه‌یسییه‌ک
بوویت
هه‌ر که‌ویستم تامتبکه‌م
هاتم کڕۆک و ناوه‌ڕۆکم فڕێدایت
* * *
دۆستى دێرین تۆ هه‌ندێجار
لاله‌نگیت !
له‌خۆته‌وه ڕووت ئه‌بیه‌وه
جاریش هه‌یه هه‌روه‌کو سێ‌و
به‌بێ توێکڵ و
به‌توێکڵیشه‌وه ئه‌خورێیت !
* * *
دراوسێکه‌م
تۆ هه‌ر وه‌کو چه‌قۆى میوه‌یت !
کاتێ نییه له‌سه‌ر سفره
ماڵى ئێمه نه‌بینرێیت
به‌ڵام ئه‌بێ لێمببوریت
من حه‌زم لێت نییه !
* * *
نیشتمانى ئازیزم به‌ڵام تۆ لیمۆیت
هه‌موو دنیا که‌ناوت هات
ناو ده‌میان پڕ ئه‌بێت له‌ئاو
که‌چى من موچڕکم پیادێت !
* * *
ئه‌ى ئه‌وه‌ى ناتناسم
بێگومانم له‌وه‌ى شووتیت
تا وه‌ک چه‌قۆ به‌ناختا ڕۆنه‌چم
ناتوانم بزانم تۆ چیت !
24- ساڵى دوو هه‌زار
نه‌گۆرانییه‌که‌ى داریوش
و
نه‌پێشبینى و قسه‌کانى نۆسته‌ردامۆس
نه‌وڕێنه‌ى ئه‌ستێره‌ناس و فاڵچییان
هیچ له‌مانه
وه‌ڵامى پرسیار و ترسى دڵت نین
تۆ به‌ته‌نیا ئه‌ته‌وێ بزانى
له‌ساڵى دوو هه‌زاریشدا
هه‌ر وه‌ک ئێستا دڵدارمیت !
1998-1999
سلێمانى
ئه‌و منداڵانه بۆ کوێ چوون
که‌زه‌مانێ به‌رله‌ئێستا
لێره دیلانێیان ئه‌کرد؟!
گوێچکه‌م پڕبوو
له‌ده‌نگدانه‌وه‌ى جریوه‌ى به‌سۆزى گۆرانى
پێکه‌نینیان له‌نێو دڵى
ئه‌و قه‌سیده به‌خته‌وه‌رانه‌دا هێلانه‌یان چێ کرد
که‌به‌ر له‌وه‌رزى هه‌ڵوه‌رین نووسرابوون و
نه‌وه‌ى پێش به‌کۆمه‌ڵ مردن
وه‌ک شه‌مامه بۆنیان ئه‌کرد و دواتر
به‌خه‌نده‌ى لێو، به‌برژانگ ئه‌یانخوێندنه‌وه
ئه‌وانه ڕوویانکرده کوێ
که‌شه‌قام و کۆڵان و نێوماڵه‌کانى
ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌یان ئاوسکردبوو به‌ژیان
ئاه ...گوڵه‌باخ
په‌روانه‌کانى هه‌ڵه‌بجه زۆر ناموڕادانه مردن
ئاه ... په‌روانه
گوڵه‌باخه بۆنخۆشه‌کانى هه‌ڵه‌بجه بوون به‌ته‌رم
" له‌گه‌ڵ کۆچى سوورا ڕۆشتن
به‌هاربوو خێڵ به‌ره و ژووربوو
کاتێ ڕۆشتن"
ڕاستت ئه‌وێ
من و تۆ غه‌مبارترین مه‌خلوقى سه‌ر مێزه‌که‌ین!
درۆت ئه‌وێ
من و تۆ غه‌مبارترین مه‌خلوقى سه‌ر مێزه‌که‌ین!
ئه‌ڵێى ئه‌و باره سێوانه‌ین که‌نه‌کرا
باربکرێن بۆ ئه‌وێ
من و تۆ نادیارترین و نهێنیترین ئاماده‌ى سه‌رمێزه‌که‌ین
ئه‌ڵێى دوو چه‌پکه نێرگزى به‌جێماوین له‌کاره‌سات
وه‌ک خش و هوڕى دامێنى
کراسى ژنه شۆخێکى هه‌ڵه‌بجه‌یى ته‌نیا و مات
ئاى من و تۆ
نه‌زیفى ئازارمان، تا ئه‌م دنیایه دنیایه
ڕاناوه‌ستێ
ئاى من و تۆ ...
رووبار‌ى فرمێسک ئه‌مانبات!
1996
هه‌ولێر
• تێبینى: ئه‌م کۆپله‌یه له‌گۆرانى کۆچى یارم کۆچى سووره‌وه وه‌رگیراوه.
به ته‌نیا
که دڵداریت له‌گه‌ڵ ئه‌که‌م
سه‌نته‌رى ژیانى منیت
هیچ دیار نییه
هه‌موو دنیا سه‌رابه تۆنه‌بیت
که دڵداریم له‌گه‌ڵ ئه‌که‌یت
شتێکم له‌شته‌کانت
ئه‌ى پیاو تۆ چه‌نده نه‌رجسییت!
* * *
که دڵداریت له‌گه‌ڵ ئه‌که‌م
وێنه‌ى ژنانى سه‌ربورده‌ى تیرۆریشم له‌به‌رچاوه
ژیانمان چه‌ند به‌خه‌ونێکى ناخۆش ئه‌چێ
من به‌ته‌نیام و تۆ دیارنیت
که دڵداریم له‌گه‌ڵ ئه‌که‌یت
وه‌ک تاج و کورسى و تفه‌نگ و
گه‌نجینه وه‌همییه‌کانت پارێزراوى
من له‌دێڕێ له‌دێڕه‌کانى شۆڕشى
سپارتاکۆسه‌وه هاتووم
له‌هه‌مان ماڵى مێژوودا
سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو دوورى و جیاوازیانه‌یش
به‌یه‌که‌وه ئه‌گوزه‌رێین،
ئێمه چه‌ند له‌یه‌ک عاجز و
چه‌ند ئاشتیشین؟!
* * *
من گوڵێک نیم له‌گوڵه‌کانى خه‌یاڵى شه‌ریف پاشا
تا ئاودان و ئاونه‌دانم له‌چاوه‌ڕوانیدا بمرێ
به‌ردیش نیم!
په‌روانه‌یه‌کى بچکۆله
حیکمه‌تێکى مه‌زنى له‌لا درکاندم
وتى ئاه ... ئه‌ى عه‌شق
چه‌ند کۆیلایه‌تییه‌کى خۆشى!
* * *
که دڵداریم له‌گه‌ڵ ئه‌که‌یت
دڵى ئه‌و دایکه ڕبگره که‌له‌ناخما ڕاکشاوه و
تۆ وه‌ک منداڵێ ئه‌بینێ و
هه‌موو سۆزێ
ئه‌یخاته حاڵه‌تى گریان
ئه‌و منداڵه‌یش مه‌ڕه‌نجێنه
که‌هێشتا هه‌ر له‌ناو مندا خه‌ریکى بووک بووکێنه‌یه و پێویستى به‌نازى باوکه!
ده له‌وکچه بزێو و خه‌مڵیوه‌یش تێبگه
که شه‌ڕى هزر و دایالۆگ به‌مێژووت ئه‌فرۆشێ و
له‌دڵه ته‌ڕ و بڕه‌که‌ى ئه‌و پیرێژنه‌یش ببووره
که له‌ناو منى سه‌دساڵه‌ى شێتۆکه‌دا
ئاره‌زووى چۆته سه‌ر کۆرپه!
پیاوه‌که ...
که دڵداریت له‌گه‌ڵ ئه‌که‌م
پێویست ناکات به‌بیرت بێنمه‌وه
خۆت ئه‌زانى چۆنم و چیم
3/3/1999
سلێمانى
به‌داخه‌وه،
به‌گریان ده‌ستپێئه‌کات له‌دایک بوون
بۆئه‌وه‌ى که حیکایه‌تى
گوڵه‌باخى دڵمتان بۆ بگێڕمه‌وه
ئه‌بێ به‌ژێر بارانى گریانا بڕۆم و به‌ته‌ڕى
له‌به‌ر سه‌رماى وجودا ده‌مبجووڵێنم
ئێوه‌یش به‌جووڵه‌ى خۆویستى لێوانمدا
بزانن ئه‌مه‌وێ چى بڵێم
جووڵه‌ى دوو لێو که‌ڕۆڵى سه‌رتاپام ئه‌بینن و
ئه‌یانه‌وێ چیرۆکى درێژى دوو چاوتان بۆ بگێڕنه‌وه
که به‌ر له‌زریانى فرمێسک
جوانترین په‌نجه‌ره و ده‌روازه‌ى جه‌سته‌م بوون
(گریان) فه‌لسه‌فه‌ى ژیانى ژنه، نه‌ک چه‌کى
کانیى لێبووردوویى ده‌روونه و ئه‌ته‌قێ
بۆیه ئێمه، له‌هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کان زیاتر گریاوین
هاوڕێکانمان شه‌ڵاڵى فرمێسکمانن
هه‌روه‌ها دوژمنانیشمان!
نیشتمانمان خه‌ڵتانى هه‌نیسکمانه
هه‌روه‌ها هه‌نده‌رانیشمان
نازانم له‌کوێوه
بچمه‌وه سه‌ر حیکایه‌تێ
که‌به‌رده‌وام ویستوومه له‌یادیبکه‌م
خۆمبده‌م له‌باسى دڵێ
که وانه‌ى سه‌برى به(گوڵ) وتووه و
جه‌ورخانه‌ى گه‌ردوونبووه
دڵێک که گوناهى گه‌وره‌ى ئه‌وه‌یه
له‌شێوه‌ى گوڵه‌باخێکدا خه‌مڵیووه و
به‌دیدى گوڵێکیشه‌وه ژیاوه و وه‌ریووه
دڵم ناڕازییه له‌وه‌ى
یارم و شیعرم و قه‌ده‌رم
پێم ئه‌ڵێن په‌پووله!
که ده‌ست له‌خۆمه‌وه ئه‌ده‌م، هه‌ستئه‌که‌م
چه‌ندین و چه‌ندین دڕک و داڵم پێوه‌یه
نا ...نامه‌وێ ببم به‌تۆز
نامه‌وێ زوو بمرم
حه‌زناکه‌م وا به‌ئاسانى بگیرێم
ئاخر دوو باڵم بۆچییه؟
که ئه‌و شوێنه‌ى من ئه‌یخوازم جارێ نییه!
دڵم په‌شێمانه له‌وه‌ى
که په‌پوولانه ژیابێت و شه‌یتانانه گریابێ
ئه‌و رۆژانه‌م به‌نه‌فره‌تبن
که چه‌ندینم ئه‌خستنه سه‌ر
ئه‌م باڵه شه‌فافانه‌م و به‌رز به‌رزم ئه‌کردنه‌وه
تا ئازاریان پێ نه‌گه‌یاندبم به‌خوا
نه‌مزانیوه مرۆڤن یان زه‌رده‌واڵه!
باشه ئیدى من باڵم بۆچییه؟!
که گوڵانه تێئه‌فکرم
نه‌ک سه‌گانه؟!
باشه ئه‌م بۆن و جوانییه‌م بۆچى باشن
که وه‌ک په‌پووله‌یه‌ک ئه‌ژیم و
ئالووده‌م به‌فڕین؟!
دڵى من پاش گریان ئه‌له‌رزێ و
شه‌وێکى خومینیى زستانێکى قومینیى وه‌بیردێته‌وه
که من و برا گچکه‌که‌م، دوو جووت جزمه‌ى
تاکه‌و تاکمان هه‌ڵئه‌کێشا و
به‌یاننامه‌ى کۆمه‌ڵه‌مان فڕێئه‌دایه نێو حه‌وشه‌ى
ته‌ڕ و بڕى ماڵانه‌وه
سه‌یر بوو، زۆر سه‌یر
له‌وسه‌ر که ئه‌گه‌ڕاینه‌وه
هه‌ر وه‌کو موورویه‌ک، که ده‌ستى زه‌نگیانه‌یه‌کى گرتبێ
خل ئه‌بووینه‌وه
له‌به‌رده‌رگاى په‌شۆکاوى خۆماندا
ئێستێکمان ئه‌کرد
له‌ناخه‌وه زه‌نده‌قمان له‌هیچ نه‌چوو بوو
تووڕه‌بوونى دایکمان نه‌بێ !
که ئه‌یوت: به‌م شه‌وه له‌کوێ بوون؟!
ئه‌و ده‌مانه ئێمه گوڵانه تێ ئه‌فکرین و
وه‌کو په‌پووله‌کان ئه‌ژیاین
ئه‌مانتوانى وه‌ک شه‌قامى سه‌هۆڵه‌که واقیعى و
وه‌ک سه‌رچنار خه‌یاڵیى بین
به‌داخه‌وه، ئه‌م ده‌مانه
ئێمه ئه‌و په‌پوولانه‌ین که وشک ئه‌کرێین و
ئه‌و گوڵانه‌شین که لێمان ئه‌که‌نه‌وه
له‌یه‌کێ له‌لاپه‌ڕه‌کانى به‌ندى گله‌یى ئه‌م دڵه
گوڵه‌باخییه نوسراوه: عه‌زیزم حکومه‌تى من
خه‌ریکى ئه‌بیت به‌یانه‌ى
پیر و په‌ککه‌وته و دیوه‌خانى هۆزه‌کان
تۆ سه‌رمه‌ستى گوشینى ده‌ستى نه‌زۆک و
پیره‌ڵۆکى فڵان خێڵ و فیسار خێڵى
خه‌ریکه ئه‌و ده‌ستان ناناسیته‌وه
که وه‌خته هه‌موویان له‌نائومێدیدا کۆچئه‌که‌ن!
ئێستا ئاله‌م وه‌رزه سه‌خته‌ى ته‌مه‌نتدا
دوورى له‌گه‌رمایى دڵى گه‌نجه‌کان
هێنده دوورى، له‌ده‌ست و خه‌تى گله‌یى و
ئازاریان هیچ حاڵى نابیت
پیته‌کانى خه‌ون و حه‌زه کوژراوه‌کانى ئه‌م نه‌وه
نوێیانه ناخوێنیته‌وه !
مه‌خابن حکومه‌تى من
حکومه‌ته‌که‌ى ناو دڵم
جارهه‌یه تۆ پێت زۆره که رووناکبیرێ
به‌رامبه‌ر مینبه‌رێ چاره‌کێکى
ده‌ردى دڵى هه‌ڵبڕێژێ
جایش هه‌یه
چه‌ندین لاپه‌ڕه و بوارى ئه‌ده‌یتێ!
مه‌خابن حکومه‌تى من
ئه‌ى جوانترین و خۆشه‌ویستترین
حکومه‌ته‌کانى دنیا
ئه‌م دیوارانه له‌پاى چى به‌ده‌ورى خۆتدا هه‌ڵئه‌چنى؟
من شاعیرم قاچاغچى نیم
له‌به‌رده‌مى هه‌موو ده‌رگاکانى خۆتدا ئه‌مپشکنى؟
نیگه‌رانمه‌به حکومه‌تى چاوم
له‌لاپه‌ڕه‌ى لێبووردنه‌کانى ئه‌م دڵه
په‌پووله‌ییه‌دا نووسراوه:
گه‌ردنت ئازادبێت له‌هه‌مووى
له‌وه زیاتر چى بڵێین
ئێمه گوڵانه تێئه‌فکرین و
وه‌کو په‌پووله‌کان ئه‌مرین
به‌داخه‌وه،
هه‌تا ئێستایش به‌زوویر بوون کۆتایى دێت
سه‌راپاى ده‌ربڕین
پێئه‌چێ دڵم نه‌زانێت که‌دڵان ڕابگرێت
ئه‌و زمانه‌ى جارێ نه‌دۆزیوه‌ته‌وه
که به‌وێنه‌ى هه‌توان نه‌رمه و
هه‌ر پیتێکى چه‌ندین مانا هه‌ڵئه‌گرێ
نامه‌وێ ...........
من بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌م حیکایه‌ته‌ى دڵم
که جارێ هێشتا هیچى وام
له‌م لاپه‌ڕه زۆر بچووکانه‌ى ئێره‌دا و
له‌سه‌ر ئه‌م هێڵه خوارانه‌دا لێ نه‌نووسیووه
زمانێکى جیاوازم پێ ناوێ
راستییه‌که‌ى ناوێرم، من غه‌مبار ترم
له‌وه‌ى ده‌ستبه‌رم بۆ (نوێ)
شه‌رمئه‌که‌م به‌م حیکایه‌ته کۆنه‌وه
له‌ده‌رگاى سه‌رده‌مبده‌م و
ناتوانم سه‌ر بڵندانه
وه‌ک غرورى نه‌زانه‌کان
به‌بێ ئه‌م نیگه‌رانی و دڵه کوتێیه
به‌بێ ئه‌م تاوه گریانانه بچمه ژووره‌وه
به‌داخه‌وه،
هه‌ر به‌گریان ده‌ستپێئه‌کات ته‌واو بوون
من دڵم کۆتایى پێهات
به‌ڵام حیکایه‌ته‌کانى به‌رده‌وامن
پێى لێ ئه‌نێم که‌نه‌متوانى
هیچ له‌م رێکه‌وت و قه‌ده‌رانه بگۆڕم
که ئاسمان و زه‌مینیان ته‌نیووه
ئه‌م باسانه‌شتان جارێ بۆ ته‌واو ناکه‌م
له‌به‌رئه‌وه‌ى
من گوڵانه‌هه‌ڵوه‌ریم و
په‌پوولانه وشککرام.
1999
سلێمانى