نە وەک شەرەفخانى بدلیسى (1543-1603) قسە لە زمانى نەتەوەیى دەکەم، نە وەک رۆشنبیرانى ئەمڕۆى کوردى قسە لە زمانى ستاندەر(standard)ى کوردى دەکەم، بەڵکو بە گشتى دەمەوێ بوونى دەق لە چوونە نێو زمان بناسێنم! دەزانم ئەوەش لە سەر جیاوازى وەستاوە. واتە دەمەوێ بڵێم نووسین پێگەیشتنى ئەو خاڵەیە کە زمان وەک جیاوازى و وەرگر وەک جیاوازى تێیدا دەجولێتەوە، کە شیانە سینتاکسییەکان سێبەریانە و راڤەکردنە جیاوازەکان دووبارە بەرهەمیان دەهێننەوە.
 
 (بریستە- جان بیار بریسە 1837-1923 زاناى زمانەوانى فەرەنسیى پێیوایە مێژووى مرۆڤایەتى لە ناوەڕۆکى زماندایە. ئیتیمۆلۆژیا (etymology) هەر تەنها لە وشە -word-ەوە نییە، بەڵکو لە جیهان -world- ەوەیە. وشە مێژووە، ئەو مێژووەش رەنگدانەوەى مێژووى بەدواداگەڕانە! وشە وەک زانستى گرامەر لە ناو هەڵێنجراوە، هیچ شتێکى نوێ و سەیرى تێدا نییە. رەنگدانەوەى مێژووى مرۆڤایەتى رەنگدانەوەى زمانە لە جیهاندا) بڕوانە: عنف اللغە، جان جاک لوسیرکل، ترجمە وتقدیم/ د. محمد بدوی، المنظمە العربیە للترجمە، بیروت، گ2ێ133. 137.
 
لێرە لە نێوان مێژووى مرۆڤایەتى و مێژووى بەدواداگەڕاندا، لە نێوان نانى گەنم و نانى جۆدا... قسان لە دوو دەقى وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانى کوردى دەکەم، یەکەمیان: بەرگى یەکەمى کۆمیدیا(دۆزەخ)ى دانتى ئەلگێیرییە و ئەویدیکە (ئینفێرنۆ)ى دان بڕاون نووسەرى ئەمریکییە، نەک لەبەر ئەوەى هەردوو دەقەکە لە زمانى ئینگلیزییەوە کراونەتە کوردى، بەڵکو بەشێک لە قسەکانم دەچێتە ئەو خانەیەى کە مێژووى مرۆڤایەتى رەنگدانەوەى زمانە لە جیهاندا و ئەوەش خۆى لە زمان وەک (فۆرمى گشتى) و (جولەى جیاواز) نیشان دەدات، لە دوو سەردەمى جیاواز و دوو هونەرى جیاواز و تێڕوانین و جیهانبینى جیاواز.... بەو مانایەش لە بەدواداچووندا هەمیشە بە دواى ئەو شیانە سینتاکسییانە و شیانە راڤەییانەداین کە نووسەر و وەرگر سێبەریان لێدەکات. پرسیار ئەوەیە ئەو جیاوازییانەى باسمان کرد، لە لایەن وەرگێڕەکانەوە چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، ئایا رەچاوى ئەو خاڵە کراوە کە (زمانى دەق) چەمکى جیاوازى  تێیدا قسان دەکات؟ 
 
دانتى ئەلگییرى لە (فلۆرەنسا)ى ئیتاڵیا لە ساڵى 1265 زایینى لەدایکبووە و لە ساڵى 1321 زایینى لە غەریبى و لە شارى (راڤینا)دا کۆچى دوایى کردووە، دانتى لەگەڵ کۆمەڵى بەرهەڵستکارانى (فلۆرەنسا) بووە و بە رابەرى یەکەمى سەردەمى رێنیسانس دەژمێردرێت. دانتى شۆڕشێکى گەورەى بە سەر زمانى لاتینى و کلێسادا کردووە، کە ئەوسا زمانى نووسین و ئەدەب بووە، ئەو نکۆڵیکردنەى بە کردار نواندووە و زمانى نەتەوەیى ئیتاڵیى، زمانى میللى (نانى جۆ) کە رەمزى هەژارەکانە، کردووە بە زمانى نووسین و داهێنانى ئەدەبى... کۆمیدیاى دانتى (کە دۆزەخ وەک بەرگى یەکەمى نووسراوە) بە مروارى زمانى ئیتاڵیى بە تایبەتى و  شێوەزارى (تۆسکانى) دادەنرێت. ئەگەرچى ناتوانرێت وەک تێڕوانین و جیهانبینى لە سروشتى ئایینى جیاى بکەینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین رەخنە و نکۆڵیکردن بووە لە پیاوانى ئایینى کەنیسە و دەسەڵات. زمانى کۆمیدیا زمانێکى گوزارەکەرە و لە سەر (بیستن/خەیاڵ) هەڵنراوە و بونیادى وێنەکانى بە پێشبینیکردنەوە بەندە! وەرگێڕى شارەزا و بە سەلیقە (عەزیز گەردى) بە زمانێکى رێک و رەوان و(نیمچە میللى) کردوویە بە کوردى. لە نێوان شێوەزارى تۆسکانى و شێوەزارى نیمچە هەولێریى، عەزیز گەردى وەک چۆن (ڤیرجیلیۆ) رێنوێنى دانتى دەکات، ئەویش کۆمیدیاى لە بن هەنگڵناوە و گوند بە گوند پێشڕەوى نانى جۆ و رۆناککردنەوەى شێوەزارى ناوچەیى دەکات.   
رۆمانى (دۆزەخ- ئینفێرنۆ)ى دان براون کە لە سەر کۆدەکانى کۆمیدیاى دانتى بەرهەم هێنراوەتەوە و لە رووى گێڕانەوەى هونەریى و سینەماییەوە بە زمانێکى مۆدێرن نووسراوە... وەرگێڕى بە توانا (شەفیقى حاجى خدر) کردوویە بە کوردى. (دان بڕاون) لە ساڵى (1964) لەدایکبووەء دەرچووى کۆلیژى (amherst) ماوەیەک وەک مامۆستاى زمانى ئینگلیزى کارى کردووە، پاشان دواى نووسینى یەکەم رۆمانى بە ناوى (قەڵاى دیجیتاڵى) خۆى بۆ کارى نووسین تەرخان دەکات، هەر لە منداڵیشەوە خۆى لە نێو فەلسەفەدا دۆزیوەتەوە بە تایبەتى دوالیزمییەتى ئایین ء زانست، پێش ئەوەى (کۆدى دافنشى) بنووسێت، رۆمانى (فریشتە ء شەیتان) وەک یەکێک لە رۆمانە بەناوبانگەکانى تەعبیر لەء دوالیزمە دەکات. بە گشتى زمانى دان بڕاون زێتر زمانێکى سینەماییە و ئەو رەگەزەش لە تەواوى کارەکانى ئەو رۆماننووسەدا رەنگیداوەتەوە. وەک دەزانین زمانى سینەمایى زێتر لە سەر (هەست/جولە) کار دەکات و هەر لە میانى یەکتر بڕینى هەست و جولەش نووسەر فەزایەکى سینەمایى، ریتمێکى خێرا لە گێڕانەوە دەسازێنێ، ئەو ریتم و فەزایەش وەک لە رۆمانى دۆزەخدا دەیبینین، دەکەوێتە سەر گرژبوونى مانا ء خاوبوونەوەى زمان، لەوێشەوە هەوڵدەدا وێنەى سینەمایى بە (وەرگر/ خوێنەر) ببەخشێت. 
 
بێگومان ئەو دوو شێوە قسە کردن و داڕشتنەى زمان، دەبێتە یەکێک لە خاڵە جیاوازییەکانى ئەو دوو کارە بەرزە؟! بەڵام دەشێ مەبەست لەو دوو کارەدا راستەوخۆ پەیوەندى بە چەمکى نکۆڵیکردن و هەژموونى دەسەڵاتەوە هەبێت، لە پشت ئەو نکۆڵیکردنەش دەشێ گوتارێکى کلتورى ریفۆرمخواز و گوتارێکى کلتورى گۆڕانخواز هەست پێبکەین، واتە دوو تێڕوانینى جیاواز بۆ مرۆڤ و دنیا، تێڕوانینى یەکەمیان نکۆڵى لەو بەهایانە دەکات، کە لە پەیوەندى نێوان ئەخلاق و مامەڵەکردنى دەسەڵاتى کەنیسا و لاهوتەوە هەڵهێنجراوە! دووەمیان پەیوەندى بە هەژموونى دەسەڵاتى یەکەم و هەڵبژاردن و بیرکردنەوەى تاکەوە هەیە! دانتى دۆزەخێک پێشبینى دەکات، کە لە سەر بنەماى رزگار کردنى (بەهاى مرۆڤایەتى) مرۆڤدۆستى وەستاوە، ئەو بیرکردنەوە پێیوایە تاوان کارێکى نەگریسانەیە. دۆزەخى دان بڕاون لە سەر کردنەوەى کۆدەکانى دۆزەخى دانتى دروست کراوە و ئامانجى رزگارکردنى (رەگەزى مرۆڤە) لە فەوتان، ئەویش لە رێگاى جڵەوکردنى زێدەڕۆیى گەشەى دانیشتووان. دانتى بەها مرۆییەکان لە پیسبوون دەپارێزێت، بۆ ئەوەش دۆزەخێک بۆ پاکبوونەوە دەسازێنێ، رووییەکى ئەو بیرکردنەوەیە بە دژى بێگارى کلیسا و هەژموونى دەسەڵاتى پاپا دەبینرێت! بەڵام دان براون لە رێگاى (کۆدى بگەڕێ و بیدۆزەرەوە) یەکێک لە کاراکتەرەکانى (زۆربیست) دۆزەخێک بۆ رزگارکردنى رەگەزى مرۆڤ پێشنیار دەکات، ئەو دۆزەخەش بە جڵەوکردنى گەشەى زۆربوونى دانیشتووان دادەنێ و بۆ رزگاربوون لە زۆربوونى دانیشتووان خۆکوشتنێکى خێرخوازانەى بە باش دەزانێ... ئەو بیرکردنەوەیەش بە دژى رزگارکردنى مرۆڤ و بە تایبەتى کارى رێکخراوى تەندروستى جیهانیى (W.H.O) و رەمزى دەرمانسازى- کادیۆس (قەلغانى هیرمس) دەکەوێتەوە! دۆزەخى یەکەم (پێشکەوتن) بە رزگارکردنى مرۆڤ لە تاوان و پیسبوونى بەها مرۆییەکان دادەنێت، دۆزەخى دووەم پێیوایە (پێشکەوتن) ئەوە نییە مرۆڤایەتى لە دەردو بەڵاکان چاک بکەیتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە بۆ هێشتنەوە و رزگارکردنى رەگەزى جۆریى مرۆیى دەردو بەڵا خەلق بکەیت! یەکەمیان لەگەڵ جۆریى بەها مرۆییەکان تەبا دێتەوە، دووەمیان لەگەڵ کوالیتى (qulity) رەگەزى مرۆیى دایە!! ئەوە شەڕى نێوان دوو دۆزەخ و دوو دنیابینى و دوو بیرکردنەوەیە، شەڕى نێوان ئەخلاق و زانستە، شەڕى نێوان دڵ و لۆژیکە، شەڕى نێوان چاکسازى و گۆڕانى ریشەییە، شەڕى ساردى نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوایە... بەو مانایەش ئەگەر رێکخراوى تەندروستى جیهانیى ئامانجى دڵیى و رۆحى دۆزەخى دانتى بێت، ئەوە بۆمبى ئەتۆمى و ڤایرۆسى و لەناوبردن و کوشتنى بە کۆمەڵ.. ئامانجى ژیربێژییانەى تەکنۆلۆژیاى دۆزەخى دان براونە و (زۆربیست)ى کاراکتەرى خۆکوژ ئەو ئامانجە بە گۆڕانێکى ریشەیى دادەنێت! بەو مانایەش کێشەى نێوان ئەخلاق و کەنیسا و کێشەى نێوان ژیانى تاک و هەڵاوسانى ژمارەى دانیشتوان، کێشەى نێوان خەیاڵ و کردنەوەى خەیاڵ، یان کێشەى نێوان ئایین و زانست... وەک دوو مەبەستى سەرەکى ئەو دوو دۆزەخە (خوێنەر/ وەرگر) بۆ خۆیان کێش دەکەن و وەک پێویستیش لە هەردوو دەقدا زمانى کوردى بە کەمەکێک ئازادییەوە قسان دەکات و چێژى تایبەتى خۆى بەو ئازادییە دەبەخشێت.
 
ئەگەرچى مەبەستم نییە بەو شێوەیە ئاراستەکانى (خوێنەر/ وەرگر) دیارى بکەم، بەڵام ئەو دەقانەى کە پەیوەندییان بە هەژموونى کلتورى دەسەڵاتەوە هەیە، لە پانتایى کلتورى رۆژهەڵاتیدا و (بە تایبەتى کوردى- وەک دەردەکەوێت) هەمیشە هەنووکەیى خۆیان دەسەلمێنن، بەو مانایەش دەمەوێ بڵێم تاکو روانینمان بۆ کلتورى دەسەڵات نەگۆڕین، ناتوانین قسان لە ماف و ئازادییەکانى مرۆڤ بکەین، ئەگەر ماف و ئازادییەکانى تاک بوونیان نەبێت، چۆن دەتوانین مەعریفە بەرهەم بهێنین؟!
دواجار دوو دۆزەخمان هەیە بە زمانى کوردى قسان دەکات، یەکەمیان وەرگێڕ تێیدا لە رێگاى شارەزایى و سەلیقە و بە تێگەیشتن و راڤەکردنەوە توانیویەتى دەقێکى دیکە بە زمانى دووەم بەرهەم بهێنێتەوە و بە نانى جۆ پێشڕەوى بەهاى مرۆیى بکات! دووەمیان هەوڵیداوە لێهاتووى خۆى لە رێگاى شێوەزارى ناوچەییەوە بە سەر جولەى تایبەتى و زمانى سینەمایى دان براوندا بسەپێنێ؟! شێوەزارى ناوچەیى لە یەکەمیان رێخۆشکەر و چێژبەخشى پێشڕەوییەکانە، بەڵام لە دووەمدا کەمەکێک تەگەرە بۆ هونەرى یەکتر بڕینى هەست و جولە دروست دەکات، دواجاریش ریتمە خێراییە سینەماییەکەى دان براون کەمێک خاو دەکاتەوە و چێژى ئەو رەگەزەش لە گێڕانەوەدا دەشارێتەوە. بە کورتى لە پشت ئەو ئاماژە کردنە جگە لە توانا و سەلیقەى وەرگێڕان، جگە لە بایەخنەدانى وەرگێڕ و (ناوەندى ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە) بە دەستەواژە و هەڵەى ئیملایى و رێنووسى کوردیى و بایەخدانى وەرگێڕ و (دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم) بەو مەسەلانە... دەبێ خوێنەران بیر لە دوو داڕشتنى جیاواز و جیهانبینى جیاواز و جولەى جیاوازى مێژووى مرۆڤایەتى بکەنەوە. لە دۆزەخى دانتیدا (جوانى) بەها مرۆییەکان لە بەرزى زمان و مرۆڤدۆستیدایە. لە دۆزەخى دان بڕاون (راستى) وەک چەمکێکى یەکلاییکەرەوە تەنها لە چاوەکانى مەرگدا دەردەکەوێت. یەکەمیان وێنەى قەلغانى هیرمس بەرز دەکاتەوە، دووەمیان ئاگاییەکى نهلیستى دەچێنێ!
لێرە دەمەوێ هەندێ لە قسەکانى پێشووم لە بارەى تەرجەمەکردن دووبارە بکەمەوە و بڵێم تەرجەمەکردن گواستنەوەى پرس و سەرسامى رۆشبیرییەکى دیاریکراوە بۆ رۆشنبیرییەکى دیاریکراوى دیکە... تەرجەمەکردن پرۆسەیەکە لە رێگاى پەیبردن بە ئاست و جیهانبینى زمانى ئۆرگیناڵەوە، تەئویلکردنێکى دیکە لە زمانى دووەم دادەمەزرێنێ، هەر لێرەشەوە دەشێ ئاماژە بە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانى (وەرگر/وەرگێڕ) بدەم، ئەوەى کە پەیوەندى بە شارەزایى زمانەوانییەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندى بە گرفتى تێگەیشتن و جیهانبینى فیکرییەوەیە... کاتێک زمانى (خوێنەر/وەرگێڕ) گرژ دەبێتەوە، یان خاو دەبێتەوە و ناتوانێ بگاتە ئەو خاڵەى کە زمانى یەکەم پێیگەیشتووە، یان بە مانایەکى دیکە ناتوانێ ئەو دنیابینیەى کە دەقى ئۆرگیناڵى هەوڵى گەیاندنى دەدات، بیگەیەنێ، ئیتر لەوێوە گرفتى فیکرى کە دەشێ گرفتى هەڵنەکردن و قبوڵنەکردنیش بێت دەستپێدەکات، واتە نەبوونى پەیوەندى تێگەیشتن و جیهانبینى فیکرى دەبێتە هۆى ئەوەى کە (وەرگێڕ/وەرگر) نەتوانێ پارێزگارى لەو ماوەیە و لەو پێشکەوتنە بکات کە لە نێوان ئەو دوو زمانە دیاریکراوەدا بوونى هەیە. بەو مانایەش پرۆسەى وەرگێڕان هەر تەنها لە گواستنەوەى زمانێک بۆ زمانێکى دیکە کورت ناکرێتەوە، بەڵکو هەڵوەشانەوەى دەق و رۆشنبیرییەکى دیاریکراوە بە ئاراستەى تێگەیشتن و رۆشنبیرییەکى دیکەى جیاواز، وێڕاى ئەوەش پارێزگاریکردن و چاودێریکردنیشە... 
 
ئەگەر زمان ئەرکى گەیاندنى دەلالەت و مانا بێت، ئەوە ئەرکى بیرکردنەوە لە تێگەیشتنى دنیابینى دەقى ئۆرگیناڵیدا خۆى دەبینێتەوە، بەو مانایەش ئەرکى چاودێرى و پارێزگاریکردن ئامانجێکە لە بەرزنواندنى ئاستى زمانى دووەمدا دەردەکەوێت، هەر لەوێشەوە دەشێ بە زمانى یەکەم بگات، بە دیوەکەى دیکەش لە زمانى دووەمیشدا دەقى ئۆرگیناڵى دەتوانێت بە زیندوویى لە ناوکۆیى و کراسێکى دیکەدا بژیت و لەگەڵ خوێنەرە نوێیەکانیشیدا گونجاو بێتەوە.
17ى تەمموزى 2015