"بیبیێ ، یا نەیبیێ ، من داد و بێدادێ دەکەم
گوێ بداتێ یا نەداتێ ، ئاهـ و فەریادێ دەکەم"
(مەحوی)

 

'کۆبانێ' لەگەڵ زەوی خەم دەچنێ .
'کۆبانێ' لە سەروو هەموو کانییەکانی دنیاوەیە
'کۆبانێ' یەکەمین دەروازەی گلەیی ئێمەیە
بەدیار عەرشەکەی خوداوە !
کە ئاسمان لەسەر شانی کێوەکانی 'کۆبانێ' دەخەوێ
شەوی ژێر دەوارەکانی دۆزەخ نابڕێنەوە !
******
خەمێک نییە لە 'کۆبانێ' بچێت !
'کۆبانێ' فرمێسک لە خۆ دەپێچێ
چونکە بارانی سەبورییەک نییە
سەردانی کات .
خاک و ئاو ، گوڵ و تفەنگ ،
سێبەر و هێشووی مردن
شتاقیان ،
جارێک نایەن بەسەروەختی 'کۆبانێ' ..!
شتاقیان لەگەڵ گەرد و گوڵی بەیان
نابنە تەمی نارنجیی خەمێک و
لە باڵای ئەو بئاڵێن !
خودایا
لە تەنیاییدا ، تۆ لە 'کۆبانێ' دەچیت
یان ئەو لە تۆ !
خودایا ئەم بەیتە ناو بنێین چیی ؟
بەیتی 'کۆبانێ' ، یان بەیتی بێمروەتیی دنیا !
یان بەیتی هەڵکردنی دۆزەخێک لەسەر زەمین !
******
'کۆبانێ' !
تۆ ڕۆحی هەڵوەریوی ئێمە بۆ خۆت ببە و
مەهێڵە بەیانیی کۆڵانەکانت بڕوخێن !
دڵی ئێمە بخەرە ناو ڕوبارێکی کوردانە و
لێگەڕێ شوراکانت ، گەر مردیشن ، هەر بە پێوە بمرن !
'کۆبانێ' ئەمە سەفەری چەندەمی تۆیە
بەرەو ئێوارەی غەریبی شەهیدانت !
کۆبانێ' ! '
برادەرەکانت ،
کچەکانت ،
درەختە شەهمەکانت
پیاوە عەگیدەکانت
هەر هەموویان لە ماڵی بەفرەوە هاتوون و
لە ناو تەمی سروودێکدا ون دەبن کە هێشتا نەوتراوە
دەچنە گوڵی شەهیدێکەوە کە هێشتا سەرقاڵی شکۆفەکردنە .
سەنگەری ئەوین لێئەدەن ،
دەبنە فەنەری بەرائەت بە کۆلارەی ویژدانی دنیاوە !
'کۆبانێ' !
بۆ ئەوەی بە ڕێگەی عیشقدا بگەینە لات
وەرە پێکەوە قەسیدەیەکی گەنم ڕەنگ بنوسین !
وەرە ، سەرابی وشە ، بکەین بە ئاوی گۆرانی !