لە دۆزەخێكدا ونبوومە
ئیمان بەهەموو رەهەندەكانییەوە
ناتوانێت قوتارم بكات !
لە دڵی كچێكدا ونبوومە
هەرگیز ناتوانێت دەرم بێنێت,
مەگەر ببێتە سۆزانیی و لەشی بە كەسێك بفرۆشێ
وەك سەگێك چۆن بەدوای بۆندا مل دەنێت
وەك ئاوێكی سەرلێشێواو لە تاڤگەیەكەوە بەنەزانی خۆی بەرداتە خوارەوە
وەك باڵندەیەكی نابینا دوور لە چێژی جوانی ئاسمان
ئاوها ونبوومە و خۆم نادۆزمەوە !
ئەشێ لە نێو گەڵایەكدا نووستبم و
پاییز بە وەرینەكانییەوە ئابرووم بەرێت ,
بۆ باخچەكان شرۆڤەم بكات
ئەترسم هەورێك لە تەك خەیاڵەكانم ونی كردبم
بارانێك بەشەرمەوە بۆنم بڵاوبكاتەوە
بە منداڵیی یادمە كتێبێكی رەنگاو رەنگ ونیكردم
كە گەورەبووم عەشق بەهەموو ئازارەكانییەوە نەیدامەوە بە دایكم
ونبوونی من جودا لە ونبوونی هەتاوە لە خاكدا
یەكەم ونبوونم تەماشاكردنی ئاوێنەیەك بوو ,
بۆ یەكەمین سات
بە سەرسامی خۆی ونی كردم!
ون دەبم و نازانم بۆ؟
ونبوونێك پڕ لە بۆنی سێبەر
ونبوونێك خاڵیی لە مردن
هێندە ونبوومە و مەستی گەڕاندومیەتیەوە بۆ ژیان
هەندێ سات خۆم ناناسمەوە !
بەدوای رێگایەكی تاریكدا دەڕۆم و ون دەبم,
بەمەبەستی دۆزینەوەی دەرگاكانی تەنیایی
لە ژێر بەردێكی بێئومێدا مارێك دەمدۆزێتەوە
دەمداتە دەست مەرگی باوكم
بە دوای دوكەڵی جگەرەیەكدا دەڕۆم و ون دبم,
بۆ دۆزینەوەی نهێنیی فڕینەكان!
پارچەیەك لە ئەستێرەی شكاو دەمدۆزێتەوە و
دەمداتە دەست رەشبینیی,
من هەمیشە ون دەبم ون
لەتەك نیشتماندا چەندین جار ونبووم
ئەنفال بردمی و نیگاكانی نەدامەوە دەستی خاك
شەڕی ناوخۆ لە شاخێكدا جێی هێشتم و خۆم خواردەوە
كۆچ بەتەنیا رۆشتوو لە رێگا منی ونكرد و جێی هێشتم
ون دەبم و با دەمهێنێتە بوون !
لەڕەگەوە وەك درەختێك رووتم دەكاتەوە
باران لە ونبوونم بێدەنگ دەبێت
لە باخچەیەكدا بۆنی گیا ونم دەكات
بەدەستەكانی ژیانەوە وندەبم و
پێیەكانی مەرگیش نامدۆزێتەوە
ونبوون,یانی دواكەوتن لە بینینی گەمەكانی –با- بەهەنار
ونبوون ,یانی پشتكردن لە داكەندنی بەرگی ناكۆتا
ونبوونی ریقنەی چۆلەكەیەك لەئاسمان كە دەكەوێتە سەر زەوی
ونبوونی پەشیمانییە لە ئێوارەیەكی بێهودەدا !
ونبوونی من لە كتێبێكی كۆنی رژاو
ونبوونی پوچییە لە بیابانێكدا بەدوای ئاو بگەڕێت
ونبوونی من لەبۆنی دەریا
ونبوونی سەرخۆشێكە مەست وەك رۆشتنی ئاو نابینا!
ونبوونەكان بۆكوێ دەمانبات؟
كوێ ؟ دەستی هەیە لەونبوونمان
ونبوون بەدەم جگەرەكێشانەوە,
ونبوون لە لێواری شیعرێكەوە ,
ونبوون بە دوای بینینەوە,
بینینی ونبوون
ونمان دەكات ون !
زەنگێك خۆی دەشارێتەوە لە ترسی ونبوون
دزێك بە دوای ونبووندا دەگەڕێت
كچێك لە قەیرەیی خۆی ون دەكات
ئاوێنەیەك دەرگا بەدەرگا بەدوای ونبوون دەگەڕێت
چاوشاركێكە, تەوا دەبێت
ونبوون خۆی نادات بەدەستەوە
لەشوێنێكی دوور دوور _با_ دەیبینێت
وندەبین و گەمەكانی منداڵیی جێماندەهێلێت
وندەبین و نیشتمان نامانناسێتەوە,
كۆم دەبینەوە لە ونبووندا
سەرما لەباوەشمان دەكات
ونبوونەكان دابەشمان دەكەن,
ونبوون لە نێو ونبوون
چ ئازارێكی میهرەبانە
ونبوون لە نێو ونبوون
دۆزینەوەی خودە لە بووندا
نازانین چۆن وندەبین !
هەندێ جار لەتەك عەشقێكدا دەڕۆین و ون دەبین
هەندێ جاریش بەدیار گوێگرتن لە مۆزیكەوە وندەبین
هەندێ جار سێبەرەكانمان دەنێرین بۆ سەفەر و خۆمان وندەبین
هەندی جار جلوبەرگەكانمان دیار و خۆمان ون
هەندێ جار خەیاڵ ونمان دەكات
هەندێ جار ژیان ونمان دەكات و مەرگیش ناماندۆزێتەوە !
كە ون دەبین كەس باسمان ناكات
كە ون دەبین كەس هەواڵمان ناپرسێت
كە دەماندۆزنەوە هەر كەس باسمان ناكات
كەس هەواڵمان ناپرسێت
ونبوونەكان لە رۆحماندایە و ونە
وندەبین و چاكە سارد دەبێتەوە ئەو دەمانخواتەوە
وندەبین و ئێمە بارانەكە تەڕ دەكەین بە جوانی
وندەبین و ئێمە هاوار لە دەنگ دەكەین
وندەبین و سەرما رەق دەكەینەوە
بەونبوونەكانمانەوە دەچین بۆ سەفەر
پەرش و بڵاوی خۆمان پینە دەكەین بە گۆرانی
جەنیوەری 2010
omerjelal@yahoo.com