
گفتوگۆی ده‌نگه‌کان له‌گه‌ڵ سیروان عه‌بدول سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی مارکسیزم و ڕۆڵی له کوردستانی عێراقدا
مارکسیزم بۆ زۆرێک مانیفێستکردنی ناڕازییبوونه له وه‌زعی مه‌وجود، نه‌ک مانیفێستێک بۆ گۆڕینی وه‌زعی مه‌وجود.
پرسیار: پاش رووخانی سیسته‌می سۆسیالیزم و وده‌ركه‌وتنی تێزی "كۆتایی مێژوو" له لایه‌ن فۆکۆیاما و هاوڕاکانییه‌وه، ئایا ئه‌و بانگه‌شه‌یه واتای مردنی ماركسی فه‌لسه‌فیی بوو؟ یان مه‌به‌ستی ئه‌و ماركسه به ئایدیۆلۆژییكراوه‌یه که کۆتایی هات؟
سیروان عه‌بدول: به‌ر له هه‌ر شت گرنگه ڕێ له به‌دحاڵیبوونێک بگرین و ئه‌و ڕاستییه ده‌ست بخه‌ینه سه‌ر که تێزی ئه‌سڵیی فۆکۆیاما ڕاگه‌یاندنی مه‌رگی مارکسیزم نه‌بوو، به‌ڵکو ڕاگه‌یاندنی ئابوریی بازاڕ و دیموکراسیی لیبڕاڵ بوو وه‌ک دوایین فۆرمی له‌بار بۆ ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگا. به شێوه‌یه‌کی تر بیڵێم: وه‌نه‌بێت ئه‌وه هاتنی تێگه‌یشتنی فۆکۆیاما بێت بۆ مێژوو که مه‌عقوڵییه‌تی تێگه‌یشتنی مارکسی بۆ مێژوو خستبێته ژێر پرسیاره‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه دروستبوونی ئه‌و ئیستیفهامه گه‌ورانه بوو که له‌سه‌ر بیری مارکسیزم دروست بوو که مه‌عقوڵییه‌تێک (یان مه‌عقوڵییه‌تێکی زیاتری) به تیۆره‌ی ''کۆتایی مێژوو''ی فۆکۆیاما دا.
ئیستیفهام له‌سه‌ر مه‌عقوڵییه‌ت و به‌های زانستیی مارکسیزم، چی وه‌ک فه‌لسه‌فه‌یه‌کی سیاسیی و چی وه‌ک ئایدۆلۆژیایه‌ک بۆ گۆڕین و سازدانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا، به‌ر له هاتنی تیۆره‌ی ''کۆتایی مێژوو''، خۆی چه‌نان ده‌یه بوو هه‌ر هه‌بوو، وه ئه‌و ئیستیفهامه ده‌یه دوای ده‌یه گه‌وره و گه‌وره‌تر ده‌بوو؛ ئه‌مه به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی سیسته‌می سۆشیالیزم له ڕوسیا و وڵاتانی تری ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات، شانبه‌شانی ئایدۆلۆژیاکانی فاشیزم و نازیزم، مێژوویه‌کی ڕه‌شیان له تۆتالیتارییه‌ت و کوشت‌وبڕ و بێحیسابکردنی به‌های ئینسان له ئه‌وروپای سه‌ده‌ی ڕابردوودا نه‌خشاند.
فۆکۆیاما به ووتاری ''کۆتایی مێژوو''، وه دواتر به کتێبی ''کۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ'' تیۆره‌یه‌کی نوێ و سه‌ربه‌خۆی خۆی ده‌خاته به‌رچاو، نه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر ته‌نها ڕه‌خنه‌ی مارکسیزم بکات و کاری ئه‌وه بێت مارکسیزم نه‌فی بکاته‌وه. تێگه‌یشتنێکی ئاوا هه‌ڵه له فۆکۆیاما بۆی هه‌یه که‌سێک به‌و هه‌ڵه‌یه‌دا به‌رێت که وا بزانێت ئه‌گه‌ر توانی چمکێکی مارکسیزم (بۆ نموونه ''مارکسی فه‌لسه‌فیی'' یان ''مارکسی ئایدۆلۆژیی'') له‌ژێر باری ڕه‌خنه‌ی ئه‌و تیۆره‌یه ده‌رکات، یان ئه‌گه‌ر دره‌نگ یان زوو ئه‌و تیۆره‌یه کورتی هێنا و هه‌ڵه ده‌رکه‌وت، ئه‌وه ئیتر ئیستیفهام له‌سه‌ر دروستیی تیۆره‌ی مارکسیزم نامێنێت و دره‌نگ یان زوو دادپه‌روه‌ریی کۆمۆنیستیی دنیا ده‌ته‌نێته‌وه. بیرکردنه‌وه‌یه‌کی وا ئه‌و به‌خته‌مان لێ ده‌سێنێت بتوانین به عه‌قڵێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه له ئه‌گه‌ری هه‌بوونی خه‌له‌لی ناوه‌کیی له‌ناو خودی تیۆره‌ی مارکسیزمدا بکۆڵینه‌وه. ئه‌م تێڕوانینه ''ناسخ و مه‌نسوخ''ییه بۆ تیۆره‌ی ماتریالیزمی مێژوویی مارکس و تیۆره‌ی کۆتایی مێژووی فۆکۆیاما زۆرێک له مارکسیسته‌کانی تووشی ئه‌و ئیغرایه کرد که بۆ سه‌لماندنی دروستیی جیهانبینیی مارکس، به‌وه ئارگیومێنت بکه‌ن که بۆ نموونه بڵێن فۆکۆیاما بیرمه‌ندێکی موعته‌به‌ر نییه له ناوه‌نده ئه‌کادیمییه‌کاندا و تێزه‌که‌شی زوعفی گه‌وره‌ی تیایه. من کارێکی وا زیاتر به سه‌رسه‌ختییه‌کی ئایدۆلۆژیی ده‌زانم، تا لێکدانه‌وه و ئارگیومێنتکردنێکی ڕاشیوناڵ بۆ دروستیی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو لای مارکس. سه‌رسه‌ختییه‌کی ئایدۆلۆژیی له‌م چه‌شنه‌ش به غه‌یری کۆمه‌ڵێک شیعاری حه‌ماسیی ئینساندۆستانه هیچێکی تر ناخاته سه‌ر فیکری سیاسیی.
بۆ که‌سێک که بیه‌وێت بێ خۆخه‌ڵه‌تاندن له دروستیی یان نادروستیی بیری مارکس بکۆڵێته‌وه، ناکرێت هه‌روا ساده به‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌دا باز بدات که ئایا بۆچی ئه‌زموون و پراکتیکردنی سیسته‌می کۆمۆنیستیی له سه‌ده‌ی ڕابردوودا تۆتالیتارییه‌تێکی خنکێنه‌ر و دیکتاتۆرییه‌تێکی ڕه‌ها و سه‌رکوتێکی سه‌رتاپاگیری لێ که‌وته‌وه. بۆ که‌سێک که له خه‌می که‌وتنه‌وه‌ی ئازادییدا بێت، ناکرێت ئه‌و تین و تاوه‌ی خه‌ڵک له نۆڤه‌مبه‌ری 1989-دا پیشانی دا بۆ ڕوخاندنی دیواری به‌رلین نه‌هێنێته ناو حیسابات و لێکدانه‌وه‌کانی خۆیه‌وه و نه‌گه‌ڕێت بۆ هۆکارێک بۆی له‌ناو خودی مارکسیزمدا. له‌ئاست ستالینیزمدا بۆ نموونه، هه‌ر ئه‌وه‌نده کافیی نییه ئێمه سه‌رکۆنه‌ی که‌سایه‌تیی ئۆتۆریتارییانه‌ی ستالین بکه‌ین و تاوانه‌کانی بده‌ینه پاڵ ئه‌وه‌ی که له دنیادا لێره و له‌وێ هێشتا موڵکییه‌تی تایبه‌ت بۆ که‌ره‌سته‌کانی به‌رهه‌مهێنان ماوه. به‌لای منه‌وه ستالین کوڕێکی شه‌رعیی مارکسیزم بوو نه‌ک زۆڵێکی دزه‌که‌ری ناو دنیای سه‌رمایه‌داریی بۆ ناو سۆڤیاته‌کان. به‌لای منه‌وه تۆتالیتارییه‌تی "ده‌وڵه‌تی" یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت، لادانێک نه‌بوو له هه‌وڵی به‌سۆشیالیستکردنی کۆمه‌ڵگا، به‌ڵکو به‌رهه‌می ئه‌و هێزه داڕوخێنه‌ره پڕ پۆتێنسیاله بوو که له‌ناو یۆتۆپیای دیکتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریا و ئه‌و ڕێکخستنه کۆمه‌ڵایه‌تییه سه‌رتاپاگیر و ڕادیکاڵه‌دا بوو که مارکس و کۆمۆنیسته‌کان به مه‌رجی که‌وتنه‌وه‌ی ئازادیی و یه‌کسانییان ده‌زانی.
ساڵه‌کانی 1989 تا 1991 بۆ زۆرێکمان ساڵانی خۆخه‌ڵه‌تاندن بوو له مه‌عقوڵییه‌تی ئه‌و ئیستیفهامه‌ی له‌سه‌ر مه‌عقوڵییه‌تی بیری مارکسیزم دروست بوو؛ ساڵانی ڕاکردن بوو له گومانکردن له به‌های زانستیی فه‌لسه‌فه و ئایدۆلۆژیای مارکسیزم. دیاره ئه‌م خۆخه‌ڵه‌تاندنه بۆ من ته‌واو ته‌واو جێگه‌ی تێگه‌یشتنه و ده‌زانم چی دافعێکی ئینساندۆستانه‌یه که وا ده‌کات مارکسییه‌ک نه‌توانێت گوێ له ئیحتیمالییه‌تی کورتهێنانی مارکس بگرێت له بیرکردنه‌وه‌دا، به‌ڵام ئه‌مه قه‌ت مانای ئه‌وه نییه که خۆخه‌ڵه‌تاندن که‌وتنه‌سه‌نگه‌ر نییه له‌به‌رامبه‌ر ڕاشیۆناڵیتێت و بیرکردنه‌وه‌ی دروستدا. هه‌ڵوێستگیرییه‌کی له‌م چه‌شنه بووه هۆی ئه‌وه‌ی که له‌م بیست ساڵه‌ی دواییدا له ناوه‌ندی سیاسیی و تا ئاستێکیش له ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا فاناتیزمێکی کۆمۆنیستیی سه‌رهه‌ڵبدات که کار بۆ ئه‌وه بکات که شانی کۆمۆنیزم له هه‌موو ئه‌و ناشیرینییانه‌ی که له ئاکامی پراکتیکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کۆمۆنیستیی که‌وتنه‌وه، خاڵیی بکاته‌وه و بیانداته پاڵ کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریی. ئه‌مه، وه‌ک ووتم، بۆ من جێگه‌ی تێگه‌یشتنه چونکه ڕاگه‌یاندنی نادروستیی بیری مارکسیزم بۆ زۆرێک، مانای کۆتاییهاتنی خه‌ونبینین به کۆمه‌ڵگایه‌کی دادپه‌روه‌ره‌وه بوو. ڕازییبوون به نادروستیی بیری مارکسیزم مانای ڕازییبوون بوو به بێباکیی سیسته‌می بازاڕی ئازاد له‌ئاست سه‌ختیی ژیانی ئه‌وانه‌ی که لاوازن. بۆیه بۆ زۆرێک به‌های مارکس له به‌های زانستیی فه‌لسه‌فه و ئایدۆلۆژیای مارکسیزمدا نییه به‌ڵکو ڕێک له‌م به‌ها ڕه‌مزییه‌یدایه بۆ وه‌ستانه‌وه دژ به ناعه‌داله‌تیی کۆمه‌ڵایه‌تیی.
لێره‌وه بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌تان. فۆکۆیاما تێکشکانی جه‌مسه‌ری کۆمۆنیزم له شه‌ڕی سارددا هه‌م وه‌ک ده‌لیلی نادروستیی فه‌لسه‌فه‌ی مێژووی مارکس و هه‌میش وه‌ک نادروستیی ئایدۆلۆژیای سیاسیی مارکسیزم سه‌یر ده‌کات. به‌ڵام با لێره‌شدا ڕێ له به‌دحاڵیبوونێکی تر بگرین و ئه‌و ڕاستییه ده‌ست بخه‌ینه سه‌ر که ده‌رکه‌وتنی نادروستیی تێگه‌یشتنی مارکس بۆ مێژوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئۆتۆماتیکیی دروستیی تیۆره‌ی کۆتایی مێژووی فۆکۆیاما ناگه‌یه‌نێت.
پرسیار: ئایا بواری رۆشنبیریی و سیاسییمان به ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری مارکس بووه؛ چیتر پێویستی به مارکس نه‌ماوه؟ ئاخۆ ڕاسته به راگه‌یاندنی مه‌رگی ماركس، هه‌موو تێز و بیرکردنه‌وه‌کانی وه‌لا بنێین؟
سیروان عه‌بدول: کاک به‌ختیار عه‌لی له دیالۆگێکی زۆر کورت به‌ڵام بێئه‌ندازه جوانی ناو ڕۆمانی ''دواهه‌مین هه‌ناری دونیا''-دا، له وه‌ڵامی داوایه‌کی ئاده‌م مه‌رجانی کۆمۆنیست له سه‌ریاسی دووه‌م که نه‌چێت و به‌شداریی شه‌ڕی نێوان بۆرژواکان نه‌کات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه شه‌ڕی چینی کرێکار نییه، سه‌ریاسی دووه‌م به وه‌ڵامێکی کۆمیدیی دێنێته قسه. به‌ڵام وه‌ڵامێکی کۆمیدیی که هه‌موو تراژیدیای سیاسه‌تکردن له وڵاتی ئێمه‌دای تیا چڕ ده‌بێته‌وه. سه‌ریاس له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت که ئه‌و حه‌ز ده‌کات بچێت بۆ هه‌موو شه‌ڕه‌کان، بۆیه «ئه‌گه‌ر شه‌ڕێکی تر هه‌بوو، جوابم لێ بگێڕه‌وه، دێم بۆ ئه‌ویش».
ئه‌م شێوه وه‌ڵامدانه‌وه‌یه پیشانی ده‌دات که ڵه‌مسه‌ری چه‌پ تا ئه‌وسه‌ری ڕاستی ڕه‌وته سیاسییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه - له‌وانه مارکسیزم - ماتریاڵێکی به‌شه‌ریی چه‌ند حازربه‌ده‌ست و گوێڕایه‌ڵیان له ئیختیاردایه. خه‌باتکاران و شه‌ڕکه‌رانێکی حازربه‌ده‌ست که تێگه‌یشتن له زه‌مینه سیاسیی و فه‌لسه‌فییه‌که‌ی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی که ئاماده‌ن ته‌نانه‌ت خۆیانی له‌پێناودا بده‌ن به کوشت، دوایین کاره که ئاماده بن ووزه‌ی تیا سه‌رف بکه‌ن. خه‌باتکارانێک که ئاماده‌ن ته‌واو مه‌بده‌ئیانه موماره‌سه‌ی بێمه‌بده‌ئیی خۆیان بکه‌ن. خه‌باتکارانێک که هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌زانن که بێزار و ناڕازیین و ته‌واو، به‌ڵام ئیتر بۆچی وایه و به‌چی ستراتیجییه‌تێکی ڕاشیوناڵی دورمه‌ودا ده‌کرێت زه‌مینه‌ی ئه‌و بێزارییه پوچه‌ڵ بکرێته‌وه، ئه‌مه ئه‌رکێکه که جار هه‌یه ڕێژه‌یه‌کی زۆری خه‌ڵکی ناو کۆمه‌ڵگا خوڵقی نابێت مێشکی خۆی له‌پێناودا بگوشێت. به‌و ئه‌ندازه‌یه‌شی که ژماره‌ی ئه‌و خه‌ڵکه بێزار و سه‌رده‌رنه‌که‌ره له کۆمه‌ڵگایه‌کی دیارییکراودا زیاد ده‌کات، به‌و ئه‌ندازه‌یه ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ده‌درێت به‌سه‌ر یه‌کدا و شه‌ڕی مه‌بده‌ئیانه‌ی ''ناڕازییه بێمه‌بده‌ئه‌کان'' گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت داگیر ده‌کات. له کۆمه‌ڵگاگه‌لێکی له‌م چه‌شنانه‌دایه که جار هه‌یه ده‌بینی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ت زانی هه‌زاران گه‌نجی بێزار و ناڕازیی ده‌بنه میلیشیای ده‌وری ''تاڵیبان''ێک یان ئه‌نسارولئیسلامێک و وایان لێ تێده‌گه‌یه‌نرێت که هۆکاری تاڵیی ژیانی ئه‌وان ئه‌وه‌یه که کچان به په‌ڕۆوپاڵ خۆیان داناپۆشن؛ یانیش هه‌زارانیان ده‌بنه میلیشیای ده‌وری کاسترۆیه‌ک و تاڵه‌بانییه‌ک و بارزانییه‌ک و وایان لێ تێده‌گه‌یه‌نرێت که هۆکاری تاڵیی ژیانی ئه‌وان ئه‌وه‌یه که ناهێڵرێت ئه‌و شۆڕشگیڕانه‌ی ساڵانێکی زۆر خه‌باتیان کرد بۆ قۆرخکردنی وڵات بۆ خۆیان، ئه‌مڕۆ به‌ئیسراحه‌ت ''ده‌ستکه‌وت''ه‌کان نۆش بکه‌ن.
به‌ڵام ئیتر مارکسیزمیش بۆ زۆرێک، وه‌ک له سه‌ریشه‌وه به مانایه‌کی تر ئاماژه‌م پێ دا، ئاوا مانیفێستکردنی ناڕازییبوونه له وه‌زعی مه‌وجود، نه‌ک مانیفێستێک بۆ گۆڕینی وه‌زعی مه‌وجود. به‌م مانایه و له‌م ڕووه‌وه به‌ڵێ مارکسیزم وه‌ک ئایدۆلۆژیایه‌ک بۆ ناڕازییان، به حوکمی ئه‌و هه‌موو ناحه‌قییانه‌ی ڕۆژانه له کۆمه‌ڵگاکانی ئێمه‌دا ده‌گوزه‌رێن، زه‌مینه‌ی ئه‌م جۆره له ته‌واجدی هه‌ر ماوه؛ به‌ڵام ئه‌وه هه‌یه که ئێستا شه‌ڕی تر هه‌یه که سه‌ریاسی دووه‌م و نزیکه‌ی هه‌موو خه‌ڵکه ناڕازییه‌که‌ی بۆ مه‌یدانه‌کانی خۆی کێش کردووه و مه‌یدانی مارکسیزمی به‌سه‌ر ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م له ئاده‌م مه‌رجانی شه‌ریف و نییه‌تپاک و ناڕازییدا به‌جێهێشتووه (بۆ نموونه کۆمۆنیسته کرێکارییه‌کان) که قسه‌کردن له ئه‌گه‌ری نادروستیی بیری مارکس ته‌نها وه‌ک پاکانه‌کردن بۆ ناشیرینییه‌کانی دنیای ئێستا دێته به‌ر گوێیان، نه‌ک لێکدانه‌وه‌ی فیکریی.
بێمه سه‌ر به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که‌تان سه‌باره‌ت به چیتر پێویستیی کۆمه‌ڵگای ئێمه به مارکسیزم. دیاره هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک نه‌بوو (به‌هه‌رحاڵ په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆ) له‌نێوانیاندا کاتێک ئاوا ڕوخانی کۆمۆنیزم له ڕووسیا له‌لایه‌ک و، ڕاپه‌ڕین و به‌ده‌ستهاتنی خه‌ونی ''حکومه‌تی کوردیی'' له کوردستانی عێراقدا له‌لایه‌کی تر، هاوزه‌مان که‌وتن؛ به‌ڵام ئه‌و دوو ڕووداوه هاوزه‌مان و هه‌ر یه‌ک لای خۆیه‌وه ڕۆڵی هه‌بوو له پوکاندنه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی درێژه‌کێشانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی له ده‌ڤه‌ری ئێمه‌دا. گومانی تێدا نییه که تێکشکانی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات ئه‌گه‌رچی ژماره‌یه‌ک خه‌ڵکی تووشی پێداگرییه‌کی ئایدۆلۆژیی سه‌رسه‌ختانه کرد، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌تمۆسفێرێکی گشتیی وای دروست کرد که تیایدا باسی ڕۆڵی شۆڕشگێڕانه و ڕزگارکه‌رانه‌ی چینی کرێکار به به‌دگومانییه‌کی زیاتره‌وه گوێی لێ بگیردرێت. مارکسیزم له سیاسه‌تی ناوچه‌ی ئێمه‌دا ڕۆڵی مانیفێستکردنی ناڕازییبوون له چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و شه‌ڕی ڕزگاریی کوردی گرتبووه ئه‌ستۆ. دروستکه‌ران و سه‌رکرده‌کانی "کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران" بۆ نموونه، له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی گروپه‌که‌وه تا کۆتاییهاتنی، هه‌موو که‌سانی قه‌ومگه‌را بوون که مارکسیزمیان وه‌ک مانیفێستی ڕیالیزه‌کردنی شۆڕشی کوردیی (له‌جیاتی شۆڕشی کرێکاریی) و کۆمه‌ڵگای "بێعه‌ره‌ب" (له‌جیاتی کۆمه‌ڵگای بێ‌چین) ته‌به‌نیی کردبوو. مارکسیزم له زۆر له وڵاتان، له‌وانه له کوردستان، وه‌ک دیسیپلینێک بۆ ڕه‌خنه و وه‌ستانه‌وه‌ی سه‌رکوتکراوان له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمییدا به‌کار برا نه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌کی چینایه‌تیی. ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه که کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی تر دابه‌ش نییه به‌سه‌ر چینی جیاوازدا که له خواری خواره‌وه‌یدا کرێکاران که‌وتوونه‌ته ژێر باری ژیانێکی قورس و، له سه‌ری سه‌ره‌وه‌ش سه‌رمایه‌داران خۆش ده‌گوزه‌رێنن، به‌ڵام جیهانبینیی چینایه‌تیی و هه‌ستی ئینتیما به چینێکی دیارییکراو قه‌ت لای ئێمه نه‌بووه‌ته زاده‌ی به‌ڕێخستنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسیی. بۆ نموونه ته‌نانه‌ت حیزبی شیوعیی و ڕه‌وتی کۆمۆنیست و دواتر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییش زاده‌ی بیری ئازادییخوازانه‌ی ڕۆشنبیرانی ناڕازیی له سه‌رکوتی سیاسیی بوو نه‌ک زاده‌ی ناسنامه یان هه‌ستی ئینتیما به چینی کرێکار و تێکۆشانی ئه‌و چینه بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ''زێده‌بایی''ه‌ک که ده‌چێته گیرفانی چینێکی تره‌وه.
کوردایه‌تییکردن و هه‌ستی ئینتیما به نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌ست و چه‌وساوه سه‌رده‌مانێکی زۆر ئه‌و ناسنامه کۆلێکتیڤه بوو که کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی له یه‌ک هه‌ڵپێکابوو و به ده‌سته‌جه‌معیی دوای هه‌ر تیۆره‌یه‌ک و فه‌لسه‌فه‌یه‌کی سیاسیی شۆڕشگێڕانه‌ی ده‌خست که باس له گۆڕینی دۆخێک و ڕووبه‌ڕووبه‌نه‌وه‌ی زوڵم و ژێرده‌سته‌یی و چه‌وسانه‌وه بکات. دیاریشه مارکسیزم تا ئێستا به‌رچاوترینی ئه‌و تیۆرانه بووه که په‌یامی سه‌ره‌کیی بانگه‌شه بووه بۆ ئه‌م کاره و هه‌ر به حه‌سرییش تاکه تیۆره‌ی فه‌لسه‌فیی ناو تیۆره فه‌لسه‌فییه‌کان بووه (له‌وانه ئاینه‌کانیش) که ئه‌رکی خۆی به‌وه داناوه که وه‌زعی مه‌وجود «هه‌ر ته‌نها نه‌خوێنێته‌وه، به‌ڵکو بشیگۆڕێت». به‌ڵام کاتێک دوای ڕاپه‌رینی ساڵی 1991 چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌و ڕاسته‌خۆییه ئیتر ئاماده‌یی نامینێت له شوێنی ژیانی خه‌ڵکی کورددا و لێره‌شه‌وه زه‌رووره‌تێک بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی نامێنێته‌وه، وه کاتێکیش هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا کۆمۆنیزم له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌موو ڕه‌ونه‌ق و سیحری جارانی له‌ده‌ست دا و ئیستیفهامی گه‌وره له‌سه‌ر به‌های زانستیی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه دروست بوو، وه هه‌ڵمه‌تێکی جیهانیی سه‌رتاپاگیر به‌ڕێخرا بۆ فۆکه‌سخستنه سه‌ر ئه‌و کورتهێنانه‌ی مارکسیزم، ئیتر هێزه ناڕازییه کۆمۆنیسته‌کانی ناو مه‌یدانی سیاسیی ئێمه که‌موزۆر له مارکسیستبوونی خۆیان کاڵ کرده‌وه و له ''هاوڕێیی'' که‌وتن و مه‌سافه‌یه‌کی زیاتر که‌وته نێوانیانه‌وه و مارکسیزم چیتر ئه‌و بۆته‌قه کۆکه‌ره‌وه‌یه نه‌ما که بتوانێت هه‌موو به‌ده‌وری ناسنامه‌یه‌کی هاوبه‌شدا کۆبکاته‌وه. له‌م سه‌رده‌مه‌وه بوو که ئیتر کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران وه‌ک کیانێکی جیا وورده وورده خۆی له‌ناو یه‌کێتییدا گۆڕ-وون کرد و، حیزبی شیوعیی وه‌ک حیزبێکی شیوعیی لای خۆیه‌وه وورده وورده خۆی له سیاسه‌تکردن خانه‌نشین کرد و، کۆمۆنیسته کرێکارییه‌کانیش له‌سه‌ر پێداگرییان له‌سه‌ر مارکسیستبوونی خۆیان، به گولله شاربه‌ده‌ر کران، به‌ڵام چونکه مارکسیزم به‌ر له‌وان شاربه‌ده‌ر کرابوو، بڕینه‌وه‌ی ئه‌م پارچه سڕبووه‌ی جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگای ئێمه بێ دروستکردنی بچوکترین ئازار بۆی، تێپه‌ڕی. گرنگه لێره‌دا ئه‌م خاڵه تۆزێک ووردتر بکه‌مه‌وه و ئه‌وه بڵێم که بێده‌نگه‌لێکردنی هێزه سیاسییه‌کان و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی و ڕۆشنبیرانمان له‌و شاربه‌ده‌رکردنه‌ی کۆمۆنیسته‌کان، ده‌رخه‌ری ئه‌وه بوو که هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که کۆمه‌ڵگای ئیمه ده‌ستبه‌رداری مارکسیزم ده‌بوو وه‌ک تیۆره‌یه‌کی شۆڕشگێڕ، زیهنییه‌تی دیموکراتییه‌ت و مافه‌کانی مرۆڤ چه‌نده لاواز بوو (یان لاوازه) تیایدا. دیاره ئه‌و بێده‌نگه‌لێکردنه ڕووداوێکه که من پێموایه ئیتر له مێژووی سیاسیی و ڕۆشنبیریی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا تا چه‌نان و چه‌نان ساڵی تر وه‌ک ده‌لیلێکی سه‌لمێنه‌ر بۆ ناڕاستگۆیی ئه‌و سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبیرانه هه‌ر ده‌مێنێته‌وه که جورئه‌ت ده‌ده‌نه به‌ر خۆیان و ئێستا یان له داهاتوودا ئیدیعای ئه‌وه بکه‌ن که له‌م دوو ده‌یه‌یه‌ی ڕابردوودا خه‌باتکاری جیددی و مه‌بده‌ئیی چه‌سپاندنی ئازادیی بیروڕا بوون له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا. ئاخر ده‌رکه‌وتنی خه‌له‌ل و که‌موکوڕیی له فه‌لسه‌فه و ئایدۆلۆژیای مارکسیزمدا ئاساییه ببێته هۆی خۆلێکشاندنه‌وه‌ی خه‌ڵکیی لێی، به‌ڵام ناکرێت نادروستیی فه‌لسه‌فه‌یه‌ک یان ئایدۆلۆژیایه‌ک بکرێته بیانوویه‌ک بۆ بێده‌نگه‌کردن له سه‌رکوتکردنی ئه‌و که‌سانه‌ی که هێشتا ئیمانیان به‌و فه‌لسه‌فه و ئایدۆلۆژیایه ماوه. تێپه‌ڕینی ئه‌و ڕووداوه ئاوا به‌ئاسانیی و ڕوودانی ته‌نها له‌ناو ته‌نها دو کۆڵانی ناو دوو گه‌ڕه‌کدا بێئه‌وه‌ی بچوکترین خه‌له‌ل بخاته ناو ڕیتمی ژیانی خه‌ڵکی شاره‌وه ده‌لیلی ئه‌وه بوو که زۆرێک له خه‌ڵک و ڕۆشنبیرانی ئێمه به‌و ئاسته سامناکه ساده و ڕووکه‌ش له پره‌نسیپی ئازادیی بیروڕا تێگه‌یشتوون، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ده‌لیلی ئه‌وه‌ش بوو که ئێمه ده‌سته‌یه‌کی به‌رفراوان له حیزبی شۆرشگێڕ و ڕێکخراوی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی و ڕۆشنبیری دیموکراتخوازمان هه‌یه که کاتێک ئیش دێته سه‌ر کارکردنی عه‌مه‌لیی بۆ ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی ئیدیعای ده‌که‌ن، ئاماده‌ن بێ ئیحراجبوون نیفاقی سیاسیی و سێکتاریزم موماره‌سه بکه‌ن، یان له باشترین حاڵه‌تدا داهێزراوانه سه‌یری ئه‌و حه‌قاره‌تانه بکه‌ن که ده‌سه‌ڵات به خه‌ڵکانی غه‌یری خۆیانی ده‌کات و خوڵقی ئه‌وه‌یان نه‌بێت سه‌رکۆنه‌ی بکه‌ن.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌م لاوازییه‌ی زیهنییه‌تی دیموکراتیی و مافه‌کانی مرۆڤ له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له‌پاڵ نه‌مانی پێویستیی ناشیونالیزمی کورد به شۆڕشگێڕییه‌تی مارکسیزم و به ئیزافه‌ی ئه‌و ئیستیفهامه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌سه‌ر به‌که‌ڵکیی مارکسیزم دروست بوو، به‌شدارییه‌کی کرد له‌وه‌دا که مارکسیزم له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به‌ته‌واویی زه‌وییه‌ک له ژێرپێی نه‌مێنێ و وجودی له گۆڕه‌پانی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییدا ته‌واو کاڵ بێته‌وه.
ئه‌و هۆکارانه‌ی سه‌ره‌وه کارێکی کرد که ته‌نانه‌ت له کوردستاندا ئه‌و موفاره‌قه‌یه‌ش مومکین بێت که بڕیاری شاربه‌ده‌رکردنی کۆمۆنیسته‌کان له‌سه‌ر کۆمۆنیستبوونیان و جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیاره، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی من گوێم لێ بووه، له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌وشیروان موسته‌فا، سه‌ره‌کییترین واریسی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران، به‌جێ بگه‌یه‌نرێت. ئه‌م ڕووداوه له‌پاڵ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه که ئه‌وه جه‌ریمه‌یه‌که و ده‌بێت ڕۆژێک بێت عه‌داله‌ت بۆ ئه‌و که‌سانه بگه‌ڕێندرێته‌وه که له‌و پرۆسه‌یه‌دا کوژران، هه‌مانکات نیشانده‌ری ئه‌وه‌شه که چۆن مارکسیزم ئیتر له کوردستاندا به ئه‌ندازه‌یه‌ک زه‌مینه‌ی حزوری نه‌ما که نه‌ک هه‌ر نه‌توانێت بۆندێکی لاوازی هاودڵیی ئایدۆلۆژیی له‌نیوان مارکسییه‌کاندا بهێڵێته‌وه، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت بگاته ئه‌وه‌ی بکه‌ونه گیانی یه‌ک و بتوانن یه‌کتریش بکوژن.
به‌م مانایه ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌کان ده‌یه‌ی که‌وتنی مارکسیزم بوو له‌وه‌ی که ئیتر بتوانێت توخمێکی پێکهێنه‌ری ناسنامه‌ی کۆلێکتیڤی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه بێت. وه به بڕوای من مارکسیزم تازه زه‌مینه‌یه‌کی بۆ نایه‌ته‌وه بتوانێت هێزێک پێکه‌وه بنێت ووزه‌یه‌کی تیا بێت بۆ وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر به سته‌می ده‌سه‌ڵات. دوای ڕاپه‌ڕینی نه‌وه‌دویه‌ک و له سه‌ره‌تای نه‌وه‌کاندا ناشیوناڵیسته‌کان هه‌وڵێکی وایان هه‌بوو که مارکسیزم، دوای به‌کارهێنانی بۆ وه‌ستانه‌وه دژ به سته‌میی نه‌ته‌وه‌یی، ئینجا بۆ ئامانجی تر، بۆ نموونه بۆ شه‌ڕی ئۆلیگارشه‌کان له‌ناو خۆیاندا به‌کاری بهێنن، ئه‌مه بۆ نموونه زیندووکردنه‌وه‌ی ''ئاڵای شۆڕش'' هه‌وڵێکی وابوو؛ به‌ڵام چونکه مارکسیزم نه له‌سه‌ر ئاستی لۆکاڵ و نه له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئه‌و قوه‌تی جه‌زبه‌ی نه‌مابوو بتوانێت خه‌ڵکانێکیان بۆ شه‌ڕه‌کانی ناو خۆیان بۆ ته‌عبیئه بکات، ده‌ستپێشخه‌رانی ئه‌م کاره زوو ئه‌م دوکانه‌یان داخست و زۆری نه‌برد له‌وپه‌ڕی ڕاستڕه‌وییدا سه‌ریان به‌رز کرده‌وه و بێشه‌رمانه که‌وتنه شه‌ڕی داکۆکیی له سته‌مکاریی ده‌سه‌ڵات.
گرنگه هه‌ر له‌م سیاقه‌دا ئه‌وه‌ش بڵێم که ئه‌گه‌ر له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا دوای ڕاپه‌ڕینیش هێشتا سته‌مکاریی دیارده‌یه‌کی به‌رچاو و ڕۆژانه‌یه، به‌ڵام خه‌ڵکه ناڕازیی و تووڕه‌که ئایدۆلۆژیایه‌کی به‌رده‌ستتر له مارکسیزمیان له به‌رده‌ستدایه په‌نای بۆ به‌رن و شه‌رحی حاڵی خۆیانی ببه‌نه لا، که ئایدۆلۆژیای ئاینییه. به مانایه‌کی تر ئه‌گه‌ر له حه‌فتاکان و هه‌شتاکاندا گه‌نجی ناڕازیی کۆمه‌ڵگای ئێمه له تووڕه‌ییدا ده‌چوو ده‌بووه مارکسیی و به خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌کانی مارکس ده‌یویست شتێک له‌گه‌ڵ ناحه‌قییه‌کاندا بکات، ئه‌وا ئێستا توندڕه‌ویی و به‌کارهێنانی توندوتیژیی تیۆریزه‌کراو به قورئان ئه‌و به‌دیله ڕۆحییه به‌رده‌سته‌یه که جێی مارکسیزمی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بۆ گه‌نجان گرتۆته‌وه. بۆ ناڕازییانی کۆمه‌ڵگای ئێمه ده‌ستکردن به نوێژ و ڕۆژوو، وه تێوه‌گلان له ئیسلامی سیاسیی و ته‌نانه‌ت کاری تیرۆریستییه‌وه کارێکی زۆر به‌رده‌ستتره له‌وه‌ی که بچن گروپێکی مارکسیستیی یاخیی بۆ نموونه له چه‌شنی گروپی تیرۆریستی مارکسیستیی «FARC»ی کۆلۆمبیا دابمه‌زرێنن و ناڕه‌زایی خۆیانی پێ ده‌رببڕن. بیرمان نه‌چێت که ئه‌گه‌ر گوتار یان ئیدیعای ''شه‌ڕ بۆ عه‌داله‌ت'' له‌لایه‌ن مارکسیزمه‌وه چه‌نان ده‌یه زیهنی ڕۆشبیرانی ئێمه‌ی بۆ خۆی کێش کرد و کردنی به مارکسیی داکۆکییکار له چه‌کهه‌ڵگرتن دژ به سه‌رمایه‌داران، ئه‌وا ماوه‌یه‌کی زۆر نابێت گوتار یان ئیدیعای ''شه‌ڕ بۆ عه‌داله‌ت'' له‌لایه‌ن ئیسلامه‌وه زیهنی ته‌یفێکی تا ئاستێک زۆر له ڕۆشنبیرانی ئێمه‌ی بۆ خۆی کێش کرد و کردنی به پاکانه‌که‌رانێکی سه‌رسه‌ختی ئیسلامی سیاسیی و ته‌وژمێکی گه‌وره‌ی داکۆکیی له ''جوامێریی'' و ''جه‌نگاوه‌ر'' و ''فه‌زیڵه‌تی توندڕه‌ویی'' هێنایه ناو ئه‌م ڕۆشنبیرییه‌وه. به‌ڵێ ئێستا بۆ تێرئاوکردنی دڵی ناڕازییانی ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه ئاینی ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی به‌دیلی پڕ پۆتێنسیالی ئه‌و مارکسیزم و خه‌باتی چینایه‌تییه‌یه که له سه‌ده‌ی ڕابردوودا باڵی کێشابوو به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا. ئه‌مه‌یه نهێنیی ئه‌وه‌ی که ئێستا بۆ نموونه زانکۆکانی کوردستان، که بڕیاره شوێنی به‌رهه‌مهێنانی ئینسانی ئۆتۆنۆم و خاوه‌ن عه‌قڵی سه‌ربه‌خۆ بێت، له مزگه‌وته‌کانی سه‌رده‌می به‌ر له ڕاپه‌ڕین زیاتر ڕادیکاڵیزمی ئیسلامیی باڵی گرتووه به‌سه‌ریدا. دیاره ئاکامی زۆر خه‌ته‌رناکی ده‌بێت گه‌ر ئه‌م کاره هه‌ر ئاوا به‌م ئاراسته‌یه‌دا درێژه‌ی هه‌بێت. دوای ئه‌م قسانه مایه‌وه وه‌ک وه‌ڵامێک بۆ به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که‌تان ئه‌وه بڵێم که له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و لێکدانه‌وه واقعییه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه‌یه که من پێموایه چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته گه‌وره‌یه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێمه شێوه‌کاری جیاتر له خه‌باتی چینایه‌تیی و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی دیکتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریی ده‌خوازێت.
پرسیار: ئایا توانای فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزم له گۆڕینی كۆمه‌ڵگادا كۆتایی هات، یاخود ئه‌وه هه‌ر ماركسیزمه که توانای گۆڕینی كۆمه‌ڵگای هه‌یه؟
سیروان عه‌بدول: له‌سه‌ر ئه‌وه که‌وتووه که ئایا له‌م پرسیاره‌دا ''فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیزم'' چی مانایه‌کی ده‌درێتێ. ئه‌گه‌ر پرسیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که ئایا مومکینه دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تیی له ڕێگای شۆڕشکردنی چینی کرێکار و به‌گشتییکردنی موڵکدارێتیی که‌ره‌سته‌کانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه به‌دی بێت، ئه‌وا وه‌ڵامی من نه‌خێره چونکه له ساڵی حه‌ڤده‌وه تا هه‌شتاونۆ ئه‌م ڕێگایه‌مان تاقی کرده‌وه و هیچێکی لێ سه‌وز نه‌بوو و ئێستاش ئیتر پێویست ناکات کار بۆ ئه‌وه بکه‌ین جه‌وله‌یه‌کی تر له‌و ئه‌زموونه به کۆمه‌ڵگا بچێژینه‌وه. ئه‌گه‌ریش به‌و مانایه‌یه که مارکس ئاگادارمان ده‌کاته‌وه که دنیای ئێمه دنیایه‌کی ناعادیلانه‌یه و بیرمان ده‌هێنێته‌وه که ده‌بێت کار بۆ گۆڕینی بکه‌ین، ئه‌وا به‌ڵێ مارکسیزم فه‌لسه‌فه‌یه‌که که هه‌ستکردن به مه‌سئولییه‌ت به‌رامبه‌ر به به‌هاداریی ئینسان و ڕه‌خنه‌کردنی ڕادیکاڵ له نادادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵاتیی کرده ترادیشونێکی جێگیر له‌ناو ناوه‌ندی فه‌لسه‌فیی و سیاسیی‌دا و هه‌ر به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌ک و هه‌ڵوه‌سته‌کردنێکی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیی له‌ئاست ناعه‌داله‌تیی له سه‌ده‌ونیوی ڕابردووه‌دا، که‌موزۆر فه‌زڵی هه‌ڵوێستوه‌رگرتن و ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵی کارڵ مارکس و فرێدریک ئه‌نگڵزی تیایه.
پرسیار: به بۆ‌چوونی ژاك دێریدا، ئه‌وه‌ی كوژراوه ماركسی ئایدیۆلۆژییه نه‌ك فه‌لسه‌فیی. ئه‌و ماركس به تارمایی هاملێت ده‌چووێنێت، به‌وه‌ی ئه‌و هه‌ر كاتێك بیه‌وێت ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه لایی و له‌حه‌قیقه‌تی تاوانی باوككوشتندا ئاگادارمان بكاته‌وه. که‌واته ئایا ماركسه‌كه‌ی ناو زمانمان كه‌ی توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه بێته گۆ؟
سیروان عه‌بدول: ئه‌وه‌نده‌ی من تێگه‌یشتبم دێریدا ئه‌و دابه‌شکارییه‌ی مارکسیزم بۆ سه‌ر مارکسی ئایدۆلۆژیی و مارکسی فه‌لسه‌فیی ناکات به‌ڵام ئه‌و له کتێبی ''تارماییه‌کانی مارکس''دا به‌گشتیی ڕه‌خنه‌ی ئه‌و دیده ده‌کات که ده‌یه‌وێت هه‌م ڕۆڵی فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیزم له سازدانی زیهنییه‌تی دادپه‌روه‌ریی و هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتیی مرۆڤایه‌تییدا بێئه‌هه‌مییه‌ت بکات و هه‌میش مانای مارکسیزم بۆ دونیای دوای ڕوخانی سیسته‌مه کۆمۆنیستییه‌کان نادیده بکات. دێریدا تارمایی مارکس به تارماییه‌ک ناشوبهێنێت که له هه‌ر گرێخواردنێکی کۆمه‌ڵگای به‌شه‌رییدا ئێمه بچینه‌وه لای، به‌ڵکو ئه‌و له‌و ڕاستیانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات که دونیای چه‌ند ساڵێک دوای ساڵی هه‌شتاونۆ دونیایه‌کی ئه‌وه‌نده پڕ ناشیرینیی و ناعه‌داله‌تییه که مارکس به هه‌ستکردن به مه‌سئولییه‌ت و ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵانه‌ی خۆیه‌وه به‌رده‌وام وه‌ک تارماییه‌ک به شه‌قام و کۆڵانه‌کانیدا هاتوچۆ ده‌کات و زه‌روره‌تی وجودی خۆی ده‌سه‌لمێنێت. به‌و مانایه‌ی دێریدا ده‌یڵێت کۆمه‌ڵگای ئێمه له چاوه‌ڕوانییدا نییه ''مارکسی ناو زمانی بیته گۆ''، به‌ڵکو تارمایی مارکس خۆی به‌ته‌بیعه‌تی حاڵ ڕۆژانه به خاکی ئێمه‌شدا تێپه‌ڕ ده‌کات و بیرمان ده‌هینێته‌وه که ئه‌م دنیایه له‌جێی خۆیدا نییه و ده‌بێت بیگۆڕین. هه‌ر کاتێک له‌سه‌ر ئه‌م شۆسته‌یه سواڵکه‌رێک ده‌بینین و له‌و مه‌یدانی کاره‌دا کرێکارێکی بێکار ده‌بینین و ده‌ڵێین هۆکاری لێکه‌وته‌یی ئه‌مانه کۆمه‌ڵگایه نه‌ک قه‌ده‌رێکی نووسراو، وه ده‌ستگرتنیان و یارمه‌تییدانیان بۆ هه‌ستانه‌وه مه‌سئولییه‌تی کۆمه‌ڵگایه نه‌ک خۆیان، ئه‌وه تارمایی مارکسه هاتۆته په‌نا ده‌ستمان و پێمان ده‌ڵێت کێ به‌رپرسه له ناحه‌قییه‌کان و ڕه‌خنه ڕووبه‌ڕووی کێ بکه‌ینه‌وه.
پرسیار: ئایا باڵاده‌ستی گوتاری ماركسیزم به‌سه‌ر ژیاریی خۆرئاواوه كۆتایی هاتووه یاخود ئه‌و گوتاره به‌شێوازی جیاواز بوونی هه‌یه؟
سیروان عه‌بدول: بێگومان به شێوازی جیاواز بوونی گه‌وره‌ی خۆی هه‌یه. بۆ نموونه سۆشیال-دیموکراتییه‌ت و ئه‌و سیسته‌می حوکمه نیمچه‌سۆشیالیستیی و ده‌وڵه‌تی ڕه‌فاهانه‌ی ئه‌م ئاراسته‌یه له مارکسیزم بۆ نموونه له هه‌ندێک له وڵاتانی ئیسکه‌نده‌ناڤیی هێناویه‌تییه ئاراوه هیچ نییه به‌غه‌یری نوسخه‌یه‌کی هه‌موارکراوی فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیزم. سیسته‌می حوکمی سۆشیال-دیموکراتیی، که له ئێستادا عادیلانه‌ترین سیسته‌می حوکمه له دونیای ئه‌مڕۆدا، ته‌نها بیرۆکه‌ی شۆڕشی کرێکاریی و دیکتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریای لێ خراوه‌ته لاوه ئه‌گینا سه‌رله‌به‌ر ئه‌و ئاراسته‌یه‌یه که مارکس و ئه‌نگڵز داوای گرتنه‌به‌ری ده‌که‌ن.
بیرمان نه‌چێت سیسته‌می سۆشیال-دیموکرات له هه‌ر سیسته‌مێکی تر پته‌وتر به‌رگه‌ی ئه‌م قه‌یرانه ئابوورییه‌ی دوو ساڵی ڕابردووی گرت و کارێکی کرد خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه که‌مترین سه‌ختیی ژیان و بێکارکه‌وتن و نه‌هامه‌تیی بیانگرێته‌وه. ئه‌مه بوو بۆ ماوه‌یه‌ک مارکس و مارکسیزمی هێنایه‌وه سه‌ر ئه‌جێندای ڕۆژ و له دونیادا فرۆشی کتێبه‌کانی مارکس به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زیادی کرد، به‌ڵام دیسانه‌وه ئه‌وه‌ش ده‌رکه‌وتنێکی تری تارمایی مارکس بوو بۆ جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی هه‌بوونی ڕه‌خنه و هه‌ستی به‌رپرسیارێتیی له‌ئاست نه‌هامه‌تیی یه‌کتردا نه‌ک بۆ هێنانی ''ڕه‌چه‌ته''یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان یان کێشانی ''نه‌خشه‌ی ڕێگا''یه‌ک بۆ چۆنییه‌تی گۆڕینی دونیا.
پرسیار: با قسه‌یه‌كی بابه‌كی ئه‌حمه‌دی له‌باره‌ی ماركس بێنینه‌وه که ده‌ڵێت ''ماركس ده‌رمانی ڕزگاربوونمان ناداتێ، به‌ڵام ئه‌وه‌مان بیر ده‌هێنێته‌وه كه نه‌خۆشین و واچاكتره مشورێكی چاره‌سه‌ركردنی خۆمان بخۆین، ئه‌و هه‌ندێ ده‌رمانیشمان بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات, به‌ڵام له‌سه‌ر ئێمه‌یه كه له‌ئاست كاریگه‌ری ئه‌و ده‌رمانانه بتۆژینه‌وه''. عه‌قڵی ئێمه له‌كوێی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رمانه‌یه؟
سیروان عه‌بدول: ڕاستت ئه‌وێ من تا ئێستا به‌ختی ئه‌وه‌م نه‌بووه هیچ کتێبێکی بابه‌کی ئه‌حمه‌دی بخوێنمه‌وه بۆیه ڕه‌نگه دروست نه‌بێت قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر چۆنییه‌تی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و له مارکس بکه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رئه‌ساسی ئه‌و ئیقتیباسه قسه بکه‌م که له پرسیاه‌رکه‌دا هه‌یه، ئه‌وا دیاره ئه‌ویش وه‌ک دێریدا به‌های مارکسیزم له‌و به‌ها ڕه‌مزییه‌یدا ده‌بینێت که بیری کۆمه‌ڵگای ئێستا ده‌هێنێته‌وه که نه‌خۆشه و پێویسته چاره‌سه‌ر بکات. وه‌ک له وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێکی پیشوودا ووتم، من پێموایه مارکس له ده‌ستنیشانکردنی ده‌رمان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه ته‌واو کورت ده‌هێنێت. به‌لای منه‌وه میراتێک که له مارکسه‌وه بۆ ئێمه مابێته‌وه و به‌هایه‌کی هه‌بێت ئه‌وه‌یه که ته‌سلیم به بێباکیی نه‌بین له‌ئاست ناڕێکییه‌کاندا و وای دانه‌نێین که ده‌بێت هه‌ر وا بێت یان خۆی چاک ده‌بێت. کاری یه‌که‌م ئێمه بیکه‌ین ئه‌وه‌یه که بزانین دونیا خۆی چاک نابێت بگره ئه‌گه‌ری خراپتربوونی ئه‌گه‌رێکی ته‌واو موحته‌مه‌له، هه‌روه‌ها به‌و ڕۆحییه‌ته‌شه‌وه کار بکه‌ین که ئینسان ده‌توانێت گۆڕان له سیسته‌می ئێستادا بکات و به‌ره‌و سیسته‌مێکی عادیلانه‌تری به‌رێت. من سه‌رباری کورتهێنانی مارکسیزم و سه‌رباری هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌کانی ناو دنیای ئێستا، هێشتاش ته‌واو گه‌شبینم به‌وه‌ی که له چه‌ند سه‌ده‌یه‌کی که‌م زیاتر نابات مرۆڤایه‌تیی کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌واو عادیلانه‌تر و جیاوازتر له‌مه‌ی ئێستامان ده‌سازێنێت. ڕیالیزه‌کردنی ئه‌م هیوایه و کورتکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگایه‌ی له پێشمانه، به ڕای من به کردنی ئایدۆلۆژیای مارکسیزم به پێوانه‌ی ڕه‌خنه‌کردن و هه‌ڵوێستگیریی ناکرێت، به‌ڵکو ته‌نها به‌وه ده‌کرێت ڕه‌خنه وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌کی زیندوو و هه‌میشه‌ئاماده بهێڵینه‌وه و ئینساندۆستیی و دیموکراتییه‌ت بکه‌ینه پێوانه‌ی هه‌ر هه‌ڵوێتسگیرییه‌کمان.
٭ ٭ ٭