من به‌بێ خۆم

به‌یانییه‌کی دره‌وشاوه‌یه‌
شه‌و خۆم ڕۆیشتووه‌
من به‌ ته‌نیا خه‌وتووم
هیچ خه‌ونێکی ناخۆشم نه‌بینیوه‌
ئه‌وه‌ منم به‌بێ خۆم 
به‌بێ ژانه‌سه‌ر
یه‌که‌م به‌یانییه‌
نان ده‌خۆم و گوێ له‌ گۆرانی ده‌گرم
نان و گۆرانیم تیکه‌ڵ کردووه‌
پێده‌که‌نم 
ده‌چمه‌ به‌رده‌می ئاوێنه‌که‌
منداڵێک ده‌بینم له‌ ئاوێنه‌که‌دا
ده‌ڵێی بۆلای یار ده‌ڕۆم
په‌له‌مه‌ خۆم ده‌گۆرم عه‌تر له‌ خۆم ده‌ده‌م
نا نا بمبوورن من ده‌گۆڕم عه‌تر له‌ من ده‌ده‌م 
نه‌ک خۆم چونکه‌ ئێستا من به‌بێ خۆمم
ئای چه‌ند خۆشه‌ ئاوا ته‌نیا هه‌ر من بم، به‌بێ خۆم
ده‌رگای حه‌وشه‌ ده‌که‌مه‌ 
وه‌ک جامێک ئاو ده‌ڕژێمه‌‌ کۆڵانه‌وه‌
ئه‌وه‌ منم به‌بێ خۆم
هاوارده‌که‌م کێ ڕووخساری ئه‌م دیواره‌ غه‌مباره‌ ده‌سرێته‌وه‌
به‌ردێک ده‌هێنمه‌ ژێر سێبه‌ره‌که‌ تا هه‌تاو داغی نه‌کات
 ڕه‌نگی کاڵی باڵی په‌پووله‌یه‌ک تۆخ ده‌که‌مه‌وه‌
زامی دڵ و تیرێک ده‌پێچم که‌ ساڵانێکه‌ عاشقێک له‌ نامه‌یه‌کدا کێشاوێتی و هێشتا خوێنی له‌ به‌ر ده‌ڕوات.
لای ئێواره‌ ده‌ستی نه‌نکم ده‌گرم و دێینه‌وه‌ بۆ ماڵ
 به‌رماڵه‌که‌ی بۆ ڕاده‌خه‌م تا بگاته‌ لای خودا
ده‌ڵیم نه‌نه‌: به‌ خودا بڵێ زۆر بیری باران ده‌که‌م
پێی بڵێ : با باران ببارێ خه‌ریکه‌ یاری و دڵه‌کان وشک وشک ببنه‌وه‌
ده‌ڵیم نه‌نه: به‌ خودا بلێ بۆ به‌فر نابارێت دونیا ته‌واو ڕه‌ش بووه‌
نه‌نکم ده‌چێته‌ سه‌ر به‌رماڵه‌که‌ و
که‌سێک یه‌ک له‌سه‌ر یه‌ک له‌ ده‌رگا ده‌دات
ده‌رگاکه‌ ده‌که‌مه‌وه‌
یه‌کێکه‌ له‌ منداڵه‌کانی گه‌ڕه‌ک
به‌ شێواوێیه‌کی زۆره‌وه‌ 
ده‌ڵێت: له‌و کۆلانه‌ی پشته‌وه‌
پێاوێک گوڵی به‌ داره‌کانه‌وه‌ نه‌هێشتووه‌
وه‌ک  هار په‌لاماری هه‌موو شتێک ده‌دا
که‌س ناوێرێت بێته‌ ده‌ره‌وه‌
خه‌ڵک له‌ په‌نجه‌ره‌ و سه‌ردیواره‌کانه‌وه‌ سه‌یری ده‌که‌ن
وای چ پیاوێکی تووڕه‌ و سه‌یره‌ 
ده‌مێک پێده‌که‌نێت ده‌مێک ده‌گری
دارپرته‌قاڵێک سه‌رێکی هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌
ئه‌و له‌م دیوی کۆلانه‌وه‌ به‌ردێکی کێشا به‌سه‌ریا
باڵای شه‌ڵاڵی خوێن کرد
وای له‌و پیاوه‌ ئه‌و کۆڵان و گه‌ڕه‌ک و بانه‌ی داوه‌ به‌یه‌کدا
که‌س ناویرێ قسه‌یه‌کی پێبڵێ
ئه‌ڵێن ؛ به‌ خه‌ڵکه‌که‌ی وتووه‌
ئاگرێک له‌ ناوه‌وه‌ ده‌مسووتێنێ
ئێوه‌ نایبینن
به‌ خه‌ڵکه‌که‌ی وتووه‌
سه‌رم، سه‌رم پڕه‌ له‌ خه‌ونی شکاو
دڵم دڵم وه‌ک شوین پێی کوژراویک پڕه‌ له‌ نائومێدیی
منیش وتم یان وه‌ره‌ ژووره‌وه‌ یان بڕۆ ده‌رگاکه‌ داده‌خه‌م
ئه‌وه‌ خۆمه‌ منی به‌جێهێشتووه‌
نامه‌وێت بگه‌رێته‌وه‌ بۆ لام
بڕۆ بڕۆ ده‌رگاکه‌ داده‌خه‌م من ده‌مه‌وێت ته‌نیابم به‌بێ خۆم،
بڕۆ ده‌رگاکه‌ داده‌خه‌م 
وای ده‌ترسم له‌ سه‌ردیواره‌که‌وه‌ بێته‌ ژووره‌وه‌.
وای چه‌ن خۆشه‌ من به‌بێ خۆم بم
نامەوێ خۆم بگەڕێتەوە
2011