لە ٢٧ی جانیوەریدا، کۆمەلگای بەشەری لەبەردەم یادی هۆلۆکۆستدا، بێدەنگ دەوەستێت. ئەم بەروارە، ڕێکەوتی ئەو ڕۆژەیە کە حەفتا ساڵ پێش ئێستا لەشکری سووری سۆڤییەت دەچێتە ناو ئۆردووگاکانی کاری زۆرەملێی نازییەکانەوە لە پۆلۆنیا و ئەو تراژیدیایە دێنێتە بەرچاوان کە نازیزم بۆ جووەکانی ئەوروپای خوڵقاندبوو. بێگوومان قەتلوعامی نازیەکان بە تەنها ڕووی لە جووەکانی ئەوروپا نەبوو. بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیزامی نازیزم، هۆمۆسیکسوال، "قەرەج"، "هاندیکاپ" ، سۆسیالیست و هەموو ئەوانەی لە نەخشەی بایۆلۆژی رەگەزی نازییەکاندا جێیان نەدەبووەوە، دەکرا لە ئاوشویستدا لە گازبدرێن و بسووتێنرێن.
 
لەمساڵدا، ٣٠٠ کەس لە ڕزگاربووەکانی ئاوشویتس لە مەراسیمی یادکردنەوەی ئەو ڕۆژەدا لەئاوشویتس ئامادە بوون. ئەمڕۆژە هی دەربازبووەکانی ئاوشویتسە و هیچ سەرکردە و پادشایەک بۆی نەبوو قسە بکات. بەڵام دوای دە ساڵی دی، کێ دەمێنێ تا ئەم حەکایەتانەی ناو کوورەی ئینسانسووتاندنەکانی ئاوشویتس بگێڕێتەوە؟ ئەمە مەراقی بەشێکی زۆری قسەکەرانی ئەم ساڵ بوو. بە تایبەتیش لە کاتێکدا ئەو هێزەی ئەم کردەوە قێزەوونەی ئەنجامدا، هەر ئەمڕۆ لە شەقامەکانی ئەوروپا و پارلەمانەکانیدا، بە قاتەوە، خەریکی هۆنینەوەی ئەو چیرۆکانەن کە نازیستەکان لەسەرەتای کاریانەوە دەستییانپێکرد.
 
هۆلۆکۆستی جووەکان خاوەنی ئەرشیڤێکی گەورە و دەستگایەکی گەورەی لێکۆڵینەوەیە. بە لەدەستدانی قوربانییە زیندووەکانی دوای هۆلۆکۆست، ئەم پرۆژەیە زەربەیەکی گەورە ناخوات. بەڵام بوونی ئەم هەموو دەموچاو و ژمارە لەسەر قۆڵهەڵکۆڵراوانەی کە هێواش هێواش حەکایەتەسادەکانی ئەم شوێنە دەگێڕنەوە، ئینسان بۆ ساتێک ڕادەوەستینێت و و پرسیارە گەورەکەی (پریمۆ لێڤی) ئیتاڵی: ئایا ئەمە ئینسانە، بۆ ڕۆژێکیش بێت، دەخاتەوە بەردەمی ئەو کەسەی ئینسانیبوونی خۆی و بەرپرسیارێتی خۆی لە بەرانبەر ئەوانی دیدا، لە بیردەچێت.
 
(کالێل پێرۆچیدنیک ) یەکێک لەو جووانە بوو کە بۆ ڕزگارکردنی خۆی دەبێتە پۆلیس بەسەر هاوڵاتیەکانی خۆیەوە. ئەو لەو کەسانەیە کە نازیزم ناچاری دەکات ژن و منداڵەکەی خۆی سوار ئەو شەمەندەفەری ئاژەڵگواستنەوانەیە بکات کە بۆ گواستنەوەی جووەکان تەرخانکرابوو بەرە و ئاوشویتس و شوێنەکانی تری ئینسانسووتاندن.
 
کالێل دەنووسێت:" تۆ لە فارغۆنی چوارەمی دوای لۆکۆمۆتیڤەکەوە دانیشتوویت. لە فارگۆنێکدا کە تەنها ژن و منداڵی تیدایە. لە فارگۆنەکەتدا، تەنها دوو پیاوی تێدایە، بڵێی ئەوان ڕزگارکەری تۆ بن؟ بە چیچکانەوە لەسەر سەکۆ بە تەختەدروستکراوەکەی ناو فارگۆنە دانیشتوویت و (ئالوشکاش)ت لە باوەشدایە. تۆ بڵێی منداڵەکان بەم درەنگانە خەویانلێکەوتبێت؟ لەوانەیە لە شەوێکی بێ هەوای ئەم ئاوگۆستییەدا و لە نەمانی هەوای ناو فارگۆنەکەدا، بخنکێت؟
بە تەنیا لە ناو ئەوانەی کە بڕیارییان لەسەردراوە دانیشتوویت. لەوانەیە دڵنەوایی لەوەدا ببینیتەوە کە لەم چارەنووسەتدا تەنها نیت و خەلکانێکی دیکەشت لەگەڵدان. نا، من پێموانییە ئەمە ئەوە بێت کە تۆ بیریلێدەکەیتەوە. تۆ لەوێ دادەنیشیت و شتێک هەیە کە تێیناگەیت:ئاخر دەکرێ ئیمکانی شتێکی وا هەبێت؟
ئیمکانی هەیە کالینکاکەی خۆت کە دە ساڵە خۆشیدەوێیت، پیاوێکی ئاوا باوەر بەخۆبوو، ئەوی کە هەموو خەیاڵەکانی تۆی هەڵدەهانی و بە خۆشحاڵییەوە لە خولیای بەدیهێنانی خەونەکانی تۆدا بوو، ئاوا بێوەفا دەرچێ؟ ئاوا ڕێ بدات کە تۆ سواری ئەم شەمەندەفەرە ببیت و بۆ خۆیشی لەگەڵتانا نەیەت؟
من دەزانم ئێستا دەستەکانت تووند داخستووە و لە بەرانبەر ئالووشکادا غەزەبت لێدەبارێ. ئاخر هیچ نەبێ ئالووشکا کچی ئەوە، بۆ دەبێ من ئیستا ئەم کچەم لەگەڵدا بێت، دەبینم هەڵدەستیتە سەرپێ و دەتەوێ ئەم بچکۆلەیە لە پەنجەرەکەوە فڕیدەیتە دەرەوە.
ئانکا، ئانکاکەم! مەسڵەمێرەوە و بێئەوەی دەستەکانت بلەرزێ کچەکە لە پەنجەرەکەوە تووڕدە دەرەوە!
لەوانەیە مندالەکە بکەوێتە ژێر ئەم شەمەندەفەرە خێرایەوە و بیکات بە شێلم. لەوانەیە، لەوانەیە ئەگەر خوایەک هەبێت لەم دنیایەدا، ئەوا ئەو فریشتە باشانەیش هەبن کە فەرشێکی نەبینراوی بۆ ڕادەخەن تا بکەوێتە سەری و ئازاری پێنەگات.
یان لەوانەیە ئالووشکاکەت بە نەرمی بکەوێتە سەر زەویی و دوور لە ڕێڵی شەمەندەفەرەکەوە خەویلێبکەوێت .
لەوانەیە بۆ بەیانییەکەی کەسێکی باشی مەسیحی شەیدای ڕووخسارە ناسکە جوانەکەی دەبێت و هەڵیدەگرێتەوە و دەیکاتە باوەش و دەیباتە ماڵەوە و وەک کچی خۆی بەخێویدەکات.
ئانکا! ئانکا تکات لێدەکەم وا بکە. بۆ یەک ساتیش چییە دوو دڵ مەبە! کچەکە لە پەنجەرەکەوە تووڕدە دەرەوە! (١)
 
ئەگەر ئەم چیرۆکە دڵتەزێنەی هۆلۆکۆستی جووەکان وەربگێردرێتە سەر کۆنتێکستە کوردییەکەی، ئەوا دەکرێ ئەو منداڵەی کە کەسێک هەڵیدەگرێتەوە و دەگەڕێتەوە، ئەو منداڵەیە کە لە ئەنفالەوە دێتەوە و بڕیارە ژمارەی چاڵە لماوییەکانی عەرعەرمان بۆ بگێڕێتەوە. ئەو منداڵەی کە بەم شێوەیە ڕزگاری دەبێت، ئەو موعجیزەیەیە کە دەبێ بخوڵقێ تا حەقیقەت وننەبێت و بێتە شایەتی تراژیدیایەک کە لە بێ شایەتیدا لە بێدەنگی خۆیدا، کاس دەبێت.
 
لە سەر یەکێک لە تەختەکانی ناو فارگۆنی شەمەندەفەری بارهەڵگری (دان پاگیس)دا، بە قەڵەمی ڕەساس نووسراوە:" لەم فارگۆنەدا، من، ئێڤا و هابیلی کوڕم، هەر کەسێک قابیلی کوڕە گەورەم ، نەوەی ئادەم دەبینێ، پێیبڵێن کە......."
 
ڕەنگە حەکایەتی ئەم قابیلە ڕزگاربووەی کە نابرێتە ئاوشویتس، یەکێک لە مەغزا گەورەکانی سەرکەوتنی چاکە بێت بەسەر خراپەدا و دەرکەوتنی ئەو حەقیقەتە بێت کە دەبێ بگاتەوە بە نەوەکانی دواتر. ئەو نەوڕەسەیە کە پەیامێک بە قاچییەوە بەستراوە و لە دوورگە دوورەکانەوە فریوە، یان ئەو بوتلەیە کە نامەیەکی تێدایە و دەریاکانی بڕییووە تا لە کەنارێکدا کەسێک بیدۆزێتەوەوە.
 
بەلام قابیلی ڕزگاربووی کورد، تەیمورێک کە زیل نایکات بە ژێرەوە و فریشتەیەکی موسوڵمان دەیگرێتە خۆیی بۆ ئەوەی شەرمەزاری بۆ بەعس دروستبکات، دەگەڕێتەوە و لە پاڵ گێرانەوەی حەقیقەتەکانی راوکردنی کەس وکاری خۆیدا، خۆی دەبێتە ڕاوچی و نەوەی ڕاوکراوەکانی دوێنێ، دەبنە کەرەستەی ڕاوی ئەو.
 
تەیموری گەڕاوە لە دۆزەخەکانی ئەنفالەوە، لە یادی ئەنفالی جووەکاندا، کاتێک منداڵە ڕزگاربووەکانی وەک ئەو بەرانبەر چاوەکانی کامێرا و سەرکردەکانی جیهان ڕاوەستاون و جیرەی دەرگا و کزەبای ساردی ئێوارانی ئۆردووگای زۆرەملێ و بۆنی گۆشتی سووتاوی کەس و کاریان دەهێننە ماڵەکانی ئێمە تا ئاوشویتسمان لە یاد نەچیت، ڕێک لەو ئان و ساتەدا، بە خۆیی و کۆمەڵێ پاسەوانەوە ، حەمە عەلی عالییان دەدەنە بەردەستڕیژی گووللە. (٢)
 
بوونی قوربانییە زیندووەکان، قورساییەکی گەورە بە حەکایەتەکانی ئەنفال و هۆلۆکۆست دەبەخشێت. بە تایبەتیش کاتێک ئەوان بە زیندوویی لە بەرانبەر نەوەی نوێدا رادەوەستن. نەوەیەک کە باسی هۆلۆکۆست و قەتڵوعامی بە کۆمەڵییان هەستپێنەکردووە.
 
دوای ئەم ڕووداوە، مەترسیی ئەوە هەیە کە تەیمووری گەراوە لە دۆزەخەکانی ئەنفالەوە، بۆ رۆژێک لە بەرانبەر قوتابییانی قوتابخانەیەکی سەرەتایی گەرمیاندا، سەرگوزشتەکانی ئەنفال بگیڕێتەوە و پرسیاری قوتابیان ئاوا بێت:
کەسێک لە مەرگ و گۆڕی بە کۆمەلەوە گەرابێتەوە، دەکرێ بتوانێ کەسێک دیکە بکوژێ؟
دارا دار دەبینێ و تەیموور دار دەبڕێ و ئاسک دەکوژێ. مەگەر ئەم حەکایەتە بۆ لە کتێبێ خوێندنەوەی ئێمەدا نییە؟
کەسێک لەدەست پاسەوانی چەکدار هەڵهاتبێت، پێویستی بە پاسەوان هەیە؟
حەمە عەلیی و ئاسکەکانی گەرمیان دەبوایە بکوژرانەیە ؟
ئەوانەی تەرمی گازلێدراوەکانیان دەردەهێنا و دەیانبردن بۆ کوورەکانی سووتاندن، هەر هەمان ئەو جووانە بوون کە بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆیان ئەم کارەیان بەسەردا فەرزکرابوو. یەکێکیان دەنووسێت: پیتانوانەبێ ئێمە دڕندە و جڕوجانەوەر بوو بین. جیاوازی ئێمە و مردووەکان ئەوە بوو ، ئێمە کەمێک بێبەختتر بووین؟
 
بە ڕاستی چ بێبەختییەکە بۆ خەلکی کورد و ئەنفالکراوەکانی، کاتێک تاقانە قوربانییەکەی ئەو کە لە دۆزەخەوە دێتەوە، دەبێ بە جەللاد و زمانی گێرانەوەی حەقایەتەکانی لەدەستدەدات؟
بە ڕاستی چ بەدبەختییەکە ! دەبوایە تەیمور ئەم هەموو ڕێگایە ببڕێت تا بێت و پێمان بڵێ: ناشێ چاوەڕێی منتان کردبێ؟
 
------
1-Stephane Bruchfled, Paul A. Levine, Om detta må ni berätta, regeringskansliet 1998
٢ ڕۆژنامەی ئاوێنە ، تەیمموری رزگار بوو لە دەستی ڕاوچییەکانی بەعس، تاقانەیەکی ئەنفال دەکوژێت ٢٦ی کانوونی دووەم ٢٠١٥

٢٨ی جانیوەری ٢٠١٥