من لە قەراغی دەریایەکدا دەوەستم و هێمنم، دەزانم هێمنیم لەو شەپۆلە دوورانە دەمپارێزێت کە بۆنی کەشتی خنکاویان لێدێت، هێمنیم وادەکات ئەو بەلەمانە نەمبینن کە لە دوورەوە بۆ دوژمن دەگەڕێن، هێمنیم لە بای ساردی شەو دەمپارێزێت کە بۆ مەستەکان دەگەڕێت، لەسەر لمی کەنارەکان دادەنیشم و هێمنیم وا دەکات ئەستێرەکان نەمبینن، بە خۆم دەڵێم <<کەس پیاوێک نابینێت کە لە قەراغی دەریادا بە هێمنی دانیشتبێت>>. گەردەلوولەکان دێن و سەیری هەموو شتێک دەکەن، سەدەفی شکاو، مرواری شکاو، دڵی نەورەسی شکاو. بەڵام من نابینن، من بە جۆرێک هێمنم کەناری دەریا نازانێت من لەوێم، با نازانێت، هەتا یەک دڵۆپ ئاوی بچکۆلانەش نازانێت، من لەوێم. من کەسێکم کەنار و کەشتییەکان دەتوانن لەبیرمبکەن... هەموو کەسێک، هەموو شتێک، دەتوانێت لەبیرمبکات... من لەسەر ئەو لێوارە دەوەستم و دەزانم، دەریا نازانێت، یەکێک تەماشیدەکات، کەشتییەکان تەقە لە یەکتر دەکەن و نازانن من دەیانبینم، من بە جۆرێک هێمنم گوێم لە دەنگی خەیاڵی ماسیگرەکانە، گوێم لە دەنگی تۆڕەکانە کە ئەمشەو بەر ئاو دەکەون، گوێم لە هێلکەی ماسییەکانە کە دەتروکێن... گەر دەتەوێت وەک من گوێت لە دەنگی خنکاوەکان بێت لە ژێر ئاودا پێدەکەنن، گەر دەتەوێت ئاسمان نەتدۆزێتەوە، دەبێت وەکو من هێمن بیت، وەرە سەیرمکە... من بەچەشنێک هێمنم ڕوناکی نامبینێت... بە جۆرێک هێمنم ئەستێرە نامدۆزێتەوە...

نووسینەوەی 'ماڵێک لە ئاسمان' لە 'ئەی بەندەری دۆست، ئەی کەشتی دوژمن'ەوە