
به گیانی (سائیب ئه‌کره‌م)ی هاوڕێی ساڵه خه‌مناکه‌کانی ته‌مه‌نم پێشکه‌شه
له ساڵی هه‌شتاوپێنجی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه ویستوومه له ده‌رفه‌تێکدا ئه‌م چیرۆکه بنووسم، وا باشتره بڵێم بنووسمه‌وه، چونکه ڕووداوه‌کانی ڕاسته‌قینه‌ن، به‌ڵام نازانم بۆچی ڕێک نه‌که‌وتووه... ئه‌مڕۆ ئه‌و هاوڕێیه‌ی، که له‌و ساڵه‌دا به‌سه‌رهاته‌که‌ی بۆ گێڕاومه‌ته‌وه، ئیمه‌یلێکی بۆ ناردووم و له شوێنێکیدا ده‌ڵێ: ((هه‌وڵم داوه هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانت په‌یدا بکه‌م، به‌ڵام نازانم بۆچی ئه‌و چیرۆکه‌م بۆ نادۆزرێته‌وه...!! ئایا خۆت ده‌توانی بۆمی بنێریت...؟!))... وای زانیوه من نووسیومه، بگره بڵاویشم کردووه‌ته‌وه... ناهه‌قیشی نییه... من ئه‌وسا زۆر سه‌رسامیی خۆمم له ئاستی ئه‌و به‌سه‌رهاته‌دا نیشان دا... ته‌نانه‌ت به‌و بۆنه‌یه‌وه داوام لێ کرد پێکه‌وه بچین له ڕێستۆرانتێکی به‌رده‌م زانکۆی مووسڵدا چێشتێکی جیاواز له برنج و فاسۆڵیا بخۆین، که بووبووه خۆراکی ڕۆژانه‌ی خوێندکاران، به‌و مه‌به‌سته‌ی ئه‌و ڕۆتینه تێکبشکێنین و زه‌وقێکی خۆشمان هه‌بێت، هه‌تا بتوانم به‌چاکی سه‌رنجه‌کان یاداشت بکه‌م و دوایی له کاتی داڕشتنی ڕووداوه‌کاندا ئه‌و سه‌رنجانه له به‌رچاو بگرم... نایشارمه‌وه، پێچه‌وانه‌ی زۆر له‌وانه‌ی، که له حاڵه‌تی په‌شێوی و نائارامیدا ده‌نووسن، من هه‌میشه حه‌ز ده‌که‌م له‌و ساته‌ی خه‌ریکی خوێندنه‌وه و نووسینم، لانی که‌م زۆر په‌ست و خه‌مناک نه‌بم... وا هه‌ست ده‌که‌م بوونی ئازاری زۆریش به قه‌ده‌ر نه‌بوونی ئازار نه‌هامه‌تییه و دوژمنی خه‌یاڵه... نازانم ئاخۆ من له‌م ڕووه‌وه له‌گه‌ڵ بۆچوونی (شۆپێنهاوه‌ر)م، یان دژیم، که هه‌ر ئه‌و ساڵه له ماڵی قوتابییان خوێندمه‌وه و پێی وایه ئێمه ته‌نیا له ڕێگای ئازار و نه‌بوونییه‌وه هه‌ست به بوونی خۆمان ده‌که‌ین...!! واته نووسه‌ر له کاتی ئازار و نه‌خۆشیدا ده‌توانێت باس له خۆی و له‌و دنیایه بکات، که له‌باره‌یه‌وه ده‌نووسێت... هه‌رچی بێت ئه‌مه‌یان نووسینه‌وه‌یه، نه‌وه‌ک نووسین... با ئه‌وه‌نده‌ش لقوپۆپ له باسه‌که‌م نه‌که‌مه‌وه، چونکو هه‌ر ئه‌و هاوڕێیه‌م دوای ئه‌وه‌ی له ئیمێلێک پێم گوت، که من له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت، هه‌تا ئێستا نه‌متوانیوه ئه‌و چیرۆکه بنووسمه‌وه، به‌ڵام به‌ڵێن بێت هه‌موو شته‌کانی دیکه‌م به لاوه ده‌نێـم و خه‌ریکی ئه‌وه ده‌بم؛ ئه‌م له ئیمه‌یلی دووه‌میدا داوای لێ کردم به شێوازی چیرۆکه‌کانی دیکه‌م نه‌ینووسم... مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه هێنده شت ورد نه‌که‌مه‌وه و ئه‌و هه‌موو ڕێگومکه‌یه نه‌خوڵقێنم... وه‌ک بڵێی ویستبێتی زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر وشه‌ی (ڕێگومکه) بکات، بۆیه به زمانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بییش له‌نێوان دوو که‌وانه‌دا نووسیویه‌تی (متاهة، Maze)... لێره‌دا ده‌بێت شتێکی زۆر گرنگ بڵێم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که ئه‌و هاوڕێیه‌م هه‌ر له‌و ئیمه‌یله‌یدا نووسیویه‌تی: ((خۆ به سه‌رێ زۆرم پێ خۆشه هه‌تا ئێستا ئه‌و چیرۆکه‌ت نه‌نووسیوه‌ته‌وه... وه‌کو خۆت ده‌زانی ئه‌وسا له‌و ڕێستۆرانته وا ڕێک که‌وتین، که به هیچ شێوه‌یه‌ک ناوی من نه‌هێنیت و تا ماوین نهێنی بێت له‌نێوانماندا، چونکه ئه‌وه شتێک نه‌بوو بگێڕدرێته‌وه... تۆ مه‌سه‌له سیاسییه‌که بخه‌ره لاوه، که ئه‌گه‌ر پێیان بزانیمایه، په‌تیان له ملم ده‌نا، به‌ڵکو لایه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی بخه‌ره به‌رچاو... نا، من به‌رگه‌ی ئه‌و ئابڕووچوونه‌م نه‌ده‌گرت... بۆچی ئێستا ده‌مه‌وێ ناوی من و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دیکه وه‌کو خۆی بهێنیت...؟! چونکه ئه‌وه چه‌ند ساڵه من به هۆی به‌سه‌رهاتێکی زۆر سه‌یره‌وه سه‌رم هه‌ڵگرتووه... باوه‌ڕ بکه دایک و خوشکه‌کانیشم نازانن له کوێم... بڕیارم داوه هه‌رگیز نه‌گه‌ڕێمه‌وه، بۆیه هیچ باکم به‌و ڕابردووه‌ی خۆم نییه... با گه‌وره و بچووک به نهێنییه‌کانی ئه‌وسام بزانن... گرنگ ئه‌وه‌یه ئێستا که‌س نه‌مدۆزێته‌وه... ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌و چیرۆکه‌ت به‌سه‌رکه‌وتوویی نووسییه‌وه، من به‌ڵێنی دوو شتت ده‌ده‌مێ، یه‌که‌م: به‌سه‌رهاته‌که‌ت له نووکه‌وه بۆ ده‌گێڕمه‌وه، که دڵنیام له هه‌موو ژیانی خۆتدا ڕووداوی وات نه له چیرۆکدا بیستووه و نه له فیلمیشدا بینیوه... دووه‌م: پێت ده‌ڵێم من له کوێم... کاتێکیش ده‌زانی من له شوێنێکی ئاوام، تۆ به درۆزنم له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌یت، به‌ڵام من ئه‌وسا به به‌ڵگه‌وه ئه‌مه‌ت بۆ ده‌سه‌لمێنم... ده‌سا تۆ ئه‌م چیرۆکه‌م وه‌کو خۆی، به‌بێ ده‌ستکاری بۆ بنووسه‌ره‌وه، هه‌تا من له پاداشتی ئه‌وه‌دا به‌سه‌رهاتی سه‌رهه‌ڵگرتنه‌که‌مت بۆ بگێڕمه‌وه و شوێنی خۆشمت پێ بڵێم... ئا، شتێکی دیکه‌م ماوه بیڵێم... ده‌بێت هه‌ر ئه‌مشه‌و چیرۆکه‌که‌م بۆ ته‌واو بکه‌یت، ئه‌گینا ناتوانم ئه‌و پاداشته‌ت بده‌مێ... دوایی ده‌زانی بۆچی وتوومه هه‌ر ده‌بێت ئه‌مشه‌و چیرۆکه‌که‌م به‌ته‌واوکراوی پێ بگات... باوه‌ڕت بێت، له‌مه‌شدا شتێکی سه‌یر هه‌یه، که دوایی هه‌ستی پێ ده‌که‌یت و زۆر چێژی لێ ده‌بینیت)).
نایشارمه‌وه من بۆیه ویستم ئه‌و داوایه‌ی به جێ بهێنم، چونکه له لایه‌ک خۆم له ئاستیدا به که‌مته‌رخه‌م ده‌زانی، به‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه به‌ڵێنه‌که‌م نه‌بردبووه سه‌ر، له لایه‌کی دیکه‌ش به ڕاستی به‌و قسانه‌ی وای لێ کردم په‌رۆشی زانینی به‌سه‌رهاته سه‌یره‌که‌ی و ئه‌و شوێنه بم، که ئێستا خۆی تێدا حه‌شار داوه، چونکو من له‌وه دڵنیا بووم، که نه درۆ ده‌کات و نه گاڵته... هاوڕێی خۆمه و ده‌زانم ئه‌و شتانه‌ی لێ ده‌وه‌شێته‌وه... له‌به‌ر ئه‌و دوو خاڵه ویستم ئه‌و چیرۆکه‌ی وه‌کو خۆی بنووسمه‌وه، ئه‌گینا هه‌رگیز حه‌ز ناکه‌م به‌سه‌رهاته‌کان به شێوازی ڕاسته‌وخۆ بگێڕمه‌وه... هه‌رچه‌ند ده‌زانم هه‌ر ئه‌مه وای کردووه به‌شێکی زۆر له خوێنه‌ران لێم تێنه‌گه‌ن، بگره سێ چوارێک له‌وانه‌ی دوور و نزیک ئاگایان له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نییه، نووسینه‌کانم به وڕێنه بزانن، له کاتێکدا هه‌ر ئه‌وانه به باڵای هه‌ندێک چیرۆکنووسدا هه‌ڵده‌ڵێن، که بابه‌ته‌کانیان زۆر ساده‌ن و هه‌ر کاتێ بمه‌وێت، ده‌توانم به‌و شێوازه بنووسم... به‌و هاوڕێیه‌مم گوت منیش مه‌رجم ئه‌وه‌یه، که ئه‌و چیرۆکه ته‌نیا بۆ خۆی بێت و بڵاوی نه‌کاته‌وه، که‌چی ئه‌و ئاوا وه‌ڵامی دامه‌وه: ((جا ئه‌مه تامی چییه...؟! بۆ تۆ نا‌زانی ئامانجی هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌ک، ئاگادارکردنه‌وه‌ی ئه‌وانی دیکه‌یه له بوونی خۆمان...؟! تۆ باسی ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌که‌یت...!! چونکه به‌شێکی ئه‌وه‌ی، که وتم هه‌ر ده‌بێت ئه‌مشه‌و چیرۆکه‌که‌م پێ بگات، پێوه‌ندیی به‌مه‌وه هه‌یه، به‌ڵام له‌وه زیاترت پێ ناڵێم))... خه‌ریک بوو بۆی بنووسم مادام تۆ ئه‌مه ده‌زانی، بۆ خۆت به‌سه‌رهاته‌که ناگێڕیته‌وه، به‌ڵام ده‌مزانی به‌وه تووڕه ده‌بێت و ئه‌وسا دوور نییه کۆڵی ئه‌وه‌شم پێ ده‌ر بکات، که ئه‌و هه‌موو ساڵه من به‌ڵێنه‌که‌م نه‌بردووه‌ته سه‌ر... بێگومان له‌و حاڵه‌ته‌دا منیش دوو شتی تا بڵێی گرنگی ئه‌وم له ده‌ست ده‌چوو... ناشزانم مه‌به‌ستی چییه، که ده‌ڵێ: ((هه‌ر ده‌بێت ئه‌مشه‌و چیرۆکه‌که‌ی پێ بگات))...!!
سه‌ره‌تای تێکسته‌که زۆر ماندووی کردم... نه‌مده‌زانی به چ ڕسته‌یه‌ک ده‌ست پێ بکه‌م... من خۆم هه‌میشه ترسێکی گه‌وره‌م له ده‌ستپێک هه‌یه... زۆر جار وا ئه‌مه ده‌هێنمه به‌رچاوم، که ڕێگایه‌کی سه‌ختم بڕیوه و گه‌یشتوومه‌ته به‌رده‌رگای ماڵێک له‌و ماڵانه‌ی مرۆڤ ته‌نیا له چیرۆکه ئه‌فسانه‌ییه‌کاندا ده‌توانێت بیانهێنێته به‌رچاو... هێزم لێ بڕاوه... سکم له برسان قۆڕه‌ی لێوه دێت و پێم هه‌لاهه‌لایه، چونکه پێڵاوه‌کانم به‌رگه‌ی ئه‌و ڕێگا سه‌خته‌یان نه‌گرتووه و دڕاون... هه‌ر پارچه‌یه‌کیان له شوێنێک جێ ماوه... هه‌زاران کلیلم پێیه و ته‌نیا یه‌کێکیان ئه‌و ده‌رگایه‌ی پێ ده‌کرێته‌وه... ده‌نگێک پێم ده‌ڵێ: ((هه‌ر یه‌ک جار بۆت هه‌یه کلیلێک هه‌ڵبژێریت و بیخه‌یته ناو ئه‌و کێلۆنه‌وه... ئه‌گه‌ر توانیت بیکه‌یته‌وه، باشه، ئه‌گینا تۆ بۆ هه‌تاهه‌تایه له‌و ماڵه بێبه‌ش ده‌بیت و ده‌بێت به هه‌مان ڕێگای خۆتدا بگه‌ڕێیته‌وه))... گه‌ڕانه‌وه‌ی چی...؟! چاک ده‌زانم توانای یه‌ک هه‌نگاوی دیکه‌م نییه و له‌و به‌رده‌رگایه گیانم ده‌رده‌چێت... ئه‌مه هه‌ستی منه له به‌رانبه‌ر ده‌ستپێکدا، جا چۆن له سه‌ره‌تای ئه‌م چیرۆکه نه‌ترسم، که له‌سه‌ر خواستی یه‌کێکی دیکه دایده‌ڕێژم و ئه‌گه‌ر به دڵیشی نه‌بێت، دوو شتی زۆر گرنگم له ده‌ست ده‌چێت...؟!
هه‌ر چۆنێک بێت نووسیم: ((تۆ به ته‌نیا له به‌رانبه‌ر په‌نجه‌ره‌ی هۆڵ وه‌ستاویت... له‌و به‌رزاییه‌وه ده‌ڕوانیته ناو گۆڕه‌پانه‌که‌ی کۆلیج، که لێره و له‌وێ کچ و کوڕ یان وه‌ستاون، یان پێکه‌وه پیاسه ده‌که‌ن... (ئه‌مه‌ل ئه‌لفه‌له‌کی) ده‌رفه‌ت ده‌هێنێت و پێت ده‌ڵێ:
_ گوێ بگره... چه‌ند قسه‌یه‌کت به خێرایی بۆ ده‌که‌م و ده‌ڕۆم، به‌ڵام یه‌ک که‌س بزانێت ئه‌مانه‌ت له ده‌می منه‌وه بیستووه، خۆت له‌م دنیایه نابینیته‌وه.
بوارت نادات ده‌م بکه‌یته‌وه و ئه‌مانه‌شی ده‌خاته سه‌ر:
_ تۆ له‌ژێر چاودێریدایت...!!)).
کاتێ ئه‌م په‌ره‌گرافه‌م نووسی، به پێویستم زانی بۆی بنێرم، به‌و مه‌به‌سته‌ی بزانم ئاخۆ ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه به‌سه‌رهاته‌که بگێڕمه‌وه، به دڵیه‌تی... ئه‌و له وه‌ڵامدا ئاوای بۆ نووسیوم:
((ناڵێم خراپه، به‌ڵام ئه‌م یه‌ک دوو تێبینییه ده‌خه‌مه به‌رچاوت:
من له به‌رانبه‌ر په‌نجه‌ره‌ی هۆڵ نه‌وه‌ستابووم، بگره ئه‌وسا هه‌ر له هۆڵی خوێندن نه‌بووم، به‌ڵکو له‌ژێر دره‌خته‌کانی پشت ڕێستۆرانتی زانکۆ به ده‌م پیاسه‌وه گۆرانیم ده‌وت... ده‌بێ باسی پیاسه و گۆرانی بکه‌یت، چونکه من ته‌نیا ئه‌و کاتانه‌ی خه‌فه‌تم هه‌یه، پیاسه ده‌که‌م و گۆرانی ده‌ڵێم... خۆشت ده‌زانی من ئه‌وسا به چ ده‌ردێکی گه‌وره‌وه ده‌تلامه‌وه، که ئه‌گه‌ر باسی ئه‌مه نه‌که‌یت، وه‌کو ئه‌وه وایه به‌سه‌رهاته‌که‌ت به نیوه‌چڵی گێڕابێته‌وه... کاتێکیش ناوی (ئه‌مه‌ل ئه‌لفه‌له‌کی) ده‌هێنیت، گوایه له ڕێگای ئه‌وه‌وه زانیم من له‌ژێر چاودێری دام، ئه‌وا زۆر گرنگه هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه خوێنه‌ر بزانێت ئه‌و کچه خۆی ڕاسته‌وخۆ سه‌ر به ئه‌منی زانکۆ بوو... تکایه وشه‌ی (ئه‌من) مه‌که‌ره (ئاسایش)، چونکه به بڕوای من به وه‌رگێڕانی، ماناکه‌ی ده‌گۆڕێت... یه‌ک تێبینیی دیکه‌شم هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که یان نابێت به ڕاناوی که‌سی دووه‌می تاک چیرۆکه‌که بگێڕیته‌وه، یان کاتێ به‌و ڕاناوه ده‌یگێڕیته‌وه، ده‌بێت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، له‌پێش ڕسته‌ی (تۆ به ته‌نیا له به‌رانبه‌ر په‌نجه‌ره‌ی هۆڵ وه‌ستاویت)دا ناوم بنووسیت)).
نایشارمه‌وه به‌و چه‌ند تێبینییه زۆر په‌ست بووم، چونکو ئه‌وسا ته‌واو هه‌ستم کرد، که ئه‌و هاوڕێیه‌م له نووسینه‌وه‌ی ئه‌و به‌سه‌رهاته‌دا هیچ سه‌ربه‌ستییه‌کی پێ ڕه‌وا نه‌بینیوم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ددانم به خۆمدا گرت و له‌ژێر ڕۆشناییی تێبینییه‌کانیدا په‌ره‌گرافه‌که‌م گۆڕی، ته‌نانه‌ت ناویشیم له سه‌ره‌تای ڕسته‌ی یه‌که‌مدا نووسی... ئه‌وه‌نده هه‌یه باسی ئه‌و ده‌رده‌م نه‌کرد، که ئه‌وسا پێوه‌ی ده‌تلایه‌وه و به پێویستم زانی بیخه‌مه کۆتاییی چیرۆکه‌که‌وه، نه‌بادا خوێنه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌شێکی نهێنییه‌کانی بۆ ده‌ربکه‌وێت و به هه‌مان گه‌رموگوڕی و په‌رۆشییه‌وه تێکسته‌که نه‌خوێنێته‌وه... ئه‌گه‌رچی ده‌مزانی ئه‌وه ڕیسکێکی گه‌وره‌یه... دوور نییه لێم تووڕه بێت و وه‌کو سزایه‌ک نه به‌سه‌رهاتی سه‌رهه‌ڵگرتنه‌که‌یم بۆ بگێڕێته‌وه و نه شوێنه‌که‌یم پێ بڵێ، به‌ڵام قیڕوسیام لێ کرد و له‌مه‌یاندا گوێم به ڕێنوێنییه‌کانی ئه‌و نه‌دا... دوای ده‌سکاریکردنی ئه‌و سه‌ره‌تایه، به‌شێکی دیکه‌م بۆ نووسی، که ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه:
((هه‌ست ده‌که‌یت تۆ له به‌رده‌م مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌دایت... نا‌زانی ئاخۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و کچه پێتی ده‌ڵێ، هه‌ر خۆی به‌شێکه له‌و پلانه‌ی بۆیان داناویت، یان له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت، ده‌یه‌وێت ببێته فریادڕه‌سێک و تۆ له‌و مه‌رگه ناکاوه ڕزگار بکات... پێت ده‌ڵێ:
_ به‌وریایی دوام بکه‌وه و نه‌هێڵیت هیچ بوونه‌وه‌رێ هه‌ستمان پێ بکات... له به‌رده‌می هه‌ر یه‌کێکدا قه‌ڵه‌مه‌که‌مم فڕێدایه سه‌ر زه‌وی، ئه‌وه ئه‌و که‌سه‌یه، که بۆیان داناویت و له‌م ڕۆژانه به بیانوویه‌که‌وه خۆیت لێ نزیک ده‌کاته‌وه... بۆ زانینت هاوزمانی خۆشته...!!)).
ئه‌و هاوڕێیه‌م زۆری پێ خۆش بوو، که من سه‌رنجه‌کانیم به هه‌ند هه‌ڵگرتووه و به‌سه‌رهاته‌که‌م به‌و ساده‌ییه و ڕێک وه‌کو خۆی گێڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌م له پێشه‌کی و هه‌م له کۆتاییی ئیمه‌یله‌که‌یدا نووسیویه‌تی: ((تکایه وه‌کو پێشتر پێم وتی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه باسی ئه‌و ده‌رده بکه، که من ئه‌وسا پێوه‌ی ده‌تلامه‌وه، چونکه خۆت ده‌زانی به‌بێ ئه‌وه چیرۆکه‌که ناته‌واوه... ئه‌گه‌ر بیرت نه‌ماوه، ئه‌وا خۆم بیرت ده‌خه‌مه‌وه، هه‌رچه‌ند باوه‌ڕ ناکه‌م هه‌رگیز بیرت چووبێته‌وه... ئایا ئه‌مه شتێکه، به ئاسانی بیر بچێته‌وه...؟!)).
بڕیارم دا ئه‌مجاره هه‌تا هه‌موو به‌سه‌رهاته‌که نه‌گێڕمه‌وه، بۆی نه‌نێرم و سووریش بووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که ئه‌و ده‌رده‌ی ئه‌م ئه‌وسا پێوه‌ی ده‌تلایه‌وه، بخه‌مه کۆتایی، چونکو من خۆشم چاک ده‌ناسم، ئه‌گه‌ر له هه‌ر کارێک‌دا هه‌ندێ سه‌رپێچی نه‌که‌م، ئه‌وا ناتوانم له‌گه‌ڵی به‌رده‌وام بم، هه‌تا سوور بشزانم زیانێکی زۆرم پێ ده‌گات... هیواشم خواست کاتێ چیرۆکه‌که ده‌خوێنێته‌وه، به‌چاکی له‌وه تێبگات بۆچی نه‌مویستووه له سه‌ره‌تاوه به لای ئه‌و باسه‌دا بچم.
نازانم چیرۆکنووسانی دیکه کاتێ له‌باره‌ی به‌سه‌رهاتێکی ڕاسته‌قینه، یان نیمچه‌ڕاسته‌قینه‌وه ده‌نووسن، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌دا ده‌که‌ن و چ که‌شوهه‌وایه‌ک بۆ خۆیان ده‌خوڵقێنن، به‌ڵام من هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌م باوه‌ڕ به خۆم بهێنم، که هێشتا له‌و کات و شوێنه‌م... مه‌به‌ستم کات و شوێنی به‌سه‌رهاته‌که‌یه... کۆمه‌ڵێ فێڵم دۆزیوه‌ته‌وه و ئه‌وانه یارمه‌تیم ده‌ده‌ن، هه‌تا ئێستام بیر بچێته‌وه و وا بزانم هێشتا له‌وێم... واته له‌ناو گه‌رمه‌ی ڕووداوه‌کانی ئه‌وسام... مۆبایله‌که‌م ده‌کوژێنمه‌وه و فیشی ته‌له‌فۆنه‌که‌م ده‌رده‌هێنم، نه‌بادا ده‌نگێک له‌م دنیایه‌م ده‌ربهێنێت... که‌مێ وێسکی، یان ڤۆدگا ده‌خۆمه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بهێڵم بمگه‌یه‌ننه حاڵه‌تی مه‌ستی... گوێ له‌و گۆرانییانه ده‌گرم، که ئه‌وسا باویان بوو، چونکو هیچ شتێ وه‌کو گۆرانی ناتوانێت بۆ ڕابردووم بگه‌ڕێنێته‌وه... له‌مه‌شدا هه‌ر په‌نام بۆ ئه‌و فێڵانه برد... ویستم وا باوه‌ڕ به خۆم بهێنم، که ئێستا ساڵی (1985)ه و من له قۆناغی یه‌که‌می کۆلیجم... حه‌فته‌ی پێشوو (بۆتان ڕه‌شاد)ی هاوڕێی منداڵیم له فرا‌نساوه به سه‌ردان هاته لام و دوو بوتڵ واینی ئێجگار نایابی بۆ هێنام... دانه‌یه‌کمان ئه‌وسا هه‌ر به ده‌م گفتوگۆوه نۆشی، به‌ڵام دانه‌یه‌کمان هێشته‌وه، چونکه بۆ شه‌وی دواتر حه‌زم ده‌کرد ئه‌ویش خواردنه‌وه‌کانی ئێره تام بکات... هه‌ردوو شه‌وه‌که به یادگارییه‌کانی خۆماندا ده‌چووینه‌وه... به‌رده‌وام باسی ئه‌و ڕۆژانه‌مان ده‌هێنایه‌وه گۆڕێ، که هه‌م له گه‌ڕه‌ک و هه‌م له زانکۆ به سه‌رمان بردبوون... شه‌وی دووه‌م (بۆتان) هه‌ر زوو به‌و وێسکییه مه‌ست بوو... وتی:
_ پێشان ته‌نیا زه‌مه‌ن له ئێمه تێده‌په‌ڕی، به‌ڵام ئێستا ئێمه‌ش له‌و تێده‌په‌ڕین... ده‌توانم بڵێم خێراییی ئێمه ده‌یان جار له خێراییی زه‌مه‌ن گه‌وره‌تره... ئه‌رێ تۆ بیرته کاتێ باران ده‌باری، نه‌مانده‌توانی له جۆگه‌له باریکه‌که‌ی سه‌ر ڕێگای قوتابخانه بپه‌ڕینه‌وه، چونکه قاچه کورته‌کانمان نه‌ده‌گه‌یشتنه ئه‌وبه‌ر و ده‌ترساین ئاو ئه‌و جه‌سته بچکۆلانه‌مان ببات...؟!
من به ده‌م خواردنه‌وه‌ی وێسکییه‌که‌وه بزه‌یه‌کم بۆ کرد و ئه‌و به‌و سه‌رخۆشییه‌ش ده‌یزانی، که چ ترسێکی گه‌وره‌م له‌پشت ئه‌و بزه‌یه‌وه شاردووه‌ته‌وه... ئینجا ئه‌م له‌سه‌ر قسه‌کانی به‌رده‌وام بوو:
_ وا ده‌زانم دوێنێیه، کاتێ له مووسڵ ده‌چووینه هه‌ر باڕێک، به هۆی منه‌وه ده‌ریانده‌کردین، چونکه وایان ده‌زانی منداڵم... ناسنامه‌ی کۆلیجیشم پێشان ده‌دان و باوه‌ڕیان پێ نه‌ده‌کردم... له بیرته ئه‌و ڕۆژه له چه‌ند باڕ ده‌رکراین...؟! ناچار، چووین هه‌ندێ بیره‌مان کڕی و بۆ ماڵی قوتابییانمان برده‌وه، که ئه‌وسا له ده‌واسه بووین... بیانگرتینایه، به‌بێ یه‌ک و دوو سزایه‌کی توندیان ده‌داین.
هیچم نه‌ده‌وت و به‌رده‌وام سه‌رنجم له سیمای ده‌دا، چونکو له زووه‌وه ده‌زانم، که (بۆتان) کاتێ به‌سه‌رخۆشی ده‌دوێت، تۆنی ده‌نگی ده‌گۆڕێت و من چێژێکی سه‌یر له وته و جووڵه‌ی له‌شی ده‌بینم... ئه‌و به سرووشتی خۆی زۆر نا، هه‌ندێک، شه‌رمنه، ڕه‌نگه له‌چاو من و هاوڕێیانی دیکه‌ی گه‌ڕه‌ک وا بێت، به‌ڵام له کاتی خواردنه‌وه‌دا ئه‌و شه‌رمه‌ی ده‌شکێت و ده‌بێته که‌سێکی دیکه... ماوه‌یه‌ک بێده‌نگ بوو و دوایی له‌ناکاو وتی:
_ تۆ ڕۆمانی (1984)ی (جۆرج ئۆروێڵ)ت خوێندووه‌ته‌وه و ده‌زانی، که ویستوویه‌تی به شێوه‌یه‌کی میتافۆرییانه باس له حزبی ده‌سه‌ڵات بکات، که چۆن وه‌کو براگه‌وره (Big Brother) ده‌مانچه‌وسێنێته‌وه و ئاگای له ورد و درشتی هه‌ڵسوکه‌وت و بیرکردنه‌وه‌کانمانه، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێ: هیچ شوێنێک نییه، تۆ تێیدا سه‌ربه‌ست بیت، بێجگه له‌و چه‌ند سانتیمه‌تره چوارگۆشه‌یه‌ی ناو سه‌رت، بگره براگه‌وره ده‌توانێت له ڕێگای ده‌ربڕینه‌کانی ده‌موچاوته‌وه، هه‌ست به‌وێش بکات... ئه‌مه کورته‌ی ڕۆمانه‌که‌یه، به‌ڵام به بڕوای من (جۆرج ئۆروێڵ) له خێراییی کات ترساوه، بۆیه ئه‌و ڕۆمانه‌ی نووسیوه... ئه‌و ساڵی (1948) نووسیویه‌تی و ناویشی ناوه (1984).
وه‌ک بڵێی بیه‌وێت من له‌ناو ئه‌و بێده‌نگییه بێنێته ده‌رێ، وتی:
_ خۆزگه تۆش ڕۆمانێکت ده‌نووسی و ناوت لێ ده‌نا 1985، چونکه تۆش وه‌کو من زۆر بیری ئه‌و ساڵه ده‌که‌یت... وایه...؟!
تا ئه‌و کاته من نه‌مده‌ویست زۆر بخۆمه‌وه، نه‌بادا مه‌ست ببم و ئاگام له وته و جووڵه‌کانی (بۆتان) ببڕێت، که وه‌کو پێشتر وتم چێژی بێئه‌ندازه‌یان لێ ده‌بینم، به‌ڵام به‌و قسه‌یه‌ی هه‌ژاندمی... پێکێکی دیکه‌م له‌و وێسکییه هه‌ڵدا، که لێره فێری ئه‌وه بووم یه‌ک دڵۆپ ئاوی تێ نه‌که‌م، به‌ڵکو هه‌ر به ساده‌یی بیخۆمه‌وه... چه‌ند جارێ له به‌ر خۆمه‌وه وتم:
_ هه‌شتاوپێنج...!!
به ڕاستی ئه‌و ژماره‌یه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی سه‌یری له گوێچکه‌مدا هه‌یه... ئایا من له‌و ساڵه‌دا ئاسووده بووم...؟! حه‌زم له خوێندن و له ئێتمۆسفێری زانکۆ بوو...؟! دڵم به شاری مووسڵ ده‌کرایه‌وه...؟! هه‌رگیز...!! حه‌فته‌ی دوو ڕۆژم هه‌ر لێ ده‌دا... زۆر جار له چوارشه‌ممه‌وه ده‌گه‌ڕامه‌وه هه‌ولێر و یه‌کشه‌ممه به‌وپه‌ڕی بێزارییه‌وه ده‌چوومه‌وه... بیرمه له سکرتارییه‌ته‌وه به نامه‌یه‌ک که‌سوکارمیان ئاگادار کرده‌وه، که ئه‌گه‌ر وا بڕوات، له زانکۆ ده‌رده‌کرێم... چه‌ندین جاریش به هۆی خوێندنه‌وه‌ی کتێبی دیکه‌وه، نه‌ده‌چوومه ده‌وام... بۆ نموونه کاتێ ده‌ستم دایه خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی (کاتژمێر بیستوپێنج)ی (کۆنستانتین جۆرجیۆ)، نه‌متوانی جێی بهێڵم و له تاقیکردنه‌وه‌ی (مێژووی عێراقی کۆن)، که به زمانی ئینگلیزی ده‌مانخوێند، ئاماده نه‌بووم... ماڵی (فرسه‌ت ڕۆژبه‌یانی)ی هاوڕێم ئاوا بێت، که هه‌میشه له کاتی تاقیکردنه‌وه‌کاندا یارمه‌تیی ده‌دام و موحازه‌ره‌کانی خۆی ده‌خسته به‌رده‌ستم، ئه‌گینا یه‌ک قۆناغیشم بۆ نه‌ده‌بڕدرا... ئه‌دی ئه‌گه‌ر من ئه‌و ساڵه‌م به‌و شێوه‌یه له‌و زانکۆیه به‌سه‌ر بردبێت، بۆچی ژماره هه‌شتاوپێنج هێنده‌ی کار لێ کردووم و یه‌خه‌م به‌رنادات...؟! ئه‌و شوێنه بۆ ئاوا ته‌فره‌م ده‌دات...؟! ئه‌و شه‌وه زانیم، که (بۆتان)یش هێشتا سیحری ئه‌و ساڵه به‌ری نه‌داوه، ته‌نانه‌ت بۆم ده‌رکه‌وت هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ش هاتۆته سه‌ردانم، هه‌تا ئاوا یادی هه‌موو ساته‌کانی مووسڵ بکه‌ینه‌وه، که له لایه‌ک چێژمان پێ ده‌به‌خشێت و له لایه‌ک ئازار... نابێت شتێکی دیکه‌م بیر بچێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که هه‌م (بۆتان) و هه‌م منیش، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگامان لێ بێت، ساڵی هه‌شتاوشه‌شیشمان تێکه‌ڵی هه‌شتاوپێنج کردووه... به‌شێک له‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی ده‌مانگێڕانه‌وه، هیی ساڵی هه‌شتاوشه‌ش بوون، که‌چی به هیی هه‌شتاوپێنجمان ده‌زانین... تۆ بزانه یاده‌وه‌ری چ به‌ڵایه‌کی گه‌وره‌یه...!! چ دیکتاتۆرێکی دڕنده‌یه...!! باسی هه‌موو ئه‌و هاوڕێیانه‌مان کرد، که ئه‌وسا له‌گه‌ڵمان بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌رگیز چاره‌یانمان نه‌ده‌ویستن... به کونوکه‌له‌به‌ری هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌دا چووینه‌وه، که ئه‌وکات یه‌ک تۆزقاڵ جوانیمان تێدا نه‌ده‌بینین... له‌پێش هه‌موویانه‌وه ڕێستۆرانت و کافتریاکه‌ی زانکۆ، که زۆربه‌ی کات گۆرانیی (باخی گوڵان)ی (ڕه‌زازی) و (شێخ فه‌تاح، شێخ محێدین)ی (میدیا حسێن)ی هونه‌رمه‌ند له‌و مایکرۆفۆنانه‌یه‌وه ده‌بیستران... ئینجا به‌رده‌می زانکۆ و شه‌قامی ده‌واسه تا ده‌گاته بابلتۆپ، که له‌وێ سواری پاس ده‌بووین و بۆنی لحم بالعجین (خۆمان وه‌کو کۆییه‌کان نانی داده‌مان پێ ده‌وت)؛ لیکی ده‌خزانده ده‌ممانه‌وه... ته‌نانه‌ت ئه‌و کازینۆیه‌شمان بیر نه‌چوو، که هه‌ر له‌و شوێنه کرێکاره میسرییه‌کان هه‌تا دره‌نگی شه‌و لێی داده‌نیشتن و گوێیان له گۆرانییه‌کانی (ئوم که‌لسووم) ده‌گرت... ئینجا شه‌قامی کتێبخانه‌کان، که ئێواران له‌وێ یه‌کمان ده‌گرته‌وه و به ده‌م گه‌ڕان له کتێب، گفتوگۆمان ده‌کرد... (بۆتان) زۆر له من چاکتر ناوی که‌سه‌کان و شوێنه‌کانی بیر ده‌هاته‌وه... له هه‌مووی سه‌یرتر، ڕووداوه ناخۆشه‌کانیشی به شێوه‌یه‌ک ده‌گێڕایه‌وه، وه‌ک بڵێی داخیان بۆ هه‌ڵکێشێت و حه‌ز بکات دووباره ببنه‌وه... ئه‌وسا (سائیب ئه‌کره‌م)ی هاوڕێی کۆچکردوومم بیر ده‌که‌وته‌وه، که له سه‌ره‌تای هه‌شتاکان، له گه‌رمه‌ی جۆشوخرۆشی سیاسه‌ت و حیزبایه‌تیدا ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرتین و ده‌یوت ئێمه هه‌رگیز بۆ ئه‌وه خه‌بات ناکه‌ین، هه‌تا ژیانێکی نوێ بێنین وه‌کو له په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی پارته‌کانماندا نووسراوه، به‌ڵکو ڕێک به پێچه‌وانه‌وه، ته‌نیا به‌و مه‌به‌سته ده‌ستمان به‌و بیروباوه‌ڕانه‌مانه‌وه گرتووه، هه‌تا نه‌هێڵین ڕابردوومان بشێوێت و لێی دابڕێین... ده‌یوت گره‌وتان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌م چه‌ند ساڵێکی دیکه هه‌موو ئه‌و شتانه‌تان خۆش ده‌وێت، که ئێستا ڕقتان لێیانه... به گاڵته پێی ده‌وتین ترسی هه‌یه سه‌رجه‌می ئه‌و گۆرانی و سروودانه‌ی بۆ قادسیه وتراون و ئێستا ڕقمان لێیانه، ڕۆژگارێک بۆیان بگه‌ڕێینه‌وه و به‌سۆزێکی گه‌رمه‌وه گوێیان لێ بگرین... هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ی له شێوه‌ی گاڵته‌دا ده‌رده‌بڕی، به‌ڵام دڵنیام ئه‌گه‌ر له‌وه نه‌ترسایه، که په‌لاماری ده‌ده‌ین و به ترسنۆک و ڕه‌شبین تۆمه‌تباری ده‌که‌ین، به‌تایبه‌تی ئه‌و کوڕی خێزانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، ئه‌وا زۆر ڕاشکاوانه‌تر له‌گه‌ڵماندا ده‌دوا... خۆ جارێکیان له (پارکی ڕووناکی)، که زۆربه‌ی کات له‌وێ کۆ ده‌بووینه‌وه و گفتوگۆمان داده‌مه‌زراند، وتی دروستبوونی دیکتاتۆر له ڕۆژهه‌ڵات به پله‌ی یه‌که‌م پێوه‌ندیی به‌و سۆزه گه‌وره‌یه‌ی ئێمه‌وه هه‌یه بۆ ڕابردوو، چونکه دیکتاتۆر دڵسۆز‌ترین و وریاترین پاسه‌وانی ڕابردوومانه... ده‌یوت دیکتاتۆر ئه‌گه‌ر له پێنج شه‌ش ساڵی ته‌مه‌نی نه‌ڕووخا، ئه‌وا دواتر به زه‌حمه‌ت ده‌ڕووخێت، چونکه هه‌تا کۆنتر بێت، چاکتر ڕابردوومان ده‌پارێزێت و که‌متر دڵمان دێت له دژی بوه‌ستینه‌وه.
ئه‌و شه‌وه (بۆتان) زیاتر له جارێک ناوی (سائیب ئه‌کره‌م)ی هێنا... ڕۆژی ڕاپه‌ڕین، کاتێ گولله‌یه‌ک به‌ر (سائیب) ده‌که‌وێت و برینداری ده‌کات، (بۆتان) چه‌ند مه‌ترێک لێیه‌وه دوور ده‌بێت... دوایی یه‌ک دوو دڵۆپ فرمێسکم به چاویه‌وه بینی... زانیم بۆ مه‌رگی ئه‌و هاوڕێیه‌مان ده‌گری، که له ڕێگای قاچاغی نێوان تورکیا و یۆنان‌دا گیانی سپارد... جا تۆ بڵێ (بۆتان) ئه‌و دوو ڕۆژه‌ی لای من مایه‌وه، باسی کێی نه‌کرد...!! ئه‌و هاوڕێیه‌شمانی بیر نه‌چوو، که من له هه‌شتاوپێنجی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه به‌نیازم به‌سه‌رهاته‌که‌ی بنووسمه‌وه، بگره ئه‌م به‌شی شێری له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و یادگارییانه‌دا به‌رکه‌وت... به‌ڵام ئێستاش به لامه‌وه سه‌یره چۆن (بۆتان) ئه‌وه‌ی نه‌بیستووه... به‌رده‌وام له خۆم ده‌پرسم: ئاخۆ ئه‌و هاوڕێیه‌مان ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی هه‌ر بۆ من گێڕاوه‌ته‌وه و نه‌یویستووه که‌سی دیکه بیزانێت...؟! ده‌توانم بڵێم به‌ڵێ، هیچ نه‌بێت پێش ئه‌وه‌ی سه‌ر هه‌ڵبگرێت، چونکو هه‌ندێ شتی تێدایه، که هێشتا کۆمه‌ڵگای ئێمه له توانایدا نییه به‌ئاسایی وه‌ریانگرێت... لێره‌دا خاڵێک هه‌یه، ناکرێت بیری لێ نه‌که‌مه‌وه... ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ته‌نیا چه‌ند ڕۆژێک دوای سه‌ردانه‌که‌ی (بۆتان)، ئه‌و هاوڕێیه‌م ئیمه‌یلی بۆ ناردم و ئه‌م باسه‌ی هێنایه‌وه گۆڕێ... ئه‌مه ته‌نیا مه‌راقێکه و ده‌مه‌وێ بیزانم، ئه‌گینا هیچ له‌وه ناگۆڕێت، که من پێم خۆش بێت یان ناخۆش، هه‌ر ده‌بێ ئه‌م به‌ڵێنه‌م ببه‌مه سه‌ر و چیرۆکی ئه‌و هاوڕێیه‌م بنووسمه‌وه... نه‌مده‌ویست له‌ناو ئه‌و خه‌یاڵانه بێمه ده‌رێ، چونکه ده‌مزانی له نووسینه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌دا یارمه‌تیم ده‌ده‌ن... ئینجا سه‌ری واینه فرانسییه‌که‌ی (بۆتان)م هه‌ڵپچڕی... ماوه‌یه‌ک سه‌رنجم له‌و ته‌په‌دۆره درێژکۆله‌یه دا، که به هۆی ئه‌و کلیله تایبه‌ته‌وه له‌ناو ده‌می بوتڵه‌که هاته ده‌رێ و به ڕه‌نگی واینه‌که سوور بووبوو... ده‌مویست له ڕێگای ئه‌و دیمه‌نه‌وه کۆمه‌ڵێک شت بیری خۆم بهێنمه‌وه... ئه‌مه به‌شێکه له شێوازی ئیش‌کردنی من، کاتێ خه‌ریکی نووسینی چیرۆکم... باوه‌ڕێکی سه‌یرم هه‌یه، نازانم له کوێوه پێم گه‌یشتووه، به‌ڵام هه‌ر له منداڵییه‌وه ناسیومه و له‌وه‌دا کورت ده‌بێته‌وه، که سه‌رجه‌می ئه‌و شتانه‌ی به درێژاییی ژیانم هه‌م بینیومن و هه‌م بیستوومن، هه‌میشه له‌گه‌ڵمدان و بۆ ساتێ لێم جیا نابنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه بۆ شتی دیکه گۆڕاون و له ئه‌نجامی سه‌رنجدانی قووڵه‌وه ده‌یانناسمه‌وه... بۆ نموونه ده‌شێ ئه‌و ته‌په‌دۆره‌ی ڕه‌نگی واینه سووره‌که‌ی گرتووه، شه‌بزووزی ئه‌و مراوییانه بێت، کاتێ به توندی له کۆمی مێیه‌کانیان ده‌نان و به‌خاوی ده‌ریانده‌هێنان... ماوه‌یه‌ک ده‌جووڵانه‌وه و ئینجا ده‌چوونه ژووره‌وه... ئه‌وسا من له قه‌راغی ئه‌و گۆمه‌ی له ئاوی باران پێکده‌هات، ده‌وه‌ستام و سه‌رنجم لێ ده‌دان... کچێکی هاوته‌مه‌نی خۆم به‌و سه‌رمایه به پێی په‌تی ده‌هاته ئه‌وێ و جار جار به‌ردی بۆ ناو گۆمه‌که هه‌ڵده‌دا، چونکو زۆر چێژی له‌و بازنانه ده‌بینی، کاتێ له سه‌ر ڕووی ئه‌و ئاوه پێکیان ده‌هێنان... بازنه‌کان به ده‌وری خۆیاندا ده‌کشان... هێنده ده‌کشان، تا هێزیان لێ ده‌بڕا و ده‌توانه‌وه... ئه‌و کیژه، که دوایی زانیم ناوی (ئاواز)ه، ته‌نیا نیوه‌ڕۆیه‌کیان به نه‌عله‌وه هات، ئه‌ویش ئاو هه‌ر دوو تاکه‌که‌ی یه‌ک له دوای یه‌ک برد... له من ڕاده‌ما، وه‌ک بڵێی وای زانیبێت، ئێستا خۆم هه‌ڵده‌ده‌مه ناوی و بۆیانی ده‌هێنمه‌وه، به‌ڵام من به ڕاستی له خوڕه‌ی ئاوی ئه‌و جۆگه‌یه ده‌ترسام، کاتێ له گه‌ڕه‌ک و گونده‌کانی ئه‌وبه‌ره‌وه ده‌هات و ده‌ڕژایه ناو گۆمه‌که‌وه، که‌چی ئه‌م له قه‌راغی داده‌نیشت و قاچه‌کانی ده‌خسته ناویه‌وه... دوایی من زانیم چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی دایکی ده‌کات... باوه‌ڕی وایه ئه‌و ئاوه ده‌یهێنێته‌وه... ئه‌و جاره پێی وتم:
_ من ده‌ڕۆم... ئه‌گه‌ر دایکم هاته‌وه، پێی بڵێ تازه ئاواز ڕۆیشت، به‌ڵام زوو دێته‌وه... باشه ئاقڵ...؟! با لێره دابنیشێت... ئێ...؟! خۆم دێم، ده‌ستی ده‌گرم و ده‌یبه‌مه‌وه... پێی بڵێ باوکم هه‌ر ڕۆژی یه‌که‌م ئاوا زۆر تووڕه بوو، ئه‌گینا ئێستا باشتره... بیرت نه‌چێت، وای پێ بڵێ... باش...؟! به‌س وای ئه‌و ڕۆژه چه‌ند تووڕه بوو کوڕه‌که...!! خه‌نجه‌ری له قه‌دی نوێنان ده‌رهێنا و وتی هه‌ردووکیان ده‌کوژم... خۆ ئه‌مه‌ی به من نه‌وت... نا، به خۆی وت... جنێوی به دایکم و به مامه نادر دا و چووه ده‌رێ... وای من چه‌ند گریام کوڕه‌که...!! ئه‌و شه‌وه باوکم نه‌هاته‌وه و من به ته‌نیا له ژووره‌وه هه‌ڵده‌له‌رزیم... تاریک تاریک بوو...!! نه‌شمده‌زانی چراکه دابگیرسێنم.
من له‌و پێ قوڕاوییانه‌ی ڕاده‌مام و هیچ له‌و گوتانه‌ی تێنه‌ده‌گه‌یشتم... ئه‌ویش به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕووی له گۆمه‌که وه‌ربگێڕێت، به‌رده‌وام بۆم ده‌دوا:
_ به‌یانی باوکم هاته‌وه... من له‌سه‌ر لباده‌که خه‌وم لێ که‌وتبوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌نگی پێی ئه‌و به ئاگا هاتمه‌وه... چه‌ند جارێ سه‌ری خۆی به دیواری ژووره‌وه‌دا کێشا... وای چه‌ند قایم پێیدا کێشا و منیش چۆن ترسام...!! نه‌مده‌وێرا پرسیاری دایه‌ی لێ بکه‌م... دوایی داده ئاشووری دراوسێمانم بینی و له‌وم پرسی: ئه‌رێ دایه دێته‌وه...؟! داده ئاشوور وتی: ئا، دێته‌وه... ئاوی باران ده‌یهێنێته‌وه... بڕۆ له‌سه‌ر ئه‌و جۆگه‌یه دانیشه و چاوه‌ڕێی بکه...!!
ئینجا (ئاواز) ڕووی له من وه‌رگێڕا... ئه‌وسا ئه‌و تۆقه‌یه‌م چاکتر بینی، که له موورووی گه‌وره‌ی سوور دروست کرابوو و له‌دواوه قژه خاوه‌که‌ی پێ به‌ستبوو... ئه‌و تۆقه‌یه‌ی به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له شه‌بزووزی مراوی ده‌چوو... پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند هه‌نگاوێک دوور که‌وته‌وه، ئاوڕی دایه‌وه و وتی:
_ بیرت نه‌چێت، ئه‌گه‌ر دایه هاته‌وه، پێی بڵێ باوکم ئێستا زۆر تووڕه نییه... هه‌ندێ جار من له باوه‌ش ده‌گرێت و ماچیشم ده‌کات، به‌ڵام خۆ پێشان جنێوی به منیش ده‌دا... ده‌یوت تۆش له دایکت باشتر نابیت... تۆش بۆ مردن باشیت... نا، ئێستا وا نییه... ئه‌گه‌ر دایه بێته‌وه، له‌ویش تووڕه نابێت... ئه‌ویش وه‌کو من ماچ ده‌کات... نا، نا، خۆم ده‌یبه‌مه‌وه ماڵ و ناهێڵم بیکوژێت... باش...؟! به‌ڵام ئه‌گه‌ر مامه نادری له‌گه‌ڵ بوو، پێی بڵێ ئه‌و لێره نه‌وه‌ستێت... با بۆ خۆی به‌م جۆگه‌یه‌دا بچێته خوارێ... ده‌زانم بابه زۆر له‌و تووڕه‌یه.
به چه‌ند هه‌نگاوێک گه‌یشته به‌رده‌رگای ماڵی خۆیان، که ڕه‌نگه‌که‌ی کتومت له ڕه‌نگی پێ قوڕاوییه‌کانی ده‌چوو... پاڵێکی پێوه نا... چووه ژووره‌وه... من له ترسان هه‌ستم به ته‌نیاییه‌کی بێئه‌ندازه کرد... نه‌موێرا لای جۆگه‌له‌یه‌ک بوه‌ستم، که ئێستا نا ساتێکی دیکه ژنێک، نه‌خێر، تۆ بڵێ ژن و پیاوێک، له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێته‌وه... ڕه‌نگه له دڵی خۆمدا وتبێتم: ((ئاو ئه‌گه‌ر مرۆڤ ببات، یان بیهێنێته‌وه، هه‌ر ترسناکه))... خێرا ئه‌و ناوه‌م جێ هێشت... شه‌و له‌ژێر لێفه خه‌یاڵم هه‌ر لای ئه‌و بوو... وام ده‌زانی به‌و تاریکییه له قه‌راغی ئه‌و جۆگه‌یه‌دا وه‌ستاوه و چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی دایکیه‌تی... پێ قوڕاوییه‌کانیم ده‌هێنایه‌وه به‌رچاوم، که کتومت له ڕه‌نگی ده‌رگاکه‌یان ده‌چوو... ده‌شێ له به‌رچاوی من ئه‌وانه له یه‌کتر چووبێتن... ته‌په‌دۆری ناو ده‌می واینه‌که‌ش شه‌بزووزی مراوییه‌کان و تۆقه‌ی قژی (ئاواز)ی بیر ده‌هێنامه‌وه، به‌ڵام ده‌بووایه ئه‌مه له خه‌یاڵی خۆم ده‌ربکه‌م، چونکه نه‌ده‌کرا ده‌ست له نووسینه‌وه‌ی چیرۆکی ئه‌و هاوڕێیه‌م هه‌ڵگرم، ئه‌گه‌رچی هه‌ستم کرد وا ورده ورده ئه‌وه‌یان به لای خۆیدا ڕامده‌کێشێت... زۆرم سه‌یر پێ هات من چۆن هه‌تا ئێستا چیرۆکی (ئاواز)م نه‌نووسیوه‌ته‌وه، خۆ من له نزیکه‌وه ئاگام له ورده‌کاری و نهێنییه‌کانی ژیانیه‌تی، چ له سه‌رده‌می منداڵی و چ دواتریش... دڵنیام ئه‌گه‌ر بیانگێڕمه‌وه، خۆم له‌پێش خوێنه‌ره‌وه پێیان سه‌رسام ده‌بم... ئه‌و جۆره چیرۆکانه، چونکه پڕن له به‌سه‌رهاتی سه‌یر سه‌یر، نووسینه‌وه‌یان چێژی بێئه‌ندازه‌ت پێ ده‌به‌خشن... ئه‌رێ من له ئاست ئه‌و دوو بابه‌ته دۆژ داماوم... کامیان بنووسمه‌وه و کامیان بفه‌وتێنم...؟! ڕه‌نگه بڵێن جا ئه‌مه کێشه نییه... هه‌ر جارێ یه‌کێکیان بنووسه‌ره‌وه، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌وانه‌ی چیرۆکنووسن له‌و نهێنییه تێده‌گه‌ن... هه‌ر چیرۆکێک کاتێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، که ده‌کرێت تێیدا بنووسرێته‌وه... ئه‌گه‌ر له‌و کاته دیاریکراوه‌دا نه‌نووسرایه‌وه، ئه‌وا پێوه‌ندییه ڕۆحییه‌کانی نێوان نووسه‌ر و بابه‌ته‌که ده‌پچڕێن، بگره ئه‌و ڕووداوانه له به‌رچاوی چیرۆک‌نووس هیچ بایه‌خێکیان نامێنێت... دیاره هه‌ر ئه‌مه‌شه وای کردووه هه‌تا ئێستا نه‌توانم چیرۆکی ئه‌و هاوڕێیه‌م بنووسمه‌وه... خۆ ئه‌گه‌ر به‌و دوو به‌ڵێنه ته‌فره‌ی نه‌دامایه، ئه‌وا بێگومان به لاوه‌م ده‌نا... ئێستاش دڵنیا نیم، که ده‌توانم بینووسمه‌وه... کاتێکی زۆریشم له به‌رده‌ستدا نه‌ماوه... یه‌کێ له مه‌رجه‌کانی ئه‌وه‌یه، که ده‌بێت هه‌ر ئه‌مشه‌و به ده‌ستی بگات... هه‌وڵ ده‌ده‌م به خێرایی دایبڕێژم، به‌و هیوایه‌ی ئه‌وه‌ی دیکه‌شیانم له ده‌ست نه‌چێت... ده‌چم هه‌ندێ له کاسێتی ئه‌و گۆرانییانه ده‌دۆزمه‌وه، که ده‌توانن بمخه‌نه‌وه ناو ئێتمۆسفێری ساڵی هه‌شتاوپێنجه‌وه... وێنه‌ی خۆم و هاوڕێکانم به‌سه‌ر مێزه‌که‌مدا بڵاو ده‌که‌مه‌وه، که له ماڵی قوتابییان و به‌رده‌می زانکۆ و له گه‌شته‌کاندا گرتوومانن... سه‌رنج له نیشانه‌کانی سه‌ر ڕوویان ده‌ده‌م... به ده‌م گوێگرتن له گۆرانیی (The Power of Love)ی (Jennifer Rush)ه‌وه لێیان ڕاده‌مێنم، که شه‌وان له ماڵی قوتابییان له‌پاڵ گۆرانیی (شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێت)ی (مه‌زهه‌ری خالقی)، (مامه)ی (مه‌ردان)، (وای دڵم ته‌نگه)ی (مه‌هستی)، (سلامات سلامات)ی (نادیه مسته‌فا)، (یا ریم وادی ثقیف)ی (نیشئه) و زۆری تردا هه‌موومانی مه‌ست ده‌کرد... دیسان تارماییی (سائیب) ده‌رده‌که‌وێت و ناهێڵێت ده‌ست به نووسینه‌وه‌ی چیرۆکی ئه‌و هاوڕێیه‌م بکه‌م، چونکو سه‌رجه‌م ئه‌و گۆرانییانه‌ی له کاسێتێکدا بۆ تۆمار کردبووم... هه‌میشه ئاوا دڵی به شتی ڕه‌نگاوڕه‌نگ ده‌کرایه‌وه... سه‌ره‌تای مارتی هه‌شتاوپێنجه... به‌و مه‌به‌سته‌ی هه‌ندێک خۆمان له کتێبه‌کانی خوێندن بدزینه‌وه، وه‌کو زۆر جاری دیکه به ئۆتۆمۆبیله‌که‌ی ئه‌و، که تاکه که‌سه له‌ناو هه‌موو هاوڕێیاندا ئۆتۆمۆبیلی هه‌بێت، گه‌شتێک به‌ناو شار و قه‌راغیدا ده‌که‌ین... دوای بارانێکی زۆر، ئه‌وه‌ته ڕۆژ وا له ناوه‌ڕاستی ئاسمان ده‌رکه‌وت و بریق‌وباق به دڵۆپه‌ئاوی سه‌ر گه‌ڵای دره‌خت و شێی قه‌د دیواره‌کان ده‌خات... له‌و کچانه ده‌ڕوانین، که به‌شێکیان ده‌چنه قوتابخانه و به‌شێکیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه... ده‌نگی ئه‌و گۆرانیبێژانه و دیمه‌نی شه‌قامه‌کان مه‌ستمان ده‌که‌ن... (سائیب) له دنیای خۆیدا ڕۆ ده‌چێت و من له دنیای خۆمدا نغرۆ ده‌بم... کاتێ ده‌یه‌وێت له فولکه‌ی کشتوکاڵ (زراعة) پێچ بکاته‌وه، (پ)، ئه‌و کچه‌ی ده‌یان جار من هه‌وڵم داوه پێوه‌ندیی دڵداریی له‌گه‌ڵ دابمه‌زرێنم و ئه‌م وه‌ڵامی نه‌داومه‌ته‌وه؛ ڕووبه‌ڕوومان دێت و خه‌ریکه سه‌ری بێنێته ناو ئۆتۆمۆبیله‌که‌وه... منیش ده‌خوازم ده‌رگاکه بکه‌مه‌وه و خۆم هه‌ڵده‌مه خوارێ... له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه له باوه‌شی بگرم، که ئه‌وه خه‌ون و زینده‌خه‌ونی دوو ساڵمه... له هه‌شتاوسێوه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌م و سه‌ر ناگرێت... ڕه‌نگه (سه‌رکه‌وت)ی هاوڕێم ڕاست بکات، که هه‌میشه پێم ده‌ڵێ من له‌به‌ر خاتری ئه‌و دایک و باوکمم ڕازی کرد بۆ گه‌ڕه‌کی ڕووناکی بگوێزینه‌وه... له پۆل و له‌ناو پێخه‌فدا خه‌یاڵم ده‌ڕوات... کاتێک ده‌زانم وا په‌نجه‌مان له په‌نجه‌ی یه‌کتر هه‌ڵکێشاوه و له‌ناو ئه‌و دارستانه‌دا جارێک پیاسه و جارێک ڕا ده‌که‌ین... هه‌رچه‌ند ئه‌و قژه خاوه‌ی له‌سه‌ر شانی شه‌پۆل ده‌دا، من ئاگام له خۆم ده‌بڕێت... له دواوه ده‌یگرمه باوه‌شم و توند توند ده‌یگوشم... به (سائیب) ده‌ڵێم:
_ بوه‌سته…!!
ئه‌و ده‌ڵێ:
_ وازی لێ بێنه…!! نامه‌وێ قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌م.
ده‌پرسم:
_ ده‌ڵێی چی…؟!
ده‌ڵێ:
_ بڕیارم داوه ئه‌مجاره له‌گه‌ڵی ئاشت نه‌بمه‌وه.
حه‌ز ناکه‌م یه‌ک وته‌ی دیکه‌ی لێوه ببیستم... په‌نجه‌م له کونی گوێچکه‌کانم ده‌ئاخنم، که‌چی وشه‌کان ده‌رفه‌ت ده‌هێنن و له ڕێگای ئاوازی ئه‌و گۆرانییه‌وه ده‌خزێنه قووڵاییمه‌وه... ئێستا وا خۆشم ئاره‌زووی چڕینی گۆرانی ده‌که‌م، به‌ڵام به ته‌نیا و به ده‌م پیاسه‌یه‌که‌وه له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌دا... ده‌مه‌وێت گوێم له ده‌نگی خۆم بێت، که سوور ده‌زانم گریان تێکی شکاندووه... دوایی بۆم ده‌رده‌که‌وێت من ماوه‌یه‌کی زۆره یه‌ک وشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیه‌مدا نه‌گوتووه، بگره هه‌ست ده‌که‌م یه‌ک دوو پرسیاری لێ کردووم و من هه‌ر وه‌ڵامیم نه‌داوه‌ته‌وه... شه‌رم دامده‌گرێت... هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌و باره ڕاست بکه‌مه‌وه... قوڕگم پڕه له گریان و ده‌ڵێم:
_ زۆر به‌وه ئاسووده‌م، که هه‌ردووکمان چێژ له‌م جۆره گۆرانییانه ده‌بینین.
(سائیب) له سیمام ڕاده‌مێنێت، وه‌کو بڵێی به‌و سه‌رنجه تیژانه‌ی گۆڕانکاری و مانا شاراوه‌کانی سه‌ر ده‌موچاوم بخوێنێته‌وه... ئینجا بزه‌یه‌ک ده‌خاته سه‌ر لێوی و ده‌ڵێ:
_ بیرت نه‌چێت تۆ بۆیه گوێ له گۆرانی ده‌گریت، هه‌تا ڕابردووت بیر بکه‌وێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وانه من به‌ره‌و داهاتوو ده‌به‌ن.
ئه‌گه‌رچی نکووڵی له‌وه ناکه‌م، که ته‌نیا ئه‌و گۆرانییانه‌ی ده‌توانن بۆ ڕابردووم بگه‌ڕێننه‌وه، لای من جێگای بایه‌خن، هه‌ر خۆشم ئه‌وه‌م پێ وتووه، به‌ڵام نایشارمه‌وه هه‌ندێک له وته‌که‌ی دڵگرانم... به ته‌وسه‌وه پێی ده‌ڵێم:
_ ئا، ڕاست ده‌که‌یت... تۆ گه‌شبین و من ڕه‌شبینم... دیاره هه‌ر ئه‌مه‌شه مه‌به‌سته‌که‌ت.
_ نا، نا، ئاوا لێکی مه‌ده‌ره‌وه...!!
هه‌ردووکمان ماوه‌یه‌ک بێده‌نگ ده‌بین... دڵنیام ئه‌ویش وه‌کو من بیر له گه‌شبینی و ڕه‌شبینی ده‌کاته‌وه... نه‌موت...؟! ئه‌وه‌ته ده‌ڵێ:
_ تۆ به‌رده‌وام داخ بۆ ڕابردوو هه‌ڵده‌کێشیت، گوایه ناگه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم تۆ له‌و ڕابردووه‌تدا یه‌ک ڕۆژ به ئاسووده‌یی نه‌ژیاویت... منیش هه‌میشه ده‌مه‌وێ به داهاتوو بگه‌م و هه‌رگیز بۆ ساتێ هه‌ست ناکه‌م پێم خستۆته ناویه‌وه... ئه‌رێ جیاوازیی نێوانمان چییه، ئه‌گه‌ر نه ڕابردووی تۆ بگه‌ڕێته‌وه و نه داهاتووی من بگات...؟! بیرکردنه‌وه له داهاتووش هێنده‌ی سوێبوونه‌وه بۆ ڕابردوو به ئازاره... ئێمه ته‌نیا له‌وه‌دا له یه‌ک ده‌چین، که هه‌ردووکمان (ئێستا) به هیی خۆمان نازانین... ده‌توانم بڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕه‌شبینی بێت، ئه‌وا من له تۆ ڕه‌شبینترم، چونکه ڕۆژگارێک دێت تۆ ئه‌م (ئێستا)یه به هیی خۆت بزانیت... وه‌ک من ده‌تناسم، تۆ هه‌تا ساڵێک تێنه‌په‌ڕێت، هه‌ستی پێ ناکه‌یت... ئێستا هه‌شتاوپێنج لای تۆ وه‌کو ئه‌وه وایه نه‌هاتبێت، به‌ڵام ساڵێکی دیکه، یان چه‌ند ساڵێکی دیکه بۆی ده‌گریی... ئاخر من هه‌رگیز کاتێکم نییه ئه‌مه به هیی خۆم بزانم.
ناکرێت دوای ئه‌م قسانه هه‌ردووکمان بێده‌نگ نه‌بینه‌وه... به‌رده‌وامیش تارماییی (پ) دێته‌وه به‌رچاوم و زیاتر دڵم پڕ ده‌بێت... چه‌ند حه‌ز ده‌که‌م به ده‌م وتنی گورانییه‌وه بگریم... ئه‌مجاره‌ش هه‌ر (سائیب) به پرسیارێک بێده‌نگییه‌که ده‌شکێنێت:
_ تۆ له مردن ده‌ترسیت...؟!
ئاسان نییه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه... زۆر جاری دیکه‌ش باسمان له مه‌رگ کردووه، به‌ڵام ئاوا ڕاسته‌وخۆ و به مانا ئێنتۆلۆجییه‌که‌ی نا، به‌ڵکو له‌ناو چوارچێوه‌ی ده‌ستپێوه‌گرتن و به‌خشیندا... به‌رده‌وام جه‌ختمان له‌وه کردووه‌ته‌وه، که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژیانمان خۆش ده‌وێت و ده‌مانه‌وێت ده‌ستی پێوه بگرین، به‌ڵام ئاماده‌ین له‌پێناو کێشه‌ی ڕه‌وادا بیبه‌خشین... که‌سمان نه‌مانوێراوه شتێکی جیا له‌وه بڵێین... ئه‌و جاره (مازن ئه‌حمه‌د)، که به قسه‌خۆش ناسراوه، توانیی باسه‌که به لای گاڵته‌دا بشکێنێته‌وه و بڵێ گومانی هه‌یه ئه‌مه وته‌ی ناو دڵمان بێت... نموونه‌ی دایکێکی گه‌ڕه‌کی خۆمانی هێنایه‌وه... ئه‌و بۆ مه‌رگی نۆبه‌ره‌که‌ی سنگی کوتاوه و ده‌موچاوی ڕنیوه‌ته‌وه... وتوویه‌تی: ((وازم لێ بێنن، خۆم ده‌کوژم...!! تازه بۆچی بژیم...؟!)) ئینجا له‌ناکاو به کچه‌که‌ی وتووه: ((خێرا دوو حه‌بی پاراسیتۆڵم بۆ بێنه، سه‌رم ته‌قی...!!)).
پرسیاری ئه‌مجاره‌ی (سائیب) زۆر له‌وانه‌ی پێشوو جیاوازه، به‌ڵام منیش جیاوازم... ئێستا له که‌سێکی دڵشکاو ده‌پرسێت ئاخۆ له مردن ده‌ترسێت...؟! ئاسان نییه وه‌ڵامی خۆشم بده‌مه‌وه، چجای هیی ئه‌و...!! وه‌ک بڵێێ ناخی خوێندبێتمه‌وه، پرسیارێکی دیکه‌م ئاڕاسته ده‌کات:
_ باشه ئێمه له کوێ ده‌مرین...؟!
سه‌یره...!! له کاتی ئه‌و پرسیاره‌دا ڕێک به شوێنی له‌دایکبوونمدا تێده‌په‌ڕین... له‌و گۆمه ده‌ڕوانم، که به‌شێکی ژیانی منداڵیمم له قه‌راغیدا به سه‌ر بردووه، به‌ڵام به‌ربه‌ستی له به‌رده‌مدا دروست کراوه و وه‌کو جاران ئاوی گوند و گه‌ڕه‌که‌کانی ئه‌وبه‌ری پێدا ناڕوات، بۆیه هه‌مان قه‌باره‌ی ئه‌وسای نه‌ماوه... ته‌نانه‌ت یه‌ک مراوییش له‌وێ نابینم... بۆ ساتێ تارماییی (ئاواز)م دێته به‌رچاو، که زۆر جار چیرۆکی ژیانیم بۆ (سائیب) و هاوڕێکانی دیکه‌م گێڕاوه‌ته‌وه... سه‌رێ باده‌ده‌م و ده‌ڵێم:
_ چووزانم له کوێ ده‌مرین...!! ڕه‌نگه له‌و شوێنه‌ی له دایک بووین، هه‌ر له‌وێش بمرین.
_ نا، مه‌به‌ستم زه‌مه‌نه، نه‌وه‌ک شوێن... ده‌مه‌وێ بڵێم مردن نه ڕابردووه و نه داهاتووه، به‌ڵکو ئێستایه... جا ئێمه، که هه‌رگیز ئه‌و ئێستایه‌مان نییه، له کوێی زه‌مه‌ندا ده‌مرین...؟!
خه‌ریکه لێی بپرسم: ((که‌واته هه‌تا ماوین به زیندوویی ده‌مێنینه‌وه...؟!))، به‌ڵام زوو فریای زمانم ده‌که‌وم، چونکه سوور ده‌زانم زۆر بێباکانه بزه‌یه‌ک ده‌کات و ده‌ڵێ: ((به‌ڵێ، له‌ناو ئه‌م ئازاره بێکۆتاییه‌دا))... ئینجا لام ڕوونه دوای ئه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی چاو ببڕێته چاوم، ده‌ڵێ: ((ڕزگاربوونی ئێمه له مردندایه، که هه‌رگیز پێی ناگه‌ین))... نا، نامه‌وێت درێژه به‌م گفتوگۆیه بده‌م، به‌ڵام حه‌ز ده‌که‌م پێی بڵێم له‌و فولکه‌یه‌ی ئه‌وسه‌ر پێچ بکاته‌وه و بۆ لای گۆمه‌که بگه‌ڕێینه‌وه، چونکه دڵم له هه‌ر کاتێکی دیکه زیاتر گریانی ده‌وێ... ده‌مه‌وێ به ده‌م چڕینی گۆرانییه‌وه بگریم، به‌تایبه‌تی ئه‌و گۆرانییانه‌ی ئه‌وسا به منداڵی ده‌یانورووژاندم، به‌بێ ئه‌وه‌ی له زۆربه‌ی وشه‌کانیان تێبگه‌م وه‌کو ئه‌وانه‌ی (عه‌دنان جه‌مال)ی گه‌ڕه‌کی خۆمان... شه‌رم ڕێگه‌م پێ نادات به‌و هاوڕێیه‌م بڵێم لای گۆمه‌که دامبگرێت... گله‌یی له خۆم ده‌که‌م، که هێنده له ئاستی ڕابردوودا لاوازم... ده‌مه‌وێ بزانم ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی من ناوی چییه... زۆر جار له کتێبه‌کانی سایکۆلۆژیادا بۆی گه‌ڕاوم و نه‌مدۆزیوه‌ته‌وه... ئه‌رێ من شێت نیم ئاوا بیری گۆمێکی لیخن ده‌که‌م، که سه‌رجه‌می خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک ئیمزایان کۆ کرده‌وه، به‌و مه‌به‌سته‌ی شاره‌وانی بۆیان پڕ بکاته‌وه...؟! ڕه‌نگه (سائیب) پێم بڵێت: ((تۆ له چاو مندا به‌خته‌وه‌ریت، که ده‌توانیت له ڕابردووی خۆتدا گۆمێک بدۆزیته‌وه، با هیی ئاوی سازگاریش نه‌بێت... ئاخر من له داهاتووی خۆمدا نه پووشێکم لێ دیاره و نه په‌ڕی باڵی چۆله‌که‌یه‌ک، نه تاکێ گۆره‌و‌یی کچێک ده‌بینم و نه گه‌ڵای هه‌ڵوه‌ریوی دره‌ختێ، که‌چی ناتوانم نه بۆ ئێستا و نه بۆ ڕابردوو بگه‌ڕێمه‌وه)).
ده‌سا هه‌ر به ڕاستی حه‌ز ده‌که‌م ئێستا له‌و فولکه‌یه پێچ بکاته‌وه و له ئاستی گۆمه‌که‌دا دامبه‌زێنێت، هه‌تا له‌وێوه له‌و ده‌رگایه‌ی ماڵی (ئاواز) بڕوانم، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان له‌مێژه ئه‌و ماڵه‌یان جێ هێشتووه و..........
نا، نامه‌وێت چیرۆکی ئه‌و کچه‌م بیر بکه‌وێته‌وه، له کاتێکدا به‌ڵێنم به‌و هاوڕێیه‌م داوه هه‌ر ئه‌مشه‌و ئه‌وه‌ی ئه‌م بنووسمه‌وه.... یه‌ک دوو دڵۆپ فرمێسک به ڕوومه‌ته‌کانمدا دێنه خوارێ، به‌ڵام نازانم بۆ کێ گریاوم... بۆ (سائیب)، که هه‌ر جارێ له‌گه‌ڵ (هۆشه‌نگ وه‌زیری)ی هاوڕێمدا ناوی بێنین، دڵمان پڕ ده‌بێت، یان بۆ (ئاواز)، که ئاوای به‌سه‌ر هات...؟! باوه‌ڕ ناکه‌م بۆ خۆم گریابم... هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌وه‌ی ئه‌وسا نیم، که ده‌متوانی به ده‌م گوێگرتن له گۆرانی، خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان و سه‌یرکردنی فیلمه‌وه بگریم و چێژی بێئه‌ندازه‌ی لێ ببینم... خه‌ریکه باوه‌ڕ به (سائیب) ده‌هێنم، که هه‌موو جارێ ده‌یوت:
_ تا ئه‌و کاته‌ی له تواناتدایه بگریه‌یت، مانای وایه هیوات به ژیان هه‌یه.
ماوه‌یه‌کی زۆره نه‌گریاوم... ئێستاش نامه‌وێت، چونکه گریان دژی خه‌یاڵه و من له‌م کاته‌دا بۆ نووسینه‌وه‌ی چیرۆکی ئه‌و هاوڕێیه‌م، ده‌بێت له‌ناو قووڵاییی خه‌یاڵدا بژیم، با ئه‌و ڕووداوانه ڕاسته‌قینه‌ش بن... که‌سێ نییه دوای گریان و ڕشتنی فرمێسک، هه‌ستی به هه‌ندێک ئاسووده‌یی نه‌کردبێت... ئه‌مه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه خه‌یاڵ وه‌کو تای گه‌رم وایه، هه‌تا به‌رت نه‌دات، هێمن نابیته‌وه... زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی خۆمم له کاتی نه‌خۆشیی ئینفلووێنزادا نووسیوه، چونکه هه‌ردووکیانم به جارێ هه‌بووه، تای گه‌رم و خه‌یاڵی قووڵ... که‌م نین ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له کاتی نه‌خۆشیدا باشترین و زۆرترین به‌رهه‌می خۆیان خستووه‌ته به‌رده‌ستی خوێنه‌ر... ڕه‌نگه پێم بڵێن: ((خۆ تۆ وتت هه‌میشه حه‌ز ده‌که‌یت له‌و ساته‌ی خه‌ریکی خوێندنه‌وه و نووسینیت، لانی که‌م زۆر په‌ست و خه‌مناک نه‌بیت))... به‌ڵێ، وام وت، به‌ڵام من کاتێ تا و خه‌یاڵم پێکه‌وه هه‌ن، نه په‌ستم و نه خه‌مناک... ئه‌وه‌نده هه‌یه ناتوانم نه‌ڵێم من تام لێیه... که‌واته ده‌مه‌وێ بدوێم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خۆمدا... مانای ئه‌وه‌یه من ده‌نووسم، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پلانێکی پێشوه‌ختم هه‌بێت... ئه‌مه یه‌که‌مجاره به پلان بنووسم و پلانه‌که‌ش خۆم دامنه‌ناوه، به‌ڵکو بۆیان داناوم... ئه‌وه‌نده هه‌یه ئه‌و ده‌رده‌ی ئه‌وسا پێوه‌ی ده‌تلایه‌وه و له ئیمه‌یله‌کانیدا پێی له‌سه‌ر داده‌گرێت، گوایه هه‌ر ده‌بێت له سه‌ره‌تاوه بۆ خوێنه‌ری باس بکه‌م؛ ده‌یخه‌مه کۆتایی، ئه‌گه‌ر سوور بزانم تووڕه ده‌بێت و پاداشتم ناداتێ... وا نه‌بێت، مه‌حاڵه من بتوانم چیرۆکه‌که بگێڕمه‌وه......
* * * *
هه‌نگاو هه‌نگاو دوای (ئه‌مه‌ل ئه‌لفه‌له‌کی) ده‌که‌ویت، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌وه تێبگه‌یت، ئاخۆ تا چ ڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵتدا ڕاستگۆیه... به‌ژێر دره‌خته‌کانی نێوان هه‌ردوو کۆلیجی په‌روه‌رده و زانست‌دا ده‌بات... سه‌دان قوتابیی کچ و کوڕ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه ده‌بینیت و سه‌رنج له هه‌موویان ده‌ده‌یت... چاوه‌ڕێیت له‌ناکاو قه‌ڵه‌مه‌که‌ی له به‌رانبه‌ر یه‌کێکیاندا فڕێ بدات، هه‌تا تۆ ده‌ستبه‌جێ بزانیت کێیه ئه‌و سیخوڕه‌ی بۆیان داناویت... ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م درۆ نه‌کات و ئه‌ویش به ڕاستی سیخوڕ بێت...!! نایشاریته‌وه، له‌ناو ئه‌و هه‌موو ترس و نیگه‌رانییه‌دا هه‌ست به خۆشییه‌ک ده‌که‌یت... خۆشیی دۆزینه‌وه‌ی سیخوڕه‌که‌ت...!! هه‌ر ده‌ڵێی به منداڵی یارییه‌کی له‌م شێوه‌یه‌ت له‌گه‌ڵ هاوڕێکانتدا کردووه... نه‌خێر، وه‌کو ئه‌وه وایه زۆڵ دوای ته‌مه‌نێکی درێژ بۆ یه‌که‌مجار ده‌زانێت کێ باوکیه‌تی... به‌ڵام به ڕاستی هیچ له‌وه تێناگه‌یت بۆچی ئه‌و ڕۆژگاره‌ی منداڵیتت بیر ده‌که‌وێته‌وه، کاتێ کرمه‌کان په‌رێشانیان ده‌کردی و (مونیره کووره‌چی)ی دایکت ده‌هات به‌و په‌نجه باریکانه‌ی له کۆمتی ده‌رده‌هێنان... ئه‌وسا ئارامییه‌ک به سه‌رتاپای جه‌سته‌تدا ده‌گه‌ڕا و پڕ به دڵ حه‌زت ده‌کرد ئه‌و کرمه سپییانه له‌سه‌ر په‌ڕۆ ڕه‌شه‌که‌ی ده‌ستی دایکتدا ببینیت... نه‌ده‌کرا له دڵی خۆتدا نه‌ڵێیت: ((ئای ئه‌وانه چه‌ند جوانن...!!))... ئه‌گه‌رچی ده‌رمانه سووره‌که ده‌یتوانی هه‌موویان له‌ناو به‌رێت، به‌ڵام نه‌تده‌خوارد و ئه‌و ڕێگایه‌ت به چاکتر ده‌زانی... (ئه‌مه‌ل) ده‌چێته ناو کۆلیجی زانسته‌کان و به ناو ڕاڕه‌وه‌که‌دا هه‌نگاو ده‌نێت، تۆش به‌رده‌وام شوێنی ده‌که‌ویت... له‌ناکاو سه‌رێ به‌ناو هۆڵێکدا ده‌گێڕێت و خێرا به هه‌مان ڕێگای خۆیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه... به ئاماژه‌ی چاو پێت ده‌ڵێت تۆش بگه‌ڕێره‌وه... له کۆلیج دێته ده‌رێ و ده‌گاته ناو باخه‌که... له‌وێ ده‌یان قوتابیی دیکه ده‌بینیت، که هه‌ندێکیان له‌سه‌ر کورسییه‌کان دانیشتوون و هه‌ندێکیان به ده‌م قسه‌وه پیاسه ده‌که‌ن... له‌ناکاو قه‌ڵه‌مه‌که‌ی فڕێ ده‌دات و به ئه‌سپایی هه‌ڵیده‌گرێته‌وه... له‌مه‌وه (ئه‌مه‌ل) ده‌ڕوات و دیار نامێنێت... لێره هه‌ڵه‌یه‌ک ڕووی دا... قه‌ڵه‌مه‌که که‌وته نێوان دوو کوڕه‌وه، که له‌سه‌ر کورسییه‌کی ته‌خته‌ی درێژ دا‌نیشتبوون و کتێبێکیان ده‌خوێنده‌وه... ((کێ ده‌ڵێ هه‌ڵه بوو...؟! دوور نییه ئه‌مه به‌شێک بێت له پلانه‌که))... خۆت ده‌ده‌یته په‌نایه‌ک و له سیمایان ورد ده‌بیته‌وه... ئه‌میان باڵابه‌رزێکی سووروسپییه و قژێکی کاڵی هه‌یه، ئه‌ویان ڕه‌شتاڵه‌یه‌کی که‌ته‌یه... ئه‌گه‌رچی به عه‌ره‌بی ده‌دوێن، به‌ڵام به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆت بۆ سیمایان، ئه‌و قژکاڵه‌یانه... (ئه‌مه‌ل) وتی هاوزمانته... دوای ئه‌وه‌ی قووڵتر سه‌رنجی لێ ده‌ده‌یت، هه‌ست ده‌که‌یت پێشتر بینیوته... هه‌ر زووش ده‌زانی، که به هه‌ڵه‌دا چوویت، به‌ڵام له یه‌کێک ده‌چێت... کێیه...؟! کێیه...؟! کێیه...؟! ئا، بیرت که‌وته‌وه... له (سروود مه‌روان) ده‌چێت... له قۆناغی دواناوه‌ندی نه‌تده‌زانی بۆچی هێنده به‌و کوڕه سه‌رسامیت... ستایلی قژی، جلوبه‌رگی، ڕۆیشتنی، پێکه‌نین و بێده‌نگییه‌که‌ی سه‌رنجیان ڕاده‌کێشایت... هه‌موو ڕێگایه‌کت ده‌گرته به‌ر هه‌تا بیکه‌یته هاوڕێی خۆت، به‌ڵام هه‌رگیز له‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشتیت بۆچی چاره‌ی تۆی نه‌ده‌ویست... نه‌ده‌هاته هیچ شوێنێک، گه‌ر تۆی لێ ببوویتایه و هه‌ر شوێنێکی جێ ده‌هێشت، که تۆ ڕووت تێ ده‌کرد... له به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ره‌که‌ی پاڕایته‌وه، به‌شکو له هۆبه‌ی (بێ)یه‌وه بۆ هۆبه‌ی (ئه‌لف)ت بگوێزنه‌وه، به‌و هیوایه‌ی لێی نزیک ببیته‌وه و ئه‌مه ڕێگایه‌ک بێت بۆ دامه‌زراندنی پێوه‌ندیی نێوانتان، به‌ڵام سه‌ری نه‌گرت... گه‌یشته تینت و پێت وتن:
_ ئێوه جیاوازی له‌نێوان قوتابییاندا ده‌که‌ن... هۆبه‌ی ئه‌لفتان بۆ کوڕی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان داناوه... ئه‌مه قوتابخانه‌یه، یان شه‌مه‌نده‌فه‌ره، که بلێتی فارگۆنی پێشه‌وه‌ی له فارگۆنه‌کانی دیکه‌ی گرانتره...؟!
ئه‌وان سه‌ره‌تا وه‌ک بڵێی باوه‌ڕیان نه‌کردبێت تۆیه‌کی شه‌رمن له‌ناکاو ئاوا بگۆڕێیت و بوێریت ڕێگای قسه‌ی وا به خۆت بده‌یت، بۆیه به‌سه‌رسوڕمانه‌وه لێت ڕاده‌مان... دوایی به‌ڕێوه‌به‌ر به ئاماژه‌ی چاو یاریده‌ده‌ری تێگه‌یاند و ئه‌و خێرا ده‌ستی بۆ داره درێژه‌که‌ی سه‌ر مێزه‌که‌ی برد... هه‌ڵیگرت و ده‌یانی قایمی له‌و ناوله‌پانه‌ت دا... دوایی له‌و ڕاڕه‌وه کاتێ له په‌نجه‌کانت ڕاده‌مایت، که له‌گه‌ڵ لێدان سوور هه‌ڵگه‌ڕابوون، کوڵمه‌کانی (سروود مه‌روان)یان بیر ده‌خستیه‌وه... هه‌میشه ئاوا ده‌بریسکانه‌وه، به‌تایبه‌تی ڕۆژانی سه‌رما... هه‌موو نیشانه و جووڵه و هه‌ڵسووکه‌وته‌کانیت له کتێبه‌کانی خوێندنت چاکتر له به‌ر بوو، که‌چی ئه‌م به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌رگیز نه‌یده‌ویست چاوی پێت بکه‌وێت... هه‌تا زیاتریش خۆی لێت دوور ده‌خسته‌وه، تۆ پتر هۆگری ده‌بوویت... ئه‌مه ئازاری ده‌دایت و زۆر جار ده‌گریایت... ته‌نانه‌ت له پۆلیش به دزییه‌وه فرمێسکت هه‌ڵده‌ڕشت... خۆشت به ته‌واوی نه‌تده‌زانی چیت له‌و کوڕه ده‌وێت و ئه‌و بۆ هێنده‌ی ڕق له چاره‌ته... گه‌یشتیه ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت هه‌وڵ بده‌یت له ده‌می خۆیه‌وه هۆکاری ئه‌و هه‌موو بوغزه‌ت گوێ لێ بێت... ماوه‌یه‌ک ئه‌و کوڕه‌ت نه له قوتابخانه و نه له ده‌ره‌وه ده‌بینی... زۆر له‌پڕ دیار نه‌ما... پرسیارت له هاوڕێکانی ده‌کرد و که‌س وه‌ڵامی نه‌ده‌دایته‌وه... ڕۆژی سه‌دان جار به به‌رده‌می ماڵیاندا تێده‌په‌ڕییت، به‌ڵام بۆ تاقه جارێک ده‌رگاکه‌یانت به کراوه‌یی نه‌ده‌بینی... گوێت هه‌ڵده‌خست، ئاخۆ ده‌نگێک له‌ناو ژوور و حه‌وشه‌یانه‌وه نابیستیت، به‌ڵام هه‌رگیز... ئه‌رێ ئه‌و کوڕه چیی به سه‌ر هات و ئه‌و ماڵه له کوێن...؟! نیوه‌ڕۆیه‌کیان به ڕێککه‌وت له زمانی باخه‌وانه‌که‌یانه‌وه زانیت له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بووبێت شاریان جێ هێشتووه و چوونه‌ته شاخ... هه‌ندێک زانیاریی دیکه‌ت له‌باره‌یانه‌وه کۆ کرده‌وه و شوێنه‌که‌یانت دۆزییه‌وه... بڕیارت دا به زووترین کات تۆش بچیت... ده‌ستهه‌ڵگرتن له قوتابخانه به هه‌ر حاڵ، به‌ڵام جێهێشتنی خێزانه داماوه‌که‌ت، به‌تایبه‌تی دوو خوشکی له خۆت منداڵتر جورئه‌تی ده‌ویست... باوکت له‌گه‌ڵ بیستنی هه‌واڵه‌که‌دا زمانی شکا و له جێ‌دا که‌وت، ئه‌وه له کاتێکدا چاوه‌ڕێ بوویت به سۆنده گیانت داڕزێنێت... دایه ئه‌وسا دووگیان بوو، بگره چاوه‌ڕێی ده‌کرد ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی سکه‌که‌ی دابنێت... زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵ دایت له‌و بڕیاره په‌شیمانت بکاته‌وه، به‌ڵام گوێت لێی نه‌گرت... گه‌یشته تینی و پێی وتی:
_ له‌م ده‌قه‌یه‌وه نه من دایکی تۆم و نه تۆ کوڕی منیت... به‌ڵێن بێت ته‌رمه‌که‌تم بۆ بێننه‌وه، ده‌ڵێم هیی من نییه.
هه‌ندێک قژی خۆی ڕنیه‌وه و په‌نجه‌کانی خسته سه‌ر سکی، که وه‌کو باڵۆنی گه‌وره له‌ژیر ماکسییه پرته‌قاڵییه‌که‌یدا به‌رز بووبووه‌وه... ئینجا وتی:
_ له ژیانمدا جیاوازیم له‌نێوان کچ و کوڕدا نه‌کردووه، به‌ڵام هیوادارم کوڕ بێت، هه‌تا ناوی تۆی لێ بنێم و وا بزانم مردوویت.
حه‌فته‌ی نه‌برد بڕیار جێبه‌جێ کرا... ده‌ستێ جلی کوردیت له لۆکه‌ره‌که‌ت ده‌رهێنا، که هیی هاوپۆلێکی لادێییت بوو... ئه‌و له ماڵی قوتابییان جێ‌نشین بوو... جار جار جله‌کانی ده‌هێنا و دایکت بۆی ده‌شتن... جووتێ پێڵاوی تۆکمه‌شت له سه‌ربان له‌ناو که‌لوپه‌له هه‌ڵگیراوه‌کاندا دۆزییه‌وه... جامانه‌ت بۆ په‌یدا نه‌کرا، به‌ڵام ڕه‌نگی ملپێچه خورییه‌که‌ت زۆر له جامانه ده‌چوو و ده‌تتوانی له‌وێ له سه‌رتی بپێچیت... له پۆلی خوێندنه‌وه بۆ شاخ، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشتر وه‌کو کوڕانی دیکه‌ی گه‌ڕه‌ک و هاوڕێیانی قوتابخانه‌ت هیچ مه‌یلێکت به لای سیاسه‌ت و چه‌که‌وه هه‌بووبێت، ته‌نانه‌ت زۆر جار گاڵته‌یان پێ ده‌کردی و به ترسنۆک له قه‌ڵه‌میان ده‌دایت... (ئه‌مجه‌د)ی باوکت کارمه‌ندێکی بچووکی شاره‌وانی بوو و ئێواران پێش ئه‌وه‌ی دنیا تاریک دابێت، پێنج نانی بازاڕی له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌پی داده‌نا و له‌سه‌ری کۆڵان ده‌رده‌که‌وت... هه‌تا ده‌گه‌یشته‌وه به‌رده‌رگاش، به ده‌ستی ڕاستی، که هه‌میشه بوتڵێکی گه‌وره‌ی شیری پێ ده‌گرت، سه‌ڵاوی له ڕێبواران و دراو‌سێکان ده‌کرد... هێنده بۆیان ده‌نووشتایه‌وه، که ده‌ترسایت بوتڵی شیر و نانه‌کانی له ده‌ست بکه‌وێته خواره‌وه... وای بۆ ده‌چوویت ئه‌و بوتڵی شیره‌ی زیاتر به‌و مه‌به‌سته پێ بێت، هه‌تا وه‌کو سومبولێک بۆ ئاشتی و ته‌بایی به کاری بهێنێت، نه‌وه‌ک ته‌نیا بۆ خواردنه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌و له سه‌رده‌می هه‌رزه‌کاریدا خه‌ریکی نیگارکێشان بووه... ئه‌و وێنه‌یه‌ی نه‌ده‌گۆڕا... ده‌کرێت مرۆڤ دوای حه‌وت سه‌ده‌ی دیکه‌ش به‌م شێوه‌یه بیهێنێته به‌رچاو: پیاوێکی گه‌نمڕه‌نگی باریک، باڵای مامناوه‌ندی، قاتێکی ڕه‌ساسیی پۆشیوه و بۆینباغێکی نیلیی له‌سه‌ر کراسێکی سپی به‌ستووه، جووتێ پێڵاوی چه‌رمی ڕه‌شی له پێدایه، پێنج نانی له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌پی داناوه و به ده‌ستی ڕاستی بوتڵێک شیری گرتووه، هه‌نگاوی ورد ورد له‌ناو کۆڵاندا ده‌نێت و به ده‌م سه‌ڵاوکردنه‌وه ده‌نووشتێته‌وه... قوتابیی سه‌ره‌تاییش ده‌یتوانی وێنه‌یه‌کی ئاوا له‌سه‌ر ده‌فته‌ری نیگارکێشانه‌که‌یدا بکێشێت... هه‌ر زوو زوو به تۆی ده‌وت:
_ ئه‌گه‌ر بته‌وێت ته‌مه‌نت درێژ بێت و تووشی به‌ڵای ئه‌م دنیایه نه‌بیت، ده‌بێت ئاگات له وێنه‌که‌ت بێت و نه‌هێڵیت گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت... هه‌تا ئه‌و کاته‌ی وێنه‌یه‌کی چه‌سپاوت هه‌یه، مایه‌ی پێکه‌نینیت و گاڵته‌ت پێ ده‌کرێت، به‌ڵام له هه‌موو کێشه‌یه‌ک دووریت... ئه‌وانه‌ی زوو زوو وێنه‌ی خۆیان ده‌گۆڕن، ته‌مه‌نیان کورته، چونکه ئه‌وانه ده‌بنه بابه‌تی مشتومڕی جیاواز... هه‌ر یه‌که و به شێوه‌یه‌ک ده‌یانبینێت... سه‌ره‌تای نه‌هامه‌تییه‌که لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، چونکو به جیددی بیرت لێ ده‌که‌نه‌وه... هه‌رکه به جیددییش بیریان لێ کردیه‌وه، ئه‌وا به ئاسانی په‌لامارت ده‌ده‌ن... هیچ که‌سێ نامرێت، ئه‌گه‌ر وێنه‌که‌ی نه‌مرێت.
کاتێ به ئه‌سپایی ده‌رگای حه‌وشه‌ی داده‌خسته‌وه و ڕووی له ژووره‌وه ده‌کرد، هه‌ناسه‌ی قووڵی هه‌ڵده‌کێشا، وه‌ک بیه‌وێت بڵێت ((ئۆخه‌ی ئه‌مڕۆش به‌ساغی گه‌یشتمه‌وه ماڵ))... ئه‌و ده‌رگا سپییه‌ی به قوفڵێکی گه‌وره‌ی ڕه‌ش داده‌خست و به‌یانییان هه‌ر خۆی کاتێ بۆ ده‌وام ده‌چوو، ده‌یکرده‌وه... کلیلی له گیرفانی ده‌نا و ده‌ستی که‌ستانی نه‌ده‌گه‌یشتێ... قوفڵه‌که به قه‌ده‌ر ناوله‌پی خۆی ده‌بوو و کتومت له ده‌موچاوی سه‌گ ده‌چوو... هه‌ر به ڕاستی شه‌وان کاتێ چاوت خێل ده‌کرد و لێت ده‌ڕوانی، وات ده‌زانی سه‌گێک له‌ناو به‌فردا نقووم بووه و ته‌نیا سه‌ری دیاره... ساڵی لانی که‌م دوو جار بۆیه‌ی ده‌کرده‌وه و به‌رده‌وام ده‌بریسکایه‌وه... دیواری حه‌وشه‌شتان له شووره‌ی قه‌ڵا کۆنه‌کانی سه‌رده‌می زوو ده‌چوو، به‌رز به‌رز و چه‌ند بڵێی لووس، ته‌نانه‌ت پشیله‌ش نه‌یده‌توانی پێیدا هه‌ڵگه‌ڕێت... هه‌زار شت له‌و کۆڵانه ده‌قه‌وما و ئه‌و ده‌رگایه نه‌ده‌کرایه‌وه... تۆ و خوشکه‌کانت له ژووره‌وه گوێتان بۆ ده‌نگه‌ده‌نگی ده‌ره‌وه هه‌ڵده‌خست، به‌و مه‌به‌سته‌ی له‌و ڕێگایه‌وه بزانن چی ڕووی داوه... ئه‌و به ده‌ستێ بیجامه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و قه‌نه‌فه‌یه پشتی ده‌دایه‌وه، که له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانه‌وه به قست کڕیبووی و ده‌یوت:
_ به شه‌و هه‌ر شتێک ڕوو بدات، پێوه‌ندیی به ئێمه‌وه نییه... من که ده‌رگام داخست، واته له هه‌موو کێشه‌یه‌ک دوورم.
به هیچ شێوه‌یه‌کیش ده‌رگا له میوانی شه‌و نه‌ده‌کرایه‌وه، ته‌نانه‌ت به خه‌ڵکی ده‌وت: ((به‌ڕۆژ له ده‌رگا مه‌ده‌ن و به‌بێ پرس وه‌رنه ژووره‌وه... یه‌ک یه‌ک که‌لوپه‌لی ماڵمان به‌رن و گه‌رده‌نتان ئازا بێت، منداڵه‌کانم به پێش خۆتان بده‌ن، با وه‌کو خزمه‌تکار ئیشتان بۆ بکه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زه‌رده‌ی خۆردا دامخستووه و نایکه‌مه‌وه))... زوو زووش ده‌یوت: ((به شه‌و دایکم له گۆڕ زیندوو بێته‌وه و به ڕووتی ته‌ق ته‌ق له ده‌رگام بدات، لێی ناکه‌مه‌وه))... ئه‌مانه به خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ی خۆتان ده‌وتران، به‌ڵام خۆ ده‌یان جاریش به ئێوه‌ی ده‌وت: ((ئه‌گه‌ر بزانم وا به‌و تاریکییه له‌ودیون و له ترسان و له سه‌رمان هاوار ده‌که‌ن، گوێتان لێ ناگرم... وه‌سیه‌تیشم ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر خۆم له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک دوای زه‌رده‌په‌ڕ گه‌ڕامه‌وه ماڵ، هه‌رچه‌نده شتێکی ئاوا مه‌حاڵه له من ڕوو بدات، به‌ڵام گریمان ڕووی دا، نه‌که‌ن و نه‌که‌ن و نه‌که‌ن لێم بکه‌نه‌وه))... زۆر جار ئه‌و ده‌رگایه ده‌درایه به‌ر شه‌ق و ده‌نگی لێدانی گوێی دانیشتووانی گه‌ڕه‌کی کاس ده‌کرد، په‌نجه‌یان ده‌خسته سه‌ر زه‌نگه‌که و تا دره‌نگ هه‌ڵیان نه‌ده‌گرت، به‌ڵام به خه‌یاڵیدا نه‌ده‌هات... هه‌ندێک هه‌رزه‌کاری چوختی شه‌وان هه‌ر بۆ خۆشی ده‌هاتن ده‌رگایان ده‌کوتی و ده‌یان جنێوی ناشیرینیان به دایکت ده‌دا، که‌چی ئه‌و به ڕۆژنامه ده‌موچاوی ده‌شارده‌وه و فه‌رامۆشی ده‌کردن... (مونیره کووره‌چی)ی دایکیشت به هه‌مان شێوه له دنیای ده‌ڕوانی و به‌رده‌وام هه‌وڵی ده‌دا خۆی له مه‌ترسییه‌کان لا بدات... ئه‌ویش وێنه‌یه‌کی چه‌سپاوی هه‌بوو، که مرۆڤ ده‌توانێت به‌م شێویه بیهێنێته به‌رچاو: ژنێکی باڵابه‌رز، نه قه‌ڵه‌و و نه لاواز، قژێکی کورتی هه‌یه، عه‌زییه‌یه‌کی شینی پۆشیوه، جووتێ پێڵاوی کلاسیکی له پێدایه، سه‌به‌ته‌یه‌کی بامبووی به ده‌سته‌وه‌یه و به ڕووی خۆشه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت... کاتێ له‌و وێنانه‌ی ڕاده‌مێنیت، که له کۆتاییی په‌نجاکان و سه‌ره‌تای شه‌سته‌کاندا گرتوونیه‌تی، هه‌ست ده‌که‌یت شتێکی وای لێ نه‌گۆڕاوه، هه‌ر ئه‌وه نه‌بێت که‌مێک چۆته ته‌مه‌نه‌وه... مۆدێلی پۆشاک و پێڵاو و قژ و سه‌به‌ته‌ی ده‌ستی، ته‌نیا له فیلمه کۆنه‌کان، بۆ نموونه له‌وانه‌ی (ئینگرید بێرگمان Ingrid Bergman) و (عه‌زیزه ئه‌میر)دا ده‌بینرێن، ئه‌گینا مه‌حاڵه هاوشێوه‌یان له دنیای ئێستادا مابێت... به کورتی وێنه‌یه‌که له‌گه‌ڵ وێنه‌ی باوکتدا زۆر ده‌گونجێت... ئه‌گه‌ر ئه‌و وته‌یه‌ی باوکت له به‌رچاو بگریت، که ده‌ڵێت: ((ئه‌وه مرۆڤه‌کان نین به یه‌ک ده‌گه‌ن و له یه‌ک جیا ده‌بنه‌وه، به‌ڵکو وێنه‌کانیانن))، ئه‌وا ده‌کرێت بڵێیت ئه‌وان پێش ئه‌وه‌ی خۆیان یه‌کتریان دیبێت، وێنه‌کانیان به یه‌کتر گه‌یشتوون... دوای ئه‌وه‌ی نۆ کلاس ده‌خوێنێت، ده‌کرێته سیسته‌ر... هاوکات شوو به (ئه‌مجه‌د)ی باوکت ده‌کات... ماوه‌یه‌ک خه‌ریکی پیشه‌که‌ی ده‌بێت... هه‌وڵێکی زۆر ده‌دات نه‌یخه‌نه ده‌وامی شه‌وان و به‌ڕێوه‌به‌ریش حاڵه‌ته تایبه‌ته‌که‌ی له به‌رچاو ده‌گرێت، به‌ڵام کاتێ به‌ڕێوه‌به‌رێکی نوێ دێت و له‌وه تێناگات، حه‌فته‌ی شه‌وێکی بۆ داده‌نێت، که ده‌بێت له نه‌خۆشخانه ئێشگ بگرێت... له‌مه‌وه ئه‌ویش واز ده‌هێنێت... ئه‌گه‌رچی له ده‌ستدانی ئیشه‌که‌ی له ڕووی داراییه‌وه زۆر به گران له‌سه‌ریان ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام ناتوانن سه‌رپێچی له‌و سیستێمه‌ی خۆشیان بکه‌ن، که هه‌ر که‌سێکیان شه‌و له ده‌ره‌وه بمێنێته‌وه، جا له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت، ئه‌وا بۆی نییه جارێکی دیکه بێته‌وه ماڵ... هه‌ر له ڕاستییشدا ئه‌وان پێچه‌وانه‌ی زۆر ژنومێردی دیکه پێکه‌وه ته‌با بوون، به‌تایبه‌تی له‌وه‌ی چۆن خۆیان له مه‌ترسییه‌کان به دوور بگرن و له‌گه‌ڵ زه‌رده‌ی خۆردا قوفڵێکی گه‌وره له ده‌رگا بده‌ن... شه‌وێکیان پله‌ی گه‌رمیی له‌شی (تابان)ی خوشکت گه‌یشته چل و زۆری نه‌ما گیانی ده‌ربچێت، به‌ڵام ئاماده نه‌بوون بیگه‌یێننه نه‌خۆشخانه... ده‌گریان و هه‌ر زوو زوو ده‌یانوت:
_ ئینجا به‌م شه‌وه چیی لێ بکه‌ین...؟!
ئه‌وسا ته‌واو تێگه‌یشتی، که ئه‌و دووانه باوه‌ڕیان وایه له شه‌ودا هه‌رگیز نابێت یه‌ک که‌سی ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌که‌تان نه ببینن و نه قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ن... هه‌ر له‌گه‌ڵ داخستنی ده‌رگاشدا فیشی ته‌له‌فۆن ده‌رده‌هێنرا، نه‌بادا یه‌کێک له‌و ڕێگایه‌وه پێوه‌ندیتان پێوه بکات... زۆر جار دراوسێکانی ئه‌ملا و ئه‌ولاتان سه‌ریان له‌سه‌ر دیواری نێوانتان هه‌ڵده‌کێشا و بانگیان ده‌کردن، به‌ڵام ئێوه له ژووره‌وه مته‌قتان له خۆتان ده‌بڕی و وه‌ڵامتان نه‌ده‌دانه‌وه... کاتێ منداڵ له کۆڵان به شه‌ڕ ده‌هاتن، خێرا باوکت له تۆی هه‌ڵده‌دا و هاوکات دایکت (سازان) و (تابان)ی خوشکتی به تیتک ڕاده‌کێشا، نه‌بادا به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئه‌و شه‌ڕه پێوه‌ندیی به ئێوه‌وه هه‌بێت، یان ناحه‌زێک بیخاته ئه‌ستۆتان... وایان به چاک ده‌زانی، پێش ئه‌وه‌ی (گریمان) دایک و باوکیان بێنه سه‌رتان، که هه‌رگیز یه‌ک جاریش نه‌هاتن، ئه‌وه ئه‌وان په‌رێزیان پاگژ بێت و پێیان بڵێن ئاوا به قوربانی ئێوه‌یان ده‌که‌ین... باوکت هه‌ر زوو زوو ده‌یوت:
_ به‌لامه‌وه سه‌یره هه‌ندێک به منداڵه‌کانیان ده‌ڵێن به‌گژ که‌سدا نه‌چن، به‌ڵام هه‌ر که‌سێ شه‌ڕی پێ فرۆشتن، لێی قه‌بووڵ مه‌که‌ن... من ده‌ڵێم هه‌رگیز وا نه‌زانن که‌س شه‌ڕتان پێ ده‌فرۆشێت، به‌ڵکو به‌رده‌وام وای دابنێن ئێوه‌ن به‌گژیاندا چوون و ئه‌وانیش مافی خۆیانه وه‌ڵامتان بده‌نه‌وه... هه‌ر خێرا داوای لێبوردنیان لێ بکه‌ن... لێیان بپاڕێنه‌وه، هه‌تا له گوناهتان خۆش بن.
له‌پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا ناکرێت بڵێی دایک و باوکت هه‌م له‌ناو ماڵ و هه‌م له ده‌ره‌وه وه‌کو دوو که‌سی ڕووخۆش نه‌ده‌هاتنه به‌رچاو... تۆ و خوشکه‌کانت له‌ناو ماڵ سه‌ربه‌ستیی زیاترتان له هیی منداڵانی دیکه‌ی گه‌ڕه‌ک هه‌بوو... زۆر جار هاوڕێکانت سه‌یریان پێ ده‌هات، کاتێ ده‌یانبینی ئێوه ده‌توانن ئاوا ڕاشکاوانه و به‌بێ ترس له‌گه‌ڵ دایک و باوکتاندا بدوێن، هه‌تا ئه‌گه‌ر قسه‌کانتان پێوه‌ندییان به بابه‌تی زۆر هه‌ستیاریشه‌وه هه‌بووایه... ئه‌وه‌نده‌ی لێدانیشتان خواردبێت، هه‌ر له ده‌ره‌وه و به مه‌به‌ستی پێش‌گرتن له مه‌ترسی بووه، ئه‌گینا له ماڵه‌وه (سازان) و (تابان) زۆربه‌ی کات له‌سه‌ر سکیان هه‌ڵده‌په‌ڕین و ئه‌وان به هه‌موو شێوه‌یه‌ک نازیان ده‌کێشان... به کورتی کێشه‌ی سه‌ره‌کیی ئێوه له‌گه‌ڵ کاتدا بوو، بۆیه زستانان ماوه‌ی سه‌ربه‌ستیتان له هیی هاوینان که‌متر بوو، به‌وه‌ی ڕۆژ دره‌نگ هه‌ڵده‌هات و زوو ئاوا ده‌بوو... واته ماوه‌ی داخرانی قوفڵه‌که زیاتر درێژه‌ی ده‌کێشا.
(مونیره کووره‌چی)ی دایکت هه‌م لای ده‌سته‌خوشکه‌کانی و هه‌م لای ئه‌و دووکاندارانه‌ی پێویستییه‌کانی ڕۆژانه‌ی ده‌کڕی، هه‌میشه شانازیی به‌و خۆپارێزییه‌ی باوکته‌وه ده‌کرد و نه‌یده‌شارده‌وه، که ئه‌م خۆیشی وا په‌روه‌رده کراوه و منداڵه‌کانیشی هه‌ر به‌م شێوه‌یه ڕاده‌هێنێت... به‌ڵام له‌ناکاو ئه‌و سیستێمه له سه‌ر ده‌ستی تۆدا تێکشکا، ته‌نانه‌ت کاتێ له‌وێ به ڕێککه‌وت (کاک وریای داده نه‌خشین)ی دراوسێتانت بینی، نه‌ده‌چووه ئه‌قڵیه‌وه تۆی کوڕی (مونیره کووره‌چی) و (ئه‌مجه‌دی شاره‌وانی) له‌م ته‌مه‌نه زووه‌ته‌وه بته‌وێت چه‌ک هه‌ڵبگریت... ئه‌و به ناوه‌که‌ته‌وه تۆی ناسیه‌وه، ئه‌گینا له حه‌فتاوپێنج، کاتێ شاری جێ هێشت، تۆ ته‌مه‌نت له یانزده به‌هار تێنه‌ده‌په‌ڕی... له بیرته له‌گه‌ڵ دایکی بۆ خوارووی عێراق دوور خرانه‌وه، به‌ڵام هێنده‌ی نه‌برد هه‌واڵ هات، که (داده نه‌خشین) له ڕێگا گیانی ده‌رچووه و ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی تفه‌نگی پۆلیسێک ده‌ڕفێنێت، خۆی ده‌گه‌ینێته‌وه شاخ... له گه‌ڕه‌ک زوو زوو ئه‌و به‌سه‌رهاته‌یان ده‌گێڕایه‌وه... دیمه‌نی مراوییه‌کانیان له بیر که‌س نه‌ده‌چووه‌وه، کاتێ ئێواره له‌و گۆمه گه‌ڕانه‌وه و بینییان وا ده‌رگا داخراوه، به‌رده‌وام قوپ قاپ قوپ قاپ له‌و به‌رده‌مه ده‌هاتن و ده‌چوون... هه‌رکه ئه‌مه‌ت بۆ (کاک وریا) گێڕایه‌وه، هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی هه‌ڵکێشا... ئه‌وسا که‌سی دیکه‌تان لا نه‌بوو، چونکو هه‌ر به ده‌م گفتوگۆوه له گوند دوور که‌وتبوونه‌وه و له قه‌راغی جۆگه‌یه‌ک وه‌ستابوون، که تریفه‌ی مانگ بریقوباقی پێ ده‌خست... له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناوه‌ڕاستی مارت بوو، که‌چی هێشتا سه‌رما ده‌یتوانی کاری خۆی بکات... سه‌ره‌تا نه‌تده‌زانی بۆچی وا چێژ له‌وه ده‌بینی، که دانه‌چۆقه‌ت پێ ده‌خات، به‌ڵام دوایی زانیت، چێژ نییه، به‌ڵکو ترس و تێکشکانه‌کانت ده‌شارێته‌وه و به‌شێک له قورساییی ئه‌و شه‌رمه‌ت له‌سه‌ر سووک ده‌کات... هه‌ستت کرد (کاک وریا) به‌و قسه‌یه‌ت زۆر شتی ناخۆشی بیر که‌وته‌وه، به‌ڵام به‌سه‌ر خۆی نه‌هێنا و به ده‌م بزه‌یه‌که‌وه وتی:
_ باوه‌ڕ ناکه‌م تۆ ئه‌و دیمه‌نه‌ت به چاوی خۆت دیبێت... ده‌بێ بۆیان گێڕابیتیه‌وه... وایه...؟!
_ ڕاست ده‌که‌یت، به‌ڵام چۆنت زانی...؟!
قاقایه‌کی لێ دا و وتی:
_ مه‌گه‌ر باوکت ناناسم، که پێش ئه‌وه‌ی دنیا تاریک دابێت، ده‌رگا قوفڵ ده‌دات و تا به‌یانی ڕووناک نه‌بێته‌وه، نایکاته‌وه...!! مونیره کووره‌چیی دایکیشت کچی کۆڵانی خۆمانه و که‌س هێنده‌ی منی ناناسێت... هه‌میشه مراوییه‌کانی دایکم دوای ئێوه ده‌گه‌ڕانه‌وه ماڵ.
سه‌رت داخست و ئه‌و ڕۆژانه‌ت بیر هاته‌وه، که (کاک وریا) به باوکتی ده‌وت با هێنده نه‌ترسێت... هه‌تا ئه‌و له گه‌ڕه‌ک بێت، که‌س ناتوانێت به خراپ سه‌یری بکات... ئه‌و هه‌ندێ قسه‌ی ناڕۆشنی له ده‌م ده‌رده‌چوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆیشی بزانێت چی ده‌ڵێت... له ماڵه‌وه ده‌یوت ئاماده‌یه پشت به هه‌ر که‌سێک ببه‌ستێت، ئه‌گه‌ر به‌ڵێنی پێ بده‌ن، گوایه له سه‌رده‌می گرانی و نه‌هاتییه‌کاندا ناهێڵن له برسا بمرێت و له کاتی ئاوا‌ره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریدا شوێنی بۆ دابین ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌وپه‌ڕی ده‌به‌نگییه پشتی به ئازاترین که‌س قایم بێت و وا بزانێت له چه‌پۆکی ئه‌وانی دیکه‌ی ده‌پارێزێت... قاقایه‌کی لێ ده‌دا، که زیاتر نیشانه‌ی ترسی ده‌گه‌یاند و ده‌یوت:
_ چۆن...؟! چۆن...؟! به به‌فر خانوو بکه‌م و له‌ناویدا بژیم...؟! ده‌ی باشه ئه‌وه گریمان هه‌رگیز جارێکی دیکه رۆژ ده‌رناکه‌وێت و ماڵی من ناتوێنێته‌وه، به‌ڵام که‌س به به‌فر خۆی گه‌رم کردووه‌ته‌وه...؟!
ئه‌و ڕۆژه‌ی (کاک وریا) و دایکیان له‌گه‌ڵ چه‌ند خێزانێکی دیکه‌ی گه‌ڕه‌ک خسته ناو زیله‌کان و بۆ خوارووی عێراقیان ڕاگوێزان، باوکت له ژووره‌وه هه‌ڵده‌له‌رزی و ده‌یوت:
_ ئه‌مه بوو ده‌یویست من بپارێزێت...؟! کوره ئه‌مه بوو..؟!
دیسان قاقای لێ ده‌دا، چونکو ئه‌مه ئه‌و شته بوو، که هه‌میشه له کاتی ترس‌دا په‌نای بۆ ده‌برد... ده‌سته‌کانی ڕاده‌وه‌شاند، وه‌ک بڵێی به ڕاستی له‌ناو به‌فر ده‌ریهێنابن و بیه‌وێت بیانته‌کێنێت... ئینجا فووی تێده‌کردن و هه‌ر به ده‌م قاقاوه ده‌یوت:
_ به‌فر بوو...!! به‌فر...!! توایه‌وه... با بچێت خۆی بپارێزێت.
حه‌زت نه‌ده‌کرد (کاک وریا) له‌وه زیاتر باسی باوکت بکات، نه‌بادا لێت بپرسێت، ئاخۆ دوای ئه‌وه‌ی تۆ جێت هێشتووه چ حاڵێکی هه‌یه، چونکه نه‌تده‌ویست بیهێنیته‌وه به‌رچاوت چۆن له‌ناکاو زمانی شکا و له جێ‌دا که‌وت... هیچ له‌وه‌ش تێنه‌ده‌گه‌یشتی بۆچی هه‌رچه‌ند له سیمای (کاک وریا)ت ده‌ڕوانی، سکه‌که‌ی دایکتت بیر ده‌که‌وته‌وه و ئازارت ده‌چه‌شت... هێنده‌ی دیکه له ئاستیدا خۆت ناسک و بچووک ده‌هاته به‌رچاو... هیوات ده‌خواست به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئه‌و باسه نه‌یه‌ته گۆڕێ، چونکه ده‌تزانی به‌رگه‌ی ناگریت و گیانت ده‌رده‌چێت... به‌و مه‌به‌سته‌ی له‌و باسه‌ی دوور بخه‌یته‌وه، وتت:
_ من ئه‌و قوفڵه‌م شکاند... وا هاتوومه‌ته ئێره و تازه مه‌حاڵه بگه‌ڕێمه‌وه.
ئه‌و به شێوه‌یه‌کی جیاواز له هیی پێشووی سه‌رنجی له سیمات دا و وتی:
_ ده‌بینم قسه‌کانت له قه‌ده‌ر ته‌مه‌نت نین.
ئه‌مه‌ت به دڵ بوو... به ده‌نگ پێکه‌نییت... ئه‌و که‌مێ بیری کرده‌وه و پرسیی:
_ ئه‌و کاته‌ی ماڵت جێ هێشت، شه‌و بوو یان ڕۆژ...؟!
به‌و پرسیاره‌ی ڕایته‌کاندی... هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه بیرت له‌وه نه‌کردبووه‌وه، که تۆ ئه‌وه یه‌که‌مجار بوو له ژیانتدا به شه‌و ده‌ره‌وه ببینیت... به شه‌رمه‌وه وتت:
_ ڕۆژ بوو.
بزه‌یه‌کی کرد و وتی:
_ که‌واته قوفڵه‌که‌ت نه‌شکاندووه...!!
تۆ به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵبریت، وتت:
_ به‌ڵام وا هاتوومه‌ته ئێره و تازه مه‌حاڵه بگه‌ڕێمه‌وه.
سه‌ری بادا و وتی:
_ ئه‌گه‌ر گوێ له من بگریت، ئه‌وه ده‌گه‌ڕێیته‌وه شار و خوێندنه‌که‌ت ته‌واو ده‌که‌یت.
ئینجا پێی ڕاگه‌یاندی، که نزیکه‌ی مانگێک له‌پێش تۆ‌وه (سروود مه‌روان) له‌گه‌ڵ دایک و باوکی گه‌یشتووه... ئه‌مه هه‌واڵێکی تا بڵێی خۆش بوو، چونکه بۆت ده‌رکه‌وت زانیارییه‌کانت ته‌واون... پرسیی:
_ تۆ ئه‌و ده‌ناسی...؟!
زمانت گیرا و ڕه‌نگت هه‌ڵبزڕکا... هه‌ر چۆنێ بوو وتت:
_ دوور به دوور ده‌یناسم، به‌ڵام نازانم ئه‌و من ده‌ناسێت، یان نا.
(وریای داده نه‌خشین) ده‌یویست له‌وه تێبگات بۆچی هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا دوو قوتابیی یه‌ک قوتابخانه شاریان جێ هێشتووه و ڕوویان له شاخ کردووه... کۆمه‌ڵێک پرسیاری له‌باره‌ی ڕه‌وشی خوێندنگا و هه‌ڵسوکه‌وتی به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستاکانه‌وه لێ کردی... گه‌یشته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که هیچ هۆکارێکی وا نییه ئێوه خوێندنتان جێ هێشتبێت... له‌مه‌وه بۆت ده‌رکه‌وت دایک و باوکی له‌به‌ر ئه‌و هاتوون... به‌رده‌وامیش پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرت، که ده‌بێت به زووترین کات بگه‌ڕێیته‌وه... تۆ بیرت خسته‌وه، که ئه‌ویش له شه‌ستویه‌ک له‌و ته‌مه‌نه‌ی تۆدا چه‌کی هه‌ڵگرتووه... ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ی پێ خۆش بوو، به‌ڵام وتی:
_ ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌وسا نییه.
کاتێ هه‌ستی کرد تۆ هێنده‌ت حه‌ماس هه‌یه و له‌سه‌ر مانه‌وه سووریت، ڕێگایه‌کی دیکه‌ی نیشان دایت... پێی وتیت له شار ئیشیان بۆ بکه‌یت، گوایه که‌سێک دێت پێوه‌ندیت پێوه ده‌کات و وشه‌ی نهێنییش (مراوییه‌کان هێشتا له گۆمه‌که مه‌له ده‌که‌ن)ه، به‌ڵام تۆ ئه‌مه‌ت به دڵ نه‌بوو... ئه‌وسا وتی هه‌وڵ ده‌دات (سروود مه‌روان)یش ڕازی بکات، به‌و مه‌به‌سته‌ی ئه‌ویش له‌گه‌ڵتدا بگه‌ڕێته‌وه شار و له ماڵی مامی بژی... له‌وێ هه‌ردووکتان هاوکاریی یه‌کتر بکه‌ن... ئه‌مه ئه‌و شته بوو، که تۆ بۆی ده‌گه‌ڕایت... به ڕاده‌یه‌ک گه‌شایته‌وه، ئه‌و خێرا هه‌ستی پێ کردی... ئه‌وسا وتی ئه‌وان له گوندێکی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ن و سبه‌ینێ ئه‌م له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کانیدا سه‌ردانی ده‌که‌ن... ئێستاش نه‌تزانی بۆ تۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌برد، ئه‌گه‌رچی زۆرت هه‌وڵ دا... له‌وێ لای یه‌ک دووانێکی بێچه‌کی دیکه‌ی وه‌کو خۆت مایته‌وه، به‌ڵام تۆ له هه‌موویان منداڵتر بوویت... یه‌کێکیان به‌زه‌ییی پێتدا هاته‌وه و پاڵتۆ خورییه‌که‌ی خۆی پێ دایت... ئه‌گه‌رچی لێت وه‌رگرت، به‌ڵام ئه‌مه‌ت به شکستێکی گه‌وره زانی و له ناخه‌وه پێی تلایته‌وه... له‌سه‌ر ئاگر چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی (کاک وریا)ت ده‌کرد و ئاواتت ده‌خواست (سروود)یشی له‌گه‌ڵدا بێت، که‌چی کاتێ گه‌ڕانه‌وه و ئه‌وت نه‌بینی، ته‌واو داڕووخایت... (کاک وریا) پێش ئه‌وه‌ی پێت بڵێت بۆچی ئه‌و نه‌هاتووه، له‌باره‌ی ئه‌و شپرزه‌ییه‌ته‌وه پرسیاری لێ کردیت، به‌ڵام تۆ له‌سه‌ر شێوازی باوکت هه‌ندێ وشه‌ی ناڕۆشنت له ده‌م ده‌رچوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆشت بزانیت ده‌ته‌وێت چی بڵێیت... دوایی تۆی له گوند دوور خسته‌وه و له قه‌راغی هه‌مان جۆگه‌دا پێی ڕاگه‌یاندی، که (سروود) و دایک و باوکی نایانه‌وێت بمێننه‌وه، به‌ڵکو نیازیان وایه بچنه ئێران، چونکه ئامانجی ئه‌وان گه‌یشتنه به یه‌کێک له وڵاته‌کانی ئه‌ورووپا، به‌تایبه‌تی سوێد، به‌وه‌ی که‌سوکاری (دایکی سروود) له‌وێ نیشته‌جێن... (سروود)یش وتوویه‌تی به هیچ شێوه‌یه‌ک تۆ ناناسێت، ته‌نانه‌ت ناویشتی نه‌بیستووه... ئه‌مه‌ت به گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تی زانی... خۆتت وه‌کو ئه‌و شه‌وگه‌ردانه هاته به‌رچاو، که له ده‌وروبه‌ری گڵۆپی قه‌د دیواری هه‌یوان مێشووله و زینده‌وه‌ری ورد وردی دیکه‌یان ڕاو ده‌کرد و تۆ قێزت لێیان ده‌هاته‌وه... ئینجا بۆت ده‌رکه‌وت ئه‌و کاتێ وتی ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌وسا نییه، ئه‌وا ته‌نیا مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو، که تۆی کوڕی (مونیره کووره‌چی)ی ناسک و (ئه‌مجه‌دی شاره‌وانی)ی ده‌سته‌پاچه وه‌کو ئه‌وی ڕۆڵه‌ی ئه‌و (داده نه‌خشین)ه جه‌ربه‌زه‌یه نییت، که یه‌ک پیاوی گه‌ڕه‌ک نه‌یده‌وێرا چاو ببڕێته چاویه‌وه و سه‌ری سێ و چواری به یه‌کدا ده‌دا... ده‌نگێک زوو زوو له ناخت‌دا به‌رز ده‌بووه‌وه و لێتی ده‌پرسیی: ((تۆ دوای چی که‌وتوویت...؟! ده‌زانی تۆ دایکێکی دووگیان و باوکێکی داماو و دوو خوشکی شیرینت له‌پێناوی ئه‌و خه‌ونه پووچه‌دا کوشت...؟!)) به‌ڵام خێرا به لاوه‌ت ده‌نا... نه‌تده‌توانی له‌وه زیاتر به پێوه بوه‌ستیت و له ڕووشت نه‌ده‌هات دابنیشیت... هه‌ستت ده‌کرد ئێستا نا ساتێکی دیکه ده‌که‌ویه ناو ئه‌و جۆگه‌یه‌ی به‌رده‌مت و ئاو ئه‌و لاشه بێگیانه‌ت له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات... هه‌ر ئه‌مه‌ش وای له (کاک وریا) کرد بڕیاری کۆتایی بدات و بۆ شارت بنێرێته‌وه، به‌وه‌ی هێشتا منداڵیت و زووه بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌ک، به‌ڵام به‌ڵێنی پێ دایت، که له‌وێ هه‌ر له قوتابخانه‌ی خۆتان که‌سێکت بۆ ده‌نێرێت و ده‌تکاته ئه‌ندامی ڕێکخستن... ئه‌گه‌رچی هیوات به هیچ شتێک نه‌مابوو، به‌ڵام مانه‌وه‌ت له شاخ زۆر به باشتر ده‌زانی له‌وه‌ی بگه‌ڕێیته‌وه، چونکه له لایه‌ک نه‌ده‌کرا تۆ له سایه‌ی دایک و باوکێکی ئاوادا خه‌ریکی ئه‌و کاروباره ترسناک و سه‌ختانه بیت و له لایه‌کی دیکه باوه‌ڕت نه‌ده‌کرد دوای نه‌مانی (سروود) بتوانی له شار بژیی، چجای ده‌وامی قوتابخانه بکه‌یت و ئه‌رکه‌کانی ڕێکخستن له ئه‌ستۆ بگریت... ئینجا تێگه‌یشتی خه‌ڵک چۆن دوور له خواستی خۆیان ده‌بنه تێکۆشه‌ر و جه‌ربه‌زه، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشتر تۆزقاڵێک توانایان له خۆیاندا به دی کردبێت... باوه‌ڕت به‌وه هێنا، که هیچ که‌سێ ڕاسته‌وخۆ ڕێگه‌ی نه‌که‌وتۆته ناو سیاسه‌ته‌وه، به‌ڵکو دوای شتێکی دیکه که‌وتوون و له‌ناکاو له‌وێدا خۆیان بینیوه‌ته‌وه... وه‌کو زه‌وییه‌کی سیحری وایه، تا نه‌چیته قووڵاییه‌وه، نازانیت ڕێت تێی که‌وتووه... له پشته‌وه‌ی ئه‌و پیکابه‌ی (کاک وریا) شوفێره‌که‌ی ڕاسپاردبوو بتگه‌یه‌نێته‌وه شار، بیرت له‌و شتانه ده‌کرده‌وه و فرمێسکت هه‌ڵده‌ڕشت... نه‌ده‌کرا سیمای تێکشکاوی باوکت نه‌هێنیته‌وه به‌رچاوت، که چۆن به ده‌ستێ بیجامه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و قه‌نه‌فه ڕزیوه دانیشتووه و په‌نجه‌کانی له‌سه‌ر سنگی هه‌ڵده‌له‌رزن... ڕیشی هاتووه و چاوه‌کانی ده‌رپۆقیون... دایکت له‌سه‌ر پشت پاڵ که‌وتووه و نیگای له بنمیچه‌که بڕیوه... سکی له‌ژێر ماکسییه پرته‌قاڵییه‌که‌یدا وه‌کو گردۆلکه ده‌رده‌که‌وێت و له کاتی هه‌ناسه‌داندا زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه... خوشکه‌کانت لای قاچیه‌وه هه‌ڵکوڕماون و به ترسه‌وه لێی ڕاده‌مێنن... ئه‌وان پێیان لێ کرده که‌وش و وتیان هه‌ر ده‌بێت منداڵێکی دیکه‌ی ببێت، ئه‌گینا ئه‌م له‌دوای (تابان)ه‌وه نه‌یده‌ویست جارێکی دیکه ببڕای ببڕای سکی پڕ ببێت... وه‌ک وڕک بۆ بووکه‌شووشه بگرن، ئاوا وڕکیان بۆ به‌به ده‌گرت و له دایه و بابه ده‌پاڕانه‌وه... دایکت ده‌یکرده گاڵته و ده‌یوت:
_ تازه قوفڵم لێ داوه و نایکه‌مه‌وه.
باوکت پێده‌که‌نی و سه‌ری له‌ناو ڕۆژنامه‌که ده‌هێنایه ده‌رێ، به‌ڵام (سازان) و (تابان) ده‌ستیان له داواکه‌یان هه‌ڵنه‌ده‌گرت... چه‌ند جارێک لێیان تووڕه بوویت، بگره له ناخه‌وه به‌وه تێکده‌شکایت، که دایکت منداڵێکی دیکه‌ی ببێت، له کاتێکدا تۆ له قۆناغی دواناوه‌ندیی خوێندندایت... هه‌ستت ده‌کرد ئه‌مه سووکایه‌تییه و به تۆ ده‌کرێت... ده‌ترسایت هاوڕێکانت به چاوێکی نزم لێت بڕوانن... ده‌تزانی ئه‌وان پێشتر به هه‌موو شێوه‌یه‌ک خۆیان له‌وه ده‌پاراست گیانی دیکه بێننه دنیاوه، چونکه تۆ ئاگات له سه‌رجه‌می جووڵه و وته‌کانیان بوو... ده‌رگای ژووری نووستنیان به‌ناو ژووری تۆدا ده‌کرایه‌وه... جیڕه‌جیڕی ئه‌و ته‌خته کۆنه ڕزیوه‌شیان، که ته‌مه‌نی له تۆ گه‌وره‌تر بوو، زۆر به ئاسانی له خه‌وی هه‌ڵده‌ستاندی... هه‌ر زوو بۆت ده‌رکه‌وت شێوازی جووتبوونه‌که‌شیان وه‌کو ته‌ختی نووستن و سه‌رتاپای شته‌کانی دیکه‌یان کۆنه... زۆر جیاوازه له‌وه‌ی تۆ له پۆل و له‌سه‌ر جێگادا خۆت و (ڕۆزا فه‌وزی)ی دراوسێتانت به‌و قژه خاو و چاوه جوانانه‌یه‌وه ده‌هێنیته به‌رچاو... چ جووڵه و چ وته‌ی زیاتر تێدایه... ته‌ختی نووستنه داڕووخاوه‌که‌یان ئاوا شته‌که‌ی لێ گه‌وره ده‌کردن، ئه‌گینا ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر زه‌وی بکردایه، هه‌رگیز نه‌یانده‌توانی به‌ئاگات بهێنن... ده‌کرا له‌وێش هه‌ست به سیستێمی داخستنی ده‌رگا و قوفڵکه بکه‌یت... هه‌ردووکیان له گه‌رمه‌ی له‌زه‌ت و موچوڕکه‌کاندا ده‌یانتوانی به‌سه‌ر خۆیاندا زاڵ ببن و قوفڵی لێ بده‌ن... ئه‌وسا باوکت به ئه‌سپایی پاڵێکی به ده‌رگای نێوانتاندا ده‌نا و وه‌کو په‌نگوینێکی زل به لای تۆدا تێده‌په‌ڕی، له کاتێکدا ڕووناکیی گڵۆپی ژووره‌که‌یان به‌شی ئه‌وه‌ی ده‌کرد چه‌ند گورزێکی کاڵی لێ بگاته ئه‌وێ، هه‌تا بیبینی چۆن کلینێکسی تێوه پێچاوه و ده‌چێت له حه‌مام پاکی ده‌کاته‌وه... دوایی بۆت ده‌رکه‌وت ئه‌وه‌ی ڕێگره له به‌رده‌م زیادبوونی منداڵی چواره‌مدا، ته‌نیا ئه‌وه نییه، که مانگانه‌یه‌کی که‌م وه‌رده‌گرن و به‌شی به‌خێوکردنی خێزانی گه‌وره ناکات، به‌ڵکو ئه‌وان ترسیان له‌وه‌یه به شه‌و له دایک ببێت و ناچار ببن بۆ هێنانی مامان، ده‌رگای حه‌وشه بکه‌نه‌وه، ئه‌گه‌رچی لایان ڕوونه، که نایکه‌نه‌وه... وه‌کو زۆر جار ده‌تبیست له کاتی له‌دایکبوونی ئێوه‌شدا هه‌مان ترسیان هه‌بووه، به‌ڵام ته‌نیا برایه‌کتان نه‌بێت، که له‌نێوان تۆ و (سازان)دا به شه‌و گه‌یشتووه و نه‌ژیاوه، ئه‌گینا خۆشبه‌ختانه هه‌رسێکتان به ڕۆژ له دایک بوون... خۆت چاکت له بیره، که (تابان)یش که‌مێکی دیکه دره‌نگتر بگه‌یشتایه، ئه‌وا به ده‌ردی ئه‌و برایه‌تان ده‌چوو... قوفڵه‌که‌ی به ده‌سته‌وه گرتبوو و له‌سه‌ر ئاگر چاوه‌ڕێی (سیسته‌ر سیهام)ی پوورزای ده‌کرد... چه‌ند ده‌قه‌یه‌کی دیکه‌ی پێ بچووبوایه، ئه‌وا بێگومان دایده‌خست و لێی نه‌ده‌کرده‌وه... ئه‌و برایه‌شتان به مردوویی هاتۆته ده‌رێ، چونکه باوکت خۆی ئه‌رکی مامانییه‌که‌ی له ئه‌ستۆ گرتووه، به‌ڵام سه‌ری لێ ده‌رنه‌چووه و خنکاندوویه‌تی، ئه‌گه‌رچی دایکت له‌و ڕووه‌وه زۆر زانیاریی باشیشی خستبووه به‌رده‌می... ئه‌مه هێنده‌ی دیکه ترسه‌که‌ی گه‌وره کردوون... هه‌رچی بێت (سازان) و (تابان) توانییان ئه‌و قوفڵه‌یان پێ بشکێنن... دیسان له پشتی ئه‌و پیکابه‌وه هه‌م دایکت و هه‌م ئه‌وانیشت هێنایه‌وه به‌رچاو... قژیان ئاڵۆزکاوه و ڕوومه‌تیان سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه، هێنده‌یان شین بۆ حاڵی خۆیان کردووه... ناهه‌قیان نییه... هه‌رگیز باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد ڕۆژێک له ڕۆژان کاره‌ساتێکی ئاوا له‌ناو ماڵی ئه‌واندا ڕوو بدات، له کاتێکدا به هه‌موو شێوه‌یه‌ک خۆیان له مه‌ترسی ده‌پاراست... نه‌تده‌زانی ئاخۆ پێت خۆشه دایکت به هۆی ئه‌و خه‌مه گه‌وره‌یه‌ی له‌ناکاو تووشی هات، سکه‌که‌ی له بار چووبێت، یان نا، به‌ڵام هه‌ستت ده‌کرد بیرکردنه‌وه له شتێکی ئاوا ئاسان نییه و پڕه له ئازار... سیمای قوفڵه‌که‌شت هاته‌وه به‌رچاو، که کتومت له که‌لله‌ی سه‌گ ده‌چوو... خۆت له ئاستیدا زۆر ده‌سته‌پاچه ده‌بینی... زوو زوو ئه‌و قسه‌یه له گوێچکه‌تدا ده‌زرنگایه‌وه، که به (کاک وریا)ت وت: ((من ئه‌و قوفڵه‌م شکاند... وا هاتوومه‌ته ئێره و تازه مه‌حاڵه بگه‌ڕێمه‌وه))... قێزت له هه‌موو شتێک ده‌هاته‌وه... سه‌رت سووڕا و که‌وتیت... ده‌مت پڕی بوو له‌و کایه‌ی له دواوه‌ی پیکابه‌که‌دا ڕۆ کرابوو... بۆنی پشقل و شیاکه‌ی لێ ده‌هات... شتێکی تاڵ چووه قوڕگته‌وه... چه‌ند جارێک کۆکیت... هه‌ستت کرد وا لووله‌ی درێژ درێژ له‌ژێر کا‌دا شاردراونه‌ته‌وه و قاچت به‌ریان ده‌که‌وێت... ترست لێ هات له کۆنتڕۆڵ ڕاتانبگرن و خۆتان و پێکابه‌که‌ش بپشکنن... ئه‌وان له پێشه‌وه به‌رده‌وام سه‌ریان ده‌له‌قایه‌وه و ده‌کرا بڵێی باس له شتێکی هه‌ستیار ده‌که‌ن... ورده ورده‌ش دنیا تاریک داده‌هات... تۆ کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ت ئه‌وه بوو، چۆن به‌و شه‌وه بگه‌یته‌وه و به چ ڕووێک له ده‌رگا بده‌یت...!! ئایا لێت ده‌کرێته‌وه، یان ده‌بێ تا به‌یانی له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕێ بکه‌یت...؟! کاتێ له‌و پرسیارانه قووڵ ده‌بوویته‌وه، لایه‌کی دیکه‌ی مه‌سه‌له‌که‌ت ده‌که‌وته به‌رچاو... هه‌ستت ده‌کرد وا دوور له خواستی خۆت چێژ له‌و گێچه‌ڵه ده‌بینیت، که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له یاریی منداڵان ده‌چێت... ئه‌و یارییانه‌ی شه‌وانی هاوین هاوته‌مه‌نه‌کانت له ده‌ره‌وه ده‌یانکرد و تۆ له‌گه‌ڵ (سازان) و (تابان)ی خوشکت له حه‌وشه گوێت لێ ده‌گرتن... ئینجا به هه‌سته سه‌یروسه‌مه‌ره‌کانی خۆت پێده‌که‌نی، که به‌و ئه‌نجامه‌یان گه‌یاندی... له پشته‌وه‌ی ئه‌و پیکابه‌وه ده‌تڕوانییه ئه‌ملا و ئه‌ولای جاده‌که... زیاتر و زیاتر ئه‌و ناوه تاریک داده‌هات و خه‌ڵکی ئه‌و گوندانه‌ت وه‌کو تارمایی ده‌که‌وته به‌رچاو... خانووه‌کانیانت له شێوه‌ی قه‌فه‌زی باڵنده ده‌بینی... دووباره به گفتوگۆی نێوان خۆت و (کاک وریا)دا چوویته‌وه... ئه‌و بزه‌یه‌ی زۆر له قسه‌که‌ی زیاتر تێکی شکاندی: ((که‌واته قوفڵه‌که‌ت نه‌شکاندووه...!!))... به‌و ده‌نگه نێرانه‌ی وای وت و هاوکات به نووکی پێڵاوه تۆکمه‌که‌ی چنگێ چه‌وی هه‌ڵدایه ناو جۆگه‌که‌وه... بۆ ساتێ له‌و چاوه زه‌قانه‌ی ڕامایت و هه‌ستت کرد وا له دایکت ده‌ڕوانێت، له کاتێکدا ئه‌و به ڕووتی له‌سه‌ر گیای ئه‌و ده‌شته له‌ژێر تیشکی مانگدا پاڵ که‌وتووه و منداڵی ده‌بێت... دووباره قێزت له خۆت هاته‌وه... ده‌ترسایت له‌ناکاو ئه‌و باسه بێته گۆڕێ و به هه‌مان بزه‌ی سارده‌وه پێت بڵێت: ((چیت داوه له چه‌ک...؟! بڕۆ بێشکه‌ی به‌به‌که ڕاهه‌ژێنه))... هه‌ر زانیت ده‌سته‌پاچه‌ییی تۆ له‌وه‌دایه، که به ڕۆژ ماڵت جێ هێشتووه و به شه‌و بۆی گه‌ڕاویته‌وه، له کاتێکدا ده‌بووایه پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ت بکردایه... ده‌بێ بپاڕێیته‌وه و بگرییت، به‌و مه‌به‌سته‌ی دڵی نه‌رم ببێت و بیکاته‌وه... کێ ده‌ڵێ ده‌شیکاته‌وه...؟! ئه‌و بۆ کچه نازداره‌که‌ی نه‌یکرده‌وه، که گیانی ده‌دا، چۆن بۆ تۆی یاخی و گێره‌شێوێنی ده‌کاته‌وه...؟! ده‌ستبه‌رداری گیانی کوڕێک و مانگانه‌ی ژنه‌که‌ی و ده‌یان شتی دیکه بووه، هه‌ر له‌و پێناوه‌ی ئه‌و قوفڵه نه‌کرێته‌وه، تازه مه‌حاڵه بۆ تۆی زۆڵ و حه‌رامزاده‌ی بکاته‌وه... ناشتوانی به‌و دیواره به‌رز و لووسه‌دا هه‌ڵبگه‌ڕێیت و بێگومان شه‌و له ده‌ره‌وه ده‌که‌یته‌وه... بایه‌کی سارد مل و گوێچکه‌کانی ده‌ته‌زاندی و ده‌نگی مه‌کینه‌ی پیکابه‌که هێمنیی ڕێگاکه‌ی ده‌شێواند... هه‌تا زیاتر له شار نزیک ده‌بوویته‌وه، دڵت خێراتر لێی ده‌دا و خه‌یاڵت که‌متر شوێنی به خۆیه‌وه ده‌گرت... له لایه‌ک پێشبینیی شکست و نه‌هامه‌تییه‌کانت ده‌کرد و له لایه‌کی دیکه چێژی ئه‌و یارییه‌ت ده‌هێنایه به‌رچاو... کوڕێکی شانزده‌ساڵان بۆ یه‌که‌مجار به شه‌و ڕووی ده‌ره‌وه‌ی ده‌رگای حه‌وشه‌ی خۆیان ده‌بینێت...!! کاتێکت زانی وا هه‌وه‌ست ده‌بزووێت... دوور له خواستی خۆت ناوگه‌ڵت ده‌شێلیت... ویستت بیری خۆتی به‌ریته‌وه، چونکه دڵنیا بوویت گه‌رماوگه‌رمه و دوایی له ساردبوونه‌وه‌دا هه‌ست ده‌که‌یت شێتێکی ته‌واویت، به‌ڵام نه‌تتوانی کۆنتڕۆڵی بکه‌یت... شه‌بزووزت هێنایه ده‌رێ... به‌و چوار په‌نجه‌یه گوشیت... هه‌وڵت ده‌دا وێنه‌ی ده‌رگاکه به وێنه‌ی (ڕۆزا فه‌وزی)ی دراوسێتان بگۆڕیت، که ده‌یان جار هیوات خواستبوو له باوه‌شی بگریت و ناوده‌می بمژیت، یان هیچ نه‌بێت وێنه کۆنه‌که‌ی خۆی بێنیته‌وه به‌رچاوت، که وات ده‌زانی سه‌گێک له‌ناو به‌فردا نقووم بووه و ته‌نیا سه‌ری دیاره، به‌ڵام سه‌ری نه‌گرت... به تارایه‌کی ته‌نکی سپی داپۆشرابوو و ده‌هاته‌وه به‌ر دیده‌ت... قوفڵه ڕه‌شه‌که‌ی له‌ژێر ئه‌و تووله شه‌فافه‌دا وه‌کو شه‌نتووز ده‌رده‌که‌وت... حه‌زت ده‌کرد بیلێسیته‌وه... په‌نجه بزێوه‌کانتت بۆ دابین نه‌ده‌کرا... له‌ناکاو وه‌کو منداڵی نه‌خۆش به‌سه‌ر کایه‌که‌دا ڕشایه‌وه... سه‌ره‌تا ئازارێکی گه‌وره‌ت چه‌شت، به‌وه‌ی له‌ژێر ئه‌و کایه‌دا چه‌ک شاردرابووه‌وه... به بۆکس له ئه‌ژنۆکانتت ده‌دا و سه‌رت به ئاسنی دواوه‌ی پیکابه‌که‌دا ده‌کێشا... چه‌ند جارێک ویستت خۆت هه‌ڵده‌یه خوارێ و کۆتایی به‌و ژیانه چرووک و بێکه‌ڵکه‌ت بێنێت، به‌ڵام ورده ورده هێمن ده‌بوویته‌وه... دووباره ئاره‌زووت چووه‌وه سه‌ری... زمانت به ئاسنه‌که‌دا ده‌هێنا... ویستت له خه‌یاڵی خۆتی ده‌ربکه‌یت، که تۆ عه‌شقی ده‌رگا و قوفڵ بوویت، به‌ڵام نه‌کرا... هاوارت ده‌کرد:
_ من شێتم... من شێتم... من ده‌رگا و قوفڵه‌که‌ی خۆمانم خۆش ده‌وێت، بگره ده‌یانپه‌رستم... هه‌ر ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵیان ده‌خه‌وم.
ده‌نگت تێکه‌ڵی مه‌کینه‌ی پیکابه‌که و ڕه‌شه‌با ده‌بوو... ده‌تزانی دوای ئه‌م یارییه‌ش یه‌کێکی دیکه ده‌ست پێ ده‌کات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئاخۆ ئه‌و قوتابییه کێیه، که له‌ناکاو دێت و وشه نهێنییه‌که‌ی (کاک وریای داده نه‌خشین)ت به گوێچکه‌دا ده‌دات...؟! ئایا ده‌یناسیت...؟! پێشتر بینیوته...؟! هاوڕێی نزیکی خۆته، یان یه‌کێکه و له ژیانتدا ناویت نه‌بیستووه...؟! سیمای هه‌موو بزێو و سه‌رکێشه‌کانت هێنایه به‌رچاو، که ڕۆژانه به ئاشکرا و به دزی له پۆل و گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌دا باسی سیاسه‌تیان ده‌کرد... دیوار‌یان ده‌نووسی و پۆسته‌ر و به‌یاننامه‌یان بڵاو ده‌کرده‌وه... هه‌ندێکیان گیران و که‌س نه‌یزانی چی‌یان به‌سه‌ر هات... تۆ به هه‌موو شێوه‌یه‌ک خۆتت لێ دوور ده‌خستنه‌وه و به‌رگه‌ی گاڵته و جنێوه‌کانیانت ده‌گرت... هه‌رگیز نه له خه‌یاڵی خۆت و نه له هیی که‌سێکی دیکه‌دا بوو، تۆش ئاوا له‌ناکاو ده‌بیه یه‌کێک له‌وانه... گیانت ده‌له‌رزی و پێشبینیی خراپترین چاره‌نووست ده‌کرد، به‌ڵام دیسان به‌وه دڵی خۆتت ده‌دایه‌وه، که له‌م نزیکانه بۆت ده‌رده‌که‌وێت کێیه ئه‌و که‌سه‌ی وشه نهێنییه‌که‌ت به گوێچکه‌دا ده‌دا... نه‌تده‌زانی ئاخۆ هه‌ر شته‌کان خۆیان دوو ڕووی ته‌واو جیاواز له یه‌کتریان هه‌یه، یان ئه‌وه ته‌نیا چاوی تۆیه وایان ده‌بینێت... ڕوویه‌کی تا بڵێی ترسناک و ڕوویه‌کی پڕ له چێژ... تاریکاییی ئه‌و جاده‌یه به ڕووناکیی لایته‌کانی پیکابه‌که به‌رده‌وام له‌ت ده‌بوو، ده‌توت قوماشی نایلۆنه و ده‌می مه‌قه‌ستی تیژ ده‌یبڕێت... دیمه‌نی دایکت به‌و ماکسییه پرته‌قاڵییه‌وه ده‌هاته‌وه به‌رچاوت، که وه‌ها به له‌شیه‌وه ده‌نووسا، ده‌ترسایت له‌ناکاو له چوار لاوه بدڕێت... تا ده‌هات سمتی زیاتر ده‌رده‌پۆقی و مه‌مکه‌کانیشی له‌سه‌ر باڵۆنه گه‌وره‌که‌ی ژێر ماکسییه‌که‌یدا وه‌کو دوو توتکه‌سه‌گی چاونه‌پشکوتوو ده‌که‌وتنه به‌رچاوت، که گوانی دایکیان ده‌مژن... هه‌ر به ڕاستی ئه‌و تابلۆیه، تابلۆی ده‌ڵه‌سه‌گێک و به‌چکه‌کانی، ساڵانی په‌نجا باوکت کێشاویه‌تی و له‌پێش له‌دایکبوونی تۆ‌وه به قه‌دی دیواری هه‌یواندا هه‌ڵواسراوه... به‌وه‌دا ئاگات لێ نه‌بوو وا گه‌یشتوونه‌ته شار، هه‌ستت کرد ئه‌و خه‌یاڵانه ته‌واو له دنیایان دابڕیبوویت... له به‌رده‌می شاره‌وانیدا وه‌ستا... یه‌کێ له‌و دوو پیاوه‌ی لای شوفێر دا‌نیشتبوون، سه‌ری له په‌نجه‌ره هێنایه ده‌رێ و وتی:
_ دابه‌زه ده‌ی چاوه‌ڕێی چی ده‌که‌یت...؟!
هیچ له‌وه تێنه‌گه‌یشتی بۆچی هه‌مان ده‌نگی (کاک وریای داده نه‌خشین)ی هه‌یه... بازێکت هه‌ڵدا و ویستت بزانی ئاخۆ ئه‌و نییه، به‌ڵام شوفێر خێرا پێی لێ نا و جه‌سته‌ی پیکابه‌که‌ی له‌ناو ئه‌و تاریکاییه‌دا ون کرد... ئه‌وسا زیاتر باوه‌ڕت هێنا له‌ژێر ئه‌و کایه‌ی له پشته‌وه‌یان ڕۆ کردووه، چه‌کیان شاردووه‌ته‌وه... کاتێ لینجاوه‌که‌ت بیر که‌وته‌وه، هێنده‌ی نه‌مابوو له‌ناو ئه‌و هه‌موو خه‌م و نیگه‌رانی و تێکشانه‌دا له قاقای پێکه‌نین بده‌یت... ((بۆچی له به‌رده‌م شاره‌وانی دایانگرتم...؟!))... باوکتت هێنایه به‌رچاو کاتێ له‌وێوه هه‌نگاوی ورد ورد ده‌نێت و ده‌گاته نانه‌واخانه‌که... پێنج نان لای نانه‌وا لاوازه‌که و بوتڵێکی گه‌وره‌ی شیر له دوکانداره تورکمانه‌که‌ی ته‌نیشتیه‌وه ده‌کڕێت و به‌ره‌و ماڵ ده‌بێته‌وه... چاوت به‌و ده‌ڕابه داخراوانه‌دا ده‌گێڕا، که له‌ژێر ڕووناکیی مناره‌ی مزگه‌وته‌که‌دا ده‌بریسکانه‌وه و به ترسه‌وه هه‌نگاوت ده‌نا... ئه‌گه‌ر کراوه ببوونایه، ده‌تتوانی لێیان بپرسی ئاخۆ باوکت ئه‌و یه‌ک دوو ڕۆژه‌ش وه‌کو ئه‌وه‌ی پێێ ڕاهاتووه نان و شیری لێ کڕیون...؟! ئایا چوار نانی بردووه‌ته‌وه، یان پێنج...؟! هه‌مان بوتڵی شیری جارانی هه‌ڵگرتووه، یان دانه‌یه‌کی بچووکتر...؟! وه‌ڕینی ڕه‌وه‌یه‌ک سه‌گ دڵی داچڵه‌کاندی... چه‌ند هه‌نگاوێک بۆ دواوه گه‌ڕایته‌وه... ئه‌وان له‌و چه‌مه‌ی لای ڕاستی شه‌قامه‌که‌وه هاتن و پێشیان لێ گرتیه‌وه... تارماییی پیاوێکت بینی و به‌ره‌و لای ڕات کرد... ده‌رکه‌وت ژنه و دوو منداڵیشی له‌گه‌ڵدایه... ئه‌وان پێچه‌وانه‌ی تۆ نه‌ده‌ترسان، بگره ده‌توت یارییان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن... به به‌رد ڕاویان ده‌نان و به ده‌م پێکه‌نینه‌وه ده‌تریقانه‌وه... سه‌گه‌کان به‌ناو گۆڕستاندا هه‌ڵاتن و ئه‌وان ڕێگای خۆیان گرته‌وه... پێشتر دیمه‌نی ئاوات ته‌نیا له خه‌وندا بینیبوو... زوو زوو سه‌گ ڕاویان ده‌نایت و نه‌شتده‌توانی هه‌نگاو بنێیت... کاتێ چاوت هه‌ڵدێنا، سه‌رجه‌م شته‌کانت لێ ده‌بووه سه‌گ و پێت ده‌وه‌ڕین... به‌ڵام ئه‌وانه سه‌گی ڕاستی بوون... هه‌ر ده‌توت زانیویانه یه‌که‌مجارته به شه‌و ئه‌و شه‌قامه چۆڵ و تاریکه ببڕیت... له ترسان به‌رده‌وام گیانت ده‌له‌رزی... له پشت ژنه‌که و دوو منداڵه‌که‌وه هه‌نگاوت ده‌نا، به‌ڵام زۆر لێیان نزیک نه‌ده‌که‌وتیه‌وه، نه‌بادا ئاوڕ بده‌نه‌وه و پێت بڵێن مادام هێنده له سه‌گ ده‌ترسیت، بۆ به‌و شه‌وه دێیته ده‌ره‌وه... هێشتا نه‌گه‌یشتبوویه سه‌ری کۆڵانی خۆتان، کاتێ قرمژنی گولله بێده‌نگیی شاری شێواند و ئه‌لارمی ئۆتۆمۆبیلی پۆلیس و ئه‌منیش به‌دوایدا... وه‌ڕینی سه‌گه‌کانی ناو گۆڕستانه تاریکه‌که‌شت هاته‌وه گوێ... کاتێکت زانی وا جه‌سته‌ت له‌گه‌ڵ ده‌رگای خۆتاندا جووت کردووه و به زمان ده‌یلێسیته‌وه... به ده‌ستت بوایه ڕوویت وه‌رده‌گێڕا و شه‌بزووزت ده‌خسته ناو قوفڵه‌که‌وه، که ڕێک ده‌گه‌یشته ئاستیه‌وه... قه‌ی ناکا...!! ئه‌م ڕووه‌یشی تامی خۆی هه‌یه... ئه‌و تارا سپییه‌ش زیاتر هه‌وه‌سی ده‌بزواندیت... سه‌ره‌تا ده‌تویستت به بێده‌نگی ته‌واوی بکه‌یت، به‌ڵام خۆتت بۆ دابین نه‌ده‌کرا و هاوارت ده‌کرد:
_ به‌قوربانت بم... گیانه‌که‌می... من په‌شیمانم... قه‌دری تۆم نه‌ده‌زانی... وا بۆت گه‌ڕاومه‌ته‌وه... له‌مه‌ودوا هه‌رگیز جێت ناهێڵم... بمبووره گیانه‌که‌م.
له‌گه‌ڵ قسه‌کانت ئه‌ودیو جووڵه‌ی تێکه‌وت... به‌حاڵ ئاگات له‌وه بوو، که ئه‌وان هاتوونه‌ته هه‌یوان... تۆ له‌سه‌ر قسه‌کانت به‌رده‌وام بوویت... ده‌نگی (سازان)ت ده‌بیست، که ده‌یوت:
_ له‌گه‌ڵ تۆیه‌تی بابه... وا ده‌پاڕێته‌وه و په‌شیمانیی خۆی ده‌رده‌بڕێت... داوای لێبوردن ده‌کات... گوێت لێیه ده‌ڵێ قه‌دری تۆم نه‌ده‌زانی...؟! بۆ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه...؟! خۆ دیسان زمانت نه‌شکاوه‌ته‌وه...؟!
ده‌تتوانی باوکت بێنیته به‌رچاو، که به ده‌ستێ بیجامه‌وه له هه‌یوان وه‌ستاوه و له ڕووی ناوه‌وه‌ی ده‌رگاکه، ڕاستتر له قوفڵه‌که ده‌ڕوانێت، به‌ڵام نایه‌وێت ئه‌و سیستێمه بشکێنێت و ئاگای له خۆیه‌تی، که مه‌حاڵه به شه‌و له‌گه‌ڵ هیچ که‌سێکی ده‌ره‌وه‌دا قسه بکات، با ئه‌و که‌سه هه‌تا یه‌ک دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر کوڕی خۆیشی بووبێت، بۆیه نقه‌ی لێوه نایه‌ت... (سازان) و (تابان)یش به‌رده‌وام لێی ده‌پاڕێنه‌وه، به‌شکو دڵی نه‌رم بێت و گوێ له داواکه‌یان بگرێت... له‌و حاڵه‌شدا ئاگات له‌وه‌یه بیر له دایکت بکه‌یته‌وه، ئاخۆ ئه‌و بۆ ده‌نگی نییه...!! چی به‌سه‌ر هاتووه...؟! ئایا منداڵه‌که‌ی بووه...؟! که‌ی بوویه‌تی...؟! به شه‌و یان به‌ڕۆژ...؟! یان له باری چووه و......؟! هاوکات ته‌کان به ده‌رگاکه ده‌ده‌یت و هه‌ست ده‌که‌یت ته‌واو عه‌شقی بوویت، به‌ڵام وای بۆ ماچی قوفڵه‌که...!! ئاخ بۆ لستنه‌وه‌ی قه‌راغه‌کانی و.........!! ته‌زوویه‌ک سه‌رتاپای گیانت ده‌هه‌ژێنێت و به‌رزترین هاوارت له ده‌م ده‌رده‌چێت:
_ قوربانت بم...!! مردم...!! تۆ منت کوشت...!! وااااااااای...!!
(تابان) و (سازان) زیاتر لێی ده‌پاڕێنه‌وه... ئه‌میان ده‌ڵێت:
_ تۆ بۆ قسه‌یه‌ک ناکه‌یت بابه...؟! ده‌مرێت...!! لێێ بکه‌ره‌وه...!!
ئه‌ویان ده‌ڵێت:
_ په‌شیمانه... جارێکی دیکه وا ناکات... تۆ بڵێی هیچی لێ نه‌هاتبێت...؟! بۆچی ده‌نگی بڕا...؟! جووڵه‌ی نه‌ما...!! بابه فریای بکه‌وه...!!
هه‌ر ده‌ڵێی هه‌موو شته‌کان له خه‌وندا ڕوو ده‌ده‌ن... گیانت خاو ده‌بێته‌وه و ئاگات له خۆت ده‌بڕێت... کاتێکیش ده‌رگا ده‌کرێته‌وه، دنیا ڕۆژه... به‌وه‌دا پشتت پێی داوه، له‌گه‌ڵ کردنه‌وه‌یدا ده‌که‌ویه دیوی ژووره‌وه... باوکت به قاته ڕه‌ساسی و کراسه سپی و بۆینباغه نیلییه‌که‌وه ده‌بینیت... به‌بێ ئه‌وه‌ی لێت ڕابمێنێت، ڕێگای خۆی ده‌گرێت... وه‌کو ئه‌وه‌ی پێی ڕاهاتووه، سه‌ڵاو له‌م و له‌و ده‌کات و ده‌چێته ده‌وام... (سازان) و (تابان) جلی قوتابخانه‌یان پۆشیوه و به لاتدا تێده‌په‌ڕن، به‌ڵام نا‌زانی تۆ بوویت به تارمایی، یان ئه‌وان نایانه‌وێت بتبینن... ئه‌دی ئه‌وان نه‌بوون شه‌و له بابه ده‌پاڕانه‌وه، که ده‌رگات لێ بکاته‌وه...؟! ڕه‌نگه هه‌موو ئه‌وانه له خه‌یاڵی خۆتدا ڕوویان دابێت و گوێت زرینگابێته‌وه... ئه‌و قاپییه مه‌ستی کردوویت و به‌و قوفڵه‌ی ته‌فره‌ت ده‌دات... ئێستاش ئاره‌زووی جووتبوونی ده‌که‌یت، به‌ڵام له‌ناکاو (سیسته‌ر سیهام)ی پوورزای باوکت دێته هه‌یوان و سه‌رنج له سیمای ده‌ده‌یت... خێرا بۆت ده‌رده‌که‌وێت دایکت وا له ژووره‌وه‌یه و سکه‌که‌ی داناوه... ماڵ بۆنی خوێنی ئه‌وی گرتووه... (سیسته‌ر سیهام) دۆڵکه‌یه‌ک له به‌لووعه پڕ ئاو ده‌کات و بۆ ژووره‌وه‌ی ده‌بات، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک له تۆ ناڕوانێت... تۆ به‌ره‌و سه‌ره‌وه هه‌ڵده‌کشێیت و له هه‌یوان هه‌ڵوێسته‌یه‌ک ده‌که‌یت... له په‌نجه‌ره‌وه له دایکت ده‌ڕوانی، که به ته‌نیشت منداڵێکی ساوا‌وه پاڵ که‌وتووه و په‌ڕۆیه‌کی سپیی له ناوچه‌وانی خۆیه‌وه پێچاوه... ئه‌گه‌رچی ڕووی له تۆیه، به‌ڵام هیچ گۆڕانکارییه‌ک به سیمایه‌وه نا‌بینیت... هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌ویش نه‌یدیویت، یان نایه‌وێت بتبینێت... ده‌چیته ئه‌مدیوی ده‌رگا و له به‌رانبه‌ری ده‌وه‌ستیت، به‌ڵام هیچ شتێ له‌و سیمایه‌ی ناگۆڕێت... به چه‌ند هه‌نگاوێکی دیکه خۆت ده‌گه‌یه‌نیته ژووره‌که‌ت و له‌سه‌ر ته‌ختی نووستنه‌که‌ت ڕاده‌کشێیت... له‌وێ زیاتر هه‌ست به ماندووێتیی گیانت ده‌که‌یت... پێت خۆشه گۆرانی بڵێیت... ئه‌مه یه‌کێکه له شته سه‌یره‌کانت... گۆرانی و گریان پێکه‌وه... شه‌رمت له (سیسته‌ر سیهام) نه‌کردایه، ئه‌و گۆرانییانه‌ت ده‌چڕی، که به ئاسانی فرمێسک له چاوت دێنن، هه‌رچه‌ند دڵنیا نییت له‌وه‌ی ئاخۆ تۆ ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ت نابینرێت، ئه‌دی ده‌نگت ده‌بیسترێت...؟! ئینجا بیرت له (سامان)ی کوڕی کرده‌وه و هیچ به دوورت نه‌بینی ئه‌وه‌ی وشه نهێنییه‌که‌ی (کاک وریای داده نه‌خشین)یشت به گوێچکه‌دا ده‌دات، هه‌ر ئه‌و بێت... سه‌ره‌تای ده‌وام له‌گه‌ڵ سێ چوارێکی دیکه‌ی وه‌کو خۆی گیرا و پاش حه‌فته‌یه‌ک ئه‌م به ته‌نیا ئازاد کرا... ئه‌وسا گوێت له دوو قوتابی بوو ده‌یانوت دایکی چۆته لای ئه‌فسه‌ره‌که و شه‌و تا به‌یانی بۆی پاڵ که‌وتووه... به شێوه‌یه‌ک ده‌یانگێڕایه‌وه، هه‌ر ده‌توت خۆیان هه‌موو شتێکیان له نزیکه‌وه بینیوه... ته‌نانه‌ت یه‌کێکیان وا وه‌سفی ده‌کرد، که به ده‌ست خۆت نه‌بوو هه‌وه‌ست ده‌بزوا... خۆی ڕووت کردووه‌ته‌وه و قژی درێژی له‌ملا و له‌ولاوه به‌سه‌ر مه‌مکه‌کانیدا هاتۆته خوارێ... ئه‌فسه‌ره‌که کاتێ ئه‌و له‌شه ڕووته‌ی بینیوه، ترساوه ببوورێته‌وه، چونکه باوه‌ڕی نه‌کردووه ژنێک ته‌مه‌نی سی و حه‌وت ساڵ و دایکی کوڕێکی گه‌وره بێت، هێنده ته‌ڕ و پڕ له چالاکی بێت... قوتابییه‌که‌ی دیکه‌یان قاقای لێ ده‌دا و ده‌یوت:
_ ئاگاتان لێی بێت له‌سه‌ر دایکی به حه‌وت وه‌ستاوه.
له‌ناو ئه‌و خه‌یاڵانه‌دا ڕۆ چووبوویت، کاتێ له‌سه‌ر زمانی دایکته‌وه گوێت له ناوی خۆت بوو... سه‌ره‌تا نه‌تویست وه‌ڵامی بده‌یته‌وه، به‌ڵام کاتێ چه‌ند جارێکی دیکه بانگی کردیت، ئه‌وسا چوویته ئه‌ودیو و پرسیت:
_ چیت ده‌وێت...؟!
به‌ڵام ده‌رکه‌وت له‌گه‌ڵ منداڵه ساواکه‌یه‌تی... خستبوویه باوه‌شیه‌وه و ده‌یلاوانده‌وه... ئه‌ویش به‌و ده‌مه بچکۆلانه‌ی گۆی مه‌مکی چه‌پی ده‌مژی... ئینجا تێگه‌یشتی، که کوڕه و ناوی تۆشیان لێ ناوه... هه‌تا ماوه‌یه‌کی زۆر ئه‌مه کێشه‌ت بوو، هه‌ر کاتێ بانگی ئه‌ویان ده‌کرد، تۆ وه‌ڵامت ده‌دایه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان نه سه‌یریان ده‌کردی و نه گوێیان لێ ده‌گرتی... ئه‌وه‌ی وای ده‌کرد هه‌ست نه‌که‌یت تارماییت، به‌ڵکو بوونت هه‌یه، ئه‌وه بوو، که له لایه‌ک هه‌مان یاسای هاتنه‌وه و ده‌رچوونت به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌کرا، به‌وه‌ی دوای زه‌رده‌په‌ڕ ده‌رگات له‌سه‌ر داده‌خرا و پێش خۆرهه‌ڵاتیش بۆت نه‌بوو بچیته ده‌رێ... له‌لایه‌کی دیکه‌ش هه‌ر شتێکی قه‌ده‌غه‌کراوت پێ بوایه لێیان ده‌سه‌ندیت... ده‌بووایه کتێب و بڵاوکراوه‌کان له کونوکه‌له‌به‌ری ماڵدا بشاریته‌وه و به دزییشه‌وه بیانخوێنیته‌وه... نه‌ده‌کرا وه‌کو جاران زوو بگه‌ڕێیته‌وه ماڵ، چونکه خه‌ریکی کاروباری ڕێکخستن بوویت، بۆیه ئه‌گه‌ر فریا نه‌که‌وتیتایه، ئه‌وا (دلێری داود کندڕ)ی هاوڕێت له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبردیه‌وه ماڵ، به‌ڵام ئه‌وان حه‌وت که‌س له تاقه ژوورێکدا ده‌ژیان و به زه‌حمه‌ت جێگات ده‌ست ده‌که‌وت... خۆشبه‌ختانه باوکی هه‌ندێک شه‌و ده‌چووه دزی و پێخه‌فه‌که‌ی بۆ تۆ ده‌مایه‌وه... له‌نێوان دایکی و خوشکه گه‌وره‌که‌یدا ده‌خه‌وتی... هه‌رگیز باوه‌ڕت نه‌ده‌کرد ئه‌وه‌ی ڕۆژێک له ڕۆژان وشه نهێنییه‌که‌ی (کاک وریای داده نه‌خشین)ت به گوێچکه‌دا ده‌دات، ئه‌و کوڕه بێت... له منداڵییه‌وه ناوبانگی باوکیت بیستبوو، که ده‌یانوت وریا بن دوای ئه‌وه‌ی تۆقه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن، په‌نجه‌کانتان جوان بژمێرن، نه‌وه‌کا یه‌ک دووانێکی دزیبێت و نه‌تانزانیبێت... له منداڵی به‌رده‌وام چیرۆکه سه‌یروسه‌مه‌ره‌کانی ئه‌وت له زمانی باوکته‌وه گوێ لێ ده‌بوو... هێنده پێده‌که‌نییت، هه‌تا سکت ده‌ئێشا... ئاواتت ده‌خواست ڕۆژێک له دووره‌وه بیبینیت و بزانیت شێوه‌ی ئه‌و دزه چۆنه... بۆیه ده‌توت له دووره‌وه، چونکه نه‌تده‌وێرا لێی نزیک ببیته‌وه... نه‌تده‌زانی ڕۆژێک دێت له‌ناو پێخه‌فی ئه‌ودا ده‌خه‌ویت... زۆر جار وا ڕێک ده‌که‌وت له یه‌ک کاتدا له ماڵ بچنه ده‌رێ، ئه‌م بۆ دزی و ئێوه بۆ نووسینی دیوار، به‌ڵام هه‌میشه ئێوه له‌و زووتر ده‌گه‌ڕانه‌وه... ئه‌و دوای خۆرهه‌ڵات به ده‌م قسه‌ی خۆشه‌وه ده‌هاته‌وه و به فیکه و گۆرانی هه‌مووتانی له خه‌و هه‌ڵده‌ستاند... به ده‌گمه‌ن مرۆڤت دیوه هێنده‌ی ئه‌و پیاوه پیشه‌که‌ی خۆی به دڵ بووبێت، ته‌نانه‌ت به شێوازێکی زۆر سه‌رنجڕاکێش باسی سه‌رکێشی و ڕۆژانی زیندانی ده‌کرد، که له‌گه‌ڵ دیارترین دز و جه‌ربه‌زه‌ترین شه‌قاوه‌ی شاردا به سه‌ری بردبوون... نه‌یده‌توانی شانازی به‌و که‌سانه‌وه نه‌کات... هه‌م له دواناوه‌ندی و هه‌م له زانکۆش هه‌ر ئه‌و له‌پاڵ چوار کچ و تاقه کوڕه‌که‌یدا پاره‌ی گیرفانتی دابین ده‌کرد... (دلێر) له به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانکۆی به‌غدا و تۆ له به‌شی ئینگلیزیی زانکۆی مووسڵ وه‌رگیرایت... (موراد کندڕ) مانگی جارێک به سه‌ردان ده‌هاته لات و له‌و ده‌وروبه‌ره کۆمه‌ڵێک شتی گرانبه‌های ده‌دزی... هه‌ر خۆیشی له بازاڕ ساغی ده‌کردنه‌وه و به‌شێک له‌و پاره‌یه‌ی ده‌خسته گیرفانته‌وه... ده‌یوت:
_ ئه‌م شاره بۆ ئیش باشه، به‌ڵام هیچ دڵم لێی ناکرێته‌وه... نازانم زیندانه‌کانیشی هه‌ر وان، یان جیاوازن...!!
ئینجا له باڵای خۆی ڕاده‌ما و پێی ده‌وتی:
_ مرۆڤ ناتوانێت به شارێک بڵێت خۆش یان ناخۆش، هه‌تا زیندانه‌کانی نه‌بینێت، بۆیه نابێت حوکمی له‌سه‌ر بده‌م، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه زۆر که‌یفم پێێ نایه.
خۆشترین خواردنتان له ڕێستۆرانته‌کاندا ده‌خوارد و سه‌ردانی سینه‌ماکانیشتان ده‌کرد... پێێ ده‌وتی:
_ دزی ڕاسته‌قینه هه‌میشه ده‌ستی بڵاوه و مانای پاشه‌که‌وت نازانێت... ئه‌وه‌ش بزانه شته‌کانی هه‌رگیز به گران نافرۆشێت.
له‌وێوه ده‌چووه به‌غدا و سه‌ری له (دلێر)یش ده‌دا... دوایی وای بۆ چوویت له ئه‌منی زانکۆ ویستوویانه بزانن ئه‌و پیاوه کێیه و به چ مه‌به‌ستێک سه‌ردانت ده‌کات، به‌تایبه‌تی ئه‌و قه‌ڵافه‌ته تێکسمڕاو و پاڵتۆ درێژه‌ی سه‌رنجی هه‌ر که‌سێکی ڕا‌کێشاوه، که له‌وێیان بینیوه... جامانه‌یه‌کی ڕیشووه‌داریشی وه‌کو ملپێچ ده‌کرده ملیه‌وه و به‌سه‌ر شانی‌دا ده‌یهێنایه خواره‌وه، که سیمای شه‌قاوه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی پێ ده‌به‌خشی... زۆر جار (کاک وریای داده نه‌خشین)ی بیر ده‌خستیه‌وه... وه‌کو دوایی زانیت هاوڕێی منداڵییه‌تی... به‌هه‌رحاڵ له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌ی (ئه‌مه‌ل ئه‌لفه‌له‌کی)دا به زۆر شتی ڕابردووی خۆتدا چوویته‌وه و بۆت ده‌رکه‌وت به‌رده‌وام له‌ژێر چاودێریدایت... هه‌مووی به لایه‌ک، ئه‌وه‌ش به لایه‌ک، که نه‌تده‌زانی ئاخۆ له‌و دوو قوتابییه‌ی له‌سه‌ر یه‌کێ له کورسییه‌کانی ناو باخی کۆلیجی زانسته‌کان دا‌نیشتبوون و پێکه‌وه کتێبێکیان ده‌خوێنده‌وه، کامیان سیخوڕه‌که‌ته، چونکو قه‌ڵه‌مه‌که‌ی (ئه‌مه‌ل ئه‌لفه‌له‌کی) که‌وته نێوان هه‌ردووکیانه‌وه... زیاتر به لای ئه‌وه‌یاندا داتده‌شکانده‌وه، که له (سروود مه‌روان) ده‌چوو... هیواشت ده‌خواست خۆی بێت... هه‌میشه ئه‌و کرمه سپییانه‌شت بیر ده‌که‌وته‌وه، که له منداڵی کۆمیان ده‌خوراندی و په‌رێشانیان ده‌کردی، به‌ڵام کاتێ دایکت به‌و په‌نجه باریکانه‌ی ده‌ریده‌هێنان و دوایی له‌سه‌ر په‌ڕۆ ڕه‌شه‌که سه‌رنجت لێ ده‌دان، هه‌ستت به ئاسووده‌ییه‌کی بێئه‌ندازه ده‌کرد... خۆشت له‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشتی بۆچی ئه‌و کوڕه باڵابه‌رزه سووروسپییه قژکاڵه ئه‌مه‌ی بیر ده‌خستییه‌وه، به‌ڵام ده‌تزانی هه‌ر ئه‌مه‌یه که‌مێک ئه‌و ترسه‌ی گیانتی که‌م کردووه‌ته‌وه، چونکه تۆ به چاوی خۆت سیخوڕی خۆتت ده‌بینی، بگره بۆت ده‌رکه‌وت عه‌شقی بوویت... کاتێکت زانی هه‌ر ئه‌و نییه دوای تۆ ده‌که‌وێت، به‌ڵکو تۆش به هه‌مان ئه‌ندازه دوای ئه‌و ده‌که‌ویت... پڕ به دڵ ئاره‌زووی ناسینیت ده‌کرد... گه‌یشته ئه‌وه‌ی هه‌ستت پێ بکات، که تۆ به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئاگات له جموجۆڵه‌کانیه‌تی... نیوه‌ڕۆیه‌ک دوای ئه‌وه‌ی نانت له‌و ڕێستۆرانته خوارد و ویستت پاره بده‌یت، پیاوه لاوازه‌که پێی وتی بۆیان داویت... کاتێ سه‌رت هه‌ڵبڕی، ئه‌و به ڕووی خۆشه‌وه له ده‌رگا چاوه‌ڕێی ده‌کردیت... ترس و شه‌رم ڕێگایان نه‌ده‌دایت به‌چاکی قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌یت... هه‌رچۆنێ بوو به عه‌ره‌بی پێت وت:
_ سوپاست ده‌که‌م، به‌ڵام ببووره نازانم تۆ له کوێ من ده‌ناسیت، هه‌تا پاره‌م بده‌یت.
ئه‌و بزه‌یه‌کی خسته سه‌ر لێوی و به کوردی وتی:
_ با له‌وه زیاتر خۆمان له یه‌کتر به دوور نه‌گرین... ئێمه چاک یه‌کتر ده‌ناسین.
ماوه‌یه‌ک به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ قسه‌یه‌کی دیکه پێکه‌وه بکه‌ن، له ڕێستۆرانته‌که‌وه به‌ره‌و ناو زانکۆ هه‌نگاوتان ده‌نا... هه‌ردووکتان بیرتان ده‌کرده‌وه... هه‌ستت کرد به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبوویت، کاتێ پێت وا بوو ئه‌مه‌یانه، نه‌ک ئه‌وی دیکه‌یان... دوایی لێت پرسیی:
_ چۆن من ده‌ناسیت...؟!
_ له هاوڕێکانت پرسیارم کردوویت و ده‌زانم تۆ کێێت... زانیاریی ته‌واوم له‌باره‌ته‌وه هه‌یه.
هه‌تا زیاتر له‌گه‌ڵی ده‌دوایت، پتر سیما و هه‌ڵسوکه‌وتی (سروود مه‌روان)ت تێدا ده‌بینی و زیاتر خۆشت ده‌ویست، بگره پڕ به دڵ حه‌زت ده‌کرد له باوه‌شی بگریت، به‌ڵام نه‌ده‌کرا بیری خۆتی به‌ریته‌وه، که له مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌دایت... له‌ناکاو وتی:
_ سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌یه و ئه‌گه‌ر پێت ناخۆش نه‌بێت من له‌گه‌ڵ تۆ دێمه‌وه هه‌ولێر... حه‌ز ده‌که‌م شه‌وێکتان لا بمێنمه‌وه.
ئه‌گه‌رچی به‌و قسه‌یه زیاتر نیگه‌رانی کردیت، به‌ڵام نه‌تویست به‌سه‌ر خۆتی بهێنیت... هاوکات لاکه‌ی دیکه‌یت بینی، که هه‌ستت ده‌کرد مایه‌ی ئاسووده‌ییه بێته ماڵتان و زیاتر له یه‌کتر نزیک ببنه‌وه... پێت وت:
_ زۆر باشه، ئێمه‌ش به هاتنت خۆشحاڵ ده‌بین.
دوای بێده‌نگییه‌کی زۆر، وتی:
_ پێویست ناکات چاوه‌ڕێم بکه‌یت، چونکه من به ڕێگایه‌کی دیکه‌دا سه‌فه‌ر ده‌که‌م و له‌پێش تۆشه‌وه ده‌گه‌م.
_ ماڵمان پێده‌زانی...؟!
_ به‌ڵێ.
نه‌تویست بپرسیت چۆن، به‌ڵام وتت:
_ خۆ تۆ پێت وتم به یه‌که‌وه سه‌فه‌ر ده‌که‌ین.
که‌مێک داما و وتی:
_ ته‌نیا مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو، که له‌گه‌ڵت دێمه‌وه ماڵ، به‌ڵام ڕێگای من جیاوازه.
هه‌رکه جێی هێشتی، به ئه‌سپایی خۆت گه‌یانده لای (تارا فیکره‌ت)ی پوورزات له کۆلیجی ئه‌ندازه و پێت وت، که هه‌ر ئێستا پێش ئه‌وه‌ی ڕۆژ ئاوا بێت، بچێته‌وه و دایک و باوکت له‌م کێشه‌یه ئاگادار بکاته‌وه... هه‌موو ئه‌و کونوکه‌له‌به‌رانه‌شت پێ وت، که شته قه‌ده‌غه‌کراوه‌کانت لێ شاردبوونه‌وه......
ئێواره‌ی ڕۆژی دواتر به هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی قوتابییه‌کان سه‌فه‌ریان ده‌کرد، ئۆتۆمۆبیل ده‌ست نه‌ده‌که‌وت... ئه‌و گه‌راژه هێنده‌ی کچ و کوڕ به جلی سپی و نیلییه‌وه لێ بوو، ده‌توت یه‌کێکه له کۆلیجه‌کان... هه‌رکه یه‌کێکیان ده‌گه‌یشت و نه‌فه‌ره‌کانی تێدا داده‌به‌زین، په‌نجا به جارێ شاڵاویان بۆ ده‌برد... ده‌تزانی به‌و هۆیه‌وه تۆ دوای ڕۆژئاوا ده‌گه‌یت... پێشتر هه‌ر کاتێ دره‌نگ ده‌گه‌یشتیه‌وه، ئه‌وا له‌وێوه به پێ ده‌چوویته ماڵی (دلێر)ی هاوڕێت... شه‌وه‌که‌ی له‌وێ ده‌مایته‌وه و به‌یانی خۆت ده‌گه‌یانده‌وه ماڵ، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌س قسه‌ت له‌گه‌ڵدا بکات، یان وای ده‌ربخه‌ن، که تۆیان بینیوه... به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌یانی له‌وانی پێشوو جیا ده‌کرده‌وه، ئه‌وه بوو، که ده‌بووایه بزانی ئه‌و سیخوڕه له‌وێ نیازی چییه... هه‌تا ئۆتۆمۆبیلت ده‌ست که‌وت و گه‌یشتیه‌وه، دنیا تاریک داهاتبوو... پیاوان له نوێژی خه‌وتنان ده‌گه‌ڕانه‌وه... ئه‌گه‌رچی سوور ده‌تزانی ده‌رگات لێ ناکرێته‌وه، به‌ڵام خۆت نه‌گرت و ڕێگای ماڵه‌وه‌ت گرته به‌ر... کاتێ ده‌رگاکه‌تانت به کراوه‌یی بینی، ئه‌ژنۆت شکا... هه‌ر سێ تاکی خرابووه سه‌ر پشت... خێرا تێگه‌یشتی، که ئۆتۆمۆبیلی جامتاریکی ئه‌من هاتووه و هه‌موویانی پێچاوه‌ته‌وه... هه‌رگیز نه‌تده‌زانی تۆ تا ئه‌و ڕاده‌یه لاوازیت و به‌رگه‌ی کاره‌ساتی ئاوا ناگریت... وێنه‌یه‌کی گه‌وره‌ی سه‌رۆکت بینی به قه‌دی دیواری هه‌یوان هه‌ڵواسرابوو... کاتێکت زانی ده‌رگای ژووره‌وه کرایه‌وه و (تابان) و (سازان) هاتنه حه‌وشه... ده‌ستیان له ملت ئاڵاند و تێر تێریان ماچ کردیت... تۆ به‌رده‌وام ده‌تپرسی:
_ ئێوه ماون...؟!
دایک و باوکت به ڕووی خۆشه‌وه چاوه‌ڕێیان ده‌کرد کچان به‌رت بده‌ن و ئینجا خۆیان له باوه‌شت بگرن... ته‌نانه‌ت برا بچووکه‌که‌ت، که له ماوه‌ی ئه‌و سێ ساڵه‌دا نه ده‌ستتان به‌ر ده‌ستی یه‌کتر که‌وتبوو و نه بزه‌یه‌کتان گۆڕیبووه‌وه، وه‌کو ئه‌وان پێده‌که‌نی و حه‌زی ده‌کرد ماچت بکات... یه‌که‌مجاریش بوو ناوت بێنێت، که هه‌مان ناوی خۆی بوو... تۆ له‌و گۆڕانکارییه تێنه‌ده‌گه‌یشتی و له‌سه‌ر پرسیاری خۆت به‌رده‌وام بوویت:
_ ئێوه ماون...؟!
باوکت وتی:
_ بۆ نه‌ماوین ڕۆڵه...؟! هه‌مووی حه‌فته‌یه‌که ڕۆیشتوویت... زۆر باشین.
ئینجا وتی:
_ میوانێکی ئازیزیشمان هاتووه.
دایکت خێرا وتی:
_ میوانی چی ئه‌مجه‌د...؟! خۆی خاوه‌نی ماڵه.
له ژووره‌وه سیخوڕه‌که‌تت بینی به ده‌ستێ بیجامه‌وه له‌سه‌ر قه‌نه‌فه ڕزیوه‌که دانیشتبوو... وتی:
_ نه‌موت له‌پێش تۆ‌وه ده‌گه‌م...؟!
ئه‌وسا له هه‌ر کاتێکی دیکه زیاتر له (سروود مه‌روان) ده‌چوو... نه‌تده‌توانی بیشاریته‌وه، که خۆشت ده‌وێت... له باوه‌شت گرت و تێر تێر ماچیت کرد... له‌ناکاو له میانه‌ی په‌نجه‌ره‌وه چاوت که‌وته‌وه سه‌ر ده‌رگاکه‌تان، که هێشتا له‌سه‌ر پشت بوو، پرسیت:
_ ئه‌م ده‌رگایه بۆ کراوه‌ته‌وه...؟!
(تابان) لێوی قوچاند و دایکت وتی:
_ له باوکت بپرسه...!! جاران یه‌ک تاکی ده‌کرده‌وه و دوایی کردیه دووان، ئه‌وه‌تا ماوه‌یه‌که هه‌ر سێ تاکه‌که ده‌کاته‌وه و شه‌وانیش دایناخات.
باوکت هه‌ڵیدایه و وتی:
_ ئه‌مه حیکمه‌تی خۆی هه‌یه... ئێستا ده‌توانم بڵێم ئێمه گه‌یشتووینه‌ته قۆناغێکی به‌رزی ئاسایش و ئارامی.
هه‌تا هه‌موو چوونه سه‌ر جێگا، باس هه‌ر باسی ئاسایش و ئارامی بوو... سبه‌ینێ میوان له‌پێش هه‌مووانه‌وه هه‌ستابوو و چووبووه ده‌رێ... له‌مه‌وه چه‌ند له‌و کۆلیجه بۆی ده‌گه‌ڕایت، نه‌تده‌دۆزییه‌وه... ئاگات له خوێندن نه‌ما و ونبوونه‌که‌یت لێ بووه مه‌راقێکی گه‌وره... به ڕاستی بیریت ده‌کرد... ڕۆژێکیان له‌سه‌ره‌وه نامه‌یه‌کیان به ده‌ستی (دلێری داود کندڕ)ی هاوڕێتدا بۆ ناردبوویت... له‌وێ سوپاسی خۆت و خانه‌واده‌که‌تیان کردبوو، که توانیوتانه به شێوه‌یه‌کی زیره‌کانه ئه‌و هه‌ڤاڵه له‌ژێر ده‌ستی سیخوڕه‌که‌ی ڕزگار بکه‌ن... له دڵه‌وه ده‌تویست تۆش بچیت، چونکه هه‌ستت ده‌کرد به‌بێ ئه‌و نا‌توانیت له شار بژییت، به‌ڵام ده‌ترسایت دیسان وه‌کو جاری پێشوو به نائومێدی بگه‌ڕێیته‌وه... ئینجا بۆت ده‌رکه‌وت سیخوڕه‌که‌ت ئه‌وه‌ی دیکه‌یانه و ئه‌ویش هه‌ر هاوزمانی خۆته... خۆزگه وات به دایک و باوکت نه‌وتایه، چونکه ئه‌و ده‌رگایه‌یان به چوارچێوه‌که‌یه‌وه له‌نێوان ئه‌و دوو دیواره‌دا هێنایه ده‌رێ و فڕێیان دا... باوکت به بوتڵێکی گه‌وره‌ی شیر و پێنج نانه‌وه به کۆڵاندا ده‌ڕۆیشت و له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌سێ بوه‌ستایه، باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد، که ئێمه گه‌یشتووینه‌ته دوا قۆناغی ئاسایش و ئارامی و ئیتر ده‌رگا پێویست نییه... شه‌وان تا دره‌نگ له‌و شه‌قامانه ده‌ستی دایکتی ده‌گرت و بۆ خۆیان پیاسه‌یان ده‌کرد... تۆ و خوشکه‌کانت چه‌ند هه‌وڵتان له‌گه‌ڵ ده‌دان، که ده‌رگایه‌ک بۆ ئه‌و ماڵه په‌یدا بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان گوێیان لێ نه‌ده‌گرتن... هه‌ر به ڕاستی بیری ئه‌و ده‌رگا سپییه و قوفڵه ڕه‌شه‌که‌یت ده‌کرد... هه‌تا ئه‌وانت نه‌هێنایه‌ته پێش چاو، هه‌وه‌ست نه‌ده‌بزوا... زوو زووش له خۆتت ده‌پرسی: ((تۆ بڵێی خوشکه‌کانیشم هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه نه‌بێت، هێنده بۆ هێنانه‌وه‌ی به‌په‌رۆشن...؟!)).
* * * *
هه‌ر ده‌مزانی گرنگ وه‌رگرتنی پاداشته‌که‌یه، نه‌وه‌ک نووسینی چیرۆکه‌که... ئه‌وه‌ی منی له‌و پاداشته بێبه‌ش کرد، که‌لله‌ڕه‌قیی خۆم بوو... نه‌مویست له سه‌ره‌تاوه باسی ئه‌و ده‌رده بکه‌م، که ئه‌وسا ئه‌و پێوه‌ی ده‌تلایه‌وه، به‌ڵکو سوور بووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بیخه‌مه کۆتاییه‌وه... دواییش که‌وتمه ژێر کاریگه‌ریی (مونیره کووره‌چی)ی دایکی و (ئه‌مجه‌د شاره‌وانی)ی باوکیه‌وه... مه‌به‌ستیشم ئه‌و کاته‌یه، که ئه‌وان ده‌رگاکه به چوارچێوه‌وه ده‌رده‌هێنن... فڕێی ده‌ده‌ن و ماڵ بێ ده‌رگا ده‌هێڵنه‌وه... له‌مه‌وه منیش نه‌مویست ئه‌و ده‌رگایه بۆ تێکسته‌که دابنێم... هه‌وڵی زۆرم دا ڕووداوی چیرۆکه نوێیه‌که و ناوی ئه‌و شوێنه‌شم پێ بڵێت، که ئێستا لێی ده‌ژی، به‌ڵام سوودی نه‌بوو... ئه‌وه چه‌ند جارێکیشه هه‌رچه‌ند ئیمه‌یلی بۆ ده‌نێرم، بۆم ده‌گه‌ڕێته‌وه... ڕه‌نگه له داخی من بۆکسه‌که‌ی داخستبێت و دانه‌یه‌کی دیکه‌ی کردبێته‌وه... ئاخ بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ڵده‌کێشم، که چیرۆکی (ئاواز)م له ده‌ست چوو.
تێبینی: یه‌کێکه له چیرۆکه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی (مناره‌ی ئاوه‌دانی).
پەیامەکان
kak karwan
kak karwan mawayak xawm zirawa u ba zahmat axwm, am chrokai tom daxwenadawa la nawarsta xawneki zor qukm bo hat absar kompitarakawa xawm le kawt, ba hala temaga lem, sali 1985 u qufli dargakat u xoshawisti kwreki polakat hamu be naweki tru versioneki ka la jiani xomda han, am chiroka yakeka la jwantrin i chirokakani ka la adwai gulli rashi shrzad hassanaw xwendbetmawa, dast xosh u la zikrayatma damene. bosha xawm le kawt chunka haztim ba asudaii krd ka lagal zikrayati 1985 jiamawa bo chand satek.