لە ناو خەیاڵی مندا
لەلای دایکم میوانم
سەرئەنێمە سەردڵی و
دەست ئەخاتە سەرشانم
لە ناو خەیاڵی مندا
دایکم وەک جاری جاران
بەسەرمدا دەبارێ
هەر وەکو بەفرو باران
لە ناو خەیاڵی مندا
دایکم ئەدرەوشێتەوە
خۆرێکە ئاوانابێ و
هەموو ڕۆژێک دێتەوە
 
لە ناو خەیاڵی مندا
دایکم وا لەسەفەرە
ئێستا میوانی مانگە
کراسی تریفەی لەبەرە
مانگ ئەچێتە پێشوازی
دەستی ئەگرێ بە نەرمی
بە دایکم دەڵێ: ئای تۆ
هێشتا غەمێکی گەرمی
لە ناو خەیاڵی مندا
دایکم چووە بۆ ئاسمان
ئەستێرەکان بە ورشە
دایانپۆشیوە جوان جوان
لە ناو خەیاڵی مندا
دایکم ئێستا لە باغە
گوڵەکان تینون لەوێ
دەستی دایکم ماچ دەکەن
ئاونگی دڵیان دەوێ
لە ناو خەیاڵی مندا
دایکم ئێستا لە دەشتە
لەگەڵ فریشتەکانا
ڕۆحی سەرقاڵی گەشتە
دایکم نزیکە لە خوا
وا لە باغی بەهەشتە
٢٠١٤