و. لە عەرەبییەوە : جەمال غەمبار
 
ئەو کەشتییەی نەگەیشتە جێ .
ئەو ماڵەی دروست نەکرا .
ئەو ڕێگایەی نەگیرایە بەر .
ئەو نامەیەی کە نەگەیشت .
ئەو بیرەی کە لێ نەدرا .
ئەو درەختەی نەڕوێنرا .
ئەو سیگارەی نەکێشرا .
ئەو قاوەیەی نەخورایەوە .
ئەو مردنەی کە نەهات .
ئەو ژیانەی دەستی پێ نەکرد .
***
+ لە هەر کەشتییەکدا ، موسافیرێکی قاچاخ هەیە و
لە هەر ماڵێکدا ، چەندین بیرەوەریی ون .
+ لە هەر ڕێگایەکدا ، کاروانێک دەگەڕێتەوە .
+ لە هەر نامەیەکدا ، ڕستەیەک لەبیر کراوە .
+ لە هەر بیرێکدا "یوسف" ێک دەگری !
+ هەر درەختێک ، سێوێکی حەرامی گرتووە .
+ لە هەر سیگارێکدا ، نیگاری هیندییەکی سوور دیارە ،
لە هەر قاوەیەکدا تاڵیی و
لە هەر مردنێکدا ، فریشتەیەکی مەست !
+ لە هەر ژیانێکیشدا
ماتەمگێڕان چاوەڕێی ناشتنی تەرمێکن !
+ لەوێندەرێش ،
لە مەخفەرێکی سەر سنوور
فەرمانبەرێکی لێیە ،
تۆ ، چاک چاک دەناسێت !
تەوقەیەکی لەگەڵدا بکە ، یان
زەردەخەنەیەکی بۆ بکە و
پاشان بە هێمنیی ، خۆت ئاودیو کە ...!

 

سەرچاوە : کۆدیوانی "في نهایة کل الرحلات – منشورات الجمل /1994" .
 
تێبینی : لەسەرەتای نەوەدەکاندا ئەم دەقەم تەرجەمە کرد و لە "ئەدەب و هونەر" ی ئەو دەمی 'کوردستانی نوێ' ی خۆشەویستدا بڵاوم کردەوە . ئەمێستاکەش ، هەم لەبەر جوانیی و دڵگیریی دەقەکە و هەم دڵنیاشم ژمارەیەکی بەرچاو خوێنەرانی بەڕێز نەیانبینیوە ، بە چاکم زانی لە نوێ بڵاوی بکەمەوە.
 
 
فازیل ئەلعەززاوی شاعیر کێیە ؟:
لە ساڵی 1940 لە شاری کەرکووک لەدایک بووە .
بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی و ، دکتۆرای لە زانکۆی "لایبزگ" ی ئەڵمانیا لە بارەی (گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم پەرەسەندنی رووناکبیریی عەرەبی ) بەدەستهێناوە .
بەر لەوەی بچێتە ئەڵمانیا و ببێتە پەناهەندە ، لە عێراق لە ڕۆژنامەوانیی ئەدەبییدا کاری کردووە و لە ساڵی 1969 بەشداری دەرچوواندنی گۆڤاری "شیعری 69" دا کردووە و پاشان
(مانیفێستی شیعریی) نووسیوە کە هەرایەکی ڕووناکبیریی نایەوە لەبارەی کۆنسێپت و ئاسۆی شیعری نوێی عەرەبیی .
 
هەندێک لە دیوانە شیعرییەکانی : (سڵاو ئەی شەپۆل ... سڵاو ئەی دەریا ) - (بەرەو ژوور هەتا لای چاوەی ئاو) – (پیاوێ بەرد هەڵئەداتە ناو بیرێک ) .
وێڕای نووسینی شیعر ، چەندین ڕۆمان و چیرۆک و توێژینەوەی ئەدەبییشی هەیە .
لەگەڵ هەریەک لە شاعیرانی کەرکووک " سەرگۆن پۆڵس و موئەیەد ئەلڕاوی و سەڵاح فایەق و جان دەمۆ " گروپێکی شیعرییان بە ناوی (گروپی کەرکووک) راگەیاند و ئەم گروپە کاری لەسەر دامەزراندنی بنەماکانی 'پەخشانە شیعر' دەکرد .
(وەرگێڕ - ئوسترالیا)