ئەم وتارە هەوڵێكە بۆ ناسینى چەمكى سەعلوكییەت لەلاى دوان لە گەورەترین نووسەرانى عەرەب و فەرەنسا كە ئەوانیش (جان دەمۆ) و (جان حینییە)ن. هەردووكیان بە یەكێك لە كەسە دیارەكانى ئەو شێوازە ئەدەبییە دەژمێردرێن ئەگەرچى ئێمە ناتوانین ناوى بنێین شێوازى ئەدەبى چونكە ژیانى تایبەتى ئەوان بارگاوى بووە بە سەعلوكییەت و ئیدى ئەو شێوە ژیانە رەنگدانەوەى لەسەر كارە ئەدەبییەكانیان بەجێهێشتووە. كەواتە هێندەى بایۆگرافیاى ئەو دوو نووسەرە هێڵە گشتییەكانى ئەو وتارە دیاری دەكەن هێندە كارە ئەدەبییەكانیان بەشدار نین لە ناسینى تێرمى سەعلوكییەتدا. یەكەمیان (جان دەمۆ) جگە لەوەى ناوى راستەقینەى (دەنخا)یە بەڵام رۆژێك بە سەرخۆشى بڕیار دەدات خۆى بكات بە (جان) و لە دواتردا لە نێو كۆڕى ئەدیباندا بەهۆى هۆگربونى بە كحولەوە ناوى لێدەنێن (ئیمپراتۆرى بیرو چاڵە كحولییەكان) وەك هێمایەك بۆ بیرە نەوتەكانى كەركوك، چونكە دەمۆ-ش بە چەشنى ئەو بیرانە لەشە لاوازەكەى پڕبوو لە كحول، پاشان بەهۆى ئەوەى بەردەوام پرتەو بۆڵەو شەڕەجنێوى كردوە نازناوى فەرهەنگى جنێوە پیسەكانیان لێناوە. هەرچى جان جینییەشە سەدان نازناوى وەك دز، بەدفەڕ، چەتە، پیاوخراپ و پەرپوتى لێنرابوو. لێرەدا وتارەكە دەكەین بە دو بەشەوەو هەر بەشێكیان بۆ یەكێك لەو دوو بلیمەتەى كایەى ئەدەب تەرخان دەكەین.

سەعلوكییەت لاى جان دەمۆ:
شاعیرێكى كەركوكییە و یەكێكە لە دیاردە دەگمەنەكانى رۆشنبیرى عەرەبى. زیاتر دیاردەیەكى ژیارییە وەك لە شیعرى. دەمۆ لەسەر نەوەى ئەدەبى شەستەكان ماڵە. قاوەخانەى (حەسەن عەجمى) و (یەكێتى نووسەران) بەبىَ دەمۆ هیچ وجودێكى نییە لە ئەدەبیاتى شەستەكان و حەفتاكانى عێڕاقدا. كەسێكى بىَ وەزیفەو ژن و ماڵ و خێزان و عەبەسى بووەو بەردەوام لە مەیخانە و سەرشۆستەكاندا خەوتووە. رۆژى 8/5/2003 لە مەنفاى ئوستورالیادا بە نەخۆشى كۆچى دوایى دەكات. لەپاڵ ناوى (فازڵ ئەلعەزاوى، سەرگۆن پۆڵس، موئەیەد ئەلڕاوى، سەڵاح فایەق، یوسف ئەلحەیدەرى، و جەلیل قەیسى)دا یەكێكە لە دامەزرێنەرەكانى (گروپى یاخود كۆمەڵەى كەركوك). بەردەوام سەرخۆش و بەدمەست و كەسێكى بۆهیمى بووە و لەگەڵ زۆربەى وەزیر و كاربەدەست و پیاوە دەسەڵاتدارەكانى بەعسدا لە شەڕەجنێودا بووە و بەشێكى زۆرى تەمەنى ئەدەبى خۆى لە مەیخانەكاندا بەسەر بردووە. زۆربەى نووسەرانى عێراق بە جنێوەكانى دەمۆ خۆشە بووبوون. هیچكام لەو نووسەرانە پێیان سەیر نەدەبوو ئەگەر دەمۆ جنێوى بدایە، بەڵكو ئەو حاڵەتەى كە نائاسایى بو ئەوەبوو لەگەڵى دابنیشیت و جنێوت پێ نەدات. زۆر سەرسام بووە بە شاعیرانى فەرەنسا بە تایبەتى (بۆدلێر) و (رامبۆ). سەبارەت بە بۆدلێر دەڵێت: ئەو حاڵەتێكى تایبەت بوو، شیعرى فەڕەنسى داخست. دەربارەى رامبۆ-ش دەیوت: نمونەى نەبوو لە جیهان، بەڵام ئەگەر توڕەت بكردایە دەیوت رامبۆ پێڵاوى بۆدلێرە. لەو جنێوانەى كە داهێنانى تێدا كردبوو ئەوەبوو كە بە سەددام حسێن-ى دەوت (ئاودەستى كوڕى ئاودەست). بەداخەوە بەیروت بەوجوانییەوە نەیتوانى شێتایەتى و بۆهیمییەت و عەبەسییەتى دەمۆ لەخۆ بگرێت ئەویش بەهۆى ئەوەى بەردەوام لەسەر شەقامەكان میزى دەكرد هەتاكو لە ساڵى 1975دا بە بڕیارێكى فەرمى شارەوانى بەیروت نەك لە پایتەخت بەڵكو لە وڵاتەكەش دەریانكرد ئەویش بەهۆى میزە زۆرەكانییەوە. زۆر بە دەگمەن خۆى شتووە و سەدان شەو لە كەلاوە و شەقامەكاندا رۆژى كردۆتەوە. دەمۆ لە گەنجیدا كوڕێكى كەشخە و قۆز بوە بەڵام كاتێك لە سەرگۆن پۆڵسەوە توشى میكرۆبى خوێندنەوە دەبێت ئیتر تووك بەسەریەوە نامێنێت. لە ناوەڕاستى حەفتاكاندا كاتێك دەچێتە بەیروت و زۆر سەرسام دەبێت بە هەندێك شاعیرى گەورەى لوبنان لەوانە (ئونسى ئەلحاج) كە هەمیشە دەربارەى ئەو شاعیرە مەزنە دەیوت: ئەگەر ئونسى ئەلحاج نەبووایە ئێمە ئاگادارى نوێگەرى عەرەب نەدەبووین. سەبارەت بە (شەوقى ئەبى شەقرا)ش دەیوت: ئەبى شەقرا پادشاى لوبنانە. جان دەمۆ هەركاتێك شیعرى شاعیرێكى گەورەت بۆ بخوێندایەتەوە گاڵتەى پێدەهات و دەیوت توخوا مەمخەرە پێكەنین، بە تایبەتى شیعرەكانى (عەبدولوەهاب بەیاتى). لە وتارێكیدا عەبدولقادر ئەلجەنابى دەڵێت: بەهۆى برسێتى و رەجاڵى و هەژارییەوە جان دەمۆ زیاتر بە پاڵەوانى رۆمانى (برسێتى)ى كنۆت هامسن دەچوو. ئەلجەنابى بەردەوام دەبێت و دەڵێت: بەهۆى پەرپووتییەوە جارێكیان یوسف ئەلخال لە دەفتەرێكدا كۆمەڵێك قەسیدەى پێدابوو هەتاكو وەریبگێڕێت بەڵام قەسیدەكان و دەفتەرەكەشى فەوتاند، ئەوەبو هەتاكو ماوەیەكى زۆر لە ترسى یوسف ئەلخال خۆى شاردەوە لەكاتێكدا بەهیچ جۆرێك لە ترسى بەعس خۆى نەدەشاردەوە. دەمۆ لە ژیانیدا تەنها یەك دیوانە شیعرى هەبووە بە ناوى (أسمال) یاخود (شڕوشیتاڵ). ئەوەى ئەو دیوانە شیعرەى خوێندبێتەوە بێ شك هەر دەبێت پێبكەنێت!! چونكە شوێنى نووسینى شیعرەكان هەمووى مەیخانەكانى كەركوك و بەغدان بە تایبەتى هەردوو مەیخانەى (رەوافد) و (دیجلە). چیرۆكى ئەو دیوانەى هێندە كۆمیدییە هەتاكو ئەو رادەیەى جان دەمۆ بە هیچ جۆرێك تاكە شیعرێكى خۆى لەو دیوانەدا ناناسێتەوە چونكە زۆربەى شیعرەكانى ناونیشانیان نەبوو. لە یادى مردنى دەمۆ-دا یەكێك لە هاوڕىَ نزیكەكانى دەمۆ دەڵێت: ئێمە كاتێك لە مەیخانەكان دادەنیشتین داواى شیعرێكمان لە دەمۆ دەكرد، ئەویش دەیوت هەتاكو چارەكێك عەرەقم بۆ نەكڕن شیعر نادەم بە باوكیشم. هاوڕێكەى بەردەوام دەبێت و دەڵێت: كاتێك تێر كحول دەبو شیعرێكى بىَ ناونیشانى بۆ دەنووسین و بە كڕینى قاپێك مەزە ئینجا ناونیشانى دەخستە سەر. دیوانى (شڕوشیتاڵ) لەلایەن هاوڕێكانى مەیخانەوە كۆكرانەوە و چاپكران، بەڵام كاتێك بە چاپكراوى خرانە بەردەستى شاعیر بەهۆى بەدمەستى و ژیانى سەعلوكى خۆیەوە هیچكام لە شیعرەكانى نەدەناسییەوە و دەیوت بیرم نایەت شتى لەوجۆرەم نووسیبێت. یەكێك لە شاعیرو هاوڕىَ نزیكەكانى لە یەكێك لە یادگارییە خۆشەكانى نێوان خۆى و جان دەمۆى شاعیردا بەم شێوازە كۆمیدییە بەسەرهاتێكى خۆى و دەمۆ دەگێڕیتەوە: لە رۆژێكى هاوینى كۆتایى شەستەكاندا، رۆژێكیان بڕیارم دابوو جان دەمۆ ببەمەوە بۆ ماڵەوە و خواردنێكى خۆشى دەرخوارد بدەم. خوشكە بچووكەكەم دەگریاو دەیوت كاكە گیان كە هاتیتەوە شتى خۆشم بۆ بێنە، وتم بەسەرچاو، رومكردە ئەندامانى ماڵەوەو وتم جان دەمۆ-تان بۆ دەهێنمەوە ئەوانیش لە خۆشیدا كەوتنە چەپڵەلێدان بەبىَ ئەوەى بزانن جان دەمۆ چییە!! منیش واقم وڕمابوو لەوەى كە ئەمانە چۆن دەمۆ دەناسن!! بەڵام هیچ قسەیەكەم نەكرد. كاتێك چووم بۆ دۆزینەوەى دەمۆ لە یەكێك لە مەیخانەكاندا بینیم بە تەواوى سەرخۆشەو زۆر چڵكنیش بوو، هەرچۆنێك بێت لەگەڵ خۆم بردمەوە بۆ ماڵەوە و بینیم هەموویان بێز لەوە دەكەنەوە كە من چۆن كەسێكى سەرخۆش و چڵكنم بردۆتەوە لەكاتێكدا ئەوان وتویانە شتى خۆشمان بۆ بێنە بە تایبەتى خوشكە بچووكەكەم. پاش ئەوەى چوینە ژورەكەى خۆم خوشكە بچووكەكەم هات و وتى كاكە هیچت بۆ هێناوم؟ منیش وتم ئەى چۆن گوڵەباخ ئەى ئەوە نییە جان دەمۆم بۆ هێناویت!! ئەویش بە پەلە هات و دەستیكرد بە گیرفانەكانمداو وتى كوا هیچى تیا نییە، منیش بە دەست ئاماژەم بۆ جان دەمۆ كردو وتم ئەوەیە جان دەمۆ، خوشكەكەم بە بیستنى ئەو قسەیە هەر لەوێدا دەستیكرد بە گریان و ژیر نەدەبووەوە تومەز وایدەزانى جان دەمۆ چكلێت و نەستەلەیە. ئیتر ئەوە بوو هەمو ئەندامانى ماڵەوە دامانە قاقاى پێكەنین. دەمۆ سەرەڕاى ئەوەى بەردەوام سەرخۆش بوەو لە كەلاوەو سەرشەقامەكاندا رۆژیكردۆتەوە لە عەممانى پایتەختى وڵاتى ئەردەن-یش كاتێك پەناهەندە بوە بەبێ گوێدانى هیچ عورف و رێسا و دابونەریتێكى ئەو وڵاتە خێمەیەكى دەستكەوتبوو هەر رۆژێك و لە كۆڵانێكدا خێمەكەى هەڵدەدا و دەچوو لە ناویدا بە سەرخۆشى دەخەوت، یان ئەگەر خێمەكەى لێونبوایە شەوانە بە سەرخۆشى شۆفێرى تاكسییەك فڕێى دەدایە باخى ماڵێكەوە. هاوڕێكانى بە زۆر دەیانبردە حەمام و بەریان بۆ دەتاشى و دەستپەڕیان بۆ دەكرد. پێدەچێت سەعدى یوسف و سەرگۆن پۆڵس و فازڵ ئەلعەزاوى زۆرترین دەستپەڕیان بۆ دەمۆ كردبێت. كاتێك لە بەغدا لەگەڵ یەكێك لە وەزیرەكاندا دەیكات بە شەڕەجنێو بۆ ماوەیەك دەچێتە زیندان وشەوانە لەنێو بەندیخانەكەدا بە دەنگى بەرز بە پاسەوانى بەردەم ژوورەكەى دەڵێت: ئەوە دەتوانیت پەنجەرەیەكمان لەو سەقفەدا بۆ دروستبكەیت هەتاكو ئەستێرە ببینین؟!!. دەمۆ بەردەوام لە مەیخانەكانى شەقامى سەعدون و ئەبى نەواسدا دەبینرا، یاخود ئەگەر بەزمێكى بگێڕایە لە یەكێك لە بنكەكانى پۆلیس رۆژى دەكردەوە. لەو وێنەیەى كە لەگەڵ ئەم نووسینەدا بڵاوبۆتەوە رۆژنامەنووسێك بۆ سازدانى دیدارێك لەگەڵیدا دەچێتە كەلاوەیەك و بەسەرخۆشى دەیبینێت، لەگەڵ یەكەمین پرسیارى رۆژنامەنووسەكەدا دەمۆ خەوى لێدەكەوێت و ئەویش تەنها وێنەیەكى دەگرێت و بەبىَ ئەوەى هیچ وەڵامێكى چنگ بكەوێت دەڕوات. سەڵاح حەسەن-ى نووسەر لە لاواندنەوەیەكدا بۆ دەمۆ دەڵێت: ئەوە تۆ لە كوێیت؟ وەرە كۆبۆنى خۆراكم دەستكەوتوەو لەگەڵ بەشیر ئەلقەمەرى-ى رەخنەگردا (رەخنەگرێكى مەغریبى بوە- زمناكۆ) كیسەیەكى نایلۆنمان هێناوەو پڕمان كردووە لە گۆشت و برنج و بۆ تۆمان هێناوە، دڵنیام لە خۆشیدا دەفڕیت، وەرە لە باڕى مەنسور میلیا لەگەڵ سەڵاح فایەق و سەرگۆن پۆڵس چاوەڕێت دەكەین. دەمۆ وەك سەعلوكێك میزى بە شەقامەكانى عەممان و سیدنى و بەیروتدا دەكرد. وەك دەگێڕنەوە لە سەردەمى بەعسدا سنورى عێڕاق و سوریاى بەپىَ بڕی بوو بەڵام خۆشى نەیدەزانى بۆ دەچێت بۆ سوریا هەر لەبەر ئەوە بوو كە لەسەر سنوور دیسانەوە بەپىَ گەڕایەوە. كاتێك لە سیدنى دەبێت بەهۆى نەخۆشى و سەرماو برسێتییەوە شەوێك لەسەر یەكێك لە شەقامەكانى ئەو شارە جوانە بەسەرخۆشى دەكەوێت و لەوكاتەدا كۆمەڵێك هاوڕێى نزیكى دەیبینن و سڵاوى لێدەكەن بەڵام ئەو بەبىَ ئەوەى كەسیان بناسێتەوە پێیان دەڵێت توخوا ئەگەر پێتانە چارەكێك ویسكیم بدەنێ. جان زۆر بە كەمى نانى دەخوارد و كحول بە تەواوى داگیریكردبوو، كە برسى دەبوو دەیوت عەرەقم بدەنىَ برسیمە. لەدوا ساڵەكانى تەمەنیدا خەونى بە گەڕانەوە بۆ عێراق دەبینى بەڵام بەهۆى نەخۆشى و پەككەوتەیى و هەژارییەوە ئەو خەونەشى نەهاتەدى و پێش گەڕانەوەى بۆ عێڕاق لە دواى رووخانى بەعس كۆچى دوایى كرد.
 
سەعلوكییەت لاى جان جینییە:
هەر لە سەرەتاوە وایدەزانى كە لەدایكبوونى ئەو شتێكى گرنگ و بە نرخە. لە پاریس و لە رۆژى (19/12/1910) جینییە دێتە ژیانەوە. هەتاكو تەمەنى نەگەیشت بە بیست و یەك ساڵى هیچ شتێكى دەربارەى ئەسڵ و فەسڵى خۆى نەدەزانى و تەنانەت هەر لەو تەمەنەشدا بۆى روون بووەوە كە لە چ رۆژێكدا لەدایك بووە. جان جینییە سەرەڕاى چەتەیى و هۆمۆسێكسواڵى و پاتاڵى و رەجاڵى و سەعلوكییەت لە هەمان كاتدا زۆڵیش بووە. ژان بۆڵ سارتەر-ى گەورە فەیلەسوفى وجودى یەكەمین كەس بو لە كتێبە 690 لاپەڕەییەكەیدا كەسایەتى وجودى تەواوى جینییەى دۆزییەوەو هەمیشە بە دزێكى ئاوارەو زیندانییەكى هەڵاتوو وەسفى دەكرد. ئەم (جان)ەى دووەم لە (جان)ەكەى پێشو نەگبەتتر بوو. زستانان لەبەر بىَ شوێنى دەچوو تاوانێكى دەكرد هەتاكو بخرێتە زیندان، چونكە وەك خۆى دەیوت: هیچ نەبێت لە زینداندا ژەمێكى باش و ژورێكى گەرمم دەستدەكەوێت. زۆربەى كارە ئەدەبییە ناوازەكانى خۆى لە زینداندا نووسى. بەردەوام جانتاى ژنانى دەدزى و ئەوەندە تاوانى كردبو هەمو پۆلیسەكانى پاریس دەیانناسى. بەشێكى زۆرى یادگارییەكانى خۆى لە كتێبێكدا بە ناوى (رۆژانەكانى دزێك) بڵاوكردەوە. جان جینییە خاوەنى ژیانێكى ناشرین و ئەدەبێكى جوان بو. ژنە نوسەر سیمۆن دى بۆڤوار-ى خۆشەویستى سارتەر سەبارەت بەم (جان)ە دەڵێت: ئەو نەگبەتە هەر كە چاوى هەڵهێنا كەوتە بەر رق و قسەى ناشرین و تانەو تەشەرلێدانى كۆمەڵگە لەبەرئەوە شتێكى سروشتییە ئەگەر ئەویش لە نوسینەكانیدا رقى خۆى بەرانبەر بە كۆمەڵگە بخاتەڕو. هەر لەبەرئەوەش بو بەردەوام جینییە دەیوت: پێش ئەوەى فەرەنسا تفم لێبكات من تفم لێكردوە. لەنێو بەندیخانەدا سەرسام و ئاشنا دەبێت بە (جۆهاندۆ) كە ئەویش وەك خۆى یاخى و سەركێشەو هەڵسوكەوتەكانى لە هەڵسوكەوتەكانى جان ناشرینترە. زیندان شوێنى زیندانیكردن نییە بەڵكو ئەوەندە خۆشە پەناگەیەكە بۆ هەڵاتن، هەڵاتن لە شتە پڕوپوچەكانى ژیان و گەڕانەوە بۆ جەوهەریان، ئەمە ئامۆژگارییە بەنرخەكانى جۆهاندۆ بو بۆ جان جینییە، ئەویش لە وەڵامى ئەو قسانەدا دەیوت: لە راستیدا دەمەوێت واز لە دزى بهێنم و لە رێگەى نوسینەوە پارە پەیدابكەم، جۆهاندۆ-ش وەك ئامۆژگارییەك بەردەوام پێى دەوت: هاوڕىَ ئازیزەكەم راستە تۆ بەهرەیەكت هەیە لە نوسیندا بەڵام تكایە هەموى مەخەگەڕ چونكە هەمو شتێك وێران دەكەیت و هیچت بە دەستەوە نامێنێت لەبەرئەوە تكایە بەردەوامبە لەسەر دزیكردن. جینییە لە یەكێك لە قەسیدە ناودارەكانیدا (ئەو پیاوەى مەحكوم بو بە مەرگ) كە بەردەوام لەسەر كاغەزێكى تازە دەینوسى و لەسەر دیوارەكانى زیندان هەڵیدەواسى بە ئاشكرا دەیسەلمێنێت كە ئەو كەسێكى هۆمۆسێكسواڵبوەو چەندین لادانى ترى هەبوە. ئەوەندە ئەو قەسیدەیەى هەڵواسیبو هەمو زیندانییەكان بە خوێندەوارو نەخوێندەوارەوە لەبەریانكردبو. جینییە زۆر سەرسام دەبێت بە یەكێك لەو سەربازە ئەمریكییانەى لە شەڕى ڤێتنامدا بەشداریكردبو، هەمیشە بە زیندانییەكانى هاوڕێى دەوت: سەربازێكى ئەمریكى لەبەرئەوەى 10 ڤێتنامى كوشتبو 10 میدالیایان پێدا بەڵام كاتێك لەگەڵ كوڕێكى هاوڕێیدا خەریكى سێكس بوە لە سوپا دەریانكردوە. لێرەوە وا بە دەردەكەوێت كە جینییە تەنها بە كەسە لادەر و یاخییەكان سەرسامبوەو هیچ كەسێكى ئاسایى خۆشنەویستوە. لە بەشێك لە یادەوەرییەكانیدا دەنوسێت: ئەگەرچى وشەى دز نیگەرانى دەكردم بەڵام بەهرەى دزیكردن لە تەمەنى 10 ساڵیدا لە مندا دەركەوت، سەرەتا هەر شتێك بهاتایەتە بەردەستم دەمدزى بەڵام كاتێك كە گەورە بوم تەنها بەشی پێداویستییەكانى خۆم دزیم دەكرد. ژمارەیەكى زۆر لە نوسەرانى جیهان پێى سەرسام بون لەوانە (سارتەر، دى بۆڤوار، موحەمەد شوكرى، ئەندرىَ جید...هتد)، ئەگەرچى ئەویش بە ئەندرىَ جید و دۆستۆیڤیسكى سەرسامبوە. جینییە بە چەشنى بۆهیمییەتى رامبۆ بەردەوام لە گەڕاندا بوەو لەساڵى 1936دا بڕیاردەدات بچێتە چەند وڵاتێك لەوانە: (ئیتالیا، ئەلبانیا، یۆنان، یۆگۆسلافیا، چیك، پۆڵۆنیا، ئەڵمانیا، و شام). ماوەیەكى زۆر لە بەیروت ماوەتەوەو پاشان لە پراگ-ى پایتەختى چیك دەبێتە مامۆستاى ژنێكى جوان بەناوى (ئان بلۆخ) و زمانى فەرەنسى فێردەكات و وەكخۆى دەڵێت تاكە ژنێك بوە كە خۆشیویستوە، بەڵام خۆشەویستییەكى سپى بەبىَ سێكس. لەماوەى ساڵانى (1937-1942)دا جارێكیتر دەستدەكاتەوە بە دزى و چەند جارێك دەیبەنەوە زیندان، تەنانەت لەو ساڵانەدا سەرجەم بەرهەمەكانى (مارسیل پرۆست) دەدزێت و بەو تاوانەش سىَ مانگ زیندانى دەكرێت. لە ساڵى 1943دا وەك خۆى دەڵێت بەهرەى دزییەكانى گەشەیسەند، بەڵام بۆ نەگبەتى ئەو، نوسەرێكى بەناوبانگى وەك (جان كۆكتۆ) سەرهەڵدەدات و سەرنجى بەشێك لە خوێنەرەكانى جینییە بەلاى خۆیدا رادەكێشێت. لە یەكێك لەو دادگاییكردنانەدا كە بەهۆى دزینى دیوانە شیعرێكى دەگمەن و نایابى (فیرلین)ى شاعیرەوە سزاى دەدەن، جان كۆكتۆ پارێزەرێكى بۆ دەگرێت و بە پارێزەرەكە دەڵێت لەكاتى دادگاییكردنەكەدا بڵى ئێوە یەكێك لە گەورەترین و باشترین نوسەرى فەڕەنسى لە چەرخى نوێدا سزا دەدەن، ئەو قسەیە دەبێتە هۆى ئەوەى بیبەخشن چونكە ئەگەر كۆكتۆ نەبوایە سزاى زیندانیكردنى هەتاهەتایى بۆ دەردەچوو.
 
سەرچاوەكان:
1. صلاح حسن، المدى الثقافي: فی ذكرى جان دمو... استیقظ یا جان سنعود الى بغداد.
2. على حسن الفواز، "جان دمو" اكتشف أن تحت میاه الجرح كناراً.. جریدة الصباح، 28/8/2007.
3. عبدالقادر الجنابی، فی ذكرى جان دمو.. موقع ایلاف: الأحد 29 أغسطس 2004.
4. مئە عام على میلاده، جان جینییه الصعلوك.. متمردا على المركزیة الغربیة.. موقع الجزائریة نیوز، الاثنین: 20 دیسمبر 2010.
5. أسعد الطیب العباسى، مقتطفات عن علاقە الشذوذ و الابداع عند الادیب الفرنسی جان جینیه، صحیفة سودانایل الالكتروني: الثلاثاء 6/10/2009.