چەندین جار،
داوای بەخشینم لەپێڵاوەکانم کردووە
کەبەرێگا دووبارەکاندا دەیبەمەوە!
چەندین جار،
داوای بەخشینم لەدەستەکانم کردووە
کە بۆ تۆ درێژم کردو تارمایی بووی!

بێزاریی من لەژیان،
وەک بیزاربوونمە لەدەرگاکان
لەکردنەوەیان!
لەداخستنیان!
لەشکاندنیان!

بڕوام نەدەکرد بەو ئەندازە سادە بم

لەدووری دوورەوە
بە بۆنت بتناسمەوە,
بروام نەدەکرد،هێند شپرزەبم
بە نیگایەکت خۆم وون بکەم !

لێرە زۆر باشم !

هەموو شت باش دەڕوات,

تەنیا خۆم نەبێت
بەدارشەق دەڕۆم
تاسە دەكەم,
لەسەر دەست دەڕۆم,
هەندێ جاریش
بە پشتا دەرۆم.بروام نەدەکرد،بروا بکەم بە بڕوای خۆم،بەتۆ

من، هەر چاوەرێت دەکەم
ئەگەر بە سڵاوێکی بێ دەست بێت
یان بەنیگایەکی بێ چاوەوە,
یان بەبێ دڵ بگەرێیتەوە
تەنانەت بەتارماییەکانیشت!
دەمگەرێنیتەوە نێو ژیان

خۆشم دەوێی!
لەسەرەوە وام بۆ نووسیوی،
خۆشم دەوێی!
لەخوارەوەش هەروا،
لەهەموو لایەکەوە گەمارۆم داویت بەخۆشەویستی،
چ دیکتاتۆرێکی عاشقم!
هەموو دەروازەی دەرچوونم لێگرتووی.

یەنایەری-2011
omerjelal@yahoo.com