لەم کۆتایی سەفەرەدا،
ئەوەی بۆمان مابێتەوە،
ڕژانی دڵۆپ دڵۆپی ڕۆحی تۆیە
بۆ ناو دەفتەرەکانی من،
تێکەڵبوونی حەرفی منە
بە زمانی بێدەنگی تۆ،
کرانەوەی ڕۆحی من و ڕۆحی تۆیە
بۆ تاریکی و بۆ ڕووناکی.
کە تۆ نەبوویت
لە نێوان من و دنیادا هیچ شتێک بەشنەکرابوو.
من فاریزە و خاڵ و هێڵم نەدەناسی.
هیچ نەخشەیەک نەیدەزانی من گەڕیدەی
کام وڵات و کام کیشوەر و کام گومڕاییم.
کە تۆ هاتی کۆترەکانیش دەیانزانی لە کوێ
دەنووم، چ کارەم و بە چی دەمرم،
بۆ گشت کەسێک ئاشکرا بووم،
بۆ خۆم نەبێت.
شتەکانمان هەموو بەشکرد: تەنیاییمان
بە یەکسانی، پێکەنین و خەمباربوونمان
بە یەکسانی، مۆم و شەوە درێژەکانیش
بە یەکسانی.
بەڵام ئێستا کۆتایی شەوەکانی من
دەڕژێـنە ناو تیشکی سپێدەکانی تۆ.
شتێک نەماوە هی من بێت،
تۆ لە مندا و من لە تۆدا نیشتیمانین،
لە یەک کاتدا هەم باوەڕ و هەم گومانین.
لە یەکدەچین.
لەم کۆتایی سەفەرەدا لەیەکدەچین.
هؤڵەندا 2001
 
- لە 'کتێبی دڵشکان'ەوە