دڵم خۆشە لە ژوورەکەی منیت
خۆت نا،
وێنەکانت!
لە هەموو تەماشاکردنی وێنەکانت
پاش چەند رۆژێک،
چاوەکانم شوێنی خۆیان نادۆزنەوە!
وێنەیەکم بگرە، ئازیز
خۆتت بیر نەچێت با دەرچیت
وێنەیەکم بگرە،
با ئازارەکانم دەربچێت
نەوەک خۆم نەناسمەوە و
وێنەیەکی بێ مانا بێت
کەسێک بە دوای خۆشبەختییدا
بەسەر شکست و تەرمی مندا تێپەر دەبێت
دەیدۆزێتەوە،
من بەسەر ئاوەدانیی کەسێکدا دەرۆم
کۆڵان و پەنچەرەکان، شەقامە ڕەنگاورەنگەکانی دەبینم
کەچی لە تەنیایی و بیَئومێدی و ڕەشبینیيدا ون دەبم !
شوێنێک نییە بۆ خۆحەشاردان لە ژیان
شوێنێک نییە مرۆڤی تێدا ببینیت،
شوێنێک نییە شوێنی ڕاستەقینە بێت
کاتیَک نییە کاتی ڕاستەقینە بێت
ئیشێکی تازەم دۆزیوەتەوە
تەنیایی!
سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبێکی نوێم
تەنیایی!
ڕۆژێکی نوێم دۆزیوەتە لەهەفتەدا
کاتژمێرەکانی لەکاتژمێری ئێستا ناچێت
تەنیایی!
کەسێک لێرەوە تێپەری من نەمبینیی!
کەسێک لێرەوە تێنەپەری من بینیتم
من لە هەموو سەرکەوتنێکمدا
بە شکستەوە گەراومەتەوە،
لە هەموو هەستانەوەیەکمدا
خاپوور و پارچە بووم،
لە فرینیشدا هەمیشە وەک خشۆکەکان
بەسەر زەویدا ڕۆشتووم
هێندە درز لە جەستەمدا درووست بووە،
هەر کەس دەستی بەر من کەوێت
بە سانایی دەتوانێت
دڵم بهێنێتە دەرێ
هەر وەک چاوم!
چ ڕۆژانێکی تاریکە
قاوەی تاڵ دەکێشم،
سیگاری ڕەش هەڵدەقورێنم،
تێزاب دەنۆشم،
با دونیا ژێرەوژوور بێت
وادەم تۆ هەیت
بوونی تۆ ئاوەدانییە بۆ من
کە بەتەنیا
بیرت لێ بکەمەوە
ئاپریلی 2011