سڵاو باوكی ئازیزو بەدبەختی من 
 
دەمێكە من نە لە هەواڵی تۆ و نە لە هی دایكم و نە لە هی ئەو برایانەم بۆ كوشتنم ئەگەڕێن و نە ئەو خوشكە چكۆلانەشم هەموو شەوێك بە حیكایەتێكی ئێسكسووك ئەمكردە خەو، بەخەبەرم. نازانم لە كوێوە دەست پێبكەم، بەهەرحاڵ من ئەمویست تۆڵەی مناڵییە كوژراوەكەی خۆم بەمیهرەبانیی بۆ ئەو قەرەبوو بكەمەوە، ئەمویست ئەو نازەی كە تۆ پێت نەئەبەخشی من بیدەمێ‌، بەڵام دەردی عیشق دیداری هەمووتانی لێ حەرام كردم، ئەبێت وا بڵێم باوكی ئازیزم، ئەبێت وا بڵێم بۆ ئەوەی تۆش ئەوەندە لە ئازاری ویژدانا نەسوتێی، بۆ ئەوەی هەست بە گوناهی ئەو جۆری پەروەردەكردنە نەكەیت وایلێكردین بۆ هەتاهەتایە نەتوانیین بیر لە بینینەوەی یەكتری بكەینەوە. ئەوەتانێ‌ تۆو كوڕەكان پێكەوە بۆ كوشتنم ئەگەڕێن و ڕەنگە لە دوای كوشتنیش لە ناخی دڵەوە بۆم بگرین، ئاخر هەر ئەمەیە وا لە منیش ئەكات دەردی دڵی خۆم‌ و مەینەتیەكانی ژنبوون‌ و سۆزانیەكانت بۆ بنووسم لەم وڵاتەدا .
 
باوكی ستەمدیدەی من ...من‌ و تۆ هەرگیز لە یەكتری تێنەگەیشتین، هەرگیزیش ڕۆژێك سفرەی قسەكردن كۆی نەكردینەوە، تا وەك دوو هاوڕێ‌ دەستەكانت بخەیتە ناودەستم‌ و، بە ئێوارەی باخچەیەكدا پیاسەیەكی دۆستانە بكەین، وەك پێم وتی تۆ هەرگیز لە من تێنەگەیشتنی، ئەمەش وای كرد من‌ و تۆ ئەو دیوارە نەبینراوە لە یەكتریمان جیابكاتەوە و من هەوڵی ڕوخاندنی بدەم، ئیتر هەر لەو دیوارانەوە لە سەرما و گەرمای وەرزەكان ئەیانپاراستم، تا ئەو دیوارانەی قەڵغانێك بوون بۆ ئەوەی دەستی غەدر نەگاتە جەستەی من. ئەوە تۆ بوویت منت كوشت، كۆمەڵگاكەی تۆ بوو، ئەو كلتورە بوو لە بیركردنەوەی كۆمەڵە پیاوێكی وەك تۆدا دروست بووبوو، ئێستا من لێت دەپرسم ئایا هەمان كۆمەڵگا سیخناخ نییە بەو پیاوانەی دەرگای مزگەوت و ماڵەكانیان بە ڕووی كڵۆڵێكی وێڵا دائەخەن‌ و دەرگای میهرەبانیان بە ڕودا كڵۆم ئەدەن‌ و دەرگای مەینەتیان بۆ ئەخەنە سەرپشت؟ ئەگەر لێشی بكەنەوە ئەوا تەنیا بۆ شەوێكی سووری خۆیانە و هیچی تر، بەڵام ئایا ئەمانەش هەر ئەو باوكانە نین دیواری بڤە و قەدەغە و یاساغ بە دەوری ژن‌ و خوشەكەكانیان‌ و كچەكانیانا هەڵئەچنن؟؟ من لە تۆ ئەپرسم ئەوە چ یاسایەكە ڕێگا بەوان ئەدات پاڵ بە هەزاران ناچاركاری وەك منەوە ئەنێنن بۆئەوەی شەوەكانی ئەوان سوور و چارەنووسی خۆمان ڕەش بكەین؟؟ بەڵام باوكە بڕوا بكە هەموویان لەسەر سیستەمەكانی خەوتنی ئێمە ئەو كلتورە دائەكەنن هەزار ساڵە بەرگری لێ ئەكەن، هەر لە مامۆستا و نووسەر و ڕوناكبیر و ویژدانپەرست و گەورەپیاوانەوە بیگرە تا بەشێك لەو كەسانەی دەمامكی خواناسی ئەپۆشن. هەموویان خۆیان رووت ئەكەنەوە لە شكۆ، تەنانەت هەندێكیشیان بە هەموو ئەو شێوە نامرۆڤانە لەگەڵمان جووت ئەبن ئاژەڵیش بیری بۆی ناچێت. هەرچی دەمامكی ویقارە لەبەر پێمانا فڕێی ئەدەن. تەنانەت بەشێك لەو شاعیرە دڵناسانەش عیشقێكی ساختە هەڵئەكێشن لە پیرۆزی‌ و لە دڵی كڵۆڵی ژنێكی بێچارە و بێپەنا بێخەبەرن و نایانەوێت تەنانەت ڕستەیەكیش ببیستن.
 
باوكی ئازیزم ...تۆ هەمیشە خەیاڵت لای سزایەكە گیانی من بكێشێ‌، بەڵام من بەهەزار ڕێگا بۆت ئەسەلمێنم كە من مردووم، ئایا گیان كێشانی منیش ئەتوانێت ئەو پەڵەڕەشە بسڕێتەوە ئەوەتانێ‌ بەنێو چاوی هەردووكمانەوە ؟چی ئەڵێیت باوكە ئەوە كۆمەڵگاكەتە من ئەخاتە ناو زەلكاوی هێڵنج‌و پەڵەی ڕەشی نێوچاوانی من ئەخاتە سەر نێوچاوانی تۆش، بەڵام بیری لێبكەرەوە ئایا ئەوەش سزانیە تەمەنت لە(40) ساڵی چووبێت بەو دیواو مناڵێك نەبێت لەباوەشی بگری‌و حیكایەتی بۆبگێڕیتەوەو پێت بڵێت (دایكە)؟تۆ نازانیت چەنێك سەختە تەمەنت گەیشتبێتە ئەم تەمەنەو نەبووبیت بەدایك!كاتێك هەموو ئەو ژنانەدەبینم لەبازاڕدەگەڕێنەوەو دەستی مناڵە خنجیلانەكانیان گرتووە، نازانیت چەنێك ئیرەییان پێئەبەم !!نازانیت چەنێك خەمبارو نیگەران ئەبم بەم تەمەنەوە هاوسەرێكم نیە خۆشم بووێ‌‌و خۆشی بووێم !نازانیت چەنێك مەراق‌و كەسەر سەرئەكەنە سەر سەرینەكەم‌و شەوانە خەوی ناخۆش ڕام ئەچڵەكێنن‌و، تۆ بەچەقۆیەكەوە بەدواما ڕائەكەیت‌و، منیش لەدەست تۆ هەڵدێم‌و خۆم ئەخزێنمە باوەشی پیاوێكەوە ئەو بەشتێكی تر ئەمكوژێ‌.نازانیت چەند خەوی تاڵو ترسناك ئەبینم‌و چەنێك كابووس ئەكەیت بەمیوانم، شەوێك لەخەومدا سەری بڕاوی خۆمم بەقژ هەڵگرتبوو بەپێكەنینەوە باوەشم ئەكرد بەمردندا، شەوێكی تر لەخەومدا نیوەی دەموچاوم كرم ئەیخوارد لەتاریكیاو ئەونیوەكەی تری لەبەر بارانا سەگ ئەیخواردو بەبێدەنگی سەیرم ئەكردن، شەوێكی تر خەریكبووی بەچەقۆ چاوەكانت هەڵئەكۆڵیم‌و ئەتخستە گیرفانتەوە كاتێك خەبەرم بووەوە هەستم ئەكرد هەربەڕاستی چاوەكانم لەگیرفانی تۆدایە، شەوێكی تر لەخەومدا تەرمێك لەحەوشەكەدا كەوتبوو حەشاماتێك پێی پێئەكەنین‌و سێكسیان لەگەڵ ئەو تەرمە بۆگەنكردووەدا ئەكرد، خۆم بینی لەناو حەشاماتەكەدا بەتەنیا بۆ تەرمی بۆگەنكردووی خۆم ئەگریام بەهەزارن شێوە كوژرابووم، شەوێكی تر لەخەومدا پاساری مردوو ئەباری، شەوێكی تر لەخەومدا سمۆرەكان دڵی خۆیان لەناو دڵی درەختەكانا ئەناشت، شەوێكی تر لەخەومدا كۆمەڵەكچێك مناڵكار لەخوێنی خۆیان هەڵئەخلیسكان و ملیان ئەشكا، شەوێكی تر لەخەومدا چاوی كوڕێكی بەدبەختت هەڵئەكۆڵی و فڕێت ئەدایەناودڵی من، شەوێكی تریش كۆمەڵێك كچم ئەبینی بەكفنەوە ئەچوونە ئاهەنگی گواستنەوەیان‌و كۆمەڵێكی ترم ئەبینی بە ئاگرەوە سەمایان ئەكرد .باوكەگیان ئەم كابوسبارانە ژیانی شەوانی كچەكەتە، ئاخر تۆنازانیت چ ئازارێكی پەنهان لەناوەوە ئەتسوتێنێ‌ و نازانیت هۆكارەكەی چیە، ئەو قریشكەی ئەوكچانەیە كەسو كاری تۆنین و لەئازارا ئەسوتێن، بەڵام من ئەزانم دەنگی كوڕێك هەمیشە لەكۆڵی خەونەكانم نابێتەوە، ئاخر( كەوێرانیەك ڕوئەكاتە دڵ وەك ئەوسا ژیان ناگوزەرێ‌‌و لەوانەیە ئەو وێرانیە سەراپای تەمەنیش بگرێتەوە) .من ئەو كوڕەم خۆشئەویست‌و ئێستاش هەندێك جار بەناو ئەو هەموو كابووسەدا دێتەوە خەوم، ئەمە ئەو كوفرە گەورەیە لای تۆ لێخۆش بوونی بۆ نیەو لێخۆشبوونی بۆ نەبوو، چجای ئەوەی بتوانیت لەسۆزانیەكی ناودارو مەخسەرە ببوریت !باوكە من تەنیا ئەو كوفرەم كرد لەژیانمدا، ئیدی هەموو كوفرەكانی تر تۆكردتن نەوەك من .تۆ لەئامێزی دایكما بوویت من هەڵاتم‌و لەشەقامەساردەكانی شەوا هەستم بەفڕێنێكی شێتانە ئەكرد، درەنگ تێگەیشتم هەر ئەو فڕینە شێتانە باڵەكانمی شكاندو ئەگەرتۆش لەو قەفەزە تاریكەدا دیلت نەكردبام‌و ئاسمانی حەوشەكەت لێقەدەغە نەكردبام ئەوا نەباڵەكانی من ئەشكان‌و نەئاسمانی ئەمشەوەش ئەوەندەتاریك ئەبوو، ئەگەر تۆ بەڕوناكی ڕۆژت نامۆ نەكردبام ئەوا وەك سەرخۆشە بێپەناو فەرامۆشەكانی شەوم لێنەئەهات.
 
ئاخر تۆ لەباوەشی ژنێكدا ڕۆژت ئەكردەوە ئەبوو بەعیشق بتسوتێنێ‌ نەك بەئارەزوو، بەڵام ئەو هەرگیز ئەمەی لەگەڵ تۆدا نەكرد، ئاخر نەتۆ بۆدیوە پەنهانەكەی ئەو گەڕایت كەپڕبوو لەخیانەتی ناودڵو بەخەیاڵی كەسێكی ترەوە لەگەڵ تۆدا ئەخەوت، نەئەویش ویستی لاپەڕەبەلاپەڕەی ڕۆحت بخوێنێتەوە، ئەمەش دروستكاری ئەو كینە بوو وایلێكردی نەتوانیت هەرگیز لەئازاری ئەو كچە بێنازەت تێبگەیت‌و لەو گۆڕ فەرامۆشەت گەڕێیت هێشتا وەكو باوكێك خۆشی ئەوێیت و لەهەموو ئەو كوفرانەش ئەتبوورێت تۆ كردنت نەوەك ئەو .ئاخر خۆ دنیا هەرئەوەنیە هەركەس لەئامێزی كەسێكی تردا ڕوتبووەوە ئیدی ئەقڵیشی ڕوت ئەبێتەوە لەهەموو ئەو عیشق‌و عاتیفانەی زەمانەیەك ئەویان داگیر كردووە.تكات لێئەكەم لێم تێبگە، بەخودا لەگۆڕی یەكێك لەفیر عەونەكانا بەزیندویی ڕاكشێی لەوەخۆشترە تا ئەوەی ماسیەك بیت و لەم زەلكاوی شەهوەتەدا مەلەبەكەی .تۆ نازانیت ئەو ئازارە چۆن لەدڵەوە وەكو نەشتەرێك ئەتبڕێت سۆزانیەك بیت و هیچی تر!ئەوەش جۆرێكی تری كوشتنە لەئامێزی هەموو كەسێكدا ڕوتبیتەوەو ئیحساست هەمیشە پێت بڵێت :ئەمانە هەموویان تۆ وەكو ئاودەستێكی خۆ خاڵیكردنەوە ئەبینن‌و كارێكی تریان پێت نیە، تۆ نازانیت ئەوەش چەند تاڵو دەردناكە هەموو دنیا لەسەر جێگاكەت تێر بكەیت واش هەستبكەیت تەنیاترین مرۆڤی سەر ئەم ئەستێرەیەیت، شەوی هەمووان سوربكەیت و چارەنوسی خۆت ڕەش!
 
باوكی بێباكی من ...بڕوابكە گریان نەبووایە ئەم ژیانە بۆمن هیچ مانایەكی نەئەبوو، بۆمن ژیانێك ئەبوو خاڵی لەجوانی، تۆبیری لێبكەرەوە كێ‌ لەوكەسە هەناسەساردترە هەموو ڕۆژێك چەند جارێك كارێك لەگەڵ كەسێك ئەنجام بدەیت‌و دواتر هەست بەسەر شۆڕی و گوناه و ئەشكەنجەی دەرونی و تەریقبوونەوە بكەیت لەبەرامبەر ئەو دا لەززەتی ئەدەیتێ‌‌و سزاو سوكایەتیت ئەداتێ‌؟لەبەرامبەر ئەو جوانیەشدا لەلەشتدا بۆ خۆشویستن‌و توانەوەی دوكەس دروستكراوە بەسەر یەكتریدا تۆكارێكی تری پێبكەیت كەبازرگانیەو هەرگیزیش تۆ ئەو لەززەتە لەو كەسانەدا نەبینی ئەوان لەتۆدا ئەیبینن.دواتریش لەگەڵ چركە بەچركەی سێكسكردن هەستی خەیانەت لەناخەوە بتكرۆژێ‌‌و كەسێك نەبێت پەی بەنهێنیەكانی ئازاری تۆ ببات، لای هەمووشیان تۆ ئەو ئامێرە ئاڵۆشاویەبیت تێر خواردنت بۆنیەو باوەشێك نەبێت بەكامی دڵی خۆت تیایدا بگریت، كۆی هەموو ئەم ئازارانەش هێندەی ئەو ئازارە دەرون داڕزێنە قورسنیە هەمیشە لەخەیاڵ‌و خەوی شەوان‌و داڵغەتا، ئەو كوڕە عاشقە بێتەوە یادت لەپێناوی تۆدا كۆتایی بەژیانی خۆی هێناو هەردەمیش ئەو ڕستەی لەخەیاڵتدا دەنگ بداتەوە (بۆ خیانەت لەعیشقی من ئەكەیت، بۆ؟)
 
تۆ نازانیت چ كارەساتێكە نانی داوێنت بخۆیت !بەدرۆوە بخەویت و بەدرۆوە خەیاڵ بكەیت و بەدرۆوە سێكس بكەیت، بەدرۆوە ژیانت پڕكەیت لە(ئاخ، ئۆف، وەیش، ئاه، وەی، نا، گیانەكەم‌و، ئازیزم )ی دەستكردو بەدرۆوە كلێنسیان بدەیتێ‌ خۆیان پاكبكەنەوە، بەدرۆوە ماچی ناو دەمیان بكەیت و بۆنی مەی و جگەرەو مردن بچێت بەڕوتا، بەدرۆوە پێیان بڵێت :(ئازیزەكەم خێرە مودەتێكە سەرمان لێنادەیت ؟لەدڵا شیرین نازانیت چەندە بیرم ئەكردیت، لەدەوری ئەو چاوە جوانانەت گەڕێم لەچی نیگەرانی ؟)و هەزار قسەی قۆڕی تر، نەچاویشی جوانبێت‌و نە لە دڵا شیرین بێت و نەئازیز بێو نە تەڕەماش، بەدرۆوە هەموو ئەو داواكاریانە قبوڵ بكەیت لەدڵەوە پێیان ناڕازیت و زیاتر لەداواكاری بۆ ئەشكەنجەدراوێكی ناوزیندانێك ئەچن بەشەرم‌و تەریقی و لاقە كردن ئەشكەنجەی ئەدەن، تا كەسێك بۆ تێكەڵاو بوون ڕوتبێتەوە .ئاخر سێكس جوانیە، توانەوەی دوومۆمە بەسەر یەكتریدا، ئاگرتێبەردانی یەكتریە بەخۆشەویستی، سێكس پیشە نیە، هەموو ئەوانەی سێكس ئەكەن بەپیشە جوانی ئەو تێكەڵاو بوونە ڕۆحی‌و جەستەییە ئەكەن بەكڕین‌و فرۆشتن، ئەوانە سێكس لەدیوە ڕۆحیەكەی دائەماڵن و وەك ئەوە وایە سێكس لەگەڵ لاشەیەكدا بكەن، ئەوانەی سێكس ئەكەن بەپیشە جوانی ئەو تێكەڵاوبوونە ئەگۆڕن بەئەشكەنجەی دووبارەو هەزار بارە بۆ مردوویەك، تۆ ئەزانیت زیندوویەك وەك مردوویەكیش ئەشكەنجە بدرێت چ مەینەتیەك ئەچێژێ؟!چەند تاوانبارە لای ئەو خوادایەی لەپێناوی ئەودا كەسێك بەم دەردەی من ئەكوژێت؟؟لێت ناشارمەوە لەناو ئەو هەموو پیاوە ئاڵۆشبازو دڵڕزێن‌و دڵمردووەدا، ڕێ‌ ئەكەوێ‌ كەسێكیانت خۆشبووێ‌‌و بەدڵ بۆی ڕوتبیتەوە، مەگەردەكرێت تاسەر هاواری گەدەت سەركوت بكەیت و هاواری لەشت بكەیتە قەفەز، لەسەر ئەم شەقامە هەوەسبازو هەژار كوژە؟؟دیسان لەدیدی ئەوانەوە تۆجگەلەئاودەستێك بۆ فڕێدانی ئاوی زیادە شتێكی ترنیت، كاتێكیش تۆ بەوپەڕی سەلیقەو تاسەی دڵەوە بۆیان ڕوت ئەبیتەوە، ئەوان دەموچاوت بەعەورەتیان ئەشۆن و خەیاڵی خۆڕوتكردنەوەكەت ئەكەن بەبڵقی سەرئاو.تۆ ئەگەر سزات ئەوێت ئایا ئەمە بۆخۆی سزانیە كەسێك نەبێت خۆشی بووێیت، لەبری ئەوەی وەك دڵێكی عاشق‌و دووپەڕەی گوڵ سەیری مەمكەكانت بكەن ئاودەستێك بیت بەهەموو ئەوشێوانە پیساییت تێ فڕێبدەن زیاتر لەتۆڵەكردنەوە ئەچێت تا چێژوەرگرتن.دەڵاڵەكەشت بەشێكی كەمی حەقی ئەو سوكایەتیەتبداتێ‌ ؟بە ئەشكەنجەمناڵی زۆڵت پێ لەبار بەرن؟ئایا هەرگیز ئەو پرسیارە بەمێشكتا گوزەری كردووە تۆ بەشێكی هەرەگەورەی گوناهی ئەمكارەی منت ئەكەوێتە ئەستۆو دواتریش كۆمەڵگا دڕندەكەت‌و سێهەمین گوناهكاریش منم؟!
 
باوكی بێچارەی من ...هەژاری بیر كوژە، تاقەتكوژو عیشقكوژە، هەموو شتێكی مرۆڤ زیندە بەگۆڕ ئەكات جگە لەخەیاڵ، من لەهامشۆی ئەو پیاوانەوە لەسەر جێگاكانمان ڕوتئەبنەوە تێگەیشتم عیشق مرد، جوانی لەم مەملەكەتە سەری خۆی هەڵگرت، ئەزانم ئێمە كۆپیەكی خراپی ڕۆژاواو هەڵگری بەشەناشیرینەیكەی كلتوری خۆرهەڵاتین، ئەزانم گیرفانی خاڵی كڵۆڵەكان‌و هەوای ناوگەڵی دەوڵەمەندان ئەوینی لەگۆڕنا، ئەزانم پیاوانی بەناوخواپەرست‌و كلتورپەرست‌و دەردی خێرای جیهانگیری پێكەوە بوونە گۆڕ هەڵكەنی جوانیەكان، ئێستا لاشەكان بەبێ رۆح ئەژین، ئەجوڵێن‌و سێكس ئەكەن، تۆ پێم بڵێ‌ چ جوانی‌و چ لەززەتێك لەتێكەڵاو بوون لەگەڵ پیاوێكدا بوونی هەیە بۆ ئەوە ڕوت ئەبێتەوە بەعەورەتی دەموچاوت بشوات ؟؟نا باوكە گیان، ئەوەندە پێت وتم دنیا بڤەیە هەتا مودمینی هەموو بڤەكانت كردم، مودمینی تاقیكردنەوەیانت كردم، تۆ بەداركاریت فێرت كردم هەموو بڤەكانم خۆشبووێت، بیرم نایەت وەك دووهاوڕێ‌ شەوێك بەكۆڵانی دڵغەیەكا پیاسەمان كردبێ و بۆت ڕونكردبێتمەوە ئەوانەی بەسەر پشكۆكانا ئەڕۆن بۆچی قاچیان ئەسوتێت، ئاخر هەرئەم ڕاستیە دڵكوژە بوو وایلێكردم ببم بەو سۆزانیەی لە گەنجیا سەرە بۆ گەورە پیاوان دابنێم‌و لە چل ساڵیا پارەبدەم بۆ ئەوەی ئارەزووەكانم تێربكەم .
 
بیرم دێت شەوان لەسەر كار ئەگەڕایتەوە ماندوو مردوو، شەڕت بەمنو بەو خوشكە بچوكەكەی ترم ئەفرۆشت، سەری براكانمت ئەخستە سەر ڕانت‌و پێت ئەوتین ئێوە ئایندەی منن‌و لەئێمەت ئەدا، ئەمە وایئەكرد خۆم‌و (ژینۆ)ی چكۆلانەم وەك دووتوتەڵە سەگی نەفرەتی بێتە بەرچاو، ئەوە لەدەرونمدا جێگیربێت ئێمە لەخاكێكی نەفرەتلێكراودا لەدایك بووین‌و ئەوان لەكێڵگەیەكی پیرۆزدا، لەبەر ئەوە پێویستە تۆڵەی خۆمان لەم دنیا لاسەنگە بكەینەوە نیوەی لەسەر خواردنی گۆشتی دڵی ئەو نیوەكەی تری ئەژی .وەك ئەوەی بزانیت ئێمە لەچارەمان نوسراوە لەم لیتاوی خوێنەدا عاقیبەتمان سەرشۆڕكردنی تۆبێت، بەڵام ئەبوو چیبكەم جگەلەوەی هەمیشە ئەو خەیاڵە بمكرۆژێ‌‌و وابیر بكەمەوە دیارە باوكی ئەزمووندیدەم شتێك لەمەڕ ئایندەی ئێمە ئەزانێت .دواتریش لەژورەكەی ئەو دیو خۆتت ئەخزاندە ئامێزی دایكم‌و ناڵەو ئاخ‌و ئۆفت وەك پشیلەیەكی هەوەسباز ئەگەیشتە ژورەكەی ئێمە، لەو ساتەدا من پشتیەكەم لەمەمكە چكۆلەكانم ئەخزاندو هەزاران خەوی ڕەنگاڵەییم بەسوارچاكی خەیاڵو خەونەكانمەوە ئەبینی، چۆن بەلێوی ستیانەكەم ئەكاتەوەو ئاگر لەمەمكەكانم بەرئەدات و بەزمان هەموو گیانم ئەكات بەیەك پارچە لەززەت، دواتر بەشتەكەی تریشی ئەمباتە ئەو دنیاخەیاڵیەی هەستەكانم ئاگری تێبەرئەدەن و ئاگر ئەگرم.بیرم نایەت تاقە شەوێك لەماڵەوە بووبیت و ژورە خۆشەكەی خۆتت جێهێڵابێ‌و ئەو پرسیارە سەری نەكرۆشتبم ئەگەر ئەم كارە ئەوەندە قێزەونە بۆچی تۆ بۆ تاقەشەوێك فەرامۆشی ناكەیت ؟بیرم نایەت بۆسەفەرێك چووبیت‌و دایكمت لەگەڵ خۆتا نەبردبێت .پیاوی هەوەسكوشتە، سەرباری ئەمەش تاخواحەزكات لەمەڕ چارەنوسی من دڵڕەق بوویت و وەك دیلی جەنگ سەیرت ئەكردم نەوەك بەشێك لەجەرگی خۆت، ئاخر تۆش وات ئەزانی تێكەڵاو بوون تەنیا خۆخاڵیكردنەوەیەو هیچی تر، لات وابوو ئەوە كارێكە پێویستی بەشتەكەی نێو ڕانی مرۆڤ هەیە نەوەك بەڕۆح‌و بەموحیبەت، تۆش هیچ جیاوازیت نەبوو لەگەڵ ئەو پیاوانەی بۆ پارە ژن‌و كچەكانیان ئەناردە سۆزانیخانەكان، ئەوان بۆپارە پاڵیان بەكچە كانیانەوە ئەناو تۆش بەئازار و دیقكردنو دیلكوژی ئەتنارد، من ئەزانم ئەگەر ڕۆژێك تەنیایی یەخەت بگرێ‌ هەرگیز ئەو تەنیاییە وێرانكەرە نیەلەدڵەوە بتكرۆژێ‌ كەسێكت هەبێت ئاگری ڕۆح بۆی هەڵتگرێ‌‌و لەدڵەوە بۆی ببیت بەقەرەبروت، بتوانیت بۆچەند شەوێك بەبێ ئەو لەڕۆحتا هەڵیگریت‌و دوای لەززەتی كەسێكی تر نەكەویت.بەڵام تۆ بیری لێبكەرەوە ئەوە چەند سەخت‌و غەمهێنەرە بۆكچێكی بێپەنا هەموو دونیا بەچاوی سۆزانیەك لێی ئەڕوانن، چەند سەختە بۆكەسێك بسوتێت تاهەتایە نایبینێتەوەو هەتا زیندووش بووایە بێگومان ئەویش نەیئەویست چاوی بەناوچاوت بكەوێتەوە؟؟نەئەبوو واتبكردایە باوكە گیان، ئاخر خوداش ئەوەی پێناخۆشبوو كچێك لەسەر گۆڕی كوڕێك بكوژیت تاهەتایە لەعیشقی ئەوت بێبەری كردووە، لەدیوارەكانت هەڵهاتووە بەرەو سەرشۆڕی .كەلەنەخۆشخانە هاتمەوە هۆش و گولەكانیان لەگیانما دەرهێنا هیچ كەسێك باوەڕی بەوە نەئەكرد جارێكی تر بگەڕێمەوە بۆ ناو ئەم خەمخانەی دونیا، تەنانەت پزیشكە چاویلكە لەچاوەكە وتبووی (ڕەنگە بەرد گیانی بچێتەبەر بەڵام ئەمە گیانی تێنا گەڕێتەوە )بریا باوكە هەرلەوێدا مردبام و لەئێشی ئەو گوللە ڕزگارم بووایە لەناو دڵابوو، سەیركە دكتۆرەكانیش توانییان هەمو گوللەكان دەربهێنن جگە لەوەی ناودڵ!تۆش بەخەیاڵێكی ئاسودەوە ئەو ناوەت جێهێڵا بوو كاتێك دڵنیا بووی لەوەی مردووم، بەڵام من لەو ڕۆژەدا مردم كوڕی ناو ئەوگۆڕە بەفیشەكێك كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، ئەگەر دیسان بەدوای منا ویڵی ئەوا پێت ئەڵێم تۆو كۆمەڵگاكەت هەزارانجار منتان كوشت‌و ئیتر ئێخەی خەیاڵم بەردەن بابەم خەیاڵی پیرێتیەدا پیاسەبكەم، وەك ئەوەی گەنجیمتان خستەگۆڕ، تۆو كلتورەكەت هەمیشە ئەتانخستینە ناو قەرەوڵی تفەنگەكانتانەوە، جارێك تۆپەلەپیتكەت ئەگرت‌و جارێك ئەوان، جارێك تۆتەقەت ئەكردو جارێك ئەو پیاوانەی بەپارە سێكسیان لەگەڵا ئەكردم و جارێك ئەو یاسایەی ڕۆژێك لەڕۆژان قسەیەكی خێری بۆ من نەكرد‌و، وەك ئەو شەرەفە لەخورافە دروستكراوەی ئێوە لێوان لێو بوو لەبێشەرەفی‌و، وەك ویژدانەخوابڕیوەكەی ئێوە لێوان لێو بوو لەبێخودایی‌و لەبێویژدانی .ئاخر لەكوێی دونیادا كەسێك نیە گوێ‌ لەئازاری مەینەتیەكان بگرێت‌و بەویژدانەوە گوناهو سزا دیاری بكات؟!
 
ئەزانم خۆشت ئەوێم بۆیە ئەتەوێ‌ بمكوژی.ئەمە ڕاستیەكەیە مرۆ هەرگیز ناتوانێت چاوێكی دەرنەهێنێت سەرەتانی گرتووەو هەموو گیانی ئەگرێتەوە، ئێستاش باوەڕناكەم وێڕای ئەو هەموو ڕقەت سەراپای ژیانمی وێرانكرد لەدڵەوە جەرگت بۆم نەسوتێت، ئاخر مەگەر دەكرێت پارچەیەك لەجگەرت فڕێ‌ بدەیت و ئازار نەچێژیت؟بەشێك لەدڵت ببڕیت‌و خوێنی لێنەیەت، بەشێك لەڕۆحت بكوژیت‌و ئاگری دڵ هەڵت نەگرێ‌؟هاوڕێكانم ئەم بۆچوونەی منیان پێ سەیرە!من ئەزانم منیش هەر ئەو چاوەتم سەرەتانی گرتووەو تۆش ئەتەوێت من لەم ڕەزالەتخانەیەدا لەدەست ئازار ڕزگاربكەیت‌و خۆشت نەمریت، كەچی مندڵنیام تۆش تاهەتایە لەئازارا ئەسوتێت ڕەنگە ئەمەش لەمردن سەختتر بێت .باوكی جەفادیدەم وەرە منو تۆ سەرەتایەكی تر دەست پێبكەین كەسمانی تیادا نەكوژرێین، (ئاخرمن‌و تۆ فێری یاریەك نەكراوین هەموومانی تێدا براوەبین)، هەردووكمان قسەی ئەو بێوژدانیە بخەینە ژێرپێ سەری كچێك بەبلۆك پان ئەكاتەوەو لای وایە دڵی خوای ڕازیكردووە !وەرە پشت لەم زەلكاوەبكەین، من دڵنیات ئەكەم هەرئەوەندەی ئەم ئازارو میحنەتە سزا ئەكێشیت بۆ چەندساڵێك، من ئەزانم كاتێك گوللەكان بەرجەستەی من ئەكەون ئازاریان ئەگاتە ڕۆحی تۆش، بەڵام ئایا ئەوانەی تفەنگەكەت ئەدەنە دەست ئەوانە نەبوون هەموو دەرویەكیان بەڕومدا داخست و پاڵیان پێوە نام لەئامێزی ئەو ڕۆحە ساردو سڕانەدا شەوم بكەم بەڕۆژ خاڵی بوونەتەوە لەویژدان، لەبەرامبەر جێكردنەوەی شەوێكدا بەچەند كەسێك ئەوەندەی سەرماو ترسو تاریكی شەقامەكە تابەیانی ئەتكت ئەكەن‌و دوایی تفت لێئەكەن.باوكی من تۆ ئەبوو بیری كوشتن و لێدان‌و ئەو جۆرە پەروەردە كردنە لەخۆت‌و ئەوانیتردا بكوژی نەوەك من .
 
باوكی ئازیزم، تۆ ناتوانیت لەحەقیقەتێك خۆت بشاریتەوە ناچاریت بگەڕێیتەوە ناوی، تۆناتوانیت گوێ‌ لەویژدانی خۆت نەگریت، دەنگێك هەرگیز بێدەنگ ناكرێت، لەكاتی گوناهیشدا فەرامۆشی بكەیت ئەوا لەزەمەنێكی دیدا بەشێوەی جۆراو جۆر لەناخەوە ئێخەت ئەگرێت، بەڵام تۆ عەیبە ویژدانی كوشتووی.تۆ ناتوانیت ڕوبارێك خوێن بەدوای خۆتا بەجێبێڵی و خۆتی تیا نەخنكێیت.من پێموتیت تۆ لەحەقیقەتێك هەڵدێیت ئەبێت ڕوبەڕوی بیتەوە نەوەك دایپۆشیت، ئاخر حەقیقەت بەسەریدا سەرنەكەویت ئەتخاتە ژێر پێ .تۆ لەئاریشەیەك هەڵدێیت پێویستە ڕووبەڕوی بیتەوە، بەڵام دەكرێت تاهەتایە ویژدانت سەرخۆشبكەیت‌و لەمەستیا بژیت‌و بەو بێباكیەوە ئاگر لەجەرگی خۆت بەربدەیت ؟!بەدیار خۆڵەمێشی خۆتەوە تەماشا بكەیت و هەلهەلە لێبدەیت ؟؟نا باوكی ئازیزم، نیوە عومرێك دامركانەوەی ئاڵۆشی پیاوە ئارەزوو پەرست‌و داوێنپیسەكانی شار هیچیان بەخواستی من نەبوون، خەتای من نەبوو كاتژمێرەكانی تەمەنم لەناو ئەو خەمخانەدا بەوشێوە تێپەڕی.هەموو ئەوانەش وەك تۆ لەو حەقیقەتە هەڵدێن لەڕۆژێكدا بەخۆیان ئەزانن خەریكە لەناو لیتاوەكەدا ئەخنكێن .من ئەمویست شەوەكانم لەناو دڵی یەك پیاودا ڕۆژبكەمەوە ئەویش بەدڵی من بێت نەوەك تۆ،، ئاخر دڵی من‌و تۆ دووشتی لێكتری جیان، دوو خواست‌و دووئارەزوی جیایان هەیە، بەڵام تۆ وات نەئەویست. بۆیە ئەبوو بیرێكی ئاقڵانە لەئاكامەكەیشی بكەیتەوە .تۆ تاكە ئومێدو ‌واواتی منت لەگۆڕنا، كۆمەڵگاكەیشت كەرامەتم، تۆ بەكوشتنی خەونەكانم منت كوشت، ئەوانیش بەكوشتنی كەسایەتیم، ئاخر كۆمەڵگاكەی ئێمە بیەوێت كەسێك نابووت بكات بەسێكسكردن ئەیكوژێ‌، تۆ ئەزانیت ئەوە چەند ناشیرینە بەو شێوە تۆڵە لەكەسێك بكەیتەوە ؟!ئاخر سێكس بەشێكی ئەو خۆشبەختیەیە خودا بەمرۆڤی بەخشیوە، نا.. باوكی خۆشەویستم، هەموو ئەو پیاوانەی ئەهاتنە سەرجێگاكەم، لەوپیاوە بێدڵ‌و ڕۆحمردووانە بوون تۆڵەی ژنە ساردو سڕەكانیان، تۆڵەی شەڕو شۆڕ و خیانەتەكانیان لەئێمە ئەكردەوە، وەك ئەوەی ئێمە هۆكاری چارە ڕەشی ژیانی ئەوان بین !وەك ئەوەی ئێمە دروستكاری جەنگ و ڕۆژە ڕەشی‌و كوشتار‌و كێشەكانی ژیانی ئەوان بین!
 
ڕۆژێك كچە هاوڕێكەم پێی وتم: (تۆبەخەیاڵی كێوە لەگەڵ لەشكڕەكانا جوت ئەبیت ؟)ئەمە ئەو چەقۆیە بوو كەئەو لەدڵی منا جێی هێشت، وایلێكردم بیر بكەمەوەو ئەم نامەیەت بۆ بنوسم و پێت بڵێم جیاوازی من وتۆ ئەوەیە كاتێك تۆ ئەگەیتە لێواری مردن هەناسە بۆ ئەو ساتە جوان و لەدڵا شیرینانە هەڵئەكێشیت فانیانە تێپەڕی، هەركات بتەوێت بەخەیاڵ ئەگەڕێیتەوە بۆ ڕۆژانی گەنجی‌و شەیدایی عەشقێك هەرگیز تۆی خۆش نەویست‌و تۆ بەئاواتی خۆت گەیشتی‌و ئەویش بەدۆزەخی خۆی، بەڵام من تەنانەت ئەو دەرفەتەشم نیە بەو خەیاڵە دڵخۆشكەرو ماتەمهێنەرانە ترسی مردن لەبیری پیری بەرمەوە .تۆ ئێستا سەفەر بەناو خەیاڵی ڕابردوویەكدا ئەكەیت، لێ‌ من بەخەیاڵ ڕابردوویەك بۆخۆم دروست ئەكەم بوونی نەبوو.ئاخر مرۆ كەڕۆژێكی نەبوو خۆزگەی پێبخوازێ‌، ناچارە هەرئەمە بكات .ئێستا تۆشەوە جوانەكانت لەئامێزی دایكمدا بەتێكەڵ بوون ئەڕازێنیتەوەو منیش ئەبێت جارجارە لەباوەشی كەسێكدا، یەكێك لەوانەی خاوێن و دڵبەرن و ناچاریان ئەكەم وەك مرۆڤ بەرخوردم لەگەڵابكەن‌و بەخەیاڵ ئەچمە ئامێزی ئەو كوڕەی لەناچاریا مردنی هەڵبژارد، بەڵام بڕوابكە نەمرۆڤی برسی بەخەیاڵ تێر ئەكرێ‌ نەمەمكی فریشتەكانی خەیاڵیش بەدەست‌و پەنجەی ئاسایی.مرۆ لەسەر ڕابردوو قسەبكات ئاسنی سارد ئەكوتێ‌، بەڵام ئاسنی سارد كوتانیش خراپ نیە، ئایا ژیان شیرین نەئەبوو ئەگەر منیش لەم زەلكاوەدا مەلەم نەكردایەو عیشقی ڕۆحی ئەو كوڕەشم هەڵنەكێشایە لە هێڵنج؟باوكە ئەشێت ژیان غەدر لەو دەردەدارانە بكات ڕۆژە تاڵ‌و دەردناكەكانیان بەژیان بۆ ئەژمێرێت، من ئەزانم تۆیش وەهایت، قوربانی بیركردنەوەیەكیت ئەبێت بەكەڵكی دونیاكەی ترت بێت، تەنیا شتێكیش من و تۆ تیایدا لەیەكتری ئەچین ئەوەیە لەم دونیایەدا كەسێكمان نیە بەدڵ خۆشی بووێین، تۆ بڵێی خودا كەسێك ببەخشێت كەسێكی نیە خۆشی بووێت؟
 
من لەگەڵ خەمو ئازار ڕاهاتووم، مرۆڤ كەلەگەڵ خەمو ئازار ڕادێت ئیتر شتێكی ترنیە ئازاری بدات تەنانەت مردنیش، تۆ ئەزانیت ئەوە یانی چی لەچلەكانی تەمەن تێپەڕیبیت و ڕۆژێكت نەبێت بەكامی دڵ تیایدا پێبكەنیت، یادگاریەكت نەبێت بۆی بگریت ؟هەموو ئەو ناسكی‌و جوانیانەش لەلەشتابوون لەبرئەوەی ئەوین‌و دڵخۆشیت بۆ بهێنن كڵۆڵی‌و چەرمەسەریان لێبار كردبیت؟لەسەر سیستەمە ڕەقو تەقەكەی ژیان لەژوری ڕوتبوونەوەدا بنی پێت بلێسنەوەو لەشەقامەكانی شارا بەتفی نەفرەت بتشۆن؟!من ئەزانم تۆش حەزناكەیت لەم زبڵخانەدا كچەكەت لەئاوی بۆ گەنی ئەو پیاوە دەرون نەخۆشانەدا بخنكێت لەسەر دزەنیگایەك سەری كچەكانی خۆیان ئەبڕن، هەندێكیان لەهەژاری‌و لەناچاریا دێن‌و هەندێكی تریشیان لەو پەڕی تێریا گو بەئیحساستا ئەكەن، تۆش حەزناكەیت كچەكەت لەبەردەمی ئەو دزو قوماربازو سیاسی و پیاو كوژانەدا ڕوتبێتەوە، ئەشێت هەریەكێكیان قوربانی دنیایەكی ناتەواو بن‌و جەللادیش بن، دوای ئەوەی لەبۆ گەناوی لەشیانت هەڵئەكێشن هەندێكیان پارەكەشت نادەنێ‌ و جگەرە لەسەر مەمكە كانیشت ئەكوژێننەوە.
 
لێگەڕێ‌ سێ یادگاریت بۆ بگێڕمەوە، پایزێكیان پیرە پیاوێك هاتبوو بۆ سۆزانیخانەكە، لەوكاتەدا من سەیری وێنەی ناو تابلۆكەم ئەكردو لەخەیاڵی ئەوەدا بووم كە سێك بمباتە ناوی‌و هەرگیز نەیەمە دەرەوە، چەند خۆش ئەبوو مرۆ بیتوانیبا لەناو تابلۆی خەیاڵەكانی خۆیدا بژی!لەناكاو ڕایان چڵەكاندم بەلاقرتیەكەوە وتیان پیرەپیاوەكە وێنەكەی تۆی بەدڵە، بەڵام من لەژورەكەی ئەو دیو لەسەر سیستەمی تێكەڵاو بوونەكە ڕیش سپیەكی ئاخرشەڕم بینی بۆ چێژكڕین نەهاتبوو، بەڵكو بەسەر بێچارەیی كچۆڵە لەشفرۆشەكەیدا ئەگریا، ئەمە هەر ئەو كچە بوو هەژاری وایلێكردبوو باوكی بەباندێكی لەشفرش بەكرێی بدات، لەپێناوی پارەی داوو دەرمانی دوومناڵە نەخۆشە كەی تریدا كەسەرەتانی خوێنیان بوو، بۆ ئەوەی ئەو دووانەی تریان كەمێك زیاتر بژین، دانە ساغەكەیانی فرۆشتبوو و خۆشی پارەبدات بۆ بینین!ی.تۆ پێم بڵێ‌ كاتێك ئەم پیاوە بێپارە ئازاری جەرگ ئەیكرۆژێ‌ بۆ كڕینی بتڵێك خوێن‌و گیرفانی بەپارەی دەرمانی جگەرگۆشەكانی ناوێرێ‌، هەموو ئەوانە لەكوێن هەریەكەیان بەناوی شەرەف‌و دین و ئینسانیەت‌و نەتەوەو ......هیترەوە بەجۆرێك لەجۆرەكان ئەتكوژن؟؟
 
كچێكی ترمان لەگەڵا بوو براكەی هەمووڕۆژێك لێیدابوو لەسەر ئەوەی ئەبێت ئەویش كارێك بكات و خوشك و برا هەتیوەكانی لەگەڵدا بەخێو بكات، كچەی بەستە زمان هەركارێكی كردبوو داوای شتێكیان لێكردبوو كەئەو پێی ناڕازی بوو، بۆیە وازی لەكارەكەی ئەهێنا، چەند جار ئەمە دووبارە بووایە براكەی لێدانەكەی بۆ دووبارە ئەكردەوە، ئاخر نەیئەتوانی بەبراكەی بڵێت ئەوان داوای جۆرێكی تری كاركردنی لێئەكەن.تا ناچار بوو بوو ئەوەی ئارەزووی خاوەنكارەكانی جێبەجێبكات‌و برا كەشی بەمەی زانیبوو، ئەو ڕۆژەی كەهەڵات‌و ڕێی كەوتە سۆزانیخانەكە بیگوناهی لێئەباری، بەڵام دوای چەند ڕۆژێك براكەی دۆزیەوەو بردی كوشتی !پێم بڵێ‌ باوكە بۆچی كۆمەڵگاكەی كارێكی شەریفانەیان نەدایە تاكو لەبەرامبەردا داوای شتی تری لێنەكەن، تاكو لەبەرامبەردا كارێكیان لەگەڵا بكات لەسەر ئەو كارە ئەیكوژن!!
 
كچێكی ترم ناسی كارەكەری ماڵە دەوڵەمەندێك بووەو دەستدرێژی كراوەتەسەرو باوكی هەڕەشەی كوشتنی لێكردووە، هەرخۆشی لەوێ دایمەزراندووە .باوكە تۆوەكو ئەوانیتر مەكە، لێگەڕێ‌ هەركەس دیوی ئازارەكانی خۆیت نیشانبدات پێش ئەوەی بیر لەكوشتنی بكەیتەوە، تۆ ویژدانت لەشەرەفت بەلاوە گرنگتر بێت، ئاخر كۆمەڵگایەك كەناتوانێت نانی ئەو بێوەژنە بدات مناڵەكەی لەبرسا ئەمرێ‌و كارێكی شەریفانەی ناداتێ‌، بۆچی لەسەر بێشەرەفی ئەیكوژێ‌، مەگەر لەبرسا مردنی مناڵەكانی بێشەرەفی نیە؟؟!یا نایەوێت پارەی خوێنی مناڵی پیاوە پیرەكە بدات‌و دەست درێژی ئەكاتە سەر ئەو كچەی باوكی ناردوویەتی بۆكار، ئاخر كۆمەڵگایەك كەلێناگەڕێت ژیانێكی شەریفانە بژیت مافی ئەوەشی نیە لەسەر بێشەرەفی بتكوژێت.
 
بیرمە یەكەمین شەو ڕێم كەوتە خانەكانی لەشفرۆشتن، پێیان ئەوتم ستیانی سوربكڕە، شۆرتی گوڵ گوڵی لەبەر بكە، جلی وروژێنەرو جوان بپۆشە، بەڵام من پارەی شۆرت‌و ستیانێكی گرانبایم وەك ئەوەی ئەوان داوایان ئەكرد پێ بووایە، ئەمدا بەنان‌و لەچۆڵەوانیەكدا وەك سەگ هەڵئەتروشكام و بەعیشقی ئەو كوڕەهەژارەوە دەرەتانم ئەكرد، بەڵام باوكە تۆش باوكیت تەنیا خراپیت ئەوەیە ناتوانیت گوێ‌ لەویژدانی خۆت بگریت، ویژدانی خۆت‌و كەسی ترنا، من ئەزانم ئەوەی گوێ‌ لەویژدانی خۆی نەبێت خوداش گوێ‌ لێناگرێت، تۆ ترسی برسێتی‌و تاریكی ناو گۆڕ وێرانی كردویت، لەگەڵ ئەوەشدا خراپی تۆ لەوێدایە گوێت لێنیە ئەو كوڕە چۆن لەگۆڕەكەیدا ئەگری.
 
ئێستاش هەر بەخەیاڵ لەماڵەكەی تۆدا ئەژیم، ڕۆژێك لەم ڕۆژانەش ملوانكەی كچەبچوكەكەت لەگیرفانما بوو، دەستم كرد بەگریان بۆ ئەو ڕۆژانەی پێكەوە یاریمان ئەكرد و بەدزی تۆوە ئەچوینە كۆڵان‌و پێكەوە میزەڵانمان ئەكڕی‌و ئەمان تەقاند، بەڵام تۆ زۆر زوو ئەمەت لێتێكدام، نەئەبوایە ئەو ژیانە تێك بدەیت باوكە، ئاخر هەموو ئەوانەی لەسەر شەرەفی من ئێخەی كراسەكەی تۆیان ئەگرت‌و ئەیانكردە هەڵا بۆ لەبرسا مردنی من لەسەر شەقامەكان بۆچی بێدەنگ بوون ؟هەموو ئەوانەی بۆ كوشتنی من ئامۆژگاری تۆیان ئەكرد بۆچی دەرویەكیان بەڕوی منا نەكردەوەو دووقسەی خێریان لەسەر چارەنوسی من پێنەبوو، تاتۆ كەسایەیەتیت ورد نەبێت و من ژیانم ؟بەڵام ئەوان هیچیان بەتەنگ ژیانی تۆ وەنەبوون تا ئەوە بپارێزم لەدەستمدا، ئایا ئەوان هەرئەو پیاوانە نەبوون زنجیری پانتۆڵەكانیان بۆ دەمی سۆزانیەكان ئەكردەوە ؟كەمیان لەو كچانە بەدناوكردووەو ناردوویانەتە سۆزانیخانەكان خۆشیان ویستون ؟ئایا ناكرێ بەخەیاڵ جارێك خۆت لەشوێنەكەی منا دابنێی‌و بیر لەوە بكەیتەوە ئایا خەڵكی ئەوەندەی بەدوای بەدیەكانی ئەوانی دیدا ئەگەڕێن، بۆچی ئەوەندە عەوداڵی ئازارە پەنهان و ئاگرە سوتێنەرەكەی ناخی ئەوانی ترنین؟باوكی ئازیزم، ئەگەرتۆ هەموو دنیام لەسەر تاپۆ بكەیت هێشتا ناتوانیت قەرەبووی ڕۆژێكم بكەیتەوە لە ڕیسواییدا تێپەڕی، ناتوانیت ئەو خەمانە لەدەرونمدا بخەیتە گۆڕ، خەمی بیست ساڵ مەینەتی‌و سوكایەتی قبوڵكردن‌و ڕوتبوونەوەی نابەدڵ لەدەرونمدا بسڕیتەوە .ئاخر ئەوە شێتیەوەك شاعیرە خەیاڵ پڵاوەكان بڵێت مادام هیچم نیە لەدونیادا ئەم شەقامانە ماڵی منن، مادام ژورێكم نیە گۆرانی بۆ ئەو ئاسمانە ساماڵە ئەڵێم، مادام هیچم نیە تریفەی مانگ هی منە، ناباوكە ئەمانە درۆی ڕوتن بۆ ئەو سۆزانیە برسیەی شوێنی شەوی نیەو نانو شوێنی شەویش تەنیا بەبازرگانیكردن بەڕیسوایی خۆتەوە بدەست دێت.ئەمانە تەنیا قسەی قۆڕن بۆ ئەو ژنە ئاقیبەت شەڕەی ڕابردوویەكی نیە هەناسەیەكی ئاسودەیی بۆ هەڵكێشێت و ئایندەیەكی نیە تۆزێك لەمردن شكۆدارتر بێت .سەیركە باوكە من درۆی ئەوەت بۆ ناكەم بڵێم سێكس بەشێك نیە لە لەززەت، تەنانەت لەو كاتەشدا تێكەڵاوی ئازارێكی قورسە، من ئەزانم تۆ ئێستا ئەو لەززەتەت هەیەو لەوە تێدەگەیت من مودمینی بووم، تۆ بۆ چێژ بەدوایدا وێڵی و من بۆ پارە بەدوایدا وێڵبووم تا ئولفەتم پێوەگرت، بەڵام ئەو كارەش ڕاهاتن لەگەڵی‌و مودمین بوون پێی شتێكە گاڵتەی لەگەڵ ناكرێ‌‌و دەست بەرداربوونیشی هەروا سانا نیە، منیش حەزم ئەكرد لەباوەشی یەكێك لەو پیاوە ئاڵۆشاویانەدا شەوانە بتوێمەوە، بەڵام دەردی برسێتی شتێكی ترەو دەردی لەززەت شتێكی تر، دەردی بێكەسی شتێكەو دەردی هاوسەر گیری شتێكی تر، دەردی ڕیسوایی‌و كۆمەڵگا شتێكەو هاوسەر گیری شتێكی تر، دەردی عیشق شتێكەو لەناچاریا ڕوتبوونەوە شتێكی تر، دەردی لەش لەگەڵ چێژ شتێكەو دەست بەرداربوونی شتێكی قورستر. 
 
 
باوكی خۆشەویستم ....تۆ پێت وایە من لەناو چێژ پەرستیا خنكاوم‌و نازانیت زیندوو بوون چەند ئازارم ئەدات، نازانیت ئەم ژیانە بێزاركەرە چۆنچۆنی لەناخەوە ئەتڕوخێنێ‌.ئاخر كێ‌ گوێ‌ هەڵئەخا بۆ حیكایەتی سۆزانیەكی پیر عیشق بەو دەردەی بردووە خوداش خۆشی نەوێ‌؟؟!من ئەترسم لەدوای مردنیشم كەسێك نەبێت ئەم ژیانی من وەك خۆی تێبگات‌و لەگۆڕەكەشدا دیسان تفم لێبكەن، بەڵام تۆ نازانیت لەناخەوە چەنێك وردت ئەكات هەموویان لەناخی خۆیاندا تفت لێبكەن، ئەترسم لەگۆڕەكەشدا دیسان تفم لێبكەیت، ئەترسم تۆش لەوێدا بەنەفرەتم بكەیت، یا لەو دنیاشدا نەتەوێت گوێم لێبگری و لێم تێبگەیت .ئەترسم مۆمەكانی ناوسەرت هەرگیز نەسوتێن و لەتاریكی‌و تەریقبوونەوەی ئەوكچە تێنەگەیت ڕۆژگارێك وەك ماسیەك كەوتبێتە ناوبتڵێك شەرابەوە، خەیاڵی عەشقێك بەرەو ئەو جێگایەی ئەبرد كەتۆ نەتەویست، بۆ ناو دڵی ئەو كوڕەی ئەبرد تەنیا لەبەر ئەوە لای تۆ چارە گران بوو نوێژی بۆ عیشقی كچەكەت ئەكرد، لەبەر ئەوەی لەبنە ماڵەیەكی نەدارو سیابەخت بوون، خەڵك ئێستاش ئەڵێن خوای ئەو كوڕەی ئەم دنیا پوچو بۆگەنەی جێهێڵا تۆی بەم ڕۆژگارە گەیاند خەڵكی لەقەرە باڵغیەكانا بڵێن ئەوە باوكی كچە (.......)یە، بەڵام هەر ئەو خەڵكانەنەبوون وەكو كۆمەڵێك كرمی برسی دڵت بخۆن؟ئایا ئەوان نەبوون چارەنوسی من‌و تۆیان بەم ڕۆژەگەیاند ؟من لەتۆ ئەپرسم بەر لەخۆ كوشتنی عاشقە سەرە ڕۆكەی من‌و، بەرلەوەی كچەكەت لەماڵەوە هەڵبێ‌ و شەرمەزاری دەنگۆی خراپی كچەكەت توشی ئەو دەردی سەریانەت بكەن سەرت بكێشی بەدیواری مەراقا، ڕێگاچارەیەكی باشتر بوونی نەبوو؟
 
باوكی خۆشەویستم ....وەك لاشەیەكی بۆگەنكردو كرم سێبەشیان خواردبێت، ئەم خاكەساریانە منیان خوارد، تكایە تۆش لەو كەمە تەمەنەی تری بگەڕێ بابەئاسودەیی بیر بكاتەوەو بەئاسودەییش لەگۆڕەكەیدا بخەوێ‌، ئەگەر شەوێكیش بەدزیەوە هاتیتەسەردانم، یا لەناو داڵغەیەكا ڕێت كەوتە سەر گۆڕی من، یا ویژدانت توانی لەئازارا بەسەر ئابڕوتدا سەركەوێ‌ بۆمن مەگری، تەنیا بیر لەئازارو نەهامەتی ئەو مناڵانە بكەرەوە كۆمەڵگا و كلتورو فتواو یاساو سیاسەت فڕێیان ئەداتە زەلكاوی نەهامەتی و بەهەمان جێپێی منا ئەڕۆن و كەسیش لەخەمیاندانیە.