"سوپاس بۆ ئەوەی وتی ؛ هەموو کەوتنێک کۆتایی نییە ، ئەوەتا کەوتنی باران جوانترین سەرەتایە ! "
 
بیڕوخێنن
ئەم تەوتەم و پەیکەرەی خۆتان دروستتان کرد بڕوخێنن .
بیسووتێنن
ئەم داهۆڵەی لە کێڵگەکەی خۆتاندا
بۆ ترساندنی داڵەکان چەقاندتان ، بسووتێنن !
باخ بەدەری کەن ،
ئەم شەریکەی بۆ خوداکانی خۆتان دروستکرد ، باخ بەدەرکەن !
ئیدی مەهێڵن لە بەربەیاندا، موناجاتی بارانێک دەنگ بداتەوە .
ئیدی مەهێڵن لە ساراکانی 'مەحوی' دا
پێکی دڵێکی شکاو بەر پێکی برینداری دڵێکی تر بکەوێت .
من ئەمجارە ، لەسەر باڵای یار شاربەدەر ناکرێم
من ئەمجارە لەسەر ئەوە شاربەدەر دەکرێم
کە دەمەوێت لەوپەڕی منداڵیی خۆمەوە
مانایەک بۆ شەقام بگێڕمەوە .
کە دەمەوێت بە غەریزەی نیشتمان
بچمەوە لای بۆنی ئەو ئەشکەوتانەی ،
تیایاندا
ئاگری شۆڕش ، جلی شەهیدەکانی وشک دەکردەوە .
ئەی حەرفی شیعر ،
بم بیستە ئەو دەمەی درۆت لەگەڵدا ناکەم !
ئەو دەمەی بە تەنها وەک تنۆکی باران
بەردەبمەوە سەر زەوی
وەکو خۆم دەبمەوە دەوەنێک لە پەنا بەردێکی نیشتمان !
من کەسم فێر نەکرد
ئاگری ڕق بەرداتە مەزراکانی نیشتمان !
من وتم نیشتمان تووڕەیە ،
بەڵام کەس ئەم ڕستەیەی لێ نەکڕیم .
دواجار من لە ڕێیەکی ڕۆشنەوە ،
لە زەریایەکی ڕووناکەوە ،
لە ماڵێکی پڕ لە بەیانیی باش و
لە باخچەیەکی پڕ لە چێشتەنگاوی ئەڤینەوە ، هاتمەوە !
ئەدیلاید ! بیرت دەکەم .
باخچەیەک بوویت فێرت کردم
گوڵەکانی ئازادی چۆن بۆن بکەم !
ئەدیلاید بیرت دەکەم !
تۆ فێرت کردم چۆن بگریم ، بۆچی بگریم .
چۆن لەسەفەری فرمێسکێکدا
چارۆکەی کەشتییەکانی وەفا هەڵدەم .
فێرت کردم ئەوەی دەکەوێتە دەریاوە
ئەوە ئەستێرە نییە ،
ئەوە بەردی ترسێکە ، منداڵێکی جوان
لە گەرمیانەوە دەیخاتە ناو شەرابی ڕۆحی من !
قسە بکە ئەی جەرگەکەم !
من هاتوومەوە دەمەوێت فرمێسکەکانی تۆ بسڕم .
من دەمەوێت
کابووسێک لە پیانۆی عیشقەکەی تۆ ئاڵاوە، وەدەرنێم
من دەمەوێت غوبارێک نیشتۆتە سەر دڵی تۆ ، بیسڕم !
ئەی جەرگی من
تۆ نەک هەناسەکانی من ،
تۆ دەتوانیت گڕ لە هەموو سرووشتیش بەربدەیت .
بەڵام بیرت نەچێت ئەی جەرگەکەم !
نەک هەناسەم ،
خۆیشم بسووتێنن ، قۆرییە چاییەکی گەرمیانم
پێ گەرم ناکرێت .
ئەی جەرگەکەم !
منیش وەک تۆ بریندارم .. منیش وەک تۆ پڕم لە خۆم !
من بە زەیتوونەوە هاتوومەوە ناوتان
شمشێرم لێ هەڵمەکێشن .
من بە شەراب و کەمانچەیەکەوە
شەوانی ئێرە پڕدەکەم لە ئەوین و غەمگینی !
پڕیان دەکەم لە بەزمی قەسیدە ، لە نەزمی ترێ و
لە ئاهی شتێ پێی دەوترێت ئازادی .
ئەی جەرگی من ،
ئەوە ئیرادەی تۆی جوانە و ، ئەمەش ئازادیی من !
من بە هەموو سنوورەکانی خۆمەوە
بە هەموو شەرقیەتی خۆمەوە
ئەدیلاید فێری کردم ،
ئازادیی مانای کوشتنی ڕۆحەکان نییە !
ئازادیی مانای سووتاندنی دڵێک نییە
بۆ هەڵکردنی ئاگری تووڕەبوونێک !
ئەی جەرگەکەم ،
بڕوانە ئێمە لە ئێوارەی چ خەمێکداین .
بڕوانە چەند غەمگین دەچینەوە !
بڕوانە لە چ ئاگرێکداین ئێمە !
من لە هەوڵی ئەوەدام
مانا بگێڕمەوە بۆ زمان و ، بۆ شەوی کۆچ .
ئەی جەرگی من !
من سەوز بچمەوە ، یان ببمە شین ،
من زەرد بچمەوە ، یان سوور هەڵگەڕێم .
بەرەو ئاسمان هەڵکشێم یان لە زەویدا بمێنمەوە
دواجار من موغامەرەیەک لە پێناوی ئەستێرەیەکدا دەکەم
کە ئەستێرەی ڕۆحی ئینسانە ، ئینسان .

 

سلێمانی ١/٨/٢٠١٣

سەرنج: ئەدیلاید : پایتەختی ویلایەتی باشووری ئوسترالیا ، نزیک بە 10 دە ساڵی تەمەنم لەوێ بردە سەر .