تشرینی دووەم 2009
شەو سێبەرێكی تەڕە
مانگ دەیچنێ‌
سپێدە وشكی دەكاتەوە.

++

مانگ بە دەنووك
شەو دەنووسێتەوە
بە خەیاڵ دوارۆژ.

++

خەیاڵی شەو ڕەش دەچێتەوە
وەك ئەوەی لە پرسەی خۆر
بیركردنەوەی جێ‌ هێشتبێ‌.

++

بەبیركردنەوە
بە شەودا دەڕۆم
بەجەستە
سەما لەگەڵ “با” دەكەم
ئەوە من نیم
بێدەنگی هەتاوە
كاتێ‌ قسە لەگەڵ خۆی دەكا.

++

مانگ چرای شەو
بە دواماچی رۆژ هەڵدەكا.

++

مانگ رووتی لە ئاو جێ‌ هێشت
دەنگی لە هەتاو
ئەوەی بە نەبینراوی دەشكێ‌
ئەدرێسی شەوە
بە پێوانەی بەفر.

++

چۆلەكەیەك لەبەر مانگەشەو نووستووە
خەیاڵی هەتاو دەكا.

++

بەنیگای شەو
حیكایەتی زەوی
بەخۆر وەدەكەم.

++

دنیا بەقسەی “با” دێتە سەما
بەپڕشنگی خۆر بیر دەكاتەوە
لە رووتی مانگ جێ‌ دەمێنێ‌.

++

پرسیاری ژیان هەمیشە لە بارانەوەیە
وەڵامەكان لە خۆرئاوابوون.

++

لەنێوان بوون و نەبوون
“با” بەخەیاڵی باران دەجوڵێ
لە نێوان شەو و رۆژ
باران بە “با” سەوز دەبێ‌.

++

ئەوە باران نییە
ئاسمان، زەوی پێ‌ دەشوا
حەزی مانگە
لە كتێبی شەو نووسراوە.

++

هەتا شەو بمێنێ‌
مانگ لە پەڕی ئاسمانە
هەتا خۆر هەڵدێ‌
مرۆڤ لەباران دێتەوە.

++

ئەوەندەی بزانم
باران و با
لە پرسیار و وەڵام دەكەن
شەو و رۆژیان
تێدەپەڕێ‌.