
به‌سه‌دان...
كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
(به‌سه‌دان كچ)
به‌سه‌دان كچ هاوارت بۆ ده‌كه‌ن
له‌به‌ر ئاوێنه‌ى بالاَتا
شێت ده‌بن، ده‌بوورێنه‌وه،
كه‌چى هێشتا بێگومانم
له‌وه‌ى تۆ هه‌ر منت ده‌وێت!
له‌به‌رئه‌وه‌ى ..
قۆپچه‌یه‌كى كراوه‌ى سه‌ر سنگت
به‌رده‌وام دڵنیام ده‌كات له‌وه‌ى
كه تۆ چه‌ند منت خۆشده‌وێت.
(به‌سه‌دان كه‌س)
به‌سه‌دان كه‌س له‌سه‌ر رێگه‌كه‌ت ده‌وه‌ستن
گوڵ ده‌كه‌ن به‌فه‌رشى به‌رپێت.
هه‌ندێكیان ساڵ و دووان و
سیان
سه‌ره بۆ بینینى چاوت ده‌به‌ستن.
ده‌بینم من ...
له ئاپوره‌ى ده‌ورى تۆدا
هه‌رگیز جێگام نابێته‌وه
كه‌چى هه‌ر به‌ته‌له‌فۆنێك
قه‌ناعه‌ت به‌دڵم ده‌كه‌یت
كه ئاماده‌ى هه‌موو دنیا به‌جێبێڵى و
له‌گه‌ڵ من كۆببیته‌وه.
(به‌سه‌دان ...)
له‌بیر خۆمت ده‌به‌مه‌وه
به نووسینى سه‌دان وتار
به‌چنینى دوور و درێژترین به‌رماڵ.
به بوونم به‌حاخام،
به راهیبه،
به حیجاب پۆش،
به بێ ئیمان !
بێ سووده ئه‌ى مه‌رگ ...
بۆ كوێ بڕۆم هه‌ر ده‌كه‌ومه باوه‌شته‌وه !
له ده‌رگاى ماڵ دێمه ده‌رێ
وه‌ك كه‌سێكى عاشقى من، به‌شه‌رمه‌وه
سه‌رى كۆلاَنم لێ ئه‌گریى و
پێم ده‌ڵێیت: مه‌ترسه
كه‌سه‌یرى نه‌ترسیت ده‌كه‌م،
بڕۆ بژى و ئاوڕم لێ
مه‌ده‌ره‌وه !
هه‌موو جارێ ده‌ستئه‌ده‌مه جلێكى بووكێنى
كه ئه‌زانم هه‌مان ره‌نگى هاتنمه بۆ لاى تۆ
لێى په‌شێمان ده‌بمه‌وه.
ده‌ستده‌كه‌م به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى گوڵى
چنراوى سه‌ر ئه‌ته‌مینى یاده‌وه‌ریى
به‌بادانى سه‌رى ته‌شیى
به په‌ت په‌تێن ، بابه خولێ
به هه‌میشه خوێندنه‌وه.
به‌سه‌دان خه‌م
خه‌ون
گومان
له‌بیر خۆمت ده‌به‌مه‌وه و
كه‌چى له‌بیرم ده‌رناچیت !
2006 - سلێمانى