بۆ ( ن . ئەبو ئەفەش )
 
... ئیتر ئاوایە ،
ئیتر ئەوە کاری هەموو ئەوانەیە
کە لە سەنگەرەکانی ئازارەوە دێنە دەرێ ؛
ئەو سەنگەرانەی هەموو شتێک تیایاندا حەڵاڵە ،
کانیی و خەنجەر و ئەستێرەکان .
هەموو شتێک تیایاندا کراوەیە ،
ڕاکردن و شیوەن و ماچەکان و
گەڕان بە دووی – یۆرانیوم – دا
لە گەدەی پیاوێکی سەربڕاودا .
ئیتر ئەوە پیشەی تۆیە ،
تۆ ئاوەهایت :
وەک ئاو بەهێزیت
وەکو – دەنگدانەوە – ش گەورەیت .
کە بینیمیت ، وەک ئاو بەهێز بوویت
ئەو دەمەی هەڵیانکوتایە سەر مێشکت
بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئەو پێخەفانەدا بگرن
کە بۆ عاشقانت ڕاخستبوون .
بۆ ئەوەی دەست بگرن بەسەر :
ئەو چارۆکانەی بۆ کەشتییەکانت دانابوون .
دەست بگرن بەسەر ؛
- چەکەکانی سپارتاکۆس
- چاوەکانی هێلین و
- تیۆرە ڕێژەییەکەی ئاینشتاین .
کە بینیمیت ،
وەک – دەنگدانەوە – ش گەورە بوویت
ئەو دەمەی ؛
دەنگت سێوێک بوو
لە ناو دڵدا وەک نارنجۆکێک ،
بەڵام پڕ لە گوڵ و نان ، تل ئەبۆوە .
دەنگت نیشتمانێکی فراوان و
پۆشاکێ بوو ، کۆڵانە ساردەکانت ئەیانپۆشی !
ئەو دەمەی ،
دەنگت کوشتارگە بوو بۆ کوشتارگەکانی ئەوان .
پێت وتم :
هێلین مێینەیەکی پیرۆزە .
هێلین نیشتمانی نائومێدانە ،
چنگێکە لە ڕۆژگار و ئەسپەکان ،
هێلین پەنجەرەیە ، بارانە ..
ئاوایە هێلین !
... ئیتر ئاوایە ،
ئیتر ئەوە کاری هەموو ئەوانەیە
کە لە سەنگەرەکانی ئازارەوە دێنە دەرێ ؛
ئەو سەنگەرانەی تیایاندا
سەگ و هەژارەکان ڕاو ئەنرێن .
ئەو سەنگەرانەی تیایاندا
مێش و قەسیدە ، بە ' دی . دی . تی ' لەناوئەبرێن و
هەموو شتێک تیایاندا حەڵاڵە :
گریان لەسەر گۆڕەکان و
پێکەنین لە مانگەشەودا و
چاندنی باڵندە لە گەرووی مردووەکان و
ڕاوکردنی کەروێشک لە هۆڵەکانی سینەما !
ئیتر ئەوە پیشەی تۆیە ..
تۆ هەروەها
نزیکیت وەک جەنگەکان .
دووریشیت
وەک گۆرانییەکان .