چاوپێکه‌وتنی گۆڤاری 'کلیل' له‌گه‌ڵ 'سیروان عه‌بدول' سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی ئیسلامی سیاسیی له‌ کوردستان

سازدانی‌: ڕۆژنامه‌نووس شه‌نکار عه‌بدوڵا
 
 
چه‌ند بڕگه‌یه‌کی هه‌ڵبژێردراوی ناو چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

«لە کوردستاندا لەبەرامبەر حوکمی گه‌نده‌ڵانه‌ و نادادپەروەرانەی پارتیی و یەکێتییدا، بەتاڵاییەک بۆ ئیسلامیزمی تیرۆرکار و دەستوەشێن دروست بووه‌ کە من ترسم هەیە درەنگ یان زوو چەند ئیسلامیستێکی ئامادە بە موجازەفە لەپێناو ناو و شۆرەتدا پڕی بکەنەوە.»
 
«ڕێگرتن لە کردنی ئاینێکی دیارییکراو بە بنەمای یاسادانان له‌ میسردا، ڕێگرگرتن نییە لە دیموکراتییەت و له‌ حوکمکردنی ئه‌و گروپە ئیسلامییانەی هەڵبژاردنیان برۆدتەوە، بەڵکو هەوڵی زەمانەتکردنی ئەوەیە کە براوه‌کان نەتوانن لەداهاتوودا ببن بە خومەینی و خامەنەئی و ئەحمەدینەژاد بەسەر خەڵکەوە.»
 
«ئەوەی کە دەوترێت ڕژێمەکانی میسر و تونس و لیبیا لەبەر ئەوە سەرکوتگەر بوون کە عەلمانیی بوون، ڕێتۆریکێکی ناعیلمییانەی ناو پرۆپاگەندەی سیاسیی ئیسلامییەکانە و بەسەر هه‌ندێک له‌ ڕۆشنبیران و ئه‌کادیمیکه‌رانیشدا تێپەڕیوە. »
 
«بەشێکی زۆر لەو ڕقڕێژییەی هەندێک لە مەلاکان و میدیاکانی حیزبە ئیسلامییەکان دژ بە خەڵکی بێباوەڕ پیشانی دەدەن و، ئەو جیاوازییە جەوهەرییەی نێوان ئینسانی موسڵمان و ئینسانی ناموسڵمان که‌ ئەوان باسی دەکەن، بە مانای ووشە ''فاشیزم''ە و گرفتێکی گەورەی دیموکراتییە لە کوردستاندا.»
 
«لەکاتێکدا ئیسلامی سیاسیی له‌ کوردستاندا فەرزی کردووە خەڵک تەنها ئەو ئازادییە مەدەنیی وسیاسییانەیان هەبێ کە بە دڵی ئەون، هەندێک لە ڕۆشنبیران بەچڕیی خەریکی باسی ئەوەن کە ئایا چی بکەین بۆ ئەوەی ئاینی ئیسلام له‌ کوردستاندا په‌راوێز نه‌که‌وێت و ئه‌ویش مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت قسە لە سیاسەتدا بکات.»

 
--------------------------------------------------
 
پرسیار/ ئایا دەسەڵاتگرتنەدەستی گروپە ئیسلامییەکان لە دوای بەهارى عەرەبییەوە لە چەند وڵاتێکی عەرەبییدا لە ئاکامی چییە؟ ئایا ئەو گەشەکردنە زۆرەی هێزە ئیسلامییەکان و هاتنەسەرحوکمیان لەو وڵاتانەدا، مانای خراپیی سیستەمی حوکمی عەلمانیی پێشوو و خراپیی دەسەڵاتدارێتیی عەلمانییەکان ناگەیەنێت؟
 
س. ع./ ڕووکردنی خەڵکی ئەو وڵاتانە لە ئیسلامیزم و دەنگدانی زۆرینەیان بە گروپە ئیسلامییەکان تەنیا یەک هۆکاری دیارییکراوی نییە، بەڵکو ئاکامی پێکەوەکارکردن و هاوزەمەنکەوتنی چەند هۆکارێکی جیاوازە. یەکێک لەوانە کورتهێنانی پرۆژەی مۆدێرنیتییە لەو وڵاتانەدا. کاتێک کە پرۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن لەو وڵاتانەدا، با وجودی دەستور و پەرلەمان و دەستەی نەزاهە و چەندین دەزگا و ئیجرائاتی تری دونیەویی ناو ئیدارەی دەوڵەتی مۆدێرن، هێشتاش سەر لە ئۆتۆریتارییەتێکی تەواو سەرکوتگەر و نادادپەروەر و گەندەڵەوە دەردەهێنێت، سروشتییە ئەمە متمانەی خەڵک بە سیاسەتمەداران تەواو لاواز بکات.
لە متمانە-لاوازبوونێکی ئاوا گەورەی خەڵکدا بە حاکمان، جێگەی سەرسوڕمان نییە دەنگدەران هەوڵبدەن ئیتر متمانەی خۆیان بە حاکمان بەوە زەمانەت بکەن کە ئیتر حوکم بدەنە دەستی سیاسەتمەدار و حاکمهایەک کە دەنگدەران پێیانوایە جگە لە ئیجرائاتی دونیەویی ناو ئیدارەی دەوڵەتی مۆدێرن، مولزەمن بە خواستی هێزێکی نادونیەویی سەرووی مرۆڤیشەوە.
بە مانایەکی تر، ئەوە هەوڵی خەڵکە بۆ دەستبەستنەوە و کەلەپچەکردنێکی هەرچی مەحکەمتری دەستی حاکمان لەوەی کە بتوانن جارێکی تر بەدئیستیفادە لە دەسەڵاتدارێتیی خۆیان بکەن، دوای ئەوەی ئەو خەڵکە بینییان کە لەو وڵاتانەی ئەواندا گارانتییەکانی ئیدارەی دەوڵەتیی مۆدێرن بەتەنها کافیی نەبوون بۆ پێشگیریی لە بەدئیستیفادەی حاکمان لە حاکمێتیی خۆیان.
بەڵێ بینینی تەجروبەی سەرکوتگەریی حاکمەکانی پێشوو یەکێکە لە هۆکارەکان. بەڵام هۆکارەکانی تری ڕووکردنی خەڵک لە ئیسلامی سیاسیی هەرچییەک بێت ئەوە نییە کە ئەو خەڵکە تەجروبەی دەوڵەتێکی ئیسلامیی دادپەروەر و ناسەرکوتگەری لە دونیای مۆدێرندا بینیبێت.
ئەو خەڵکەی دەنگ بە ئیسلامییەکان دەدەن نەبوونی دەوڵەتی ئیسلامیی دادپەروەر لە مێژووی نوێدا پرسیارێک نییە لایان، وە لە هەڵبژاردنی ئەو حیزبەدا کە دەنگی پێدەدەن وەڵامی ئەمەیان نەهێناوەتە ناو حیساباتی خۆیانەوە. ئەگینا من پێموایە تەجروبەی حوکمی ئیسلامیی لە ئێران و سعودیە و ئەفغانستان چەند تەجروبەیەکن کە نەک هەر جێگەی شانازیی نین، بەڵکو جێگەی شەرمەزاریی گەورەن، بەتایبەت بۆ ئەوانەمان کە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن کە گوایە مومکینە حاکمییەتی ئاینێک یان ئایدۆلۆجیایەکی گشتگیر، کە ئیدیعای خستنەوەی دادپەروەریی دەکات، دادپەروەریی بخاتەوە.
شتێک کە دەمێنێتەوە لە پرسیارەکەتدا و بە گرنگی دەزانم قسەیەکی لەسەر بکەم باسکردنی عەلمانییبوونی ڕژێمەکانی پێشووی ئەو وڵاتانەیە.
ناوبردنی عەلمانییبوونی ئەو ڕژێمانە وەک هۆکارێکی موحتەمەلی سەرکوتگەرییەکەیان، سەیرکردنی مەسەلەکەیە لە پێرسپێکتیڤ و ڕوانگەی خۆخەڵەتێنەرانەی ئیسلامییەکانەوە. کارێکی وا دەرمانخواردووبوونە بەو ڕێتۆریکە پڕ موغاڵەتەیەی کە ئیسلامی سیاسیی چەند ساڵە دەستیان داوەتێ، ئەمە بەبێئەوەی نە لە دونیای عەرەبدا و نە لەناوەندی ڕۆشنبیریی و ئه‌کا‌دیمیی و سیاسیی ئێمەدا توانرابێت دەست بخرێتە سەر ئەوەی کە دروستکردنی دوالیزمی عەلمانیی-ئیسلامیی چی سەفسەتەیەکی ناعیلمیی ئیسلامییەکانە و بەچی غەرەزێکی ناپاکانەوە هەر دەیڵێنەوە و هەر دەیڵێنەوە.
بەکورتیی، ئەوەی کە ڕژێمەکانی میسر و تونس و لیبیا سەرکوتگەر بوون لەبەر ئەوە نەبوو کە عەلمانیی بوون. قسەیەکی وا ڕێتۆریکێکی ناعیلمییە کە ئیسلامییەکان دەیخەنە سەر دەمی خەڵک، بەڵام نە ئەوان و نە ئەو خەڵکەش ئەوەندە لێی ورد نابنەوە کە بڵێن ئاخر قسەیەکی وا مانای ئەوەیە کە هەموو ڕژێمێکی عەلمانیی دەبێتە ڕژێمێکی سەرکوتگەر. جا نامەعقوڵیی قسەیەکی واش کاتێک دەردەکەوێت کە ئێمە بە تەجروبە دەبینین دەیان ڕژێمی عەلمانیی ناسەرکوتگەر و تا ئاستێکی زۆر دیموکراتیی و دادپەروەر لە، بۆ نموونە، ئەوروپادا کەوتۆتەوە و ژمارەیان و پلەی دادپەروەریشیان هەر ڕوو لە زیادبوونە.
عەلمانییەت جیهانبینیی نییە تا وەک جەمسەری هاودژی جیهانبینیی ئیسلامیی پیشان بدرێت. عه‌لمانییه‌ت ته‌ره‌فی به‌رامبه‌ری دوالیزمێک نییه‌ له‌گه‌ڵ ئایندا تا هەرکورتهێنانێکی عەلمانییەت لە دەستکۆتاکردنی سەرکوتگەریی و گەندەڵیی حاکماندا، وه‌ک بەڵگەیه‌ک سه‌یر بکه‌ین بۆ دروستیی جیهانبینیی ئیسلام، یان وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ دروستیی ئەو ئیدیعایەی کە دەڵێت ئەگەر ئیسلام بکەینە بنەمای حوکمردن، ئیتر گەندەڵیی و سەرکوتگەریی لە وڵاتدا نامێنێت.
لەم چەند ساڵانەی دواییدا ئیسلامی سیاسیی لە کوردستانی خۆشماندا بەدوای ئیسلامی سیاسیی لە وڵاتانی عەرەبییدا، دەستیان داوەتە زۆربڵێییەک و هەڵمەتێکی پرۆپاگەندەی گەورە لەپێناو بەزۆر-جێخستنی دوالیزمی عەلمانیی-ئیسلامیی لە مێشکی خەڵکدا. لەبەرامبەردا، لەجیاتی ئەوەی ناوەندی سیاسیی و ئه‌کادیمیی و ڕۆژنامەگەریی ئێمە کار بکەن نامەعقوڵیی و ناعیلمییەتی تێزێکی وا دەربخەن، بەداخەوە ئێستا لەو ناوەندانەدا ئەو دوالیزمی عەلمانیی-ئیسلامییە باوترین مۆدێلی خوێندنەوە و لێکدانەوەی سیاسەتە لە کوردستاندا.
 
پرسیار/ ئایا بۆچى بوار نادرێت ئیسلامییەکان لەو وڵاته‌ عه‌ره‌بییانه‌دا حوکم بکەن و بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت؟ ئایا دیموکراتییەت وا ناخوازێت ڕێگە بەوانیش بدرێت حوکم بکەن و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ حوکمدارییان بکرێت؟
 
س. ع./ ئەگەر لە «ڕێگەنەدان بە حوکمی ئیسلامییەکان» مەبەستت ڕیگرتنە لەوەی ئاینی ئیسلام لە دەستوردا بکرێتە ئاینی دەوڵەت و بکرێتە بنەمای هەموو یاسادانانێک، ئەوە کارێکی وا دژایەتیی حوکمی ئیسلامییەکان نییە بەڵکو داکۆکییە لە جەوهەری دیموکراتییەت و شەڕکردنە بۆ ڕێگرتن لە دیکتاتۆرییەتی زۆرینە.
کە دەڵێم «جەوهەری دیموکراتییەت» مەبەستمە ئاماژە بەوە بکەم کە دیموکراتییەت لە مێژوودا ڕێک ئەو زەرورەتە وەک سیستەمێکی حوکم هێنایە پێشەوە کە ڕێگە لەوە بگرێت جیهانبینیی گروپێک فەزڵی بدرێت بەسەر جیهانبینیی گروپێکی تر یان ڕای تاکەکەسەکاندا و مەحدودیاتیان بۆ دروست بکات.
لە یۆنانی کۆندا دیموکراتییەت مانای «حوکمی خەڵک» بوو. بەڵام ئێستا لە دونیای مۆدێرندا بەرە بەرە ناوەڕۆکێکی وای وەرگرتووە کە «حوکمی هەر هەموو خەڵک» بێت. بە مانایەکی تر، دیموکراتییەت ئەوە نییە کە باوەڕدارانی کام جیهانبینیی ژمارەیان زۆر بوو، ئیتر بەها و پرەنیسپەکانی ناو ئەو جیهانبینییە بکرێتە بنەمای حوکم و جێگەی بەها و پرەنسیپەکانی دیموکراتیی پێ بگیردرێتەوە و دەستوری دەوڵەت و پەرلەمان و یاساکان و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لەپێناو ئەوەدا بڕەخسێنرێن کە پیرۆزییەکانی ناو جیهانبینیی ئەو گروپە ئەفزەڵییەتی هەبێت بەسەر ئەوانی تردا. کارێکی وا سەرکوتگەریی گەورە و تەفرەقەی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
کەسێک بۆ ئەوەی ببینێت کە هه‌وڵی کردنی ئاینێکی دیارییکراو بە بنەمای حوکم، ئەجێندا و نیازێکی خۆفەرزکەرانەی لە پشته‌وه‌یه‌، دەتوانێت پرسیارێکی وا بکات کە ئایا خراپیی چییە ئەگەر هیچ ئاینێک یان هیچ جیهانبینییەکی دیارییکراو نەکەینە بنەمای حوکمی وڵات و هەموو جیهانبینییەکان له‌ ده‌ستوور و له‌ یاساکان له‌ پراکتیکی ڕۆژانه‌دا، یەکسان و هاوقیمەت بکەینەوە؟ زیرەکییەکی زۆر و شارەزاییەکی گەورەی ناوێت لە مێژوودا، تا کەسێک ئەوە ببینێت کە خواستێکی وا کە ئاینێکی دیارییکراو بکرێتە بنەمای حوکم جگە لە سەرکوتگەریی گەورە و لەباربردنی دیموکراتییەت هیچی تری لێناکەوێتەوە. ئەمەیە کە من پێم خۆشە ڕێگریی لێ بکرێت. ئەمە ڕێگریی نییە لە دیموکراتییەت، بەڵکو ڕێگرتنە لەوەی کە پرۆسەی دیموکراتییەت لەلایەن براوەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بنکۆڵ بکرێت.
ئەوەی لە میسر دەکرێت ڕێگریی نییە لەوەی کە ئەو گروپە ئیسلامییانەی هەڵبژاردنیان برۆدتەوە حوکم بکەن، بەڵکو هەوڵی زەمانەتکردنی ئەوەیە کە براوەکان نەتوانن لەداهاتوودا ببن بە خومەینی و خامەنەئی و ئەحمەدینەژاد بەسەر خەڵکەوە.
 
پرسیار/ هاتنە سەر دەسەڵاتى هێزە ئیسلامییەکان لە دەوڵەتانى پۆست-شۆڕشدا چ کاریگەرییەکى لەسەر هێزە ئیسلامییەکانى کوردستان هەبووە؟ ئایا ئەمانیش وا بەئاسانیی دەگەنە دەسەڵات؟
 
س. ع./ گومانی تێدا نییە کە بەرفراوانبوونەوەی جێپێی ئیسلامی سیاسیی لە وڵاتانی عەرەبیی لەدوای ڕاپەڕینەکانی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئیسلامی سیاسیی لە کوردستانیشدا خستە سەر ئەجێندای ڕۆژ و، ئەمەش گەشەیەکی زۆری پێ کرد.
وەنەبێ ئەم گەشەکردنە هەر تەنها ئاکامی زیادبوونی متمانەبەخۆبوونی زاتیی ئیسلامیی سیاسیی بێت، بەڵکو هەم خۆپیشاندانەکانی بەهاری ساڵی ٢٠١١ لە کوردستان، (کە من هیچ دڵخۆش نیم بە کەوتنەوەیان)، ڕۆڵی گەورەی هەبوو لەوەی کە شەرعییەتێکی شۆڕشگێڕانەی ناموستەحەقانە بدات بە چەند هێزێکی دژەدیموکراتیی؛ وە هەمیش هەوڵی میدیا بۆ گەرمکردنی بازاڕی خۆی و هەوڵی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران بۆ خۆنواندن وەک میانڕەو لەپێناو خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعی تازەی گەشەی زۆری ئیسلامیزمدا، ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لەوەدا کە وێنای هێزێکی شۆڕشگێڕی ئازادییخواز لەسەر ئیسلامییەکان لای خەڵک جێ بکەوێت.
بەڵام ئەوەی کە چەند مومکینە لە کوردستانیشدا گروپە ئیسلامییەکان حوکم بگرنە دەست، من پێموایە کە لە حاڵەتی کوردستاندا گوتاری نەتەوەیی و ناشیونالیزم هێشتا هەر باڵادەستیی هەیە بەسەر گوتاری ئاینیی ئیسلامییدا و تا ماوەیەکی زۆری تریش هەروا دەمێنێتەوە.
من پێموایە لە دەیە و دوو دەیەی داهاتوودا هەرێمی کوردستان وەک ئەمری واقیع دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و، ئەوکاتە دیسکۆرسی نەتەوەیی و خەباتی ڕزگارییخوازیی نەتەوەیی ئیختیلالی گەورەی تێدەکەوێت و، ئەوکاتە بەتاڵاییەک دروست دەبێت و جێپێیەک بۆ حوکمداریی گوتاری تر دەکرێتەوە کە بۆی هەیە حوکمداریی ئیسلامی سیاسیی بێت و خەتەری ئەوە هەیە تەجروبەی ئێران دووبارە بکەینەوە. ڕێگرتن له‌مه‌ به‌وه‌ ده‌بێت که‌ تا ئەو کاتە ئەوەندە زیرەک بووبێتین توانیبێتمان پایەکانی حوکمداریی دیموکراتییانەی لیبراڵمان، بە سازدانی دەزگای دەوڵەتیی کارا و بە جێخستنی زیهنییەتی دیموکراتخوازیی و مافەکانی مرۆڤ، تۆکمە و زامن کردبێت.
ئەمە سەبارەت بە حوکمگرتنەدەست. بەڵام سەبارەت بە کارکردی سیاسیی و ئامادەیی لەگۆڕەپانی سیاسییدا، ئەوا من پێموایە ئیسلامیزم هەر کارکردی دەمێنێت و بەردەوام ئەوەندە دەنگەدەری دەبێت کە لە پەرلەماندا ئامادەیی زۆریان هەبێت و سەنگێکی سیاسییان هەبێت.
دیارە ئەمە هیچ گرفتێک نییە. ئەوەی من قەلەق دەکات بڕواهەبوونی بەشێک لەو هێزه‌ ئیسلامییانه‌یە بە عونف و دەستوەشاندنی سیاسیی.
ڕاست بڵێم ئەوە من دڵنیا ناکات و هیچ لە قەلەقییم کەم ناکاتەوە کە ئێستا پراگماتیکییانە زۆربەی ئیسلامی سیاسیی خۆیان وەک دژە-عونف پیشان دەدەن و ئیسلامی سیاسیی دەستوەشێن لە کوردستاندا لەئێستادا ئامادەیی نییە. من پێموایە هەبوون و بەردەوامبوونی حوکمداریی گەندەڵکارانە و نادادپەروەرانە و (لەم کۆتاییەشدا سەرکوتگەرانەی) پدک و ینک لە کوردستاندا، جێگەیەکی خاڵیی بۆ سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسیی توندڕەو و دەستوەشێن جێ هێشتووە کە من بە دووری نازانم لە چەند ساڵی داهاتوودا بە هێز و کەسانێکی باوەڕدار بە تیرۆر پڕ بکرێتەوە. جێگەیەکی بەتاڵە کە پڕکردنەوەی بۆ چەند ئیسلامیستێکی ئامادە بە موجازەفە لەپێناو ناو و شۆرەتدا بە ئەو هەموو گەنجە کەمخوینەوار و بێکارەی چەندین ساڵە دروستمان کردوون، قازانجە مەعنەوییەکەی هیچ لە قازانجی مەعنەویی ئەو ئیسلامیستانە کەمتر نییە کە ئێستا وەزیر و ئەندام پەرلەمان و ئەندام مەکتەبی سیاسیی و ئیمام و خەتیبی مزگەوتەکانن.
پڕکردنەوەی ئەو بەتاڵاییە جێگەی ئیغرایەکی زۆرە. من ترسم هەیە ئیسلامیی سیاسیی گەر هەر وا بڕوات، لە داهاتوودا بە چالاکیی لە گۆڕەپانی تیرۆریشدا خۆی لە کوردستاندا ئامادە بکات.
 
پرسیار/ ئەوەى لەئێستادا هەستى پێدەکرێت هێزە ئیسلامییە کوردییەکان لە دەیان رێگاوە خەریکى تەلقینکردنى گەنجانى کوردستانن. بەڕاى ئێوە ئەمە مەترسى نییە بۆ سەر رەوشى دیموکراسى لەکوردستان؟ ئایا ئیسلامیەکانى کوردستان مەترسین لەسەر دیموکراسیى؟
 
س. ع./ دیار نییە مەبەستت لە «تەلقینکردن» چییە، بەڵام بەڵێ منیش ئاگادارم کە هەڵمەتێکی بەرفراوان هەیە بۆ ڕاهێنانی خەڵک، بەتایبەت گەنجان، لەسەر ڕقلێبوون لە هەر کەس و شتێک کە موسڵمان و ئیسلامیی نەبێت.
مینبەری مزگەوتەکان و چەندین کەناڵی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە خۆیان بۆ ئەوە تەرخان کردووە تەبلیغ بۆ ئەوە بکەن کە جیاوازییەکی جەوهەریی و گەورە هەیە لەنێوان هاوڵاتیی موسڵمان و هاوڵاتیی ناموسڵماندا. «تەحەمولنەکردنی ڕای جیاوازی نائیسلامیی» و «نەبوونی تۆڵێڕانس بۆ باوەڕنەبوون بە ئیسلام» و «قبوڵنەکردن و ڕێگەپێنەدان بە قسەکردنی کەسانی غەیرەموسڵمان»، ئەمانە چەند دانەیەکن لەو فەزیڵەتە هەرە گرنگانەی کە ئێستا سەدان مەلا و سیاسەتمەدار و نووسەر و ڕاگەیاندنکاری ئیسلامیی شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک و فێری خەڵکیان دەکەن.
من پێموایە ئەم ڕقڕێژییە گرفتێکی گەورەی دۆزی دیموکراتییەتە لە کوردستاندا. هیچ موبالەغە نییە ئەگەر کەسێک پێیوابێت بەشێکی زۆری ئەو قسانەی لەو کەناڵانەوە سەبارەت بە جیاوازیی نێوان ئینسانی موسڵمان و ئینسانی ناموسڵمان دەکرێن، فاشیزمێکی ڕووتن کە پێیوایە جیاوازیی جەوهەریی هەیە لەنێوان مرۆڤێک و مرۆڤێکی تردا.
مێژوو دەیان نموونەی وای تیایە کە ئەو ڕقڕێژییە و هەوڵی ڕەشکردنی توێژێکی دیارییکراو، عونف و دەستوەشاندنی گەورەی بەدوادا دێت. بڕوانە هەڵمەتی ناشیرینکردنی جولەکە لەلایەن نازیزمەوە و کوشتنی شەش ملیۆن کەس لێیان؛ وە هەڵمەتی ڕەشکردنی توتسییەکان لە ڕوندا لەلایەن هوتوەکانەوە و کوشتنی یەک ملیۆن کەس لێیان.
ئێمە دەبێت بیرمان بێت کە ئەوەی کە خەڵکی کورد لە عێراقدا لە چەند مانگێکی کەمدا هەزارانیان لێ کیمیاباران کرا و دەیانهەزاریان لێ ئەنفال کرا بەبێئەوەی ئەمە هیچ حەسرەتێکی وا لە دڵی خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا دروست بکات، هه‌موو ئاکامی ئەوە بوو کە خەڵکی کورد بە هەڵمەتێکی چەندساڵەی پرۆپاگەندە و ڕقڕێژیی سیستەماتیک، لە زیهنی خەڵکی عێراقدا کرابوون بە مرۆڤی جیاتر و کەمبەهاتر. فاشیزم پێداگرییه‌ له‌سه‌ر جیاوازیی له‌نێوان قیمه‌تی جۆره‌ ئینسانێک و جۆره‌ ئینسانیکی تردا و، هه‌مووکات عاقیبه‌تی کاره‌ساتباری ده‌بێت.
بەکورتیی ئەرکی دەسەڵاتدارانە لەپێناو دیموکراتییەت و مافە مەدەنیی و سیاسییەکانی هاوڵاتییاندا، سنوور بۆ ئەو گوتارە فاشتیسییانه‌ی ئیسلامی سیاسیی دابنێن، ئەگینا لەباشترین حاڵەتدا زەربەی گەورە لە ئازادیی دەربڕین و مافەکانی مرۆڤ و پرۆسەی دیموکراتیی لە کوردستاندا دەدات، وە لە حاڵەتی خراپتردا توندوتیژیی سیاسیی لێدەکەوێتەوە.
ئەوەی کە لەم سیاقەدا پەیوەنددارە بیڵێم ئەوەیە کە ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران لەناو ئەم خۆفەرزکردنە فاشییانەیەی ئیسلامی سیاسییدا، ئەوەندە دەستیان بەتاڵە بە چڕیی خەریکی باسی ئەوەن کە ئایا چی بکەین بۆ ئەوەی ئاینی ئیسلامیش مافی هەبێت قسەی هەبێت لە سیاسەت لە کوردستاندا. ئەمە کۆمیدیترین گێلییە تا ئێستا لە ڕۆشنبیرانی نوخبەم دیبێت.
من ده‌زانم ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یکه‌ن دروست نییه‌ وا لێک بدرێته‌وه‌ که‌ ئه‌وان بۆ لایه‌نگریی له‌ هێزه‌ ئیسلامییه‌ نادیموکراتییه‌کان ده‌یکه‌ن. نا، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وان له‌به‌ر بێتواناییان له‌ تێگه‌یشتن له‌ ته‌عقیداتی گرفته‌که‌ و بێتواناییان له‌ تاوتوێکردن و بیرکردنه‌وه‌ی زیندووانه‌ له‌ ‌ مه‌سه‌له‌که‌ (ئه‌گه‌رچی چه‌ند دانه‌یه‌کیان دکتۆراشیان هه‌یه‌)، تێکه‌ڵه‌یه‌ک دروست ده‌که‌ن که‌ خۆشیان نازانن تێزه‌که‌یان په‌ل بۆ چی ئاقارێکی خه‌ته‌رناک ده‌کێشێت.
که‌سێک به‌ناوی دکتۆری پسپۆڕی بواری ئاینه‌وه‌، له‌ سیمینارێکدا که‌ سه‌باره‌ت به‌ «جیاکردنه‌وه‌ی ئاین له‌ ده‌وڵه‌ت»ه‌، دوو سه‌عات بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ باسی بێفه‌ڕیی تێزی «جیاکردنه‌وه‌ی ئاین له‌ سیاسه‌تی ناو فه‌زای گشتیی ده‌کات» و که‌سیش ئاگاداری ناکاته‌وه‌ و پێی بڵێت به‌ڕێز ئه‌وه‌ بۆ وا به‌پێی په‌تیی تێیکه‌وتوویت و خۆشت سه‌روبه‌ری مه‌سه‌له‌که‌ له‌یه‌ک ناکه‌یته‌وه‌ و نازانیت باسی چی ده‌که‌یت.
دیاره‌ کورتهێننانی ڕۆشنبیرانی نوخبه‌ی ئێمه‌ له‌ بیرکردوه‌ی جه‌ده‌لییدا و بێتواناییان له‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ داتای زۆر و بابه‌تی ئاڵۆزدا هه‌روا به‌ دابڕاویی گرفتێک نییه‌. ئه‌وه‌ی گرفتی گه‌وره‌یه‌ ئەوەیە کە ئەو جۆره‌ قسەکردنانەی ئەوان هه‌ر ئێستا تەشویشێکی زۆری لەسەر دێباتی ئیسلامی سیاسیی لەناوەندی سیاسیی و ڕۆشنبیرییدا دروست کردووە. ئه‌و سه‌رده‌رنه‌که‌رییه‌ی ئه‌وان له‌ ئیشکالییه‌ته‌که‌ هه‌ندێک ڕه‌هه‌ندی ناپه‌یوه‌ندداری هێناوه‌ته‌ ناو دێباته‌که‌وه‌ که‌ ته‌شویشێکی زۆری دروست کردووه‌ لەسەر قسەی کەسانێک کە ئامادەن بە پێوانەکانی دنیای مۆدێرن و بۆ داکۆکیی لە بەهاکانی ئازادیی بیروڕا و دەربڕین، بێنە دەنگ و ڕەخنە بکەن.